پرۆژەی گاپ و کاریگەرییە نەرێنییەکانی

نووسین و ئامادەکردنی: شاگوڵ موسلح ئەنوەر، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکوی سەلاحەدین

پێشەکی

پرۆژەی گاپ یەکێکه‌ لە گەورەترین پرۆژە ستراتیژی و ئابوورییەکانی تورکیا لە بواری ئاو، کارەبا و کشتوکاڵیدا کە لە ساڵی (۱۹۷٠) بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە درا. ئەم پڕۆژەیە لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات نەخشەی بۆ کێشراوە. مەبەست لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، وەک ئەوەی کە خودی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات بریتییە لە بەکارهێنانی لە بواری دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بەرهەمهێنانی وزە و دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کەرتی کشتوکاڵی ئەم ناوچەیە.

پرۆژەی گاپ چییە؟

گاپ (GAP) کورتکراوی ده‌سته‌واژه‌ی Güneydoğu Anadolu Projesiیه‌، کە بە مانای "پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ" دێت. ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە  پرۆژە هەرە ستراتیژییەکانی دەوڵەتی تورکیا کە بیرۆکەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنی کۆماری تورکیای هاوچەرخ بە سەرۆکایەتیی "مستەفا کەماڵ پاشا" ناوسراو بە "ئه‌تاتورک". لە ساڵی ١٩٣٦دا، دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کارەبا (EWSA)، بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی سوودوەرگرتن لە ئاوی ڕووبارەکانی ناوخۆی تورکیا و بەرهەمهێنانی کارەبا دامەزرا. ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی ١٩٣٨، دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی کرد.

ئەگەرچی ساڵ لە دوای ساڵ هزری گڵدانەوەی ئاو و بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاو، لەناو نوخبەی سیاسیی تورکیا پەرەی دەسەند، بەڵام بە شێوەیەکی واقعی، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ١٩٧٥دا بە دروستکردنی بەنداوی "کبیان" چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بە گوتەی کاربەدەستانی تورکیا، ئەم پرۆژەیە بۆ گەشەکردن و گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و داراییی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵە. هەروەها ئامانج لێی بریتییە لە بەرفراوانکردنی خاکی کشتوکاڵی و دروستکردنی کارەبا لە ڕێگەی بونیادنانی ٢٢ بەنداو و تۆنێلی ئاوی لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات. بەگشتی، ئەم پڕۆژەیە ١٩ وێستگەی دروستکردنی کارەبا و ١٣ پڕۆژەی ئاودێریکردن له‌خۆ دەگرێت؛ پێشبینی دەکرێت بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە ٪٢٢ پێداویستیی تورکیا بۆ کارەبا پڕ بکرێتەوە و بتوانێت بڕی (۸۹٠٠) مێگاوات تەزووی کارەبا لە کاتژمێرێکدا بەرهەم بهێنێت. بەم شێوەیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم پرۆژەیە ببێتە گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەموو جیهاندا.

لە لایەکی ترەوە، بە ئاوڕدانەوەیەکی ورد لە لێدوان و بۆچوونی سیاسی و شارەزایانی تورکیا، دەبینین کە کۆمەڵێک ئامانجی ڕاشکاو و شاراوە لە پشت دروستکردنی ئەم پرۆژەیەن. واتە جگە لە ئامانجە ئابوورییەکانی وەک دابینکردنی ئاو و بەرهەمهێنانی کارەبا و بەرفراوانکردن و ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دۆزینەوەی هەلی کار، بەڵام تورکیا ئەم پرۆژەیە وەک کارتێکی گوشار لە دژی دراوسێکانی بەکار دێنێت. بۆ نموونە، جارێک "تورکوت ئۆزاڵ" ئاماژەی بەوە کرد کە "یەک بەڕمیڵ ئاو، دەبێ لە هەمبەر یەک بەڕمیڵ نەوت بگۆڕدرێتەوە." بە هەمان شێوە "عەبدوڵڵا گوڵ" ئەو کاتەی کە وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو هەمان ڕستەی دووبارە کردەوە بەوەی کە، "دەبێ نرخی یەک بوتڵ ئاو، هاوتای نرخی یەک بوتڵ نەوت بێت."

کاریگەریی پڕۆژەی گاپی تورکیا لەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە

پڕۆژەی گاپ بەڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ کۆمەڵێک کاریگەریی فرەڕەهەند و نەرێنیی بەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا هەیە کە لێرەدا بەکورتی ئاماژە بە کۆمەڵێک لەم خاڵانە دەدەین:

یەکەم، کـەمبوونەوەی بڕی ئەو ئاوەی کە دێتە ناو هەرێمی کوردستان، سووریا، عێراق و باشووری ڕۆژاوای ئێران. پشکێکی گەورەی پڕۆژەی گاپ کە بریتییە لە بەنداو، دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات و لقەکانی ئەم ڕووبارە. کەواتە ئەم بەنداوانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئەو بڕە ئاوەی کە لەم ڕووبارە و لق و پۆپەکانییه‌وه‌ ده‌ڕێژنە وڵاتانی تر، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان. لە لایەکی ترەوە، خودی تورکیا لە ڕێگەی بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژەیە، دەبێت بە دەوڵەمەندترین وڵات بۆ گڵدانەوەی ئاوی شیرین؛ واتە ئەو ئاوەی کە بەکەڵکی خواردنەوە و و پێداویستییەکانی ناوماڵ دێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان کەمبوونەوەی ئاوی فورات زیان بە نزیکەی (۱/۳) دانیشتووانی عێراق دەگەیەنێت. سەبارەت بە ڕووباری "دیجلە"یش، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئاوی ئەم ڕووبارە نزیکەی (۳٠۵) ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا کەمی کردووە. کەمبوونەوەی ئاوی وڵاتانی تر ئەم هێزە بە تورکیا دەبەخشێت کە بتوانێت لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە پرسی بەکارهێنانی ئاوی وەک کارتێکی گوشار لە دژی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت. بەتایبەتیش دەبێ لێرەدا سەرنج بدەینە سەر هەم هەرێمی کوردستان و هەمیش ڕۆژاوای کوردستان.

دووەم، یەکێک لە دەرەنجامە هەره‌ مەترسیدارەکانی ژینگەییی پرۆژەی گاپ بریتییە لە پیسبوونی ئاوەکان لە دەرەنجامی بەکارهێنانی ژەهرە کیمیایییەکان بۆ کشتوکاڵ. ئەم کارەساتە سروشتییە تەنانەت لە ڕێگەی یاسای نێودەوڵەتییشەوە ناتوانرێت ڕێگریی لێ بکرێت. لە لایەکی ترەوە، ئەم پرۆژەیە کاریگەریی لەسەر بەرهەمی سامانی ماسییش دروست دەکات. تەنانەت دەکرێ ئەو ڕووەکانەیش کە دواتر لە ڕێگەی ڕووبارە کیمیاییبووەکانه‌وه‌ ئاودێری دەکرێن، ژەهراوی ببن. بەکورتی، کۆی سیستەمی خۆراک و ئیکۆسیستەم لەژێر مەترسیی گرتنەوەی ئاوی پڕۆژەی گاپ و پیسبوونی ڕووبارەکاندایە. کەواتە، ژینگەی هەر دوو دەوڵەتی سووریا و عێراق، بەتایبەتیش عێراق لەژێر مەترسیدایە. زیاد لەمەیش، بەشی باشووری وڵات عێراق لەژێر مەترسیی لەناوچوونی بەرهەمی کشتوكاڵ و کەرتی کشتوکاڵدایە. بەپێی ئامارەکان لە بەشی باشووری عێراق، نزیکەی ٥٠٪ زەوییە کشتوکاڵییەکان زیانیان پێ کەتووە و وشک بوونە. ئەمەو سەرەڕای وشکبوونی لەوەڕگەی گیانلەبەرە ماڵی و کێوییەکان. بە دیوێکی تردا کەرتی ئاژەڵدارییش بە هۆی گڵدانەوەی ئەو لەناو بەنداوەکانی پرۆژەی گاپ، لە عێراق لەناو چوونە؛ ئەمەو سەرەڕای بەبیابانبوونی ئەم ناوچەیە.

سێیەم: پڕۆژەی گاپ کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات، لە باشووری عێراقدا بووەتە هۆی وشکبوونی ناوچەی "هور العظیم". وشکبوونەی ئەم ناوچەیەیش، دروستبوونی خۆڵبارین و گەردەلوولی لماویی لێ کەتووتەوە. ئەم خۆڵبارینە تەنانەت ناوچەکانی کرماشان لە ئێران و سەرتاسەری عێراقی لەخۆ گرتووە. ئەمەیش بە هۆی وشکبوونی دار و ڕووه‌ک و "هور"ەکان (قامیشەڵان)ی ناوچەی ئەهواز و باشووری عێراق. ڕاستە کە جه‌نگی نێوان عێراق و وڵاتانی دەروبەر و جه‌نگی ساڵی ٢٠٠٣ به‌ یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی خۆڵبارین لە عێراق هەژمار دەکرێت کە تا هەرێمی کوردستان ئەم خۆلبارینە پەل دەکێشێت، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکارە سەرەکییەکەی، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی گاپ لە تورکیا دەگەڕێتەوە؛ ئەگەرچی دواجار خودی تورکیایش لەم پرۆژەیە زەرەرمەند دەبێت. بەبیابابانبوونی ناوچەکانی باشووری عێراق، دەبێته‌ هۆی زیادبوونی نەخۆشییەکانی پێست، کۆخە، هەناسەبڕین و چەندین نەخۆشیی کوشندەی تر. بێننە بەرچاوی خۆتان، بەنداوی ئه‌تاتورک بەتەنیا، توانای گڵدانەوەی، یەکسانە بە گشت ئەو ٦٥٠ بەنداوه‌ی کە لە سەرتاسەری ئێراندا دروست کراون!

چوارەم، زیادبوونی دیاردەی کۆچ هەم کۆمەڵێک لە ناوچەی ئه‌نادۆڵی تورکیا و هەمیش لە ناوچەکانی خوارووی عێراق و باشووری ڕۆژاوای ئێران، واتە ناوچە عەرەبنشینەکانی ئێران. دەکرێ یەکێک لە باشترین شوێنەکان بۆ کۆچکردن سەرلەنوێ ناوچە کوردییەکان بێت. ئەگەر بێت و سەیری ئەو پڕۆژەیە بکەین، ڕووبەرێکی فراوانی ناوچە کشتوکاڵییەکانی گرتۆتەوە؛ ئەوەیش بووەتە هۆی کۆچکردن و ڕاگوێزانی خەڵکی ناوچەکە کە زیاتر لە (۲۵٠) هەزار کەس لە گوندنشینەکانی دەوروبەری ئەم پرۆژەیە ناوچەکانیان بەجێ هێشتووە. ئەم کۆچکردنەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و که‌لتووریی خەڵکی ناوچەکە دەبێت. لەم خاڵەدا تورکیا بەئاسانی دەتوانێت بەشێک لە میراتی که‌لتوور و ناسنامەی کورد بسڕێتەوە، ئەویش بە هۆی نوقمبوونی چەندین شاری دێرینی کورد وه‌ک: سبامات و حەسەن کێف و ٢٠٠ گوندی دەوروبەری حەسەن کێف بە هۆی بەندای "ئالیسو"وە.

پێنجەم، کاریگەریی بوومەلەرزە: ئەوانەی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەکەن، نەچوونەتە قووڵاییی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە بوومەلەرزە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە. بۆ نموونە بەنداوەی ئەتاتورک، توانای گڵدانەوەی (٤٨) ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. لە حاڵی حازردا ئەم بەنداوە نزیکەی (٢٢) ملیار مەتر ئاوی گڵ داوەتەوە. هەر کاتێک کە ئەم بەنداوە پڕ بێت، ئەگەری دروستبوونی بوومەلەرزە لە ئارادایە. یاخود بە ڕوودانی هەر بوومەلەرزەیەک ئەگەری ڕوودانی کارەساتی مرۆیی و سروشتی هەیە.

سەرەڕای گشت ئەم خاڵانەی سەرەوە بۆچوونێک هەیە کە دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداوی بچووک لەسەر ئەو ڕووبارانەی کە لەناو خودی هەرێمدا بوونی هەیە، دەتوانێت خۆی لە مەترسییەکانی کەمئاوی و گرتنەوەی ئاو لە لایه‌ن تورکیاوە بپارێزێت. دەکرێت بەشێک لەم بۆچوونە ڕاست بێت، بەڵام کاریگەرییە ژینگەیییەکانی ئەم پرۆژەیە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هەروەک خۆی دەمێنێتەوە؛ بۆ نموونە کاریگەرییەکانی خۆڵبارین لە باشووری عێراق کە کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست دەکات.

لە لایەکی تریشەوە، دەبێ ڕەجاوی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بکەین. هەر ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری باران لە هەرێمی کوردستان، ئێران، سووریا و تورکیا باری و، بووە هۆی تێکچوونی چەندین گوند و شار و پڕبوونەوەی ڕووبارەکان. لە ئەگەری پڕبوونەوه‌ی ڕووبارەکان و بەردانەوەی ئاوی زیادە لە پڕۆژەکانی گاپ، ئایا ئەم ئاوە زیادەیە وەک لافاوێک بەرەو هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تر کە دەکەونە سەر ڕێڕەوی ئەم ڕووبارە، نایه‌ت؟

پوختە

لە پوختەی ئەم بابەتەدا بۆمان دەردەکەوێت، كه‌ چۆن وزە بە درێژاییی سەدەی بیستەم و ئێستایشی لەگەڵدابێت بووه‌تە چەقی ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو ململانێیە. ئەگەر جاران تەنیا وزەی نەوت هۆکاری سەرەکیی ململانێ بووایه‌، ئێتسا وزەی ئاویشی بۆ زیاد بووە. کەواتە لەم سەدەیەدا ئاو دەبێتە چەقی ململانێ، بەتایبەتیش لەسەر دوو ڕووباری گرنگی دیجلە و فورات کە هەر دوو ڕووبارەکان بە ناوچەی کوردنشیندا دەرباز دەبن.