ئەگەری جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ و گەمارۆدانی هەمەلایەنەی ئێران، دەنگی لێدانی ده‌هۆڵی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەر گوێ دەکەوێت. واتە سەرلەنوێ ئەم ناوچە قەیرانێکی تر و ناسەقامگیرییەکی تر بەخۆوە دەبێنێت. سروشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێکە کە هەم خودی دەوڵەت و ڕژێمەکانی ئەم ناوچەیە بەشێکن لە جەنگ و ناسەقامگیری، هەمیش ململانێی زلهێزەکان و هەندێ جاریش ڕێککەوتنی نێوان زلهێزێک و دەوڵەتێکی هەرێمایەتی، هۆکارێکی تری جەنگ و ناسەقامگیریی ئەم ناوچەیە بووە. لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ئەم ناوچەیە جەنگی کوێت، ئەفغانستان و عێراقی بەخۆوە بینیوە؛ جەنگێک کە گێژاوەکەی تا ئێستایش هەر بەردەوامە. بەڵام ئەم جارە پرسیار لێرەدایە کە، ئایا لە ئەگەری ڕوودانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، جەنگەکە هاوشێوەی جەنگەکانی پێشووتری ئەم ناوچەیە دەبێت؟

ئەگەری ڕوودانی جەنگ

بە بڕوای نووسەری ئەم بابەتە، ڕاستە کە لە زانستی سیاسیدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڵام لێکدانەوەی گەمەکان و ڕاددەی دەسکەوت لە گەمەکاندا، ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی هەر جۆرە پلان و ستراتیژییەتێک لە گەمەکەدا ده‌بینێت؛ بەتایبەتیش لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە هاوکێشەکە تێیدا بریتییە لە هاوکێشەی سفری؛ واتە یان شکستی تەواو یان سەرکەوتنی تەواو. هەر بۆیەیش زۆر جار لە زانستی سیاسەتدا تەنیا سەیری هێز و تواناییی ڕێکخراوەییی دەوڵەتێك ناکرێت کە دەوڵەتەکە چەند زلهێزە، بەڵکوو لێکدانەوە بۆ توانایییە ناڕێکخراوەکانی دەوڵەتی نەیاریش دەکرێت کە تاچەند دەتوانێت لە مەیدانی جەنگدا ڕۆڵ ببینێت.

ئێران دەوڵەتێکە کە بە خوانێکی ڕەنگین دەچێت؛ لە چەندین نەتەوە، ئایین، ئایینزا و زمان پێک هاتووە کە هیچ کام لەم پێکهاتانە هاوبەشییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکتردا نییە؛ تەنیا شتێک کە ئەم نەتەوانەی پێکەوە گرێ داوە، بریتییە لە سنوورێکی جوگرافیایی-سیاسیی دەستکرد و باڵادەستبوونی زمانی فارسی. دەسەڵاتی سیاسیی ئێران زۆر بەباشی لەم ڕاستییە تێ گەیشتووە، هەر بۆیەیش کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە، یەکسەر دروشمی "هەناردەکردنی شۆڕش"ی بەرز کردەوە. دواتر ئەم هەناردەکردنەی شۆڕش، ڕوخسارێکی تەواو سیاسی-ئایینی بەخۆوە دەگرێت و تا ئێستایش نوخبەی سیاسیی ئێران بە یەکێک لە ئامرازەکانی مانەوەی دەسەڵاتی خۆی هەژمار دەکات. هەر بۆیەیش ئێران دەست بە ئەنجامدانی تۆڕێک لە چالاکیی سەربازی- ناڕێکخراوەیی لە زۆڕبەی وڵاتانی موسڵماننشیندا دەکات و بۆ ئەم مەبەستەیش ڕێکخراوەکانی وەک بەدر لە عێراق، حەماس لە فەڵەستین، موجاهدین لە بۆسنی، حوسییەکان لە یەمەن، حزبوڵڵا لە لوبنان و تەنانەت سوپای پاسدارانی ئێران لەناو خودی ئێراندا و چەندین نموونەی تری دامەزراند کە گشتیان لە پشتیوانیی ڕاستەخۆی ئێران بەهره‌مەندن. حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنان، بەئاشکرا ڕای گەیاند، کە تا ئەو "کاتەی ئێران پارەی هەبێت، ئێمەیش پارەمان دەبێت."

ڕژێمی ئێران لە کاتی تەنگانەدا زۆر بەباشی توانیویەتی سوود لەم هێزە چەکدارانە وەرگرێت. بۆ نموونە، ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک بۆ فڕۆکەخانەیەکی سعوودیا، تەقاندنەوەی بۆڕییەکانی نەوتی سعوودیا، هێرشکردنە سەر پاپۆڕێکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هۆرمز، خستنەخوارەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆكه‌وانی سیخوڕیی ئەمریکا، گشت ئەم نموونانە توانای ئێران لە بەجووڵەخستنی ئەم هێزە نا-دەوڵەتی بەڵام بەتوانایانە نیشان دەدات. سەرەڕای ئەوەی کە هەر کاتێک ئێران ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە، هەوڵ دەدات کێشەیەک لە نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا بخوڵقێنێت بۆ ئەوەی کە ڕای گشتیی ئیسلامی و جیهانی بۆ سەر پرسە نوێیەکە ڕابکێشێت. هەروەک ئاماژەی پێ درا، نووسەری ئەم بابەتە ئەگەری ڕوودانی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە حاڵی حازردا بەدوور دەبینێت، ئەویش بەم هۆکارانەی خوارەوە؛ ئەگەرچی لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە.

یەکەم، ئەگەر بێت و سەیری لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا بکەین، بەپێچەوانەبوونێک لە نێوان لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا دەبینین. بە واتایەکی تر، هەر کاتێک ئەمریکا گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر کەرتی ئابووری و داراییی ئێران، نەبرەی لێدوانی بەرپرسەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران بەرز دەبێتەوە؛ بەپێچەوانەوە کاتێک کە ئێران هەڵویست وەردەگرێت و کارێکی تێکدەرانە ئەنجام دەدات، نەبرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا نزم دەبێتەوە. باشترین نموونە، لێدوانی بەرپرسەکانی ئەمریکایە لە سەرەتای خستنی گەمارۆ لەسەر ئێران لە دوای کشانەوە لە ڕێککەوتنی ٥+١ و کەوتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکایە لە چەند ڕۆژ لەمەو بەر. تەنانەت دۆناڵد ترامپ گوتی کە، "ئێران بەئەنقەست (عمدی) ئەم کارەی نەکردووە." تەنانەت بۆ پرسی ئەم فڕۆکەیە بەڵگەکانی ئێران لە بەڵگەکانی ئەمریکا بەهێزترن؛ ئێران بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم فڕۆکەیە سەروەریی خاکی ئێرانی بەزاندووە و بۆ ئەم مەبەستەیش بەڵگەکانی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. ئێران دەڵێت کە پارچەکانی فڕۆکە تێکشکێنراوەکەی، لەناو ئاوی هەرێمەکەی خۆی دۆزیوەتەوە. تەنانەت ترامپ لە ڕێگەی پاشای بەحرێن، پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە و داوای گفتوگۆ دەکات. ئەمەیش لە دوای ئەوەوه‌ دێت کە پەیامەکەی ترامپ کە لە ڕێگەی حکوومەتی ژاپۆن بۆ ئێران نێردرا، لە لایەن ڕابەری ئێران ڕەت کرایەوە. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە هەوڵەکانی پاشای بەحرێن سەرکەوتوو بێت، چونکە گشت ناوبژیوانییەکانی بەحرێن لە نێوان ئێران و لایەنی بەرامبەر سەرکەوتوو بووە.

دووەم، لە کۆتاییی ئەم مانگەدا، بڕیارە کە کۆنفڕانسیكی گرنگ لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا بە سپۆنسەری عەرەبستانی سعوودی ببەسترێت و، تەنانەت قەتەریش بۆ کۆنفڕانسەکە بانگێشت کراوە. بەپێی زانیارییە پشتڕاستنەکراوەکان، بڕیار وایە کە هەر یەک لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سعوودیا و میسر، نزیکەی دوو ملیۆن كاركه‌ر لە وڵاتانی خۆیان بۆ فەڵەستینییەکان دابین بکەن؛ زۆربەی ئەم فەڵەستینانەیش سەر بە کەرتی غەززە دەبن؛ واتە هێدی هێدی چۆڵکردنی ئەم ناوچەیە. لە لایەکی ترەوە، ئەم پرۆژەیە ئەگەر بێت و ڕاست بێت، پێویستیی بە چەندان ملیار دۆلار هەیە؛ چونکە دەبێت فەڵەستینییەکان لەم وڵاتانەدا نیشتەجێ بکرێن. ئەمە واتە دانپێدانانێکی ناڕاستەخۆی وڵاتانی عەرەب بە بوونی ئیسڕائیل و کەمکردنەوەی ئەو سەرئێشەیەی کە ئێران لە کەرتی غەززە لە ڕێگەی حەماسەوە بۆ ئیسڕائیل دروست دەکات. ئیسڕائیلیش هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە، لە هەمبەر ئەم ئۆفەرەی وڵاتانی عەرەبی، ئەمریکا چی بۆ ئەم وڵاتانە دەکات؟ بێ گومان، داواکاریی سەرەکیی وڵاتانی عەرەبی، پاراستنی دەسەڵات و سەروەریی خاکەکەیان لە دژی ئێران و چەکدارانی سەر بە ئێران دەبێت.

سێیەم، ئەگەر داواکاریی سەرەکیی وڵاتانی عەرەب، ڕێگریکردن لە ئێران بێت، بەڵام ئەمریکا چۆن ئەم کارە دەکات؟ لە دوای نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت، یەکێک لەو هۆکارانەی کە گەرەنتیی مانەوەی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە، ململانێی شیعە و سوننەیە، کە ئەم ململانێییە بە پلەی یەکەم لە نێوان ئێران و سعوودیادا ڕەنگی داوەتەوە. ئەمریکا بۆ مانەوەی خۆی لەم ناوچەیەدا، پێویستی بە بەردەوامبوونی ئەم ململانێیە هەیە؛ نەمانی یەکێك لە لایەنەکانی ململانێکەر، واتە نەمانی ئەم هۆکاری مانەوەی ئەمریکا بەم شێوەیەی ئێستا لە ناوچەکەدا. هەر بۆیەیش ئەمریکا تا ئەو کاتەی کە بەدیلێک بۆ ئەم ململانێیە نەدۆزێتەوە، سەختە لەگەڵ ئێراندا بچێتە جەنگه‌وه‌. لێدوانی ئەم دوایییەی بەرپرسانی ئەمریکا ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ئەمریکا خوازیاری جەنگ نییە لەگەڵ ئێراندا. بۆ بەردەوامیدان بەم ململانێیە، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە دوایین دانیشتنیدا، بڕیاری دا کە فرۆشتنی چەک بە عەرەبستانی سعوودی بوەستێنێت.

چوارەم، لە ئەگەری ڕوودانی هەر جۆرە جەنگێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ئێران گشت هێزە چەکدارەکانی سەر بە خۆی لە دەرەوەی ئێران لە دژی ئەمریکا بەکار دێنێت. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، ئەمریکا تووشی سەرئێشەیەکی گەورە دەبێت، چونکە جەنگەکە دەبێتە جەنگی نێوان سەربازێکی ڕێکخراو و جیهادییەکی ناڕێکخراو. ئەمریکا ئەزموونی ئەم جەنگەی لە عێراق و ئەفغانستاندا بینیوە، بۆیە سەختە دووبارە هەمان هەڵە بکاتەوە و خۆی بخاتە ژێر دژایەتیی ڕای گشتیی هاووڵاتیانی ئەمریکا. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە ئێران دەستەوەستان ناوه‌ستێت و هێرش دەکاتە سەر بۆڕی و پاپۆڕەکانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکە؛ بەم جۆرەیش دەتوانێت ئابووریی نێودەوڵەتی تا ڕاددەیەکی باش ئیفلیج بکات.

پێنجەم، تا ئێستایش وڵاتە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا کە هاوپەیمانی ئەمریکان، نە لە ڕێککەوتنەکە کشاونەتەوە، نە لەگەڵ لێدوانەکانی جەنگ لە دژی ئێرانن. یەکێتیی ئەوروپا لەوە باش ئاگادارە کە لە ئەگەری ڕوودانی هەر جۆرە جەنگێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نه‌ك تەنیا ئابووریی ئەم یەکێتییە پەکی دەکەوێت، بەڵکوو لێشاوی کۆچبەران سەرلەنوێ ڕوو لە ئەوروپا دەکەنەوە. بۆیە زۆر سەختە هاوشێوەی جەنگی کوێت و ئەفغانستان و عێراق، ئەم جارەیان یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ بژاردەی جەنگدا بێت. هەر بۆیەیش وەزیرانی دەرەوەی هەر یەک لە بریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەنیازن لە برۆکسێل لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەبارەی کێشەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا کۆ ببنەوە؛ چارەسەرێکی دوور لە بژاردەی جەنگ.

شەشەم، گرنگترین خاڵ کە ئەمریکا لە هەڵگیرسانی جەنگ دوور دەخاته‌وه‌ (ئەگەر لایەنێکی تر ئەم جەنگە بۆ ئەمریکا هەڵنەگیرسێنێت)، بریتییە لە پرسی ئێرانی دوای جەنگ. تا هەنووکه‌یش ئەمریکا هیچ جیهانبینییەکی ڕوون و ئاشکرای بۆ ئێرانی داهاتوو نییە. خودی ترامپ لە گەشتەکەی بۆ ژاپۆن ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەمریکا نیازی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی نییە." یەکێک لە هۆکارەکانیش بۆ فرەڕەنگیی خودی ئێران دەگەڕێتەوە. ئەوەی کە دیارە، کوردەکان، بەلوچەکان و عەرەبەکان لەگەڵ حکوومەتی ئێستا نین و داوای مافی خۆیان دەکەن. هەر یەک لەم پێکهاتانەیش لەو دیو سنووری ئێران بوونیان هەیە. ئەم پرسەیش نەك به‌س سەرگێژە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە دروست دەکات، بەڵکوو خودی داهاتووی ئێرانیش ناڕوون دەکات. بەدڵنیایییەوە لە ئەگەری ڕوودانی جەنگی بەرفراوان، ڕژێمی ئێستا لەسەر کار لا دەبردرێت؛ خودی پێکهاتە نەتەوەیییەکانی ئێرانش داوای مافی خۆیان دەکەن. ئەمە گرفتێکی سەرەکییە بۆ پلانی ئەمریکا لە کورتخایەندا. بۆیە سەختە ئەمریکا هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە کە لە عێراق كردی. تەنانەت بەپێچەوانەی عێراق کە ئەمریکا هەر لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ هێدی هێدی خۆی لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراق نزیک کردەوە و پلانی لەناوبردنی ڕژێمی "سەددام حسێن"ی داڕشت، کەچی تا هەنووکەیش ئەمریکا پەیوەندییەکی ئەتۆی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی ئێرانی نییە.

کۆتایی

سەرەڕای گشت ئەم خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژە پێ دران، دەبێ شتێکمان لەبیر نەچێتەوە؛ لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، چونکە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە تاقمی چەکداریی ناڕێکخراو کە وەک بەشێک لە هێزی نا-دەوڵەتی کار دەکەن، تواناییی ئەم تاقمانە لە دروستکردنی ناکۆکی و ئاژاوەنانه‌وه‌ زۆرە و دەتوانن بەبێ ویستی دەوڵەتەکان، ئەم دەوڵەتانە پەلکێشی جەنگێکی نەخوازراو بکەن. جەواد زەریف ڕاستی گوت کاتێک کە گوتی هەندێ کەس هەوڵی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەدەن کە ئەو ناوی هێنا بە بی تیم (B Team)؛ واتە بۆلتۆن، بنیامین، بن زائد و بن سەلمان؛ بەڵام لەوانەیە لەوەدا کورتی هێنابێت کە ئەو کەسانەی هەوڵی نانەوەی جه‌نگ دەدەن بی تیم نەبێت، بەڵکوو کۆمەڵێک کەسی ناو هێزە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بن. هێنانی ئەم هەموو چەک و تەقەمەنییەی ئەمریکایش بۆ کەنداوی فارس/عەرەب، لە ڕاستیدا زیاتر لەوەی کە بۆنی جه‌نگی لێ بێت، بۆنی ستراتیژیی بەرزکردنەوەی تەنگەژە (escalating tension)ی لێ دێت. مەبەستی ئەمریکایش لەم کارە، قایمکردنی شوێنپێی خۆیەتی لە ناوچەکە؛ هەم سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئێران و هەمیش ڕازیکردنی وڵاتانی عەرەبە، به‌وه‌ی کە ئێران ناتوانێ مەترسییان بۆ دروست بکات. ئەمە بەو مانایە نایه‌ت کە ئەمریکا توانای تێکشکانی ڕژێمی ئێرانی نییە، بەڵکوو بەو مانایە دێت کە ئەمریکا لە دوای جەنگی ڤێتنام، زۆر بەوریایییەوە خۆی لە جەنگەکان هەڵدەقورتێنێت و سەیری ئەوە دەکات کە چۆن دەتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت.