بازەکانی کۆشکی سپی؛ سیاسەتی گەمارۆی زیاتر و لاوازترکردنی کۆماری ئیسلامی

قەرەنی قادری

گەمارۆدانی زیاتر (بە ڕێگەی کۆدەنگیی جیهانییەوە) و لاوازترکردنی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی ئێستای کۆشکی سپییە. مەبەست دەبێ ئەوە بێت کە خەنیمێکی لاوازی گەمارۆدراو (کۆماری ئیسلامی) بۆ سەر مێژی دانوستان ڕاکێشێت یان ئەوەتا دیپلۆماسی بگاتە کۆتاییی خۆی و جه‌نگی پچڕپچڕ دەست پێ بکات. خەنیمێکی لاواز و مێزی دانوستان، یان هەڵبژاردنی جەنگ ناوەڕۆکی سیاسەتی بازەکانی کۆشکی سپییە!

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا پەیامی "نەرمونیان" ده‌نێرێت، واتە باس لە وتووێژ و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەکات، بەڵام سیاسەتی "ئه‌وپه‌ڕی گوشار" بۆ سەر تاران هەروا بەردەوامە. سەردانی ڕۆژی دووشەممە (٢٤-٦-٢٠١٩)ی مایک پۆمپیۆ بۆ وڵاتانی کەنداو، لەوانە عەرەبستانی سعوودی، بە مەبەستی "پێکهێنانی هاوپەیمانیی جیهانی دژ بە ئێران"، باس لە گەمارۆی زیاتر و لاوازترکردنی کۆماری ئیسلامی دەکات. دووڕێیانی دانوستان (دۆسیەی ئەتۆمی، مووشەکی بالستیکی، کێشەی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی تیرۆر و سەرکوت لە ئێران) و جەنگ، هەروەها هەڵبژاردنی یەکێک لەوانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییە ئەو بڕیارە قورسەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە وتەی "خامنەیی"یەوە هەیە کە ده‌ڵێت: "ئێمە لەبارەی پرسە نامووسییەکانی شۆڕش وتووێژ ناکەین!"

خاڵی دووەم، سەرەڕای گشت ناکۆکی و هەڕەشەکانی کۆشکی سپی لە تاران، هەروەها لە ئیرانیشەوە کە ڕووی لە ئەمریکایە، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكکۆماری ئەمریکا کە بڕیارە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٠دا دەست پێ بکات، گرێ دراوە لە پرسی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی. دەبێ هەوڵی ترامپ و بازەکان ئەوە بێت کە ڕێگە نەدەن دۆسیەی کۆماری ئیسلامی کارتێکەریی نەرێنی بخاته‌ سەر هەڵبژاردنەوەی ترامپ.

هەر بەم پێیە، ململانێی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی وا زوو کۆتایی نایە. ئەمریکا بۆ ململانێیەکی درێژخایەن دژ بە تاران کەرەسەی پێویست (سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و سوپایی)ی لەبەردەستدایە، بەڵام پرسەکە ئەوەیە ئاخۆ کۆماری ئیسلامی کە چاوی لەوەیە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠دا ترامپ دەنگی پێویست نەهێنێتەوە و دیموکراتەكان دەسەڵات بگرنه‌ دەست، تا ئەو بۆشایییە دەرفەتێک بە کۆماری ئیسلامی بدات بۆ ئەوەی پشووێک بدات، بەڵام ئایا کۆماری ئیسلامی تا کۆتاییی ٢٠٢٠ بەرگەی ئەو دۆخە دەگرێت؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیش کە لەوانەیە لەو هەڵبژاردندا ترامپ جارێکی تر دەسەڵات بگرێتەوە دەست؟

لە درێژەی ململانێی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا، دوایین گوشاری ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕووی لە شوێنە لەڕاددەبەدەر هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە. ئەم جارەیان "ئایەتوڵڵا خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بە خۆی و گشت ئەو دامەزراوانەی کە لەژێر دەستی ئەو و سەر بە نووسینگەی ئەون یان ئەوەتا بەرپرس و بەڕێوەبەریان بۆ دیاری دەکات (زیاتر لە ٧٠ دامەزراوەی جۆراوجۆری سیاسی، حکوومی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندن، سوپایی و ستراتیژین)، هەروەها هەشت فەرماندەی پلە باڵای سوپای پاسدارانیش لە لایەن کۆشکی سپییەوە ئابڵووقەیان خراوەتە سەر. ئەو بڕیارەی سەرۆککۆماری ئەمریکا دۆخی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی بۆ قۆناغێکی گەلێک هەستیار گواستەوە و، کاردانەوەی هێرشبەرانەی زارەکیی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییش سەبارەت بە بڕیارەکەی ترامپ گوزارشت لە گرژیی زیاتر دەکات.

لە کاردانەیەکی زۆر تونددا حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران، هاوکات کە ئەم هەنگاوەی "ترامپ"ی مەحکووم کرد، لە پاڵ ئەوەیشدا هەوڵی دا شیعەکانی ناوچە و جیهان دژ بە ئەمریکا هان بدات و هەستیان بجووڵێنێت و ناڕه‌زایه‌تییان هه‌ڵخڕێنێت؛ جا چ به‌ شێوه‌ی خۆپیشاندان بێت یان وەڕێخستنی جه‌نگی پچڕپچڕ بە ڕێگەی گرووپە شیعە چەکداره‌كانەوە دژ بە ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ڕۆحانی ڕای گەیاند: "ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە لوبنان، سووریا، ئەفغانستان، پاکستان، هندوستان و بەشەکانی تری ئەم جیهانە، چ شیعە یان ناشیعە، عاشق و گوێڕایەڵی ڕێبەری شۆڕشن. ئابڵووقەی گەورەترین پلەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دینی و ڕۆحیی وڵاتێک کە نەك تەنیا ڕێبەری ئێران، بەڵکوو ڕێبەری شه‌یدایانی شۆڕشی ئیسلامی، موسڵمانان و شیعەكانە لە سەرانسەری جیهاندا، کارێکی بێشەرمانە و گەمژانەیە." جێی ئاماژەیە کە ڕۆحانی باس لە چەندان وڵاتی ناوچە دەکات کە گوێڕایەڵی خامنەیین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باس لە عێراق و شیعەکانی عێراق ناکات! ئەوه‌یش ڕه‌نگبێ دوو هۆکاری هه‌بێت: یەکەمیان بە هۆی بوونی "ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی"یەوەیە و، دووەمیان دەخوازێت پیشانی ڕای گشتی و دیپلۆماسیی جیهان بدات کە کۆماری ئیسلامی خۆی لە پرسە ناوخۆیییەکانی عێراق بەدوور گرتووە و پەیوەندیی ئەوتۆیان لەگەڵ شیعەکانی عێراقدا نییە.

هاوکات لەگەڵ ئابڵووقە بۆ سەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، کۆشکی سپی باسی لەوەیش کردووە کە "بەم زووانە نۆرەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامییش دێت." وێدەچیت ئەو بڕیارە سەردانەکانی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەمریکا و ئەوروپا ڕابگرێت و بەم شێوەیە نوێنەری دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی، بەشێک لە دەرگەکانی دیپلۆماسیی جیهانیی بەسەردا دابخریت؛ کە ئەمەیان لووتکەی گوشارە، چونکە بەشێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی حکوومەتێک دەکەوێتە بەر گەمارۆ و هەر لەو کۆڵانەیشەوە ڕاستەوخۆ لە جیهان دادەبڕێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، دیپلۆماسی و ڕاگەیاندن دووانەن و بەبێ یەکتر مانا نادەن؛ تەنانەت ئەگەر زیاتر لەوە بدوێین، "دیپلۆماسیی دیجیتاڵی" یان بە واتایەکی دیاریکراو "دیپلۆماسیی تویتەری"، بۆتە بەشێکی گرینگ لە دیپلۆماسیی کلاسیک و خەریکە ئاڵوگۆڕی جددی لە شێوازی کار و پەیوەندییەکاندا چێ دەکات و هەر ئێستا ئینترنێت وای کردووه‌ کە جیهان پێی ناوەتە ناو قۆناغی دیپلۆماسیی ئەلکترۆنییەوە و، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەو بوارەدا دەستی باڵای هەیە!

ئەگەری ئەوەیش زۆرە کە دوای پرسی جەواد زەریف، کەناڵە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامییش بکەونە بەر زەبری تویتەکانی ترامپ و کەرەسەکانی سەر بە هێزی نەرمی کۆماری ئیسلامی (کەناڵە ئاسمانییەکان) کە دەتوانن سەرچاوەیەک بن بۆ گەیاندنی پەیامە دیپلۆماسییەکانی تاران، دابخرێن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، ئەوەیە کە بوار بۆ حوکمڕانان دەڕەخسێنن تا بە ڕێگەی کەرەسەی نەرمەوە جووڵە بە دیپلۆماسیی خۆیان بدەن و پەیامەکانیان بە خەنیم و لایەنگرانیان بگەیه‌نن.

دامەزراوە هەستیارەکەی کۆماری ئیسلامی

پایەبەرزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایان گەیاند کە، "کۆشکی سپی بە ئابڵووقەی سەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، تەواوی دەرگەکانی دانوستان و دیپلۆماسیی داخستووە. ئەوەی کە کۆشکی سپی ده‌ڵێ ئامادەیە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەست پێ بکات تەنیا درۆیە و هیچی تر." ماوەیەک بەر لە ئێستا ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە وتووێژ لەسەر مووشەکی بالستیکی و هێزی سه‌ربازیی کۆماری ئیسلامی بە "پرسی نامووسیی شۆڕش" ناوی برد و هەر چەشنە وتووێژێکی لەو بوارەدا ڕەت کردەوە و بە "هیڵی سوور"ی کۆماری ئیسلامیی لە قەڵەم دا، بەڵام هه‌مدیس ئەو بایکۆتەی کۆشکی سپی لەسەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ده‌بێ بۆ به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئێرانیش دەوری "پرسی نامووسیی شۆڕش" بۆ کۆماری ئیسلامی بگێڕێت، چونکە کاردانەوەکان لە تاران لەڕاددەبەدەر توند و هێرشبەرانە بوون.

سەبارەت بە سه‌روه‌ت و سامانی "ئایەتوڵڵا خامنەیی"یش، حەسەن ڕۆحانی ڕای گەیاند کە ته‌نیا "حوسێنییەك و خانووێكی ئاساییی هەیە"، كه‌چی لە ساڵی ٢٠١٣دا هەواڵدەریی ڕۆیتێزر بڵاوی کردەوە کە "ئایەتوڵڵا خامنەیی خاوەنی ٩٥ ملیار دۆلارە"؛ بەڵام مایکێل پریجێنت، توێژەری باڵای پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خانەی هزریی هادسێن دەڵێت: "سامانی خامنەیی لە نێوان ٩٠ تا ١٤٠ ملیار دۆلارە". هەروەها چەند مانگێك بەر لە ئێستا باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە لاپەڕەی فه‌رمیی فەیسبووکی خۆیدا ڕای گەیاند: "سامانی ئایەتوڵڵا خامنەیی نزیک بە دوو سەد ملیار دۆلارە." سەرەڕای جیاوازی لە ئامارەکاندا، بڕیارەکەی ترامپ سەبارەت بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی گەلێک بەرفراوان و گشتگیرە و تێیدا هاتووە: "گشت دارایی و بەرژەوەندییه‌ك کە پەیوەندییان بەو کەسانەوه‌ هه‌بێ کە ناویان لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەگەر سامانیان لە ئەمریکا بێت یان لە داهاتوودا بێتە ئەمریکا، یان بە ناو و لەژێر دەسەڵاتی کەسێک بێت لە ئەمریکادا و یان لە داهاتوودا بکەوێتە بەر دەستی کەسێک، ئەوە ئه‌و سامانە ناگوێزرێته‌وه‌، یان ئەوەتا بازرگانیی پێوە ناکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت."

لە نێوان جەنگ و وتووێژدا

جیا لەوە کە ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە ئاوەکانی کەنداودا ماسووڵکە پیشانی یەکتر دەدەن و لە ڕاگەیاندنەکانیشیاندا ئەدەبیاتی جەنگی دژ بە یەکتر بەکار دێنن، بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا زۆرتر بڕەوی هەیە و ئەمریکا ڕووی تێ کردووە، ئابڵووقەی قورسی ئابوورییە کە خەریکە ئابووریی ئێران بەچۆکدا دێنێت. ئەمریکا لەو بوارەدا کەرەسە و دەرفەتی فرەی لەبەردەستانە و کۆتاییی ئەو جەنگە ئابوورییەیش هیچ دیار نییە و، ئەوەی لەو بوارەدا ڕوونە ئاکامەکەی بە تێچووێکی زۆر لەسەر تاران دەوەستێتەوە، بەڵام دەستکورتیی کۆماری ئیسلامی لەو مەیدانەدا ئەو توانایەی پێ نادات کە ململانێیەکی ماراسۆنی لەگەڵ ئەمریکادا بکات. لە پاڵ گەمارۆدانی کۆماری ئیسلامی، سزاخستنە سەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و هەوڵدانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کۆکردنەوەی کۆدەنگیی جیهانی دژ بە تاران، هەروەها نێڵدانی ئاوەکانی خەلیج بە چەک و تەقەمەنیی ئەلیکترۆنی و بە باڵندە ئاسنینەکانی کۆشکی سپییەوە، ترامپ هەروا داوای وتووێژ لەگەڵ تاران دەکات، بەڵام کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ مەیلێکی بەو داوایەی ئەمریکا پیشان نەداوە و لە بری ئەوە پەیڕەوی لە سیاسەتی "بەرگری" دەکات ئەویش بە کەمترین کەرەسە و تواناوە!

کۆماری ئیسلامی لەسەر دووڕێیانی جەنگ و وتووێژدایە، ئاوەکانی کەنداویش لە چاوەڕوانیی وه‌ڵامی تارانن کە ئاخۆ بەئارامی دەمێننەوە یان ئەوەتا کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا بە ئەرنجی سوپایی و هێرشبەرانەیان دەیشڵەقێنن؟