هەم جەنگ و هەم دانوستاندن: لە گەمەی پشوودرێژیی ستراتیژیکەوە بۆ یارییەک لەسەر لێواری هەڵدێر!

پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین

پێشەکی

ململانێ و بارگرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە ٥+١ لە ڕێکەوتی 8-5-2018  و، ناساندنی "سوپای پاسدارانی ئێران" وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" لە ڕێکەوتی 8-4-2019، لەم دوایییه‌دا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەوەی زۆر گرنگە و تێبینی دەکرێت، جێگوڕکێ لە ستراتیژیی ئەم دوولایەنەیە؛ بەم واتایە کە تا چەند ڕۆژ پێشووتر کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتی "پشوودرێژیی ستراتیژی" و "دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی"ی لە چوارچێوەی سیاسەتی دیاریکراوی "ئایەتوڵڵا خامنەیی"، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لە هەمبەر ئەمریکا، ناسراو بە "نە دانوستاندن و نە جەنگ"، گرتبووە بەر. بەڵام لە بەرامبەردا، ئەمریکا لە لایەک بە بەرزکردنەوەی گوشار و پاڵەپەستۆ لە ڕێگەی سزا و ئابڵووقەکانەوە بۆ سەر ئێران و، لە لایەکی تریشەوە هەڕەشەی ئەوەی کە ئەگەر ئێران هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ (لە ڕێگەی هێزە بەنوینەرایەتییەکانییەوە) بکاتە سەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەوە ڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی بەرپرسیار دەبێت و ڕووبەڕووی گورزی سەربازی دەبێتەوە. تەنانەت بۆ ئەم مەبەستەیش ئەمریکا پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری "یۆ ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن"ی ڕەوانەی کەنداو کردووە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕای گەیاند، وەک بەشێک لە ناردنی هێزی دیکە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشە و هێرشێک لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واشنگتۆن چوار فڕۆکەی ستراتیژیکی جۆری B-52  ڕەوانەی ناوچەکە دەکات؛ ئەمە بێجگە لە دەنگۆی ئامادەکاری بۆ ڕەوانەکردنی ١٢٠ هەزار سه‌ربازی ئەمریکی بۆ ناوچەکە و ڕەوانەکردنی کردەییی نزیکەی ٢٥٠٠ سەرباز بۆ ناوچەکە. کۆی ئەم ڕووداو و هەڵوێستانەی ڕابردوو و ئێستای سیاسەتی هەر دوو لا، ئاماژەیەکە بۆ وەرچەرخان لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی. بۆیە گرنگە بۆ ڕوونکردنەوەی سیناریۆ و ئەگەرەکانی داهاتوو، هۆکار و پاڵنەرەکانی ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی ئێران لە هەمبەر ئەمریکا تاوتوێ بکەین.

خستنەڕووی بابەت

ڕۆژی پێنجشەممە (20-6-2019) فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (RQ-4 Global Hawk)ی ئەمریکی بە گوتەی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگه‌ی هۆرمزگانی ئێران و بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا لە دەریای عوممان و لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان خرایە خوارەوە. جێگەی ئاماژەیە پێشتریش ئیمارات، سعوودیا و نۆروێژ، نەتەوە یەكگرتووەكانیان ئاگادار كردەوە كە كەشتییە بازرگانییەكانیان لە سنوورە ئاوییەكانی ئیماراتدا (فوجەیرە) كراونەتە ئامانج و زیانیان پێ گەیشتووە. دوو ڕۆژ دوای هێرشی سەر كەشتییەكان، حكوومەتی سعوودیا ڕای گەیاند كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دوو وێستگەی دەرهێنانی نەوتی سعوودیایان كردووەتە ئامانج و، دواتریش هێزە شیعەكانی حووسی لە یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشەكەیان گرتە ئەستۆ.

لە ڕووداوێکی تردا، له‌ (13-6-2019) لە کەنداوی عوممان نزیک لە گەرووی هۆرمز، هێرش کرایە سەر دوو کەشتیی گوێزەرەوەی نەوت کە "ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ئیرنا"ی‌ ئێرانی‌ بڵاوی كرده‌وه‌، یه‌كێك له‌و كه‌شتییانه‌ی‌ هێرشی‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر، ئاڵای‌ دوورگه‌كانی‌ مارشاڵی‌ به‌رز كردبووه‌وه ‌و ستافه‌كه‌ی‌ له‌ 21 كه‌س پێك هاتبوون، به‌ڕێگه‌وه‌ بووه‌ له‌ قه‌ته‌ره‌وه‌ بۆ تایوان؛ هه‌روه‌ها كه‌شتیی‌ دووه‌میان ئاڵای‌ پا‌نا‌مای‌ به‌رز كردبووه‌وه ‌و  ستافه‌كه‌ی‌ له‌ 23 كه‌س پێك هاتبوون، له‌ سعوودیاوه‌ به‌ره‌و سینگاپۆر‌ ده‌چوو و بە هۆی ڕووداوەکەوە کەشتییەکان زیانیان پێ گەیشت. هاوکات هێرشی سەر کەشتییەکان، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت؛ نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی لە %4 بەرز بووەوە و لە 59 دۆلارەوە گەیشتە 62 دۆلار. لە کاردانەوەی ئەم هێرشەیشدا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕای گەیاند:  "بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی حکوومەتی ئەمریکا، ئێران بەرپرسە لە هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای عوممان. ئەو هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی و بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکانە و ئەوەیش قبووڵکراو نییە."

پاتریک شاناهان، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت ڕای گەیاند: "لەگەڵ جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە هەوڵی دروستکردنی کۆدەنگییەکی جیهانیدان تاوەکوو لە ڕێگەیەوە ئەو کێشەیە کە کێشەیەکی جیهانییە چارەسەر بکرێت". محەمەد بن سەلمان، شازادەى جێنشین کە هاوکات وەزیرى بەرگریی سعوودیایە، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەى شەرقلئەوسەت گوتی: "هێرشی ئێران بۆ سەر دوو کەشتییە نەوتییەکەی کەنداو، بەڵگەیە لەسەر داواکاریی ئێمە لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى تاوەکوو ڕێکاری پێویست لە دژی ئێران بگرنه‌ به‌ر." کۆی ئەمانەیش لە کاتێکدا بووە کە  لە چەند ڕۆژی ڕابردووودا چەندین هەوڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا لە ئارادا بووە کە دیارترینیان سەردانی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن "شینزۆ ئابێ" بوو بۆ تاران. هەر بۆیە پاش ئەم هێرشانە بوو کە محەمەد بن سەلمان، ڕای گەیاند: "ئێران ڕێزی لە سەرۆکى ژاپۆن و هەوڵەکەى بۆ نێوەندگیری نەگرت کاتێک لە تاران میوان بوو؛ هەر لەو کاتەدا هێرشی کردە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە کەنداوی عوممان، هاوکات میلشیا حووسییەکان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەى ئەبها و ئەوەیش بەڵگەیە لەسەر ڕێبازی ڕژێمی ئێرانی و هەڵسوکەوتەکانی."

لە پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕای گەیاند، خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە، پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەمریکا. پاشان ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی ئەمریکا ڕازی بووه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر ئێران، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ تێكشكانی فڕۆكه‌كه‌ی ئەمریکا، به‌ڵام كتوپڕ له‌ بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌. بەڵام لە کاردانەوەیەکدا دۆناڵد ترا‌مپ به ‌هۆی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی وڵاته‌كه‌ی ڕای گه‌یاندبوو، 10 خوله‌ك پێش ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌ینه‌ سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كی ئێرانی، هێرشه‌كه‌م ڕاگرتووه‌، چونكه‌ پرسیارم كردووه‌ له‌و هێرشه‌دا چه‌ند کەس دەکوژرێن؟ ئاگادار كراومه‌ته‌وه‌ كه‌ 150 كه‌س ده‌كوژرێن؛ بۆیه‌ هێرشه‌كه‌م ڕاگرتووه‌.

هۆکاری ڕاگرتنی هێرشی ئەمریکا لە لایەن ترامپەوە ناتوانێت تەنیا پەیوەندیی بە قوربانیی لایەنی مرۆیییەوە هه‌بێت؛ بۆیە پەیوەندیی بە هەرچییەکەوە بێت، لە سەرووی ئەم ڕاگەیاندنەوەیه‌. لێرەدا هەوڵ دەدەین بەپێی خستنەڕووی ئەم گۆڕانکاری و وەرچەرخانانە ئەم پرسە تاوتوێ بکەین و وه‌ڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كه‌ بۆچی ئێستا ئەمریکا لانی کەم لە ڕووی سەربازییەوە، سیاسەتی ڕاگەیەندراوی ماوەی ڕابردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیڕەو دەکات، بەڵام ئەوە ئێرانە کە وه‌ڵامی سەربازی یاخود هێرشی سەربازیی بۆ سەر بەرژەوەندیی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا هەیە؟!

یەکەم: دروستکردنی گوشار بە هۆی بێهیوایی لە دەوڵەتانی ئەوروپا

پاش بەرزکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڕێگەی ئابڵووقە و سزاکانەوە، بەتایبەتی ڕۆژی 22/4/2019، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داوای له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ نه‌وتی ئێران ده‌كڕن، كرد، كه‌ ده‌ست له‌ هاورده‌كردن و كڕینی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵگرن و له‌ ڕۆژی 2/5/2019وه‌ هه‌ر وڵاتێك پابه‌ند نه‌بێت، ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه‌. هەر بۆیە بە گوتەی وەزیری نەوتی ئێران ئێستاکە ئێران ناتوانێت نەوت بە ناوی خۆیەوە بفرۆشیت و تەنانەت بارودۆخەکە ئێستا، لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق نالەبارترە بۆ ئێران. لە بەرامبەریشدا میکانیزمی ئەوروپییەکان بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران ناسراو بە ئینستێکس (The Instrument in Support of Trade Exchanges (INSTEX  تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ئەوروپییەکان نەیانتوانیوە لەم ڕێگەیەوە چاوەڕوانییەکانی ئێران دەربارەی شکاندنی گەمارۆ بانکی و دارایی و ئابوورییەکانی سەر ئێران بێننە دی. هەر بۆیە بۆ گوشارخستنە سەر ئەوروپییەکان سەرۆكکۆماری ئێران لە ٨-٥-٢٠١٩ ڕای گەیاند، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە ڕێککەوتنی ناوکی. بەم پێیە ئەم وەرچەرخانە لە ستراتیژیی ئێران لە سیاسەتی بەرگرییەوە بۆ هێرشبەرانە بە هۆی نزیکایەتیی جوگرافی و بەرژەوەندییەکانی ئەوروپییەکان، بەرزکردنەوەی تێچووی ڕوودانی هەر جەنگێکە بۆ دەوڵەتە ئەوروپییەکان و کاردانەوەیان بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە دارایی و بانکی و ئابوورییەکانی ئێران و، هەروەها دروستکردنی گوشار بۆ سەر ئەمریکا لە لایەن ئەوروپییەکانەوە. چونکە ئێران جگە لە ئاسایشی وزە، چەندین فاکتەری وەکوو: پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و دروستبوونی کێبڕکێی ئەتۆمی لە ناوچەکە، پەرەپێدانی توانای مووشەکی بالستی و بەتایبەتی پرسی "کۆچبەران و مادەی هۆشبەر و تیرۆریزم"ی بۆ دروستکردنی گوشار بۆ سەر ئەوروپییەکانی لە لایە و، بەناڕاستەوخۆ هەڕەشەی بەکارهێنانیشی کردووە.

دووەم: هەڕەشە لە دەوڵەتانی دژی ئێران و هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە

هۆکارێکی تری ئەم بەرزکردنەوەی بارگرژییانە و هێرش بۆ سەر کەشتی و نەوتهەڵگر و تەنانەت فڕۆکەخانە و پاڵاوگە سعوودییه‌کان لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران لە لایەن ئێرانەوە ئەوەیە، کە دەخوازێت پەیامێک بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە بنێریت کە لە ئەگەری هەر چەشنە هێرشیکی سەربازی، ئەوە بە هۆی نفووز و هێزە بەنوێنەرایەتییەکانی ئێران، یەکەم لایەن کە زیانمەندی سەرەکی بێت ئەو دەوڵەتانەن کە دژی ئێرانن و هاوپەیمانی ئەمریکان. بۆیە ئێران لەم ڕێگەوە دەیەوێت ڕیسک و مەترسیی هێرشی سەربازی بۆ سەر خۆی کەم بکاتەوە.

سێیەم: دوورخستنەوەی جەنگ و پشێوی لە ناوخۆی ئێران: بەرفراوانکردنی جوگرافیی ململانێکان

یەکێک لە هۆکارەکانی وەرچەرخان لەم سیاسەتی بەرگری و پەیڕەوکردنی پشوودرێژیی ستراتیژیک لە لایەن کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە هۆی ئاڵوگۆڕەکانی ئه‌م دوایییە و بێتواناییی وڵاتان لە بەرپەرچدانەوەی گوشار و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی دەیەوێت ئەم دۆخە هەنووکەیییە بگۆڕێت. بەم واتایە کە قۆناغ و هەلومەرجێکی تر بێنێتە ئاراوە، بەڵام لە ڕێگەی ستراتیژییەکی هێرشبەرانەتر لە ڕابردوو. ئەمەیش له‌ لایەک بە مەبەستی گۆڕینی بارودۆخ بە قازانجی ئێران و زیانی ئەمریکا و، لە لایەکی تریشەوە بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان لە لایەن ئەمریکاوە لە سنوورەکانی ئێران یاخود ناوخۆی ئێران. چونکە چەندان جار ئێران لە لایەن بەرپرسانی  وڵاتانی نەیاری ئێرانه‌وه‌ لە ناوچەکە، گوێبیستی ئەوە بووە کە لەوانەیە جەنگ و پشێوی بۆ ناوخۆی سنوورەکانی ئێران بگوازرێتەوە. بۆیە ئێران بە چالاککردنی تۆڕەکانی لە ناوچەکە ئاستی تێچووی هێرش و دەستێوەردانی سەربازی لە ناوخۆی بەرز دەکاتەوە و، بە واتایەک هەموو ناوچەکە دەکاتە گۆڕەپانی جەنگ و ململانێ و پشێوی، ئەگەر ئەم گوشارە و هەڕەشە سەربازی و دارایییانەی سەری بەردەوام بێت.

چوارەم: ئامادەکاری بۆ ئەگەری گۆڕانکاریی ناوخۆیی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی

کۆماری ئیسلامی، ترسی قووڵی لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی هەیە، بەتایبەتی پاش ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ لە ناوخۆی ئێران و، هەروەها سیاسەتی ئەمریکا لە دروستکردنی پاڵەپەستۆی ئابووری و بێتواناییی ئێران لە کەمکردنەوەی ئەم گوشارە دارایی و ئابوورییانە. بۆیە لەم ڕێگەیەوە ئێران دەیەوێت قەیرانەکان هەناردەی دەرەوە بکات و بە دروستکردنی جەنگێکی سنووردار و بەرزکردن و بەرجەستەکردنەوەی دوژمنی دەرەکی، ڕێگەیش لە سەرهەڵدانی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان بگرێت و لە هەمان کاتیشدا بە پاساوی ئاسایشی و بارودۆخی جەنگی دەرەکی ڕێگە بۆ سەرکوتکردنی لە ئەگەری ڕوودانی ئاوەڵا بکات. چونکە ئێران پێی وایە کە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی لە ئاستی ناوخۆییدایە و ئەمریکا دەیەوێت ئەم لاوازییە بە دوو شێواز بقۆزێتەوە: ١- کۆماری ئیسلامی بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و ئەگه‌ری ڕووخانی سیستەمەکەی لە ڕێگەی ئەو ناڕەزایەتییانەوە، ڕازی بێت بە مەرجەکانی ئەمریکا و بێتە سەر مێزی دانوستاندن و ئەمەیش ڕەوایەتی و پرستیژی ئێران لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی لاواز دەکات. ٢- کۆماری ئیسلامی پێی وایە، ئەمریکا دەیەوێت بە هۆی ئەم سزا و ئابڵووقانەوە خەڵک هان بدات کە ڕژێمی لاواز و بێتوانای ئێران لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکانی خەڵک، بڕووخێنن. بەم واتایە کە گۆڕینی ڕژێم بە کەمترین تێچوو بۆ ئەمریکا بێتە دی و، بۆیە ئێران ئامانجی کۆتاییی ئەمریکا لە دانوستاندن و، هەروەها سنووردارکردنی و گوشار و پاڵەپەستۆخستنە سەر ئێران، بە گۆڕین یاخود ڕووخانی ڕژێم دەزانێت.

پێنجەم: گوشار و دروستكردنی کاریگەری لە ناوخۆی ئەمریکا

یەکێک لە پاڵنەرەکانی بەرزکردنەوەی بارگرژی لە لایەن ئێرانەوە بە مەبەستی دروستکردنی پاڵەپەستۆی ناوخۆییی سەر "ترامپ"ە لە سەپاندنی سزا و ئابڵووقە و دەرچوون لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی. بەم واتایە ئێران لەم ڕێگەیەوە ڕای گشتیی ناوخۆی ئەمریکا لە هەمبەر گوشاری زیاتر و ئەگەری بڕیاری جەنگ هەرچەندە سنوورداریش بێت لە لایەن ترامپەوە، هەستیار دەکات. بۆیە ئەوە بە تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئێران باشترین بژاردەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمریکا و دەربازبوون لە مەترسیی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران. کۆماری ئیسلامی ئەو ڕاستییەی قۆستۆتەوە کە ئەمریکییەکان و بەتایبەتی خودی "دۆناڵد ترامپ" خوازیاری هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ نییه‌ لە لایەن ئەمریکاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ جگە لەمەیش دروستکردنی کەلێن و درز لەناو سیاسییەکانی ئەمریکا و تەنانەت خودی کۆشکی سپی و بەتایبەتی لە نێوان ترامپ لە لایەک و جۆن بۆلتۆن و پۆمپیۆ لە لایەکی ترەوە. بۆیە کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگەیەوە مەبەستییەتی بە هۆی بەرزکردنەوەی تێچووەکانی پێکدادانی سەربازی، کەس و لایەنە دژبەرە ناسراوەکانی ئێران لە ئیدارەی ئەمریکا دوور بخاتەوە. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە ئاماژەی وەزیری دەرەوەی ئێران بە B-team (تیمی بی: بۆلتۆن و بن سەلمان و بن زائد و بنیامین نه‌تانیاهۆ) وەکوو کەسانێک کە دەیانەوێت ترامپ و ئەمریکا بەرەو جه‌نگێکی نەخوازراو لەگەڵ ئێران بەرن، لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا بووە. ئەم جیاکردنەوەیە لە لایەن ئێرانەوە زۆر ورد ئەنجام دراوە و ئێران هیوای زۆری لەسەر هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتییە ڕانەگەیه‌ندراو و نافەرمییەکەی نێوانیان لە ئاستی ناوخۆی ئەمریکا و ناوچەکە هەڵچنیوە. لە لایەکی تریشەوە دیموکراتەکان کە دژی سیاسەتی ترامپ کار دەکەن و بەشێکی زۆریان دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەهەڵە ناو دەبەن، لەم ڕێگەیەوە زیاتر دەتوانن گوشار بخه‌نه‌ سەر ئیدارەی ترامپ بە قازانجی ئێران. بۆیە ئێران هیوای وایە کە ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی ئەمریکا لە هەمبەر چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران، ببێتە دەرچەیەک بۆ تێپەڕینی کات و دەربازبوونی ئێران لەم بارودۆخە دژوارەی کە تێیدایە.

شەشەم: پاڵەپەستۆ و پەیام بۆ خودی دۆناڵد ترامپ

پاڵنەری سەرەکیی ئێران لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم بارگرژییانە، ناردنی پەیامی ڕاستەوخۆیە بۆ دۆناڵد ترامپ؛ بەم واتایە کە ئێران لەم کردەوە سەربازییانەی ئەم دوایییە، دەیەوێت لە لایەک تێچووی هێرشی سەربازی و سەپاندنی سزا و ئابڵووقه‌ی سەر ئێران لە لایەن ترامپەوە بەرز بکاتەوە و، لە لایەکی تریشەوە بە هۆی بێمەیلیی ترامپ لە دەرگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە جەنگێک لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی، ئەو پەیامە بۆ ترامپ بنێرێت کە ئەگەر گوشار بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، ئەوە لەوانەیە ترامپ نەتوانێت خولی دووەمی سەرۆکایەتی ببینێت. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامی بە خوێندنەوەی ئەو ڕاستییە کە ترامپ زیاتر حەزی لە دەسکەوتی ئابووری و دیپلۆماسییە و ناخوازێت لانی کەم لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بچێتە جه‌نگێکی نادیار و پڕتێچووەوە، ئەوە بەم هێرشانە ترامپ لە جەنگ و گوشاری زیاتر پاشگەز بکاتەوە. بۆیە ئەمە خاڵێکی گەوهەرییە لەو وەرچەرخانە ستراتیژییەی ئێران؛ بەو پێیەی کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری خولی دووەم لە ئەمریکا لە ئارادایە و ترامپ دەیه‌وێ بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆککۆماری ئەمریکا و، یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکانی گەشەی ئابووری و بردنەسەری بەڵێنەکانییەتی لەم هەڵبژاردنەدا لە هەمبەر ڕەکابەرە دیموکراتەکانی و ڕای گشتیی ئەمریکا؛ لە گرنگترینیشیان دوورکەوتنەوەی ئەمریکا بووه‌ لە تێچووە مرۆیی و دارایییەکانی جەنگ و، بەتایبەتی ڕەخنەکانی ڕابردوویەتی لە بڕیاری چوونە ناو جەنگی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە.

حەوتەم: خوێندنەوەی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ بارودۆخەکە

بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی، پاش گۆڕانکارییەکان و بێهەڵوێستیی وڵاتانی ئەوروپی یاخود هەستکردن و بینینی بێتوانایییان لە هەمبەر گوشارە تاقەتپڕووکێنەکانی ئەمریکا، گەیشتنە ئەو لێکدانەوە و تێگەیشتنە، کە کات لە بەرژەوەندییاندا نییە. بەم واتایە کە بە تێپەربوونی کات هیچ ڕووداو و هەڵوێستێکی ئەرێنی نابینرێت، بەڵکوو زیاتر گوشاری سەریان بەرز دەبێتەوە و بگرە بارودۆخی هەرێمی و ناوخۆیییان لە ڕووی ئاسایشی و ئابوورییەوە لاوازتر دەبێت. لە ڕوانگەیەی ترەوە، ئێرانییەکان لەوە تێ گەیشتوون کە بە سیاسەتی پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتن و پەیڕەوکردنی "چاوەڕوانیی ستراتیژیک" زیاتر گۆشەگیر دەکرێن و، پاشان ئەگەر دانوستاندنیش بکرێت لە پێگەیەکی زۆر لاوازەوە دەچنە ئەو دانوستاندنانەوە لەگەڵ ئەمریکا و، ئەمەیش ڕەوایەتیی ناوخۆیی و نفووزی دەرەکییان لاواز و لەرزۆک دەکات و لە هەمان کاتیشدا ناچاریان دەکات کە بە مەرجەکانی ئەمریکا (١٢ مەرجەكه‌ی پۆمپیۆ) ڕازی بن. بۆیە ئێران پێویستی بە هێنائارای هەلومەرجێکی نوێ بوو. بە واتایەکی تر، ئامانج گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی ئێستایە کە لە زیانی ئێران و لە  قازانجی ئەمریکادایە. بۆیە ئەم هەلومەرجە بە "هاوسەنگیی هەڕەشە"، پێناسە دەکرێت.

هەشتەم: پەیامی توانا و ئامادەییی سەربازی ئێران

یەکێک لە پاڵنەرەکانی ئەم هێرشانەی ئێران و بەتایبەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی، ئەوەیە کە ئێران چەند پەیامێک بنێرێت و چەند ئامانجیک بێنێتە دی کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

  1. ئامادەییی سەربازیی ئێران لە پاراستنی سنوورەکانی له‌ به‌رامبه‌ر ئەمریکا و، تەنانەت بۆ ئه‌وه‌ی توانای بەرگریی خۆی بۆ ئاستی ناوخۆییی ئێران بنێرێت و نیشان بدات.
  2. بە نیشاندانی ئەم توانایییەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکی، ئیدارەی ترامپ ناچار بکات بە سیاسەتی هێرشی سنووردار بۆ ناچارکردنی ئێران بە مەرجەکانی ئەمریکا و هێنانی زۆرەملێ بۆ سەر مێزی دانوستاندندا بچنەوە.
  3. دەوڵەتانی ناوچەکە دڵنیا بکاتەوە کە ئێران نەک لاواز نەبووە، بەڵکوو ئیرادە و توانای بەرگری و مووشەکی و تەکنه‌لۆژیی کۆماری ئیسلامی لە بەرزترین ئاستدایە.
  4. ئەمریکا ناچار بکات ڕێگەی دیپلۆماسی بگرێتە بەر و تەنانەت بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی زیاتری ئێران، بیر لە ئابڵووقە و سزای نوێ نەکاتەوە و بۆ دەستپیکردنی دانوستاندن ئەو سزایانەیش کەم بکاتەوە و بیر لە قبووڵکردنی مەرجەکانی لە لایەن ئێرانەوە نەکاتەوە. بەم واتایە کە ئێران کارتە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا بسووتێنیت و ئێران لەم بارەیەوە خۆی دەستپێشخەری بکات.
  5. خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەو پەیامە دەداتە ئەمریکا کە لەوانەیە ئێران بەنهێنی و بەبێ زانیاریی ئاژانس و دەزگه‌ سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، مووشەک و تەکنەلۆژیی سەربازیی پێشکەوتووی وای دەست کەوتبێت کە هێژموونی سەربازیی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە و ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە شکاندنی پرستیژی سەربازیی خۆی، نەچێتە جەنگێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ هێزی سەربازیی ئێراندا.
  6. بەم ڕێگەیەوە ورەی هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکە بەرز بکاتەوە کە لە ئەگەری هەر هێرشیک ئەوە ئێران براوەی یارییەکە دەبێت.

نۆیەم: دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وزە لە ناوچەکە

ئێران بەردەوام ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت، ئەوە لەوانەیە ڕێگە لە فرۆشتنی نەوتی وڵاتانی تری ناوچەکە بگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە %٢٠ نەوتی بەرهەمهاتووی جیهان لە ڕێگەی گەرووی هۆرمزەوە کە بەشێکی زۆری لە لایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراوە، هەناردەی جیهان دەکرێت. ئەمەیش لە لایەک ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دێنیتە ئاراوە و لە هەر بارگرژییەک بەهای نەوت بەرز بووه‌تەوە و، لە لایەکی تریشەوە گوشارە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان، بەتایبەتی چین و ئەوروپییەکان، کە هەستیارییان لە هەمبەر هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئاستی جیهانی بەرز بێتەوە. بۆیەیشە زۆربەی هێرشەکان بۆ کەشتیی نەوتهەڵگر و، هەروەها پاڵاوگە نەوتییەکان لە ناوچەکەدا ئەنجام دراون. بۆیە ئەمە هەم هەڕەشەکانی ئێران لە بەستنی گەرووی هۆرمز (سەرەڕای توانای ئێران لە ئەنجامدان یاخود ئەنجامنەدانی) دەکاتە ڕاستی و، هەمیش ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و پاشان  وڵاتانی بەکاربەری وزە لە ئاستی جیهانی دەکاتە ئامانج. بەم واتایە لێرەدا ئێران پرسی ئاسایشی وزە، دەکاتە ئاڵقەی مانەوە و بەستنەوەی ئاسایشی خۆی بە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت ئاسایشی جیهانه‌وه‌.

کۆبەند

تاوەکوو ئێستایش ئێران هیوای خۆی لەسەر دروستکردنی ناکۆکی و کەلین لە لایەک لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و ڕووسیا و چین و، لە لایەکی تریشەوە درز و ناکۆکیی ناوخۆییی ئەمریکا و دروستکردنی دردۆنگی و دوودڵی لە ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بە سەپاندنی سزا و پاڵەپەستۆ و گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ، هەڵچنیوە. هەروەها ئێران بەم ئاکامە گەیشتووە کە کات لە بەرژوەندیی ئێڕاندا نییە و لە ئەگەری تێپەڕێنی کات و دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ وەکوو سەرۆكکۆمار و بێمنەتبوونی لە دەنگدران و ڕای گشتی و، هەروەها زیاتربوونی گوشارە ئابووری و دارایییەکان لە ئاستی ناوخۆی و، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەرفراوان و بەربڵاو، ئەوە لەوانەیە ڕووخانی سیستەمی سیاسیی ئێرانی لێ بکەوێتەوە. بۆیە ئێران بەم کردەوە سەربازییانە هەوڵی ئه‌وه‌ ده‌دات تێچووی هێرشی سەربازی و تەنانەت ئابڵووقە و سزای سەپێندراو لە لایەن ئیدارەی ئەمریکا و دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکە و دروستکردنی دڵەڕاوکێی ئاسایشی و نیگەرانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا به‌رز بكاته‌وه‌، کە لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و تەنانەت ڕوودانی جەنگێک، هەرچەندە سنوورداریش بێت، ئەوە کۆی ناوچەکە پانتای جەنگەكه‌ دەبێت. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئێران بە خستنەڕووی سیاسەتی "نە-جەنگ و نە-دانوستاندن" هەم جەنگی دەوێت/پێویستە و هەم دانوستاندنی دەوێت/پێویستە، بەڵام هەردووکیانی بە شێوەیەکی سنووردار دەوێت!

هەرچەندە کۆماری ئیسلامی ئەو ڕاستییەی ڕه‌چاو نه‌كردووه‌ کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی لە هەڕەشە و هێرشە سەربازییەکانی، ئەوە لەوانەیە نەک هیوای دروستبوونی ناکۆکی و کەلێن لە نێوان ئەو دوو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەی هاوپەیمانی ئەمریکا گەورە نابێتەوە، بەڵکوو لەوانەیە هاوپەیمانێتییەکی بەرفراوانتر دروست بێت و ئەو کاتە هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەم لە ئاستی دەرەکیدا گوشار و ئابڵووقەی زیاتر و تەنانەت هێرشی سەربازی ڕەوایەتی وەربگرێت و، ئێران بەتەنیاتر بمێنێتەوە و هەموو کارتەکانی بسووتێت. ئەو کاتە سیاسەتی ترامپ سەرکەوتوو دەبێت و ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە خوازیار و هەڵگیرسێنەری جەنگە، نەک ئەمریکا. بەڵام بەپێچەوانەكه‌یه‌وه‌، پێگە و هێژموونی ئەمریکا لە جیهان و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و ئێران باڵادەست ده‌بێت و ستراتیژیی سەربازی و دیپلۆماسیی مووشەکی و ئەتۆمی، ئێران سەرکەوتوو دەکات! چونکە کۆی ئەم هێرشانە بۆ ئەوەیە کە ئێران پێگەی لە ئاستی ناوخۆیی و پاشان  لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەرز ببێتەوە و بەبێ مەرج دانوستاندن بکرێت.