ڕۆڵی ئافرەت لە بڕیاردانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا

شاگوڵ موسڵح ئەنوەر، بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکان/ زانکوی سەڵاحەددین

پێشەکی

بەشداریی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا بریتییە لەو چالاکییانەی کە ئافرەت ئەنجامیان دەدات لە پیادەکردنی مافە سیاسی و شارستانییەکانی خۆی، وەک: مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنە خۆجێیەکان، بەشداریکردنی لە سەندیکا و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و ئازادیی ڕادەربڕین و یەکسانبوونیان لەگەڵ پیاوان لە بەردەم یاسادا.

بەشداریی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا

ئاشکرایە بنەمای یەکسانی، یەکێکە لە گرنگترین بنەما سەرەکییە دەستوورییەکان کە هەموو ماف و ئازادیە گشتییەکانی لەسەر بەندە، لە نێوانیشیاندا مافی سیاسی؛ بەڵام شتێکی تر لە پێدانی مافی ئافرەت گرنگترە، ئەویش پاراستنی سنوور و کەرامەتی ئافرەتە. بە واتایەکی تر، پاراستنی پێگەی ئافرەت شوێنی باڵاتر و وردتری هەیە لە پێدانی مافەکانی. سەرباری سەرجەم یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتی و ناوخۆیییەکانی تایبەت بە مافەکانی ئافرەت، کەچی هێشتا لە ئەرزی واقعدا ژنان بەدەست جیاکاریی جێندەرییەوە دەناڵێنن. ئەم کێشەیەی ئافرەتان لە بڕیاردانی سیاسی، تەنیا تایبەت نییە بە کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵکوو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیش زۆر جار مافی تەواویان بە ڕەگەزی مێیینە نەبەخشیوە. بۆ نموونە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەتیش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا هەنووكه‌یش سەبارەت بە هەقدەستی کارکردن (wage) لە زۆرێک لە بوارەکاندا، بەتایبەتیش بوارە پیشەیییە تەکنه‌لۆژییەکان، لە نێوان نێر و مێدا جیاوازی هه‌یه‌. زیاد لەمەیش ئەم جیاوازییە لە هزری بیرمەندان و فەیلەسووفانیش ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆ نموونە، جۆن لۆک لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوتی لیبراڵی لە سەدەکانی هەڤدەیەم لە هزری سیاسیدا بەڵێنی یەکسانیی بە ئافرەت دا و باسی پێکەوەژیانی مرۆڤەکانی دەکرد بە هەر دوو ڕەگەزەوە؛ بەڵام هەندێک توێژینەوە دەری دەخەن جۆن لۆکیش تەنیا باسی پیاوی کردووە؛ ناکرێت وەک بیرمەندی یەکسانیی جێندەری و ڕزگاریی ژن سەیر بکرێت. تەنانەت "هۆبز"یش کە بە یەکێکی تر لە بیرمەندانی پەیمانی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت، پلەیەلی زۆر نزمتر بە ئافرەت دەبەخشێت بەرامبەر بە پیاو.

جگە لەمە ئەگەر لەسەر زمانی ئەدەبیاتی جیهان لە گشت بوارەکان، بەتایبەتیش لە بواری سیاسی ورد ببێنەوە، دەبینین کە جۆرە پیاوسالارییەک لەناو ئەدەبیاتەکەدا ڕەنگی داوەتەوە. بێ گومان ئەوەی لە زەینی مرۆڤدا بێت دێتە سەر زمانیش. تا پێش چەند ساڵێک لە زمانی ئینگلیزیدا، بە "گوتەبێژ"یان دەگوت spokesman، بە بازرگانیشیان دەگوت businessman. لەم دوایییانەدا و پاش وەرگرتنی ئەم کار و پۆستانە لە لایەن ژنانەوە، ناچار هەر یەک لەم چەمکانەیان گۆڕی بۆ spokespersons و، businesswomanیشیان زیادکرد. لە زمانی کوردیشدا هەمان دۆخ بەرقەرارە. زۆرن ئەو پەندانەی کە  بەسەر شان و باڵ و دەستڕۆییی پیاواندا گوتراون و جەخت لەسەر باڵادەستبوون و عەقڵانیتربوونی پیاو دەکاتەوە و ئافرەت وەک "زەعیفە" وەسف دەکات. ئەمانە سەر دەکێشێت بۆ ئاستەنگدروستکردن لە بواری بەشداریی سیاسی و بڕیاردانی سیاسیی ئافرەت.

کۆمەڵگەی کوردییش بێبەری نییە لەم جیاکارییەی ژن و پشتگوێخستنی ڕۆڵی ژنان لە کایە سیاسییەکان. هەرچەندە هەندێک لە ژنانی کورد پێگە و ڕۆڵی زۆریان هەبووە، وەک خانزادی میری سۆران، مەستوورەخانی ئەردەلان و چەندانی تر هەن کە ناویان لەنێو کورد بە زیندووێتی ماوەتەوە. لەم دوایییانەیش چەند هەوڵێک دراوە بۆ زیاتر پەڵکێشانی ئافرەت بۆ نێو کایەی دەسەڵات و یەکە کارگێڕی و حکوومییەکان. لە دەستووری عێراقیشدا باس لە پاراستنی مافەکانی ئافرەت دەکات و بەپێی یاسای ژمارە (۲۳) ساڵی (۲۰۰۳) لە هەرێمی کوردستانیش هاتووە کە، "ئەو ئافرەته‌ی مۆڵەتی منداڵبوون یان دایکایەتیی هەبێت، بە درێژاییی ماوەی مۆڵەتەکەی مووچە و دەرماڵەی تەواوی پێ دەدرێت." ئەمە نموونەیەکە لەو دەستکەوتە وەدیهاتووانەی مافی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. ئەگەرچی "عیبرەتی یاسا لە جێبەجێکردنیدایە"، بەڵام بوونی زەمینەی یاسایش بەشێکی گرنگە لە چەسپاندنی مافەکانی ئافرەتان.

لە مێژووی حوکمڕانیی کورددا ژن بە چەند وێستگەیەکی جیاجیا تێ پەڕیوە و بەپێی شوێن و کات لە سیاسەت و  بڕیاردان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژهەڵات، لە هەرێمی کوردستاندا ئافرەتان لە کاروباری سیاسیدا ڕۆڵی کارایان هەیە و بە ئاراستەی پێشکەوتنێکی دیار دەڕوات. لە ئێستایشدا سەرۆکی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان ئافرەتە. لە سیستەمی هەرێمییشدا ڕێژەی بەشداریی ژنان بۆ ٪۳۰ بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگه‌ و ئەنجومەنە خۆجێیەکان دانراوه‌ و، بەڵام وەک ئەوەی ژنان بوونەوه‌رێكی کۆمەڵایه‌تی بن و پەیوەست بن بە کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە و بواری تەندروستییه‌وه‌ و تەنیا بۆ ئەم بوارانە شیاو بن، لە لیژنەکانی پەیوەست بە ئەمن و ئاسایشی نەتەوەیی و دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە جێگه‌یان نەبۆتەوە. تاکوو ئێستایش هیچ ژنێک نەبۆتە سەرۆکی حزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. هەروەها لە هیچ کابینەیەکدا ژن نەبۆتە سەرۆکوەزیران یان جێگری سەرۆکوەزیران؛ لە پاریزگه‌گانیشدا هیچ ژنێک نەکراوە بە پارێزگار و جێگری پارێزگار. بۆ پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێم و جێگرەکەیشی ئەم گوتەیە هەر ڕاستە. پرسێکی گرنگی وەک بەشداری و ڕۆڵی ئافرەت لە کایەی سیاسی بە شێوەیەکی یەکسان شان بە شانی پیاو، تەنیا ئەرکی دەوڵەت و حزبە سیاسییەکان نییە، چونکە ئەو دوانە لە کۆمەڵە کەسێک پێک دێن کە زۆر جار خۆیان باوەڕیان بە وەها دیاردە و پێویستییەک نییە. ئەوەی گرنگە هۆشیارکردنەوەی خودی ئافرەت خۆیەتی لەگەڵ گرووپە جیاوازەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی گوشاری سیاسی دروست بکەن تا  ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان  لە کاروباری سیاسی کەم بکەنەوە. پێشێڵکردنی مافی ئافرەت لە هەرێمی کوردستاندا، جیاوازە لە پێشێڵکردنی مافی ئافرەتی وڵاتانی تر، چونکە ئافرەتی کورد لە لایەک ڕێگەی داب و نەریتەوە مافی پێشێڵ کراوە، لە لایەکی تریشه‌وه‌ وەکوو مرۆڤ مافی پێشێڵ کراوە.

بەگشتی ئاستەنگەکانی بەردەم کاری سیاسیی ئافرەت لە چەند خاڵێکدا کۆ دەبێتەوە لەوانە:

یەکەم: سەروەربوونی ئەو چەمکانەی کە دژی مافی ئافرەتن و ئەو داب و نەریتانەی لە کۆمەڵگه‌دا باون و دژی کاری سیاسیی ئافرەتن. ئەمە جگە لەو بیر و بۆچوونانەی کە لە مێشکی ئافرەتانیان چەسپاندووە لە ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگەدا، کاتێک سیاسەت وەکوو کایەیه‌کی "گڵاو" وێنا دەکەن و باڵادەستیی پیاو دەسەلمێنن. لێرەدا ژنان بە حەزی خۆیان لە کاری سیاسەت دوور دەکەونەوە بۆ ئەوەی گڵاو نەبن. ژنان بێئاگان لەوەی سیستەم لە پێناو قازانجی زیاتردا دەیەوێت ژن وەکوو کاڵایەک بەکار بهێنێت و لە کاری سیاسیدا دووریان بخاتەوە و لەنێو چەند بوارێکی کاڵاییدا نوقمیان بکات، چونکە سیستەم بە ئاگایییەکی تەواو ژنان بەرەو بابەتەکانی وەک فاشن و شاجوان و ڕازاندنەوەی مێزی گفتۆگۆکان دەبات. تەنانەت لە دراماکانیشدا کەسایەتیی ئافرەت ئەوە نییە کە دەیەوێت کەسایەتییەکی بەهێز بێت بەڵکوو زۆرتر وەک کاڵایەکی جەستەیی نمایش دەکرێت.

دووەم: نەبوونی هۆشیاریی پێویست لای ئافرەتان خۆیان سەبارەت بە گرنگیی بەشدارییان لە کاری سیاسیدا و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. ژنان خۆیان لە کاروباری ڕۆشنبیری و سیاسەت دوور ڕادەگرن و زیاتر خۆیان بە میدیا و گۆڤارەکانەوە سەرقاڵ کردووە.

سێیەم : باڵادەستبوونی پیاو و ڕوانگە پیاوسالارییەكه‌ی بەسەر کایە و جومگەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکان و ئابووریی وڵات و قۆرخکردنی پلە و پۆستە باڵاکان لە لایەن پیاوانەوە.

 چوارەم: دابەشکردنی ڕۆڵە تەقلیدییەکان لە نێوان ژن و پیاو لە کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزانییەکاندا، کە هەمیشە ئافرەتان لە پەروەردەکردنی منداڵ و چاودێریی خێزان و بەڕێوەبردنی ماڵدا پشکی شێریان بەردەکەوێت. لەم کۆمەڵگه‌یەدا هەمیشە هەوڵ دراوە پەیوەندیی ئافرەت لەگەڵ چێشتخانەکەی،ی بکەنە پەیوەندیەکی سروشتی؛ ئەم بیرۆکەیەیش لە مێشکی ئافرەتاندا بسەپێنن بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئافرەتان.

پێنجەم: ڕۆڵی نەرێنیی ئامرازەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن؛ بەتایبەتیش ئەو کەناڵانەی لەژێر کاریگەریی بیری نێرسالاریدان ئافرەتیان کردۆتە دیلی ئەو بۆچوونە هەڵانەی کە گوایە لە بەشداریی چالاکییە گشتییەکانی کۆمەڵگەدا کەمتوانان.

شەشەم: کەمیی ئەو ڕێکخراوانەی کە لە بواری کاروباری ژنان و بەرگریکردنی ڕاستەقینەی دۆزی ژنان چالاکن و، سەربەخۆ بن و پاشکەوتەی حزبەکان نەبن؛ ئەو حزبە سیاسییانەی تەنیا بۆ ئارایشی سیاسیی ڕووی حزبەکەیان کەمێک بوار بە ئافرەت دەدەن و لە بنەڕەتدا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە و خاوەن بڕیاری خۆیان نین.

حەوتەم: بڵاوبوونەوەی دوو دیاردەی کوشندە؛ یەکەمیان دیاردەی هەژاری که بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵی ئافرەتان لە بەشداریی ئابووری و سیاسی کەم دەکات. بەتایبەتی جێی دڵخۆشی نییە لە وڵاتێکدا کە ژن خاوەنی بڕیاری ئازادانە نەبێت لە ژیانی خۆیدا و دەوڵەتیش خەمی دابینکردنی بیمەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەبێت، ئافرەتان هەمیشە لە بارگرانیی بەڕێوەبردنی ماڵدا پشکی شێریان بەردەکەوێت. دووەمیش، دیاردەی بازرگانیکردن بە ئافرەتانەوە یاخود ئیستیغلالکردنیان لە لایەن پیاوانه‌وه‌، کە ئەویش هەر بەرهەمی هەژارییە و گەورەترین ئاستەنگی بەردەم گەشەکردنی ئافرەتانن لە گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

هەشتەم: ئەو ڕوانگە خراپەی کە بەرامبەر بە بەشداریی ژن لە کایەی سیاسیدا هەیە، زۆر جاریش ئەو خراپەکاری و ڕێگرییانەی لە ئافرەت دەکرێت، بەرگێکی ئایینییان بەبەردا بڕاوە. هەر ئەوەندە ژنان دەنگ هەڵێنن و داوای چەسپاندنی زیاتری مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بکەن، زۆرێک لە پیاوانی ئایینی و بانگخوازه‌کان ئەم داواکارییانە بە مەترسی بۆ سەر پیرۆزیی پیاو لە قەڵەم دەدەن.

پوختە

ئەوەی لە ئێستادا باڵادەستە، سیاسەتی پیاو یان نێرسالارییە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەگەر بەوردی سەیر بکەین، دەسەڵاتی پیاو گشتگیرترە. دەسەڵاتسەپاندنی  پیاو، کورت نابێتەوە تەنیا لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان، بەڵکوو وەکوو ئاووهەوا چۆتە نێو هەموو کون و قوژبنێکی ژیانەوە. لە بەشداریی سیاسییشدا بە هەمان شێوەیە؛ پلە باڵاکان و بەرزەکان پشکی پیاون. ژنان و ڕێکخراوانی ژنانیش لە خەباتی بەردەوامدان لە پێناو بەرەنگاربوونەوی بارودۆخی باو لە گۆمەڵگەی کوردەواریدا. هەرچەندە بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسییەکانی ئافرەتان هەندێک هەوڵ دراوە، بەڵام کۆششی زیاتری پێویستە لە پێناو ئاییندەیەکی باشتر. چونکە یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک، یەکسانیی ژن و پیاوە لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا.