سەودای سەدە: ئاشتی لە پێناو خۆشگوزەرانی

پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین

پاش چاوەڕوانییەكی زۆر، بە دەستپێشخەریی ئەمریكا لە ڕێكەوتی ٢٥و٢٦-٠٦-٢٠١٩ وۆركشۆپێك لە "مەنامە"ی بەحرێن لەژێر ناونیشانی "ئاشتی لە پێناو خۆشگوزەرانی" (Peace to Prosperity) بەڕێوە چوو. هەرچەندە ئەم وۆركشۆپە زیاتر ڕاوێژكاری و دەربارەی پرسە ئابوورییەكان بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، کاردانەوە و ڕەتكردنەوەی لە لایەن فەڵەستینییەكانەوە بوو. بەم واتایە كە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەمە بچووككردنەوەی پرسەكەیان یاخود بەلاڕێدابردنییەتی و، بۆیە لەم وۆركشۆپەدا بەشدار نەبوون و تەنانەت بە لۆبیگەرییەكی بەرفراوان هەوڵیان دا كە شكست بەم دانیشتنە ئابووری و ڕاوێژكارییە بهێنن. بەڵام لە بەرامبەردا جێراد کۆشنەر لە وۆرکشۆپەکەدا گوتی: "بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، گەلی فەڵەستین لە چوارچێوەیەکی ناچالاک گیری خواردبوو. تێڕوانینی ئێمە کە بریتییە لە ئاشتی بۆ خۆشگوزەرانی، چوارچێوەیەکی  سەردەمانەیە بۆ ئاییندەیەکی ڕووناکتر و باشتر. ئەوە تێڕوانینێکە کە پیشانمان دەدات ئێمە بە ئاشتی دەتوانین چی بکەین. کۆبوونەوە لە دوای کۆبوونەوە و کۆنفرانس لە دوای کۆنفرانس، من گوێم لە هەمان ئەنجامی شکستخواردووی نەرێنی دەبێتەوە سەبارەت بە تۆمارنەکردنی هیچ جۆرە پێشکەوتنێك." لەم نووسینەدا ئەم پرسە بەگشتی و هۆكارەكانی ڕەتكردنەوەی لە لایەن فەڵەستینییەكان و ئامانج و پاشان بەربەستەكانی بەردەم ئەمریكا لە بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ناسراو بە "سەودای سەدە"  دەخەینە ڕوو.

سەودای سەدە

ئەم چەمكەی سەودای سەدە (Deal of the Century) یەكەم جار بۆ ئاماژەدان بە ڕێككەوتنێك بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیلییەكان لە وتەكانی سەرۆككۆماری ئەمریكا، دوایت ئایزەنهاور (١٩٥٣-١٩٦١) لە هەمبەر میسڕییەكان خرایە ڕوو. ئەمەیش پێشنیارێك بوو كە لە لایەن نێردراوی سەرۆككۆماری ئەو کاتەی ئەمریكا خرایە بەردەم میسرییەكان كە لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانی (سیاسی و ئابووری و...)ی ئەمریكا لە میسر، "جەمال عەبدولناسر" ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئەو سەردەمەی ئیسڕائیل، "دەیڤید بێن گۆریۆن" واژوو بكەن. بەڵام میسر ڕازی نەبوو و پاشان ڕووداوەكانی ساڵی ١٩٦٧ و جەنگی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەكان، بووە هۆی ئەوەی كە ئیسڕائیل بتوانێت كەرتی غەززە و بەشی ڕۆژاوای ڕووباری ئوردن و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و بەرزایییەكانی جۆڵان و نیمچەدوورگەی سینا داگیر بكات.

هەرچەندە بڕیاری ژمارە ٢٤٢ی ئەنجومەنی ئاسایش لەم بارەیەوە دەركرا و دانی بە داگیركاریی سەربازیی ئیسڕائیل نەنا، بەڵام ئەم سەركەوتنە سەربازییە، هاوسەنگیی هێزی سیاسیی بەتەواوەتی لە قازانجی ئیسڕائیل لە هەمبەر وڵاتانی عەرەبی گۆڕی و جەنگی ساڵی ١٩٧٣ بووە هۆی ئەوەی كە لە كۆتاییدا میسر و ئیسڕائیل ڕێككەوتنی ئاشتیی نێوانیان لە ڕێككەوتنی "كەمپ دەیڤید" ( Camp David Accords) لە ١٧ی سێپتەمبەری ساڵی ١٩٧٨  لە نێوان "ئەنوەر سادات" و "مناخیم بێگین" واژوو بكەن. پاشان لە ساڵی ١٩٩٣ ئیسڕائیل و فەڵەستینییەكان ڕێككەوتنێكیان بە ناوی "ڕێككەوتنی ئۆسلۆ" (إعلان المبادئ حول ترتیبات الحكم الذاتی الإنتقالی) بە دەستپێشخەری "بیل كلینتۆن" و لە نێوان "یاسر عەرەفات" و "ئیسحاق ڕابین" واژوو كرد. پاشان لە ساڵی ١٩٩٥ ڕێككەوتنی ناسراو بە "ڕێككەوتنی كاتی دەربارەی كەرتی ڕۆژاوا و كەرتی غەززە" یاخود ئۆسلۆی (٢) واژوو كرا. جێگەی ئاماژەیە كە ئیسڕائیل لەگەڵ ئوردن لە ساڵی ١٩٩٤ پەیماننامەی ناسراو بە پەیماننامەی ئاشتیی "وادی عربە"ی واژوو كردووە. ئەم هەوڵانە درێژەی هەبوو و تەنانەت لە ساڵی ٢٠٠٢ سعوودیا دەستپێشخەرییەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل خستنە ڕوو كە كرۆكی ئەو پرۆژەیە ئەوە بوو كە لە بەرامبەر بەفەرمیناسینی ئیسڕائیل، ئەوە دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەكان دروست بكرێت، بەڵام ئیسڕائیل بۆ سنوورەكانی پێش ساڵی ١٩٦٧ بگەڕێتەوە و پایتەختی ئەو دەوڵەتەیش قودسی ڕۆژهەڵات (ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم) بێت و پرسی پەنابەرە فەڵەستینییەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە چارەسەر بكرێت. چەندین هەوڵی تریش لە لایەن سەرۆككۆمارەكانی ئەمریكا لە ئارادا بووە. بەم پێیە دەتوانین بڵێین هەموو سەرۆككۆمارەكانی ئەمریكا هەوڵیان داوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن، بەڵام بە میكانیزم و ڕوانگەی خۆیان. بەڵام دۆناڵد ترامپ هەوڵێکی چڕی بۆ خستنەڕووی سەودای سەدە، بە واتای چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی فەڵەستین و ئیسڕائیل خستۆتە گەڕ.

پرۆژەی "ئاشتی لە پێناو خۆشگوزەرانیدا"[1]

پاش چاوەڕوانی، پێشبینی و مەزندەكردنێكی زۆر هەم لە لایەن فەڵەستینییەكان و هەمیش ئیسڕائیلییەكان، لە كۆتاییدا لە "مەنامە"ی بەحرێن و لە نێوه‌ندی وۆركشۆپێكدا ناوەرۆك و بەشی سەرەكیی "سەودای سەدە"ی دۆناڵد ترامپ لەژێر ناونیشانی "ئاشتی لە پێناو خۆشگوزەرانیدا" خرایە ڕوو. ئەوەی كە جێگەی تێبینی و كاردانەوەی توند و نەرێنیی لایەنەكان بەتایبەتی فەڵەستینییەكان بوو، ئەوە بوو كە بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكان پرس و ڕەهەندی سەرەكیی "سەودای سەدە" خستنەڕووی دەرفەت و بوارەكانی دارایی و ئابووری بوو بۆ فەڵەستینییەكان. بەم واتایە كە لە بری خستنەڕووی پرۆژەیەكی هەمەلایەنەی سیاسی بۆ چارەسەری پرسێكی سیاسی-ئاسایشیی پڕمشتومڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆگرامێكی پەرەپێدان بە مەبەستی گەشەسەندنی ئابووری و داراییی فەڵەستینییەكان پەردەی لەسەر لا درا. هەر بۆیە ناونیشانی لاوەكیی پرۆژەكە "پلانی ئابووری: ڕوانگەیەكی نوێ بۆ گەلی فەڵەستین" دانرابوو. بەپێی ئەم پلانە ئابوورییەیش بە ڕێژەی ٥٠ ملیار دۆلار  و لە ماوەی زەمەنیی ١٠ ساڵ (واتە ساڵانە نزیكەی ١٠ ملیار دۆلاری ئەمریكی) وەبەرهێنان و یارمەتیی دارایی بۆ فەڵەستینییەكان لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمپانیا و كەرتی تایبەت و تەنانەت ئەمریكا و لایەنەكانی تر دابین دەكرێت.

بەپێی پلانەكە گوژمەی ٢٧.٥ ملیار دۆلار لە كەرتی ڕۆژاوا و كەرتی غەززە و، گوژمەی ٩.١ ملیار دۆلار بۆ فەڵەستینییەكانی دانیشتوو یاخود پەنابەر لە میسر و، گوژمەی ٧.٤ ملیار دۆلار بۆ فەڵەستینییەكانی ئوردن و، گوژمەی ٧.٣ ملیار دۆلار بۆ فەڵەستینییەكانی لوبنان تەرخان دەكرێت. هەر لە سەرەتادا  و لە پلانە ٣٨ لاپەڕەیییەكەدا هاتووە كە ئەمەیش وا دەكات كە لە فەڵەستین (كەرتی غەززە و كەرتی ڕۆژاوا) نێونجی داهاتی نیشتمانیی فەڵەستینییەكان (GDP) دووجار بەرز دەبێتەوە ( كە لە ئێستادا بەپێی ئامارەكانی بانكی جیهانی لە سوودانی باشوور و سۆماڵیا بەرزترە و نزیكەی ١٤.٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت) و بە ڕێژەی یەك ملیۆن هەلی كاری نوێ بۆ فەڵەستینییەكان دەڕەخسێنێت (بەپێی ئامارەكان لە كۆی ٤.٥ ملیۆن دانیشتووی كەرتی ڕۆژاوا و كەرتی غەززە[2] نزیكەی ١.٣ ملیۆن كەس هێزی كارن و لەم ڕێژەیەیش كەرتی غەززە كە بە ١.٧ ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت،٨٢٠ هەزار هێزی كاری هەیە كە زیاتر لە ٪٥٠ لەو هێزە كارە، بێكارن). هەرچەندە وەزیری دارایی (گەنجینە)ی ئەمریكا بەرپرسی سەرەكیی ئەم پرۆژەیەیە، بەڵام زاوای دۆناڵد ترامپ، "جێراد كۆشنەر" (Jared Kushner) كە هاوكات ڕاوێژكاری سەرۆككۆمارە، بە داهێنەری ئەم پرۆژەیە دادەندرێت.

ئەم پرۆژەیە بۆ سەر سێ بەشی سەرەكیی (١- پۆتانسیەلی ئابووری ٢- تواناداركردنی فەڵەستینییەكان ٣- بەره‌وپێشەوەبردنی حوكمڕانیی فەڵەستین) دابەش دەبێت و بە شێوەیەكی گشتی لە هەر سێ بەشەكەدا نزیكەی ٥٠ بابەت و لق لە چوارچێوەی ١٧٠ پرۆژە بۆ چاكسازی لە حوكمڕانی و بنیاتنانی ژێرخانەكانی هەر دوو بەشی كەرتی ڕۆژاوا و كەرتی غەززە وەكوو مافی خاوەندارێتی و هێڵی شەمەندەفەر و ڕێگه‌وبان و پرسی بازرگانیی بچووك و مامناوەندی و... لەم سێ بەشە سەرەكییەدا خراوەتە ڕوو. تەنانەت هەر بەشەو ڕێژەیەكی یەكسانی لە پرۆژەكەدا بۆ دانراوە و ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت كە هەر سێ بەشەكە گرنگیی یەكسان و هاوسەنگیان هەبێت. هەروەها ئەم پرۆژەیە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی فەڵەستینییەكان دەبەستێتەوە بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئەو كەرت و بوارە ئابووری و دارایییانەی كە دەستنیشان كراون، وەكوو كشتوكاڵ و شوێنی نیشتەجێبوون و كەرتی گەشتیاری و سەرچاوە سروشتییەكان و كانزاكان و بازرگانی و تەكنەلۆژیی زانیاری و تواناداركردنی ژنان و پەروەردە و تەندروستی...؛ هەروەها ئەم پرۆژەیە هاوكاری و تێكەڵاویی فەڵەستینییەكان بە وڵاتانی ناوچەكە هەم بۆ ئاشتی و ئاسایشی فەڵەستینییەكان بەپێویست دەزانێت و هەم بۆ ڕەخساندنی هەلی ئابووریی نوێ بە مەبەستی بەردەوامبوونی گەشەسەندن و پەرەپێدانی زیاتری ژیانی خودی فەڵەستینییەكان. تەنانەت مۆدێلی دۆبەی و سەنگاپوور وەكوو نموونە دەهێندرێتەوە كە فەڵەستین بە هۆی پێگە ستراتیژییەكه‌ی لە ناوچەكەدا دەتوانێت شوێنپێی ئەوان هەڵبگرێت. بێ گومان ئەوەیش نایەتە دی، بێجگە لە ڕێگەی بەستنەوەی كەرتی ڕۆژاوا و كەرتی غەززە لە ڕێگەی هێڵی شەمەندەفەر و فڕۆكەخانە و بەندەری كەشتیوانی و گواستنەوە و ڕێگه‌وبانی نوێ بە وڵاتانی ناوچەكەوە. هەرچەندە پێشووتریش فەڵەستینییەكان لە ١٠ ساڵ (نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تاوەكوو ٢٠١٦) نزیكەی ٢.٢ ملیار دۆلاریان وەكوو یارمەتی لە ئەمریكا و لە نێوان ساڵانی (٢٠١٢ تاوەكوو ٢٠١٦) بەگشتی نزیكەی ٤ ملیار دۆلار یارمەتییان وەرگرتووە. کەواته‌، فەڵەستینییەکان تا ئێستا کێشەیەکی ئەوتۆیان لەم بارەیەوە نەبووە و بۆیەیشە خاڵی لاوازی ئەم گەڵاڵەیە هەر لێرەدایە. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەمریکا هەڕه‌شەی بڕینی ئەو یارمەتییانە و سنووردارکردنی کردووە؛ مەگەر ئەوەی کە گوشار بخاتە سەر وڵاتانی عەرەبییش بۆ سنووردارکردنی یارمەتییە ئابووری و دارایییەکانیان بە فەڵەستینییەکان، لە ئەگەری ڕازینەبوونیان بە دەستپێشخەرییەکانی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیل.

دەرفەت و بەربەستەكان

ڕاستییەکەی ئەوەیە گەورەترین دەرفەتی جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە، بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەم واتایە کە مەترسییەکانی ئێران و نزیکبوونەوەی وڵاتە عەرەبییەکان لە ئیسڕائیل و پشتیوانیی ئەمریکا لەم هاوکاری و نزیکبوونەوەیە دەرفەت و ئەگەری جێبەجێکردنی سەودای سەدە بەرزتر دەکاتەوە. بۆیە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ کە ئەم گەڵاڵەیە و بەم پێیەیش "سەودای سەدە"ی ئیدارەی "دۆناڵد ترامپ" شکست بێنێت. چونکە لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە، ئەو کاتە ئێران گەورەترین پاساو و فاکتەری ڕەوایەتیی ئایدیۆلۆژی و ناوخۆیی و، هەروەها ئامرازی دەرەکیی خۆی کە بریتییە لە پاڵپشتی لە فەڵەستینییەکان و لەناوبردنی ئیسڕائیل بە ڕێبەرایەتی و نوێنەرایەتیی جیهانی ئیسلام، لەدەست دەدات. هەر بۆیەیشە ترامپ دەیه‌وێ وەکوو بەشێک لە ستراتیژییە ناوچەیییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەمارۆدان و ئابڵووقەخستنە سەر کۆماری ئیسلامی، پرسی فەڵەستین و ئیسڕائیل چارەسەر بکات و لەم ڕێگەیەوە هەم دەرفەتی لەبار لە پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی ڕەخساوە و هەم کۆماری ئیسلامی بەتەواوی گۆشەگیر و سنووردار دەکرێت. لە لایەکی تریشەوە "دۆناڵد ترامپ" لە ئاستی ناوخۆییی ئەمریکا بۆ کەسایەتی و پێگەی خۆی وەکوو گەورەترین دەسکەوت لە مێژووی سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا (لانی کەم لە پاش دروستبوونی ئیسڕائیل) پێناسەی دەکات و، لە لایەکی تریشەوە پاڵپشتیی تەواوی لۆبیی جوولەکە و پارێزگارەکان و بڕوادارە کریستیانەکان و بەگشتی ڕای گشتی لە ئەمریکا دەستەبەر دەکات. تەنانەت لەم ڕێگەیەوە هەستیارترین و نزیکترین و بەهێزترین هاوپەیمانیی مێژووییی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەتوانێت بە وەرگرتنی ڕه‌وایەتی (پاش بەفەرمیناسین و دانپێدانانی وڵاتانی ناوچەکە) ڕۆڵێکی یەکجار مەزن لە هاوکێشە جیۆسیاسی و ئاسایشییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینێت و بگێڕێت و، لە لایەکی تریشەوە ئاشتی و ئاسایش لە بەشێکی گرنگی ناوچەکە بەرقەرار بێت.

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، دەگوترێت ئەمە هەنگاو و قۆناغی یەکەمی سەودای سەدەیە و ئەگەر فەڵەستینییەکان بەم گەڵاڵەیەی "ئاشتی لە پێناو خۆشگوزەرانیدا" ڕازی بن، لە هەنگاو و قۆناغی دووەمدا ئەوە لە ڕێگەی خۆشکردنی ژیان و بنیاتنانی ژێرخانی وڵاتەکەیان، ڕەزامەند دەبن بە دروستکردنی دەوڵەتیک کە لە هەر دوو کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا پێک دێت. بەڵام نەک بەپێی داواکاریی لەمێژینەی فەڵەستینییەکان، بەڵکوو بۆ نموونە بە بەستنەوەی کەرتی ڕۆژاوا بە کەرتی غەززە لە ڕێگەی تونێلێکی ژێرزەوییەوە و، هەروەها پرسی پەنابەران لەو دەوڵەتانەی کە بەشێک لەو پارەیەیان بۆ تەرخان کراوە چارەسەر دەبێت. هەروەها پرسی پایتەختی فەڵەستینیش بەم شێوەیە چارەسەر دەبێت کە شاری ئەبودیس Abu Dis)) ببێتە پایتەختی فەڵەستین. جگە لەمەیش بە هۆی ئەوەی کە لە بەشێک لە کەرتی ڕۆژاوا و ئۆرشەلیم نزیکەی ٦٠٠ هەزار دانیشتووی نوێی ئیسڕائیلی لە نزیکەی ٢٠٠ شارۆچکەی دروستکراودا لە زەویی فەڵەستینییەکاندا دەژین، بۆیە ئیسڕائیل ڕازی دەبێت بە دروستکردنی دەوڵەتەکە؛ بەو مەرجەی فەڵەستینییەکان لە بەرامبەر دەوڵەتدا چاوپۆشی لەو ناوچانە بکەن و، هەروەها چەند گەڕەکێک لە ئۆرشەلیم وەکوو "بیت حنینا"، "شعفاط"، "کفر عقب" و "راس خمیس" دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان. جێگەی ئاماژەیە کە باس لە چەندنی پلان دەکرێت کە لە بیابانی سینا شوێن بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان دروست بکرێت، بەڵام هیچ لایەنێک ئەوەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین یەکەمین بەربەستی جێبەجیکردنی ئەم پرۆژەیە خودی فەڵەستینییەکانن. بەم واتایە کە پێش بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپەکە چەندین هەوڵیان دا کە دەوڵەتانی عەرەبی ئەم گەڵالە و پرۆژەیە بایکۆت بکەن. چونکە پێیان وایە ئەمە گەورەترین فێل و گزییە کە لێیان دەکرێت و لەم ڕێگەیەوە ئەمریکا دەیه‌وێت پرسە سەرەکییەکەیان کە پرسێکی نەتەوەیی و تەنانەت ئایینی و بەگشتی سیاسییە و لانی کەم بریتییە لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینی فەرامۆش و پشتگوێ بخات و بە چەند پرۆژەیەکی ئابووری، سەودایان لەگەڵ بکات. واتا، فەڵەستین بفرۆشن و دەوڵەت لەگەڵ دراو بگۆڕنەوە. هەر بۆیە لە کاردانەوەیەکدا مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین ڕای گەیاند: "پێم وا نییە کۆنفرانسی مەنامە هیچ ئەنجامێکی هەبێت، چونکە لەسەر بنچینەیەکی هەڵە بنیات نراوە؛ هەر شتێکیش لەسەر هەڵە بنیات بنرێت، ئەنجامەکەیشی هەڵە دەبێت. کۆبوونەوەی مەنامە دەیەوێت کێشەکە چارەسەر بکات؛ کامە کێشە، کێشەی ئابووری؟ بەڵام هیچ کێشەیەکی ئابووری نییە، بەڵکوو کێشەکە سیاسییە. کێشەی ئابووری لەگەڵ کێ چارەسەر دەکات؟ وەک نموونە کاتێک ئەوان دەڵێن گوژمێک پارە دەدەین بە فەڵەستینییەکان، کامە فەڵەستینی؟ نابێت سەرەتا ئەوان (فەلەستینییەکان) قەوارەیەک و دەوڵەتێکیان هەبێت؟ بۆیە پێویستە سەرەتا دان بە دەوڵەتەکەیاندا بنێن، دواتر بڵێن ئەم دەوڵەتە ئەوەی پێویستە". هەروەها سائیب عەریقات، سکرتێری لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەڵەستین (فه‌تح) لە کاردانەوەیەکدا ڕای گەیاند: "گەڵاڵەی ڕاوێژکاریی کۆشکی سپی، گەلی فەڵەستین لەناو دەبات و بە قازانجی ئەوان نییە. پۆتانسیەل و پەرەسەندنی ئابووریی تەواو، دەکرێت لەگەڵ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری دەستەبەر بکرێت."

هەروەها ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە گوتی: "لە سەرزەمینی غەززەوە پەیامم ئاراستەی ئەوانە دەکەم کە ئێستا لە مەنامە کۆ بوونەتەوە. کۆنفرانسەکەتان خەون و خەیاڵە و لەسەر خۆڕاگریی سەرسەختی ئەم گەلە لەناو دەچێت؛ لەسەر تاشەبەردی هۆشیاریی ئەم گەلە و تاشەبەردی ئیرادەی ئەم جەماوەرە لەناو دەچێت." لە لایەکی تریشەوە، "مووسا ئەبو مەرزووق"، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی توندڕەوی حەماسیش لە وه‌ڵامی گوتەکانی وەزیری دەرەوەی بەحرێن دەربارەی ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دانپێدانان بە ئیسڕائیل گوتی: "ئامانج لە وۆرکشۆپی بەحرێن، لەناوبردنی مافی فەڵەستینییەکان و ئاساییکردنەوەی ئامادەبوونی داگیرکارانە لە ناوچەکەدا." هەروەها خالید ئەلبەتش (خالد البطش)، لە بزووتنەوەی توندڕەوی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین وۆرکشۆپی مەنامەی ڕەت کردەوە و پێداگریی لەسەر بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی گەلی فەڵەستینی کردەوە. تەنانەت بێجگە لە ناڕەزایەتیدەڕبرین و خۆپیشاندانی فەڵەستینییەکان، ژمارەیەك خۆپیشاندەر ڕۆژی ٢٧-٦-٢٠١٩ لە بەغدا هەڵیان كوتایە سەر باڵیۆزخانەی بەحرێن و ئاڵای ئەو وڵاتەیان داگرت و ئاڵای عێراق و فەڵەستینیان لە باڵیۆزخانەكە هەڵكرد.

کۆبەند

گرنگترین و گەورەترین دەرفەتی ئەم گەڵاڵەیەی "ئاشتی لە پێناو خۆشگوزەرانیدا"ی پێشنیارکراوەی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنی "سەودای سەدە" و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستین، بارودۆخی ناوچەکە و دروستبوونی بەرەیەکی نافەرمییه‌ لە نێوان وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر ئێران و هاوپەیمانەکانیدا. لە لایەکی تریشەوە دەتوانین بڵێین خاڵی لاوازی گەڵاڵەکە، كه‌ هەڵقووڵاوی کەسایەتی و ڕوانگەی تایبەت و بازرگانانە و ئابووریتەوەری "دۆناڵد ترامپ"ە" ئەوەیە کە، لە بری پێشنیارکردنی مۆدێلێکی سیاسیی دیاریکراو و ڕوون، سەرەتا چارەسەری ئابووری و داراییی بۆ هاتنەدیی ئاشتی و ئاسایش خستۆتە ڕوو و ئەمەیش گومانەکانی فەڵەستینییەکانی لە هەمبەر ئامانجەکانی دۆناڵد ترامپ بەرز کردۆتەوە. بەم واتایە کە ڕێبەرانی فەڵەستینی ئەمە بە ئاڵوگۆڕ یاخود فرۆشتن و فەرامۆشکردنی گەڵاڵەی "دوو نەتەوە و دوو دەوڵەت" لە بەرامبەر پێدانی ٥٠ ملیار دۆلار دەزانن. بۆیە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕوانگەی تایبەتی ئابووریی ترامپ بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشەکان، بەسەر ئەو گەڵاڵەیەدا زاڵە. بەڵام مەزندە دەکرێت لە داهاتوودا ئەگەر ئەم گەڵاڵەیە سەر بکەوێت، ئیسڕائیلیش لە بەرامبەر هەندێ پاشەکشەی فەڵەستینییەکان لە داواکارییەکانیانی ئێستایان (کە جێگەی سەودا بێت) دەربارەی چەند پرس و ناوچەیەک، بە ڕێگەچارەی "دوو دەوڵەت" ڕازی بێت.

هەروەها بێجگە لە ڕای گشتیی وڵاتانی عەرەبی و بەشێکی زۆر لە فەڵەستینییەکان، لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی هاوپەیمانە توندڕەوەکانی وەکوو حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، بەربەستی سەرەکیی سەرکەوتنی گەڵاڵەی ئاشتی لە پێناو خۆشگوزەرانین. هەرچەندە ترامپ هیچ بەڵێنیکی نە بە فەڵەستینییەکان و نە بە ئیسڕائیلییەکان نەداوە و تەنانەت ڕای گەیاندووە کە خۆتان بە هەر شێوەیەک ڕێک بکەون، ئەوە من ڕازی دەبم و پشتیوانیتان دەکەم. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم گەڵاڵەیە لە لایەک نیگەرانیی لە وڵاتانی عەرەبی دروست کردووە کە سەودای سەدە بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستینییەکان لە ڕێگەی گوشاری ترامپ ببێتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە وڵاتەکانیان و، لە لایەکی تریشەوە بە هۆی مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران، ناچارن کە بۆ داواکاری و ویستەکانی ترامپ ملکەچ بن. جێگەی ئاماژەیە ترامپ بە بەفەرمیناسینی خاوەندارێتیی ئیسڕائیل لەسەر بەرزایییەکانی جۆڵان و، هەروەها گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بۆ ئۆرشەلیم و بەفەرمیناسینی ئۆرشەلیم وەکوو پایتەختی ئیسڕائیل، بووە هۆی نیگەرانیی وڵاتە عەرەبییەکان. لە کاتێکدا بەشێکی زۆری تێچووی ئەو گەڵاڵەیە، دەکەوێتە ئەستۆی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو. جگە لەمانەیش وۆرکشۆپی مەنامە زیاتر ڕاوێژکاری بوو و بۆ جێبەجێکردنی، پێویستیی بە وردکردنەوەی زیاتر و، هەروەها زاڵبوون بەسەر بەربەستە سیاسییەکان و بەتایبەتی وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەڵەستینییەکان و وڵاتانی عەرەبی پێکەوە لە پاڵ ئیسڕائیل (کە وێدەچێت ڕازی بێت!) هەیە.

 

[1] - بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر پرۆژەکە و دابەزاندنی بە هەر دوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی، بڕوانە:

https://www.whitehouse.gov/wp-content/uploads/2019/06/MEP-narrative-document_FINAL.pdf

[2] - کەرتی غەززە ڕووبەرێكی داخراوە كە تەنیا ٣٦٠ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە (٤١ کیلۆمەتر درێژایی و لە نێوان ٦ بۆ ١٢ کیلۆمەتەر پانایی) و بەتەواوی دابڕاوە لە فەڵەستین و تاوەکوو ساڵی ٢٠٠٥ لەژێر کۆنترۆڵی ئیسڕائیلدا بوو. لە باكوورەوە هاوسنووری شاری ئەشكەلونە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە هاوسنووری شاری "بئیر سبع"ی ئیسڕائیلە و، لە باشووریشەوە سنوورێكی كەمی لەگەڵ شارۆچكەی "ڕەفەح"ی میسردا هەیە.