ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

ململانێکانی ئێران-ئەمریکا و سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

بەرایی

پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ٨/ئایار/٢٠١٨ ململانێکانی نێوان هەر دوو وڵات، پێی نایە قۆناغێکی نوێ. سەرەتا هێرشێکی گەورەی ڕاگەیاندن و جەنگی دەروونی لە نێوان هەر دوو وڵات دەستی پێ کرد کە پاشان بە ئەنجامدانی چوار هێرش لە ناوەڕاستی مانگی ئایار بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات، هێرش بۆ سەر دوو وێستگەی نەوت لە سعوودیا، ئاراستەکردنی مووشک بۆ باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەئامانجکردنی فڕۆکەخانەی ئەبها لە سعوودیا، هێرش بۆ سەر دوو نەوتهەڵگر لە کەنداوی عومان و دواجار خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە ئاوەکانی کەنداو، بوونە هۆی ئەوەی کە قەیرانەکە زیاتر قووڵ ببێتەوە. گوشاری سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وای کرد، کە ئێران هەوڵ بدات ڕێسای یارییەکە بگۆڕێت و هەوڵ بدات لە ستراتیژی چاوەڕوانییەوە بۆ ستراتیژی هەڵکشانی هەنگاو بە هەنگاو بڕوات، بۆ ئەوەی ئەمریکا ناچار بکات لە گوشارەکانی پاشگەز ببێتەوە.

لە بەرامبەر ئەمەیشدا، ئەمریکا بە ناردنی کەشتییە جەنگییەکانی خۆی بۆ ئاوەکانی کەنداو ئامادەییی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کردووە، کە لە دوای جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی ٢٠٠٣ تاکوو ئێستا بێوێنە بووە. هەروا  لە هەنگاوێکی تردا، ئەمریکا سزاکانی لەسەر ئێران قورستر کرد، کە لە دوا هەنگاودا سزاکان "ڕێبەری کۆماری ئیسلامی"یشی گرتەوە و پێدەچێ لە داهاتوودا قۆناغی دیکەیشی بەدوادا بێت. لە دۆخێکی ئاڵۆز و قەیراناویی لەم جۆرەدا، ئەوەی کە بیر و زەینی چاودێران و شارەزایانی بەخۆیەوە خەریک کردووە ئەوەیە، ئایا دۆخەکە بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات؟ ئێران و ئەمریکا ئامانج و مەبەستی کۆتایییان چییە؟ لێرەدا، هەوڵ دەدەین سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ ئاکامی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بخەینە ڕوو و لێکدانەوەی بۆ بکەین.

سیناریۆی یەکەم: بەردەوامیی گرژییەکان

لەم سیناریۆیەدا، بەو جۆرەی کە گرووپی ئوروئاسیا پێشبینیی کردووە، وا چاوەڕوان دەکرێ کە هەر دوو لایەنی کێشەکە لە جەنگی ڕاگەیاندن دژ بە یەکتر بەردەوام بن و هەر لایەنێک لە دەهۆڵی جەنگ دەدات بەبێ ئەوەی نیازی جەنگی هەبێت. هەر دوو لایەن، گرژیی هاوسەنگ بە حیسابات و لێکدانەوەی ورد پەیڕەو دەکەن و لەوانەیە ئەم سیناریۆیە هەتا کۆتاییی ئەمساڵ بڕ بکات. واشنگتۆن هەوڵی چەسپاندنی سزای زیاتر دەدات، بەتایبەت لە کەرتە نانەوتییەکان و لە بەرامبەریشدا تاران پاڵپشتیی بریکارەکانی خۆی دەکات بۆ جێبەجێکردنی هەندێ هێرش بۆ سەر ژێرخانی نەوتیی وڵاتانی کەنداو بە مەبەستی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. خاڵی جێی سەرنج لەم سیناریۆیە لەوانەیە ئەوە بێت، کە ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بکات کە هەروەک بینیمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەو وڵاتە ڕای گەیاند کە ڕێژەی پیتاندنی بەرز کردووەتەوە.

سیناریۆی دووەم: پێکدادانی سەربازی

لەم بارەیەوە ئیدارەی ئەمریکی بۆ سەر دوو گرووپ دابەش بووە: گرووپی یەکەم کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، جۆن بۆڵتۆن سەرۆکایەتیی دەکات، خوازیاری هێرشی سەربازییە بۆ سەر ئێران و گوشارخستنە سەر ئێران بە مەبەستی ڕووخانی ئەو ڕژێمە؛ هەر بۆیە هەوڵی ئەوە دەدەن تاران بەرەو ئاراستەیەک ببەن کە کاردانەوەی سەربازیی ئەمریکای لێ بکەوێتەوە. ئاراستەی دووەم کە لە لایەن مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرێت جەخت لەسەر گفتوگۆ دەکەنەوە. سەرۆکی ئەمریکی، دۆناڵد ترامپ، لە نێوان ئەم دوو ئاراستەیە لە هاتوچۆدایە، هەر بۆیە هەندێ جار باس لە گفتوگۆ و هەندێ جاریش باس لە جەنگ دەکات. لە ئێرانیش هەروا دوو قوتابخانە هەیە: قوتابخانەی هەڵۆکان کە خوازیاری گرژکردنەوەی دۆخەکە و کشانەوەی ئێرانن لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ و پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی ساڵی ١٩٦٨؛ لە بەرامبەریشدا قوتابخانەی میانڕەوەکان هەیە کە خوازیاری گفتوگۆن لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی دۆسیە جۆراجۆرەکان.

دەربارەی پێکدادانی سەربازییش دوو ئەگەر پێشبینی دەکرێت: ئەگەری یەکەم، پێکدادانی سەربازیی بەربڵاوە کە ئەمە ئەگەری کەمترە و لە پێشبینییەکانی گرووپی ئوروئاسیا بە ڕێژەی ٩% چاوەڕوانکراوە. لەم ئەگەرەدا هێرشی ئاسمانی و دەریایی، نەک وشکانی پێشبینی دەکرێت کە بریتییە لە داخستنی گەرووی هورمز و لێدانی بەربڵاوی دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانی ئێران و باڵەکانی ئێران لە ناوچەکە و بەهێزکردنی ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداو. لە بەرامبەریشدا، چاوەڕوان دەکرێ ئێرانیش هێرش بکاتە سەر پێگە و دامەزراوە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە و ژێرخانی نەوتیی وڵاتانی کەنداو و هەناردەکردنی نەوت. لەم حاڵەتەدا، وا چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

ئەگەری دووەم، بریتییە لە پێکدادانی سنووردار کە گرووپی ئوروئاسیا هەتا ڕێژەی ٢١% ئەم ئەگەرە پێشبینی دەکات. لەم حاڵەتەدا، وا چاوەڕوان دەکرێت واشنگتۆن هێرشی ئەلیکترۆنی بکاتە سەر دامەزراوە سەربازی و شارستانییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی نهێنی دژ بە سوپای پاسداران پەیڕەو بکات و هەروا گوشار و سزاکان دژ بە هێزی نەرمی کۆماری ئیسلامی زیاتر بکات. لە بەرامبەریشدا، ئێران هەوڵی لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدات لە وڵاتانی ناوچەکە، وەک عێراق و سووریا و هتد. ئەم سیناریۆیە پێناچێت زۆر درێژە بکێشێت، چونکە نیشانەی ئەوەیە هەر دوو لا نیازی جەنگی درێژخایەن و بەربڵاویان نییە؛ هەر بۆیە هەر دوو وڵات هەوڵی خاوکردنەوەی گرژییەکان و پەنابردنە بەر گفتوگۆ دەدەن. لەم سیناریۆیەیش ئەگەری هەڵکشانی نرخی نەوت هەیە، بەڵام پێناچێت بە ئەندازەی سیناریۆی یەکەم بێت.

سیناریۆی سێیەم: گفتوگۆ

بەپێی پێشبینیی گرووپی ئوروئاسیا ئەگەری گفتوگۆ لە نێوان هەر دوو وڵات (٢٠%)ە، کە ئەمەیش بە ئەگەرێکی لاواز دادەنرێت؛ بەڵام بەو حاڵەیش مەحاڵ نییە و ناکرێ لەبەرچاوی نەگرێت و بەتەواوی پشتگوێی بخەیت. گفتوگۆکان لەوانەیە جەختکردنەوە بێت لەسەر بەردانی گیراوەکانی هەر دوو لا و، سەبارەت بە ئێران لەوانەیە ببێتە هۆی خاوبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان و سووککردنی سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمریکا و بەهێزکردنی متمانەی ناوخۆیی. هەروا سەبارەت بە ئەمریکایش، لەوانەیە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنێک بێت بۆ ترامپ و کەمکردنەوەی قەیران و ئاڵۆزییەکانی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، کە لەوانەیە پرۆسەی گفتوگۆ هەموارکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ و کورتکردنەوەی دەستوەردانە هەرێمییەکانی ئێرانی بەدواوە بێت، کە دواجار ئەمەیش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ دۆناڵد ترامپ لە قەڵەم دەدرێت.

سەبارەت بە ئێران، ئەگەری گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ ئەو کاتە پشتی پێ دەبەسترێت کە پاش چاوەڕوانییەکی زۆر گەنجینەی داراییی دەوڵەتی ئێران لەکورتیی دابێت و، ئومێدەکانی ئێران بۆ سەرنەکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و گۆڕینی سەرۆککۆمار و پاڵپشتیکردنی ئەوروپا لە هەوڵەکانی ئێران شکستیان هێنابێت و لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، ئێران بەناچاری مل بۆ گفتوگۆ دەدات.

هەروا سەبارەت بە ئەمریکایش، دۆسیەی ئێران تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ شکست یان سەرکەوتنی ترامپ لەسەر ئاستی جیهان. هەر بۆیە، ئەگەر ستراتیژی گوشار و سزاکان لەسەر ئێران کاریگەرییەکی کەمیان هەبێت، بە سەرنجدان لەو ڕەخنانەی کە لە ناوخۆی ئەمریکا لە ترامپ دەگیرێت لەسەر شکستهێنانی لە دۆسیەی ڤێنزوێلا و کۆریای باکوور، بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر ڕەخنەی زیاتر، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ترامپ هەوڵ بدات بەر لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ دۆسیەی ئێران یەکلایی بکاتەوە، کە ئەمەیش بژاردەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەهێزتر دەکات. 

سیناریۆی چوارەم: بەردەوامیی سزاکان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی

یەکێک لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان ئەوەیە، کە پاش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، سزاکان قۆناغ بە قۆناغ لەسەر ئێران زیاتر بکرێن و بەم جۆرە ئەوپەڕی گوشار بخرێتە سەر ئێران. ئەم گوشارانە بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی، بە جۆرێک کە لە چل ساڵی ڕابردوو بێوێنە بووە. هەروا ستراتیژی ئەمریکا بۆ سفرکردنی هەناردەی نەوتی ئێران وا دەکات، توانای خۆڕاگریی ئێران لاواز ببێت و لە کۆتاییدا سزاکان لە ماوەیەکی زەمەنیی ٣-٥ ساڵە ئێران لە ناوەوە تووشی داڕووخان بکات. بەردەوامیی ئەم دۆخە و زیاترکردنی سزا قۆناغبەندیکراوەکان کۆماری ئیسلامی دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورە و، وا دەکات کە دەوڵەت نەتوانێ ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە هاووڵاتیان جێبەجێ بکات، لە ئاکامدا دۆخی ژیانی خەڵک تووشی ئاستەنگی جددی دەبێت؛ ئەمەیش دەتوانێ وەک جەنگی نەرمی ئەمریکا دژ بە ئێران بە پاڵپشتیی گرووپە سیاسی و نەتەوەیییەکان، حکوومەتی ئێران بەرەوڕووی ڕاپەڕینی جەماوەری بکاتەوە و حکوومەت بەرەو ڕووخان ببات.

هەر بۆیە لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی دەیەوێت کاریگەریی گوشارەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە، ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی گوشار لەسەر وڵاتانی ئەوروپیی ئەندام لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥، وەک بریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، کە ئەم هەنگاوەیش بەکردەوە بووە هۆی ئەوەی کە دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بە هەڵسوکەتەکانی ئەمریکا لە چەندین پایتەختی ئەوروپی بەرز ببێتەوە و ڕەخنەیان لە هەنگاوەکانی ئەمریکا گرت. پەیامی ئەرووپییەکان بۆ ئەمریکا ئەوە بوو کە بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر ئێران باجی بەدواوەیە، وەک: بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخی نەوت و ناسەقامگیری و تێکچوونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر لەم ڕوانگەیەوە، ئێران دەیەوێت بە چالاککردنی میکانیزمی داراییی "ئینستکس" بەرگەی گوشارەکانی ئەمریکا بگرێت و لانی کەم ناکۆکی لە نێوان لایەنە ڕۆژاوایییەکان دروست بکات. سیناریۆی گوشار و سزای زیاتر و گۆشەگیرکردنی ئێران، دەتوانێ سیناریۆی جێگرەوەی گفتوگۆ بێت لە نێوان ئێران و ئەمریکا.

سیناریۆی پێنجەم: بەردەوامیی سزاکان و گرێدانی ڕێککەوتنێکی نوێ

مەرج نییە بەردەوامیی سزا و گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەمیشە بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێمی ئەو وڵاتە بێت، بەڵکوو لەوانەیە ئەم سزایانە بەرەو ئەو ئامانجە ئاراستە بکرێت، کە حکوومەتی ئێران ناچار بکات بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەسندکردنی ئەو ١٢ داواکارییەی کە ساڵێک لەمەو بەر مایک پۆمپیۆ خستییە ڕوو و، لە ئەنجامدا ببێتە هۆی ئەوەی ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەر دوو وڵات گرێ بدرێت، بەو مەرج و چوارچێوانەی کە ئەمریکا دەیەوێت؛ هەروەک چۆن ترامپ هەر لە سەرەتاوە جەختی  لەسەر "ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ و باشتر" کردووەتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا سروشتی ڕێککەوتن وایە کە هەر دوو لا لەسەر  هەندێک لە داواکارییەکانی خۆیان سازش دەکەن و دەرفەت بۆ ڕێککەوتن دەڕەخسێنن. بەڵام نابێ ئەو ڕاستییە لەیاد بکەین، کە سروشتی دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێکە کە ئامادەن لە بەرامبەر هەموو گوشارەکاندا خۆڕاگری بکەن، بەڵام ملکەچی داخوازییەکانی لایەنی بەرامبەر نەبن، تەنانەت ئەگەر ئەم خۆڕاگرییە بە نرخی کاوڵبوونی وڵاتەکەیشیان بێت، کە دەتوانین ڕژێمی بەعس لە عێراق و سووریا وەک نموونە بخەینە ڕوو.

سیناریۆی شەشەم: چاوەڕوانی

هەر لە سەرەتای گرژییەکان و ململانێی نێوان ئێران-ئەمریکا سەرەڕای چەسپاندنی چەندین قۆناغی سزای نەوتی و نانەوتی دژ بە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، ئێران بە هۆشیارییەوە ستراتیژی چاوەڕوانیی گرتۆتە بەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکان و هەڵمژین و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان هەتا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠، بەو ئومێدەی کە ترامپ جارێکی تر نەتوانێ کلیلی کۆشکی سپی وەربگرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئێران گرەوی لەسەر یارمەتیی ئەوروپییەکان و لێبووردنی نەوتی ئەمریکا بۆ ژمارەیەک لە وڵاتان کردووە، کە ڕێگەیان پێ بدرێت نەوتی ئێران بکڕن. ئێران لەم بارەیەوە زۆر باش دەزانێت کات لە قازانجی نییە، هەر بۆیە بە شێوەیەکی پاسیڤ چاوەڕوانی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە کەمترین ئازار و زیان دەکات. هەروا لەو هەنگاوانەی کە بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا پەیڕەویی لێ دەکات، زۆر بەوریایییەوە مامەڵە دەکات. پێدەچێ لەم سیناریۆیەدا، ئێران وەبەرهێنانی لەسەر چەند ستراتیژێک کردبێت، لەوانەیش ئەو گریمانەیەی کە دەڵێت ترامپ بەر لە هەڵبژاردنەکان جەنگێکی نوێ هەڵناگیرسێنێت کە گیانی هەزاران سەربازی ئەمریکی دەخاتە مەترسییەوە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت. هەروا ئەو جەنگە بشێوییەکی گەورە لە بازاڕە جیهانییەکان و بەتایبەت بازاڕی وزە دروست دەکات، هەر بۆیە پێناچێت ترامپ سەرکێشییەکی لەو جۆرە بکات. بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم سیناریۆیە قومارێکی گەورەیە.

سیناریۆی حەوتەم: بردنی دۆسیەی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایش

یەکێکی دیکە لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان ئەوەیە، کە ئەمریکا ئەو پێشێلکارییانەی ئێران کۆ بکاتەوە کە مەترسی لەسەر ئاسایش و ئاشتیی جیهانی دروست دەکەن و، پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی بۆ کۆ بکاتەوە و دۆسیەی ئێران بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێوە بڕیاری لەسەر دەربچێت؛ چ بە سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی لەسەر ئێران و چ بە گرتنەبەری ڕێکاری سەربازی دژ بە ئێران. هەر بۆیە، دوور نییە هەروەک چۆن کاتی خۆی دۆسیەی عێراقیان بردە ئەنجومەنی ئاسایش و لەو ڕێگەیەوە سزایان لەسەر عێراق سەپاند، سەبارەت بە ئێرانیش هەنگاوێکی لەو جۆرە بگیرێتە بەر. ئەم سیناریۆیە وا دەکات، کە بەرپرسیارێتیی هەر سزایەکی ئابووری و کردارێکی سەربازی لە داهاتوودا بکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و، ئەمریکا بەتەنیا لێی بەرپرسیار نییە. هەروا ئیرادە و ویستێکی نێودەوڵەتیی بەهێز دژ بە ئێران دروست دەکات، کە لەم حاڵەتەدا توانای خۆڕاگریی ئێران لاوازتر دەبێت و دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی و لەوانەیە کەلێن و ناکۆکییەکانی ناو سیستەمی فەرمانڕەواییش لە ئێران زیاتر بکات.            

ئەنجام

لەم وتارەدا، کۆمەڵێک سیناریۆی چاوەڕوانکراو سەبارەت بە ئاییندەی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکامان خستە ڕوو. هەر یەک لەو سیناریۆیانە بەپێی هەوراز و نشێوی پەیوەندی و ململانێکانی لایەنەکانی کێشەکە ئەگەری ڕوودانیان هەیە. سیناریۆی زاڵ و باڵادەست لە کاتی ئێستادا، سیناریۆی چاوەڕوانی و پەرەپێدانی سنوورداری گرژییەکانە لە لایەن ئێران و پەرەپێدانی سزاکانە لە لایەن ئەمریکاوە، کە لە پاڵ ئەوەیشدا هەر یەک لە لایەنەکانی کێشەکە بەگوێرەی ستراتیژ و بەرژەوەندییەکانی خۆیان کار بۆ سیناریۆیەکانی تریش دەکەن. 

 

Latest from ئازاد وەڵەدبەگی