کێشە فرەڕەهەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

قەرەنی قادری

جه‌نگی نەوتهەڵگرەکان، بە حووسییەکانی یەمەنیشەوە (هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆی سعوودیا)، کە ئەمەیان گواستنەوەی جه‌نگێکی ڕانەگەیه‌ندراوە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بوارخۆشکردن بۆ جه‌نگ دژ بە ئەمریکا لە عێراق، هەروەها هاندانی بەشێک لە شیعەکانی عێراق لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بڕیارێک دەربکەن تا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەمێننەوە، کە ئەمەیش کۆمەڵگەی عێراق بەرەو دابەشبوون و قەیرانی زیاتر دەبات، هەروەها بە کۆمەڵە پرسێکەوە سەرقاڵیان بکات؛ کە ئەمەیشیان دەبێتە ئاڵۆزیی زیاتر لە عێراقدا و، بە ئەگەری زۆرەوە کورد و سوننە لەگەڵ بڕیارێکی وا نەبن.

داواکاریی حەشدی شەعبیی نزیک لە کۆماری ئیسلامی کە فڕۆکەی شەڕکەری هەبێت (بوونی هێزی ئاسمانی)، هەروەها ئەو باسەیش لەناو هەندێک لایەنی عێراقیدا هاتۆتە گۆڕێ کە ئەو وڵاتە هەوڵ بدات تا مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا بکڕێت، گشتی ئەمانە بۆ ئەوەن کە گۆڕانێک لە یارییەکەدا دروست ببێت، تا ئەمریکای پێوە سەرقاڵ بکەن. لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەوەیش بڵاو کراوەتەوە کە هەندێک لەو مووشەکانه‌ی لە عەرەبستانی سعوودی دراون، لە عێراقەوە هاوێشتراون. ئێران بەشێک لە جه‌نگەکەی گواستۆتەوە بۆ ناو خاکی عێراقیش و، دەخوازێت بەو ڕێگەیەوە چڕیی گوشارەکان لەسەر خۆی نەهێڵێت.

دنەدان و پڕچەکترکردنی حزبوڵڵای لوبنان و شەڕیان لەگەڵ ئیسڕائیل، لە تاکتیکە هەرە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامییە لەو قۆناغەدا. تێوەگلانی لوبنانیش لەو جه‌نگە، واتە لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی، بە واتای کردنەوەی چەندان بەرەیە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دژ بە ئەمریکا، تا بەم هۆیەوە چڕیی پلان و هێزی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دژ بە خۆی هەڵوەشێنێتەوە یان لانی کەم لە چەندان بەرەوە سەرقاڵیان بکات و، هەمیش لە چەندان شوێن لە دەرەوەی "جوگرافیای سیاسیی ئێران" کێشە بۆ ئەمریکا بنێتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی سوپایی و ئەمنییەکان باس لە دوو جوگرافیای ئێران دەکەن: "جوگرافیای سیاسی" و "جوگرافیای جیهادی" (قووڵاییی ستراتیژیی خۆیان کە تا نزیک سنوورەکانی ئیسڕائیلە). هەر لەبەر ئەوە بەشێک لە یارییەکانی بۆ بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوێزێتەوە، ئەویش بەو مەبەستەی کە کێشەکە تەنیا لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا نەبێت، بەڵکوو ناوچەکە تێوە بگلێنێت.

لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا کە کۆماری ئیسلامی بە بەرچاوی ئەوروپا و ئەمریکاوە دەستی خستۆتە ناو کاروباری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دەیان و سەدان گرووپی توندئاژۆ و تیرۆریستی بەخۆیەوە لکاندووە و، بۆ ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ بەکاریان دێنێت. کۆماری ئیسلامی جارێ جه‌نگەکەی بردۆتە ناو خاکی یەمەن و لوبنانەوە و، بێ شک بەشێک لە چالاکییەکانی دژ بە ئیسڕائیل هەر لە سووریا بەڕێوە دەبات، بەڵام بەشێکی هەروا لە کەنداوە. سەرقاڵکردنی ئەمریکا لە چەند لاوە، مەبەستی ئێستای کۆماری ئیسلامییە؛ هەروەها تاران دەخوازێت بەم کارانەوە دەستڕۆییشووییی خۆی پیشانی ئەمریکا بدات، کە بە ئەگەری باس و گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، ئەوە لە "ڕوانگەی هێز" و "به‌ دەستێکی پڕ"ەوە دانوستان بکات. لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٠یش هەڵبژاردنی سەرکۆمارییە لە ئەمریکا؛ ئەمەیش هاوکێشەیەکی ترە کە بێ شک کار لەسەر دۆسیەی ئێران (دانوستان یان وەشاندنی گورزی سه‌ربازی لە ئێران) و مانەوە یان نەماوەی ترامپ لە دەسەڵاتدا دەکات!

کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی، جه‌نگ بۆ وڵاتانی دەوروبەری خۆی دەگوێزێتەوە تا گڕی ئاگرەکە نەیگرێتەوە. عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، بۆ کۆماری ئیسلامی تەنیا دەوری سووتەمەنیی جه‌نگ دەگێڕن و وەکوو ئامرازێک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە گشتگیرە کە تێی کەتوووە، سوودیان لێ دەبینێت.

سەرەڕای ئەمەیش، وا دیارە کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران "دڵنیا"یە کە ڕووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی ئێران نابێتەوە (هەروەها لە پێواری ئۆپۆزیسیۆندا)، بۆیە وا بەئاشکرا ئەسپی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لینگ دەدات!