گەمەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتوو

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتانی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، زۆرتر وەک پارسەنگی ڕاگرتنی هێز سەیری کورد کراوە. بە واتایەکی تر، زۆرتر لە ڕوانگەی سەربازی و وزە سەیری پۆتانسیێلی هێزی کورد کراوە. بە حوکمی پێگەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەم هەرێمە بەشێکی سەربەخۆ نییە لە ململانێی هێزی ڕەق و هێزی نەرمی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵکوو لەناو هێزی ڕەق و هێزی نەرمی ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان گەمە بکات. ئەمە ڕاستییەکە کە پێویستە زۆر بەوردی و وریایییەوە ڕەچاو بکرێت. ئەگەرچی لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کوردستان لە ڕووی سەربەخۆییی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ تووشی کۆمەڵێک بەربەست کرایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا تا حاڵی حازر، هەرێمی کوردستان توانیویەتی تا ڕاددەیەکی باش بەسەربەخۆیانە ئیدارەی کاروباری سەربازی و وزەی خۆی بکات. لە خوارەوە کۆمەڵێک بەرچاوڕوونی سەبارەت بە چۆنێتیی گەمەی سیاسیی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان خراوتە ڕوو.

هێزی ڕەق (سەربازی) هەمیشە بۆ کورد به‌ فاکتەرێکی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن هەژمار ناکرێت، چونکە ئەم فاکتەرە بەندە بە هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ و بەشداریی کورد لەم جه‌نگەدا لە بەرژەوەندیی لایەنێک یان چەندین لایەن لە ئەکتەری هەرێمایەتی و نێودەڵەتی، کە مەرج نییە هەمیشە جه‌نگ ڕوو بدات، بەڵام ئەم فاکتەرە ئامادەییی پۆتانسیێلی خۆی هەیە؛ بۆیە بە ڕەچاوکردن و بەهێزکردنی هێزی ڕەقی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم هەرێمە باشترە زۆرتر لە چوارچێوەی هێزی نەرم (وزە بە گشت جۆرەکانییەوە، تەنانەت خۆراکیش) گەمە بکات. لەم گەمەیەدا باشترە، هەرێمی کوردستان ڕەچاوی ئەو کێشەیە بکات کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بووه‌تە کێشەیەکی زەق، واتە پرسی ئاو. کەواتە هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی وزه‌ی سووتەمەنی (نەوت و موشتەقاته‌كانی)، پێویستە سیاسەتی وزەی خۆراکی (ئاو و موشتەقاته‌كانی) بگرینە بەر. هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وزەی نەوتیدا لەناو ململانێی هێزی نەرم و ڕەقی ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا گەمە دەکات و لە چوارچێوەی وزەی ئاویش دەتوانێ سەربەخۆیانە کار بکات و وەک کارتی گوشار بەکاری بهێنێت.  

سەرباری ئەم دوو خاڵەی سەرەوە، پێویستە ڕەچاوی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت؛ هەرچەند مەڵبەندەکانی بەسەربەخۆ دەرکردنی بڕیار لە هەرێمی کوردستان زۆرتر بێت، هێنده‌یش لە تواناییی هێزی نەرم و هێزی ڕەقی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە و ناتوانێ بەباشی ئەم دوو کارتە بەکار بهێنێت. کەواتە هاوكێشەیەکی پێچەوانە لە نێوان تواناییی مانۆڕدانی هەرێمی کوردستان و زیادبوونی مەڵبەندەکانی دەرکردنی بڕیار لە ناوخۆی هەرێمدا بوونی هەیە. باشترە مەڵبەندەکانی دەرکردنی بڕیاری سیاسی، کەمتر و بەتواناتر بکرێن؛ واتە یەک ناوەند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەبێت. سازانی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکان تا ڕاددەیەکی باش ئەم گرفتە چارەسەر دەکات.

بۆ تێگەیشتن لە پوختەی سەرەوە، لەم نووسینەدا هەوڵ دەده‌ین کۆمەڵێک هاوکێشەی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و جیهانی بخەینە ڕوو تا کاریگەرییەکانیان لەسەر قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان دیاری بکەین. بۆ ئەم مەبەستەیش سەرەتا کورتە مێژوویەک خراوەتە ڕوو، دواتر بابەتەکە بە شێوەی خاڵبەندی داڕێژراوە. لەوانەیە تێکەڵییەک لە داڕشتنی خاڵەکاندا بەدی بکرێت؛ هۆکاری ئەمەیش بریتییە لە تێکەڵبوونی هاوکێشە و ڕووداوەکان.

لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ئەمریکا بڕیاری دا کە ڕژێمی سیاسی لە عێراق بگۆڕێت. سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر عێراق کاتێک هەڵە بوو کە خۆی بە هێزی داگیرکەر ناساند، کەچێ لە کۆنگرەی لەندەنی ٢٠٠٢ خۆی بە هێزی ڕزگارکەر ناساندبوو. هەڵبەت ئەمریکا لەم ڕێگەیەوە بەرژەوەندیی خۆی پاراست، بەڵام عێراقی تووشی جه‌نگی ناوخۆ کرد. بۆ نموونە، ڕابوونی شیعە دروست بوو و پارەیەکی زۆریشی بۆ خەرج کرا. هەر گرووپێکی شیعە ئاڵای ئیمام و ئیمامزادەیەکی هەڵگرت و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر بە پیادە بۆ سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان دەڕۆیشتن، کەچی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا گشت چالاکییەکی لەم جۆرە قەدەغە بوو. ڕابوونی شیعە هاوکات بوو بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی "تەوابین" کە بریتی بوون لە دیلەکانی عێراقی لە جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران کە دواتر لە سەدام هەڵگەرابوونەوە. گشت ئەمانە سەرەتای دەستێوەردانی جددی و ڕاستەخۆی وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بوو لە عێراقدا. لەم نێوەدا، تورکیا بە ٣ كارت هاتە ناو مەیدانەکەوە: ١. تورکمان، ٢. عەرەبی سوننە، ٣. کورد. هەڵبەت تورکیا بەپێچەوانەی ئێران زۆرتر بە دوای بازاڕی ئابووریدا دەگەڕا؛ چونکە کۆمپانیا ئێرانییەکان زۆرتر کارگەی بچووک بوون و زۆرێکیان سیخوڕ بوون و ئامانجی سەرەکییش باڵادەستیی سیاسی بوو لە عێراقدا.

لەم سەروبەندە و فەوزای بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا، سووریا خۆی بە بێبەش دەبینی؛ هەر بۆیەیش سووریا بە پشتگیریکردن لە حزبی بەعسی ڕوخاوو و ناردنی تیرۆریست، هەوڵی دا پێگەی خۆی لە عێراقدا بکاتەوە. سەرەتا قاعیدە لە لایەن سووریاوە پشتگیریی لۆجیستیکی دەکرا. سەبارەت بە ئوردن، لە ساڵی ١٩٥٩ ئوردنییەکان هەوڵیان دا بۆ گەڕاندنەوەی عەرشی مەلیکی هاشمی بۆ عێراق. لە ساڵی ١٩٦٣ ئوردن، بەعسییەکانی بە بریتانیا ناساند و شۆڕشیان کرد. لە ساڵی ١٩٧٥ سەرۆکعەشیرەتەکانی سوننە بەنهێنی لە لایەن ئوردنەوە هاوکاری دەکران. لە ٢٠٠٥ بە پاڵپشتیی ئوردن یەکەمین حزبی مەلیکی لە عێراق دروست بوو و لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕاندی. بۆیە دووبارە هەوڵی کاریگەرینواندنە سەر سەرۆک عەشیرەتەکانی دا. خەمیس خەنجەر، ملیاردێری عێراقییه‌ لە ئوردن و، یارمەتیی ئەحزابە سوننەکان دەدات. "هیئة العلما‌ء المسلمین" لە فەللوجە و ڕومادی نەما و چووە ئوردن. حزبی ئیسلامیی عێراقی لە لایەن ئوردنەوە پشتیوانی دەکرێت. لەناو کوردیش ئوردن زۆرتر پشتگیری لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. بەڵام ئوردنییەکان هەوڵیان نەدا دەست بەسەر ئابووریدا بگرن.

لەم ململانێ سیاسییەدا سعوودیا بەشەرمنانە پشتگیریی سوننە دەکات؛ بەشەرمنانە پشتگیری لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکات. هەر بۆیەیش تا ئێستا لەسەر گشت ئەو هەڵبژاردنانەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا ئەنجام دراون، هیچ کاریگەرییەکی نەبووە. هەر دوو وڵاتی قەتەر و ئیماراتیش بە ناوی گرووپە خێرخوازییەکانەوە پارەیان دابەش دەکرد. یەکگرتوو یەکێک لەو حزبانه‌یە کە لەم پارەدابەشکردنە سوودمەندە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ سەرەوە ململانێی نێوان تورکیا و ئێران لەبارەی عێراق قووڵ بووەوە. لە هەمان ساڵدا، تورکیا بانگهێشتی هەموو حزبه‌ عێراقییه‌كانی کرد کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ سەردانی تورکیا بکەن؛ ئەمەیش بە مەبەستی ئاشنابوون لەگەڵ دامەزراوەکان و حزبه‌كانی تورکیا. سەرەڕای گشت ئەم هەوڵانە دۆگماتیزم و ڕەگەزپەرستیی تورکیا نەیتوانی لەم دەرگه‌یەوە کاریگەری بنوێنێت. هەر لە ٢٠٠٥ەوە، ئێران بە پارەیەکی کەمتر بەڵام بەبەردەوامی کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک حزبی عێراق دروست دەکات و بەبەردەوامی حزبه‌ عێراقییه‌كان لە بۆنەی جۆراوجۆر و بەتایبەتیش لە ٢٢ی بەهمەن سەردانی ئێران دەکەن. هەروەها درێژیی سنووری نێوان عێراق و ئێران و بوونی خزمایەتی لە هەر دوو دیوی سنوور، کاریگەریی ئێرانی لەسەر عێراق و لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر کردووە. تەنانەت ڕاوێژی ئێران لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکاندا زۆرە. عێراقییەکان تەنانەت نەیاندەزانی چۆن هەڵبژاردن بکەن!

لە ساڵی ٢٠١٢ لوبنانییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان هەندێ حزبیان بانگهێشتی لوبنان کرد تا لەگەڵ دامودەزگه‌ و یاساکانی هەڵبژاردنی لوبنان ئاشنا بن. بەڵام ئەمەیش تەنیا بەخشینی زانیاری بوو نەک دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا. بە هۆی فرەییی کۆمەڵگه‌ی لوبنانی و ململانێی قووڵ لەم وڵاتەدا، لوبنان شارەزاییی تەواوی لە تەزویراتی هەڵبژاردندا هەیە. سەرەڕای ئەم هەوڵانە، ئەمریکا و بریتانیا، واتە ئەنگلۆ-سەکسۆن، هەر چوار ساڵ جارێک یاساکانی هەڵبژاردن لە عێراقدا دەگۆڕن، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە ئەو کەسانە دەربچن کە دەیانەوێت. بەم جۆرەیش سیاسەتی ئەنگلۆسەکسۆن و ئێران یەکتر دەگرێتەوە. سێ شت ئەنگلۆ-سەکسۆنی لە وڵاتانی کەنداو ناڕه‌حەت کرد:

یەکەم: وڵاتانی کەنداو چەکدارە ڕادیکاڵە سوننەکانی لە گشت جیهاندا بڵاو کردەوە؛ لە چیچان، یۆگسلاڤیا، فیلیپین، ئەفغانستان، پاکستان، بەنگلادش و لە ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی.

دووەم: تەبشیری ئیسلامی بە پاڵپشتیی کەنداو، لە ئەمریکا و ئەوروپا دەستی پێ کردووە. زۆرێک لە مەسیحییەکان بوونەتە ئیسلام، ئەگەرچی زۆربەیان کۆچبەری ئەفریقین، واتە ڕەشپیشتەکان. کەنداو بە دروستکردنی مزگەوت و كۆمه‌ڵه‌ خێرخوازییه‌كان، ئەوروپای سێکۆلار و لائیکی هەراسان کردووە.

سێیەم: ئەمریکا لەوە ترسا کە پارەیەکی زۆری وڵاتانی کەنداو کە لە بانکەکانی ئەمریکادان بكشێنرێته‌وه‌، چونکە ئەم وڵاتانە فێری چۆنێتیی بازرگانیکردن بوونە و، بوونەتە سەرمایەگوزار. بەم جۆرەیش ئابووریی ئەنگلۆسەکسۆن، ئەگەری داتەپینی هەیە. هەر بۆیەیش دەبێ بەرەیەکی شیعە هەبێت کە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو سەرقاڵ بکات.

کەواتە لە عێراقدا هاوکێشەکە بەم شێوەیەیە: بە ڕەزامەندیی ناراستەوخۆ و نابەدڵی ئەنگلۆسەکسۆن، ئێران گەمەکاری سەرەکییە، بەڵام ئەنگلۆساکسۆن براوه‌ی سەرەکییە. هەر بۆیەیش باشترە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ستراتیژیی ئەمریکا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریکا گەمە بکات؛ چونکە دوو دەوڵەتی بەهێز لە عێراقدا هەن: ئەمریکا و ئێران. ئەمەیش وا دەکات کە هەم پشتگیریی ئەمریکا دەستەبەر بکرێت و هەمیش توانای بەرپەرچدانەوەی ئێرانی هەبێت و هاوکات پەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئێراندا خۆش بکرێت.

بە پشتبەستن بەم خاڵانەی سەرەوە دەتوانین کێشەکە لەسەر سی ئاست پۆلێن بکەین: ١. جیهانی، ٢. هەرێمایەتی، ٣. ناوخۆ.

یەکەم، ئاستی جیهانی: لە ئاستی جیهانیدا دوو لایەن لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناڤین کار دەکەن؛ لایەنیک پێی باشە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەنائارامی بمێنێتەوە تا لەم ڕێگەیەوە ئامانجەکانی دەستەبەر بکات؛ بۆ نموونە بەهاری عەرەبی تا ئێستایش وەک خۆی ماوەتەوە. تەنیا کێشەی تونس و میسر لە باکووری ئەفریقا چارەسەر کرا، ئەویش بە دەستێوەردانی وڵاتانی کەنداو. بەڵام وڵاتانی کەنداو نەیانتوانی کێشەی بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە ئاسیا چارەسەر بکەن، چونکە یاریزانێکی بەهێزی هەرێمی ئامادەییی هەبوو، كه‌ ئه‌ویش ئێرانە.

دووەم: ئاستی هەرێمایەتی: لە ئاستی هەرێمایەتیدا چوار یاریزان هەن: دوو یاریزانی کارا، دوو یاریزانی ناکارا.

یاریزانە کاراکان ئێران و تورکیان. ناکاراکان سعوودیا و ئیسڕائیلن. ڕێک لێره‌دا کێشەکە سەر هەڵدەدات. سعوودیا و ئیسڕائیل لەو بڕوایەدا بوون کە تورکیا و ئێران لێک دەدەن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم دوو دەوڵەتە خەریکی دابەشکردنی ده‌سكه‌وت و غه‌نیمه‌تن‌ لە سووریا، عێراق و وڵاتانی تری ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر بۆیەیش هێدی هێدی ڕۆڵی سعوودیا و ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا زۆرتر دەبێت؛ سعوودیا لە میسر و یەمەن کارا بوو. سعوودیا توانیی لە میسر سەرکەوتن مسۆگەر بکات، چونکە لە میسر سوپا باڵادەست بوو. لە یەمەنیش توانیی سەرکەوتن بەدەست بهێنت چونکە بەپێچەوانەی میسر، وڵاتێکی پارچەپارچە بوو و هیچ سوپایەکی بەهێز و ناوەندێكی بڕیاری نەبوو. ئیسڕائیل تا ئێستا لە چەند خاڵێکدا کارا بووە؛ لە لێدانی بنکەکانی ئێران لە سووریا و عێراق؛ لە دزینی بەڵگەنامە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو خودی ئێراندا، ئیسڕائیل لە غەززەیش سەرکەوتوو بووە.

تورکیا گوشاری هێنا تا کۆبانێ داگیر بکات، چونکە لەو بڕوایەدا بوو کە کوردستانی باشوور، باکوور و ڕۆژاوا خەریکە ببنە دەوڵەتی یەکپارچە؛ بۆیە هەوڵی سەرکەوتنی داعشی دا تا ڕۆژاوا و باشوور داگیر بکات بەڵام لەم کارەیش سەرکەتوو نەبوو. لە قۆناغی دووەمدا تورکیا بەڕاستەوخۆ هاتە ناو گۆڕەپانەکەوە و هەوڵی دا قەندیل، شنگاڵ و کەمپی مەخموور داگیر بکات. بە واتایەکی تر هەوڵی ڕاماڵینی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات، چونکە ئەم حزبە خاوەن پرۆژەی دەوڵەتە. لە لایەکی ترەوە بە گەیشتن بە قەندیل، تورکیا دەگاتە ناوچەی دەستڕۆییی ئێران. ئەگەر نا وەک دوایین ڕێگەچارە، تورکیا هەوڵ دەدات دەوڵەتی داهاتووی کوردستان بە دەوڵەتێکی وشکایی بمێنیتەوە تا بەبەردەوامی پێویستیی بە تورکیا هەبێت.

کەواتە بەپێی خوێندنەوەی سەرەوە لەو جه‌نگه‌ی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، کۆمەڵێک شت بۆ کورد گرنگن تێبینی بکرێن، کە بریتییە لە: یەکەم، کە لە دوای ڕێککەوتننامەی واشینتۆن تا ئێستایش پارتی و یەکێتی ئاودیوی سنووری یەکتر نەبوونە. ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە سنووردارێتیی سیاسی تێک بدات بەڵام سنووردارێتیی سەربازی و ئیداری هەروەک خۆی بمێنێتەوە. تەنانەت ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقیش دابەش کراون. خودی ئەم دابەشکردنەیش هۆکاری سەرەکیی دووبارە لەدەستدانی ئەم ناوچانە بوو.

دووەم، ئێمەی کورد لەسەر تورکیا حیساب کراین، بەڵام لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەها دەرنەچوو. دواتر ئێمەیان خستە پاڵ سعوودیا و ئیسڕائیل، بەڵام ئەوانیش بەهانامانەوە نەهاتن.

سێیەم: لە هەرێمی کوردستاندا ئایدیۆلۆژی وەک جاران نەماوە و، لە خاڵێکدا گشت حزبەکان پێک دەگەن. زیاد لەمەیش لە هەرێمی کوردستاندا سەختە بزانین لە داهاتوودا چی دەقەومێت؛ ئەمەیش وا دەکات  گەلی کوردستان بەبەردەوامی لە چاوەڕوانییەکی پیرۆزدا بێت. لە هەرێمی کوردستان ئەم دوو خاڵە تێکەڵ بوونە. بۆیەیش هەر کاتێک کەسێک سەر هەڵبدات، کۆمەڵانی خەڵک پەیڕەویی لێ دەکەن؛ نه‌وشێروان مستەفا و شاسوار عەبدولواحید باشترین نموونەن.

پوختە

لە کۆی گشتیی ئەمانەی سەره‌وە بە دەرەنجامگیرییەکی گرنگ دەگەین. کوردستان خاوەن هێزی نەرم و هێزی ڕەقی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو لە چوارچێوەی ‌هێزی ڕەق و هێزی نەرمی وڵاتانی جیهانی و هەرێمایەتیدا دەوەستێت. بۆ باشتر گەمەکردن حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە توانای سەربازی (هێزی ڕەق) و توانای وزە (هێزی نەرم) وەرگرێت و لەم چوارچێوەیەدا پارێزگاری لە ئەمنییەت و سەقامگیریی خۆی بکات؛ چونکە ئەگەر سەیری مێژووی کورد، بەتایبەتیش لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بۆ سەرەوە بکەین، هێزە هەرێمی و جیهانییەکان لە چوارچێوەی سەربازی و وزەوە سەیری کورد  و هەرێمی کوردستانیان کردووە.