گەندەڵی و هەژاری لە عێراق

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

هەژاری یەکێک لە سیماکانی دواکەوتنی وڵاتە. ئەم سیمایە، دەکرێ لە زۆربەی وڵاتان بەڵام بە ڕێژەی جیاواز بوونی هەبێت. لە وڵاتە دواکەتوو و گەشەنەسەندووەکاندا، هەژاری گرفتێکی هەرە گەورەی بەڕێوەبردنی وڵاتە. بۆیەیش لە گشت وڵاتاندا ناوەندە ئامارییەکانی سەر بە حکوومەت کار لە دیاریکردنی ڕێژەی هەژاری و جۆرەکانی لە وڵاتەکەیاندا دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێکارەکانی نەهێشتنی هەژاری یاخود کەمکردنەوەی بگرنە بەر.

هەژاری لە ڕوانگەیەکی سادەوە، واتە بێتوانایی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە. بە شێوەیەکی گشتی، هەژاری بەسەر دوو دەستە دابەش دەکرێت؛ هەژاریی ڕەها، واتە کەسێک یاخود خێزانێک کە نەتوانێت پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیانی خۆی، وەک خۆراک، پەناگە، ئاوی خاوێن، خوێندەواری و چاودێریی تەندروستی دابین بکات. هەژاریی ڕێژەیی، واتە خێزانێک نزیکەی ٥٠٪ لە داهاتەکەی کەمترە بۆ ئەوەی کە بەشی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی بکات. بۆ نموونە، ئەگەر سەد هەزار دینار بەشی دابینکردنی لانی كەمی پێداویستییەکان بکات، کەسێک یاخود خێزانێک نزیکەی پەنجا هەزار دیناری هەبێت. هەژاریی ڕەها لە هەژاریی ڕێژەیی مەترسیدارترە. دیاریکردنی ئاستی هەژارییش، لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک بەپێی بارودۆخی ئابووری و ئاستی داهات گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بۆ دیاریکردنی ئاستی هەژاری، پەنا بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژاری دەبردرێت. هێڵی هەژاری بریتییە لە دیاریکردنی کەمترین داهات لە مانگێکدا، کە لە ڕێگەی ئەم داهاتەوە خەڵک دەتوانێت پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆی دابین بکات.

"گەندەڵی"یش بەپێی پێناسەی باو، بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی سامان و دەسەڵاتی گشتی لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەت. لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە هەژاری لە عێراقدا کە بە هاوکاریی نێوان بانکی جیهانی و وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کورردستان ئەنجام دەدرێت، پەیوەندییەکی دووانەیی و نزیک لە نێوان بەرزیی ڕێژەی هەژاری و بەرزیی ئاستی گەندەڵی لە عێراقدا بوونی هەیە. واتە لە عێراقدا بەرزبوونەوەی ئاستی گەندەڵی، به‌ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری هەژمار دەکرێت.

گەندەڵی لە عێراقدا

لێرەدا زۆر بەخێرایی باس لە کۆمەڵێک ژمارەی تایبەت بە ئاستی گەندەڵی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دەکەین. عێراق وڵاتێکە نوقمی گەندەڵی و هەژاری بووە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەژاری لە عێراق بۆ ئەو گەندەڵییە بەرفراوانە دەگەڕێتەوە، کە گشت جومگەکانی دەسەڵات و گشت کەرتە خزمەتگوزارییەکانی گرتۆتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بانکی جیهانی بە ناونیشانی (Iraq Economic Monitor)،  کە لە پاییزی ٢٠٢٠ بڵاو کرایەوە، باس لەوە دەکات کە پتر لە ٩٦٪ لە هەناردەکردنی عێراق تەنیا نەوتە. ٩٢٪ لە داهاتی حکوومەت پشت بە نەوت دەبەستێت و نەوت ٤٣٪ی کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی ناوخۆی بۆ ساڵی ٢٠١٩ پێک هێناوە. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە ئابووریی عێراق، ئابوورییه‌کی تاک-کاڵایییە و نرخی ئەم کاڵایەیش پشت بە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت. واتە کاڵایەکە، کە پێشبینیکردن بۆ سەقامگیربوونی نرخەکەی و ڕاددەی بەرهەمهێنانی، تا ئاستێک قورسە. یەکێک لە گرفتەکانی ئابووریی تاک-بەرهەمی، ئەوەیە کە دامەزراوە ئابوورییەكانی چاودێریکردن، دامەزراوەی زۆر ئاڵۆز نین؛ هەر بۆیەیش ئەنجامدانی گەندەڵی تێیدا ئاسانتر دەبێت. بەتایبەت لە وڵاتیکدا کە پۆستە چاودێری و سیاسییەکان بەپێی بنەمای ڕێککەوتنە سیاسییەکان دابەش دەکرێن.

لێرەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک بەهەدەردانی سامانی گشتی وەک بەشێک لە گەندەڵی و سیاسەتی هەڵەی حکوومەتی عێراق دەکەین. لە کەرتی کارەبا تەنیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، پتر لە ٤١ ملیار دۆلار بەفیڕۆ دراوە. بەپێی گوتەکانی محه‌مەد شەیاع سوودانی، پەرلەمانتاری عێراق، وەزارەتی کارەبا تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، پتر لە ٢ ملیار و ٦٠٠ هەزار دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەفیڕۆ داوە. لە سەردەمی کابینەی حەیدەر عەبادی و لە ساڵی ٢٠١٦دا، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا دامەزرا.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو وێستگەکە بە نەوت کاری نەدەکرد، کە عێراق یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و بەپێی داتاکان پتر لە ٩٠٪ی داهاتی عێراق لە نەوتەوە دێت، کەچی وێستگەکە بە گاز کاری دەکرد و تێچووی دامەزراندنی وێستگەکە پتر لە ٤٠٠ ملیۆن دینار بوو. بۆ بەرهەمهێنانی کارەباش عێراق ناچار بوو کە بۆ ئەم وێستگەیە گاز لە دەرەوە، واتە لە ئێران هاوردە بکات. بۆ نموونە، لە وێستگەی کارەبای باسمییە لە باشووری بەغدا کە گازەکەی لە ئێران هاوردە دەکرێت، تێچووی یەک کاتژمێر بەرهەمهێنانی کارەبا لەم وێستگەیە بە ٩٨ دۆلار خەملێنراوە کە بەرزترین نرخە لە ئاستی عێراق. ئەم کارەیش زۆرتر بۆ ئەو گوشار و دەستێوەردانە سیاسییانە دەگه‌ڕێتەوە کە ئێران بەسەر لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستایش هاووڵاتیی عێراقی بەدەست کەمیی کارەباوە دەناڵێنێت و لە خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ کە ڕووخانی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیی لێ کەوتەوە، یەکێک لە داواکارییه‌كانی خۆپێشاندەران، بەتایبەتیش لە بەغدا و بەسرا، بریتی بوو لە دابینکردنی کارەبا.

دۆخی کەرتەکانی تر لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق کە بڕەکەی ١٠٦.٥ ملیار دۆلار بوو، لە هی کارەبا باشتر نییە؛ بڕی ٢.٥٪ بۆ کەرتی تەندروستی، ١٣.٥٪ بۆ کەرتی بەرهەمهێنانی نەوت و ١٨٪ بۆ کەرتی ئەمنی تەرخان کرا. ئەم داتایەیش نیشان دەدات کە کەرتە خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان لە عێراق کەمترین گرنگییان پێ دەدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق وڵاتێکی وێرانبووە و هەر لە ساڵی ١٩٨٠ تا ئێستا سێ جەنگی دەرەکیی بەخۆوە بینیوە، جیا لە جەنگ و پشێوییە ناوخۆیییەکان؛ واتە عێراق وڵاتێکە کە پێویستە زۆرترین تیشک بخرێتە سەر بنیاتنانەوەی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی.

 ئەگەرچی داتاکانی سەبارەت بە گەندەڵی لە عێراقدا داتای ورد و دروست نین، بەڵام گشتیان داتای سەرسوڕهێنەرن. بۆ نموونە، ڕەحیم عتێلی، سەرۆکی پێشووی دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە گەندەڵی لە سەرجەم وەزارەتەکانی عێراقدا هەیە، وەک وەزارەتەکانی تەندروستی، کارەبا و بەرگری. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە بە گوتەی عتێلی، گەورەترین دۆسییەکانی گەندەڵییه‌ لەناو وه‌زاره‌تی سەرچاوەکانی ئاو. کۆی گشتیی گەندەڵی لە عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەیشتووه‌تە ٦٠٠ ملیار دۆلار. واتە نزیکەی بوودجەی شەش ساڵی عێراق، یان چووتەدەرەوەی وڵات یاخود جووتە گیرفانی کۆمەڵە کەسێک لە نوخبەی سیاسی، ئیداری و سەربازی.

ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا

دیاریکردنی ڕێژەی ڕاستەقینەی هەژاری لە عێراقدا کارێکی قورسە. چونکە ئەم کارە پێویستی بە ئەنجامدانی ڕووپێوێکی گشتگیر هەیە کە گشت خانەوادەکانی عێراقی لەخۆ بگرێت. ئەم کارەیش تا ئێستا لە عێراقدا ئەنجام نەدراوە؛ ئەوەی کە هەیە بریتییە لە وەرگرتنی کۆمەڵێک نموونە (sample)، دواتر گشتاندنی دەرەنجامەکانی بەدەستهاتوو لەم نموونانە بەسەر سەرتاسەری عێراقدا. بۆ نموونە، یەکێک لەو توێژینەوە بەرفراوانانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ بۆ دیاریکردنی ئاستی هەژاری لە عێراقدا، دوای ڕووپێوی ساڵی ١٩٨٨، ئەنجام دراوه‌، بە بەرفراوانترین ڕووپێو لە عێراق هەژمار دەکرا، تەنیا ١٨،٠٠٠ خێزانی لەخۆ گرتبوو. دووەمین ڕووپێو بۆ دیاریکردنی بارودۆخی ئابووری-کۆمەڵایەتیی هاووڵاتیانی عێراقی لە ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٣ ئەنجام درا کە تێیدا ٢٥،٠٠٠ خێزان بەشدار بوون. ئەم جۆرە ڕووپێوکردنە بۆ دیاریکردنی ئاستی هەژاری لە عێراقدا تا هەنووکەیش بەردەوامە. واتە، نموونەیەکی بچووک وەردەگیرێت و بە پشتبەستن بە داتاکانی بەدەستهاتوو لەم نموونە بچووکە، وەک مەزەندەکردنێک ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا دیاری دەکرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەکرێ ئەم داتایانە تا ڕاددەیەک لەبارەی دۆخی ژیان لە عێراقی پڕ لە کێشە و ناسەقامگیریدا بەرچاوڕوونیمان پێ بدات.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە، عێراق بۆ دیاریکردنی دۆخی هەژاریی هاووڵاتیانی خۆی، پشت بە دیاریکردنی ئاستی هەژاریی ڕەها دەبەستێت. واتە پێوەری "شێوازی تێچووی پێداویستییە سەرەکییەکان" (Basic Needs approach (CBN)). بەپێی ئەم پێوەرە، هەژاری بەوە دەناسرێتەوە کە تەنیا بڕە پارەیەکت هەبێ بەشی کڕینی کاڵا خۆراکی و ناخۆراکییەکان بکات. پێوەری دیاریکردنی ئاستی خۆراکیش لە عێراق، گەیشتنی (٢٣٣٧) کالۆرییە بۆ جەستەی مرۆڤ لە ڕۆژێکدا. ئەگەر ئەم ژمارەیە بگۆڕین بۆ ژمارەی پارە، لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم پێوەرە بریتی بوو لە خەرجکردنی بڕی پەنجا هەزار دینار بۆ یەک مانگ بۆ هەر تاکێک بۆ کڕینی خۆراک. دوای تێپەربوونی هەشت ساڵ بەسەر ئەم پێوەرە، بەڵام تا هەنووکەیش گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر ئەم بڕە پارە دیاریکراوەدا نەهاتووە، چونکە بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی کەمتر لە ١١١ هەزار دینار داهات لە یەک مانگدا بۆ هێڵی هەژاریی هەر تاکێکی عێراقی هەژمار کرابوو.

بەپێی داتاکانی بانکی جیهان، لە عێراق کەسێک لە هێڵی هەژاریی ڕێژەییدا دەژیت کە داهاتی ڕۆژانەی به‌ ٣.٢ دۆلار (سێ دۆلار و بیست سەنت) یاخود ١١١ هەزار دینار لە مانگێکدا خەمڵێنراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی توێژینەوەی "ڕووپێوکردنی هەژاری لە عێراق" کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاو کرایەوە، داهاتی تاکی عێراق بەم شێوەیەی خوارەوە خەرج دەکرێت: خۆراک ٣٢٪ لە داهات، سووتەمەنی (نەوت، گاز، بەنزین و...) ٢٤٪ لە داهات، تێچووی هاتوچۆ و ئامرازەکانی گواستنەوە (١٢.١٪ لە داهات، پۆشاک ٦.٤٪ و کەره‌ستە و ئامرازەکانی ناوماڵ ٥.٢٪، داهات لەخۆدەگرێت.

لە ساڵی ٢٠١٧دا، ڕێکخراوی یونیسێف لە عێراق لەبارەی هەژاریی منداڵانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە، تێیدا بەتایبەت تیشک خرابووە سەر هەژاریی منداڵان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٧. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە لە ساڵی ٢٠١٢دا منداڵانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ، نیوەی دانیشتووانی عێراق، کە ژمارەی ٣٣،٢٠٥،٠٣٨ کەسە، پێک دێنن. لەو ژمارەیەی دانیشتووان، شەش ملیۆن و نیوی لە هەژاریی ڕێژەیدا دەژین و لەم بڕە هەژارەیش، سێ ملیۆن و حه‌وت سەد هەزار کەسیان منداڵن. واتە لە هەر چوار منداڵی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ، یەک منداڵ لە هەژاریدا دەژیت. لە هەمان ساڵدا ڕێژەی هەژاری لە گشت عێراق به‌ ٢٣٪ خەملێنراوە. ئەم داتایەیش لە کاتێکدا بووە کە عێراق لەو سەردەمەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هاوکاریی وڵاتانی جیهان و هاوپەیمانان لە بارودۆخێکی داراییی باشدا دەژیا.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، یونیسێف داتایەکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ٤٠٪ منداڵانی عێراق لە هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە زۆربەی منداڵان ناچارن بەدوای کاردا بگەڕێن. گەڕان بە دوای کاریش لە زۆر حاڵەتدا بە مانای دابڕان لە خوێندن دێت. بەم جۆرەیش لەبری ئەوەی کە ڕێژەی خوێندەواری بەرز بێتەوە، بەپێچەوانەوە ڕێژەی نەخوێندەواری لە عێراقدا بەرز دەبێتەوە، کە خودی ئەمەیش لە داهاتوودا عێراق ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە.

بە گوتەی گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ساڵی ٢٠٢٠دا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا بۆ سەرووی ٣١،٧٪ بەرز بووەتەوە. بەم جۆرەیش ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا بۆ یازدە ملیۆن و چوار سەد هەزار کەس بەرز بووەتەوە. هەڵبەت ئەم داتایەیش لەسەر ئاستی عێراقدا جیاوازە، بۆ نموونە، لە ناوچە ئازادکراوەکانی لەدەست داعش کە تێیدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک ئاوارە بوون و شارەکان ویران کراون، ڕێژەی هەژاری لەم ناوچانەدا ٤١.٢٪ دەرباز دەکات. لە باشووری عێراق واتە لە ناوچە شیعەنشین و نەوتییەکان ڕێژەی هەژاری ٣٠٪ە و، لە ناوەڕاستی عێراق واتە پارێزگاکانی وەک بەغدا ئەم ڕێژەیە دەگاتە ٢٣٪ و، بۆ هەرێمی کوردستانیش ١٢.٥٠٪ ڕێژەی هەژاری دەستنیشان کراوە.

بەپێی داتاکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٤٨٪ دانیشتووانی عێراق لەژێر تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەژین و لەم ڕێژەیەیش ٢٣٪ی لە هێڵی هەژاریدا دەژین. لە کۆی گشتیی ئەم ڕێژەیەی هەژاریی منداڵان، ٥٪ لە هەرێمی کوردستان و ٥٠٪ لە ناوچەکانی باشووری عێرقدا دەژین و ئەوانی تریش بەسەر ناوچەکانی تری عێراقدا دابەش دەبن. هەرچەند داتاکانی هەرێمی کوردستان جێگەی گومانلێکردنن، چونکە لە دوای بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ و دواتر شەڕی داعش و نەدانی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، گشت ئەمانە کاریگەری ده‌خه‌نه‌ سەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە هەرێمی کوردستاندا؛ سەرەڕای هەبوونی تێبینی لەسەر چۆنێتیی ئەنجامدانی ڕووپێوەکە، واتە نموونەکان چۆن دیاری کراون و ڕووپیوەکە لە کام گەڕەک، کۆڵان، گوند، شار و ناوچەکانی کوردستان و چؤن ئەنجام دراون؟

بەڵام داتاکانی ڕاپۆرتی Iraq Economic Monitor، جیاوازن لە داتای گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان. بەپێی ڕاپۆرتی Iraq Economic Monitor، جیا لە ئاستی بەرزی هەژاری لە عێراق کە لەم ڕاپۆرتەدا بۆ سەرتاسەری عێراق بە تێکڕای ٢٠٪ هەژمار کراوە، نزیکەی ٢٥.٨٪ خەڵکی نزیک لە هێڵی هەژاری دەژین و لە ئەگەری هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک دەکەونە هێڵی هەژارییەوە. لە هەمان کاتدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، پتر لە ٤١٪ داهاتی تاکی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بۆ کڕینی کەرەستە خۆراکییەکان خەرج دەکرێت. ئەم ڕێژەیە لە ناوچە هەژارنشینەکانی باشوور بۆ ٤٧٪ بەرز دەبێتەوە. واتە، لە کۆی گشتیی داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک، ٤٧٪ی داهاتەکەیان بەس بۆ کڕینی کەرەستە خۆراکییەکان دەچێت. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی داهاتی تاک لە عێراقدا لە دۆخێکی مەترسیداردایە و بەهۆی نەبوونی سیاسەتی پشتیوانیی خۆراکی و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ عێراق وڵاتێکی فرەئابووری نییە، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە داهات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و هەژاری لە عێراقدا؛ واتە هاتنەدیی ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە، دەکرێ لە چەند مانگی داهاتوودا دەرەنجامی بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق وەدەرکەوێت کە هەر دۆلاری لە هەزار و دوو سەد دینار، بۆ نزیکەی ١٥٠٠ دینار بەرز کردەوە؛ ئەمەیش بە مانای دووبارە کەمبوونەوەی توانای کڕینی هاووڵاتیی عێراقی دێت و، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەکەی و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا، ناچارە چاوپۆشی لە دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی بکات.

دەرەنجام

ئەگەرچی داتاکانی تایبەت بە هەژاری لە عێراق جیاواز و بەرزن، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرچاوڕوونییەک بە خۆێنەر دەدات. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەو جیاوازییە بەرفراوانەیە کە لە نێوان ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراقدا دەبینرێت. لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ بوودجەی حکوومەت و مووچەی هاووڵاتیان کەم کراوەتەوە؛ ئەمەیش بەو مانایە دێت کە ئاسایشی داهات لە هەرێمی کوردستاندا بوونی نییە و لە دەرەنجامدا ئاستی هەژاری بەرز دەبێتەوە، کەچی داتاکانی هەرێمی کوردستان بەپێجەوانەی ناوچەکانی تری عێراقن کە تێیدا بوودجە و مووچە بەبەردەوامی دێت. ئەمەیش دەکرێ دوو خوێندنەوەی بۆ بکرێت: یەکەم، یان نموونەکانی هەژاری لە هەرێمی کوردستان بەهەڵە وەردەگیرێن، یاخود دووەم، حکوومەتی عێراق بەئەنقەست ڕێژەی هەژاری لە هەرێم بە کەم نیشان دەدات تا لە پشکی بوودجەی هەرێمی کوردستان و لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان ببڕێت.

لە لایەکی ترەوە، ئەوەی کە لە داتاکانی هەژاری لە عێراقدا دەبینرێت، زۆرتر تیشکخستنە سەر لایەنی داراییی هەژارییە. لە کاتێکدا هەژاری پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و لایەنی کۆمەڵایەتییش لەخۆ دەگرێت کە لە ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە هەژاری لە عێراقدا نابینرێت. واتە دەرهاوێشتە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاری چین؟ چونکە بەختەوەری و دەربازبوون لە هەژاری، تەنیا پەیوەست نییە بە باری ئابووری و داراییی هاووڵاتیان.