ڕەخنە، قەیران و بەڕێوەبردنی وڵات

قەرەنی قادری

ڕەخنە، کۆمەڵێک زانیارییە کە پەرە به‌ توانا و لێهاتوویی دەدات. مرۆڤ ڕادەهێنێت کە نەرمونیان بێت و، بە شێوەیەکی عەقڵانی پەیوەندی بە دیاردە و ڕووداوەکانەوە بکات. لە دۆخێکی وادا کە تەوەری ڕەخنە بۆ باشتربوونە و ڕووی لە ئێستا و داهاتووە، دەبێ تێڕوانین و ڕەوتی ئاڕاستەکە ڕوو لە چاکسازی بکات. ئامانجی ڕاستەقینەی ڕەخنەیش، دەبێ چاکسازی، گەشەی تاک و کۆمەڵ بێت.

یه‌که‌مین جار یوونانییه‌کان ئه‌م زاراوه‌‌ (ڕه‌خنه)یان داهێنا، که به زمانی یوونانی پێی ده‌ڵێن "کرێتیکی" (κριτική)، واته‌ هونه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌. یوونانییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ بوون که له‌ سه‌ره‌تادا، ده‌بێ دیارده‌یه‌ک بخوێندرێته‌وه‌ و دوایی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت هه‌بێت که گشت پێکهاته‌کانی ئه‌م دیارده‌یه‌ ببینرێن تا مه‌ودای لێکۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بێته‌ کایه‌وه‌. کاتێک هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکۆڵینه‌وه‌که‌ کۆتایی هات، جارێکی تر پێکهاته‌کان وه‌سه‌ریه‌ک بخرێنه‌وه‌‌. له‌م قۆناغه‌دایه‌ که که‌موکوڕی و خه‌وشه‌کان به‌دی ده‌کرێن. لێره‌دا کۆبه‌ندی ئه‌م ڕه‌وته،‌‌ پێی ده‌گوترێت ڕه‌خنه‌ یان "هونه‌ری نرخاندن".

ڕه‌خنه له تاک، یان دامه‌زراوه‌یه‌ک، به مانای ئاماژه‌ و جه‌ختکردن دێت له‌سه‌ر ناکارا‌مه‌ییی ئه‌و له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانیدا. بەبێ ئاماژه‌ به ناکارامه‌ییی دامه‌زراوه‌یه‌ک، هه‌روه‌ها به‌بێ بوونی ئامار و زانیاری و دەربڕینی پاک و عاقڵانە، ڕه‌خنه‌ هیچ مانایه‌کی نییه‌ و ناتوانێت ئامانجی خۆی بپێکێت.

مەبەست لە ڕەخنە؛ گەیاندنی پەیامە بۆ وەرگرتن و تێگەیشتن، بەڵام کە "ڕەخنە" بارگاوی کرا بە هەڕەشە، زمانشڕی، جنێودان، لەقاودان و تەوس و پلار، ئەوە نەك تەنیا لە ئامانجەکە دوور دەکەوێتەوە، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە هۆی کاردانەوەی توند لەلایەن ڕەخنەلێگیراوەوە. کۆی ئەمەیش، یانی داخرانی گشت دەرگەکان. ڕەخنەگرتن لەگەڵ تێکدان و لەقاودان زۆر جیاوازە و پێکەوە دانیان ناکوڵێت، چونکە پاڵنەر و ئامانجی جیاوازیان هەیە!

یەکێک لەو هەوڵانەی کە بەردەوام بۆ خستنەپەراوێزی ڕەخنەگرتنەوە دەدرێت، لەقاودان (درکاندن)ە، ئەویش تەنیا ڕووی لە کەس و کەسایەتییەکانە و تەنانەت سنووری ژیانی کەسیی کەسایەتییەکانیش دەبەزێنێت. لەقاودان (لێلەهەڵڵادان) بریتییە لە درکاندنی شتێکی شاراوە و نهێنیی کەس، گرووپ، حزب، دامەزاروە یان حکوومەت. ئەمە دەتوانێت پەیوەندیی بە کەس یان کارێکی ناڕێکەوە هەبێت کە لەلایەن کەس یان کەسانی کاربەدەستەوە دەکرێت.

بەشێک لە کارناسان، سەرچاوەی ئەو لەقاودان و شێوازە کارکردنە، بۆ نەریتی پۆلیسی بریتانیا دەگەڕێننەوە کە کاتێک لەناو شاردا بەدوای تاوانبارێکدا دەگەڕان، ئەگەر لە شوێنێکدا تاوانبارەکەیان بینیبا، ئەوە پۆلیسەکان بۆ ئەوەی یەکتر ئاگادار بکەنەوە، کەڵکیان لە فیتفیتە وەردەگرت و بە ڕێگەی فیکەی ئەو کەرەسەیەوە پەیامیان بە یەکتر دەدا. ئەو شێوە لە کارکردنە، گوازرایەوە ناو سیاسەت و ئەوانەی کە لەناو دامەزراوە حکوومییەکاندا خەریکی فرتوفێڵ و ساختەکاری دەبوون، لێیان لەقاو دەدرا. ئەمڕۆ لە بڕی فیکەی فیتفیتە، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان ئەو ئەرکەیان وەستۆ گرتووە. بەڵام ئەو شێوازە لە کار، بەپێی کەلتووری کۆمەڵایەتی و ململانێی خەستی حزبی و سیاسی، بە شێوازی تر بەڕێوە دەچێت کە زۆربەی جار لە پەنا لەقاودانی کارێکی ناڕێکی سیاسی، ڕوو دەکەنە ژیانی تایبەتیی کەسەکان و تەنانەت ناوزڕاندنیشیانەوە. زۆربەی جار، "لەقاودان" و "ڕەخنە"، شان بە شانی یەکتر دێن، بەڵام بەپێی ئەزموونی کۆمەڵگەی ئێمە ناوەڕۆک و ڕووی لەقاودان، زۆرتر ڕووشاندنە تا دەرخستنی زانیاری و ڕاستییەکان.

بەڵام هێڵی سه‌ره‌کی له‌ ڕه‌خنه‌گرتندا، بۆ ده‌ستنیشانکردنی خه‌وشه‌کانه‌؛ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌موکوڕییه‌کان به‌دی بکرێن و له‌ ڕه‌وتێکی عه‌قڵانیدا جێگرەوەیەک بۆ ئه‌م خه‌وشانه‌ بدۆزرێته‌وه‌. ڕه‌خنه‌گرتن بۆ باشترکردنی د‌یارده‌، یان پرۆژه‌کانه،‌ تا ژیان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا به‌ره‌و‌ باشتربوون ڕێنوێنی بکات.

ڕەخنەگرتن و قبووڵکردنی ڕەخنە، کە لەسەر بنەمایەکی عه‌قڵانی و بەپێی بەڵگە بێت، هەروەها هێمنانە بەڕێوە بچێت، ئەو دەرفەتە بۆ ساخکردنەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بابەتی مەبەست دێنێتە کایەوە. واتە کەڵکوەرگرتنی هۆشیارانە لە ڕەخنە، هەڵدان و گەشەی تاک، گرووپ و کۆمەڵی بەدوادا دێت.

کاتێک کۆمەڵگە لەگەڵ قەیراندا دەستەویەخە دەبێت، بێ شک باس لە دۆخێکی تر دەکات و هەر بەو پێیەیش، دەبێ کۆمەڵگە بەدوای چارەسەرێکی تردا بگەڕێت و یەکەمین هەنگاویش ئەوەیە کە کێشەکان بناسێت بۆ ئەوەی چارەسەرەکەیش خۆی دەربخات. هێگل (١٧٧٠-١٨٣١) گوتەنی: "ناسینی کێشەکان، سەرەتایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان." ئەمە سەرگەیەکە بۆ چوونەناو بابەتەکەوەوە و سەرەتای ئیدارەکردنی قەیرانیشە بە گشت ڕەهەندەکانییەوە. تووماتسۆ شیبووتانی دەڵێت: "قەیران چرکەساتێکە، کە پێویستیی به‌ چەشنێکی دیکەیه‌ لە خۆگونجاندن." هەر لەبەر ئەوەیە کە لە دۆخێکی قەیراناویدا دەرگەی پێداچوونەوە و خوێندنەوەوە دەکرێتەوە و ڕەخنە، یان "هونەری لێکدانەوە" دەتوانێت ئاڕاستەیەکی ڕوون دەستنیشان بکات و قەیران بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. 

هەموو شتێک ڕێژەیییە؛ تەمەن، چالاکی، پێشمەرگایەتی، حزبایەتی، متمانە، ئازایەتی، ڕێبەرایەتی، سەرکردایەتی، کەسایەتی و کاری سیاسی. کەس سەد لە سەد تەواو نییە، چونکە کەس ئەڵماس نییە! هەر لەبەر ئەوە، زمانی زبر، جنێودان، شێواندن و بەلاڕیدابردنی پرسەکان ناچنە خانەی ڕەخنەوە؛ هەروەها تاوانبارکردنی ڕەخنەگرانیش بە داردەست و پیاوی دوژمنان، باوی نەماوە و چیتر بڕ ناکات. بەدڵنیایییەوە، کەرەسە و ئەدەبیاتی سواو و کۆن ناتوانێت وڵامدەری پرس و کێشەکانی ئەمڕۆ بێت.

ڕەخنە، دەورێکی گرینگ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا دەگێڕێت. دەتوانێت پەیوەندییەکان بەرەو باشتربوون بەرێت؛ بەڵام لە نەبوونی هۆشیاری و کارامەییی ڕەخنەگر و ڕەخنەگراندا، دەكرێ پەیوەندییەکان تێک بچن، یان لانی کەم ببێتە هۆی گرژی و ساردبوونی پەیوەندییەکان. قبووڵکردنی ڕەخنە (کە پێویستە ڕەخنەلێگیراو گوێگرێکی چالاکیش بێت)، دەبێتە هۆکار بۆ بەهێزبوون، باشتر کارکردن، گەشەی دەروونی و، لە کۆتاییدا که‌لتووری پێکەوەهەڵکردن و کارکردن بڕەو پێ دەدات و بەتوانایان دەکات، هەروەها کۆمەڵێکی بەهێزیش ڕۆ دەنێت. گوێگرتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دوو کۆڵەکەی سەرەکیی کرانەوە، گەشە و کەمکردنەوەی مەودا و گرژییەکانە!