کەرتی کارەبا لە عێراق؛ قوربانیی ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

خزمەتگوزاریی کارەبا، یەکێکە لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک و بوون بە وڵاتی پیشەسازی. لێنین گوتەیەکی هەیە کە دەڵێت: "گەشەسەندن واتە هەبوونی کارەبا و کۆمۆنیزم." ئەگەر بەشی دووەمی گوتەکەی لێنین هەڵە بێت، بەڵام بەشی یەکەمی واتە گرنگیی هەبوونی کارەبا بۆ پێشکەوتن و بوون بە وڵاتێکی پیشەسازی، دروستە. بەپێی خاڵی حه‌وته‌م لە "ئامانجەکانی گەشەسەندنی بەردوام"، جەخت لەسەر دەستگەیشتن بە کارەبا، دەچێتە خانەی یەکێک لە پێداویستییەکانی هەبوونی ژیانێکی تەندروست. جەنگی ئێران و عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨، دواتر داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقه‌وه‌، کە بووە هۆی هێرشکردنی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەم وڵاتە، دواتر جه‌نگی دووەمی کەنداو و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گشتیان هۆکار بوون کە ژێرخانی کەرتی کارەبای عێراق بەرەو نەمان بچێت؛ ئەمە سەرەڕای کۆنبوونی تۆڕی گواستنەوەی تەزووی کارەبا و بەقاچاغبردنی کارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە ئەدەبیاتی سیاسیی عێراقدا چەمکێک سەری هەڵدا بە ناوی "پشکپشکێنه‌". پشکپشکێنه‌ بەو مانایە دەهات کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، پێویستە هەر لایەنێکی براوەی هەڵبژاردن پشکێکی لە حکوومەت بەرکەوێت؛ واتە وەزارەتێک یاخود چەند وەزارەتێک پشکی ئەو لایەنە سیاسییە بێت تا لەناو پەرلەمانی عێراق متمانە بە حکوومەت بدات. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە زۆر جار، دانانی وەزیرێک بۆ وەزارەتێک لەسەر بنەمای لێهاتووییی کەسەکە نەبێت بەڵکوو بەپێی ملکەچی و وەفاداریی کەسەکە بۆ حزبەکەی یاخود نزیکی لە سەرکردەی حزبەکە بێت. ئەمەیش وای کرد کە سیستەمی بیرۆکراسیی عێراق و تۆڕی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە عێراقدا بەرەو داڕمان بچێت. سەرەڕای ئەوەی کە لە عێراق هەر لایەنێکی سیاسی لەلایەن هێز و وڵاتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیری دەکرێت. ئەم پشتگیرییەیش زۆر جار، بووەته‌ هۆی قوربانیکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی بۆ مانەوەی حزبەکە یاخود وەزیرەکە لەسەر کورسیی دەسەڵات و دەسکەوتنی ئیمتیازات؛ سەرەڕای بوونی گەندەڵییەکی لەڕاددەبەدەر لە عێراق، کە بەپێی کۆمەڵێک لێدوان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تا ساڵی ٢٠٢٠ ئاستی گەندەڵی لە گشت سێکتەرەکان لە عێراقدا گەیشتووتە ٦٠٠ ملیار دۆلار. لە عێراق کەرتی کارەبا و دابینکردنی تەزووی کارەبا بۆ هاووڵاتیان یەکێک لەو کەرتانەیە کە کەتووه‌تە ژێر ڕەحمەتی ئەو هۆکارانەی سەرەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم کەرتە بەرەو خراپبوون دەچێت. لە کاتێکدا کە کارەبا بە یەکێک لە سەرەتاییترین و لە هەمان کاتدا سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیانی هاوچەرخ هەژمار دەکرێت.

کەرتی کارەبا لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعس

لە عێراقدا وەزارەتی کارەبا وەزارەتێکی نوێیە کە دامەزراندنەکەی بۆ دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە. پێشتر و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ڕژێمی بەعس لە عێراق، شتێک نەبوو بە ناوی وەزارەتی کارەبا، بەڵکوو بریتی بوو لە دەستەیەک کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق بوو.

ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هاوکات بوو بە نەبوونی داتای پێویست لەسەر زۆربەی کەرتەکانی عێراق تا ئەو کاتەی کە بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕووپێوێکی لە عێراق کرد و بەو دەرەنجامە گەیشت کە تێکڕای دەستگەیشتنی هەر خانەوادەیەکی عێراقی بە تەزووی کارەبا تەنیا حه‌وت کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدایە و پتر لە چاره‌کێکی خانه‌وادەکانی عێراق جیا لە کارەبانی نیشتمانی، هیچ سەرچاوەیەکی تریان بۆ گەیشتن بە تەزووی کارەبا نییە. خانەوادەکانی تریش بە کارەبای نیشتمانی و کارەبای موەلیدەکان و موەلیدەی تایبەت بە خۆیان کەمتر لە ١٨ کاتژمێر کارەبایان هەبووە. ئەگەر ئەم داتایانە جه‌نگی ناوخۆییی تائیفی لە عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و سەرهەڵدانی داعش و خاپوورکردنی ناوچە سوننه‌نشینەکانی عێراقیشی بۆ زیاد بکەین، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی پتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی عێراق، وێنەکە زۆر لەوەی کە هەیە خراپتر دەبێت. بەگوێرەی داتاکان، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە تا ساڵی ٢٠١٠، هیچ کاتێک حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە لە سەرووی ٣٩٪ لە پێداویستییەکانی کارەبای هاووڵاتییەکانی دابین بکات.

لە ساڵی ٢٠٠٦، واتە لەو دەمەوە کە عێراق یەکەم حکوومەتی هەمیشەییی پێک هێنابوو، بڕی ٢٢.٧  (بیست و دوو ملیار و حەوت سەد ملیۆن دۆلار) بۆ وەزارەتی کارەبا تەرخان کرا، تا برەو بە کەرتی کارەبا بدات و تا ساڵی ٢٠١٥ زۆربەی پێداویستیی هاووڵاتیان لە کارەبا دابین بکرێت. سەرەڕای دابینکردنی ١٨٥ ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی بەرنامەی گەشەسەندنی نەتەوە یەكگرتووەکان بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبای عێراق. هاوکات ئەمریکا لە هەمان ساڵدا بڕی ٥.٣ (پێنج ملیار و سێ سەد ملیۆن دۆلار)ی بۆ چاککردنەوەی کەرتی کارەبای عێراق تەرخان کرد. قوتابخانەکان، زانکۆکان و نه‌خۆشخانەکان، لەو کەرتە سەرەکییانە بوون کە بەدەست نەبوونی کارەبای پێویسته‌وه‌ دەیانناڵاند؛ واتە دوو کەرتی گرنگ و ژێرخانی هەر وڵاتێک کە ئەوانیش بریتین لە کەرتی پەروەردە و تەندروستی.

کاتێک "عادل عەبدولمەهدی" لە ساڵی ٢٠١٨ بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پلانی گەشەسەندنی وڵاتەکەیدا ڕای گەیاند، کە بوودجەیەکی ١٥ ملیار دۆلاری تەرخان دەکات بۆ بووژاندنەوەی کەرتی کارەبا لە عێراقدا، بەڵام ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق کە بووە هۆی لەسەر دەسەڵات لادانی عادل عەبدولمەهدی و سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئەم پلانەی لەگۆڕ نا. ساڵی ٢٠٢٠ عێراق وڵاتیک بوو کە بەبێ بوودجەی ساڵانەی، بەڕێی کرد. لە ئێستادا عێراق وڵاتیکە کە دابینکردنی کارەبای بۆ هاووڵاتییەکانی، بووە بە بەرنامەی سەرەکیی حزبە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و کابینەی حکوومەت. لە هەمان کاتدا یەکێک لەو کەرتانەیە کە زۆرترین گرفتی هەیە. عێراق وڵاتێکە کە بەپێی ئامارەکان، تا ساڵی ٢٠٣٠ دانیشتووانەکەی دەگاتە نزیکەی پەنجا ملیۆن کەس؛ کەشوهەوای عێراقیش ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو گەرمتربوون و وشکەساڵیی زۆرتر دەچێت، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە گشت کەرتەکانی ژێرخانی ئابووریی عێراق داڕماون؛ بۆیە چاوەڕوان ناکرێت دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، بەتایبەتیش دابینکردنی تەزووی کارەبا کارێکی ئاسان بێت.

لە ساڵی ٢٠١٣، کاتێک کە دانیشتووانی عێراق ٣٣ ملیۆن کەس بوو، بڕی بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا لە عێراق نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ گێگا وات کارەبا بوو؛ ئەمەیش لە کاتێدا بوو کە نرخی نەوت لەوپەڕی بەرزیدا بوو و عێراق لە پلانیدا بوو بۆ ساڵی ٢٠١٥، بڕی بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا بۆ ٢٠ گێگا وات بەرز بکاتەوە و بەم شێوەیەیش بە درێژاییی ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات؛ کەچی لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم ڕێژەیە تەنیا بۆ ١٦.٥ گێگا وات بەرز کرایەوە. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩، ٤٠ ملیۆن کەسی تێ په‌ڕاند. نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر هۆکاری سەرەکی بوو کە دانیشتووانی بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق بڕژێنە سەر شەقامەکان و تەنانەت ئه‌مه‌، هۆکاری سەرەکیی لادانی عادل عەبدولمەهدی بوو لە کورسیی دەسەڵات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتیک کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕۆژنامەی واڵ ستریت بڵاو کرایەوە، داعش نزیکەی ٤٦ ملیار دۆلار زیانی بە ژێرخانی ئابووریی عێراق گەیاندووە کە لەم بڕە، حه‌وت ملیار دۆلار زیان بە کەرتی کارەبای عێراق گەیشتووە و نزیکەی ١٦ ملیار دۆلار زیان بە کەرتی نیشتەجێبوون و ٢.٥ ملیار دۆلاریش زیان بە کەرتی پەروەردە گەیشتووە.

  

ئێران و کەرتی کارەبای عێراق

لە ساڵی ٢٠١٩ ئەمریکا گوشارێکی یه‌كجار زۆری خستە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی برەو بە کەرتی کارەبا بدات و واز لە هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بهێنێت؛ بۆیە وەزارەتی کارەبا هەموو تواناکانی خۆی خستە گەڕ تا کەرتی کارەبای عێراق دووبارە بنیات بنێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی و ئەڵمانی و وڵاتانی عەرەبی گریبەستی واژوو کرد؛ بەڵام وەها دەردەکەوێت کە کارتی گوشاری ئێران زۆر بەهێزتر بوو لە گوشارەکانی ئەمریکا و دواجار ململانێی ئەم دوو دەوڵەتە بووە هۆی ڕووخانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی.

هاتنەسەرکاری کازمیش نەیتوانی ببێتە هۆی چارسەرکردنی گرفتی کارەبا و تەنانەت دۆخەکە خرابتریش لێ هات؛ بۆ نموونە لە زۆرێک لە ناوچەکانی بەغدا لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠ لە هەمبەر هەر کاتژمێرێك پێدانی کارەبای نیشتمانی، شەش کاتژمێر کارەبا دەپچڕا. دۆخەکە لە سەرەتای وەرزی زستان بەرەو خراپتر چوو، کاتێک كه‌ ئێران لە کۆتاییی مانگی دێسه‌مبەری ٢٠٢٠ بڕیاری دا لەو بڕە گازەی کە بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەناردەی دەکرد و بڕەکەی ٥٠ ملیۆن مەتری چوارگۆشە بوو، بۆ ٣ ملیۆن مەتری چوارگۆشە کەم کردەوە؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی نەمانی تەزووی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست و ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ کاتژمێر کارەبا بپچڕێت. عێراق لە کاتێکدا کەوتووه‌تە ئەم دۆخە سەختە، کە هەم وڵاتێکی نەوتییە هەمیش نزیکەی سێچارەکی گازەکەی بەفیرۆ دەڕوا. بەپێی گوتەی "غالب محەمەد"، ئەندامی لێژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق، عێراق ساڵانە نزیکەی ٣ تریلیۆن دینار گاز هاوردە دەکات کە هۆکاری سەرەکیی ئەم هاوردەکردنەیش سیاسەتە هەڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقە.

یەکێک لە بیانووکانی ئێران بۆ ڕاگرتنی هەناردەی گاز، بریتی بوو لەوەی کە عێراق نەیتوانی بڕە پارەی گازەکە بە ئێران بدات کە نزیکەی پێنج ملیارد دۆلارە. بەڵام لە ڕاستیدا، دەکرێ ئەمە بیانوویه‌ك بێت کە چەند ئامانجێک دەپێکێت و بریتین لە:

یەکەم، وەک گوشارخستنێک بۆ سەر حکوومەتەکەی کازمی کە بەگژ هێزە میلیشیاکانی لایەنگری ئێراندا نەچێت. ئەمەیش بەو واتایە دێت کە گشت کەرتە خزمەتگوزاری و مەدەنییەکانی عێراق بەسیاسی کراون.

دووەم، عێراق بەنیازە کە لە وڵاتانی کەنداو، ئوردن، میسر و تورکیا کارەبا هاوردە بکات، بەڵام ئەم پرۆژانە هەم تێچوویان زۆرە و هەمیش کاتی پێویستە تا پرۆژەکان تەوا بن. بۆیە ئێران دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە واژووکردنی گرێبەستێکی درێژخایەن بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، کە ئەمەیش ئەمریکا لە دژی دەوەستێتەوە. لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا، عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ دەستەی پێکەوەگرێدانی کەنداو (هیئة الربط الخلیجي) كرد، کە بۆ قۆناغی یەکەم بڕی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ پارێزگای بەسرا دابین بکات.

سێیەم، ناچارکردنی عێراق و ئەمریکا، تا پارەی هەناردەکردنی گازی ئێران بدات. کە ئەم پارەیە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ناچێتەوە دەست حکوومەتی ئێران. نزیکەی ٣ ملیار دۆلار پارەی گازی ئێران کە پێوستە عێراق بیدات، لە بانکی TBI بلۆک کراوه‌.

چوارەم، ئەمە بۆ جاری سێیەمە کە ئەمریکا، عێراق ئاگادار دەکاتەوە کە چیتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، گاز لە ئێران هاوردە نەکات. ئەمریکا جاری یەکەم ئەم مۆڵەتەی بۆ ١٢٠ ڕۆژ درێژ کردەوە؛ جاری دووەم بۆ ٩٠ ڕۆژ و لە مانگی نۆڤەمبەریش مۆڵەتێکی ٤٥ ڕۆژیی بە عێراق دا کە چیتر گاز لە ئێران هاوردە نەکات. ئەگەرچی ئیدارەی ترامپ سەرلەنوێ مۆڵەتی هاوردەکردنی گازی لە ئێران بۆ دابینکردنی کارەبای عێراق درێژ کردەوە، بەڵام عێراق لە حاڵی حازردا پێویستیی بە پتر لە ١٩ هەزار مێگا وات کارەبا هەیە کەچی دەتوانێ تەنیا ١١ هەزار مێگاوات لە ناوخۆ بەرهەم بهێنێت؛ ئەویش بە یەک دونیا گیروگرفتەوە وەک تێکچوونی هێڵەکانی کارەبا و وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی تەزووی کارەبا.

دواجار، لە کۆتاییی مانگی دێسەمبەری ٢٠٢٠، کاتێک کە عێراق تووشی گرفتێکی گەورە لە بەرهەمهێنانی کارەبا هات بەهۆی نەناردی گاز لە لایەن ئێرانەوە بۆ وێستگە بەرهەمهێنەرەکانی کارەبای عێراق، وەزیری وزەی ئێران سەردانی عێراقی کرد تا لەسەر قەرزە کەڵەکەبووەکانی کەرتی کارەبای عێراق گفتوگۆ بکەن. هەر دوو لایەن ڕێک کەوتن کە عێراق بڕی ٧٠٠ ملیۆن دۆڵار وەک بەشێک لە قەرزەکان بە ئێران بدات. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجدان بوو، بریتی بوو لەوەی کە قەرزەکە لەبری دۆڵار، بە یۆرۆ بە ئێران دەدرێت. ئەمەیش دەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکای لەسەر بووبێت؛ چونکە هەروەک باسمان کرد عێراق بەهۆی گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، نەیتوانیوە پارەی هاوردەکردنی گازی ئێران بدات. بۆیەیش پێدانی پارە بە یۆرۆ وەک تەکتیکێک بۆ دەورەدانی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دێت. بەم جۆرەیش ئەمریکا لە دانەوەی قەرزەکە چاوپۆشی دەکات و ڕەخنەی ئەوەیشی نایه‌تە سەر کە خودی ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێرانی شکاندووە. هاوکات وەک سیاسەتی پشتیوانیکردنی کابینەکەی کازمی لەلایەن ئەمریکاوە دێت، کە لە حاڵی حازردا لەژێر گوشارێکی بەرفراوانی شەقامی عێراق، پەرلەمانی عێراق و لایەنە شیعە و سوننەکانی سەر بە ئێراندایە. لە هەمان کاتدا خودی ئێرانیش لەم وەرگرتنەوەی قەرزە سوودمەند دەبێت کە لە داڕمانی دارایی نزیک بووەتەوە.

پوختە

دانیشتووانی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زۆربووندان. ئابووریی عێراقیش لە هەرەسهێنان نزیک بووەتەوە. نرخی دینار لە هەمبەر دۆلار دابەزیوە و ئاستی بێکاری و هەژارییش لە عێراق بەرز بووه‌تەوە. بوودجەی حەشدی شەعبی زۆرترە لە بوودجەی هەر پێنج وەزارەتەکەی کشتوکاڵ، پیشەسازی، کانزایی، سەرچاوەکانی ئاو، گواستنەوە و گەیاندن. واتە عێراق بەرەو وڵاتێکی عه‌سکەرتاری دەچێت. ژێرخانی کەرتی کارەبای عێراق بەهۆی جه‌نگە یەک لە دوای یەکەکان و گەندەڵیی بەرفراوانی بەرپرسان و دەستڕۆییی ئێران لە عێراق بەرەو هەرەسهێنان ڕۆیشتووە.

گشت ئەم هۆکارانە نیشاندەری ئەوەن کە سەختە عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانێ خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاووڵاتییەکانی دابین بکات. هەروەک چۆن یەکێک لە هۆکارەکانی خۆپێشاندانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نەبوونی کارەبا بوو، کە دواجار ڕووخانی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیی لێ کەوتەوە، دەتوانین بڵیین کە ئەگەری هەیە نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا لە دواڕۆژدا، ببێتە هۆی ناسەقامگیرتربوونی کۆمەڵگه‌ و حکوومەتەکانی عێراق.

 

سەرچاوەکان:

وەزارەتی کارەبای عێراق https://www.moelc.gov.iq/

بانکی جیهانی IHSES KRSO/COSIT/Bank World

تزويد العراق بالطاقة: التحديات التي تواجه قطاع الكهرباء في العراق

https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2020/11/16924.pdf

Electricity in Iraq Factsheet

https://reliefweb.int/sites/reliefweb.int/files/resources/F409BC15DE5570AC8525777C006B1430-Full_Report.pdf

Defeat of ISIS in Iraq Caused $45.7 Billion in Damage to Infrastructure, Study Finds، https://www.wsj.com/articles/defeat-of-isis-in-iraq-caused-45-7-billion-in-damage-to-infrastructure-study-finds-1518389411