ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

پەیماننامەی سەدە لە نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی سوننە

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

لە ساڵی ٢٠١٨دا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، باسی لە پەیماننامەی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە بە "ڕێککەوتننامەی سەدە" ناو نرا. ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بە یەکێک لە گەورەترین ئه‌و ڕێککەوتننامانەی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا واژوو کراوە. واتە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یه‌كه‌م تا کاتی واژووکردنی ڕێککەوتنەکە، هیچ ڕێککەوتنێک بەقەدەر ئەم ڕێککەوتنە گرنگ نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەدەی بیستەم دوو جەنگی جیهانی، دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل، ململانێی نێوان جەمسەری کۆمۆنیستی و سەرمایەداری و سەرهەڵدانی دەوڵەتی نوێ و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و چەندین جەنگی هەرێمایەتیی بەخۆوە بینیوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە سەرەتا بەرهەڵستیی وڵاتانی عەرەبیی لێ کەوتەوە، بەڵام دوای دوو ساڵ یەکەم بەرهەمی ئەم ڕێککەتننامەیە بەدی هات کە بریتی بوو لە ڕێککەوتنی ئاشتی و لێکتێگەیشتن لە نێوان ئیسڕائیل و هەر یەک لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و وڵاتی بەحرێن.

ڕێککەوتننامەی ئاشتی

لە ڕێکەوتی ١٥/٩/٢٠٢٠، ڕێککەوتننامەی چاووەڕواننەکراوی ئاشتی یاخود "ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی دوولایەنە"، لە نێوان هەر یەک لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرێن لەگەڵ ئیسڕائیل واژوو کرا. پەیماننامەکە کاردانەوەی جیهانی و هەرێمایەتی، چ لە دژی ڕێککەوتننامەکە و چ لە پشتیوانیکردن لە ڕێککەوتننامەکە بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام ئەوەی کە گرنگە، ڕێککەوتننامەکە هەنگاوێکە بۆ هێنانەدیی ڕاددەیەک لە سەقامگیری یاخود بە لانی کەمەوە کەمکردنەوە لە ئاستی بارگرژییەکانی نێوان بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان و جیهانی ئیسلامی لە لایەک و ئیسڕائیل لە لایەکی ترەوە. دواتر هێدی هێدی وڵاتانی وەک سوماڵ و مەغریب هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل دا.

ڕەهەندە گرنگەکانی ڕێککەوتننامەکە

دەکرێ بڵیین کە ڕێککەوتننامەکە دوو ڕەهەندی زۆر گرنگی هەیە؛ یەکەم: ڕەهەندی ئابووری/بازرگانی؛ دووەم: ڕەهەندی ئەمنی/سەربازی؛ کە هەردوو ڕەهەند ئەگەر کاری لەسەر بکرێت، تا ڕاددەیەکی بەرچاو، ئاستی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز دەکاتەوە. ئەگەرچی لە لایەکی ترەوە جەمسەربەندیی نوێ دێنێتە کایەوە کە لە لایەک ئێران و ناوچە شیعەنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەیەک لە دژی بەره‌ی ئیسڕائیل و کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی کە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بکەنەوە، پێک دێنن. لەم نێوه‌دا، دەکرێ وەها وێنا بکەین کە پانتای مانۆڕدانی تورکیا زۆرتر دەبێت؛ چونکە کۆماری تورکیای نوێ هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئیسڕائیل، پەیوەندیی لەگەڵ ئەم وڵاتە هەبووە، هەمیش وڵاتێکی لائیک-سوننەیە. ئەمەو سەرەڕای هه‌بوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ هەر یەک لە ئێران و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ.

یەکەم: ڕەهەندی ئابووری/بازرگانی

ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دابەشبوونی ئەم ئێمپراتۆرییه‌ته‌ بەسەر چەندین دەوڵەتی جیاواز و سەربەخۆ و دواتر دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل و دژایەتیکردنی ئەم دەوڵەتە لەلایەن وڵاتانی عەربی و ئیسلامییەوە، بووە هۆکارێک بۆ دابڕانی که‌لتووری و گەشتیاریی نێوان هاووڵاتیانی ئەم دەوڵەتانەدا. بەڵام بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتە دەوڵەمەند و خاوەن بڕیارەکانی عەرەب، پەیوەندییە گەشتیاری و بازرگانییەکان لە نێوان ئەم وڵاتانەدا بەرز دەبێتەوە. ئەمە بەتایبەت بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسڕائیل گرنگە. هەر یەک لە ئیسڕائیل و ئیمارات خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئیسڕائیل تەنیا وڵاتی دیموکراسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییش بووه‌تە مەڵبەندی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران و سەرمایەدارانی وڵاتانی تر. لە حاڵی حازردا، "تاوەری خەلیفە" یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهانە. زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەناو وڵاتانی کەنداوی فارس/عەرەب لە ئیماراتی یەکگروو ئەنجام دەدرێت. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە ئیسڕائیل لە ڕووی تەکنه‌لۆژیای ئاودێری، سەربازی و زانیارییه‌وه‌ لەپێشی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت. کەواتە ئەم ڕێککەوتننامەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان وڵاتانی واژووکاری ئەم ڕێککەوتننامەیە کە لە دواجاردا بە سوودی گەشەی ئابووری دەشکێتەوە.

دووەم: ڕەهەندی ئەمنی/سەربازی

ئەمریکا، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا، هەم هاوپەیمانی سەرەکیی وڵاتانی عەرەبییە و هەمیش هەناردەکاری سەرەکیی چەکی پێشکەوتووە بۆ ئەم وڵاتانە؛ بەڵام تا هەنووکەیش کۆمەڵیک چەک و کەرەستەی سەربازی هەن کە هەناردەی ئەم وڵاتانە ناکرێت؛ بۆ نموونە، فڕۆکەی ئێف ٣٥ و فڕۆکە جەنگییە ئەلکترۆنییە پێشکەوتووەکان. بەڵام بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتە عەرەبییەکان، شانسی دەسگەیشتنی ئەم وڵاتانە بەم جۆرە چەکە پێشکەوتووانە بەرز دەبێتەوە. چونکە هەر لە دوای واژووکردنی ڕێککەوتننامەکە دەنگۆی ئەوە لە ئیدارەی ترامپ بڵاو بووەوە کە ئیماراتی عەرەبی دەتوانێ ببێتە خاوەنی فڕۆکەی ئێف ٣٥. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە بۆ وڵاتە عەربییە سوننەکان، ئەمریکا و ئیسڕائیل دەتوانن گەورەترین پاڵپشتکاریی ئەم وڵاتانە بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی فراوانخوازییەکانی ئێران لە هەر یەک لە عێراق، یەمەن، سووریا، لوبنان و فەڵەستین. هەر بۆیەیش لە ڕێوڕەسمی واژووکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئیمارات، بەحرێن و ئیسڕائیل لە کۆشکی سپی، "بنیامین نەتانیاهۆ"ی سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، ڕووی لە ترامپ کرد و گوتی: "تۆ بە بوێرانە پشتیوانیت لە گەلی ئیسڕائیل کرد و لە هەمبەر ستەمکارانی ڕژێمی ئێران وەستاویتەوە." هەر لە چوارچێوەی ئەم بیرۆکەیەدا بووە کە، لە ڕێککەوتی ٢٤/١٢/٢٠٢٠، کەشتییە جەنگییەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکا پێکەوە لە گەرووی هۆرمۆز دەرباز بوون. ئەم پێکەوە دەربازبوونە بەبێ ڕەزامەندی و هاوبەشیی وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی عەرەبی/فارسی، ئەنجام نەدراوە.
سەرەڕای ئەم لێکتێگەیشتنانەی سەرەوە، بەڵام بە هاتنەسەرکاری "جۆ بایدن" وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بڕیاری دا کە فرۆشتنی جەک بە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابگرێت. لێرەدا پرسیارێک گەڵاڵە دەبێت کە ئەویش بریتییە لەوەی کە، یەکێک لە هۆکارەکانی لێکنزیکبوونەوەی ئیمارات و ئیسڕائیل بریتی بووە لە دەسگەیشتنی ئیمارات بە فڕۆکەی ئێف ٣٥ و ئایا ئەم بڕیارەی جۆ بایدن کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتننامەی ئاشتی دروست دەکات؟ ئەگەرچی دەربازبوونی کات وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، بەڵام دەبێ ڕەچاوی ئەم ڕاستییەیش بکەین کە هەم لۆبیی ئیسڕائیل و هەمیش لۆبیی وڵاتانی عەرەبی لە ئەمریکا هێندە بەهێزە، کە ڕێگر بێت لە ئەگەری هەر جۆرە بڕیارێکی ئیدارەی جۆ بایدن کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەم ڕێککەوتننامەیە دروست بکات.
ئەوەی گرنگە باس بکرێت، زیاد لەم دوو هۆکارانەی سەرەوە، ئەم ڕێککەوتننامەیە دەبێتە هۆی دەرهاتنی ئیسڕائیل لەو دوورەپەرێزییەی کە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بۆ ماوەی حەفتا ساڵ بەسەر ئیسڕائیلدا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەپاندوویانە. بەم واتایەیش لەمەو بەدوا ئیسڕائیل وەک هەر وڵاتێکی تر دەتوانێت لەناوچەکەدا هەڵسوکەوت بکات، هاوپەیمانی ببەستێت و پەیوەندییە بازرگانییەکانی بەرفراوان بکات و پاراستنی ئەمنییەتی وڵاتانی عەرەبی وەک بەشێك لە پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل لێک بدرێتەوە. بە واتایەکی تر، دەکرێ چاوەڕوان بین کە ئیسڕائیل وەک زلهێزێکی هەرێمایەتی، کە خاوەن پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپایە، سەر هەڵبدات و پێناسەی تایبەتی بۆ هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت. ئەمەیش زۆر بەڕوونی دەرکەوت کاتێک کە ئیسڕائیل لەلایەن ئەمریکاوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، هاتە ناو بازنەی ئەمنییەتی "سێنتکام" (United States Central Command -CENTCOM). زیاد لەمەیش، ئەمریکا سیستەمی بەرگریی ئیسڕائیلی، کە بە "گۆمەزی ئاسنین" ناو دەبردرێت و بە یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی بەرگری لە دژی هەر هێرشێکی ئاسمانی هەژمار دەکرێت، بۆ بەرگریکردن لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، كه‌ لەناو خاکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدان، لە دژی هەڕەشەکانی ئێران جێگر کردووە. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە پەیوەندیی سەربازی و هەواڵگری لە نێوان ئیمارات و ئیسڕائیل لە ماوەیەکی کورتی زەمەنیدا پێشکەوتنی زۆری بەخۆوە بینیوە.

داخستنی سنوورەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی

لە ڕێکەوتی ١٨/١١/٢٠٢٠، ئیمارات پێدانی ڤیزای بۆ سێزدە وڵاتی موسڵماننشین ڕاگرت (ئێران، ئەفغانستان، لیبی، یەمەن، سووریا، سۆماڵی، ئەلجەزایر، کینیا، عێراق، لوبنان، پاکستان، تۆنس و تورکیا). زۆربەی ڤیزا ڕاگیراوەکان، لە کەرتەکانی کارکردن و گەشتیاری بوو؛ واتە ئەو دوو سێکتەرەی کە زۆربەی داهاتی ئیمارات لە دوای نەوت پشتی پێ دەبەستێت. حکوومەتی ئیمارات ڕای گەیاندووە کە گرتنەبەری ئەم ڕێکارە بۆ هۆکاری ئەمنی دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی باس لە هۆکاری کۆڕۆنایش دەکرێت، بەڵام هۆکاری ئەمنی، هۆکاری سەرەکییە. بەڵام لە ڕاستیدا چەندین هۆکار هەن کە لە کۆتاییی ئەم نووسینەدا ئاماژەی پێ دەدەین.
ئەوەی کە پێویستە لێرەدا باس بکرێت ئەوەیە کە، بۆچی ئیمارات پێدانی ڤیزای بە عەرەبستان ڕانەگرتووە، بەڵام پێدانی ڤیزای بە تورکیا ڕاگرتووە، کە تورکیا لە سەردەمانێک پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەبووە؟ دەکرێ هۆکاری سەرەکی ئەوە بێت کە عەرەبستان بەنیازە پەیوەندییە نهێنییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل ئاشکرا بکات، هەر بۆیەیش ئاسمانی وڵاتەکەی لە هەمبەر فڕینی فڕۆکەکانی ئیسڕائیل بۆ ئیمارات کردووتەوە؛ سەرەڕای لێکنزیکیی نێوان ئیمارات و عەرەبستان؛ ئەگەرچی لەسەر پرسی یەمەن کۆمەڵێک کێشە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا دروست بوون، بەڵام تا ئیستایش ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعوودیا لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوپەیمانی نزیکی یەکترن. دەکرێ وەها لێکدانەوەی بۆ بکەین کە ئیمارات بەنیازە لە ڕێگەی پێنەدانی ڤێزا بۆ هاووڵاتیانی تورکیا لەلایەن ئیماراتەوە کۆمەڵێک پەیام ئاراستەی تورکیا بکات چونکە:

١- دوای هاتنەسەرکاری ئاکپارتی، حکوومەتی تورکیا بەرەو ڕەوتێکی ئیسلامگەرایییەکی توندئاژۆ و لە دژی ئیسڕائیل هەنگاوی نا. سەرەڕای پشتیوانیکردنی ئاکپارتی لە ڕەوتی ئیخوانی موسلمین کە هەر یەک لە میسر، عەرەبستان و ئیمارات کێشەیان لەگەڵ ئەم ڕەوتە هەیە.

٢- ئەگەر تورکیا لە سیاسەتی توندئاژۆیی، فراوانخوازی و کێشە دروستکردن بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکایش تێک بچێت. دوایین نموونەیش، سه‌پاندنی سزا لەسەر کەرتی سەربازیی تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە لە ١٥/١٢/٢٠٢٠ بوو. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە ئیداره‌ی جۆ بایدنیش تێبینیی زۆری لەسەر هەڵسوکەوتەکانی تورکیا هەیە، بەتایبەتیش لەبارەی داعش و پرسی کورد لە سووریا.

٣- پەیامێکی تر لە پێنەدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی تورکیا ئەوەیە کە، دەبێ تورکیا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل و وڵاتانی ناوچەکەدا بچێتەوە و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە کە تێیدا تورکیایەیەکی توندڕەو و فراوانخواز، بوونی نەبێت. چونکە وڵاتانی ناوچەکە بەدەست فراوانخوازییەکانی ئێرانه‌وه‌ دەناڵێنن و ناتوانن جاوەڕوان بن کە تورکیایش هەمان ڕەفتاری ئێران دووبارە بکاتەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی تری ململانێ بەخۆوە ببینێت. له‌ لایەکی ترەوە دەکرێت کۆمەڵێک هۆکاری تر دەستنیشان بکەین کە بۆچی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ ماوەیەک پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی ئەم سێزدە وڵاتە ڕاگرتووە کە ئەم هۆکارانەیش بەکورتی بریتین لە:

یەکەم، ئەم بڕیارە بە هۆی کردنەوەی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان ئیسڕائیل و ئیمارات دەرکراوە. لە دوای ئەم پەیوەندییە، گەشتە گەشتیارییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەست پێ دەکات. ئیمارات لەوە ترساوە کە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی سێزدە وڵاتە ئاماژەپێکراوەکە، ئەگەری ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی لە لایەن هاووڵاتیانی ئەم وڵاتانە بۆ سەر گەشتیارە ئیسڕائیلییەکان به‌رز بكاته‌وه‌. ئەمەیش ئیمارات لەگەڵ هەر سێزدە وڵاتەکە تووشی کێشە دەکات.
دووەم، ئیمارات بە نەدانی ڤیزا بەم وڵاتانە دوو ئامانجی پێکا: ١. بەردەوامیدان بە پەیوەندیی نێوان ئیمارات و حکوومەتەکانی ئەم سێزدە وڵاتە، چونکە وەک لە خاڵی یەکەم ئاماژەمان پێ دا ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی لەلایەن هاووڵاتیی ئەم سێزدە وڵاتە بۆ سەر گەشتیاری ئیسڕائیلی، ئیماراتی لە هەمبەر ئەم وڵاتانە دەوەستاند. ٢. ئیمارات پەیامێکی بەم وڵاتانە دا کە بچن کێشەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسڕائیل چارەسەر بکەن. واتە چیتر ئیمارات لە بەرەی دژەئیسڕائیلدا نییە.
سێیەم، دەکرێ ئەم پرسیارە بکەین کە ئایا دەستکەوتەکانی ئیمارات لەگەڵ ئیسڕائیل زۆرترە بە بەراورد لەگەڵ دەستکەوتەکانی ئیمارات لەگەڵ ئەم سێزدە وڵاتە، بۆیە ئیمارات پێدانی ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی ئەم سێزدە وڵاتە ڕاگرتووە؟ ئەگەر ئەم گریمانەیە ڕاست بێت، ئیمارات لە ڕێگەی پێنەدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی ئەم سێزدە وڵاتە، پەیامێکی ئاراستەی ئەم وڵاتانە کرد کە لە ئیسڕائیل نزیک ببنەوە چونکە سوودەکانی ئەم لێکنزیکبوونەوەیە زۆرە.

 

کۆتایی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆمەڵێک وەرچەرخانی نوێ و گرنگەوە دەرباز دەبێت، کە لێکەوتەی جیاوازی دەبێت. هاوپەیمانییە کۆنەکان دەگۆڕدرێن و هاوپەیمانیی نوێ سەر هەڵدەدەن. ڕێککەوتننامەی سەدە کە نزیکبوونەوەی ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی، چ بەئاشکرا و چ بەنهێنیی لێ کەوتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە چیتر ئیسڕائیل وەک دەوڵەتێکی نەفرەتلێکراو لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە هەژمار نەکرێت. ئەمەیش بازنەی مانۆڕدانی ئێران بەرتەسکتر دەکاتەوە و چیتر ناتوانێ بە بیانووی دژایەتیکردنی ئیسڕائیل، وەک جاران سیاسەتەکەی لە ناوچەکە پیادە بکات. بۆیە ئێران ناچارە بیر لە سیاسەتێکی نوێ بکاتەوە و بەدوای هاوپەیمانیی نوێدا بگەڕێت. ئەوەی گرنگە بریتییە لەوەی کە گۆڕانکاریی زۆر لە ناوچەکەدا بەڕێوەیە، بەڵام ئەستەمە ئەم گۆڕانکارییانە سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی بێنن.

 

 

 

Latest from هیوا مەجید خەلیل