کۆرۆنا و هەژاری لە هەرێمی کوردستان

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

بەهۆی نەبووی ئاماری ورد و سەرتاسەری، خوێندنەوەی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر تانوپۆی سۆسیۆ-ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەژاری و بێکاری لە هەرێمەکەدا کارێکی سەختە. لەگەڵ ئەمەیشدا، دەکرێ بە کەڵکوەرگرتن لەو داتا، لێکۆڵینەوە و نووسینانەی کە پێشتر لەبارەی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەبوونە و، هەروەها ئەو لێکۆڵینانەی کە لەسەر کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر کۆمەڵگه‌ی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون، کەم تا زۆر بزانرێت کە پەتای کۆرۆنا چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگه‌ی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و لە داهاتوودا لێکەوتەکانی ئەم پەتایە چۆن دەبێت.

خستنەڕووی داتاکان

بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی ئابووری و داراییی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەین، پێویستە سەرەتا بەرچاوڕوونییەک لەبارەی دۆخی داراییی هەرێمی کوردستان لە پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنادا بخەینە ڕوو. بەپێی ڕاپۆرتی The Kurdistan Region of Iraq: Assessing the Economic and Social Impact of the Syrian conflict and ISIS: 2014، بەهۆی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی بەغدا، کە بووە هۆکاری ناسەقامگیریی سیاسی و کەمبوونەوەی سەرمایەگوزاریی ڕاستەوخۆ لە هەرێمی کوردستان، بووژانەوەی کەرتی ئابووری و بەرهەمی ناپوختەی نیشتمانی کە لە ساڵی ٢٠١٣دا ٨٪ بووە، بۆ ٣٪ لە ساڵی ٢٠١٤دا دابەزی. بە واتایەکی تر، بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ دوو لەسەر سێی گشت جۆرە سەرمایەگوزارییەک (ناوخۆ و دەرەکی) کەم بووە.  بەپێی هەمان ڕاپۆرت ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٢، (٣.١٪) بووە، بەرەو (٨.١٪) لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرز بووە.

هاوکات ژمارەی کۆچبەر و ئاوارەکان کە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەهۆی جه‌نگی داعشەوە لەناو هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێ بوونە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ نزیکەی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس بووە. بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریش بە مانای بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری دێت لە نێوان هێزی کاری هەرێمی کوردستاندا. چونکە بەپێی ڕاپۆرتی Kurdistan future 2020، کە وەزارەتی پلاندانان بڵاوی کردۆته‌وه‌، گریمانە کراوە كه‌ تا ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٨٥٠ هەزار تا ١.١ ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستاندا داوای کار بکەن؛ هاوکات نزیکەی ١.٢ ملیۆن کەس لە تەمەنی ١٥ ساڵان بۆ سەرەوە خەریکی کارکردنن. ئەم ڕاپۆرتە گریمانەی بوونی بارودۆخی ئاساییی بۆ هەرێمی کوردستان دەکرد و چاوەڕوانی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنای نەکردووە. کەواتە بە لێکەوتە جیهانییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر بازاڕ و کەرتی نەوت و ڕەچاوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەکرێ گریمانە بکرێت کە دۆخی ئابووری بەرەو قورستربوون بڕوات.

لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەسەر دۆخی ئابووریی هاووڵاتیان

بەپێی ڕاپۆرتێک بە ناونیشانی Rapid assessment of the impacts of COVID-19 on vulnerable populations and small-scale enterprises in Iraq، کە لە مانگی جولای ٢٠٢٠ لەلایەن ڕێکخراوی کاری جیهانییەوە بڵاو کراوەتەوە و پارێزگا سوننەنشینەکان و هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت؛ تێیدا نموونەی ٦١٧ خانەوادە و ٤٢٤ کارگەی وەرگرتووە. ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ خوێندنەوەی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا کۆمەڵێک داتای سەرەتاییمان بەدەستەوە دەدات؛ ئەگەرچی داتاکان تا ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٢٠)ه‌، بەڵام ئەوەی گرنگە داتاکان کاتی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەریش لە هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت. لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکان کە ئاراستەی بەشداربووان لە ڕاپرسییەکەدا کراوە کە "ئایا هێشتا لە کارکردن بەردەوامن؟" تەنیا (٣٥٪)ی بەشداربووان هاوشێوەی پێش کۆرۆنا لە کارەکانیان بەردەوام بوونە و ڕێژەی (٢٤٪) لە کاتژمێرەکانی کارکردنیان کەم بووەتەوە و ڕێژەی (١٠٪) بە شێوەی کاتی لە کارکردن دەرکراون و، ڕێژەی (٣١٪) بە شێوەی هەمیشەیی لەسەر کارەکانیان دەرکراون. کەواتە (٤١٪)ی بەشداربووان لە شەش مانگی یەکەمی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا بێکار بوونە و، ئەمەیش ڕێژەیەکی یه‌كجار بەرزە. کێشەکە تەنیا لەدەستدانی کار نییە، چونکە بەپێی هەمان ڕاپۆرت کرێکار (employed) لە پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا مانگانە ٣٥٠ هەزار دینار داهاتی هەبووە کە ڕاستییه‌كه‌ی داهاتێکی کەمە، بەڵام بە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا ئەم داهاتە بە ڕێژەی (٤٠٪) کەمی کردووە  و بووەتە بە مانگانە ٢٢٠ هەزار دینار. ئەوانەیش کە داهاتیان پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا ٢٢٠ هەزار دینار بووە، ئەم داهاتە بۆ ١٠٠ هەزار دینار لە مانگی پێنجی ٢٠٢٠ کەم بووەتەوە. بە واتایەکی تر، ئەم بڕە پارەیە تەنانەت هاوتای ئەو بڕە پارەیە نییە کە بۆ دیاریکردنی ئاستی هەژاری لە عێراق دیاری کراوە، چونکە بەپێی داتاکانی بانکی جیهان، لە عێراق کەسێک لە هێڵی هەژاریی ڕێژەیدا دەژیت کە داهاتی ڕۆژانەی ٣.٢ دۆلار (سێ دۆلار و بیست سەنت) یاخود ١١١ هەزار دینار لە مانگێکدا خەمڵێنراوە.

 ئەوەی گرنگە بریتییە لەوەی کە کێشە تەنیا دابەزینی داهاتی مانگانە نییە بەڵکوو پێویستە ڕەچاوی گرانبوونی بازاڕ لە هەمان مانگدا بکەین تا بزانین دابەزینی داهاتی مانگانە و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکانی ناو بازاڕ تا چ ڕادده‌یەک کاریگەری لەسەر ئاستی توانای کڕین (purchasing power parity)ی هاووڵاتیان دروست دەکات. بەپێی ڕووپێوێک کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامی داوە بە ناونیشانی "توێژینەوە لەسەر شوێنکار و کاریگەرییەکانی نەخۆشیی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکانی خێزان لە عێراق و هەرێمی کوردستان"، نرخی کۆمەڵێک کاڵای لە مانگی شوبات و ئاداری ٢٠٢٠ بڵاو کردوتەوە کە چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا هاتووە، چونکە لە مانگی ئادار قەدەغەی هاتوچۆ و قەره‌نتینەی گشتی ڕاگەیه‌نرا و سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا بوو. بەپێی ڕاپۆرتەکە نرخی کاڵاکان بەم جۆرەی خوارەوە بەرز بووەتەوە:

یەکەم، پێداویستییە خۆراکییەکانی وەکوو: برنجی بازرگانی هاوردەکراو (٥.٩٪)، شیری منداڵان (٥.٣٪) پیازی وشک (٥٩.٣٪)، سیری وشک (٨٠.٨٪)، تەماتە (٤٠.٢٪)، لیمۆ (٥٥٪).

دووەم، پێداویستییەکانی پزیشکی و  پاککەرەوەکانی ناوماڵ وەکوو: دەمامکی ئاسایی (٤٠١.٤٪)، دەمامکی بە فلتەر (٢٩٢.٥٪)، دەستکێشی پزیشکی (٧١.٨٪)، پاککەرەوەکان (٤٩.٩٪)، فاس (٤.٥٪)، سابوونی دیتۆڵ (٩٩.٤٪)، کلێنیکس (٨٪)، دایبیی منداڵان (٥.٩٪).

 کەواتە بەپێی ئەم داتایانە، لە سەرەتای هاتنی کۆرۆناوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە سێ ڕەهەندەوە لە کوالێتیی ستانداردی ژیانیان دابەزیوە کە دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە کورتیان بکەینەوە:

یەکەم: داخستنی بازاڕ و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانی حکوومەت بەهۆی قەرەنتینەی سەرتاسەرییەوە، کە ئەمەیش بووە هۆی پەکخستنی جموجۆڵی بازاڕ. نەمانی جموجۆڵی بازاڕ واتە وەستانی سووڕانەوەی دراو کە هۆکاری سەرەکیی وەگەڕخستنی بازاڕ و بەرفراوانبوونی هەلی کارکردنە. ئەمەو سەرەڕای لایەنی مەعنەویی بازاڕ کە زۆر جار بۆ کات بەسەربردن بەکار دێت.

دووەم، داخستنی بازاڕ هاوکات بووە بە لەدەستدانی کار بە ڕێژەی نزیکەی ٤٠٪، بەپێی ئەو ئامارەی کە لەسەرەوە باسمان کرد. ئەگەرچی ئامارەکە سەرتاسەری هێزی کاری لە هەرێمی کوردستان لەخۆ نەگرتووە بەڵام سەرەداوێکمان بەدەستەوە دەدات بۆ زانینی دۆخی گشتیی کۆمەڵگه‌. دەکرێ ئەم داتایە لە ڕاستییەوە نزیک بێت؛ چونکە بۆ نموونە لە کاتی قەدەغەکردنی هاتوچۆی گشتی و بەپێی ڕاپۆرتی "سەندیکای گواستنەوە" لە هەرێمی کوردستان، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر، ٤٥ هەزار شۆفێری تەکسی بێکار بووە. ئەگەر گریمان هەر شۆفێرێک خێزانێکی ٤ کەسی بەڕێوە دەبات، کەواتە دەتوانین بڵێین نزیکەی ١٨٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگای هەولێر بەهۆی وەستانی کەرتی تەکسی لە ئاستی کوالێتیی ژیانیان دابەزیوە. ئەمەو سەرەڕای داخستنی ئەو شوێنانەی کە پەیوەندییان بە کاری گواستنەوە هەیە وەک بەنزینخانەکان، فیتەرخانە، ڕوونگۆڕەکان و... .

سێیەم، سەرهەڵدانی کۆرۆنا هاوکات بوو بە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کە تەنانەت بۆ (٢٠-) دۆلار دابەزی. ئەمەیش بووە هۆی بێتواناییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێدانی مووچەی تەواو و لە کاتی خۆیدا بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی. پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران، بووە هۆی ئەوەی کە تەنانەت لە کاتی هەڵگرتنی قەرەنتینەی سەرتاسەری و کردنەوەی بازاڕەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بازاڕ نەگەڕێتەوە دۆخی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا، بەتایبەتیش لە کەرتەکانی گەشتوگوزار و ڕێستۆرانتەکان، چونکە هەم هاووڵاتی پارەی نەبوو بۆ گەیشتکردن خەرجی بکات، هەمیش تا ڕاددەیەک ترس لە گەشتکردن هەبوو کە تووشی پەتای کۆرۆنا بن.

پەتای کۆرۆنا تەنیا کەرتی گەشتیاری و بازاڕی پەک نەخست؛ بەڵکوو بەپێی ئامارێک کە ڕاپۆرتی "هەڵسەنگاندنی ڕەوشی کار و ژیانی کرێکاران لە سەردەمی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا" لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوی کردەوە و زانیارییەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، لە کۆی ٣،٧٣١ کارگەی مۆڵەتپێدراو، ٢٢٨٧ کارگە بەهۆی پەتای کۆرۆناوه‌ داخراون و بووەتە هۆی ئەوەی کە نۆ هەزار کرێکار کە لەم کارگەیانەدا کاریان دەکرد کارەکانیان لەدەست بدەن؛ واتە نزیکەی ٦١٪ کارگە داخراون. ئەگەر بە هەمان شێوە گریمان، هەر کەسێک لەم کارگەیەدا چوار کەس بەخێو بکات، کەواتە ٣٦ هەزار کەس لە کوالێتیی ژیانیان دابەزیوە. ئەمەو سەرەڕای ژمارەی ئەو کەسانەی کە کاڵا بۆ ئەم کارگانە دەگوازنەوە یاخود ئەو کەسانەی کە کەرەستەی سەرەتایی بۆ ئەم کارگانە دابین دەکەن. بەپێی هەمان ڕاپۆرت تەنیا لە مانگی نیساندا لە کەرتی بیناسازی، ٣٥٠ هەزار کرێکار بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کارەکانیان لەدەست داوە. سەرلەنوێ، دەبێ ژمارەی ئەو کەسانەیش ڕەچاو بکەین کە پەیوەندییان بەم کەرتەوە هەیە وەک کاشیفرۆش، کارگەی چێمەنتۆ و گێچفرۆش.

کەواتە بەپێی ئەو داتایانەی کە لە سەرەوە خرانە ڕوو، دەتوانین بڵێین کە ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش ئەو کەسانەی کە بە شێوەی سەربەخۆ کار دەکەن یاخود بۆ کەرتی تایبەت و کارگەکان کار دەکەن، لە هەڵكشانێکی بێوێنەدا بووە. بۆ نموونە، بەپێی ڕاپۆرتی ده‌سته‌ى‌ ئامارى ‌ھه‌رێمى ‌كوردستان کە لە ٢٨/٣/٢٠٢٠ بە ناوی "ڕاپرسیی ڕای گشتی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان" بڵاوی کردوتەوە و تێیدا ٤٩٠٣٧ کەس بەشدار بوونە، ڕێژەی نزیکەی ٧٤٪ کێشەی ئابوورییان هەیە و ٤٤٪ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گەورەترین گرفت کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا تووشی بوونە، بریتییە لە بێکاری.

 

گشت ئەم داتایانە تایبەتن بە قۆناغی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا؛ ئەگەر بێت و ڕەچاوی داتاکانی قۆناغی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا بکەین دۆخەکە خراپتر دێتە بەرچاو. بۆ نموونە، بەپێی لێدوانێکی گوتەبێژی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان/لقی سلێمانی، بەهۆی جه‌نگی داعش و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ لە کۆی ١٢٠٠ کۆمپانیا کە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا هەبوونە، ٨٠٠ کۆمپانیا مایەپووچ بوونە و داخراون. ئەگەر چاوێک بە تۆمارکردنی ژمارەی کۆمپانیاکاندا بخشێنین، دەبینین لە پارێزگای سلێمانی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٣٦٠ کۆمپانیا تۆمار کراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکە ٦٠٠ کۆمپانیا تۆمار کراون؛ واتە نزیکەی ٤٠٪ لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان دابەزیوە. لەگەڵ ئەمەیشدا خەسڵەتی ئەم کۆمپانیانە، خەسڵەتی بەرهەمهێنەر نین، چونکە زۆربەیان لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی پاککردنه‌وه‌، دابەشکردنی خۆراک، بریکاری بازرگانی و هاوردەکردنی ئاژەڵدا چالاکن. واتە کۆمەڵێک کۆمپانیای لەرزۆکن کە کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووریی وڵاتدا دروست ناکەن، ئەگەرچی تا ڕاددەیەک دەرفەتی کارکردن بۆ کەسانێک کە خاوەن شارەزایی لە بوارێکی تایبەتدا نین دەڕەخسێنن.

پوختە

دۆخی داراییی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، دۆخێکی نالەبار بووە. ئەگەرچی بەپێی داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان ١٥٪ بووە. هه‌رچه‌نده‌ دەکرێ ئەم داتایەیش لە ڕووی چۆنێتیی ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی ئەم ڕێژەیە جێگەی گومان بێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا ڕێژەیەکی بەرزە و بێ گومان پەتای کۆرۆنا ڕەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. دەکرێ لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر دۆخی داراییی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە نەمانی کۆرۆنایش تا کاتێکی نادیار هەر بەردەوام بێت؛ چونکە ئەوەی کە بەشێک لە داهاتەکەی کۆ کردۆتەوە، ناچارە خەرجی بکات و ئەو کەسەیش کە داهاتی نییە ناچارە قەرز بکات. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتیش ماوەیەکی پێویستە تا بکەوێتەوە سەر پێ و، دۆخی مووچەپێدانی هاووڵاتیان باشتر بکات. بەکورتی، دەکرێ چاوەڕوان بین تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١یش ڕێژەی هەژاری بەرەو بەرزبوونەوە بچێت.