ھێزە شيعەكان بۆچی لە كورد ھەڵگەڕانەوە؟

 

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا*

 

پێشەكی

لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقی نوێ و پەسەندكردنی دەستووری ھەمیشەیی، پەیوەندییەكی توندوتوڵ لە نێوان كورد و ھێزە شیعەكاندا ھەبووە و، ھەردوو لا پاڵپشتییان لە دابەشكردنی دەسەڵات دەكرد لە عێراقدا و لەگەڵ ناوەندێكی بەھێز نەبوون. ئەم تێڕوانینە ھاوبەشە، یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی كورد و شيعە بەھاوبەشی و تەوافق دەستووری ھەمیشەیی پەسەند بكات. ئەوكات شيعەكان نەك ھەر دژی سیسته‌می فیدڕاڵی نەبوون، بەڵكوو خۆشیان پرۆژەیەكیان ھەبووە بۆ بە فیدڕاڵیكردنی ناوچە شيعەكان.

ڕاستییەکەی ھۆكاری نەرمینواندنی پێكهاتەی شيعە و بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئێران بوون لەو سەردەمەدا بەرامبەر كورد و مافە دەستوورییەكانی، خۆی لە چەند ھۆكاریدا دەبێنییەوە. یەكەم، ئەوكات شيعەكان و ئێران ترسیان لەوە ھەبوو كە ئەمریكا دەسەڵاتێكی بەھێز، عه‌لمانی، ناسیونالێست و ھاوپەیمانی خۆی لە بەغدا دروست بكات. دووەم، شیعەكان ترسیان ھەبووە كە ئەمریكا دەسەڵاتێكی ھاوشێوەی سەددام حوسێن لەژێر ناوێكی دیكەدا دووبارە لە عێراق زیندوو بكاتەوە. سێیەم، شيعەكان ئەوكات پێگەیان زۆر لاواز بوو و ھیچ ئەزموونێكیان لە فەڕمانرەواییدا نەبوو و باوەریان نەدەكرد ڕۆژیك دێت دەبنە خاوەن دەسەڵات لە عێراقدا. ئەمە لە كاتێكدا بووە كە كوردەكان دەسەڵاتێكی بەھێزیان ھەبووە و خاوەن حکوومەت و پەرلەمان بوون. چوارەم، ئێران و ھاوپەیمانەكانی مەترسییەكی دیكەیشیان ھەبووە، ئەویش ئەوە بووە كە ئەمریكا عێراق بكاتە بنكەیەكی سەرەكی بۆ لێدانی ئێران.

بەڵام ھاوپەیمانی و لێكنزیكیی كورد و ھێزە شيعەكان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا زۆری نەخایاند. لە دوای 2008 كاتێك شيعەكان توانییان لە ڕێگەی كارتی زۆرینەوە دەسەڵاتی خۆیان لە بەغدا بەھێز بكەن و لە ڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە دەست بەسەر ھەموو جومگە گرنگ و ھەستیارەكانی دەسەڵاتدا بگرن؛ بەتایبەت دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2011 و، ڕاوەدوونانی ئەكتەرە سیاسییە بەھێزەكانی عەرەبی سوننە، ئەوكات شيعەكان كەوتنە دژایەتیكردنی كورد و مافە دەستوورییەكانی. ھێزە ئیسلامییەكانی شیعەی دەسەڵاتدار، دوای نزێكەی 18 ساڵ لە فەڕمانرەوایی، نەك ھەر ھیچ ھەنگاوێكیان نەھاوێشت بە ئاراستەی پراكتیزەكردنی ئەو ماددە دەستوورییانەی پەیوەندیی بە ھەرێمەوە ھەیە، لەوانەیش پرسی نەوت و گاز، مادده‌ی 140 و كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان، پرسی پێشمەرگە، بەشه‌ بوودجەی ھەرێم و پراكتیزەكردنی ڕاست و دروستی دەستووری عێراق، بەڵكوو كەوتنە دژایەتیكردنی ھەموو مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی کوردستان.

لێرەدا ڕاستییەك ھەیە ئەوەیش ئەوەیە كە، ھێز و لایەنە شیعەكان كە لە بەغدا باڵادەستن، لە جیاتی ئەوەی ھەوڵی پراكتیزەكردنی بەندەكانی دەستوور بدەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی به‌ مافە دەستوورییەكانی ھەرێمەوە ھەیە، زۆربەی پرسەكان بەسیاسی كراون و وەك كارتێك دژی ھەرێم بەكار دەھێنرێن. لەم چەند ساڵه‌ی دواییشدا گوشار و ھەڕەشەكانی ئەو ھێزانە له‌ ڕووی سیاسی، ئابووری، ڕاگەیاندن و تەنانەت سەربازییشەوە  بۆ سەر ھەرێم زیاتر  بووە. دیارە ھێزە شیعەكان و بەتایبەت ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران، تەنیا بەوە نەوەستاون كە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە ھەوڵی لاوازكردنی ھەرێم بدەن، بەڵكوو زۆر جاران لە ڕێگەی ھێرشكردن و ھەڕەشەی سەربازییشەوە مەبەستیان بووە قەوارەی ھەرێم ھەڵبوەشیننەوە یان لاوازی بكەن.

لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە 16 ئۆكتۆبەری 2017 بە ھاندان و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ئێران، ئەو میلیشیانە ھێرشیان كردە سەر كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان و تەنانەت ھەوڵیان دا شتێك نەمێنیت بە ناوی ھەرێم. ھاوكات لەگەڵ زیاتر گرژبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و سەپاندنی گوشاری ئابووری بەسەر ئێراندا، ئەو گرووپانە مەیدان و شوێنی ھێرشەكانیان دژی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا تەنیا لە بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا نەھێشتەوە. ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران 30 ئەیلوولی 2020 چەندین مووشەكیان ئاراستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵه‌تیی ھەولێر كرد. بە ھەمان ئاراستەیش لە 15ی شوباتی 2021، دیسان هێرش کرایە سەر چەند ناوچەیەكی دیاریكراو لە هەولێر. لەم ھێرشەدا چەند مووشەکێک بەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن. ھەروەھا لەم ھێرشە مووشەكییەدا بنكەی سەربازیی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیك فڕۆکەخانەی ھەولێر كرانە ئامانج.

ھۆكارەكانی پشت گوشاری ھێزە شيعەكان دژی ھەرێم

لێرەدا پڕسیاری گرنگ ئەوەیە: بۆچی لایەنە شيعەكان لە كورد ھەڵگەڕاونەتەوە؟ بۆچی ھێزە شیعە تەقلیدییەكان ئەوەندە دژایەتیی ھەرێم دەكەن و ئامادە نین كێشەكان لەگەڵ كورد لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكەن؟ داخۆ ھۆكار و ڕەھەندەكانی پشت گوشارەكانی ھێزە شيعەكان، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئێرانن، لە دژی ھەرێم لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ بە شێوەیەكی گشتی، دەكرێ ھۆكارەكانی دژایەتیكردنی كورد لەلایەن ھێزە شیعەكانەوە لەم خاڵانەی خوارەوەدا دا كۆ بكەینەوە:

یەكەم: پێكھاتەی شیعە و ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران بە شێوەیەكی تایبەتی، تێڕوانین و بۆچوونیان سەبارەت پرۆسەی سیاسیی عێراق و دەستوور گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا ھاتووە. ئێستا ئەوان ھیچ باوەڕێكیان بە دەستوور و بنەماكانی شەراكەت، ھاوبەشی و ھاوسەنگی نەماوە و ھەوڵ دەدەن كە بەتەواوەتی كۆنترۆڵی عێراق بكەن. ئەوان مەبەستیانە لە ڕێگەی گەمەی زۆرینەوە ھەژموونی خۆیان بەسەر ھەموو عێراقدا- بە كوردستانیشەوە- بسەپێنن. بەتایبەت شيعەكان پێیان وایە كە ئەو دەستوورەی كە لە ساڵی 2005 نوسراوە، لە كاتێكی نالەباردا بووە و دەسەڵاتی زۆری بە  كورد دراوە. بۆیە ھەوڵ دەدەن نەك ھەر ئەو دەسەڵاتانەی ھەرێم كەم بكەنه‌وه‌، بەڵكوو ئەگەر پێیان بكرێت قەوارەی ھەرێمیش نەمێنیت یان دابەشی بكەن.

لێرەدا، سیاسەتی پێكھاتەی شيعە بە ئاراستەی دروستكردنی دەسەڵاتێكی مەركەزیی توند و چڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە بەغدا. بەڵام، ئەوەی ڕێگرە لە بەردەم ئەم سیاسەتە ھەژموونخوازییە، خۆی لە دوو فاكتەری سەرەكیدا دەبێنیتەوە: یەكەم، مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا و، دووەمیش، بوونی ھەرێمێكی فیدراڵی وەك ھەرێمی كوردستان. بۆیە شيعەكان، بەتایبەت ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران، ھەموو ھەوڵێكیان خستۆتە گەڕ، ھەم بۆ دەركردنی ئەمریكا لە عێراق و ھەمیش بۆ لاوازكردنی پێگەی دەستووریی ھەرێم.

دووەم: سیاسەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی، دیسان ھۆكارێكی ترە بۆ زیاتربوونی گوشاری ھێزە شیعەكان دژی ھەرێم. ئێران و ھێزە شيعەكان نێگەرانن لەوەی كە ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدات لە پەیوەندییەكانی خۆیدا لەگەڵ ئەكتەرەكانی ناوچەكەدا جورێك لە ھاوسەنگی ڕابگرێت یان خود پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەبی سوننەدا ھەبێت. بەتایبەت ئێران نیگەرانە لەوەی كە نەك ھەر ھەرێم پاڵپشتیی بڕیاری پەرلەمانی عێراق نەكرد لە 5ی كانوونی دووەمی 2020 بۆ دەركردنی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، بەڵكوو، بەپێچەوانەوە ئێستا ھەرێمی کوردستان بووه‌تە پێگەیەكی گرنگ بۆ جێگیركردنی ئەو ھێزانە. بەرپرسانی ئێران بەردەوام وەك ھەڕەشەكردن بە ھەرێمیان گوتووە كە، ڕۆژیك دێت ئەمریكا لێرە نامێنێت، بەڵام ئێمە دراوسییەكی ھیەمیشەییی ئیوەین. بۆیە، نابێت پاڵپشتیی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا بكەن.

سێیەم: بچووككردنەوەی ھەرێمی کوردستان و لاوازكردنی پێگەكەی و تەنانەت كاركردن بۆ ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی ھەرێم، یەكێكی ترە لە ھۆكارەكانی دروستكردنی گوشار لەسەر كورد؛ بەتایبەت ھێزە شيعەكان بەردەوام لەم چەند ساڵەدا فاكتەری ئابووری و مووچە و بوودجەیان وەك كارتێكی گوشار دژی ھەرێمی کوردستان بەكار ھێناوە. لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بڵێین مەبەستی ھێزە شيعەكان لە بڕینی شایستە دارایییەكانی ھەرێم لەپێناوی چەند ئامانجێك بووە. یەكەم، دروستكردنی ناسەقامگیری لە كوردستان لە ڕێگەی خراپتركردنی بارودۆخی ئابووریی كوردستان. دووەم، لاوازكردنی پێگەی "پارتی"، بەتایبەت لە ھەڵبژاردنەكاندا و، ھەوڵدان بۆ ھێنانەسەركاری دەسەڵاتێك لە كوردستان كە لەژێر فەرمان و سیاسەتی ئێراندا بێت. سێیەم، ئامانجێكی تری شيعەكان ئەوە بووە كە سلێمانی بە ئاراستەی جیاكردنەوە لە ھەرێم ببەن. بەداخەوە ھەندێك لایەنیش لە ھەرێم، لەگەڵ ئەم سیاسەتەی بەغدان؛ وەك چۆن لە كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان ھەمان كاریان بۆ بەغدا و ئێران كرد.

چوارەم: ئێران و لایەنە شیعەكان، كوردەكان بە مەترسی دەزانن  بۆ سەر كۆڕیدۆری خاكی شيعە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا و بەتایبەتیش لە دەڤەری شنگال.  ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی، زۆر نیگەرانن لەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان حكوومەتی ھەرێم و بەغدا كراوە سەبارەت شنگال و، بە زیان بۆ سەر بەرژەوەندیی خۆیان لێكی دەدەنەوە و بە ھەڕەشەی دەزانن بۆ سەر ئەو كۆڕیدۆرەی كە لە عێراقەوە بەرەو سووریا و لوبنان دەچێت. بەتایبەت ڕێككەوتنی شنگال باس لەوە دەكات كە دەبێت ھێزە میلیشیاكان لە شنگال بچنە دەرەوە. بێ گومان ئەمەیش مانای وایە كه‌، دەبێت ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران، كە ئێستا لە شنگال باڵادەستن، لە شنگال بچنە دەرەوە. بۆیە ھەم ئێران و ھەم ھێزە پرۆكسییەكانی، لەم ڕێككەوتنەی نێوان ھەرێم و بەغدا نیگەرانن و دەیانەوێت ھەم بە گوشارخستنە سەر كورد و ھەم تێكدانی پەیوەندیی نێوان كازمی و حكوومەتی ھەرێم، ئەم ڕێككەوتنە ھەڵبوەشێننەوە.

پێنجەم: خاڵێكی دیكەی گرنگ سەبارەت دژایەتیكردنی ھەرێم لەلایەن ھێزە شیعە تەقلیدییەكانەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2021 عێراق لە بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردندایە. ئەوەی ئاشكرایە، بارودۆخی ھێزە ئیسلامییە شیعەكان باش نییە. ئەوه‌ی ئەو مەترسییەی زیاتر كردووە، ھەنگاوەكانی حكوومەتی كازمییە بۆ ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێری و سەرپەرشتیی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان بكەن. بێ گومان ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، دەرفەتی تەزویركردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان زۆر كەمتر دەبێت و ھێزە ئیسلامییە شیعەكان وەك جاران دەستیان كراوە نابێت بۆ ئەوەی تەزویر بكەن. ھەر بۆیەیش، ئەو ھێزانە زۆر بەتوندی دژی ئەو پێشنیارەی حكوومەتی عێراقن، بە بیانووی ئەوەی ئەمە پێشێلكردنی سەروەری و سیادەی عێراقە.

ڕاستییەکەی، ھەڵوێستی گرووپە شیعە تەقلیدییەكان بۆ ڕەتكردنی پێشنیاری سەرپەرشتیكردنی ھەڵبژاردنەكان لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان باش دەزانن شەقامی شيعە لێیان ڕازی نین. بەتایبەت لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2019 خۆپێشاندانی گەورە لە ناوچە شیعەكان بەبەردەوامی ئەنجام دەدران. زۆربەی دروشمەكانیان دژی ئێران و ھێزی ئیسلامییە شيعەكان بوو. خۆپێشاندەران ئەو ھێزانە تومەتبار دەكەن بەوەی كە، گەندەڵن و نەیانتوانیوە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە ھاووڵاتیان بكەن. بۆیە، ھێزە سیاسییە شيعەكان ترسی ئەوەیان ھەیە لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا تووشی شكستی گەورە بن.

ھەر بۆیەیش، سیاسەتی ھێزە شیعە تەقلیدییەكان لە ئێستادا بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا و ڕاكێشانی دەنگی شەقامی شیعە، بریتییە لە  دروستكردنی ناكۆكیی ئیتنی و نەتەوەیی لەگەڵ كورد. ھێزە شيعەكان دەیانەوێت بە زەقكردنه‌وه‌ی ناكۆكی لەگەڵ كورد و گەمەكردن بەو كارتە، دەنگ و پاڵپشتیی شەقامی عەرەبی بە لای خۆیاندا ڕابكێشن. ئەمە لە كاتێكدایە كە جارانی پێشوو ھێزە شیعەكان زیاتر بۆ ڕازیكردنی دەنگی شەقامی شیعە و ڕاكێشانی پاڵپشتییان، وێرای دژایەتیكردنی كورد، زۆر كاریان لەسەر زەقكردنه‌وه‌ی ناكۆكیی نێوان شيعە و سوننەیش دەكرد.

 

* نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد. مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین