ئیدارەی جۆ بایدن: هەوڵیک بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراقدا

زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست- زانکۆی ئێکسیتر و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان- زانکۆی سەڵاحەددین

پێشەکی

جۆ بایدن سەرەڕای جۆریک لە بێدەنگی بەرامبەر کێشە و ئاڵینگارییەکانی عێراق، بەڵام بەپێی دامەزراوە سەرەکییەکانی پەیوەندار بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، چەند هەفتەیەکە تیمەکەی بایدن خەریکی جۆرێک لە پێداچوونەوە و داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکان لە عێراقدا. سەرەڕای دۆسییە لەپێشەکانی تری ئیداری بایدن، کە تایبەتن بە ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا عێراق لە سیاسەتەکانی جۆ بایدندا گرنگی و پێگەیەکی تایبەتی دەبێت. ‌هەڵبەتە نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان قوربانیی گیانی و ماددیی زۆریان داوە لە عێراق، بەڵکوو لەبەر ئەوەی عێراق دەرگه‌ی سەرەکیی ئێرانە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئیدارەی پێشووتری ئەمریکاش هەمیشە وەک کارتێک سەیری عێراقی دەکرد کە دەکرێت ببێتە بەربەست لە بەردەم هەڕەشە و پەلهاوێشتنەکانی ئێران لەناوچەکه‌دا. هەر بۆ ئەم مەبەستەیش ئیدارەی ترامپ لە ڕێگه‌ی کازمییه‌وه‌ هەوڵی دەدا بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران لە عێراقدا.

‌سەرەڕای شارەزاییی سەرۆک بایدن لە دۆخی عێراق و ناوچەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا وردەکارییەکانی سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەتەواوی ڕوون نین لە عێراقدا، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە بەشێکی سیاسەتەکانی بایدن هەر درێژەپێدەری سیاسەتی پێشووتری ترامپن؛ بەشەکەی ترییشی پێویستیی بە پێداوچوونەوە و داڕشتنەوەیە کە ئێستا وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەیانەوێت کاری لەسەر بکەن.

سنووردارکردنی هێرشەکان لە دەرەوەی ئەمریکادا

چەند مانگێک دوای هاتنەسەرکاری، جۆ بایدن هێرشەکانی ئەمریکای لە ڕێگه‌ی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وه‌- لەو شوێنانەی کە ئەمریکا ئامادەییی سەربازیی هەیە، لە دەرەوەی سنوورەکانی، واته‌ لە هەر یەکە لە ئەفغانستان و سووریا و عێراق- زۆر سنووردار کرد؛ ئەمەیش بەپێچەوانەی ئیدارەی ترامپ کە بەفراوانی پشتی بەم جۆرە ستراتیژە دەبەست. وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، "جۆن کێربی"، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمەی پشتڕاست کردەوە و گوتی کە هەر هێرشێکی پلان بۆداڕێژراو دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ئەفغانستان و سووریا و عێراق، دەبێت پێشوەختە ڕەزامەندیی کۆشکی سپیی لەسەر وەربگیرێت. بەپێی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بایدن بەنهێنی سەرکردە سەربازییەکانی لەو فەرمانە ئاگادار کردۆتەوە. هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئیدارەی ترامپ، وەشاندنی گورزە سەربازییەکان لە ڕێگه‌ی فڕۆکە ئاڕاستەکراوەکانه‌وه‌ دوو ئەوەندە زیادی کرد؛ لە سۆماڵ لە ١١ ئۆپەراسیۆن لە ساڵی ٢٠١٥، بۆ ٦٤ ئۆپەراسیۆن لە ساڵی ٢٠١٩. ئەم هێرشانە زیاتر لەو وڵاتانە بوو کە قەبارەی هێزە ئەمریکییەکانی تێدا سنوردار بوو، واتا کەمیی ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان بەو فڕۆکە ئاڕاستەکراوانە پڕ دەکرایەوە.

بایدن بە دوای هێورکردنەوە و سەقامگیریدا دەگەڕێت

ئەوەی تێبینی دەکرێت لەسەر ئیدارەی بایدن ئەوەیە کە، بایدن زیاتر مەیلی بە لای سیاسەتی بەرپەرچدانەوە (deterrence)یە، ئه‌وجا سیاسەتی هێورکردنەوە. ئەو هێرشە ئاسمانییەی کرایە سەر میلیشیاکان لەناو خاکی سووریا، هەوڵێک بوو لەم جۆرە؛ واتا بایدن ویستی هێڵی سوور پیشانی میلیشیاکانی عێراق بدات بۆ ئەوەی جارێکی تر هێرشی لەو شێوەیەی هەولێر دووبارە نەکەنەوە. پێنتاگۆن ویستی ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی گیانی سەربازە ئەمریکییەکان و ئامادەیە وەڵامی هەڕەشەی میلیشیاکان بداتەوە. ئەمە جگە لەوەی واشنتن لەو ڕێگه‌یەوە چەند ئاماژەیەکیشی بۆ ئێران نارد کە لەمەودوا بەرپرسیارێتیی لەو شێوەیەی دەکەوێتە ئەستۆ.

دوای هەنگاوی یەکەمی وەڵامدانەوەی هێرشەکان، بەڵام ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا وەڵامی هێرشکردنە سەر بنکەی "عەین ئەسەد"ی نەداوەتەوە کە میلیشیاکان لە ٣ی ئەو مانگە (ئازار)دا ئەنجامیان دا؛ وەک ئەوەی میلیشیاکانی ئێران بیانەوێت ئەمریکییەکان ئیستیفزاز بکەن و پەلکێشیان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "کردار و پەرچەکردار"، بەڵام ئەمریکییەکان تا ئێستا دانیان بە خۆیاندا گرتووە و نایانەوێت خۆیان بخزێننە ناو ئەو تەڵەیەوە؛ پێشدەچێت کە چاوه‌ڕێی دۆخێکی لەناکاو بکەن.

نادڵنییایی و نادیاریی سیاسەتی بایدن بەرامبەر میلیشیاکان

سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە ئیدارەی بایدن ڕووبەڕووی پرسیاری زۆر دەبێتەوە سەبارەت بە عێراق، چونکە عێراق بەدەست فرەئینتیماییی سیاسی و ئاساییشییه‌وه‌ دەناڵێنێت؛ مەترسیدارترینیان ئەوەیە کە زیاتر لە ٧٠ هەزار میلیشیای حەشدی شەعبی هەن کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن. ئەمەیش لە ڕاستیدا ژمارەیەکی زۆری چەکداری بڵاوەپێکراوە لە عێراقدا کە ئەستەمە حکوومەت بتوانێت ڕێکیان بخات؛ ئەمە جگە لەوەی پێشناچێت حکوومەتی کازمی بتوانێت بەرەنگاریان بێتەوە، لەبەر دوو هۆکار: یەکەم لەبەر زۆریی ژمارەیان؛ دووەم لەبەر ڕەگداکوتانیان لەناو کۆمەڵگه‌ی شیعەکاندا. ئەم گرووپانە، هاوشێوەی دەوڵەت، دەسەڵاتی زۆریان بەسەر دەروازە سنوورییەکاندا هەیه‌ کە لە ڕێگه‌یەوە کەلوپەل و چەک و ماددەی هۆشبەریش دەگوازنەوە و لە هەمان کاتدا یارمەتیی ئێرانیش دەدەن لە پێشێلکردنی ئەو سزایانەی کە بەسەریدا سەپێنراون.

ئیدارەی ئۆباما سەرەتا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانە پاراست، بەتایبەت کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەشداریی کارایان هەبوو لە جه‌نگی دژ بە داعش؛ بەو هیوایەی بتوانرێت لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەتی عێراق تێکەڵ بکرێنەوە. بەڵام ئیدارەی ترامپ وەک مەترسییەک سەیری دەکردن؛ چەندین جاریش پەلاماری دان و سزای بەسەردا سەپاندن و بە تیرۆریستیش هەژماری کردن. چەند هەفتەیەک پێش ئێستا جەنەڕال "پۆل کالفێرت" مەترسیی میلیشیاکانی لە عێراقدا لە چەند خاڵێکدا کورت کردەوە و گوتی: "وڵات لە بەردەم دوو هەڕەشەی گەورەدایە: یەکەم، حەشدی شەعبی، دووەمیش ئابووری. فەرامۆشکردنی ئەو دوو مەترسییە دەبێتە هۆی تێکدانی هەموو ئەو هەوڵانەی چەند ساڵە بنیاتمان ناوە لە عێراقدا. بۆیە پێویستە لەسەر ئیدارەی سەرۆک بایدن، بڕیاری خۆی بدات لەو باره‌یەوە." هەرچەندە لە ڕاستیدا تا ئێستا بەشێکی زۆری ئەو بەرپرسانەی لەناو ئیدارەی بایدن کار دەکەن، هەڵوێستێکی ڕوونیان نییە لەو بارەیەوە.

کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا

ئەوەی لە ئێستادا ئیدارەی بایدن دەیەوێت کاری لەسەر بکات لە عێراقدا، ئەوەیە کە لەگەڵ ناتۆ بەهاوبەشی کار بکەن. ئەمەیش هەر زوو ڕەنگی دایەوە لە زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی ناتۆ لە عێراقدا بۆ نزیکەی ٤٠٠٠ سەرباز. ئەمەیش کۆی ژمارەی سەربازەکانی ناتۆ و ئەمریکا بەرز دەکاتەوە بۆ نزیکەی ٧٥٠٠ سەرباز. هەڵبەتە بوونی ئەم ژمارە سەربازە زۆرە هەرگیز گوزارشت لەوە ناکات کە ئەمریکییەکان بیانەوێت وا زوو لە عێراق بکشێنەوە و گۆڕەپانەکە بۆ میلیشا شیعییەکان و ئێران جێ بهێڵن. هەرچەندە ئەو هێزانەی ناتۆ کە بۆ عێراق دێن، کاریان بەره‌نگاربوونەوەی داعش و ئێران نییە، بەڵکوو بەرزکردنەوەی توانا لۆجیستییەکانی سوپای عێراق و ئامادەکردنیانە.

ئاماژەکان وا دەردەخەن کە ئەوەی ئەمریکییەکان لە ئاییندەدا پشتی سەرەکیی پێ دەبەستن، دامه‌زراوەی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقن بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی. ئیدارەی بایدنیش متمانەیان بە مستەفا کازمی هەیە وەک کەسێک کە بتوانێت سەرکردایەتیی ئەو هێزانە بکات؛ دواتریش ئەو هێزانە بتوانن دوای کشانەوەی ئەمریکییەکان، خۆیان کۆنترۆڵی دۆخی عێراق بکەن. ئەمریکییەکان پێیان وایە لەو کاتەوەی کە کازمی هاتووە توانیویەتی بەتەنیا سەرکردایەتیی پرۆسەی لەناوبردنی تیرۆر لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بکات و، هەروەها بەرەنگاری میلیشیاکانیش ببێتەوە؛ بەڵام ئەو هێزانە هێشتا پێویستییان بە ڕاهێنانی زیاتر و ئامادەکاریی زیاترە.

سەرەڕای بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەڵام ئەمریکییەکان ئەمە وەک بڕیاری گشت عێراقییەکان نابینن، بەڵکوو وەک بڕیاری هێز و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێرانی دەبینن؛ بە جۆرێک کە خەڵک هێشتا ئەمریکییەکان وەک پارێزه‌ری سەقامگیریی عێراق دەبینن؛ بەتایبەت لە ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، مانەوەی ئەمریکییەکان دەکرێت ڕێگر بێت لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و دژایەتیکردنی میلیشیاکان لە دژی حکوومەت و دامەزراوە یاسایییەکانی دەوڵەت. 

پڕۆژەبڕیارێک بۆ گوشارخستنە سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران

هەفتەیەک لەمەو بەر، تیمی سیاسەتی دەره‌وەی پارتی کۆماری لە کۆنگرێس دوو پرۆژەبڕیاری نوێیان پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە؛ بەم پێیه‌ دەتوانن سزای ئابووری بەسەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و ڕژێمی ئێرانیش بسەپێنن، وەک هەوڵیک بۆ بەربەست دروستکردن لە بەردەم گەڕانەوەی ئیدارەی بایدن بۆ ڕێکكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران. ئەو پرۆژە تازەیە دەتوانێت گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بخاتە خانەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان؛ هەروەها دەتوانێ سزای زیاتر بەسەر پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران بسەپێنێت، تا دەگاتە ڕابەری شۆڕشی ئێران، "عەلی خامەنەیی". ئەم یاسایانە تەنیا ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی لیژنەی بەدواداچوونی کۆمارییەکان دێت، کە گەورەترین گردبوونەوەی کۆنسێرڤاتیڤەکانە لە کۆنگرێس لە دانیشتنی ستراتیژی لەگەڵ وتەبیژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "مۆرگان ئۆرتاگۆس"؛ هەروەها نوێنەری پێشووی تایبەت بە ئێران "بڕایان هۆک" وەک بەرگرییه‌ک لە سیاسەتی "ئه‌وپه‌ڕی گوشار"ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، بۆ گوشارخستنە سەر ئێران لە کۆنگرێس. ئەم لیژنە یاسایییە بە سەرۆکایەتیی هەر یەکە لە نوێنەران "جیم بانک" و "جۆ ویلسن" بەڕێوە چوو. هەڵبەتە ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی بایدن بەنیازی کۆمەڵێک ئاسانکارییە لە سیاسەتی پێشووی ترامپ، وەک سووککردنی سزاکانی سەر ئێران، بە مەبەستی قایلکردنی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن لە سەر ڕێکكەوتنی ئەتۆمی.

هەرچەندە دەرفەتی ئەو هەوڵانەی کۆمارییەکان سنووردارە، چونکە دیموکراتەکان زاڵن لە کۆنگرێس. بەڵام ئەمە دواجار دەبێتە هۆی ناردنی پەیامێك بۆ ئێرانییەکان وەک ئاماژەیەک بەوەی کە بەشێکی زۆری یاسادانەرە ئەمریکییەکان دژی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی ئیدارەی بایدنن و، ئامادەیشن بۆ سەپاندنی هەر سزایەکی تر بەسەر ئێران لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا. ئەمەیش لەوانەیە ببێتە هۆی دروستکردنی بەربەستی زۆرتر لە بەردەم گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێکكەوتنی ئەتۆمی، چونکە ئێران مەرجی ئەوەیە ئەگەر ئەم جارە گەڕایەوە بۆ ڕێکكەوتن، نابێت ئیدارەیەکی تر بە خواستی خۆی بتوانێت دیسان ڕێکكەوتنەکە هەڵپەسێرێت. هەڵبەتە ئەم هەوڵە لەوانەیە ببێتە پاڵنەرێکیش بۆ دیموکراتە ڕادیکاڵەکانی کۆنگرێس، بەتایبەت کە نزیکەی ٧٠ نوێنەریان لەو ماوەیەدا لە نامەیەکدا "جۆ بایدن"یان ئاگادار کردەوە کە نابێت سزاکانی سه‌ر ئێران هەڵبگرێت وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆگرامی پەرەپێدانی ئەتۆمی.

پرۆژەیاسای یەکەمی کۆمارییەکان کە لەلایەن "گریگ ستیۆب" نوسراوەتەوە، جەخت لەسەر سەپاندنی سزا دەکات بەسەر میلیشیاکانی "سەید ئەلشوهەداء"؛ ئەو میلیشیایانەی کە هەمیشە ئەمریکا دەڵیت ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دارایی و سەربازی دەکرێن و، بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکییەکان لە عێراقدا. ئەمانە هەمان ئەو گرووپەن کە بەو نزیکانە ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی کردنە سەر لە سووریا، وەک تۆڵەکردنەوەیه‌ك لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێستا میلیشیاکانی "سەید ئەلشوهەداء" هیچ سزایەکی ئەمریکایان بەسەردا نەسەپاوە؛ هەڵبەتە ئەم گرووپە پێشوتر لەژێر سەرکردایەتیی "قاسم سلێمانی" کاریان دەکرد، کە ئەمریکییەکان پار لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ "ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس" کردیانە ئامانج.

بەڵام پرۆژەیاسای دووەم لەلایەن "ویلسن"، کە سەرۆکی تیمی پەیوەندارە بە ئاسایشی نەتەوەیی و کاروباری دەرەوە لە لیژنەی RSC، نووسراوەتەوە. بەپێی ئەم پرۆژەیاسایە کۆنگرێس دەتوانێت داوا لە حکوومەتی ئەمریکا بکات کە ئایا پێویستە سزا لەسەر سەرکردە باڵاکانی ئێران دابنرێت؛ ئەمەیش بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ساڵی ٢٠١٠ کە لەو کاتەدا سەرۆک ئۆباما واژووی کردبوو.

ئەم پرۆژەیاسایە، ئیدارەی بایدن ناچار دەکات ئەو هەوڵانەی کە پێشووتر ئۆباما دابووی بۆ لێپیچینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، ڕه‌ت بكاته‌وه‌. ئەم لیژنەیە وا سەیری ئەم پرۆژەیاسایە دەکات کە تاقیکردنەوەیەکی باش بێت بۆ ئیدارەی بایدن کە هەمیشە جەخت لەسەر پاراستنی مافی مرۆڤ دەکاته‌وه‌ لە دەرەوەی ئەمریکادا. شایەنی باسە، ئەم پرۆژەیاسایە زمانێکی هەڕەشەی تازە بەکار دێنی سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێراندا. "ویلسن" لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فری بیکن (Free Beacon) گوتی: "ئێمە نامانەوێت خەڵکی ئێران لە ئەگەری دووبارە ڕێکكنەکەوتنی ئێران و ئێمە زیانی بەرکەوێت؛ ئەمە شتێکی ئەخلاقیش نییە و لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی ئێمەیشدا نییە." ئەم هەوڵە ئەگەر بخرێتە واری جێبەجێکردن، دەتوانێت هاوکار بێت بۆ جڵەوکردنی ئێران لە عێراقدا، کە ئەمریکییەکان هەمیشە وەک بەربەستێک بۆ هەوڵەکانی خۆیان دەیبینن.

دەرەنجام

هەرچەندە تا ئێستا ئیدارەی بایدن وەک پێویست نەپڕژاوەتە سەر کارکردنی جددی لەسەر عێراق، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە عێراق لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن فەرامۆش کراوە. بایدن لەهەر سەرۆکێکی تری ئەمریکا زیاتر ئاگادار و شارەزای پێگە و فاکتەری عێراقە لە سیاسەتی هەرێمی و بەڵانسی هێز لە ناوچەکەدا؛ بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمریکییەکان پلان و چالاکیی زۆرتریان هەبێت، بەتایبەت لە چەند مانگی داهاتوودا، بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئەمریکا لە عێراقدا. دەتوانین بڵێین کە ڕایەڵە سەرەکییەکانی بەرژەوەندیی ئەمریکا لە عێراقدا، بریتی دەبن لە یارمەتیدانی حکوومەتەکەی کازمی و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق. ڕێگرتن لە فراوانخوازییەکانی ئێران و بەکارهێنانی عێراق وەک سەرچاوەیەک دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هەروەها پێشێلکردنی سزا ئابوورییەکان، تەوەرێکی تری سیاسەتی ئەمریکا دەبێت لە عێراقدا. خاڵی سێیەم پەیوەستە بە لەناوبردنی تیرۆر و ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراقدا. جڵەوکردنی میلیشیا نزیکەکانی ئێران، هەمیشە خاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا دەبێت لەگەڵ ئێران و میلیشیاکانیان لە عێراقدا.

بۆیە ئەو دوو پرۆژەیاسایەی کە لە کۆنگرێس ئامادە کراون، دەکرێت سەرەتای هەوڵێکی لەم جۆرە بن بۆ جڵەوکردنی ئێران و ناچارکردنیان بە گەڕانەوەی بێمەرج و هەڵپەساردنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش بنیاتنانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێک دەبێت لە ئەجێندای ئەمریکا لە عێراقدا، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارامی ئەمریکییەکانە لە عێراقدا؛ لە کاتی گرژی و تێکچوون لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا ئەمریکییەکان هەرێم وەک هێڵی ئارام دەبینن. بۆ ئەوەی هەرێم بەشێکی دانەبڕاو بێت لە ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە عێراقدا، دەبێت بەر لە هەر شتێک گرنگی بدات بە دامەزراوەییبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و سەروەریی یاسا و پرسی دیموکراسی و مافی کەمینەکان. سەقامگیریی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان خاڵی وەرچەرخان دەبێت لەو چوار ساڵەی ئیداره‌ی بایدن؛ بە جۆرێک کە بتوانێت بەبێ بەغدا لەسەر پێی خۆی بوەستێت.