ئەو ژینگەیەى کە دەبێ ئێمە بڕیارى تێدا بدەین

(خوێندنەوەیەک بۆ تەنگژەى پرۆسەى دروستكردنی بڕیار لە عێراقی فیدراڵ)

 

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

بونیادێکی بەزۆر بەیەکه‌وه‌لکێنراو

عێراق لە سەردەمی دەوڵەتى عوسمانى دابەش کرا و بوو بۆ سێ ویلایەت: مووسڵ، بەغدا، بەسرە. ئەو وڵاتەیش هەر ئەوەندەى دێنا. دواتر لە نێوه‌ندى "ڕێککەوتننامەى سایکس بیکۆ"وە خرایە سەر ستراتیژییەتى بریتانیا و، بوو بە بەشێک لەو ئیمپراتۆرییەتەى کە خۆرى لێ ئاوا نەدەبوو. پێکهێنانى دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ عێراق کارێکی قورس و ئەستەم بوو. هەر بۆیە بریتانییەکان نەهاتن خۆیان بە بونیادنانى کۆمەڵگەیەکی سیاسییەوە خەریک بکەن؛ هەرچەند بانگەشەى دیموکراسییەتیان بۆ گەلانی دنیا دەکرد و جۆرى فەمانڕەوایەتییەکەیان بە لەجیاتیدانان (إنتداب) وەسف دەکرد، کە ئەمەیش پره‌نسیپێکی ڕێکخراوى کۆمەڵەى گەلان بوو بۆ ئەو دەوڵەتانەى کە بەرەو سەربەخۆیی دەچن و ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن. بریتانییەکان هاتن دامودەزگه‌یان بونیاد نا، نەک گەل و دەوڵەت، ئەویش بۆ زیاتر دەستەمۆکردنى گەلانى عێراق بوو. دیموکراسییەتیش زیاتر بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتى "پەرت کە و زاڵ بە" بوو، دەنا هیچ مورکێکی ئەوتۆى نەبوو، چونکە هیچ کات دیموکراسییەت و کۆلۆنیالیزم دوو ڕووى یەک دراو نین و نەبوون و نابن.

لە سەرەتادا زیاتر مەبەست لە دروستکردنى دەوڵەتى عێراق تەنیا پێکەوەنانى ویلایەتى بەغدا و بەسرە بوو لە وڵاتێکی نوێدا بە ناوى عێراق، کە پێشتر ئەو ناوە هیچ بوونێکی نەبوو وەک کیانی سیاسی لە ناوچەکە، بەڵام بریتانییەکان خوڵقاندیان و کردیانە دەوڵەتێکی نوێ بە ناوى عێراق. هەر بۆیە بۆ ئەو مەبەستە ڕاپرسییەکیان لە ویلایەتى مووسڵ بۆ لکاندنى بە عێراقی نوێوە ساز دا و، بژاردەیشیان بە پێکهاتەى تورکمان لە کەرکووک دا، بەوەى ئارەزووى مانەوە لە عێراق دەکەن یان دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان لە تورکیا، بەڵام ئەوان بڕیارى ئەوەیان دا کە ڕەوتى ژیانیان لە عێراق بەردەوامیى پێ بدەن. کوردەکان لەو نێوەندەدا یەکلایی بوونه‌وه‌، بە نەچوونە ناو وڵاتە نوێیەکەوە، بەڵام ئەودەمیش سوننەکان ڕاڕا بوون. هەر بۆیە لە کۆتاییدا بە ڕێژەیەکی کەم ئەو بابەتە یەکلایی بووه‌وه‌ و ویلایەتى مووسڵیش بووە بەشێک لە دەوڵەتى عێراقی نوێ بەبێ ئەوەى هیچ تایبەتمەندییەکى لەبەرچاو بگیرێ. هەر بۆیە لەو ڕۆژگارەوە قەیران و تەنگژەى ناسنامە لە ئارادایە و وڵاتێکە بەزۆر پارچەکانى بەیەکەوە لکێنراون، دەنا هیچ کات پێکهاتەکانى لە ڕووى سیاسییەوە ئارەزوومەندى ئه‌وه‌ نه‌بوون بەیەکەوە گوزەر بکەن و هەمیشە هەوڵەکانى جیابوونەوە و خۆقوتارکردن لەو واقعە سیاسییە پڕتراژیدیایە لە ئارادا بووە؛ لە پێشەنگى هەموویشیانەوە گەلی کورد لە هەوڵەکانى بەردەوام بووە و شۆڕش و حکوومەتەکانى شێخی حەفیدیش باشترین بەڵگەى ئەو واقعە سیاسییەى ئەو ڕۆژگارە سیاسییەى سەرەتاى دروستبوونى دەوڵەتى عێراقین، کە چۆن کورد بە کردار ئەو واقعە سیاسییەى ڕەت کردەوە.

کەواتە وڵاتێک نییە و نەبووە کە هەمووان بە وڵاتی خۆیانی بزانن و لە پێناویدا تێ بکۆشن. لە لایەکى تریشەوە ئەوانەى کە دەسەڵاتیان لە عێراقدا گرتۆتە دەست، قۆرخیان کردووە و ئەوانیش بە وڵاتی خۆیان زانیوە بەتایبەت و، بە هی ئەوانى تریان نەزانیوە. هەر بۆیە شەڕی ناسنامە تا هەنووکە بەردەوامە و بە دابەشبوونى سیاسی (فیدراڵی) یان دابەشبوونى جوگرافیی سەربەخۆ نەبێ، یەکلایی نابێتەوە و بەپێچەوانەوە خولانەوەیە لەناو بازنەیەکى بەتاڵدا و هیچى تر.

بونیادی گەلێکی بەزۆر دروستکراو

مەلیک فەیسەڵ کە لە ساڵی 1885 لە تائیف لە وڵاتى سعوودیا لەدایک بووە، لە ساڵی 1933 بە نەخۆشى لە وڵاتى سویسرا بە شێوازێکی گوماناوى کۆچی دوایی کرد. مەلیک فەیسەڵ یەکەم جار بۆ عێراق دانەنرابوو تا ببێتە مەلیک، بەڵکوو زیاتر مەبەست پێی شانشینى ئوردن بوو. مەلیک فەیسەڵ لە وەسفێکى بۆ کۆمەڵگەى عێراقی لە ساڵى 1921 لەو بارەیەوە دەڵێ:

"دەڵێم بە دڵێکی پڕ لە کەسەرەوە... بە بۆچوونى من تا ئێستا لە عێراق شتێک نییە بە ناوى گەلی عێراق، تەنیا هەندێ دەستەى مرۆییی خەیاڵی هەن، کە خاوەنى هیچ بیرۆکە و نیشتمانپەروەرییەک نین؛ تێرن بە دابونەریت و ئەفسانەى ئایینى؛ هیچ هۆکارێکی هاوبەش کۆیان ناکاتەوە؛ بیسەرى خراپن و مەیلیان بە لاى ئاشوبەوەیە؛ هەمیشە ئامادەى ڕاپەڕینن بەسەر هەر حکوومەتێک کە هەیە. ئێمە بەو حاڵەوە دەمانەوێ گەلێک بنیات بنێین بەوەى کە پاڵفتەى بکەین و ڕای بێنین و فێری بکەین. کێ بەو بارگرانییە دەزانێ کە گەلێک لەو بارودۆخە دژوارەدا بنیات بنێین، پێویستە ئەوەیش بزانێ کە دەبێ گەورەترین کۆشش  بخاتە گەڕ بۆ بەئاکامگەیاندنى ئەو بنیاتنانە و ئەو پێکەوەنانە. ئەمه‌ ئەو گەلەیە کە بارگرانیم خستۆتە سەر شانم لە پێناو بنیاتنانى."

ئەمە کۆتا وتە نییە سەبارەت بە گەلێکی بەزۆر بونیادنراو، کە هیچ ڕایەڵەیەکى ئارەزوومەندانە لە نێوانیاندا نییە. هەر بۆیە هەمیشە لە کاتى مسۆگەربوونى بوارەکان هەوڵی خۆقوتارکردن لەو وڵاتە دەدەن. گرفتەکە لە لایەنێکی تریشەوە سەرچاوە دەگرێ، کە گەلانى پێکەوەلکێنراو لە پێناو بونیادنانى گەلێکی نوێ بۆ دەوڵەتێکی نوێ هیچ بەرژەوەندییەکى هاوبەش لە نێوانیاندا نابینن. لەو بارەیەوە نەک بەرژەوەندیى هاوبەش بوونى نییە، بەڵکوو لایەنەکان بەرژەوەندیى خۆیان لە نەبوونى ئەوانى تردا دەبینن، به‌تایبەت ئەوانەى کە لە مێژووى وڵاتدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە. هەر لەو نێوه‌نده‌وە دکتۆر "عەلی وەردی"، کە یەکێکە لە کۆمەڵناسە دیارەکانى عێراق، وا باس لە کەسێتیى خەڵکی عێراق دەکات کە خاوەنى پره‌نسیپێکی جێگیر نییە و هەمیشە لە نێوان سێ لێكدژیدا خۆى دەبینێتەوە، ئەوانیش: لێكدژیی کەسێتیی عێراقی لە ڕووی پره‌نسیپەوە، بۆ نموونە خۆى زۆر بە موسڵمان دەزانێ بەڵام ئەوەى کە ئیسلام پێی خۆشە نایکا؛ زۆر خۆى بە پابەند بە بەها باڵاکانەوە دەبینێ بەڵام زۆربەى ژیانى بە لادەر دەناسرێ؛ کەواتە ئەو لێكدژییه‌ لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، ئەوەى کە دەیڵێ جێبەجێی ناکا و تەنیا وەک قسە دەمێنێتەوە.

لێكدژیی دووەم لاى دکتۆر عەلی وەردی، دووفاقیی کۆمەڵایەتییە، بەوەى کە هەندێ جار لە ڕووى هۆکارە ماددییەکانەوە دەچێتە پێش، بەڵام لە ڕووى بەهاکانەوە هەمان کەسی جارانە و هیچ پێشکەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەمەیش لێكدژییه‌ك دێنێتە کایەوە کە ئەوەى دەیکا جیاوازە لەگەڵ ئەوەى کە باوەڕی پێیەتى؛ هەر ئەمەیشە واى لێ کردووە کە لە دونیاى دەرەوەى کۆمەڵایەتیبوونى، هەمیشە لە بازنەیەکی بەتاڵدا بخولێتەوە. لێكدژیی سێیەم ئەوەیە کە، ململانێیە لە نێوان خێڵەکیبوون و ژیاریبوون. زۆرن ئەوانەى کە لە عێراقی هاوچەرخ بانگەشەى ژیار و شارستانییەت دەکەن بەڵام نەیانتوانیوە پەرژینى خێڵەکانیشیان تێ پەڕێنن. ئەمەیش لە تەواوى کایەکانى کۆمەڵگە ڕەنگیان داوەتەوە و چەندان قەیرانى هەمەجۆریان بۆ وڵات خوڵقاندووە.

بونیادێکی بەزۆر ڕزگارکراو

ویلایه‌تە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ئازارى 2003 تاکلایەنانە بڕیارى ڕزگارکردنى عێراقییەکانی دا لە چنگ دیکتاتۆرى ئەوکات، سه‌ددام حسێن. کاتێکیش ئەمریکا نزیک بەغدا بووه‌وە، هیچ کام لە لایەنە عێراقییەکان بەئاشکرا کۆمەکی نەکرد، بەڵام هەموویان خوازیارى ئەوە بوون. ئەودەم هەرێمی کوردستان نیمچەسەربەخۆ بوو و هیچ پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى لەگەڵ حکوومەتى مەرکەزى نەبوو. تەنانەت خودى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەو پرۆسەى ڕزگارکردنە بەشدار نەبوون و ویلایه‌تە یەکگرتووەکانیان بە داگیرکەر ناوەزەد کرد و، ئەمریکاش هەر بەو شێوەیە لە خۆی ڕوانی. هەر بۆیە یەکەم لێدوانى دواى دەستگرتن بەسەر پایتەختى عێراق بە ناوى Declaration of the occupation authority بوو، بەڵام دواتر هەروەک دیمەنى 90 ساڵ پێش لەو وادەیە، خرایەوە ژێر ڕکێفى نەتەوە یەکگرتووەکان و بە ناوى ئەنجومەنى ئاسایشەوە لەلایەن ویلایه‌تە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانەوە خرایە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیارییەوە، بەڵام ئەم جارەیان لە جیاتی "إنتداب"، بوو بە "وصایە".

قەیرانە سەد ساڵییەکە بەردەوامە

هەمیشە دەوڵەت بەرەوپێشچوونى بەسراوەتەوە بە چوار قەیرانەوە، ئەوانیش بریتین له‌ قەیرانی بونیادی دەوڵەت، کۆمەڵگەى سیاسی، بەشداریی سیاسی یان دابەشبوونى دەسەڵات، دابەشبوونى سەروەت. دەوڵەتى عێراق نەک نەیتوانیوە ئەو قەیرانانە تێ پەڕێنێ بەڵکوو ته‌نانه‌ت نەیتوانیوە هەستکردن بە بوونى دەوڵەت لاى هاووڵاتیانی دروست بکات؛ دەوڵەتێک نەیتوانیوە لە ماوەى سەد ساڵی تەمەنیدا ئەرکە بنچینەیییەکانى خۆى، کە خۆی لە ئاسایش و گەشەسەندندا دەبینێتەوە، ئەدا بکا. تەنانەت سادەترین خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی عێراقی دواى سەد ساڵ لە تەمەنى دەوڵەت دابین نەبوون. هەروەک چۆن هەواڵی کەشوهەوا دەبیستین، ئاواش هەواڵی خشتەى بوونى کارەبا لە کاتژمێر ئەوەندەوە بۆ ئەوەندە دەبیستین؛ به‌تایبەت لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق و، زۆر کەمتر لە هەرێمی کوردستان گوێبیستى ئەو هەواڵانە دەبین.

بەردەوام ئەوەى پێش سەد ساڵ کە لەسەر ئاستى دەسەڵات و قۆرخکردنى و ستەمکارى ڕووی دا، هەمان ئەو شتانەمان بۆ دووبارە بوونەتەوە و هیچ پێشکەوتنێك بەدی ناکرێت و هیچ کام لە دەسەڵاتەکان کە دواى ئەوى تر هاتووە، نەیتوانیوە خۆى لە میراتی که‌لتووریى پێش خۆى قوتار بکات، بەڵکوو لەسەر هەمان ڕێچکە پێوەی پابەند بووە؛ ته‌نانه‌ت خراپتر لەوەى پێشوو ڕۆیشتووە؛ بەردەوام خاکەکەى هاووڵاتیانی قوت دەدات و دەیانکاتە قوربانیى هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و خۆییشی هیچ لێیان سوودمەند نەبووە. هەر بۆیە ململانێ بۆ ماوەى سەد ساڵە لەسەر ناسنامە بەردەوامە و بە ئێستایشەوە یەکلایی نەبۆتەوە، چونکە ئەوانەى کە خۆیان بە خاوەن دەسەڵات و زۆرینە دەزانن لە چوارچێوەى وێناى ناسنامە بۆ کێشراوەکە هەمووانى تێدا نییە، بەڵکوو دەیانەوێ تەنیا خۆیان لەو ڕێوڕەسمەدا بن؛ جا ئیتر سوننە بێت یان شیعە. ئەوانیش تریش هەمیشە لە پەراوێزدا بوون و هاوبەشی ڕاستەقینە نەبوون، گەرچى لە یاسا و دەستووردا ئەو تێکستە هەبووە.

قەیرانەکان گەلانی عێراقیان ڕەتاندووە. دەوڵەتى عێراق ساڵى 2003 لە ڕانکینگى دەوڵەتانى دونیا بۆ گەندەڵى، 113 بوو لە کۆى 180 دەوڵەت، بەڵام لەو ئاستەدا نەمایەوە تا گەیشتە 162 لە کۆى 180 دەوڵەت؛ دواتریش 169 لە کۆى 180 دەوڵەت. تەنیا گەندەڵی لە بوارى دارایی لە کایە هەمەجۆرەکانى دەوڵەت، ساڵی 2003 – 2018 بە نزیکەى ترلیۆنێک و 312 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێ. جەنگى عێراق-ئێران زیاتر لە 2888 ڕۆژى خایاند و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تێیدا بوونە قوربانی و زیاتر لە 350 ملیار دۆلاریشى لە هەردوو لاوە بۆ تەرخان کرابوو. خەڵکی عێراق تا ئێستا تاڵاوى نزیکەى 8 – 10 جەنگى خوێناوییان لە ساڵى 1921 – 2021 چەشتووە و بەرنامەى 6 کودەتایشیان بەسەردا جێبەجێ کراوە؛ پایتەختەکەیشی لە ڕوانگەى ڕاپرسییەکەوە لە نێوان 250 شاردا لە کۆتاییی ساڵى 2020 بە مەترسیترین شار کە ناتوانرێ ژیانی تێدا گوزەر بکرێ دیاری کرا. هەر بۆیە تەواوى جومگەکانى وڵات ململانێی تێدا خزێنراوە و کراوەتە کەرەستەى بۆڕدانى بەرامبەر؛ بۆ نموونە ئێستا لە عێراق زۆرێک لە پێشبڕکێی زیادبوونى دانیشتووان لە ئارادایە، به‌تایبەت لە نێوان هەردوو مەزهەبەکە و بە یەکێک لە هۆکارەکانى ئەنجامنەدانى سەرژمێرى لە عێراق دادەنرێ. ئێستا ژمارەى دانیشتووان لە عێراق، زیاترە لە 40 ملیۆن و 140 هەزار کەس. هەر ئەو ژمارەیە ساڵى 2005 نزیکەى 28 ملیۆن کەس بوو. پێشبینییەکانیش واى بۆ دەچن کە لە ساڵى 2050 ئەو ژمارەیە بۆ 81 ملیۆن کەس بەرز دەبێتەوە.

ئەو ژینگەیەى کە تێیدا دەژین، زۆر دژوارترە لەوەى کە دەیبینین. هەر ئەو ژمارەیە پێمان دەڵێ کە تا ئێستا گەرچى جه‌نگى دژ بە داعش تەواو بووە، بەڵام نزیکەى 1.5 ملیۆن کەس لەنێو وڵاتدا ئاوارەن و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ڕێژەى هەژارى تێیدا بەرز دەبێتەوە. هەر بۆیە عێراق لەنێو 14 وڵاتی عەرەبی لە ئاستى هەشتەمدایە و ڕێژەى دانیشتووانی هەژار بە لە 41% ئەژمار دەکرێ. لە ڕاپۆرتەکەدا کە ڕێکخراوى گەشەپێدانى عەرەبى دەری کردووە، وڵاتى سعوودیا 12.7% و لە ئاستى کەمترینە لەنێو 14 وڵاتەکە و، یەمەنیش کۆتا وڵاتە کە ڕێژەى دانیشتووانى هەژار تێیدا بە 85% مەزەندە دەکرێ. لە وڵاتى عێراق بەپێی داتاکانى وەزارەتى پلاندانانى ئەو وڵاتە کە لە 16/2/2020 بڵاوی کردەوە، ڕێژەى هەژارى لە کۆى دانیشتووانى عێراق بە 20% دیاری کرد؛ بەوەى کە هەر کەسێک لەنێو پێنج کەسدا هەژارە، به‌تایبەت 9 پارێزگا شیعەنشینەکانى خوارووى عێراق کە کۆى ڕێژەى هەژارى تێیاندا بە نزیکەى 30% مەزەندە دەکرێ، کە کەمترینیان 11% لە بابل و زۆرترینیان 52% لە پارێزگاى موسەننایە. ئەوەى کە لێرەدا جێی سەرنج و وەستانە ئەوەیە کە، ڕەوتى شیعە لە 2003 – تا ئێستا لەسەر ئاستى پلان و سیاسەت و یاسادانان و جێبەجێکردن، حوکمى ئەو وڵاتە دەکەن و کەچى خودی پارێزگاکانى خۆیان پێ ئاوەدان نەکراوەتەوە. هەر لەو نێوه‌نده‌یشەوە تەواوى بوودجەى عێراقیشیان لەبندەستدا بووە و لە کۆتاییی ساڵى 2014وە چەند جارێک نەبێت هیچ گوژمەیەکی پارەیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و نەناردووە. داتاکانیش لەو بارەیەوە ئەوە دەسەلمێنن کە لە ساڵی 2005- 2020 بوودجەکانى عێراق زیاتر لە 1636 ترلیۆن دینار بوون، کە نزیکەى یەک ترلیۆن و 330 ملیار دۆلار دەکات.

هەر لەو بارەیەوە پێویستە ئاماژە بەوە بدەین گەرچى لە مانگى 9/2014ه‌وه‌ هیچ بوودجەیەکی ئەوتۆ بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە، بەڵام خودی بوودجەى عێراق لە 2014- 2020 زیاتر لە 686 ملیار دۆلار بووە؛ ئەمەو بێجگە لەو بوودجەیەى کە بۆ ساڵى 2021 دیاری کراوە، بە زیاتر لە 127 تریلیۆن دینار کە بەرامبەر بە 113 ملیار دۆلارە. کەواتە ئەو بەرپرسیارێتییه‌ى کە خوازیارن لەسەر هەرێمی کوردستان ساغى بکەنەوە بەوەى هۆکارى هەژارى و گەشەنەسەندنى خواروو و پارێزگاکانى ترى عێراقە، دروست نییە و دوورە لە ڕاستییەوە. ئەگەر لە کۆى ئەو پارەیەى 2014- 2020 ڕێژەى 5% هاتبێ بۆ هەرێم- کە نەیشهاتووە- ئەدى 95% تر چیی لێ بەسەر هات؟ لەوبارەیەوە وەڵامەکان ڕۆشنن و خۆپیشاندانەکانیش ئەوە دەردەخەن کە چیتر وەک جاران وا ئاسان نییە گەل چەواشە بکرێ، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە تائێستا کۆى قەرزەکانى سەر حکوومەتى عیراقی 160 ملیار دۆلارى تێپەڕاندووە.

لەو نێوه‌نده‌وه‌ داتاکان ئەوە دەردەخەن کە ئەوەندەى دەوڵەتى عێراقی دەستە و تاقمەکانى دەرەوەى دەسەڵات و وڵاتانی دراوسێ لێی سوودمەند بوون، ئەوەندە خودى هاووڵاتیانى و دامەزراوەکانى لێی سوودمەند نەبوون، بەڵکوو باجەکەیشیان داوە؛ لە سەروو هەموویشیانەوە بەپێوەوەستانی دەوڵەتى ئێران، هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ پڕکردنەوەى تەواوى کەموکورتییەکانى لە عێراقەوە، به‌تایبەت لە بوارى دراوى جیهانی و چەندان بوارى تر کە گەمارۆى لەسەرە و ناتوانێ ڕاستەوخۆ لێیان سوودمەند ببێ. ئەوە بوو لە تەنگژە و قەیرانی ساڵى 2020ى عێراق، حکوومەت هاناى بۆ چەندان دەستە و تاقمی دەرەوەى دەسەڵات برد لە پێناو پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانە دارایییەى کە دوچارى بۆتەوە، بەتایبەت بانکە ناحکوومییەکانى عێراق. هەر بۆیە توانیى لە 24 بانکى ناحکوومى کە 21یان سەر بە گرووپەکانى ڕەوتى ئیسلامیی شیعین و هەموویان ناسراون، زیاتر لە 10 تریلیۆن دیناریان لێ قەرز بکات کە زیاتر لە 8 ملیار دۆلارى دەکرد. ئەمەیش ئەوە دەردەخا کە تاچەند حکوومەت لەژێر ڕەحمەت و سوودى خودى ئەو گرووپانەدایە.

پەرتەوازەییی سیاسی بەردەوامە

لە عێراقی هاوچەرخ پەرتەوازەییی سیاسی ڕووی لە زیادبوونە و کەلێنەکان گەورەتر دەبن؛ ئەمەیش کارى نێگەتیڤییانەى کردۆتە سەر ڕەوت و پرۆسەى سیاسیی عێراق و، ئەو دیموکراتییەتەى کە لە دواى 2003وە بانگەشەى بۆ دەکرێ لەژێر پرسیاردایە و ڕوو لە نەمانە، چونکە بە هیچ شێوەیەک زۆرینەى وڵات خوازیار نییە بە ئاکام بگات و وڵات بگەیەنێتە کەنارى سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاستەنگى دەخاتە بەردەم. لەو بارەیەوە دەتوانین ئاماژە بە چەند ڕوخسارێکی ئەو واقعە سیاسییە بکەین، لەوانەیش:

  1. تا ئێستا لە عێراق ڕەوتە سیاسییەکان لەسەر بنەماکانى گەمەى کارى سیاسی ڕێک نەکەوتوون، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەر ئەوەیشە کە وای کردووە ڕێککەوتنە سیاسییەکانى نێوانیان هیچ به‌هایه‌كی نەبێت؛ تەنیا قسەى کۆڕ و کۆبوونەوەکانە و لە واقعی کردارى هیچ کام لەو گوتانە بەئەنجام ناگەیەنن، بەڵکوو پێچەوانەى دەکەن. ئەمەیش هەر ئەو دووفاقییەیە کە دکتۆر عەلی وەردی لە بابەت کەسێتیی تاکی عێراقی دەیسەلمێنێ. ئەگەر لەسەر ئاستى تاک بەو شێوەیە بێت، ئەدى دەبێ لەسەر ئاستى سیاسەت و ڕەوتەکانى چۆن بێت؟ به‌تایبەت کاتێک باس لەو هاوکێشەیە دەکرێت کە سیاسەت و بەها و ئەخلاق پەیوەستدارى یەکترى نین، ئەوە خراپتر، چونکە تاکە ئاماژە بەرژەوەندى دەبێت؛ لەناویدا بەرژەوەندپى تایبەت لەپێشترە نەک گشتى. لە ئاکامدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە ڕەوتە عێراقییەکان لەسەر کۆمەڵێ بنەما بۆ کار و گەمەى سیاسی ڕێک نەکەوتوون تا ئاکامێکی پۆزەتیڤی لێ بکەوێتەوە. ئەمەیش پێچەوانەى پرۆسەى وەرچەرخانە بەرەو دیموکراسییەت. لە هەرێمی کوردستان دوو حزبە سەرەکییەکە ئەوەندە لەیەکتر دوورن کە تەنیا دانیشتنە ئەتەکێتییەکان کۆیان دەکاتەوە و، لایەک دواى دانیشتنەکان هیچ پابەندى ڕێککەوتنەکان نابێت و ئەویش بە زیهنییەتى مەزهەبگەراییی سوننە و شیعە گەمەى سیاسی دەکات؛ بەوەى ئەوەى کە سوننە کردى، لاى شیعەکان پێچەوانەکەى دروستە. هەر بۆیە ئێمەیش لە هەرێمی کوردستان گەرچى چوارچێوەى بنەماکانى گەمەى سیاسی ڕوونن، بەڵام پابەندبوون پێوەى کارێکی دژوارە و هەندێ لایەنى سیاسی پێچەوانەکەى دەکەن؛ ئەگەرچى دژى بەرژەوەندییەکانى گەلى کورد و هەرێمی کوردستان بێت.
  2. دەستوور و بنەما یاسایییەکان هیچ به‌هایه‌كی ئەوتۆیان نییە و لایەنى دەسەڵاتدار و زۆرینە پێوەى پابەند نییە. ئەمەیش بووەتە هۆى ئەوەى لۆژیکێکى تر شوێنی بگرێتەوە، کە لۆژیکی ملیشیایی و بەسەربازگەکردنى کۆمەڵگەیە لە ڕوانگەى مەزهەبێکی تایبەتەوە. لە پرۆسەى یاسادانانیش هیچ ئیعتبارێک بۆ لایەنەکانى تر داناندرێ و زۆرینە ئەوەى کە بیەوێ دەیکا، ئەگەرچی نادەستووریش بێت، چونکە لەو سەرەوە دادگه‌ى دەستووریى زامن کردووە. هەر بۆیە عێراقی هاوچەرخ چۆتە ناو بازنەى ڕەفتارکردن لە ڕوانگەى بوونى هێزەوە؛ ئەمەیش هیچ بەهایەکی بۆ یاسا و دامەزراوەکانى دەوڵەت نەهێشتۆتەوە.
  3. گۆڕینی سیسته‌مى هەڵبژاردن و دەنگدان پەرتەوازەیی سیاسیی زێتر کرد، چونکە وەک میکانیزمێک بۆ چارەسەر نەبوو، ئەوەندەى میکانیزمێک بوو بۆ زیاتر زاڵبوونى زۆرینە. هەر ئەو سیسته‌مە بوو، بووە هۆى زۆربوونێکی بێشومارى دەستە و حزبى سیاسیی هەمەجۆر، کە ئامانجیان تەنیا چنگخستنى هێز و ئیمتیازاتە لە دەسەڵات. زۆربوونى ئەو حزب و ڕەوتانە بۆتە مایەى زۆربوونى ڕایەڵە دەرەکییەکان پێیانەوە؛ ئەمەیش گوشارى بۆ سەر پرۆسەى سیاسی دروست کردووە و لە لێوارى تیاچوون نزیکی کردۆتەوە. لە یەکەم پرۆسەى هەڵبژاردنى عێراق لە ساڵى 2005 زیاتر لە 200 حزبی سیاسی بەشداریى هەڵبژاردنى کرد، بەڵام بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ساڵى 2021 تا سەرەتاى مانگى ئازار نزیکەى 309 حزبی سیاسی، ناوی خۆیان تۆمار کردووە و داتا و پێشبینییەکان واى بۆ دەچن بەهۆى سیسته‌مى هەڵبژاردنە نوێیەکەوە ئەو ژمارەیە بگاتە نزیکەى 500 حزبى سیاسی، چونکە چەندان حزبى سیاسی کە بەنیازى خۆتۆمارکردنن تەنیا گرفتى دابینکردنى 50 ملیۆن دینارەکەى ماوە کە مەرجە هەر حزبێکی سیاسی کە لە عێراق داده‌مه‌زرێ، دەبێ 50 ملیۆن دینار بارمتە دابنێ.
  4. قەڵسبوونى لایەنى زۆرینەى وڵات و میلیشیاکان بۆ چاودێریی نێودەوڵەتی بەسەر پڕۆسەى هەڵبژاردنەکەوە؛ کە ئەمەیش ئاماژەیەکی ئەرێنی نییە و مەترسیدارە. لە پڕۆسەکەدا 25 ملیۆن و 139 هەزار و 375 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ حکوومەتیش بانگهێشتی 52 باڵیۆزخانەى عەرەبی و بیانی و 19 ڕێکخراوى نێودەوڵەتیی کردووە بە مەبەستى چاودێریکردنى پڕۆسەکە.
  5. پەرتەوازەیی و لێكدژی لە گوتارى سیاسیی لایەنەکان، بەوەى نەک هەر تەعبیر لە خواستەکانى گەلی عێراق ناکەن، بەڵکوو بەئاشکرا ئەجێندایەکى دەرەکییان لەپشتە و کارى ڕاستەوخۆى بۆ دەکەن. هەر ئەوانەیش هێزى سەربازی و ئەندامیان لە ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق هەیە و چەندان دامەزراوەى ئابوورى و دارایی و ڕاگەیاندنیان هەیە. ئەو ڕەوتە میلیشیایییانە لە پەرلەمانى عێراق خاوەنى 47 کورسین؛ لە تەنگژە ئابوورییەکەى پاریشدا وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، دیارە خاوەنى چەند بانک و دامەزراوەى دارایین. ئەو گوتارانە ڕاستەوخۆ لەلایەن کەناڵە هەمەجۆرەکانى خۆیانەوە پەخش دەکرێن و خەڵکی لەسەر ڕادێنن. هەر بۆیە لە عێراقى هاوچەرخ، تەنیا کەناڵە سەتەلایتییەکان کە لە مانگە دەستکردەکانەوە پەخش دەکرێن و گوژمەى داراییی باشیان دەوێ، زیاتر لە 59 کەناڵی سەتەلایتن؛ لەوانەیش 15یان ڕاستەوخۆ هی ملیشیاکانن و ستۆدیۆکانیان لە بەغدا و تاران و بەیرووتەوە پەخش دەکرێن، کە ئەمەیش لە 25.4%ی ئەو سەتەلایتانە دەکات کە لە عێراقدا هه‌ن.
  6. سەنتەرنەبوونى ئەرکى ئەمن و پێبوونى هێز لاى دەوڵەت؛ کە ئەمە مەترسییەکى گەورەى لەسەر دەوڵەت و هەیبەتى دروست کردووە. هەر بۆیە ئێستا لە عێراق دوو سوپا هه‌ن، ئەوانیش سوپاى دەوڵەت و میلیشیاکانى حەشدى شەعبین؛ بەوەى هێزەکانى حەشدى شەعبی ئەوەى کە مەبەستیان بێت دەیکەن و هیچ ئیعتبارێک بۆ حکوومەت و دامەزارەوە و یاساکانى دانانێن. تەڕاتێنی گرووپەکانى حەشدی شەعبى لە شەقامەکانى بەغدا لەم دوایییە باشترین بەڵگەن، کە هەڕەشە لە ئەمریکا و کورد و پەرلەمان و... دەکەن و هەر ئەو گرووپانەیشن کە لە تشرینی دووەمى 2019 – ئازارى 2020 زیاتر لە 50 هێرشیان بۆ سەر بارەگا و هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەنجام داوە.
  7. هەنووکە عێراق بۆتە گۆڕەپانى تەڕاتێنی نێودەوڵەتى و یەکلاکردنەوەى هاوکێشەکان و ئاڕاستەکردنیان و ڕایەڵەى گەیه‌نەرى ستراتیژییەتەکان لە تارانەوە بۆ بەیرووت. ئەو گوشارەى کە دەبێ لەسەر بەیرووت و تاران بێت، ئێستا کەوتۆتە سەر عێراق و باجەکەیشی داوە. هەر بۆیە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە 10 ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە بۆ گرتنى "محه‌مه‌د کەوسەرانی" کە هەماهەنگیکارە لە نێوان گرووپە شیعییەکانى تاران و عێراق و لوبنان؛ لەو نێوەندەیشدا بە دوژمنى ئەمریکا ناسێنراوە.
  8. پێشتر ناکۆکییەکانى شیعە و کورد لەسەر هەندێ بابەتى سیاسی و ئابوورى بوو و، کەمتر لەسەر بابەتى مەزهەب و جوگرافیا بوو. ئێستا زیاتر لە 18 گرووپى حەشدى شەعبی لە کەرکووک نیشتەجێن و چوار لیوایان بەفەرمى لەوێ هەن. هەر بۆ ئەو مەبەستەیش خوازیارى بەدەستهێنانى دوو کورسی یان زیاترى پەرلەمانن لە کەرکووک، کە زیاتر پشتیان بەو چوار لیوایە بەستووە و ئێستا لەو شارە بەرامبەر بە کورد گرووپە شیعەکان بە پلەى یەکەم دێن و تورکمان و عەرەب بوونەتە پلە دوو. کەواتە بونیادی ململانێکان لە عێراق ئێستا گۆڕاوە و شەڕێکی سەرتاسەرییە نەک تەنیا لەسەر بەرژەوەندى، بەڵکوو بابەتەکە بووەتە پڕۆژەى قەڵەمڕەوى مەزهەبگەرایی بۆ تەواوى عێراق و کۆنتڕۆڵکردنى ئەو وڵاتە.

بەسەربازگەکردنى کۆمەڵگە

ڕۆژ لە دواى ڕۆژ پڕۆسەى سیاسی لە عێراق لە پاشەکشەدایە و لۆژیکی هێز و سوپا و بەمیلیشیاکردن لە برەودایە؛ دەوڵەتیش لەو نێوه‌دا بە بیانووى کۆنترۆڵکردن و جەنگان دژى تیرۆر، ئه‌م پرسه‌ زیاتر بایەخی بۆ پەیدا کردووە. ئەم بابەتە ئەوەندە مەترسیدار نەبوو ئەگەر لەژێر دەستى زۆرینەى باڵادەستدا نەبوایە و تەوزیف نەکرایە بۆ ئەجێنداى مەزهەبی و دەرەکی. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە دوو ڕەهەند بکرێ لەو بارەیەوە؛ ئەوانیش ڕەهەندى سوپا وەک یەکەیەکى فەرمی و، گرووپی حەشدی شەعبیی بەفەرمیکراون؛ ئاخۆ تا چەند کاریگەرییان بۆ سەر دەسەڵات و کۆمەڵگە هەیە؟ مەترسییەکان لە ئاییندەدا چین؟

سوپاى عێراق لە سەردەمى سەددام حسێن لە نزیکەى یەک ملیۆن سەرباز پێک هاتبوو و خاوەن پڕچەکترین سوپا بوو لە جیهان و لە پلەى چوارەم دەهات، بەڵام ئێستا لە ساڵى 2021 هەروەک چۆن لە گۆڤارى "گلۆباڵ پاوەر"دا هاتووە، بە پلەى 50 لەسەر ئاستى جیهان و 21 لەسەر ئاستى کیشوەرى ئاسیا و 5 لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبی دێت. وەزیرى بەرگرى لە تەواوى کابینەکانى حکوومەتى عێراقی لە دواى 2003وە دراوە بە سوننە. ئێستا "جومعە عناد" وەزیرى بەرگرییە، بەڵام ئەوەندە هەیە هەر وەزیرێکی بەرگرى کە لە بازنەى ستراتیژییەتى ئێراندا نەسووڕابێتەوە، یان لا براوە یان لە پەرلەمان متمانەى لێ سەندراوەتەوە. هەر بۆیە ڕۆڵی وەزیرى بەرگرى هەندێ جار وەک کاربەڕێکەر یان بەستنى هەندێ گرێبەستى گوماناوى باس دەکرێ و لە داڕشتنى ستراتیژییەتى بەرگریى وڵات هیچ ڕۆڵی پێ نەدراوە، بەڵکوو ئەو ڕۆڵە دراوە بە سوپاسالارى سوپا کە ئێستا گەڕێندراوەتەوە بۆ شیعە؛ هەرچەندە بەپێی ڕێکكەوتنى تەوافوقی لە عێراق، هی سوننە و لەناو سوننەیشدا بۆ کورد بووە.

سوپاسالارى ئێستاى عێراق "عه‌بدولئه‌میر یاروڵڵا"یە. لەدایکبووى ساڵى 1964 و بە مەزهەب شیعه‌یە. پێشتر سەرۆکى فەرماندەى هێزی وشکانیی عێراق بووە لە ساڵى 2009. لە سەردەمى حیزبی بەعسیشدا ئەندامى فیرقە بووە و دەبوایە لێپرسینەوەى لەگەڵدا بکرایە و بدرایەته‌ دادگه‌؛ بەڵام ئەوە نەکرا. سەردەمانێک فەرماندەى هێزەکانى عەمەلیاتى بەغدا بووە، کە وەک دەگوترێ دەسەڵاتەکانى ئەو فەرماندەیە لە هی وەزیر زیاترە. لە عێراقی هاوچەرخ 16 ملیۆن کەس ئەگەر خزمەتى سەربازی بەزۆر بوایە، دەبوایه‌ بچنە خزمەتى سەربازی، چونکە لەدایکبووانی نێوانى ساڵانی 18 – 49 ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە. ژمارەى سوپاى عێراق بە زیاتر لە 350 هەزار ئەژمار دەکرێن؛ بێجگە لە حەشدی شەعبی کە ژمارەیان بە زیاتر لە 160 هەزار کەس دەخەمڵێندرێ.

سوپاى عێراق هەمان پێکهاتەى پێشووى هەیە و هەندێکى تریشی بۆ زیاد کراوە. لە 23 فەرماندەیی (یەکێک لەوانە حەشدی شەعبی) و 37 بەڕێوەبەرایەتى و 10 ئۆفیس و ئامریات و 11 ئۆرگانى تر پێک هاتووە و، بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنیش 8 کۆلێژى هەمەچەشنەى سوپا لە عێراق هه‌ن. پێکهاتەى ڕێکخستنى سوپا لە عێراق دابەش بووە بۆ: فەیلەق، فیرقە، لیوا، فەوج و، سریە. پلەکانی سوپاش، به‌تایبەت هێزی وشکانى، لە 11 پلە پێک هاتووە کە بە مولازم دەست پێ دەکات و بە موهیب کۆتایی دێت. دروشمی سوپاش "شووراى نیشتمانن" و نازناویشیان "شێرەکانى ڕافیدەین "ە.

لە دواى ساڵانى 2003 گەرچى هیچ مەترسییەک لەسەر عێراق نەبووە، بەڵام بەردەوام گرنگى بە پتەوکردن و پڕچەککردنى سوپا دراوە. لەلایەن ڕەوتە شیعییەکانیشەوە بەردەوام کۆنتڕۆڵی سوپا دراوە و کراوە، چونکە لە لایەک سوپاى جاران هەڵوەشاوەتەوە و پێکهاتەى نوێ لە زۆربەى بوارە سەرەکییەکانى لە ڕەوتى شیعە پێک هاتووە و سوننە و کوردی لێ دوور بووە؛ کەواتە بەهیزبوونى سوپا واتای بەهێزبوونى شیعە دەگەیەنێ لە عێراقی هاوچەرخدا. لە زۆربەى بوودجەکانى ساڵانەى عێراق پارەى تەرخانکراو بۆ سوپا لە 8 ترلیۆن دینار کەمتر نەبووە، کە زۆربەى جارەکان لە 10%ی کۆى بوودجەى وڵاتى کردووە؛ ئەمە بێجگە لەو ڕێژەیەى کە بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانى تر تەرخان کراوە، بۆ نموونە هەمیشە بوودجەى وەزاره‌تى ناوخۆ لە وەزارەتى بەرگرى زیاتر بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوە بوو دواى کۆتاییی جه‌نگى داعش و به‌تایبەت لە بوودجەى 2020، بوودجەى وەزارەتى ناوخۆ بە ڕێژەى 9.7%ى بۆ زیاد کرا و، بەرگرییش بە ڕێژەى 9.9% و، دژەتیرۆریش 10.1% (نزیکەى 10 هەزار سەربازن و لە ئەمریکا و ئوردن و ئوسترالیا و ئەڵمانیا ڕاهێنانیان کردووە و لە ساڵى 2007ه‌وە دروست کراوە و بەپێی یاساى دژەتیرۆرى ئابى 2016 دەسەڵاتێکی زۆر فراوانیان هەیە و فەرماندەیییەکە ڕاستەوخۆ لە دواى سوپاسالارى عێراق دێت و فەرماندەکەیشیان دراوەتە ڕەوتى شیعە و لەسەر ئاستى جیهان لە پلەى 12 و لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبیش لە پلەى یەکەمدایە)  و، حەشدی شەعبییش 45.7%ى بۆ زیاد کرا بە بەراورد لەگەڵ ساڵى 2019. هەر بۆیە داتاکان سەرەڕاى بوونى قەیرانی ئابوورى، ئەوە دەسەلمێنن کە ساڵانە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بۆ خەرجی سوپا دانراوە، گەرچی هیچ مەترسییەکى دەرەکی لە گۆڕێ نییە؛ بەڵام ئەوەى کە تەنیا لێی سوودمەندە، ڕەوتى زۆرینەى شیعەیە لە وڵاتدا. بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانى دەستەى دەستپاکیی عێراقی، سوپا یەکێکە لەو دامەزراوە عێراقییانەى کە زۆرترین ڕێژەى گەندەڵیی تێدایە.

لەوە مەترسیدارتر گرووپەکانى حەشدی شەعبین؛ بەڵام ئەو گرووپانە بە ناونیشان نوێن بەڵام وەک دیاردە کۆنن و مێژووى دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 10 ساڵ پێش فتواکەى مەرجەعییەت و لە دواى ڕووخانى ڕژێمی بەعس لە عێراق لە 2003 دروست بوون و یەکێ لە جەنگەکانى دەسەڵات لەسەر ئاستى ناوخۆ لە سەردەمى یەکەمین سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەیاد عەلاوی لەگەڵ سوپاى مەهدی بوو لە نەجەف. ئەوان بە فتوایەکی مەرجه‌عییەت لەلایەن "ئایه‌توڵڵا عەلی سیستانی"یەوە لە 13ی حوزەیرانی 2014 سەرلەنوێ پێک هاتنەوە.

حەشدی شەعبی ژمارەیان بەتەواوى دیار نییە، بەڵام ئەوەندە نەبێ کە بەردەوام لە زیادبووندان. گەرچى ژمارەیان زۆربەى جار بە زیاتر لە 164 هەزار چەکدار دادەنرێن؛ لەو ژمارەیە 110 هەزاریان شیعەن و 45 هەزاریشیان سوننە و ئەوانی تر لە کەمە نەتەوایەتى و ئایینییەکانى ترن. حەشدی شەعبی لە دوو ڕەوتى سەرەکی پێک هاتوون: ڕەوتى موهەندس "جه‌مال جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د عه‌لی ئال ئیبراهيم"، لەدایکبووى ساڵى 1954 لە شارى بەسرە و لە 3ی کانوونى دووەمى 2020 لەگەڵ قاسم سولەیمانى لەلایەن ئەمریکییەکانەوە کوژرا و، ناسراوە بە "ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندس" کە سەر بە ئێرانە و تەبەنیى "ویلایەتى فەقیھ" دەکات بۆ عێراق. ڕەوتى دووەمیش سەر بە سیستانییە؛ "عه‌لی بن محه‌مه‌د باقر بن عه‌لی ئه‌لحوسێنی ئه‌لسيستانی ئه‌لخوراسانی کە لە ساڵی 1930 لە شارى مەشهەد ڕەزا لە خوراسان لە وڵاتى ئێران لەدایک بووە و لە ساڵی 1950 وە هاتۆتە عێراق و لە شارى نەجەف نیشتەجێ بووە"؛ گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراقدا و ململانێیەکى توند لە نێوانیاندا هەیە. حەشدى شەعبی لە 67 گرووپ پێک هاتوون؛ ٤٤ گرووپیان سەر بە ئێرانن و، 17شیان سەر بە سیستانین و، 6 گرووپەکەى تریش سەر بە هەندێ مەرجەعییەتى ترن لە عێراق. لەو 110 هەزارەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، 70 هەزاریان سەر بە ئێرانن و، 40 هەزارەکەى تریش سەر بە ڕەوتى عێراقین. ئەو هێزانە لە 64 لیوا بەسەر 8 بەرەدا دابەش بوون و بەپێی یاساى ژمارە 40 لە ساڵی 2016ی پەرلەمانى عێراق، وەک بەشێک لە سوپاى عێراق ئەژمار کران و حکوومەت لە ساڵی 2019ه‌وە سێ فەرمانى کارکردنى بۆ دەرکردوون، كه‌ بریتین له‌ ژمارە 288، 331، 337.

لە 80%ی فەرماندە و سەرکردەکانیان لە گرووپ و دەستەى حەشدی شەعبی، سەر بە مەرجەعییەتى ویلایەتى فەقیهى ئێرانن و کەمتر بواریان بۆ مەرجەعییەتى عێراقی هیشتۆتەوە و گەمارۆیان داون و هیچ بڕیارێکی چارەنووسسازیان بەدەست نییە و بەشدارى لە دروستکردنیشیدا ناکەن. هەر بۆیە هاشم ئه‌لهاشمی، نووسەرى شیعە لەو بارەیەوە ئەوە ئاشکرا دەکا کە، ئێستا ململانێ و شەڕى توند هەیە لە نێوان فیرقەى عەباسیی شەڕکەر کە سەر بە سیستانییە لەگەڵ فەرماندەکانى سەر بە ئێران؛ بەڵام ئەوەى جێی سەرنجە ئەوەیە کە لە ئەرزی واقع و پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى شیعی لە عێراق، ڕەوتى ئێرانی کاریگەرتر و لە پێشەنگدایە و ڕەوتى عێراقیش لە پەراوێز. هەر بۆیە مەترسیی دروستبوونى جەنگى ناوخۆ لە عێراق، به‌تایبەت ماڵی شیعە، هەندەى نەماوە بگاتە بەر دەرگه‌یان. هۆکارى ناکۆکییەکانیش زۆرن، لەوانە هۆکارى: سیاسی (مەرجەعییەت لە نێوان ئێرانیبوون و عێراقیبوون)؛ حزبی (چونکە زۆربەى گرووپەکان باڵی سیاسییان هەیە و هەندێکیشیان تەنانەت نوێنەریشیان لە پەرلەمان هەیە)؛ هەوڵدان بۆ دەستکەوتنى شایستە و ئیمتیازات لە دەسەڵات (جیابوونەوەکان بوون بە چەند گرووپ)؛ هەوڵی ئێران بۆ لاوازکردنى ڕەوتە شیعەکانى عێراق، به‌تایبەت ئەوانەى کە سەر بە خۆى نین. لە گەورەترین گرووپەکانیشیان سەرایا سەلام بە پلەى یەکەم دێت کە سەر بە ڕێبەرى ئایینی، "موقتەدا سەدر"ە و عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق بە گرووپی دووەم دێن لە ڕووى ژمارە و هێزەوە؛ کە پێشتر بەشێک بوون لەناو سوپاى مەهدى و دواتر لێی جیا بوونەوە.

حەشدی شەعبی لەناو بوودجەى ساڵى 2021 بایەخێکی زۆرترى پێ دراوە و داتاکان ئەوە دەسەلمێنن کە زیاتر لە 2.4 ترلیۆن دینارى بۆ تەرخان کراوە کە بەرامبەر بە بوودجەى 6 وەزارەت دەکات و وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ئەو ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ بوودجەى ساڵانى پێشوو لە 45.7% زیاترى بۆ دانراوە. هەر بۆیە لە ئاکامدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە حەشدی شەعبی تەنیا چەند گرووپێک نین کە وەک چەند هەزار چەکدارێکى بێئاییندە سەرنج بدرێن، بەڵکوو حەشدی شەعبى گرووپی چەکدارن، بەشێکن لە سوپا، ڕێکخراون، نوێنەرایەتیى ململانێی مەزهەبی و مەرجەعییەتى تەنانەت ناوماڵی شیعە دەکەن، دامەزراوەیەکی ئاینین، نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە، حزبی سیاسین، سەربەخۆییی دارایی و بوودجەى تایبەتیان هەیە، لە دامەزراوەکانى حکوومەتدا هەن و زۆر بەهێزیش بەشدارى لە پرۆسەى دروستکردنى بڕیار و پلان و سیاسەتى وڵاتدا دەکەن؛ تەنانەت لە ساڵی 2020 توانییان زیاتر لە 6500 وەزیفە لە حکوومەت وه‌ربگرن و بۆ خۆیان تەرخان بکه‌ن؛ ئەمە سەره‌ڕاى ئەوەى کە لە خوڵگەیەکی سیاسەتى نێودەوڵەتى و ناوچەیی دەسووڕێنەوە و کارەکتەرێکى کاران لەو بارەیەوە و هۆکارێکی سەرەکیی هێرش و دژایەتى و دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە عێراقدا.

پارسەنگى ئەو ژینگە دژوارە لەسەر هەرێمی کوردستان

لەو بارەیەوە دەمانەوی زۆر بەپوختى سەرنجی خوێنەر بۆ چەند پارسەنگ و ڕاستییەک ڕابکێشین، لەوانەیش:

  • لە پێش هەموو پارسەنگەکان، دەبێ ئەوەمان لا ڕوون بێت كه‌ ئەوان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان لەسەر دوو ئاست کار دەکەن و نیگەرانن: یەکەمیان ئەو ماف و شایستە دەستوورییانەی لە دەستووردا بە کورد دراون، پێیان هەزم ناکرێ؛ دووەم: لە نێوه‌ندی دژایەتیکردنى هەرێمی کوردستانەوە خوازیارن سێ ئامانج بپێکن، ئەوانیش: کاڵا و بابەتێک بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن، دژایەتیى هەرێم وەک دەرهاوێشتەیەک بۆ ململانێ ناوخۆیییه‌كانی ڕەوتە شیعییەکان و دروستکردنى مەترسییەکى ئیفترازی کە ئەویش هەرێمە بۆ ئەوەى ڕاى گشتیى ماڵی شیعەى پێ یەک بخەن؛ دواتریش ئەوەى کە ئاستەنگە لە بەردەم ئەجێنداى مەزهەبی و گۆڕینی دەوڵەت لە مەدەنیبوونییەوە بۆ ئایینى، تەنیا هەرێمی کوردستانە و هیچى تر.
  • بمانەوێ یان نا، ئێمە بەپێی دەستوور و جوگرافیا و مێژوو و تەنانەت بەپێی ئەو بڕیارەى خۆیشمان داومانە، قبووڵمانە لە ڕێگەى فیدراڵییەتەوە بەشێک بین لە عێراق؛ هەر بۆیە وا باشترە تووشی نەخۆشیی شیزۆفرینیاى سیاسی نەبین، چونکە لەو ڕوانگەیەوە ناتوانین هیچ بڕیارێکی دروست بدەین و هەمان ئەو پەتایەى کە دکتۆر عەلی وەردی وەسفی دەکا کە دوچارى عەرەبی عێراقی هاتووە بە سوننە و شیعەوە، ئێمەیش ده‌گرێتەوە.
  • پەرتەوازەیی بەرامبەر بە پەرتەوازەیی ئێمە وەڵام نادرێتەوە، بەوەى چونکە ئەوان پەرتەوازەن، بیانوو بۆ پەرتەوازەیی بهێنینەوە و بە گرفتی نەزانین و بەهیچ شێوەیەک هەوڵى تەبەننی کردنیشی نەدەین؛ پێویستە سەرکردایەتیى کوردی لەگەڵ بوونى ڕا جیاوازەکان ستراتیژییەتێکی نەتەوەییی هاوبەش بە سەرپەرشتیى سەرۆکایەتیى هەرێم و پەرلەمان بونیاد بنێ.
  • پێویستە دەسەڵات بە هەنگاوەکانى پڕۆژەیاساى چاکسازى، خۆى بەمانا بکات و ببێتە ئەو دەسەڵاتەى کە گەلی کوردستان خوازیارى بووە و شۆڕشى بۆ کرد و له‌ پێناویدا قوربانیی دا. هەر بۆیە دەسەڵات دەبێ لە ئاستى ئەو ئەرکە مێژوویییە و بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەیییەدا بێت.
  • دابینکردنى بژێوى بنەڕەتیى خەڵك؛ کە ئەمە لە قۆناغی هەنووکەدا بۆتە پاڵپشتى بەهێزی بڕیارى سیاسیی سەرکردایەتیى کورد و کەمکردنه‌وه‌ و کپکردنەوەى ئەو بیانووە بێزانیارییانە و نەخوێندنەوەى ئایندەى هاوکێشەکان، کە داواى چوونەوە سەر بەغدا دەکەن و خوازیارى نەمانى هەرێمی کوردستانن.
  • کەمکردنەوەى ئیمتیازات و زۆرکردنى چاودێریى دارایی و زیادکردنى سەرچاوەکانى داهاتى ناوخۆ و کەمتر پشتبەستن بە داهاتى نەوت؛ ئەمەیش لە پێناو دروستکردنى دەسەڵاتێکى پتەو لە ڕووى ئابوورى و ئیدارى و سیاسییەوە.
  • بوونى پرۆسەیەکى دیپلۆماسیی بەرنامەڕێژكراوی بەردەوام لەسەر ئاستى ڕەوتە سیاسییەکانى عێراق و حکوومەتى عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دۆزینەوەى سەرەداوەکانى هێز و بڕیار و کاریگەری، چونکە ئەوەندەى هەڵمەتە دیپلۆماسییەکان مەترسییەکانى سەر هەرێمی کەم کردۆتەوە، ئەوەندە کەناڵەکانى تر نا.
  • ئامادەبوونى بەردەوام لە پایتەختى عێراق لەسەر ئاستى نوێنەرایەتیى هەرێم و شاندە دیپلۆماسییەکانى هەرێم و بوونى هەماهەنگیى باش لەگەڵ پەرلەمانتارانى کورد لە بەغدا و بوونى جووڵەیەکی هاوتەریب لەو نێوەندەدا.
  • گرنگیدان بە هێز ئەوەندەى کە لە توانادایە؛ چونکە هاوکێشەکانى عێراق لە ئاکامدا سەر بۆ ئەو بابەتە دەکێشن و ڕووبەڕووبوونەوە مەحاڵ نییە، چونکە گه‌ر هەندێ گرووپ لەسەر ئاستى دەستوور و یاسا بدۆڕێن، پەنا بۆ بژاردەى تر دەبەن کە ئەویش هێزە و، بیانوویش هەر بەزوویی دروست دەکەن و پاساوی بۆ دەهێننەوە، هەروەک چۆن ئێستا بە ڕۆژى ڕووناک لە پایتەختى وڵات دژى هەرێم هۆتاف دەکێشرێ و لەلایەن هێزى هەندێ لە میلیشیاکانەوە هەڕەشە لە حکوومەتى فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکەن؛ ئەو ئەرکەیش دەکەوێتە ئەستۆى وەزارەتى پێشمەرگە بە کۆمەکی هەردوو حزبى سەرەکیی خاوەن هێز لە هەرێمی کوردستان.
  • دروستکردن یان سوودبینین لە ناوەندەکانى هزر و لێکۆڵینەوەى ستراتیژى لە هەرێمی کوردستان و بونیادنانى ڕایەڵە لەگەڵیاندا و بەهەندوەرگرتنى بیروڕایان، یان هەندێ جار تەکلیفکردنى چەند پسپۆرێک بۆ دیراسەکردنى هەندێ بابەتى هەنووکەیی یان ئاییندەیی، یان هاندانى هەندێ پسپۆر بۆ پێشکەشکردنى هەندێ پڕۆژەى ئیفتراضى (پێشنیاركراو) بۆ ئەوەى حکوومەتى هەرێم ئەنجامیان بدا.
  • بەشداریى ڕاستەقینە لە کابینەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکان و پڕکردنەوەى پشکی کورد بۆ پۆستەکان لە بەغدا؛ چونکە هەر دوورکەتنەوەیەک لە بەغدا، هەرێم بە چاوى دوژمنکاریى زیاتر سەرنج دەدرێ. بەڵام پڕکردنەوە بە مەبەستى کاردۆزینەوە نەبێت بۆ هەندێ ئەندام و کادرى حزب، بەڵکوو بۆ ئەوانە بێت کە دەتوانن ئەو ئەرکە لەسەر ئاستى بەرز جێبه‌جێ بكه‌ن.
  • دەبێ خوێندنەوەمان بۆ سیناریۆکان باشتر و چڕتر بکەینەوە و هیچ شتێک و هۆکار و لایەنێک و هەنگاوێک بەکەم نەزانین. ئەمەیش لێوردبوونەوە و ئارامی و پسپۆرى و حیکمەتى دەوێ.