ئەگەری ڕێككەوتنی ئیدارەی بایدن لەگەڵ ئێران

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا*

 

پێشەكی

لەسەردەمی ئیدارەی ترامپ، سیاسەتی ئەمریکا لەسەر ئاستی دەرەکی تا ڕاددەیەکی زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا هات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە مەلەفی ئێرانەوە ھەبووە. بە بەراورد لەگەڵ سیاسەتی  ترامپ، ئیدارەی ئۆباما  زیاتر  جەختی لەسەر  ئامراز و میکانیزمه‌  سیاسی و دیپلۆماسییه‌كان و دانوستاندنی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئێران دەكرد بۆ  کوتاییهێنان بە ناکۆکییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە و، بۆ ئەم مەبەستەیش ڕێكکەوتننامەی تایبەت بە سنووردارکردنی کار و چالاکییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٥ واژوو كرد. هەروەها ئیدارەی ئۆباما گەمارۆكانی سەر ئێرانی لا برد و ھەوڵی دا بە پێدانی  ڕۆڵی سیاسی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، تاران بكاتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان و، ڕەفتار و سیاسەتەكانی لەسەر ئاستی ناوچەكە بگۆڕێت.

بەڵام، ئێران بە سوودوەرگرتن لە نەرمبوونی هەڵوێستی ئەمریکا و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان، بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، هەوڵی دا هەژموونی خۆی بەسەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا بسەپێنێت. تێکچوونی ڕەوشی ئاسایشی ناوچەکە لە دوای بەهاری عەرەبی، سەرهەڵدانی داعش و توندبوونی ناکۆکییە تائیفییەکان، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ئێران ڕەخساند بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە دەسەڵاتێکی هەژموونگەرا لە عێراق، سووریا، یەمەن، لوبنان؛ لە هەمان کاتیشدا کار بکات بۆ دروستکردنی خەونی لەمێژینەکەی کە بریتییە لە  "هیلالی شیعی". ئەم بەهێزبوون و فراوانخوازییەی ئێران لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زەنگێکی مەترسیدار بووە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لەوانەیش ئیسڕائیل، سعوودیا، میسر و دەوڵەتانی تر و، زۆربەی  ڕەخنەکانیش ئاراستەی ئیدارەی ئۆباما دەکران، بەوەی کە سیاسەتەکەی بووه‌ته‌ هۆی ئەوەی ئێران دەست بەسەر چەندین پایتەختی وڵاتانی عەرەبیدا بگرێت.

هاۆکات لەگەڵ هاتنی ترامپ بۆ سەر دەسەڵات، هاوکێشەکان بەتەواوەتی پێچەوانە بوونەوە و ئیدارەی ترامپ سیاسەتێکی زۆر توندی هەمبەر ئێران گرتە بەر. ترامپ لە یەکەم هەنگاودا لە شوباتی ٢٠١٧ ئێرانی خستە لیستی چاودێریکردنەوە و ڕێكکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران بە خراپترین ڕێككەوتن لە مێژووی ئەمریکادا وەسف کرد و داوای چاوخشاندنەوەی بەپەلەی بەندەکانی ئەو ڕێكکەوتننامه‌یه‌ی کرد. ترامپ لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێكکەوتننامەکە کشایەوە و لە ٧ی ئابی ٢٠١٨ قۆناغی یەکەم و، لە ٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ قۆناغی دووەمی سزاکانی ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاند. هەروەها لە ٨ی نیسانی ٢٠١٩ ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆره‌وە. بەو شێوەیەیش ئیدارەی ترامپ گەمارۆی توندی خستە سەر كەرتی نەوت و گازی ئێران و ھەوڵی دا ڕێژەی هەناردەکردنی لە خاڵی سفر نزیک بکاتەوە.

ئیدارەی ترامپ و سیاسەتی ئه‌وپه‌ڕی گوشار

ڕاستییه‌كه‌ی، هەڵوێستی توندی ئیدارەی ترامپ له‌ هەمبەر ئێران، لە بنەڕەتدا بۆ گۆڕینی ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئێران بووە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی، نەک گۆڕین یان ڕووخاندنی سیسته‌می سیاسی لە تاران. بەتایبەتیش بەرپرسانی ئەمریکا زۆر بەڕاشکاوانە ئاماژیان بەوە دەدا کە هیچ مەبەست و پلانێکی نهێنییان نییە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە ڕژێمی ئێران بڕووخێنن، بەڵکوو ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی سیاسەتێکی نوێ پراکتیزە بکه‌ن و پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئێستای خۆیاندا بکه‌ن. لەم ڕووەوە، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩ کۆشکی سپی لە ڕاگەیه‌نراوێکدا وێڕای جەختکردن لەسەر گوشارخستنە سەر ئێران و ھەوڵدان بۆ گۆشەگیرکردنی، ئاماژەیش بەوە دا مەبەست لەو ھەوڵانە، گۆڕینی ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا.

لێرەدا مەبەستی سەرەکیش لە گۆڕینی سیاسەت و ڕەفتارەکانی ئێران بریتی بووە لەوەی كە تاران ١٢ مەرجی ئەمریکا جێبەجێ بکات، کە بەشێک لەوانە بریتین بوون لە: به‌ته‌واوه‌تی وازهێنان لە بەرنامەی ئەتۆمی کە ڕەهەندێکی سەربازیی هەیە؛ هه‌روه‌ها دەستهەڵگرتن لە بەرەوپێشبردن و تاقیكرنەوەی مووشەکی  بالستی. لەسەر ئاستی دەرەوەیش ترامپ داوای كرد كە  ئێران دەست لە سیاسەتی پاڵپشتیکردنی گرووپە توندڕەوەکانی وەک حزبۆڵڵا، حەماس و حووسییەکان هەڵگرێت. ھەروەھا ئیدارەی ترامپ داوای كرد كە ئێران هێزەکانی لە سووریا بكێشێتەوە، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی عێراق نەكات و ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرێت و كۆتایی بە سیاسەتی دوژمنکارانە هەمبەر دۆستەکانی ئەمریکا وەک ئیسڕائیل و سعوودیا بھێنێت. جێگەی ئاماژەپێكردنە ترامپ لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا (2017-2021) نەیتوانی ئێران ملكەچ بكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی.

ئیدارەی بایدن  و پرسی گەڕانەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی:

ئیدارەی  بایدن، چ لە كاتی بانگه‌شەكانی ھەڵبژاردن و چ لە دوای  وەرگرتنی دەسەڵات، وێڕای ڕخنەگرتن لە سیاسەتی ئیدارەی ترامپ بەرامبەر ئێران، بەردەوام جەخت لەسەر فاكتەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەكاته‌وه‌ و بەردەوام باسی ئەوە دەكات كە ئامادەیە بە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی بگاتە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران، بەتایبەت سەبارەت بەرنامە ئەتۆمییەكەی. لەم ڕووەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكین، لە 24ی ئاداری2021 ئاماژەی بەوە دا كە  ئەمریكا ڕێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەگرێتە بەر و ئەگەر ئێران پابەندی ڕێككەوتنی ئەتۆمی بێت، ئەوا ئەمریكایش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە لە ساڵی 2015 واژوو كراووە. ھەروەھا ئاماژەیشی بەوە دا كە واشنتۆن ھەوڵ دەدات گەڕانەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی، بكاتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی ڕێككه‌وتنێكی بەھێزتر، دوورمەوداتر و گشتگیرتر لەگەڵ ئێران واژوو بكات؛ بە شێوەیەك ھەموو پرسەكانی دیكەی جێگەی نیگەرانیی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی بگرێتە خۆ، لەوانە: بەرنامەی مووشەكی بالستی و سیاسەتی خراپی ئێران لە ناسەقامگیركردنی ناوچەكە و پاڵپشتیكردنی گرووپە میلیشیاكان.

لەلایەن خۆیشیەوە، ئێران جەخت لەسەر ئەو دەكات كە ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێككەونتی ئەتۆمی، بە مەرجێك یەكەم جار ئەمریكا ھەموو سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرێت. علی خامنەیی لە وتارێكی تەلەڤزیۆنیدا بە بوونەی "نەورۆز"ەوە لە 21ی ئاداردا باسی ئەوەی كرد كە ئەگەر ئەمریكا ھەموو سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی، ئەوكات ئێرانیش ھەمان ھەنگاو دەھاوێژێت و ھەموو ئەو ھەنگاوانەیش كە لە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمیدا نراون، ڕاست دەكاتەوە. لەلایەن خۆیەوە جەواد زەریف لە چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا ڕای گەیاندووە كە ئێران ئامادەیە ھەموو خاڵەكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمی پراكتیزە بكات، بە مەرجێك ئەمریكا یەكەم جار سزاكانی سەر ئێران لا بدات.

ئەوەی جێگەی پرسیارە، سەرەڕای لێدوانەكانی ھەردوو لا و دەڕبرینی ئامادەیییان بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ڕێككەوتنەكە و پشتبەستن بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان، دوای 3 مانگ لە ھاتنی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ سەر دەسەڵات، بەڵام ھێشتا ھیچ ھەنگاوێكی پراكتیكی نەنراوە بۆ ئەوەی ئەمریكا و ئێران دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ناو ڕێككەوتنەكە؛ ھەرچه‌ندە دەوڵەتانی ئەوروپا بەردەوامن لە ھەوڵەكانیان بۆ لیكنزیكردنەوەی ھەردوو لا. لە مانگی شوباتی 221 یەكێتیی ئەوروپا دەستپیشخەرییەكی پێشكەش كرد بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان ئەمریكا و ئێران و ھەوڵی دا بەرپرسانی ھەردوو لا لەسەر مێزی دانوستاندن كۆ بكاتەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی نافەرمی گفتوگۆكان دەست پێ بكەن، بەڵام ئێران ئامادە نەبوو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا دابنیشێت. بەتایبەت ئێران مەرجی سەرەكیی ئەوە بووە كە دەبێت ئەمریكا یەكەم جار ھەموو سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا ئاماده‌ بوو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دابنیشێ، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا ئەوەیان ڕەت كردەوە كە تاكلایەنە سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرن. لەم ڕووەوە نێردراوەی تایبەت بۆ كاروباری ئێران لە وەزارەتی دەره‌وەی ئەمریكا Rob Malley  ئاماژە بەوە دا كە ئەمریكا ئامادە نییە تاكلایەنە سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرێت.

لە لایەكی ترەوە، لە ڕێككەوتنی 29ی ئاداری 2021 لە فرانكفۆرت دیسان گفتوگۆی نھێنی لە نێوان ئێران و دەوڵەتانی ئەوروپا، بەتایبەت فه‌ڕەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیا بەڕێوە چوو سەبارەت چۆنێتیی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی و؛ سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەده‌ن كە ئەم جارە گفتوگۆكان جێگەی گەشبینی بوون. ھەروەھا لە 2ی نیسانی 2021 لە كۆبوونەوەیەكی گرنگدا كە بە شێوەیەكی ئۆنلاین له‌ نێوان ده‌وڵەتانی بەشدار لە ڕێككەوتنی JCPOA -بێجگە لە ئەمریكا- به‌ڕێوه‌ چوو، لایه‌نەكان جەختیان لەسەر گەڕانەوەی ئەمریكا و ئێران كرده‌وه‌ بۆ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی. ھەروەھا بڕیارە له‌ 6ی نیساندا گفتوگۆكان دووبارە لە Vienna  دەست پێ بكەنەوە و ھەرچەندە نوێنەرانی ئەمریكا و ئێران بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەكتر ناكەن، بەڵام ھەردوو لا بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەكەن.    

گرفتەكانی بەردەم زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئەمریكا و ئێران:

وێڕای ئەوەی ئەمریكا و ئێران باسی ئەوە دەكەن كە ئامادەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ڕێككەوتنەكە، بەڵام دیاره‌ هه‌ندێ كێشە و گرفت ھەن و ڕێگرن لە بەردەم زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنەكە، گرنگترینیان ئەمانەن:

یەكەم: گوشارەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا یەكێكە لە بەربەستەكانی بەردەم ئیدارەی بایدن بۆ ئەوەی بتوانێت بەئاسانی بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی. بەشێكی زۆر لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا لە ھەردوو حزبی دیموكرات و كۆماری، گوشارێكی زۆریان دروست كردووە بۆ ئەوەی بایدن ڕێككەوتنێكی ھەمەلایەن و گشتگیر لەگەڵ ئێران واژوو بكات؛ بە شێوەیەك ڕێككەوتنەكە تەنیا پەیوەست نەبێت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە. لە 24ی ئاداری 2021، نزیكەی 43 ئەندامی كۆنگرێس لە ھەردوو حزبی كۆماری و دیموكرات داوایان لە بایدن كرد كە نەگەڕێتەوه‌ بۆ ناو ڕێككەوتنی 2015. لە نامەیەكدا ئەندامانی كۆنگرێس باسی ئەوە دەكەن ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران بكرێت، گرنگە گشتگیر بێت و نابێت تەنیا سنووردار بكرێت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، بەڵكوو دەبێت ڕێككەوتنەكە بوارەكانی تریش بگرێتەوە؛ لەوانەیش: بەرنامەی مووشەكی بالستیی ئێران، پاڵپشتیی تاران بۆ گرووپە میلیشیاكان، ڕەفتارە خراپەكانی لەسەر ئاستی ناوچەكە و پرسی مافەكانی مروڤ لە ئێراندا.

دووەم: ھەوڵدان بۆ گەیشتن به‌ ڕێككەوتنێكی بەھێزتر و گشتگیرتر لەگەڵ ئێران، ئاستەنگێكی دیكەیە لە بەردەم زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی. ڕاستە ئیدارەی بایدن باسی ئەوە دەكات كە ئەگەر ئێران پابەندی ڕێككەوتنەكە بێت، ئەوا ئەوانیش پابەند دەبن بە ڕێككەوتنەكە، بەڵام ئیدارەی بایدن نەشاردۆتەوە كە مەبەستیانە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بكەنە دەرفه‌تێك بۆ ئەوەی ڕێككەوتنێكی گشتگیرتر لەگەڵ ئێران واژوو بكەن؛ بە شێوەیەك بوارەكانی تریش لەخۆ بگرێت، لەوانەیش: بەرنامەی مووشەكیی ئێران و گۆڕینی سیاسەت و ڕەفتارەكانی لەسەر ئاستی ناوچەكە. لێرەدا، لەناو ئیدارەی بایدندا و لەناو دامەزراوەكانی ئەمریكایش، لەوانە پێنتاگۆن، كۆنگرێس، كۆشكی سپی و تەنانەت سەنتەرەكانی توێژینەوە، داوا لە بایدن دەكەن كە نەگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی  ئەتۆمیی 2015،  تاكوو ئێران ناچار ببێت لەسەر ھەموو پرسەكانی دیكه‌ی جێگەی نیگەرانیی ئەمریكا سازش بكات. بەتایبەت ئەرگیومێنتی ئەو لایەنانە ئەوەیە ئەگەر بایدن پەلە بكات و بچێتە ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەوكات بە ھیچ شێوەیەك ناتوانێت ئێران ناچار بكات سازش لەسەر پرسەكانی دیكە بكات. لێرەدا پرسیاری سەرەكیی ئەوانەی دژی ڕێككەوتنەكەن ئەوەیە، ئەگەر ئەمریكا لە بەرامبەر پابەندبوونی ئێران بە بەندەكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، ھەموو سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرێت، ئەوكات چۆن دەتوانێت ئێران ناچار بكات لەسەر پرسەكانی دیكە وەك مووشەكی بالستی، یان پاڵپشتیی ھێزە پرۆكسییەكان، تاران ناچار بكات ڕێككەوتنێكی دوورمەوداتر و بەھیزتر واژوو بكات؟ لە كاتێكدا ئێران لەژێر قورسترین گوشاری ئابووریدا ئامادە نییە ئەو سازشە بكات؟

كەواتە دیارە ھێشتا ئیدارەی بایدن خۆی یەكلا نەكردۆته‌وه‌ ئایا ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران تەنیا لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەتۆمیدا بێت یان پەیوەست بكرێت بە پرسەكانی دیكەیشەوە و ئەمەیش گرفتەكە لە بەردەم پروسەی دانوستاندنەكان. پێم وایە ئەگەر پرسەكە ئەوە بێت كێ یەكەم ھەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەری ھەمان ھەنگاو بنێت سەبارەت ڕێككەوتنی ئەتۆمی (compliance for compliance)، پرسەكە سەخت نییە و دەكرێت ھەردوو لا بە ھاوكاریی دەوڵەتانی ئەوروپا میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ھەردوو لا ھەنگاوی ھاوبەش بھاوێژن سەبارەت پابەندبوون بە بەندەكانی ڕێككەوتنەكە. بەڵام ئەگەر بایدن بیەوێت پرسەكانی دیكەیش بكاتە مەرجی سەرەكیی ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران، بێ گومان سەختە ھەردوو لا بگەنە ڕێككەوتن و بەتایبەت بەرپرسانی ئێران بە ھەموو شێوەیەك ئەمە ڕەت دەكەنەوە.

سێیەم: دەستپێکردنەوەی چالاکیی ئەتۆمی و بەرەوپێشبردنی سیسته‌می مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە، یەكێكە لەو ھۆكارانەی كە بەربەستی دروست كردووە لە بەردەم پرۆسەی دانوستاندنی نێوان ئەمریكا و ئێران. بەتایبەت ئێران لە دوای سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەریدا، دەستی كرد بە پێشێلكردنی ڕێككەوتنامەكە و، لە یەكەم ھەنگاودا لە ساڵی  2019  ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ %6 بەرز كرده‌وە. ھەروەھا لە ساڵی 2021 ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرز كرده‌وه‌ بۆ %20. تەنانەت لەم دوایییانەدا، عەلی خامنەیی، ھەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەگەر پێوێست بێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ %60 بەرز دەكەینەوە.

بێ گومان ئەمەیش مەترسیی ئەوەی دروست كردووە ئەگەر ئێران بەو شێوەیە بەردەوام بێت لە پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكە و پیتاندنی یۆرانیۆم، دەكرێت لە ماوەیەكی كورتدا بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات. ھەروەھا ئێران لە ھەنگاوێكی دیكەدا لە شوباتی 2021 كار و چالاكییەكانی پشكنەرەكانی سەر بە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیی سنووردار كردووە. بێ گومان ئەم ھەنگاوانەی ئێران كێشەی گەورەیان دروست كردووە بۆ ئەوەی ئەمریكا و ئێران بتوانن دووبارە ڕێككەوتنی نێوانیان زیندوو بكەنەوە؛ بەتایبەت ئێستا ھیچ لایەنێك ئامادە نییە ھەنگاوی یەكەم بھاوێژێت و پێشێلكارییەكانی بەرامبەر ڕێككەوتنەكە ڕاست بكاته‌وه‌.

چوارەم: گوشارەكانی ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا، بەتایبەت ئیسڕائیل و دەوڵەتە عەرەبییەكان، دیسان كاریگەریی خۆی ھەیە لەسەر ھەڵوێستەكانی ئیدارەی بایدن بەرامبەر ئێران. ڕاستە لە كوتایێدا ئەوە ئەمریكایە بڕیار دەدات ئایا لەگەڵ ئێران ڕێك بكەوێت یان نە، بەڵام بێ گومان ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا ترسێكی زۆریان هه‌یه‌ لەوەی ئەمریكا و ئێران بگەڕێنەوه‌ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمیی 2015. بەتایبەت ئەوان پێیان وایە ئەو ڕێككەوتنە نەك ھەر نەبووه‌تە ھۆی ئەوەی ئێران دەست لە بەرنامەی ئەتۆمی ھەڵبگرێت، بەڵكوو بووه‌تە ھۆی بەھێزكردنی پێگەی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی. ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا  پێیان وایه‌ ڕێككەوتنەكە وای كردووە ئێران لەسەر ئاستی دەرەكی، ھەژموون و پێگەی خۆی زیاتر بەھێز بكات و پاڵپشتیی گرووپە میلیشیاكانی شیعە بكات لە ناوچەكەدا. ھەر بۆیه‌یش لە دوایین لێدوانیدا "نەتەنیاھۆ" باسی ئەوەی كرد كە بەدەر لەوەی ئایا ئەمریكا و ئێران دەگەنە ڕێككەوتن یان نا، ئەوا ئیسڕائیل بەرنامە و بژاردەی خۆی دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەوە بكات ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و بژاردەی سەربازییش لەبەردەستە.

پێنجەم: پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانی ئێران كە بڕیارە لە 18ی  حوزه‌یرانی 2021 بەڕێوە بچێت، دەكرێت ھەم فاكتەرێكی ھاوكار بێت و ھەم فاكتەرێكی ڕێگر بێت بۆ ئەوەی ئەمریكا و ئێران بگەڕێنەوه‌ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی. دوای 2 مانگی تر ئێران لە بەردەم ھەڵبژاردندایە. ڕیفۆرمخوازەكانی ئێران ھەوڵ دەدەن بە ھەر شێوەیەك بێت، پێش ئەو وادەیە ڕێككەوتنی ئەتۆمی زیندوو بكەنەوە. ئەمە نەك تەنیا بۆ ئەوەی دووبارە ئابووریی ئێران زیندوو بكەنەوە، بەڵكوو بۆ ئەوەی متمانەی خۆیان بەتەواوەتی لە لای خەڵك لەدەست نەدەن و ڕێگە نەدرێت له‌لایەن تەیاری توندئاژووكانەوە ئەو كارتە لە ھەڵبژاردنەكاندا لە دژیان بەكار بێت.

ھەرچەندە بەرپرسانی ئەمریكایش ئه‌وه‌ ڕەت دەكەنەوە ھەڵبژاردنەكانی ئێران كاریگەریی له‌سه‌ر بڕیارەكانیان هه‌بێت، بەڵام خودی ئەمریكایش حەز ناكات تەیاری توندئاژووكان لە ئێران لە ھەڵبژاردنەكاندا ببه‌نەوە. ئەمەیش دەكرێت كاریگەری بكاتە سەر نەرمبوونی ھەڵوێستی ئەمریكا. بەڵام، لە لایەكی تریشەوە، لەوانەیه‌ ئەم ھەڵبژاردنە ببێتە ڕێگرێكی مەزن بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی؛ بەو مانایەی تەیاری توندئاژووكان لە ئێران، بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا، لەوانەیە ھەموو ھەوڵێك بدەن لەم فەترەیەدا ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا نەكرێت و، بۆ ئەم بەمەستە دەسەڵاتیان ھەیە. بەتایبەت قسەی یەكەم و كۆتاییی سەبارەت ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، علی خامنەیی دەیكات و لە دوایین لێدوانیدا عەلی خامنەیی دەڵێت، نابێت لە بابەتی دووبارەچوونە ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی، بەرپرسانی ئێران پەلە بكەن. بە شێویەكی گشتی ئەگەر پرسەكە تەنیا پەیوەست بێت بە بەرنامەی ئەتۆمی، بێ گومان ئەمریكا و ئێران بەئاسانی دەتوانن دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەر ئیدارەی بایدن لەسەر سیاسەت و ستراتیژیی ترامپ بڕوات، ئەوا ئەگەری ڕێككەوتنەكە زۆر سەخت دەبێت. ڕوژانی داھاتوو دیار دەبێت بایدن كام بژاردە ھەڵدەبژێریت.

 

* نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین.