هەژاری، قەرزداری و سیستەمی نێودەوڵەتی لە سەردەمی کۆرۆنا

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا گۆڕانکاریی گەورەی لە ئەرکەکانی دەوڵەت، هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەمیش لەسەر ئاستی ناوخۆیی دروست کرد. وڵاتە دەوڵەمەندەکان ناچار بوون چالاکییەکانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەم بکەنەوە و وڵاتە هەژارەکانیش گیرۆدەی برسێتی، بێکاری، قەرز و لەدەستدانی مەشروعییەتی ناوخۆیی هاتن. لە هەردوو حاڵەتدا، ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتیش ڕێکخراوە دارایییەکان کە ڕۆڵی گەورەتر لە وڵاتە هەژار و قەرزدارەکاندا بگێڕن.

سیستەمی نێودەوڵەتی

لێرەدا مەبەست لە سیستەمی نێودەوڵەتی، سیستەمی زاڵه‌ بەسەر ئابووریی جیهاندا. ڕاستە کە کۆرۆنا بووە هۆکاری ئەوەی کە دەوڵەت بەهێزەوە بێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوخۆ؛ بەڵام هاوکات كاریگه‌ریی خسته‌ سه‌ر وەرچەرخانەکانی سیستەمی ئابووری و داراییی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش دەوڵەتە لاوازەکان. کۆرۆنا سەرلەنوێ دەرفەتی بۆ ناوەندە دارایییە جیهانییەکان، واتە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی ڕەخساند تا بەهێزەوە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتە خاوەن سیستەمە سیاسییە جیاوازەکان (لە دیکتاتۆرییەوە بۆ نیمچەدیموکراسی تا دیموکراسییەوە) ببەستێت، بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی کە بە وڵاتی لاواز یاخود شکستخواردوو هەژمار دەکرێن و بەدەست قەرزی دەرەکییەوە دەناڵێنن. زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین دەکەونە چوارچێوەی ئەم وڵاتانە، کە زۆربەیان داوای یارمەتیی دارایی و قەرزیان لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانییان کردووە.

ئەم قەرزانە دەبنە هۆی ئەوەی کە دواجار سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کۆمەڵێک ڕێکاری هەموارکردنەوەی ستراکتۆرە ئابوورییەکان بەسەر ئەم وڵاتانەدا بسەپێنێت یاخود ئەم وڵاتانە نەتوانن ڕێژەی قازانجی سەر قەرزەکان و هەقدەستی قەرزەکان (debt payment) بدەنەوە. کەواتە ئەم وڵاتانە یان ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر مەرجە سەپێنراوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی، یاخود دەکەونە ژێر کاریگەریی ناڕاستەوخۆیی وڵاتە باڵادەستەکانی ناو ئەم ڕێکخراوه‌دا. بۆ نموونە، لەم چوارچێوەیەدا بانکی جیهانی لە یەکەم هەنگاویدا بڕی ١،٦ ملیار دۆلاری بۆ ٢٥ وڵاتی لە دۆخی گەشەسەندندا تەرخان کرد و دواجار بڕی ١٦٠ ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی پتر لە شەست و پێنج دەوڵەت تەرخان کرد.[1] زیاد لەمەیش وڵاتانی وەک میسر، مۆزامبیک، پاکستان، سوودان و زامبیا، نزیکه‌ی ٨٪ی کۆی بەرهەمی ناپوختەی نیشتمانی (GDP)یان، بۆ قەرزە گشتییەکانە؛ سەرەڕای ئەوەی کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە کۆمەڵێک وڵاتی وەک فەڵەستین، بۆرۆندی، باشووری سوودان و زیمبابوێی، تەنیا بەشی یەک مانگ دراوی بیانییان بۆ هاوردەکردنی کاڵا سەره‌کییەکان و کاڵا خۆراکییەکانیان وەک یەدەگ هەیە[2].

ئەم فەوزایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کاریگەریی لەسەر بۆچوونەکانی بەجیهانیبوونیش دروست کرد. بە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا کۆمەڵێک بۆچوون لەسەر ئاستی جیهانی و لۆکاڵی سەریان هەڵدا کە لەو بڕوایەدا بوون پرۆسەی بەجیهانیبوون یان دەوەستێت، یاخود گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەریدا دێت. پێش قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی ئەم بۆچوونە، پێویستە کۆمەڵێک بابەت باس بکرێن. لەم بارەوە "هێنری کێسێنجەر" لەو بڕوایەدا بوو کە لە جیهانی دوای کۆرۆنادا، جیهان ڕووبەڕووی پەشێویی ئابووری و سیاسی دەبێتەوە؛ پەیمانە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی لۆکاڵی و جیهانی هەڵدەوەشێنەوە و ئەم کاریگەرییانە لەوانەیە بۆ چەندین نەوە بەردەوام بن. کێسێنجەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پێی وابوو کە هیچ وڵاتێک و تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ناتوانن بەتەنیا ڕووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە ببنەوە بەڵکوو پێویستیی بە هاوکاریی جیهانییە[3]. "جۆزێف نای" لەگەڵ کێسێنجەر هاوڕایە کە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا پێویستیی بە هاوکاریی جیهانی هەیە، بەڵانم بەپێچەوانەی کێسێنجەر، جۆزێف نای لەو بڕوایەدا نییە کە ئەم پەتایە گۆڕانکاری بەسەر ڕەوتی بەجیهانیبووندا بهێنێت، چونکە هەندێ بابەتی ژینگەیی و سروشتی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤن و هاتووچۆی زانیارییەکانیش هەر بەردەوام دەبن. ئەگەرچی بە بڕوای جۆزێف نای لەوانەیە ئیدارەی ئەمریکا (مەبەست ئیدارەی دۆناڵد ترامپە) هەڵە بکات و گورز لە پرۆسەی بەجیهانیبوون و نەزمی ئێستای جیهانی بوەشێنێت[4]. لە پرۆسەی بەجیهانیبووندا، چ لە سەردەمی کۆرۆنا و چ لە پێش کۆڕۆنا، کۆمەڵێک بابەت هەن کە گۆڕانکارییان بەسەردا نایه‌ت؛ وەک بەکارهێنانی بەرفراوانی ئینترنێت، سوودوەرگرتن لە که‌لتوورەکانی تر، بەکارهێنانی دۆزینەوەکان لە ئاستی جیهانی، بەردەوامبوونی جه‌نگەکان، جەنگی بازرگانی و پەیوەندییە بازرگانییەکان، کێشەکانی پەیوەست بە ژینگە و دەیان بابەت و کێشەی تر.

لە سەردەمی کۆرۆنادا دوو پرۆسەی دژبەیەک، بەڵام هاوکات هاوتەریبی یەکتر هاتنە ئاراوە؛ یەکەم، سۆلێدارێتی (هاوبەندی) لەسەر ئاستی جیهانی و وەکوو یەک هەڵسوکەوتکردن؛ دووەم، داخستنی سنوورەکان و ململانێی مانەوە؛ هەر دوو پرۆسەیش پێکەوەگرێدراو بوون. لە ئاستی جیهاندا هاوسۆزییەک لەبارەی چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هاتە کایەوە. "ترس" خەسڵەتی سەرەکیی ئەم قۆناغە بوو کە کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتیی بۆ هاوسۆزی هان دەدا. بەڕێوەبردنی نمایشە که‌لتووری و هونەرییەکان لەسەر ئاستی جیهان (بەتایبەتیش لە ڕێگەی ئینترنێته‌وه‌)، بڵاوکردنەوەی ڕێنمایییە تەندروستییه‌كان و چۆنێتیی بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەشێک بوون لەم هاوسۆزی و سۆلیدارێتییە. دەکرێ لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی یەک جیهان پێکەوە لە ماڵەوە (one world together at home) به‌ بەرجەستەترین هێمای هاوکاریی نێوان هونەرمەندانی سەرتاسه‌ری وڵاتان لەسەر ئاستی جیهان هەژمار بکەین بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی. هاوکات سنوورەکان داخران، شارەکان قەرەنتینە کران و خەڵک لە ماڵ مانەوە. واتە بەتەواوەتی لێکدابڕانێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی دروست بوو. ئەم لێکدابڕانە لە پێناو مانەوە بوو. هاوکات لەسەر ئاستی جیهانی، ململانێی دەوڵەتان بۆ پاراستنی نەتەوەکانیان سەری هەڵدا؛ تۆمەتبارکردنی یەکتر، دانی پارەی زۆرتر بە کۆمپانیاکان بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان، دزینی بارهەڵگری ماسکەکان لەلایەن دەوڵەتانەوە خەسڵەتی سەردەمی کۆرۆنا بوون. لەم قۆناغەدا هەم ڕێکخستن (قەرەنتنیە ناوخۆیییەکان)، هەمیش پشێوی (داخستنی سنوورەکان)، تەحه‌کومی بە جیهان کرد. لەگەڵ ئەمەیشدا خودی بەکارهێنانی چەمکی "جیهانی پێش سەردەمی کۆرۆنا" و "جیهانی پاش سەردەمی کۆرۆنا"، دابەشکردنێکی جیهانی لە ئەدەبیاتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دێنێته‌ دی و توێژینەوەکانی تایبەت بە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا دەخولێنەوە.

سەرەڕای گشت ئەمانە، جیهان لە سەردەمی بەجیهانیبووندا ڕووبەڕووی گرفتی جددی بووەتەوە؛ واتە چیتر قەیرانە ئابوورییەکان، گرفتە ژینگەیییەکان و نەخۆشییە گوازراوەکان و جەنگە مەحەلییەکان بابەتی ناوخۆیی نین بەڵکوو بابەتی جیهانین. لەم ڕوانگەیەوە مادەم ئەم ڕووداوانە کاریگەری لەسەر کۆی گشتیی مرۆڤەکان دروست دەکه‌ن، کەواتە لە پرۆسەی بەجیهانیبوونی پاش سەردەمی کۆرۆنا، پێویستە "ناسنامه‌یه‌كی گشتیی مرۆڤایەتی" بێتە کایەوە کە تێیدا گشت مرۆڤەکانی جیهان بە چاوی "ئێمەی گشت" سەیری یەکتر بکەن. ئەگەرچی هاتنەدیی ئەم ڕۆئیایە سەختە، بەڵام شتێک کە لە واقعدا بوونی نەبێ، مانای هەڵەبوونی شتەکە ناگەیه‌نێت.

وڵاتانی هەژار لە سەردەمی کۆڕۆنا

بە سەرهەڵدانی کۆرۆنا وڵاتانی هەژار خۆیان لە هەمبەر ئاڵینگارییەکی لەڕاددەبەدەر گەورەدا بینی. ژێرخانی ئابووریی ئەم وڵاتانە هێندە بەهێز نەبوو کە بتوانن بەشێک لە بوودجەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە تەرخان کەن. ئەگەرچی ژمارەی تووشبووانی خودی ئەم پەتایەیش لەم وڵاتانەدا، کە زۆربەیان دەکەوتنە ئەفریقا و وڵاتە ئاسیایییەکان کە جه‌نگی ناوخۆ و گرووپی چەکداریی تێدا حوکمڕانی دەکەن، کەم بوو. ئەم کەمبوونەیش بە مانای خۆششانسبوونی ئەم وڵاتانە نایەت، بەڵکوو بە مانای دابڕانی ئەم وڵاتانە لە جیهانی دەرەوەی خۆیان دێت؛ چونکە ئەم پەتایە بە شێوەی سەرەکی لە ڕێگەی مرۆڤەکانەوە بۆ یەکتر دەگوازرێتەوە. جووڵەی بازرگانی و مرۆیی هەم لە ئەمریکا و هەمیش لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژاوا زۆرە، بۆیەیش ڕێژەی تووشبوون بەم پەتایەیش لەم وڵاتانە زۆر بەرزە. واتە ئەو وڵاتانەی کە خاوەن سیستەمی خۆشگوزەرانی و بیمەی کۆمەڵایەتی و ئاستێکی بەرزی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتین، زۆرتر تووشی ئەم پەتایە بوونە. ئەگەرچی کۆمەڵێک ڕێزپەڕ لەم بارەوەیش هەن، وەک نیوزیلەندا، کە کەمترین تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای تۆمار کرد، بەڵام هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ توندوتۆڵیی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لەم وڵاتە و کەمکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە، وڵاتە هەژارەکان، کە دواجار ژمارەیان گەیشتە ٩٠ وڵات، داوای یارمەتییان لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کرد. ئەم سندووقە لە ناوەڕاستی مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٠ لە چوارچێوەی بەرنامەی Catastrophe Containment and Relief Trust نزیکەی ٢١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ ٢٥ وڵاتی زۆر هەژار تەرخان کرد-کە بیست لەم وڵاتانە لە ئەفریقا بوون- تا بتوانن بۆ ماوەی شەش مانگ بەشێک لە قەرزە کەڵەکه‌بووەکانیان بدەنەوە و هاوکات بەشێک لەم یارمەتییە دارایییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخان بکرێت[5]. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، سەرچاوەیەکی تری یارمەتیدانی دارایی بوو بۆ ئەم وڵاتانە، بەڵام کاتێک لە ناوەڕاستی مانگی ئەپریل، دۆناڵد ترامپ بڕیاری دا یارمەتییەکانی ئەمریکا- کە ساڵانە لە سەرووی چوار سەد میلیۆن دۆڵار بوو- لەم ڕێکخراوە ببڕێت، ئەویش بە بیانووی لایەنگریکردنی ئەم ڕێکخراوە لە وڵاتی چین و باش بەڕێوەنەبردنی کارەکانیان لە بەرنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، ئەم بڕیارە ئاڵینگارییەکی تر بوو بۆ وڵاتانی هەژار و کەمداهات، چونکە پشکی سەرەکیی دابینکردنی بوودجەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەمریکاوە دەهات و لە ڕێگەی ئەم بوودجەیەوە، ئەم ڕێکخراوە توانای هاوکاریکردنی وڵاتانی هەژاری هەبوو.

لە لایەکی ترەوە، کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر دەوڵەتان جیاواز بوو؛ زۆرێک لە حکوومەتی وڵاتانی وەک ئەمریکا، ئوسترالیا، ئەوروپای ڕۆژاوا و ژاپۆن و وڵاتە نەوتییەکانی وەک ئیمارات، کوێت، قەتەر و سعوودیا توانییان لە ڕێگەی بانکی ناوەندیی وڵاتەکانیانەوە بڕە پارەیەکی زۆر بخه‌نە ناو بازاڕ و تا ڕاددەیەک یارمەتیی چینی هەژار، مامناوەند و ئەو کەسانەی کە کاری ڕۆژانە یاخود وەرزییان هەیە، بدەن. بەم جۆرەیش تا ڕاددەیەک بارگرانیی کۆرۆنا لەسەر چینە لەرزۆکەکانی کۆمەڵگه‌ سووکتر بوو. بۆ نموونە لە یەکەمین هەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ئیدارەی ترامپ بڕی دوو تریلیۆن دۆلاری خستە ناو بازاڕی ئەمریکا. ئەم یارمەتییانەی حکوومەتی ئەمریکا گشت ڕەهەندەکانی ژیانی گرته‌وه‌ کە بریتی بوون لە یارمەتیدانی خێزانەکان، کۆمپانیا گەورەکان و کۆمپانیا بچووکەکان بۆ ئەوەی بتوانن مووچەی کرێکار و فەرمانبەرانی خۆیان بدەن. هەر کەسێک لە ٧٥ هەزار دۆلار لە ساڵێکدا بەرەو خوارەوەی هەبێت، ئەم یارمەتییانەی وەردەگرت. ئەم پاکێجانە تا ئێستایش لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بەردەوامە. بەڵام کێشەی سەرەکی، لەسەر وڵاتانی هەژار و بەشێک لە وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندن و ئەو وڵاتانە بوو کە گیرۆدەی جەنگی ناوخۆیی بوون. لەم وڵاتانەدا بەپێچەوانەی وڵاتانی سەرەوە، حکوومەت زیاتر سەروەریی خۆی لەدەست دا. حکوومەتی ئەم وڵاتانە نەک تەنیا نەیانتوانی یارمەتیی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگه‌کانی خۆیان بدەن بەڵکوو پەنایان بۆ قەرزی دەرەکی برد. کێشەی ئەم وڵاتانە تەنیا بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری نه‌بوو، بەڵکوو بەرزبوونەوەی ئاستی بێسەرپەناییشی لێ کەوتەوە. لەم ڕوانگەیەوە شتێکی ئاسایییە کە دیاردەکانی وەک خۆپێشاندان و لەڕێگەدەرچوونە کۆمەڵایەتییەکان ببینرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک، بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە برسێتیی تونددان و لە ٥٥ وڵاتدا دەژین، لە ١٣٠ ملیۆن کەس بۆ نزیکەی ٢٦٥ ملیۆن بەرز بووەته‌وە. ئەم وڵاتانەیش زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادان کە بەدەست جه‌نگی ناوخۆیی، بارودۆخی خراپی ئابووری و گۆڕانکاریی كه‌شوهەواوه‌ دەناڵێنن[6]. بەپێی ڕاپۆرتێکی تری هەمان ڕێکخراو، مەترسییەکی سەرەکیی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتە هەژارەکاندا، داخستنی قوتابخانەکانە کە بووەتە هۆی بێبەشکردنی ملیۆنان منداڵی خێزانە هەژارەکان لەو خۆراکەی کە لە قوتابخانەکاندا لە ڕێگەی ئەم ڕێکخراوەوە بۆ منداڵان دابین دەکرا. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، نرخی ئەم خۆراکە نزیکەی ١٠٪ی داهاتی مانگانەی خێزانێکی هەژار پێک دێنێت. کەواتە بۆ خانەوادەیەکی هەژار کە چەند منداڵی لە قوتابخانە هەبێت، داخستنی قوتابخانەکان کارەساتێكی مرۆیی و تەندروستی بۆ ئەوان و تەنانەت وڵاتەکەیشیان لێ دەکەوێتەوە[7]. ئەگەر ڕێژەی ٨٢١ ملیۆن کەس بەم ژمارەیە زیاد بکەین کە شەوانە بە زگی برسی دەخەون، وێنەی کارەساتباری وڵاتە هەژارەکان کامڵتر دەبێت[8].

زیاد لەمەیش ئەم وڵاتە هەژارانه‌ گرفتێکی تریشیان هەیە کە بریتییە لە کێشەی قەرزداری. بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆنفڕانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەسەندن (unctad)، قەرزی وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا، چ ئەوانەی زۆر هەژارن و چ ئەوانەی لە دۆخێکی داراییی باشتردا دەژین، بە سێکتەرەکانی حکوومی، ناحکوومی، قەرزی ناوخۆیی و دەرکییەوە، تا کۆتاییی ساڵی ٢٠١٨، دەگاتە ١٩١٪ یاخود دووقاتی تێكڕای بەرهەمی نیشتمانی (GDP)ی ئەم وڵاتانە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەم ئاستە بەرزەی قەرزداری، تەنیا بۆ خراپ بەڕێوەبردنی کەرتی ئابووریی ناوخۆیی ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بۆ خراپ بەڕێوەبردنی کەرتی دارایی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دەگەڕێتەوە[9]. ئەوەی جێگەی تێبینیکردنە، بەڕێوەبردنی ئابووریی جیهانی، زیاتر لەدەست وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندایە و هەر خودی ئەم وڵاتانەیش بوون کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە ڕێکخراوەکانی بازرگانی و دارایییان لەسەر ئاستی جیهان دامەزراند. لێرەیشەوە لە بۆچوونەکانی قوتابخانەی وابەستەیی نزیک دەبینەوە کە لەو بڕوایەدان کە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتووییی وڵاتانی هەژار و دواکەوتوو بۆ نەزمی داراییی سیستەمی جیهانیی کاپیتالیزم دەگەڕێتەوە. لە هەمان ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیاری وڵاتانی G20 لە کۆبوونەوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٠، بۆ هەڵپەساردنی دانەوەی قەرزی دەرەکیی وڵاتانی قەرزدار تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠،  ٧٣ لەو وڵاتانە لەخۆ دەگرێت کە یان هەژارترین وڵاتن لە ئاستی جیهاندا یاخود لە ڕووی یاسایییەوە ناتوانن لە ئەنجومەنی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDA) قەرز وەرگرن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بڕی ئەو پارەیەی کە کرێکارە بیانییەکان (کۆچبەر) بۆ خێزانەکانیان لە وڵاتانی هەژار و کەمدەرامەت دەناردەوە، نزیکەی ١٩.٧٪ کەمی کردووە و بۆ ٤٤٥ ملیار دۆلار دادەبەزێت بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٩، کە ئەم بڕە بریتی بوو لە ٥٥٤ ملیار دۆلار. ئەمە بڕە پارەیەیش به‌ سەرچاوەیەکی سەرەکیی هاتنی دراوی بیانی بۆ وڵاتانی هەژار و کەمدەرامەت هەژمار دەکرێت، بەتایبەتیش دوای ڕەچاوکردنی ئەو مەترسییەی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە نزیکەی ٣٥٪ی سەرمایەگوزاریی ڕاستەوخۆی دەرەکی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەم وڵاتانەدا وەستاوە[10].

پوختە

لە جیهانی سەردەمی دوای کۆرۆنا، ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت سەرلەنوێ وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و دەرەکیدا بەرجەستە بێت. لە ڕاستیدا کۆرۆنا سەنگی مەحه‌کی سەروەریی زۆرێک لە دەوڵەتانە. لە دوای ئەم پەتا جیهانییە، لەمەوبەدوا دەوڵەتانی هەژار و ناسراو بە شکستخواردوو، نەك تەنیا بەهۆی کۆچ و جه‌نگی ناوخۆ و تیرۆر، مەترسی لەسەر ئەمن و ئاشتیی نێودەوڵەتی دروست دەکەن، بەڵکوو بەهۆی ژێرخانە ئابووری و سیاسییە لاوازییەکانیانەوە، بەتایبەتیش لە هەمبەر نەخۆشییە گوارزاوەکان، مەترسی لەسەر ئەمن و ئاشتیی نێودەوڵەتیش دروست دەکەن. هەر بۆیەیش چاوەڕوان دەکرێت له‌ جیهانی پاش کۆڕۆنا، دەستێوەردانی نێودەوڵەتی لەم وڵاتانەدا په‌ره‌ بستێنێت. بەڵام ئەمجار لەوانەیە مەترسیی پەتا کوشندە و گوازراوەکان، کۆمەڵگه‌ی پێشکەتووی نێودەوڵەتی ناچار بکات، بەپێچەوانەی سەردەمی کۆڵۆنیالیزم و جه‌نگی دووجەمسەریی نێوان جیهانی سەرمایەداری و کۆمۆنیزم، بە مەبەستی گەشەسەندن و بنیاتنانی ژێرخانی ئەم وڵاتانە دەستێوەردان بکەن.

 

 

[1] World Bank, World Bank Group Launches First Operations for COVID-19 (Coronavirus) Emergency Health Support, Strengthening Developing Country Responses, 2/4/2020, https://www.worldbank.org

[2] WFP, COVID-19 - Potential Impact on the World's Poorest People, 8 April, 2020.   https://docs.wfp.org

[3]  العربیة، کیسنجر یدق ناقوس الخطر:العالم مابحد کورونا لیس کما ماقبلە، ٥/٤/٢٠٢٠

https://www.alarabiya.net

[4]  JOSEPH S. NYE, No, the Coronavirus Will Not Change the Global Order, FP, APRIL 16, 2020, https://foreignpolicy.com/

[5] IMF, IMF Executive Board Approves Immediate Debt Relief for 25 Countries, 13/4/2020

https://www.imf.org

[6] WFP, COVID-19 will almost double acute hunger by end of 2020, 16, 4, 2020

https://insight.wfp.org

[7] WFP, School Feeding, https://www.wfp.org/school-meals

[8] WFP, COVID-19 - Potential Impact on the World's Poorest People, 8 April, 2020.

https://www.wfp.org/publications/covid-19-potential-impact-worlds-poorest-people

[9] UNCTAD, From the Great Lockdown to the Great Meltdown: Developing Country Debt in the Time of Covid-19, April 2020, https://unctad.org/en/PublicationsLibrary/gdsinf2020d3_en.pdf

[10] World Bank, World Bankd Predicts a Sharpest decline in remittances  in recent History, 22 April 2020, https://www.worldbank.org