هاوسەنگیی هەڕەشە: ڕەهەندە شاراوە و جیۆسیاسییەکانی پێکدادانی حەماس و ئیسرائیل

پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

لە دوایین هەینیی مانگی پیرۆزی موسڵمانان کە لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ڕۆژی جیهانیی قودس ناوزەد کراوە، ئاستی توندوتیژی و پێکدادانی فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان بە شێوەیەکی زۆر دراماتیکی هەڵکشا و پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. لەم نێوەندەیشدا بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی (حركة المقاومة الاسلامية) ناسراو بە "حەماس" ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و خۆی کرد بە پێشەنگ و خاوەنی ئەم ناڕەزایەتی و پێکدادانە و، کار گەیشتە ئەوەی کە بەڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر شارەکانی ئیسرائیل.

هەر ئەمەیش وای کرد کە ئەمریکا وەکوو گەورەترین و سەرەکیترین هاوپەیمانی ئیسرائیل لە زاری جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، جارێكی دیكه‌ هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی ئالۆزییه‌كانی قودس و هێرشه‌كانی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل ئاشكرا كرد و ڕای گه‌یاند، ئیسرائیل له ‌به‌رامبه‌ر سه‌دان مووشه‌كدا كه‌ له‌ غه‌ززه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن، مافی به‌رگری له‌خۆكردنی هه‌یه.‌ تەنانەت ئەمریکای سەردەمی دیموکراتەکان بە پاساوی خزمەتنەکردن بە پرسەکە و ئەگەری ئالۆزترکردنی بابەتەکە، ڕێگەی گرت کە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایس لەو بارەیەوە دەربچێت. ئەمەیش دەڕبری قووڵایی و مەترسییەکانی ئەم خولە لە جەنگ و پێکدادانەکانە لە پاش جەنگ و پێکدادانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ساڵانی ٢٠٠٨ و  ٢٠١٢ و ٢٠١٤.

ئەوەی کە لەم نێوەندەدا گرنگە و دەتوانێت هۆکار و پاڵنەرەکانی ئەم هێرش و بارگرژییانە ڕوونتر بکاتەوە، تێگەیشتنه‌ لە ڕەهەند و دیوە شاراوەکانی ئەم توندوتیژییانە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵێکە بۆ ئاشکراکردنی ئەو ئەکتەر و ڕەهەندانە بۆ دەرکەوتنی کۆد و پاڵنەرەکانی ئەم جەنگ و پێکدادانە؛ هەرچەندە لە ئێستا دروستبوونی جەنگێکی سەرتاسەریی فەڵەستینییەکان لە دژی ئیسرائیل ئەگەرێکی دوورە. بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەگەر ئەم بارگرژییانە کۆنترۆڵ نەکرێت، دەتوانێت سەر بکێشێت بۆ جەنگێکی تەواو جیاواز لە ڕابردوو لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلییەکان لە ناوچەکەدا.

١- هۆکار و پاڵنەری ئاشکرا و ڕواڵەتیی دروستبوونی توندوتیژی و پێکدادانەکانی حەماس و ئیسرائیل

جگە لە ڕەگە مێژوویییەکەی ناکۆکی لەسەر دروستبوونی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨، لە ڕواڵەتدا ئەم جەنگە بۆ پێکدادانی نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلییە توندڕەوەکان دەگەڕێتەوە، کە لەسەر بڕیاری دادگه‌ سەبارەت بە کێشەی خاوەندارێتیی فەڵەستینییەکان لە گەڕەکی شێخ جەراحی ئۆرشەلیم لە قازانجی ئیسرائیلییەکان هەڵگیرساوە؛ هەرچەندە ئەم کێشەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی یاساییی ٢٦ بنەماڵەی فەڵەستینی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٨ تاوەکوو ساڵی ١٩٥٦ کە لە ناوچەکانی خۆیان لە یافا و حەیفا ئاوارەی گەڕەکی شێخ جەراح بوون، ڕووی داوە.

لە ڕاستیدا لە پاش ساڵی ١٩٧٢وە و هەوڵی جووەکان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو داواکارییەی کە لە بنەڕەتدا خاوەندارێتیی ئەو زەوییانە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، چونکە لە سەدەی ١٩دا کڕیویانە، بەڵام فەڵەستینییەکان بە نایاسایی لەسەر موڵکی ئەوان خانوویان دروست کردووە؛ ئەو ناوچە و شوێنانە بۆتە شوێنی کێسەی یاسایی لە نێوان هەردوو لایەن. لە ئێستادا بەهۆی بڕیاری دادگه‌ لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٠ لە زیانی ٤ بنەماڵه‌ی فەڵەستینی بۆ چۆڵکردنی ئەم موڵکانە تاوەکوو کۆتاییی مانگی ٥ و پاشان بۆ ٧ بنەماڵەی تر و، هەروەها بڕیاری دادوەرێکی تری ئیسرائیلی بۆ ئەو موڵکانەی کە فەڵەستینییەکان خۆیان بە خاوەنی دەزانن، وەکوو دەیەی ١٩٨٠ بگەنە ڕێکكەوتن لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، بەوەی کە ڕازی بن خاواندارێتییه‌كه‌ بۆ ئیسرائیلییەکان بێت، بەڵام لە بەرامبەردا مافی فەڵەستینییەکان وەکوو کرێچی تا لە ژیاندا مابن لەو شوێنانە پارێزراو دەبێت. بەڵام گواستنەوەی توندوتیژییەکان بۆ مزگەوتی ئەقسا و پـێکدادانی نێوان پـۆلیسی ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان و هەڕەشە و هۆشداریی باڵی سەربازیی حەماس (كتائب الشهيد عزالدين القسام)  کێشەکەی ئالۆزتر کرد.[1]

٢- ئەکتەر و ڕەهەندە شاراوەکانی پێکدادانەکان

لە ڕووی ئاست و شێوازی پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەم خولە لە توندوییژی و جەنگ بێوێنەیە؛ بەم واتایە کە پێشووتر ئەو ڕێژه‌یه‌ لە مووشەک و تەکنەلۆژیای سەربازی و لەو ماوە زەمەنییەدا بەکار نه‌هاتبوو کە بۆ خودی ئیسرائیلییەکان سەرسوڕهێنەرە و لەوانەیە پێشبینینەکراو بووە. بەپێی زانیارییەکان باڵی سەربازیی حەماس (کەتیبەکانی قەسام) لە ئێستادا خاوەن چەندین جۆری ڕۆکێت و مووشەکی کورتمەودا و مامناوەندییە کە دەتوانێیت هەموو شار و ناوچەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج و تەنانەت نەیانشاردۆتەوە کە ئامادەن بۆ جەنگێکی تەواو.

بەڵام پرسیار ئەوەیە کە لە ناوچەیەکی گەمارۆدراوی وشکایی و ئاسمانی و دەریاییی وەکوو "کەرتی غەززە" کە یەکێک لە چڕترین ناوچەکانی جیهانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان و ڕووبەری خاکەکەی، ئەو تەکنەلۆژیا و ئەو ژمارە بەرزە لەو مووشەکانه‌ لەکوێوە هاتوون؟ هەرچەندە حەماس لە ڕێگەی تۆنێلەکانی ژێرزەوییەوە کە بە میترۆ ناسراوە چەک و تەقەمەنی ده‌گوازێته‌وه‌، بەڵام شاراوە نییە "جیهادی ئیسلامی" و خودی "حەماس"یش نەیان شاردۆتەوە و بەئاشکرا باسیان کردووە، ئەوەیە کە ئەم چەک و تەکنەلۆژیایە لەلایەن ئێرانییەکانەوە پێیان دراوە و هەر ئەمەیش سەرەداوی ئاشکرابوونی دیوی شاراوەی هێرشەکان و بارگرژییەکان و تەنانەت دەرکەوتنی کۆدە شاراوەکانی ئەم گەڕە لە شەڕ و پێکدادانەکانە.

 لێرەدا ڕۆڵ و ئامانجی ئێران لەو یارمەتی و بەرزکردنەوەی توندوتیژییانە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاشکرابوونی ئەو ڕەهەند و کۆدانەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان. کەواتە دەتوانین بڵێین کە بەپێچەوانەی بۆچوونی دەوڵەتانی ئیسلامی و بەشێک لە ڕای گشتیی موسڵمانانی جیهان، ئەم جەنگە زیاتر لەوەی کە عەرەبی-فەڵەستینی و ئیسرائیلی بێت، ئێرانی-حەماس لە لایەک و، ئیسرائیلی-ئەمریکییە لە لایەکی ترەوە.

٣- پاڵنەر و کۆدە شاراوەکانی جه‌نگ و توندوتیژییەکان

یەکەم؛

ئێران لەمێژە هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات؛ ئەم بارگرژییانە دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی هێز و توانای ئێران و لایەنگرانی. ئەمەیش لە ڕووی بەرزکردنەوەی ورەی لایەنگرانی لە ناوچەکەدا و، هەروەها لەنێو جیهانی ئیسلام یارمەتیی چەسپاندنی بانگەشە و ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتی ناوچەییی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئێران دەخوازێت و ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە، ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەهەندی ئیسلامی-ئیسرائیلی وەربگرێت کە خۆی بانگەشەی دەکات و خۆی ڕێبەرایەتییەکی بگرێتە ئەستۆ، نەک وڵاتانی عەرەبی و سوننە، بەتایبەتی سعوودیا. لەم ڕێگەیشەوە ئێران قووڵاییی ستراتیژیی خۆی لە ناوچەکە له‌ چوارچێوەی "هیلالی شیعی"دا بۆ پاراستنی نفووز و ئاسایشی خۆی و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان لە سنوورەکانی دەستەبەر دەکات. لێرەدا ئێران هەوڵ دەدات کە ئامانجە جیۆسیاسییەکانی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیا فارس-شعییەکه‌ی لە چوارچێوەی ململانێی ئیسلامی-ئیسرائیلی بشارێتەوە یاخود بەرجەستەی بکات. بەم پێیەیش، جگە لە لاوازکردنی ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبییش به‌ لاواز و بێکاریگەر و پاشکۆ دەربخات.

دووەم؛

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتن و ئاساییبوونەوەی پەیوندیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل وەکوو "ڕێکكەوتنی ئاشتیی ئیبراهیم"، هەست بە مەترسی و پەراوێزکەوتن دەکات. ئەم جەنگە دەرفەتێکە کە وڵاتانی عەرەبی ناچار بکات هەڵوێست لە دژی ئیسرائیل وەربگرن و ڕێگە بە خۆیان نەدەن لە ترسی کاردانەوەی ڕای گشتییان باس لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن و ئەو پرۆسەیە گشتگیر بکەن. بۆیه‌ ئەم خاڵە زۆر بۆ ئێران جەوهەرییە کە ڕای گشتیی وڵاتانی عەرەبی لە دژی دەسەڵاتدارانیان سەبارەت بەم ڕێککەوتن و پرسە بجووڵێنێت. بۆیە بەم پێیە ئەم جەنگە هەوڵ و دەرفەتێکە بۆ ئێران بۆ شکستپێهێنان و تێکدانی ئەو هەواڵبەندی یاخود بلۆکە نوێیەی کە لە ناوچەکەدا لە دژی ئێران دروست بووە.

سێیەم؛

ئێران مەبەستییەتی کە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خۆی کە لەم ماوەیەدا چڕ بۆتەوە، سنووردار یاخود پووچەڵ بکاتەوە؛ بەم واتایە کە ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا قبووڵ ناکات و، لەوانەیە ڕاستەوخۆ هێرشی سەبازی بکاتە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئەمەیش ئێرانی نیگەران کردووە کە ببێتە هۆی وێرانکردنی ئەو دامەزراوانە، وەکوو ئەوەی لە سووریا و عێراق کە ئیسرائیل لە ڕابردوودا هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان و لەناوی بردن. هەروەها ئێران لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامە بە ئیسرائیل دەدات کە ئەگەر ئیسرائیل ئەم چەشنە هێرشە لە دژی ئێرانیش ئەنجام بدات، ئەوە ئێران دەتوانێت لەناو خاکی خودی ئیسرائیل وه‌ڵامی بداتەوە. ئەمەیش بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەی ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

چوارەم؛

لەم چەند ساڵەی ڕابردوو و بەتایبەتی ئەم ساڵەی دواییدا ئێران ڕووبەڕووی چەندین هێرشی سایبەریی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی (بەتایبەت دوایینیان لە نەتەنز) و، هەروەها تێکدان و تەنانەت کوشتنی زانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی (بەتایبەت فەخریزادە) بۆتەوە، کە لە هەموویاندا ئیسرائیل بە تۆمه‌تبار زانراوە وەکوو هەوڵێک بۆ وەپاشخستنی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و وەکوو سیاسەت و ستراتیژیی بەرگریی دەستپێشخەرانە لەلایەن ئیسرائیلەوە؛ هەرچەندە ئیسرائیل بەدەگمەن ئەم هێرشانەی گرتۆتە ئەستۆ. هەروەها لەم ساڵانەدا لە سووریا بە سەدان هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر کۆگه‌ و  دامەزراوە مووشەکی و بنکەی سەربازییەکانی ئێران و لایەنگرانی و، تەنانەت کوشتنی سەدان ئەندام و فەرماندەی پلەبەرزی سوپای قودسی ئێران لە سووریا و تەنانەت عێراقیش، کە لە هەموویاندا  ئیسرائیل تۆمەتبار کراوە. بۆیە ئەم هێرشانە وەکوو وه‌ڵام و تۆڵەکردنەوەیەک دێت بۆ ئیسرائیل و، هەروەها هەوڵێکیش بۆ کەمکردنەوەی ئەم هێرش و گوشارە سەربازییانه‌. لە لایەکی تریشەوە ئێران لە بەرامبەر وه‌ڵامنەدانەوەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر دەبووەوە و زۆر بە لاواز دەردەکەوت و، ئەمەیش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر لایەنگرانی ناوچەیی و تەنانەت ڕای گشتیی ناوخۆیی لە ئێران کردبوو و ئەم هێرشانە وەکوو نمایشێکی توانای مووشەکی و هێرشبەرانەی ئێران بۆ سه‌ر خاکی ئیسرائیل، وەکوو دەرفەت و وه‌ڵامێک وایە بۆ ئەو لاوازی و ڕەخنانە.

پێنجەم؛

لە ماوەی ڕابردوودا و بەهۆی کوشتنی "قاسم سولەیمانی"یەوە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە  و پێگەی سولەیمانی لەناو هێزە لایەنگرەکانی ئێران، گەورەترین گورزی سەربازی و بەم پێیەیش ستراتیژی، وەبەر ئێران کەوت. سەرەڕای هێرشی مووشەکیی ڕۆژی 8/1/2020 لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، کە چەند مووشەکێکی گرتە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و شارۆچکەی هەریر، ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردەنەوەی لە بکەرانی ئەم هێرشە بۆ سەر گەورەترین فەرماندەی سەربازیی خۆی کردووە. لە لایەکی تریشەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا (٨-٥-٢٠٢١) بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرێک لە ماڵپەری "یاهوو نیوز"[2] کە وردەکاریی کوشتنی سولەیمانی و، هەروەها ڕۆڵی ئیسرائیل لەو هێرشەدا ئێران دووبارە پرسی تۆڵەکردنەوەی بەرز کردەوە. بۆیە ئەوە باشترین دەرفەت بوو بۆ ئێران کە لە داهاتوودا ڕای بگەیه‌نێت کە لەم ڕێگەیەیەوە تۆڵەی لەناو خاکی ئیسرائیلدا کردۆته‌وه‌.

شەشەم؛

ئێران ترسی لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی هەیە بەهۆی هەر هێرشێکی ئیسرائیلییەکانەوە بۆ سەر بنکە و دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی؛ بۆیە ئەمە دەرفەتێکە کە پەیام بە ئیسرائیل بدات کە جگە لە هێرشی مووشەکی، دەتوانێت بەهۆی ئەو هێرشانەوە ململانێ و ناکۆکیی عەرەب و ئیسرائیلیش بقۆزێتەوە و جەنگێکی ناوخۆیی بەهۆی پێکدادان لە نێوان عەرەب و جووەکان -وەکوو ئەوەی کە لە چەند شارێکی ئیسرائلی بینیمان- دروست بکات. هەر بۆیە وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل "بینی گانتز" ڕای گەیاند کە له‌ زۆربه‌ی شاره‌كان ناكۆكی و توندوتیژی له‌ نێوان هاووڵاتیانی جووله‌كه‌ و فه‌ڵه‌ستینیدا دروست بووه‌، وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ شه‌ڕ و باگرژییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و كه‌رتی غه‌ززه. بینی گانتز هۆشداریشی دا کە دۆخی ئێستا لێكه‌وته‌ی خراپی ده‌بێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە بگوازرێته‌وه‌ بۆ جه‌نگێكی ناوخۆییی "عەرەب-جوو" له‌ ئیسرائیل.

حەفتەم؛

لەو ماوەیەدا بڕیار بوو کە لە پاش ١٥ ساڵ (لە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦) کە حەماس زۆرینەی دەنگەکانی وەدەست خست و دەسەڵاتی وەگرت و پاشان بووە هۆی پێکدادانی چەکداریی ناوخۆیی لە نێوان حەماس و بزووتنەوەی فەتح (حركة التحرير الوطني الفلسطيني)، جارێکی تر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی یاسادانی فەڵەستین لە ٢٢-٥-٢٠٢١ ئەنجام بدرێت و لە ٣١-٦-٢٠٢١ هەڵبژارنی سەرۆکی فەڵەستین. بەڵام مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی فەڵەستین (السلطة الوطنية الفلسطينية ) لە ڕێکەوتی ٢٩-٤-٢٠٢١ ئەم هەڵبژاردنەی بە پاساوی ناڕوونیی دۆخی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری ئۆرشەلیم (قودس) و وەرگرتنی گەرەنتیی بەشداریی ١٥٠ هەزار فەڵەستینیی نیشتەجێی  ئەو بەشە و بەڕێوەچوونی لەو شارەدا، وەپاش خست. ئەمەیش ڕووبەڕووی نیگەرانی و ڕەخنەی زۆر توندی حەماس بووەوە و به‌ "ئینقلاب" ناوی برد. لێرەدا، ئەم هێرشانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و خۆبەخاوەنکردنی کێشەکانی ئەو بەشەی فەڵەستین کە لەژێر کۆنترۆڵی "بزووتنەوەی فەتح"دایە، بەشێکە لە وەرگرتنی ڕەوایەتی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان و گرتنەوەی دەستی دەسەڵات لەو بەشانە کە بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ فەتح لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حەماس نەماون. لەم ڕوانگەیەوە، ئەمە دەرفەتە بۆ حەماس، بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتەوە بە دەسەڵاتداری یەکەمی فەڵەستین، بەتایبەتی پاش ئەو گۆڕانکارییە نەرێنییانە کە لەپاش هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ لە زیانی فەڵەستینییەکان و قازانجی ئیسرائیل دروست بوو. حەماس بەردەوام بزووتنەوەی فەتح بە بەرپرسیار دەزانێت. لێرەیشدا كۆماری ئیسلامیی ئێران هاودەنگە لەگەڵ حەماس و، دەسەڵاتی فەڵەستینی بە گەندەڵ و سازشکار دەزانێت لە هەمبەر مافەکانی فەڵەستینییەکان. بۆیە زۆر بە قازانجی ئێرانە کە بزووتنەوەیەکی توندڕەو بێتە سەرکار کە تاوەکوو ئێستا دەوڵەتی ئیسرائیل بەفەرمی ناناسێت.

هەشتەم؛

ئەم هێرشانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕاستیدا پایامێکی ئێرانە بۆ ئەمریکا کە ئەوان توانای تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و هەڕەشە لە نزیکترین هاوپەیمانی ئەو وڵاتەی هەیە؛ بەو واتایەی کە ئەگەر ئەمریکا نەگەڕێتەوە ناو ڕێکكەوتنی ئەتۆمی و بەم پێیەیش گەمارۆ و سزا و ئابڵووقە توندەکانی سەر ئێران لا نەبات، ئەوە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندی و هاوپەیمانانی ئەمریکا. ئەم ستراتیژییە سەربازییە بۆ ئێران وەکوو سیاسەتێکی ئاسایی لێ هاتووە و تەنانەت ئێران تۆماتبار دەکرێت کە هەموو ئامراز و میکانیزمە نائاسایی و تەنانەت نایاسایی و ناسیاسییەکان بۆ ناچارکردنی وڵاتان بۆ ئامانجەکانی بەکار دێنێت. بۆ نموونە بەبارمتەگرتنی کەسانی خاوەن ڕەگەزنامەی بیانی لە ئێران لە بەرامبەر پێدانی پارەی کاش و، هەروەها گۆڕینەوەیان لەگەڵ ئەو ئێرانییانەی کە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران و شکاندنی گەمارۆکان و گواستنەوەی کەلوپەلی قەدەغەکراو و تەنانەت تیرۆر و سیخوڕیکردن بۆ ئێران، لە بەندیخانەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپیدان.

 لە ڕابردوویشدا ئەمە چەندین جار ڕووی داوە و تەنانەت ئێران گرووپە چەکدار و توندڕەوە فەڵەستینی و لوبنانییەکانی بۆ ئەم کارە و گۆڕینەوەی بارمتە و دیلەکان و تەنانەت ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی یاخود هەڵگرتن و کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر خۆی بەکار هێناوە. هەر بۆیە لە ناوخۆی خودی ئەو وڵاتانە و لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی تۆمەتبار کراون بە لاوازی لە بەرامبەر ئێران و تەنانەت چاوپۆشی و ڕازیبوون بەم سیاسەتەی ئێران. بۆیە لەم دۆخەی ئێستادا کە گفتوگۆکانی ئێران و وڵاتانی ٤+١ و ئەمریکا لە ڤیەننا سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران بەڕێوە دەچێت، ئێران گوشارەکانی بۆ سەر ئیدارەی بایدن چڕ کردۆتەوە. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە بایدن هەم لەلایەن وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە و بەتایبەتی ئیسرائیل و لە ناوخۆی ئەمریکایش لەلایەن کۆمارییەکانەوە لەژێر گوشاردایە کە سزاکانی سەر ئێران هەڵنەگرێت؛ جگە لەوانەیش بایدن دەیەوێت ناوچەکە جێ بێڵێت؛ ئەمەیش دڵەڕاوکێی دروست کردووە.

کۆبەند:

بەپێی تیۆری هاوسەنگیی هەڕەشە، کاتێک لایەنێک توانا سەربازی و گشتییەکانی بەرز دەبێتەوە و هەڕەشە لە لایەنی بەرامبەر دەکات، پێویستە ئەو هەڕەشەیە لە ڕێگەی هاوسەنگکردنەوە یان هاوسەنگیی نوێوە بڕەوێندرێتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئیسرائیلیش سوود لەم جەنگ و بارگرژییانە دەبنێت، چونکە دەزانێت ئەگەر بتوانێت بە شێوەیەکی کونترۆڵکراو درێژە بەم جەنگە بدات و حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە و بە مووشەکی سوپای پاسداران پڕچەک کراوە و پاڵپشتیی لێ دەکرێت و لە هەمان کاتیشدا لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە بە تیرۆریست ناسێندراوە، بە دەستپێشخەر و تاوانبار بناسێنێت، ئەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕای گشتیی جیهانی و لەمەیش گرنگتر دانوستانەکانی "ڤییەننا"یش هەبێت کە ئامانجی پێچەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەم هێرشانەدا. بۆیە هەر ئەکتەرێک تا ئاست و ڕێژەیەک بەرژەوەندی و ئامانجی لەم پێکدادان و بارگرژییانەدا هەیە و لەم نێوەندەیشدا زۆرینەی خەڵکی فەڵەستینی و خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلیش سووتماکی ئەم ململانێ ئایدیۆلۆژیایی و جیوسیاسییانەیە.

 هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو کە بەشێک لە کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا داوای هەڵپەساردن و ڕاوەستانی دانوستانەکانی ڤییەننایان کرد، وەکوو کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هێرشەکانی حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و بەردەوام ئێران هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی و نەخشە دەکات. هەروەها خودی نەتانیاهۆش کە نەیتوانیوە پاش چوارەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵدا، کابینەی نوێی حکوومەتی ئیسرائیل پێک بێنێت و لە لایەکی تریشەوە بە گەندەڵی تۆماتبار کراوە و دۆسێکەی لە دادگه کراوه‌یە، دەتوانێت بۆ قایمکردنی پێگەی خۆی، کەڵک لەو جەنگ و بارگرژییانە ببینێت.

جگە لەمانەیش، ئیسرائیل دەیەوێت بە کاردانەوەیەکی بەهێز و بەرزکردنەوەی تێچووی ئەم هێرشانە، هەڕەشەکانی حەماس و بەم پێیەیش ئێران پووچەڵ بکاتەوە و سەرکردە و فەرماندە باڵاکانیان لەم دەرفەتەدا بکوژێت. ئەمەیش لە بەرژەوەندی و بە قازانجی ئیسرائیلە کە لەم ڕێگەیەوە لە لایەک ئاشنای تەکتیک و جۆری ئەو چەکانە و ئاستی هەڕەشەکانیان بۆ سەر سیستەمی مووشەکیی ئیسرائیل و بەم پێیە دەستنیشانکردنی لاوازیی خودی ئەم سیستەمە بەرگرییە مووشەکییە (Iron Dome) و بەگشتی ئاستی توانا و ئیمکانیات و چەشنی هەڕەشەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بێت و خۆی بۆ ئامادە بکات و، لە لایەکی تریشەوە کۆتایی بە کۆگه‌ و مووشەکەکانیان بهێنێت و تەنانەت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پێگەیان لاواز بکات بەهۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی لەنێو فەڵەستینییەکان لە دژی حەماس و جیهادی ئیسلامی.

 

[1] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

https://www.youtube.com/watch?v=jgnsuqCqxSE

https://www.bbc.com/persian/world-features-57068788

[2] -بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە وردکارییە نوێیەکانی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەو ماڵپەرە، بڕوانە:

Jack Murphy and Zach Dorfman، 'Conspiracy is hard': Inside the Trump administration's secret plan to kill Qassem Soleimani.  Sat, May 8, 2021, Available at: https://news.yahoo.com/conspiracy-is-hard-inside-the-trump-administrations-secret-plan-to-kill-qassem-soleimani-090058817.html