چەند ئەگەرێک بۆ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست- زانکۆی ئێکسیتر و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان- زانکۆی سەڵاحەددین

زۆرن ئەو وڵاتانەی کە هەر لە ئێستاوە بەنیگەرانییەوە دەڕواننە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا. پێدەچێت ناهه‌قیشیان نەبێت چونکە بەشێکی زۆری بەرژەوەندیی دۆستانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەر لە هەر شتێک پەیوەستە بە مانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست. هەر یەکە لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کاریگەریی زۆریان دەکەوێتە سەر. ئه‌وجا ئەگەر کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا جێگه‌ی نیگەرانی بێت بۆ ئەم وڵاتانە کە خاوەن پێگە و هێزی سیاسی و سەربازیی دیارن لە ناوچەکەدا، دەبێت بۆ ئێمەی کورد چەند جار جێگه‌ی نیگەرانی بێت؛ چونکە هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا ئەگەر پشتگیریی ئەمریکا و ئەوڕوپییەکانی لەگەڵ نەبووایە، ئەوا دەمێک بوو وڵاتانی دراوسێمان، بەتایبەتییش ئێران و تورکیا ڕێک کەوتبوون لەسەر سڕینەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٧ کە دەرفەتێکی لەبار هەبوو ئەم نیازەیان بێننە جێ، بەڵام هەر یەکە لە ئەمریکا  و فەڕەنسا هەر زوو ئەو پەیامەیان نارد کە ئیتر ئەو سەردەمە به‌سه‌ر چوو کە ئێوە بتوانن بڕیار لەسەر کیانی سیاسیی نەتەوەیەک بدەن لە ناوچەکەدا. 

ئەوەی جێگه‌ی نیگەرانییە، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەکمان نەکردووە؛ ته‌نانه‌ت لەسەر ئاستی توێژینەوە و پێشبینیش کە ئەم ناوچەیە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست چۆن دەبێت، کەچی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل دەمێکە کەوتوونەتە جووڵە و ئامادەکاری بۆ ناسینی ئەو قۆناغە سیاسییە. بەتایبەت ئیسرائیلییەکان لە ڕێگه‌ی ناوەندەکانی توێژینەوەی ستراتیژی، بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، چەندین توێژینەوەیان لەو بارەیەوە کردووە. بۆ نموونە هەر چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ڕۆژنامەی "جۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی ١٠ ئەگەر و پێشبینیی خستە ڕوو بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو گەڕان بە دوای ئەو وەڵامەیش کە ئایا بە ئامادەییی ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا تا ئێستا چ دەسکەوتێک وەدەست هاتووە، هەم بۆ ئەمریکا و هەم بۆ ئیسڕائیلیش، بەتایبەت لە پرۆسەی ئاشتەواییی ئەم دوایییه‌ی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، یاخود ئەوەی بە ڕێکكەوتنەکانی "ئاشتیی ئەبراهام" ناسراوە؟

ئیسرائیلییەکان پێیان وایە بە پشتبەستن بە قسەکانی سەرۆکی پێشوو، باراک ئۆباما، هەروەها دواتریش دۆناڵد ترامپ و ئێستایش جۆ بایدن، ئەمریکییەکان درەنگ یان زوو هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست کەم دەکەنەوە. هەروەک ئەوەی لە ئەفغانستان بینیمان کە بەنیازن لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کاروانی کشانەوەکانیان دەست پێ بکەن. هەرچی عێراق و سووریایشە ئەوا لە ڕاستیدا کشانەوەی ئەمریکییەکان لەژێر پرسیاردایە؛ لە سووریا ئەمریکییەکان چاوه‌ڕێی بەهێزبوونەوەی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێکكەوتنێك؛ لە عێراقیش پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ داوای کشانەوەی ئەمریکییەکانی کردووە؛ ڕۆژانەیش ئەمریکییەکان لەبەر مانەوەیان لە عێراقدا قوربانیی گیانی و ماددی دەدەن. واتا لەم دوو وڵاتەیش لە ڕاستیدا مانەوەی ئەمریکییەکان لەژێر هەناسەدانی دەستکرددایە. ئەمەیش بێ گومان کاریگەریی دەبێت لەسەر گشت لایەنەکان؛ واتا هەم دۆست و هەم نەیارەکانی ئەمریکاش.

سەرەڕای ئەو گەشبینییانەی کە هەن بە دۆخی ناوچەکە، بۆ نموونە "کریستین فۆنتەر" لە پەیمانگه‌ی ئەنجومەنی ئەتلەسی پێی وایە، کە دوای کشانەوەی ئەمریکاش "جۆرێک لێکتێگەیشتن لە نێوان شیعە و سوننەکانی ناوچەکەدا دەبێت؛ هاوشێوەی ڕێکكەوتنەکانی ئیسماعیل (وەک ئاماژەیەک بۆ کوڕی پێغەمبەر ئیبراهیم)، واتا ئاشته‌وایییه‌ك لە نێوانیان دەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێک لە ناوەندەکانی توێژینەوەی ئیسرائیل دەڵێن، لە ڕاستیدا ئەم نزیکبوونەوەی بەرەی سوننەکان لە ئێران وا دەکات، کە هاوپەیمانە سەرەکییەکەی ئەمریکا بخاتەوە باوەشی هێزێکی ناوچەییی مەترسیدار کە ئێرانە. ئەمەیش دواجار خزمەتکردنە بە بەرژەوەندییەکانی ڕووس و چین و ئێرانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

لەم نووسینەدا پشت بە بەشێک لە ناوەندەکانی توێژینەوەی ئیسرائیل دەبەستین کە لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا چەند سیناریۆیەک بە نزیک دەزانن؛ وەک خۆیان دەڵێن، پێویستە بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکان و کەسانی هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕەچاوی بکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا، کە بریتین لەو ١٠ ئەگەرانەی خوارەوە:

یەکەم/ کشانەوەی ئەمریکا وا دەکات ڕێکخراوە تیرۆریستە ئیسلامییەکان پەناگەی نوێی ئارام بدۆزنەوە، بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە و ڕق دژی ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل.

دووەم/ كشانەوەی ئەمریکا وا دەکات ئێران لە دوو ناوچەی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاکییە سەربازییەکان بەهێزتر بکات؛ واتە هەر یەکە لە گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب؛ ئەمەیش دواجار مەترسیی گەورە دروست دەکات لە سەر چالاکیی دەریاوانیی بازرگانی لە گشت جیهاندا.

سێیەم/ هاوکات لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکییەکان، دۆستەکانی ئەمریکاش لە گشت جیهان هەست دەکەن کە پشتبەستن بە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا تاسەر نین؛ کاتێکیان هەیە بۆ بەسەرچوون.

چوارەم/ مەیدان بۆ هەر یەکە لە نەیارانی ئەمریکا خۆش دەبێت، واتا: ڕووسیا و چین و ئێران کە ڕۆڵی هێزە گەورە و یەکلاکەرەوەکان ببینن لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

پێنجەم/ لە ئەگەری نزیکبوونەوەی سعوودیا و وڵاتانی تری کەنداو لە ئێران، ئیسرائیل بەتەواوی داخراو دەبێت، یان هەست بە داخراوی دەکات؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەیش، ئیسرائیل هەر چاوەڕێی ئەوە لە وڵاتانی کەنداو دەکات کە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنەکانی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل؛ وەک بژاردەیەک بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو باشترن لە وڵاتانی تری ناوچەکە. 

شەشەم/ بە کشانەوەی ئەمریکا، ئێران هەست دەکات کە ئامادەباشیی زیاتری تێدایە بۆ سەرەڕۆیی، بەتایبەت کە دەزانێ ویلایه‌تە یەکگرتووەکان نایەوێت دژایەتیی جیهانی ئیسلامی بکات، وەک کارتێک دژی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکكەوتنی ئەتۆمی.

حەوتەم/ نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ئێران چاو دەبڕێتە ئوردنیش وەک داشێکی تری شەتڕه‌نج کە لەوانەیە بکەوێتە ژیر هەژموونی ئێرانی لە دوای عێراق و لوبنان.

هەشتەم/ بزووتنەوەی تاڵیبان دیسان دەست بەسەر ئەفغانستاندا دەگرێتەوە؛ هەموو ئەو دەسکەوتانە سفر دەکاتەوە کە تا ئێستا لە بواری مافی مرۆڤ و ئافرەت و کەمینەکان بەدەست هاتوون.

نۆیەم/ بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەگەری كێشە و ململانێ هەرێمییەکان زۆر زیاتر دەبێت.

دەیەم/ بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، وڵاتە سوننییەکانیش دەگرێتەوە، بۆ نموونە سعوودیا و تورکیا؛ ئەمەیش لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.

ئەوەی جێگه‌ی تێبینییە ئەوەیە کە، ئەو ئەگەرانەی ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێ داون هیچیان لە بەرژەوەندیی ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا نین. ئایا ئەمە وا دەکات کە ئەمریکا دووبارە هەوڵ بداتەوە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، وەک ئەوەی لە دوای ٢٠١١ لە عێراق ڕووی دا؟ ئەمانە هەمووی پرسیارن و پێویستیان بە وەڵامە. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەو وتەیەی باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل، مایک ئۆرین بدەین کە لە ساڵی ٢٠١٩ بە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی گوت: "ئەگەر پێت وا بێت ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست بکشێتەوە بەبێ قوربانیدان و دروستکردنی مەترسی بۆ خۆی، ئەوا تۆ خۆت هەڵدەخەڵەتێنی." هەڵبەتە بەدڵنیایییەوە ئەمریکییەکانیش ئەو ڕاستییە دەزانن کە کشانەوە لە ناوچەیەکی چەندساڵەی جێی نفووزی خۆیان بەبێ قوربانیدان نابێت. ئه‌وجا ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو لێکدانەوەیەی کە ئەمریکییەکان ناتوانن بەئاسانی دەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌رده‌ن، یانیش مەگەر ئەمریکییەکان بەدیلی باشتریان بۆ ئەم پاشەکشێکردنە دۆزیبێتەوە!

لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا لەسەر هەرێمی کوردستان

لە کۆتاییدا گرنگە دەرەنجامەکانی ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەسەر هەرێمی کوردستانیش تاوتوێ بکەین، چونکە بێ گومان هەرێم یەکێک دەبێت لەو قەوارە سیاسییانەی کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زۆرترین کاریگەریی لەسەر دەبێت.

كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژه‌یه‌كی خراپ دەبێت‌ بۆ ئایینده‌ی پەیوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ‌و ئه‌مریكا؛ دواتریش جورێك له‌ بێمتمانه‌یی دروست ده‌كات كه‌ وا ده‌كات کورد و هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه‌ بیر له‌ هێزێكی تری هه‌رێمی بكه‌نه‌وه‌ له ‌بڕی ئه‌مریكا. ئەگەرچی هەر یەکە لە بەدیلەکانی ئەمریکا، واتا چ چین چ ڕووسیا ناتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی ئەمریکا بۆ کورد، چونکە ئەم دوو وڵاتە هەردووکیان لە پەیوەندیی باشدان لەگەڵ ئێران و تورکیا. بۆیە هەرێمی کوردستان ناچار دەبێت تەنازولی زۆر بۆ حکوومەتی عێراق بکات، بە جۆرێک کە ئەستەمە چیتر وەک کیانێکی نادەوڵەتیی چالاک بیبینین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. بۆیە دەبێت بەسەر هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا و ئێران دابەش بێت کە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆڵیان زیاتر دەبێت لە ناوچەکەدا. بۆ هه‌رێم ئه‌و دۆخه‌ سیاسییەی کوردانی ڕۆژاڤا، ده‌كرێت وه‌ك ده‌رسێكی دووباره‌ سه‌یر بكرێت كه‌ لە ئاییندەدا گرنگیی ئه‌كته‌ره‌ ناده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك ئێمه‌ له‌ ستراتیژییه‌تی ئه‌مریكا و هێزەکانی تری وەک ڕووسیا و چین دیاری ده‌كات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌متواناییی ئه‌مریكا ده‌گه‌یه‌نێت له‌ ئیداره‌دان ‌و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ هه‌رێمییه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌ هه‌رێمییه‌كانی تری وه‌ك توركیا و ئێران ‌و ڕووسیا و چین.  

كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ ئێستادا به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا نه‌ په‌ره‌پێدانی دیموكراسییه‌ و نه‌ پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌م كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ستی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ توركیا و ئێران واڵاتر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پاساوی دژایه‌تیی هێزه‌ كوردییه‌کان، ده‌ستوه‌ردانی زیاتر لە هەرێمی کوردستاندا بكه‌ن‌. کشانەوەی ئەمریکا لەوانەیە دواجار باوەڕێک لای سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی تریش دروست بکات کە ئیتر پاڵپشتیی نێودەوڵەتی هەمیشە چارەسەر نییە بۆ دۆخی کورد؛ واتا مانەوەی کورد پەیوەستە بە هاوکاریی یەکتری نەک هاوکاریی دەرەکی. بۆیە کورد لە بەردەم دوو بژاردە دەبێت: یان گشت بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکانی پارچەکانی، دەبێت زیاتر هەماهەنگیی یەکتر بکەن، یانیش بەتەواوی بەسەر بەرەی ئێران و تورکیادا دابەش ببن.

 

تێبینی/ بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لە چەند ڕاپۆرتێکی ناوەندەکانی توێژینەوەی ستراتیژی لە ئیسرائیل وەرگیراوە.

 

سەرچاوەکان: