کۆدی هێز و هەڕەشەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لە وتاری خاتوو جینین پلاسخارت

 پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر

 

خاتوو "جینین هێنیس پلاسخارت" نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە وتارێکیدا لە ڕێکەوتی (١٩-٥-٢٠٢١) لە کۆنفرانسی "هەرێمی کوردستان یەکڕیزی و دەستوور" کە لەلایەن "زانکۆی کوردستان"ەوە ڕێک خرابوو، ڕای گەیاند کە "هەرگیز وا مه‌زانن ئەم جۆرە ئۆتۆنۆمييه‌ هەر بەمسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە". [1] ئەم دەڕبرین و ڕستەیە بووە جێگەی مشتومڕی زۆر لە ئاستی ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان و، لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا.

بە شێوەیەکی گشتی لێکدانەوە و ڕاڤەکان بەسەر دوو ڕوانگە و بەرەی دژبەیەک دابەش بوون؛ بەرەیەک پێی وابوو کە ئەم ڕستەیە تەنیا ڕستەیەکی ئاسایی و گەورەکراوە لە کۆی وتارەکە و زێدەرۆییی تێدایە و تەنیا بۆ ئەوەیە کە پێداگری لەسەر یەکڕیزی بکاتەوە و لایەنەکان هان بدات کە هەوڵی نووسینەوەی دەستوور بدەن و بەم پێیەیش هیچ مەترسییەک لەسەر مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە. ڕوانگە و بەرەی بەرامبەر بەپێچەوانەوە پێی وابوو کە بەهۆی پێگە فەرمییەکەیەوە پلاسخارت ناتوانێت هەروا بەسانایی و بەبێ وردبوونەوە و لێکدانەوە یاخود بوونی زانیاریی پشتڕاستکراو و جێگەی متمانە وتار بدات و قسە بکات و بەم پێیەیش دەبێت ئەو مەترسییەی کە پلاسخارت خستییە ڕوو بەهەند وەربگیرێت.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بە خوێندنەوەی کۆڵەکەی گوتاری و کۆدەکانی گوتارەکەی پلاسخارت لە لایەک[2] و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵگەییی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئاستی هەرێمایەتی لە لایەکی ترەوە، دەتوانین بڵێین کە ڕوانگەی لایەنگرانی هەردوو بەرە دروستە، بەڵام بەم جیاوازییەوە کە لە کۆتاییدا لێکەوتە و دەرهاوێشتەی ئەرگیۆمێنتی هەردوو ڕوانگە یەک شتە. بەم واتایە کە چ ئەو وتە و وتارە بۆ هاندانی پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت بۆ یەکڕیزی و تەبایی و وەلاوەنانی ناکۆکییەکان و بەرجەستەکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەم پێیەیش تێپەڕاندنی لێکترازان و بارگرژییەکان ئامانجی سەرەکیی بێت و، چ ئەم وتەیە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بێت بە مەبەستی وشیارکردنەوەی سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مەترسییە ڕاستەقینەکانی سەر مانەوە و بەردەوامیی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهۆی درێژەکێشانی ئەو لێکترازان و ناکۆکییانە. بۆیە لە هەردوو حاڵەتەکەدا هۆکارەکان و لێکەوتەکانی هەر هاوبەشن.

جوگرافیا و مێژوو: ئەزموونی ناوچەکە و هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان و عێراق

پلاسخارت لە وتارەکەیدا پێش ئەوەی کە بەڕاشکاوی مەترسیی سەر بەردەوامی و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بخاتە ڕوو، باس لە لێوردبوونەوە لە ئەزموون و بەتایبەتی دۆخی مێژوویی و جوگرافیی ناوچەکە دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانی و، پاشان دەڵێت کە ئەوە بەتایبەتی بۆ کوردستانیش هەر ڕاستە و بەپێی ئەو فاکتەرە بۆماوەیییانەوە پلاسخارت ئێستا و ئاییندەیش پڕ لە نادڵنیایی و مەترسی دەبینێت. لێرەدایە کە خاتوو پلاسخارت پێمان دەڵێت جوگرافیا و مێژووی ناوچەکەمان تەنیا لە ڕێگەی خەبات و قوربانیی ڕابردوومانه‌وه‌ ناگۆڕدرێت و بەڵکوو هێشتا نەگوڕدراوە و لەوانەیە لە داهاتوویش نەگۆڕدرێت، ئەگەر لەو خەبات و قوربانییە بەردەوام نەبین.

ڕاستییەکەیشی هەر ئەوەیە کە ئێمە هەڵەیەکی کوشەندەمان کرد کە پێمان وابوو لە عێراقی نوێ کۆتایی بە قۆناغی خەبات و قوربانییەکانمان هاتووە و عێراقی نوێی پاش ٢٠٠٣ جیاوازە و چەندین جاریش ئەم بابەتەمان لە زاری بەرپرسانی پلە یەکی هەرێمی کوردستان بیستووە کە کورد ئەوەی پێشبینیی نەکردووە یاخود پێی وا نەبووە کە عێراق بەم شێوەیەی ئێستا ڕەفتار لەگەڵ گەلی کوردستان دەکات. بۆیە ئەم کۆدە گوتارییەی وتارەکەی پلاسخارت دەڕبڕی ئەو ڕاستییەیە، بەڵام ناتوانێت کەسێک لە پێگەی فەرمیی خاتوو پلاسخارت لەوە ئاشکراتر و ڕاشکاوتر پێمان بڵێت کە ئەگەر لانی کەم لێکترازان و بارگرژی و ناکۆکییە سیاسییەکانتان وەلاوە نەنێن، ئەوە خودی عێراقە کە کۆتاییتان پێ دەهێنێت.

هەموو ڕووداو و پێشهاتە سیاسی و، هەروەها ئاسایشی و سەبازی و ئابووری و تەنانەت یاسایییەکانیش (بۆ نموونە پەیڕەوکردن و زاڵبوونی لۆژیکی زۆرینە و کەمینە لە پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی یاساکان و پشتگوێخستنی بنەمای هاوبەشی و دیموکراسییەتی تەوافوقی و تەنانەت فیدراڵی) ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن. هەروەها پێشێلکردن و خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەشانەی دەستوور لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە کە لە قازانجی چەسپاندنی فیدراڵییەت و مافەکانی هەرێمی کوردستانە و بەپێچەوانە بەرجەستەکردنەوەی ئەو بەشانەی دەستوور کە لە زیانی هەرێمی کوردستانە و هەنگاو بۆ بچووککردنەوە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەنێت، پاڵپشتی لەو ڕوانگەیەی پلاسخارت دەکات.

لە ڕوانگەیەکی دیكەوە، پلاسخارت لەو بەشەی وتەکانیدا بەئاشکرا و بە هەندێک کۆدی نهێنی پێمان دەڵێت کە ئەوە عێراق نییە کە ماف و ئازادیتان پێ دەدات، بەڵکوو ئەوە هێز و یەکگرتووییی خۆتانە کە وا دەکات عێراق ناچار بێت دان بەو ماف و ئازادییانەتان بنێت. بۆیە ئەگەر وەکوو ئێستا بەردەوام بن، ئەوە هیچ لە داهاتووتان دڵنیا نەبن و بەڵکوو مەترسیشتان لەسەرە.

سەرچاوەکانی هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان

خاتوو پلاسخارت لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕاستییەکی زۆر گرنگ و هەستیار ئاشکرا دەکات کە بەشێکی بەڕوونی و بەشەکەی تری لە ڕێگەی کۆدی شاراوەوه‌ پەیامەکەی دەگەیه‌نێت کە دەڵێت، هێزی سیستەمی فیدراڵی لە بەهێزیی ئەو گرێبەستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە، کە ئەمانیش هێزی خۆیان لە ئاشتەوایی و یەکڕیزیی نێوان کۆمەڵگەکانەوە وەردەگرن. ئەم وتەیەی پلاسخارت کرۆکی هاوکێشە فیدراڵی و سیاسییەکان و چۆنێتیی پاراستن و تەنانەت دروستبوونی هاوسەنگیی هێز لە عێراقی ئەمڕۆکەدا دەخاتە پێش چاوی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی. بەم واتایە کە بەردەوام ئەو گرێبەستە فیدڕاڵییەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، پەیوەستە بە هێزی هەرێمی کوردستان و سەرچاوەی ئەو هێزەیش لە هەناوی ئاشتەوایی و یەکڕیزیی نێوان پێکهاتە و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵدەقووڵێت. بۆیە دووبارە لە ڕوانگەیەکی ترەوە پێمان دەڵێت کە یاسا و دەستوور  و بەم پێیەیش سیاسەت لە عێراق کە لە چوارچێوەی گرێبەستی دەستووری و فیدراڵیدا بەرجەستە بۆتەوە، لۆژیکی هێزی خۆتانە کە دەستنیشانی دەکات یان درێژەی پێ دەدات و، بەپێچەوانەوە ئەو گرێبەستە لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتاییی پێ دێت ئەگەر توانا و هێزتان نەبێت بەرامبەر بە عێراق و ئەو توانایەیش دووبارە پەیوەستە بە بارودۆخی ناوخۆییی خۆتانەوە کە لە وتارەکەیدا دەر دەکەوێت. پلاسخارت ئاشتەوایی و یەکڕیزی لە هەرێمی کوردستان وەکوو سەچاوەی ئەو هێزە دادەنێت. ڕاستییەکەیشی ئەوەیە کە ئەم کۆدە گوتارییانەی پلاسخارت زۆر ڕیاڵیستییە؛ بەو مانایەی کە لە لایەک واقعی ئەو ڕێکخراوەی کە پلاسخارت نوێنەرایەتیی دەکات نیشان دەدات و، لە لایەکی تریشەوە خەسارناسیی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان دەکات.

پاراستنی فرەیی وەکوو بەرژەوندیی باڵای هەرێمی کوردستان

زۆر جار یەکێک لەو بابەتە پڕمشتومڕانەی دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی و زانستی سیاسەت بەگشتی ئەوەیە کە، "بەرژەوەندیی باڵا" چییە و "بەرژەوەندییە باڵاکان" کامانەن و چۆن و کێ پێناسە و دەستنیشانی دەکات؟ لە ڕاستیدا بەرژەوەندیی باڵا ئەو بەرژەوندییە ماددی و ناماددییانەن کە پەیوەستن بە مانەوە و بەردەوامیی نەتەوە و دەوڵەتێک کە کرۆکی ئاسایشی هەر ئەکتەرێک پێک دێنن. لەم نێوەندەیشدا کاتێک کە به‌ها یاخود ئایدیۆلۆژیا و پرس و بابەتێک وەکوو بەرژەوەندیی باڵای وڵاتێک دەستیشان کرا، ئەوە هەموو ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییه‌ ناوخۆیییه‌كان و تەنانەت دامەزراوە و یاسا و سیاسەت و سەچاوەکانی وڵات بۆ پاراستن و گەشەپێدان و فراوانکردنی ئەو بەرژەوەندییە باڵایە تەرخان دەکرێت و وەکوو پرسێکی ژیانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

خاتوو پلاسخارت لە وتەکانیدا کۆدێکی ترمان بۆ ئاشکرا دەکات کە بریتییە لە یەکێک لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کە هەم بۆتە فاکتەری بەهێزیی هەرێمی کوردستان و هەمیش کۆڵەکەی مانەوەی و بەردەوامیی هەرێمی کوردستانە. لە ڕوانگەی پلاسخارتەوە جیاوازی و فرەئایینی و فرەزمانیی هەرێمی کوردستان ئەو بەرژەوەندییە باڵایەیە و، ئەرگیۆمێنتی خاتوو پلاسخارت پشت بە دوو نموونە دەبەستێت کە یەکێکیان بەئاشکرا باسی دەکات کە بریتییە لە گرنگیی سەردانەکەی ئەم دوایییەی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو فاکتەرە هێزەی هەرێمی کوردستان و، ئەوەی تریان بریتییە لە هۆکاری مانەوەی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ئەو فرەیییەوەیە کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوایییەوە تاوەکوو ئێستا پارێزراوە و، هەر ئەمەیش وای کردووە کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو لاوازییەکانی و، هەروەها ئابڵووقە و هەڕەشەکان لەلایەن وڵاتانی نەیاری کورد، بمێنێتەوە و بەڵکوو ببووژێتەوە و گەشەیش بکات.

 خاتوو پلاسخارت زۆر بەدروستی ئاماژه‌ بەوە دەکات کە ئەو فرەیییە یەکێک بووە لەو هۆکارە بناغەیییانه‌ی کە بووە هۆی دروستبوونی هەرێمی كوردستان و بەدڵنیایییشەوە هەر ئەم بنەمایەیشە کە دەتوانێت ئاییندەی مسۆگەر بکات؛ چونکە پلاسخارت لە بەشێک لە وتارەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵکەوتەی ناوازەی جوگرافیی عێراق هەموو کات لە قازانجیدا نییە و لەمەدا هەرێمی کوردستانيش بەدەر نییە. بە واتایەکی دیکە، ئێوە ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی دەبنەوە و هەر ئەم ڕاستییەیش بەسە بۆ ئەوەی وا لە یەکێک بکات کە دوو جار بیر بکاتەوە. ئەمەیش ئاماژەیەکە بۆ‌ ئاشکرابوونی ئەو کۆدە شاراوانەی کۆڵەکه‌ی گوتاری پلاسخارت لە وتەکانیدا بۆ مه‌ترسییه‌كانی ئێستا و ئەگەری گۆڕانی هاوکێشەی جیۆپۆلیتیکیی ناوچەکە و بەم پێیەیش لە ئەگەری لێکترازانی زیاتری ناوخۆیی و لەدەستدانی هێزی ناوخۆیی و، هەروەها لەدەستدانی پاڵپشتی و پشتیوانیی دەرەکی، ئەوە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوە جیۆسیاسییەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نابێت.

ئێمە ئەوەمان لە تەواوبوونی جەنگی داعش و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی دۆستەکانی کوردستان و لە سەرووی هەموویشیانەوە ئەمریکا لە هەمبەر هێرشی عێراق بۆ سەر کوردستان بینی و، ئێستایش بەهۆی گوشارەکانی شیعەکان بۆ دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق و، هەروەها ئەولەوییەت و پلان و سیاسەت و ستراتیژیی خودی ئیدارەی جۆ بایدن لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی پاش ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و ئەگەری باڵادەستیی ئێران لە ناوچەکە و لاچوونی گەمارۆ و ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران دەبینین. بۆیە خاتوو پلاسخارت زۆر بەڕاشکاوی داوا دەکات هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی "زەرد" و "سەوز" یان بەسەر هەر ڕەنگێکی دیکەدا دابەش بێت. هەر بەڕاستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی بێتە ئاراوە. پلاسخارت پێمان دەڵێت کە ئەو کەڵکەڵە یاخود دەنگە ناشازانەی کە باس لە دووئیدارەیی و تەنانەت هەندێ جار دروستبوونی دووهەرێمی دەکەن، چەندە بۆ مانەوە و بەردەوامیی هەرێمی کوردستان مەترسیدارن. ئەمەیش وەکوو مەترسییەکی ژیانی لەسەر مانەوە و بەردەوامیی هەرێمی کوردستان دەناسێنێت. بۆیە یەکگرتنی پێشمەرگە وەکوو ئەولەوییەتی کار و ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بەرجەستە دەکاتەوە، وەکوو ئامادەکارییەک بۆ ئەو گۆڕانکارییە جیۆسیاسییانە و، هەروەها بە شێوەی کۆدی شاراوە وەکوو گەرەنتی و ئامادەبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی عێراق و خاڵی هێزی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەم ڕێگەیشەوە دوورخستنەوەی ئەگەری پێکدادانی چەکداری و جه‌نگی ناوخۆیی لە ڕێگەی هێزی چەکداری حزبی.

تەنانەت خاتوو پلاسخارت ئەو یەکڕیزییە، بە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەبستێتەوە و بەئاشکرا پێمان دەڵێت کە ئەگەر یەکڕیز نەبن ئەوە بەهۆی ئەوەی کە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەدی دەکرێت، ئەوە دەسکەوتەکانتان دەخرێتە مەترسییەوە. بۆیە دەڵێت ئەگەر هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی تەبایی و یەکڕیزیدا شکست بهێنێت، ئەوە بەمەیش هەموو دەسکەوتەکان دەکەوێتە مەترسییەوە. تەنانەت هۆشداری دەدات کە تەنیا یەک ڕێگە هەیە، ئەویش یەکڕیزییە و  ئەو یەکڕیزییەیش دووبارە بە دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەبەستێتەوە.

خاتوو پلاسخارت پێمان دەڵێت کە کوردستانێکی بەهێز بە مانای ئەوە دێت کە توانای ئەوەی هەبێت کە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و ئەو بەرژەوەندییەیش خۆی لە پاراستنی ئەو فرەیییەدا دەبینێتەوە. ئەم فرەیییە هەم جیاوازییە سیاسییەکان دەگرێتەوە و هەمیش جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی، ئایینی و مەزهەبییەکان. بۆیە پلاسخارت ئەو فرەیییە بە سەرچاوەی هێز و، هەروەها هێزی سەرنجراکێشی هەرێمی کوردستان بۆ جیهانی دەرەوە دەزانێت و، لە ئەنجامیشدا بە بڕوای پلاسخارت بەهێزبوونی ناوخۆیی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەرەوەیش. لێرەدا زۆر بەڕوونی و بەئاشکرایی و ڕاشکاوانە بەرژەوەندیی باڵا و سەرچاوەکانی پاراستنی ئەو بەرژەوەندییە باڵایەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سەرچاوەی هێزی ناوخۆیی و بەم پێیەیش دەرەکیی هەرێمی کوردستان، دەستنیشان و پێناسە دەکرێت.

ئەمە هەم پەیام بوو و هەمیش هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ؛ بەم واتایە کە بەرژەوەندیی باڵاتان کە سەرچاوەکەی هێزی ناوخۆییتانە بیپارێزن و، تەنانەت پەرەیشی پێ بدەن. لە هەمان کاتیشدا بەناڕاستەوخۆ و زۆر دۆستانە هەڕەشەمان لێ دەکات کە ئەگەر بەپێچەوانە ڕەفتار و سیاسەت بکەن و بجووڵێنەوە، سەرچاوەی سەرەکیی هێزتان وشک یاخود لاواز دەکەن و چیتر کەس ناچار نابێت بتانپارێزێت، چونکە هەم هێزتان نییە و هەمیش هێزی سەرنجڕاکێشیتان بۆ جیهانی دەره‌وە لەدەست دەدەن.

هەر بۆیە خاتوو پلاسخارت جه‌نگی ناوخۆییشمان لە وتارەکەیدا بیر دەخاتەوە و لە مەترسییەکانی ئاگادارمان دەکاتەوە و لەوە وشیارمان دەکاتەوە کە ئەو سیاسەتەی ئێستا، ئەگەری سەرکێشان و گەڕانەوەی بۆ خاڵی سفر هەیە؛ ئەگەر دان بەو فرەیییە سیاسییەدا نەنێین و یەکتری قبووڵ نەکەین، ئەوە هێزی خۆمان لەدەست دەدەین.

ئەوەی کە زۆر لە وتاری پلاسخارت سەرنجڕاکێشە، جگە لە دڵسۆزی و ڕاشکاوییە بێوێنەکەی بە بەراورد بە بەرپرسانی وڵاتان و دۆستانی کوردەوە، بەردەوامیی بەکارهێنانی وشەی هێزە، کە ئەدرێسی هێزی خۆمان پێ دەڵێت لە ڕوانگەی واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی و، هەروەها واقعی عێراق و ڕوانگەی دەوڵەتانی زلهێزەوە کە تاوەکوو ئێستا گرنگی بە مانەوە و بەردەوامیی هەرێمی کوردستان دەدەن.

دیموکراسی بە تامی سازان!

خاتوو پلاسخارت لە بەشێک لە وتارەکەیدا ئەزموونی خۆی وەکوو سیاسییەک دەخاتە بەردەستی لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. بۆیە زۆر بەئاشکرا ڕای دەگەیه‌نێت کە گەیشتن یاخود دەستەبەرکردنی دیموکراسی لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاسان نییە؛ بەڵام کۆدی ئەو دیموکراسییە بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو کە بریتییە لە سازان لە ڕێگەی دانبەخۆداگرتن و پشوودرێژی و داننان بە جیاوازییەکان. هەروەها زۆر بەوردی دەست لەسەر خەساری دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا دەنێت کە بریتییە لە نەبوونی حکوومەتێکی گشتگیر لە لایەک و پرسی زۆرینە و کەمینە لە لایەکی ترەوە. پلاسخارت بەدروستی پێی وایە کە ئەو چارەسەرانەی کە لەسەر بنەمای زۆرینە دادەنرێن، ناتوانن جێگیر و بەدوورمەودایی بمێننەوە.

لێرەدا پلاسخارت بەباشی لە داینامیزمی سیاسیی هەرێمی کوردستان و مەترسیی سەر دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە لایەک و هاووڵاتیان و دەسەڵات لە لایەکی ترەوە، تێ گەیشتووە. هەر بۆیە باس لە دوا ئامانجی سیاسەت و سیاسییەکان دەکات کە بریتییە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانیان. بەپێی زانستی سیاسەتیش ئەم خزمەتگوزارییانە، هەر لە دابینکردنی ئاسایشەوە تاوەکوو ئاو و کارەبا و کار و تەندروستی و پەروەردە و...، لەخۆ دەگرێت. لێرەدا کۆدی وتارەکەی بۆ سیاسییەکا ن ئەوەیە کە ئەو ململانێ و ناکۆکییانە هەموو بۆ ئەوەیە کە خزمەتی هاووڵاتیانی پێ بکرێت نەک بەپێچەوانەوە و دیموکراسی، میکانیزمی گرتنەدەستی ئاشتییانەی دەسەڵاتە کە هی خەڵکە و بۆ خەڵکە. بۆیە دیموکراسی بە سازان و پاشان  دابینکردنی خزمەتگوزاری دەبەستێتەوە. لەمەیش گرنگتر، پلاسخارت هەم ئەرکی سەرکردەی سیاسی و هەمیش هاووڵاتیان لەو نێوەندەدا، کە بەردەوام لە چوارچێوەی چەمکی فرەییدا دەخولێتەوە، دەستنیشان دەکات؛ لە کاتی هەڕەشەی لێکترازاندا سەرکردەی سیاسی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ڕێک دەخات و هاووڵاتیانیش لە کۆمەڵگەیەکی فرەییدا دەبێت هاوسەنگ بن و ئەوانیش سازان و نەرمی بنوێنن.

لێرەیشدا پلاسخارت زیاتر ورد بۆتەوە و هەم خەسارەکانی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکات و هەمیش بەپێی واقعی سیاسی و کۆمەڵگەییی هەرێمی کوردستان ڕێگەچارە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو. هەموو ئەمانەیش بۆ بەهێزکردنی ئەرگیۆمێنتی سەرەکی یاخود کۆڵەکە گوتارییەکەی بوو کە پرسی مانەوە و بەردەوامیی هەرێمی کورستانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام بە ڕوانگە و شێوەیەکی ڕیاڵیستی و هێز-تەوەر. هەر بۆیە زۆر گرنگی بە بیستنی دەنگی جیاواز دەدات و وەکوو سەچاوەی هێز دای دەنێت، وەکوو ئاماژەیەک و وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕەخنانەی کە لەم دوایییەدا لە پرسی گرتنی چەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک لە هەرێمی کوردستان و لە ئاستی دەرەوەدا هاتۆتە ئاراوە. هەر بۆیە داوا دەکات کە گیانی یەکڕیزی و یەکترقبووڵکردن پەرە پێ بدەین و تەنانەت لە پرس و کێشەکاندا زیاتر نەرمی بنوێنین.

دەستووری خەڵک! نەک بەرنامە و ئەجێندای حزبە سیاسییەکان

پلاسخارت زۆر بەڕاشکاوی ئاگادارکردنەوه‌یەک دەدات، ئەویش ئەوەیە کە سەرکردایەتیی سیاسی و دەستوور بۆ خەڵکه‌، كه‌ پێويسته‌ مافەکانیان و، هەروەها چۆنێتیی پاراستنی مافەکانیشيان مسۆگه‌ر بكات. ئەمەیش وەکوو پەیامێک بۆ ئەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان هەوڵ بدەن بەرنامەی حزبەکەیان بخەنە ناو دەستوور و، هەوڵ بدەن وەکوو بەرژەوەندیی گشتی بیناسێنن. تەنانەت پلاسخارت هۆشداری دەدات کە لە نووسینەوەی دەستووردا ئەگەر ناڕوونیی یاسایی هەبێت، وەکوو ئەوەی کە لە عێراقدا هەیە و، چۆنێتیی جێبەجێکردنی بە یاساکانی دواتر بەستراوەتەوە و دەکرێت بە زۆرینە و کەمینە تێ پەڕێندرێت. لەمەیش گرنگتر، پلاسخارت لەو مەترسییە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەستووری عێراق کەموکورتیی تێدایە کە جێبەجێکردنی ئەستەمە و ڕوون نییە و، بۆیە پێویستە دەستووری هەرێمی کوردستان وا نەبێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزرابێت.

خاڵێکی زۆر مەترسیدار کە پلاسخارت لە چوارچێوەی وتەکانی لە تەوەری دەستووردا ئاماژی پێ کرد ئەوە بوو، کە پلاسخارت هەڕەشەیەکی سەر هەرێمی کوردستانی بەرجەستە کردەوە کە بریتی بوو لەوەی کە خەڵک متمانەی بە پرۆسەی سیاسی و حزبە سیاسییەکان نەماوە یاخود لە باشترین حاڵەتدا لاواز بووە. بۆیە پلاسخارت لە خەسارناسیی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە، شەڕی سیاسی و حزبحزبێنێ تاوەکوو ئێستایش هەر پەتایە و هەموو کون و کەلەبەرێکی گرتووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە جێگەی سەرسووڕمان نییە کە خەڵک متمانەی بەوە نه‌مابێت کە پرۆسەی سیاسی لە خزمەتی ئەواندا بێت یان ببێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەک. هەر بۆیە کۆڵەکەی گوتاری لە وتەکانی پلاسخارتدا لەوە خۆی حەشاردا بوو کە بەڕاشکاوانە و بەئاشکرا پلاسخارت ڕای گەیاند کە؛ "هەرگیز ڕقی هەڵچوو بەكه‌م وه‌رمه‌گرن..."

کۆبەند

وتارەکەی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، پەردەی لەسەر موجامەلەی دیپلۆماسیی فەرمی و نەریتی هەڵماڵی و بەئاشکرا پلاسخارت گوتی، هاتووم دۆستایەتیی خۆمتان پێ بسەلمێنم و بۆیەیش دەتانگریێنم! بەڵام ئەم گریانە بۆ ئەوەیە کە وەکوو ئاوێنەیەک ڕاستییەکانتان بۆ دەنوێنمەوە کە سیمای ناوخۆ و بارودۆخی دەرەکیتان بە چ شێوەیەکە. ڕاستییه‌كه‌ی، وتاری پلاسخارت بەو دەگمەن وتارانە دادەنرێت کە لە بواری گشتی و لە بەردەم کامێرا و سیاسەتمەدار و لە بەردەم ڕای گشتیدا خەسارناسیی بۆ بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڕەشە و دەرفەتەکانی کرد؛ هەرچەندە هەندێ لە کۆدە شاراوەکانی تەنیا له‌ ڕێگەی وتە ڕاشکاوانەکانی ئاشکرا دەبێت و تەنانەت نەیشدەکرا بەهۆی پێگە فەرمییەکەی لەوە زیاتر وردەکاری بخرێتە ڕوو، بەڵام لە وتەکانی لە جۆری خۆیدا بێوێنە بوو لە وردی و ڕاشکاوی و لەمەیش گرنگتر دڵسۆزی و نواندنی دۆستایەتی و پەرۆشی بۆ مانەوە و بەردەوامیی هەرێمی کوردستان.

ڕاستییەکه‌ ئەوەیە کە بەپێی وتەکانی پلاسخارت هەڕەشەکان زیاتر لەوەی دەرەکی بن ناوخۆیین و، بەم پێیەیش دەرفەتەکان و سەرچاوەی هێزیش هەر ناوخۆیییە. لێرەیشدا سەڕەرای هەموو ڕەخنەکان و خاڵە لاوازەکانی هەرێمی کورستان و ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان و مەترسی و هەڕەشەکانی کە لە چوارچێوەی وتاری پلاسخارت و بە میتۆدی شیکردنەوەی دیسکۆرس (ڕاڤەی گوتاری) خستمانە ڕوو، دوور لە ئینساف و بێلایەنییە ئەگەر ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ و شاراوە نەکەین، ئەویش ئەوەیە کە ئەم دڵسۆزی و پەرۆشییەی خاتوو "جینین هێنیس پلاسخارت" نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و، تەنانەت بەزاندنی سنووری ئەرک و چوارچێوەی دیپلۆماسیی کاری خۆی، بەشێکی بۆ ڕوانگە و دیپلۆماسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە کە هەوڵ دەدات لەم ڕێگەیەوە ئەو میکانیزم و ڕێکخراو و دەوڵەتانە بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بەکار بێنێت و، ئەمەیش دەتوانێت بەرنامەی کار و وانەیەکیش بێت بۆ ئەکادیمی و نوخبەی سیاسی و دیپلۆماتەکانی کورد (تەنانەت لە پارچەکانی دیکەی کوردستان) کە بتوانن بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزی کورد سوودی لێ وەربگرن.

 

[1] - بۆ خوێندەوەی کۆی وتارەکە و زانیاریی زیاتر بڕوانە:

http://penus.krd

[2] - ئەوەی جێگەی گرنگیپێدان و سەرنجە ئەوەیە کە خاتوو پلاسخارت خۆی لە سەرەتای وتارەکەیدا دەڵێت: "دەمەوێت گەر ڕێگەم بدەن زۆر بەڕاشکاوی قسە بکەم. مەبەست لە سەرنجەکانم هەم تەحەددیکردنە و هەمیش بۆ هاندانی بیرکردنەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین ڕاستگۆیانە و بنیاتنەرانە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەندێک لە گیروگرفتەکان و کێشەکانی سیستەم هەوڵ بدەین.  بە واتایەکی دیکە، ڕەنگە هەندێکتان ئەم ڕایانەی منتان لەڕاددەبەدەر بەڕاشکاو بزانن بەڵام وەک کورد دەڵێت "دۆست ئەو کەسەیە بتگریەنێت"؛ دەبا ڕووبەڕووی ببینەوە."