متمانەى سیاسى، ئابوورى، میدیایى و دامەزراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لە ٢٧ وڵات لە ماوەى نێوان (٢٠٢٠-٢٠٢١)

بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە سیسته‌مى سیاسى، مامۆستاى زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر

پێشەکى

بەهۆى کاریگەرییە کوشندەکانى ڤایرۆسى کۆڕۆنا، جیهان لە ساڵى ٢٠٢٠ وەچەرخانێکى نوێى بەخۆیەوە بینى. ئەم ڕووداوە ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر بەرز و نزمیى متمانە هەبوو؛ بە شێوەیەک جێگۆڕکێى بە ئاستەکان و لایەنەکانى متمانە کرد. کۆمپانیاى ئیدلمان بارۆمەترى ئەمریکى- کە ئێستا بەهێزترین تۆڕى جیهانى و ناوەندى توێژینەوە و هەڵسەنگاندنى متمانەیە لە جیهان و خاوەن شەست بنکەى وەرگرتنى زانیارى و توێژینەوە و زیاتر لە شەش هەزار کارمەندە لە سەرانسەرى جیهان- لە ساڵى ١٩٥٢ لەلایەن دان ئیدلمان دامەزراوە و ماوەى زیاتر لە بیست ساڵە بەبەردەوامى لە بوارى متمانەدا توێژینەوە دەکات. لە دوایین ڕاپۆرتى ئەم دامەزراوەیە، ڕێژەى متمانە بە سێکتەرە جیاوازەکانى سیاسى، ئابوورى، میدیایى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لەسەر ئاستى ٢٧ وڵات کراوە و بە شێوەى چارت و هێڵکارى خراوەتە ڕوو. ئێمە هەوڵ دەدەین هەندێک لە چارتە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکان هەڵبژێرین و شیکارى بۆ ئەنجامەکان و هۆکارى گۆڕانکارییەکان لە هەڵبەز و دابەزى متمانە بکەین.

یەکەم: متمانەى سیاسى بە حکوومەت

بەگوێرەى ڕاپرسییەکە، لە ماوەى ئەو ساڵەدا متمانە بە حکوومەت بەرز بۆتەوە. بە شێوەیەک کە لەناو ٢٧ وڵاتى ڕاپرسییەکە، متمانە بە حکوومەت لە ١٨ وڵات چۆتە سەرەوە (سعوودیا، ئیماراتى عەرەبى، سەنگاپوور، هۆڵەندا، مالیزیا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئیرلەندا، بریتانیا، ئەمریکا، بەڕازیل، کینیا، ئیسپانیا، ڕووسیا و باشوورى ئەفریقا). بەپێچەوانەوە لە وڵاتەکانى وەکوو (چین، هندستان، ئەندۆنیزیا، تایلەند، کۆریاى باشوور، ژاپۆن و نێجیریا) متمانە بە حکوومەت دابەزیوە. بەرزترین متمانە بە حکوومەت لەناو وڵاتەکان لە سعوودیایە و، نزمترینیان لە نێجیریایە، بەڵام ئەوەى بە لاى ئێمەوە گرنگە، زیادبوون و کەمبوونى متمانەیە. بەرزترین گۆڕانکارى لە متمانەى خەڵک بۆ حکوومەت لە ساڵى ٢٠٢١ بە پلەى یەکەم لە ئوستراڵیا بە ڕێژەى (+١٧)، دووەم لە فەڕەنسا (+١٥) و، سێیەم لە ئەڵمانیا بووە بە ڕێژەى (+١٤). ئەگەرچى حکوومەتى چین خاوەن متمانەى بەرز بووە، بەڵام بە ڕێژەى (-٨) کە بەرزترین ڕێژەى لەدەستدانە لەنێو چارتەکەدا، حکوومەت لەم وڵاتە متمانەى لەدەست داوە.

بۆ دۆزینەوەى هۆکارەکانى بەرز و نزمیى متمانە بە حکوومەت لەم وڵاتانە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ کاتى ئاراستەکردنەکە (Time Oriented)، کە بەشێکى زۆرى پەیوەندیى هەیە بە هاوکارى و سیاسەتى تۆکمەى حکوومەت بەرامبەر هاووڵاتیانى لە سەردەمى ڕووبەڕووبوونەوەى کۆڕۆنا؛ بۆ نموونە لە بەشێکى زۆرى ئەم وڵاتانە حکوومەت کە شوێنەکانى داخست و قەدەغەى هاتووچۆى جێبەجێ کرد، بەڵام پارەى دا بە خاوەن پیشەکان و تەنانەت هاووڵاتیى ئاسایی، وەکوو بریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و هتد. بۆیە لە بەرامبەردا خەڵک متمانەى بە حکوومەت زیاد کرد. نابێ ئەوەیش لەبیر بکەین کە لە کاتە هەستیار و مەترسیدارەکانى وەکوو ڕووداوى سروشتى یان جەنگ یاخود هێرشى کۆڕۆنا، بە شێوەیەکى سروشتى، تاکەکان حکوومەت وەکوو تاکە هێزى بێلایەن و پەناگەى ئارام سەیر دەکەن و بڕوا و متمانەیان وایە کە تەنیا ئەم هێزە ڕەهایە دەتوانێت شتێک بکات کە لە بەرژەوەندیى خەڵک و نەتەوەکەى بێت. بەگشتى گەورەترین لەدەستدانی متمانە لە چینە و دەتوانین ئەمەیش بۆ ئەو هەواڵانە بگەڕێنینەوە کە جەختیان لەسەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە دەکرد لەم وڵاتە کە دواتر لەلایەن حکوومەتى چینەوە نکۆڵی لێ دەکرا. بەرزبوونەوەى متمانە بە حکوومەتەکانى تر بەهۆى باشیى ئەداى سیاسیى حکوومەت بووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخى خەڵک لەوکات‌. (بۆ ئەم زانیارییانەى سەرەوە بڕوانە وێنەى ژمارە ١).

(وێنەى ژمارە ١، بەرزبوونەوەى متمانە بە حکوومەت)

 

لەگەڵ ئەمەیشدا، هەر لەو ماوەیەدا ڕاى خەڵک وەرگیراوە سەبارەت متمانەپێکراوترین حکوومەتەکان لەناو ئەو ٢٧ وڵاتە و، ئەڵمانیا زۆرین متمانەى هەیە بە ڕێژەى (٦١%) کە تەنیا بە یەک پۆینت چۆتە خانەى متمانەى بەرز، چونکە لە (٦٠-١٠٠) بە متمانەى بەرز و لە (٥٠-٥٩) ناوەند و (١-٤٩) بە خراپترین متمانە هەژمار کراوە. لە دواى ئەویش بریتانیا متمانەى ناوەندیى هەیە بە ڕێژەى (٥٣%) و، حکوومەتى هەر یەکە لە ئەمریکا (٤٠%) و، چین بە (٣٠%) هەڵبژێردراون کە دەچنە خانەکانى بێمتمانەیى (Distrust). هەر لەگەڵ ئەمەدا پرسیارى باشترین کۆمپانیاى وڵاتەکانیش کراوە و هەمان ڕیزبەندى دروست بۆتەوە (بۆ هەردوو بەڵگەى سەرەوە، بڕوانە وێنەى ژمارە (٢).

(وێنەى ژمارەى ٢، ئایا متمانەت بە کام لە حکوومەتەکانى ئەم وڵاتانە هەیە؟ متمانەت بە کام لە کۆمپانیاکانى ئەم وڵاتانە هەیە؟)

 دووەم: متمانەى ئابوورى و بازرگانى

ئەگەرچى لە ماوەى دە ساڵى ڕابردووە تاوەکوو ئێستایش بەرزترین متمانە بۆ بوارى تەکنه‌لۆژیا تۆمار کراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا گۆڕانێکى زۆر لە متمانە بەم کەرتە تۆمار کراوە بە ڕێژەى (-٩). لە دواى ئەمە متمانە بە چاودێریى تەندروستى دێت کە بەردەوام خاوەن ڕێژەیەکى بەرز بووە، بەتایبەت لە سەردەمى کۆڕۆنا. لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوو، متمانە بە خزمەتگوزارییە دارایییەکان (وەبەرهێنان، دڵنیایى، کارى هاوبەشى بانکى و مامەڵەى ترى داراییى هاوشێوە) بەرز بۆتەوە بۆ ڕێژەى (+٨) کە پێشتر لەناو پۆڵێنبەندیى بێمتمانەیى بوو (بڕوانە وێنەى ژمارە ٣).

 (وێنەى ژمارە ٣، متمانەى خەڵک بە بەشە جیاوازەکانى پیشەسازى)

 

لەبارەى متمانە بە بڕاندە جیهانییەکان، پرسیارى ئەوە لە هاووڵاتیان کراوە کە ئایا چەند متمانەت بە بڕاندە جیهانییەکان و کۆمپانیاکانى ئەم وڵاتانەى خوارەوە هەیە؟ لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە زۆربەى هەرە زۆرى بڕاندەکان لە بارودۆخى پووکانەوە بوون و بەدەگمەن بڕاندێک یان بەرهەمى کۆمپانیایەک یەک دوو پۆینت چۆتە سەرەوە. بێ گومان بارودۆخى کۆڕۆنا یەکەمین و گەورەترین فاکتەرى کەمبوونەوەى بایەخ و متمانە بووە بەم بڕاندە جیهانییانە، چونکە لە لایەک کێشەى تەندروستى، بیرى خەڵکى سەرقاڵ کردووە و لە لایەکى ترەوە داڕووخانى ئابووریى جیهان بەگشتى هۆکارى سەرەکى بووە لە بەردەم ئابووریى تاک و خێزان بۆ بایەخدان بەم بڕاندانە.

لە وێنەى ژمارە ٤ دەردەکەوێت کە تاوەکوو ئێستایش بڕاندەکانى سویسرا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئوستڕالیا و ژاپۆن خاوەنى زۆرترین متمانەن لە جیهان و ڕێژەى ٦٠%یان تێپەڕ کردووە. کەمترین متمانەیش بۆ بڕاندە چینیەکان خراوەتە ڕوو.

 (وێنەى ژمارە ٤، پووکانەوەى متمانە بە بڕاندە جیهانییەکانى وڵاتان)

 

 

سێیەم: متمانە بە میدیا و دامەزراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى

تا دێت بایەخ و گرنگیى میدیا، بەتایبەت سۆشیال میدیا لە جیهان زیاتر دەبێت. لە وێنەى ژمارە (٥) دەردەکەوێت کە لە ١٥ وڵات لەنێو ٢٧ وڵات، متمانە بە میدیا زیادى کردووە. هۆکارەکانى کەمبوونەوەى متمانە لە چین، مەکسیک، کینیا، کۆڵۆمبیا و چەند وڵاتێکى تر پەیوەستە بە خراپیى بارودۆخى دیموکراسى و ئازادى و کۆتوبەندى میدیا یان دیسپلینکردنى دەزگه‌کانى لەلایەن دەوڵەته‌وه‌ لەم وڵاتانە. ئەوەى جێگەى سەرنجە، سەرەڕاى ئەوەى بارودۆخى میدیاى سعوودیا لە هى وڵاتانى سەرەوە باشتر نییە، بەڵام لەنێو گرووپى متمانەى بەرزە و هەر ئەوەیش نا؛ لە ماوەى ساڵى ڕابردوو بە ڕێژەى (+١٤) متمانە بە میدیا لەم وڵاتە زیادى کردووە کە بەرزترین ڕێژەى زیادبوونە لەنێو چارتەکەدا. کەمترین ڕێژەى متمانە بە میدیا لە ڕووسیایە.

بەپێچەوانەى ئەو بیروڕایانەى سەبارەت بە بارودۆخى میدیا له‌باره‌ی ئاسیا هەن، لە چارتەکەدا دەردەکەوێت کە وڵاتانى ئاسیاى دوور ڕیزبەندى پێشەوەى متمانەیان بە میدیا گرتووە و تەنیا یەک وڵاتى ئەوروپاى ڕۆژاوایان تێدایە کە ئەویش هۆڵەندایە (بڕوانە وێنەى ژمارە ٥).

 (وێنەى ژمارە ٥، متمانە بە میدیا)

 

جێگەى سەرسوڕمانە کە سەرەڕاى کارى زۆرى خۆبەخشى و کاراییى دامەزراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لە وڵاتە پێشکەوتوو و دیموکراسییەکانى ڕۆژاوا، هیچ یەکێکیان لەنێو گرووپى بەرزى متمانەپێکراوەکان نین. لەنێو ٢٧ وڵاتى کۆمەڵگەى توێژینەوەکەدا، ١٣ وڵاتى ئاسیایى و ئەفریقى، خاوەن متمانەى بەرزى دامەزراوەکانى کۆمەڵى مەدەنین. لە ماوەى ساڵى ڕابردوو تاوەکوو ئێستا، لە ١١ وڵات متمانەى خەڵک بە دامەزراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى هاتۆتە خوارەوە و بەرزترین ڕێژەیش لە ئەرژەنتین بووە.

 (وێنەى ژمارە ٦، متمانە بە دامەزراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى)

چوارەم: بەراوردى متمانە و ترس بە سێکتەرە جۆراوجۆرەکان

لە کۆى گشتیى ئەو وڵاتانەى کە لە چارتەکان دیارە لە سەرەوە، دەردەکەوێت کە هەرچەندە حکوومەت، میدیا و دامەزراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لە ئاستى مامناوەندیى متمانە ماونەتەوە (٥٠-٥٩%)، بەڵام بزنس تەنیا سێکتەرى متمانەى بەرزە لە ئاستى جیهانى، وەک بە ڕەنگى شین دیارى کراوە. واتە خەڵک ئەوەندەى فۆکسى لەسەر بزنس و کارى ئابوورى و بازرگانییە، ئەوەندە بایەخ بە حکوومەت و میدیا و ڕێکخراوى مەدەنى نادات (بڕوانە وێنەى ژمارە ٧). ئەمەیش ڕێک یەک دەگرێتەوە لەگەڵ بیروڕاى خەڵک سەبارەت بە خەمخۆرى و مەترسییان لە لەدەستدانى کار و پیشەکانیان نەک سێکتەرکانى تر، وەکوو لە وێنەى دواتر شیکاریمان بۆ کردووە.

 (وێنەى ژمارە ٧، بزنس وەکوو تاكه‌ دامەزراوەى متمانەپێکراو)

 ئەوەى جێگەى هەڵوەستەلەسەرکردن و مایەى تێڕامانە ئەوەیە کە، خەڵک زیاتر بایەخ بە بەردەوامیى کارەکەى و ترس لە لەدەستدانى پیشەکەى دەدات نەک مافى هاووڵاتیبوون و تەنانەت تەندروستیى خۆیشى لە تووشبوون بە ڤایرۆسى کۆڕۆنا کە بەرەو مەرگى دەبات. لەم وێنەى خوارەوە دەردەکەوێت کە ٨٤%ى خەڵک لە ٢٧ وڵاتى بەشداربووى ڕاپرسییەکە ترسى لەدەستدانى کارەکەیان هەیە و کەمترینیان لەوە ترساوە کە ئازادییەکەى و مافى هاووڵاتیبوونەکەى کۆتوبەند بکرێت!

 (وێنەى ژمارە ٨، گرنگترین سێکتەرەکانى کە خەڵک نیگەرانى و ترسیان لێى هەبووە)

 

کۆبەند

دەرهاوێشتەکانى ئەم توێژینەوە مەیدانییانە پێمان دەڵێن کە کۆڕۆنا کاریگەریى هەبوو لەسەر بەهێزبوونەوەى دەوڵەت و دەسەڵاتى ناوەندیى حکوومەت زیاتر لە کەرتى تایبەت و پشتبەستن بە دامەزراوەکانى تر و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان. بەرزبوونەوەى متمانە بە حکوومەت دەری دەخات کە، خەڵک لە بارودۆخە هەستیارەکان جارێکى تر پەنا دەباتەوە بەر دەسەڵات و هێزى ڕەها بۆ پاراستنى تاک لە مەترسییەکانى کۆمەڵگە. ئەمەیش تا ڕاددەیەک هەل بۆ ئەداکردنەوەى ڕۆحى خۆزاڵکردنى دەسەڵات دەڕەخسێنێ و، سەرەنجام ده‌بێته‌ هۆی پاشەکشە بە دیموکراسى. لە ڕووە ئابوورییەکەوە بە هەمان شێوە، لاوازبوونى ئابووریى جیهان لەو ماوەیەدا، ڕۆڵى هەبووە لەسەر زیادبوونى برسێتى، هەژارى و تێکچوونى بارودۆخى ئابووریى تاک و کۆمەڵگە و تەنانەت ئابووریى دەوڵەتیش. تا دێت متمانەى تایبەت، کە لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى ڕاستەوخۆ وەستاوە، زیاتر دەبێت لە متمانەى گشتى لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە.

 

سەرچاوە:

https://www.edelman.com/trust/2021-trust-barometer