ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

دەور و کارتێکەریی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان (میدیای نوێ) لە سیاسەت و ڕای گشتیدا

قەرەنی قادری

لە کۆتایییەکانی سەدەی ڕابردوو، بەهۆی شۆڕش لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیدا، ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندندا ڕووی دا. ئینترنێت، قۆناغێکی نوێی لە پەیوەندیکردندا هێنایە کایەوە و پانتاییی جیهانی ڕاگەیاندنی لە بواری چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گۆڕی.

شۆڕش لە ڕاگەیاندندا، یان تەقینەوەی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کە بەهۆی ئینترنێتەوە سەری هەڵدا، ئەو دەرفەتەی بە هاووڵاتیان دا، کە ڕاستەوخۆ ڕاکێشی ئەم ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییە ببن و لە دەستاودەستکردنی زانیاریدا دەور ببین. لە جیهانی نوێی ڕاگەیاندندا، هاووڵاتیان توانییان بەبێ کۆسپە کلاسیکییەکانی "کات" و "شوێن"، بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان بە زانیاری ڕابگات؛ هاوکاتیش خۆیان بەشێک لە پرۆسەی ئەم زانیاریبڵاوکردنەوە و وەرگرتنە بن. ئاکامی ئەم تەقینەوەیە ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی مەدەنی، سنوور و پاوانی ڕاگەیاندنی حکوومی و ڕەسمییان بەزاند و بەبێ ئەوەی ئیزنیان لێ وەربگرن، یان تەنانەت بۆ بەشێکی زۆر لە هەواڵ و زانیارییەکان چاویان لە دەستی ڕاگەیاندنی ڕەسمی بێت، دەستیان بە زانیاری بگات.

هەر لەبەر ئەوە، پێویستە واتای ڕۆژنامەوانیش چاوی پێدا بخشێندرێتەوە و، لەژێر تیشکی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا، ئەم چەمکە دەوڵەمەندتر بکرێت. ئەم بوارە تەنیا پیشەی ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەوان ناگرێتەوە، بەڵکوو سیاسەتوانان و ڕای گشتییش لەخۆ دەگرێت.

لە جیهانی دیجیتاڵیدا، ئەو دەرفەتە بۆ هاووڵاتیان ڕەخساوە کە سەربەستانە بیروڕایان دەرببڕن و لەگەڵ لایەن یان لایەنەکانی تردا ئاڵوگۆڕی فکر و هزر بکەن. ئینترنێت ئەو گۆڕەپانەیە کە سیاسەتوان، ڕۆژنامەوان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها ئەو بەشەیش لە کۆمەڵگە، کە دەستیان بە کەرەسە نوێیەکان ڕادەگات، لە یەک شوێندا کۆ ببنەوە و ڕاستەوخۆ قسه‌ بكه‌ن و لێدوان بدەن. ئەم کەرەسانە بەهێزن، چونکە هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ پێکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن و لەگەڵ یەکتردا دەپەیڤن.

ئەگەر چەند ساڵ بەر لە ئێستا تەنیا باس لە چەند کەرەسەیەک دەکرا، کە ئەوانیش یەکلایەنە، ڕەسمی و حکوومی بوون، ئەمڕۆکە لە پاڵ ئامرازە نەریتییە زل و ڕەسمییەکاندا، فەیسبووک، ماڵپەڕی ئەلێکترۆنی، وێبلاگ و... ئەو دەرگەیەیان بەسەر هاووڵاتیاندا کردۆتەوە، کە تێکەڵ بە ڕاگەیاندنی دیموکراتیک ببنەوە و ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و بەرگری لە ئازادیی نووسین بکەن. ڕاگەیاندن و دەوری، بەشێکی گرینگە لە دیموکراسی؛ تەنانەت یەکێکە لەو پێوەرانەی کە سیستەمێکی سیاسیی پێ هەڵدەسەنگێنن. ئەو ڕەوتە هاوکات کە دەتوانێت یارمەتیی پرۆسەی دیموکراسی و کرانەوە بدات، هەروەها دەشێت که‌لتوورێکی سیاسیی بەهێزیش چێ بکات. ئەو شەپۆڵە دیجیتاڵییە، خوڵقێنەری ئەو بوارە بووە کە هاووڵاتیان بە تاک، یان گرووپ خۆیان ڕێک بخەن و فۆرمێکی نوێ لە خۆپێشاندان (خۆپێشاندانی ئەلێکترۆنی) وەڕێ بخەن. ڕووداوەکانی توونس و میسر دوو نموونەی بەرچاوی ئەم گەڵاڵەکردنەن.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرینگەکانی ئەم سەردەمە لەناو ڕاگەیاندنی مودێڕندا ئەوەیە، کە دەوری تاک گەلێک بەهێز دەکات و چەشنێک لە تاکی سیاسی و ئاگادار سەبارەت بە ڕووداوەکان بەرهەم دێنێت، کە بەبێ ئەوەی ترسی لە سانسۆر بێت، خۆی دەردەخات و بیروبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت. فیلیپ ئێن هاوارد لەم بارەیەوە دەڵێت: "ڕاگەیاندنەکان و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییە دیجیتاڵییه‌كان، کەرەسەی پەیوەندیکردن و ڕێکخستن دەده‌نه‌ دەست هاووڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە. ئەم کەرەسانە گۆڕەپانێکن بۆ گەڵاڵەکردن و هێنانەگۆڕێی ڕا و، دەربڕینی بەرهەڵستکاریش دروست دەکه‌ن، کە ئەوەیشیان مەیل بۆ دیموکراسیی سیاسی، بەهێز دەکات."

گەرچی ئینترنێت ئەم دەرفەتەی بۆ تاک خوڵقاندووە تا سەربەستانە ڕای خۆی بەوانی تر بگەیەنێت، بەڵام لە بەکارهێنانیدا ئەو لایەنەیشی هەیە کە تاک-جا بە هەر هۆیەک بێت- بەبێ ئەوەی خۆ بناسێنێت، خۆی حەشار دەدات و لە هەڵخلیسکانێکدا دوور لە یاسا و ڕێسای ڕاگەیاندن، بە شێوەیەکی خراپ کەڵک لەو کەرەسانە وەردەگرێت. تەنانەت گرووپە تیرۆریستییەکانیش تێکەڵ بە شەپۆڵی ڕاگەیاندنی مۆدێرن بوونە و، هەر بەم ڕێگەیەوە هێزی تایبەت بە خۆیان ڕێک دەخەن. هەندێک لە کارناسانی کاروباری ڕاگەیاندن "پەیام"ی ئەم هێزانە بە "جیهادی ئەلێکترۆنی"، "تیرۆریزمی ئەلێکترۆنی" و "فەتوای دیجیتاڵی" پۆلێن دەکەن.

 سیاسەتوانان، هاووڵاتیان و ڕای گشتی

دەرفەتێکی دیكه‌، کە ئینترنێت خوڵقاندوویەتی، لەدایکبوونی هەندێک ڕایەڵی بەهێزی کۆمەڵایەتییه‌ وەک "فەیسبووک" و "تویتتێر"، کە ئەمانە کەرەسەی بەهێزی بەتواناکردنی تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین. ئەم ڕایەڵانە سنووری نەتەوەیییان بەزاندووە و توانیویانە ململانێ لەگەڵ ڕاگەیاندنە ڕەسمی و حکوومییەکاندا بکەن. کاتێک تاک یان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان هەست بکەن گوێیان لێ ناگیرێت و خراونەتە پەراوێزە، یان ڕاگەیاندنە ڕەسمییەکان بڵاوکەرەوەی دەنگ و تێڕوانینی ڕەسمین، ئەم ڕایەڵە کۆمەڵایەتییانە، بەهانای ئەوانەوە دەچن و لەوێدا ڕای گشتی پێک دێنن.

کەڵکوەرگرتنیش لەم ڕایەڵانە، بەگوێرەی ناوچە یان وڵات جیاوازیی هەیە. لەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆڕەکان زاڵن، یان هاووڵاتیان پەراوێز خراون، بێ شک بیروڕای سیاسی و خۆڕێکخستن لەم ڕایەڵانەدا دەوری سەره‌کی دەگێڕن. ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی کە بە "بەهاری عەرەبی" ناوی دەرکردووە، ئەوەی سەلماندەوە کە ئەم ڕایەڵە کۆمەڵایەتییانە دەوری گرینگیان لە دەستاودەستکردنی زانیاری و هەواڵدا گێڕا. ئەم کەرەسانە کە بۆ ڕێکخستن، پەیوەندیکردن و خۆپێشاندانی ئەلێکترۆنی کەڵکیان لێ وەرگیرا و لێی وەردەگیرێت، بنەمایەکی بەهێزی گەیاندنی زانیارین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیش بەهێز دەکەن. ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی باش کەڵک لەم ڕایەڵانە وەربگیرێت، بێ شک دەورێکی باشیان لە بەهێزکردنی دیموکراسی و پەرەپێدان بە ئازادیی ڕادەربڕین و نووسیندا دەبێت.

هەر بە ڕێگەی ئەم ڕایەڵانەوە، دەکرێت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا دروشم و پرۆگرامەکانی تێدا گەڵاڵە بکرێن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیاندا چێ بکرێت. پاڵێوراوان و حزبە سیاسییەکان، دەتوانن ڕاستەوخۆ گوێبیستی ڕای هاووڵاتیان ببنەوە و لەگەڵ گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن. بەپێی ئەوەی کە ئەم کەرەسانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان لەخۆ دەگرێت، هێزێکی تایبەتیان هەیە. بێ شک کارلێکردن و کارتێکەرییش لەو شوێنانەدا لایەنێکی تری ئەم ڕایەڵە کۆمەڵایەتییانەن، کە که‌لتووری باس و لێدوان، هەروەها لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەییشتن دەخوڵقێنن. بەم پێیە، بەشێک لە کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا دەپەیڤێت. ئەمەیش یەکێکە لە مەرجەکانی لێکنزیکبوونەوە و پێکەوەهەڵکردن.

کارتێکەرییەکی دیکەی ئەم ڕایەڵە نوێیانە ئەوەیە، کە هەندێک تایبەتمەندییان بە حزبە سیاسییەکان بەخشیوە و لە حزبێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، هەروەها ئایدیۆلۆژییه‌وە، کردوونی بە حزبی "میدیایی"؛ کە ئەمەیان لە ژیانی حزبایەتیدا نوێیە، چونکە سامانێکی زۆری دارایی و لەشکرێک لە میدیاکارانیان لەو پێناوەدا بەگەڕ خستووە. جێی ئاماژەپێکردنە کە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەهەڵە لە حزبی میدیایی و کارتێکەرییەکانی گەییشتوون. ئاستنزمیی بەرنامەکان و لاوازیی کارمەندانیان، دەرخەری ئەم ڕاستییەن.

کەرەسە نوێیەکان و هاووڵاتیی مودێڕن

تەلەفۆنی زیرەک (smartphone) یەکێکە لەو دەگمەن دەسکەوتانەی کە گشت کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی لەخۆدا کۆ کردووەتەوە. ئەگەر بەگوێرەی کارکردی ئەو تەلەفۆنە بێت، ئیتر پێویست ناکات ڕوو لە بازاڕ بکەیت و بەجیا ڕادیۆ یان تەلەڤزیۆن بکڕیت، چونکە بە لکاندنی ئەو تەلەفۆنەوە بە ئینترنێت، بەیەکجار، دەبی بە خاوەنی ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، چاپەمەنی، "YouTube"، کتێبخانە، کامێرای وێنەگری، ئیمەیل، ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان (دەنگ، وێنە و پیت)، هەروەها دەیان و سەدان پێداویستیی دیکە کە لەودا چڕ کراونەتەوە، تا زانیاری وەربگریت و زانیارییەکانی خۆیشت بەوانی دیکە بدەیت. ئامرازی نوێی ڕاگەیاندن، دەسەڵاتێکی بچووک (حکوومەتی هاووڵاتیان)ی هێناوەتە کایەوە.

ڕەوتی تەکامول، گەشە و هەڵدان لە سادەوە بەرەو ئاڵۆزی، بەئاسانی لە کەرەسەکانی سەردەمدا بەرچاوە. ئینترنێت، ناخی کۆمەڵگەی کێڵاوە و پەیوەندییەکی بەرفراوان و ئاسانی بە جڤاک بەخشیوە، کە دەستپیڕاگەییشتن بە زانیاری لە لووتکەی ئەو شۆڕشەدایە.

کەرەسە مۆدێڕنەکان گەلێک بەتوانان، هەر ئەوەیش هێزی بە حکوومەت، تاک و گرووپ بەخشیوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گرفتی جددییشی بۆ حکوومەت و دەسەڵاتداران ناوەتەوە. ئەگەر جاران لە زەوییەوە بە ڕێگەی سوپاوە و، لە ئاسمانیشەوە بە زەبری فڕۆکەوە، بەر بە دزەی گرووپە خەنیمەکان (حه‌ریفه‌كان) دەگیرا تا نەبنە سەرچاوەی زانیاری و هاندانی هاووڵاتیان، شۆڕشی ئەلێکترۆنی ئەو هاوکێشەیەی تێك داوه‌.

تاکێک کە خاوەنی تەلەفۆنی زیرەک (smartphone) بێت، هەر لە سەیرانگەیەکدا ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە دەستی بە چەشنەکانی زانیاری ڕابگات. تەنانەت کۆکردنەوەی سه‌ته‌لایت، کە دژ بە ئازادیی دەربڕین و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، وەک جاران باوی نەماوە کە سەرکوتکاران بۆ کۆکردنەوەی کەرەسەی پەیوەندیکردن، شەو دەرگەی ماڵان بشکێنن و ئاسایشی تاک تێک بدەن.

ئەو ئامرازە بۆ هاووڵاتیان، بووه‌تە "سندووقێکی سێحراوی" و هەموو شتی بەدەست دەگات؛ تەنانەت ئەوەیش کە دیکتاتۆرەکان لە جوگرافیا و سنووری نەتەوەییدا لێی دەترسن و لێی زەوت دەکەن. لە سەردەمی ئێستادا و، بە بوونی شۆڕشی ئەلێکترۆنییەوە کە زۆر بەئاسانی زانیاریی تێدا دەستاودەست دەکرێت و بەشێک لە ڕای گشتی لەوێدا گەڵاڵە دەکرێت، تاک دەتوانێت شان لە شانی گرووپ و حزبە سیاسییەکان بدات. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیی سەردەم، شەپۆڵێکە و کەس بەرگەی ناگرێت و کەسیش ناتوانێت پێشی پێ بگرێت!

تەنانەت تەلەفۆنی زیرەک، باشترین چەکی خۆپیشاندەرانە و دەتوانن ڕێک لە کاتی خۆپیشانداندا وێنە و دەنگ بۆ هەر شوێنێک کە بخوازن، بەڕێی بکەن. هاوکاتیش هەر بە ڕێگەی خۆپیشاندەرانەوە ئەو دەرفەتەیش ڕەخساوە کە خۆپیشاندەران لە یەک شاردا ئاگاداری یەکتر ببنەوە و دەنگوباسی جموجۆڵی هێزی حکوومی (پۆلیس، سوپا، هێزی ئەمنی و سیخوڕ) بە یەکتر بدەن. ڕێک لێرەدایە کە هاووڵاتیی پەیامنێر چێ دەبێت.

ئامرازی ڕاگەیاندنی ئەلێکترۆنی، هاوکێشەیەکی نوێیە لە جیهانی ڕاگەیاندندا کە ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی دروست کەڵکی لێ وەربگیرێت، دەتوانێت گرووپی کۆمەڵایەتی ڕێک بخات و بەهێزیان بکات. ئەمە، هەم یارمەتیی سەرمایەدار (بازاڕی نەتەوەیی) دەدات کە بەرهەم و پلانی خۆیان بە هاووڵاتیان بگەیه‌نن، هەمیش بۆ سیاسەتوانان و گرووپە سیاسییە کارتێکەرەکان دەرفەتێکی ڕاستەوخۆی هێناوەتە کایەوە، کە ڕوو لە پەیاموەرگری خۆیان بکەن. لێکنزیککردنەوەی هاووڵاتیان بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە، ئەو بازنە ستراتیژییەیە کە پێویستە گرینگیی پێ بدرێت. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کارتێکەرە، چونکە هێز و دەسەڵاتی هەیە.

دیپلۆماسیی میدیایی (هێزی نەرم)

ڕۆڵ و کارتێکەرییەکانی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی بابەتێکی تەواو کراوەیە، کە ئاخۆ ئەم کەرەسانە بە هاوکێشە مرۆڤییەکانییەوە، دەتوانن چ دەورێک لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، هەروەها تا چەند دەتوانن یارمەتیدەر، یان تەواوکەری دیپلۆماسیی گشتی بن؟ هەروەها پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی، لە سیاسەتی میدیاکاندا چ شوێنێکی هەیە؟

بەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ڕاگەیاندن دەورێکی ستوونیی لە کۆمەڵگەدا دەگێڕا و پەیوەندییشی لەگەڵ هاووڵاتیاندا یەکلایەنە بوو. بە سەرهەڵدانی ئینترنێت و لەدایکبوونی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها شەپۆلی زانیاری و دەستاودەستکردنی دەنگوباس و زانیاری، دۆخێکی نوێ هاتە کایەوە و ڕاگەیاندنی لە قۆناغی یەکلایه‌نەوە بەرەو قۆناغی دوولایەن گواستەوە، کە تێیدا هاووڵاتیانیش توانییان دەوریان لە دەستاودەستکردنی زانیاریدا هەبێت. ئەم ئاڵوگۆڕە، خێرا کارتێکەریی لەسەر سیاسەت و بڕیاردا کرد و دەرفەتیشی بۆ هاووڵاتیان ڕەخساند کە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕای خۆیان هەبێت و دەنگی خۆیشیان بەوانی تر بگەیه‌نن. هەر ئەوان (هاووڵاتیان) دەتوانن لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆپیشاندانی ئەلێکترۆنی وەڕێ بخەن؛ جا چ بۆ پشتیوانی لە پرسێک بێت، یان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە کێشە و هەڕەشەکان. ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، دەسەڵاتیان بە هاووڵاتیان داوە.

ئەمەیش بەتەنیا هاووڵاتیانی نەگرتۆتەوە، کە بەسانایی دەستیان بە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن (تویتێر، فەیسبووک و...) ڕابگات، بەڵکوو بوارێکی گونجاویشی بۆ سیاسەتوانان و دیپلۆماتکاران ڕه‌خساندووه‌ کە زۆرترین پەیوەندییان بە هاووڵاتیانەوە هەبێت. سیاسەتوانان زۆر بەخێرایی توانییان و دەتوانن لە چرکەساتێكدا سیاسەت، بیروبۆچوون و بڕیارەکانی خۆیان بده‌نە هاووڵاتیان و، ڕای گشتی چێ بکەن. هەر لەبەر ئەمە، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کارتێکەرە.

کارناسانی کاروباری میدیایی لەسەر ئه‌و بڕوایەن کە "بەکارهێنانی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن لە لایەن ڕێبەران و دیپلۆماتکارانەوە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوە، ڕاگەیاندنی کردۆتە بەشێک لە دیپلۆماسیی گشتی." ئەم دیاردەیەیش لە دوای ١١ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٠١ەوە زۆر بەهێز و بەرچاو بووە؛ هەر لەبەر ئەوەیە کە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن هێزێکی نوێیان بە دیپلۆماسی داوە. هەر ڕاگەیاندنە، کە واتاسازییان بۆ دەکات و دەوری "گوتارچێکەر"یش دەگێڕن و زانیاری بەرهەم دێن؛ هەروەها لە یارییە دیپلۆماتییەکاندا دەور دەگێڕن.

میدیای سەردەم (ئەلێکترۆنی- دیجیتاڵ)، تەنانەت هێز و دەسەڵات بە هاوکێشە نادەوڵەتییەکانیش (بۆ نموونە هەرێمی کوردستان) دەدات کە شان لە شانی دەوڵەتەکانی ناوچە و جیهان بدات؛ بەو مەرجەی دیپلۆماسیی گشتیی هەرێمی کوردستان و ئامرازی ڕاگەیاندنی وڵات، پێکەوە هەماهەنگییان هەبێت. ئەگەر هەرێمی کوردستان لە بواری هێزی "ڕەق"ەوە (بۆ نموونە سوپا و هێزی ئەمنی) لاوازە و ناتوانێت کێبەرکێ لەگەڵ هاوکێشە ناوچەیییەکاندا بکات، خۆ لە بواری هێزی "نەرم"ەوە (ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیی نوێ)، ئەگەر ڕێک بخرێت دەتوانێت یاریکەرێکی باش بێت؛ بەو مەرجەی سیاسەتێکی میدیاییی ڕوون، چڕ و تۆکمەی هه‌بێت کە ئاڕاستەی لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بێت و، هەروەها دەبێ دوور بێت لە ڕوانگەی ئامرازانه‌ (Instrumentalism)  سەبارەت بە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، کە گۆیا کاریان "تەنیا" بڵاوکردنەوەی زانیارییە. ئەمەیش ڕێک پەیوەندیی بە پراگماتیزمی ڕاگەیاندنەوە هەیە، کە زۆرترین بینەر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. لە کۆتاییدا، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەییش پرس و خەمی سەرەکیی ئەو بێت. لەم بوارەدا بەرپرسیارێتی، متمانە و خێرایی، دەبێ کۆڵەکەی سەرەکیی دیپلۆماسیی میدیایی بێت.

دیپلۆماسیی میدیایی بە ڕێگەی کەرەسەی سنووربەزێنەوە

جاران سنوورە خاکییەکان بە هێزی چەکدار و سیخوڕەوە پۆشتە دەکران بۆ ئەوەی بەر بە زانیاری بگرن، بەڵام ئێستا بە ڕێگەی ئینترنێت و سه‌ته‌لایتەوە، شەڕەکە بۆ ئاسمان گوێزراوەتەوە و بەشێکی گرینگ لە ململانێکان لە ئاسماندا ڕوو دەدەن. هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەو ململانێیەدا بەشدار بێت؛ هەم بۆ گەیاندنی پەیامەکانی، هەمیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەیامانەی کە هەڕەشە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی کوردستان دەکەن. هەرێمی کوردستان بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی نەرمی ڕاگەیاندن، دەتوانێت بە ناردنی زانیاری بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی، دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بە شێوەیەکی نەرم "بۆمباران" بکات، کە لووتکەی ئەم کارە گەورەیە گەیاندنی بەرنامە و پلانی نەتەوەیی و بەهێزکردنی کوردستانە. ڕێک لێرەدایە کە لە هەرێمی کوردستانیش، دیپلۆماسیی گشتی و دیپلۆماسیی میدیایی بەیەک دەگەنەوە.

کیت هیندێڵ (Keith Hindell) لە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری ڕۆڵ و گرینگیی میدیا لە کاروباری دیپلۆماسیدا دەکات: "دەستگەیشتن بە زانیاری و، خێراییی گواستنەوەی زانیاری بۆ ڕای گشتیی دەرەوە، میدیای کردۆتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیپلۆماسی." بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە گرینگە بەباشی بەڕێوە بچێت، پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان سیاسەتوانان و کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بۆ دەستاودەستکردنی زانیاری، لە مەرجە سەرەکییەکانە.

ڕاگەیاندن بۆ لێکترازانی کۆمەڵگە چێ نەکراوە، بەڵکوو بەهۆی گەیاندنی زانیاری و بەسەرکردنەوەی گشت کەلێن و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگە، هەوڵ دەدات چین و توێژە ڕەنگاوڕەنگەکان لێك نزیک بکاتەوە تا دەنگیان بە حوکمڕانان بگات، هەروەها ڕا، پلان و تەمای دەسەڵاتدارانیش بە هاووڵاتیان بگەیه‌نێت. لە بواری ناوخۆییشەوە، بە دانی زانیاریی دروست و جێی متمانە، ڕاگه‌یاندن دەتوانێ مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان کەمتر و کەمتر بکاته‌وه‌. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، دەسەڵاتی هەیە، هەر لەبەر ئەوە کارتێکەرە و، بە باشترین شێوە دەشێت سەبارەت بە پرسێک ڕای گشتی چێ بکات. "مانوێل کاستێلز" پێی وایە کە "کەرەسە نوێیەکانی ڕاگەیاندن سروشتێکی وایان هەیە، كه‌ دەتوانن چوارچێوەیه‌ك بۆ سیاسەت دابڕێژن كه‌ کاریگه‌رییان لەسەر هەڵبژاردنەکان و بڕیارە سیاسییەکاندا هەبیت. "

جێی وەبیرهێنانەوەیە، کەرەسەکانی ڕاگەیاندنیش لەمێژە بەجیهانی بوونە. بەشێکی هەرە زۆری ئەو کەرەسانەی کە لە ئەمریکا و ئەوروپا دەست دەکەون، لە هەرێمی کوردستانیش هەن، بەڵام ئەوە سیاسەتی میدیایی و هاوکێشەی مرۆڤییە، کە قسەی کۆتایی دەکات؛ چونکە کەرەسەکان بەبێ سیاسەتێکی نەتەوەیی و هاوکێشەی کارامەی مرۆڤی، تەنیا ئاسنەواڵەن.

هەرێمی کوردستان لە چواردەورەوە، هەم بە خاک و هەمیش بە ڕاگەیاندنەوە گه‌مارۆ دراوه‌؛ ئەو دەرفەتە میدیایییەی کە بۆی ڕەخساوە و ئەمڕۆکە خاوەنیەتی، زۆر بەئاسانی و خێرایی دەتوانێت ئەو گەمارۆیانە بشکێنێت و شان لە شانی ڕاگەیاندنی زلی جیهانی بدات. هەر ئەمە بنەمایەکی باشە بۆ ئەوەی سیاسەتوانان و دیپلۆماتکارانی وڵات بە چاوێکی ترەوە سەیری ڕاگەیاندن، ڕۆڵ و کارتێکەرییه‌كه‌ی لە ناوخۆ، ناوچە و جیهاندا بکەن. ڕاگەیاندنەکان دەتوانن باشترین دەرفەت بۆ گەیاندنی پەیام بڕەخسێنن، باس و گفتوگۆی عەقڵانی لە ناوخۆدا بێننه‌ گۆڕێ، سیاسەتوانان لە کۆمەڵگە نزیک بکەنەوە، هەروەها پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردنی نەتەوەیی و ئایینیی ناوخۆ، سیاسەتی ئاشتیخوازی و ژیاندۆستی، بە وڵاتانی دەوروبەر و دانیشتووانی ئەوان بگەیه‌نن. هەروەها بە بوونی سیاسەتێکی دروستی میدیایی، هێزی نەرمی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو شەپۆلە نەرێنییە دیجیتاڵی و ئاراستەکراوانە ببێتەوە کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستانه‌ و، لە پاڵ ئەمەیشدا دەبێ بە بەش و توانای خۆی بیر لە کۆمەڵگەیەکی بەهێزیش لە وڵاتدا بکاتەوە و بوارێکی باش بڕەخسێنێت تا کۆمەڵگە پێکەوە بپەیڤێت. هەروەکوو "ئابراهام لینکۆڵن" (١٨٠٩-١٨٦٥) گوتەنی: "دیالۆگ جوانترین لایەنی مرۆڤە." ئەمە کارێکی وا دەکات کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیدا بپەیڤێت، چونکە هەر ئەمەیە کە کوردستان بەهێز دەکات. هەر لەبەر ئەوە، تەنیا پێکەوەیە کە بەهێز دەبین!

 

Latest from قەرەنی قادری