کۆرۆنا و سیستەمی سیاسی: سەردەمی نیۆ-کلاسیک

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانكۆی سەڵاحەددین

کاریگەرییەکانی تەندروستی، ئابووری، سیاسی و تەنانەت یاسایی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها خێراییی سەرسوڕهێنەری بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی پاندێمی یاخود پەتای کۆڤید-١٩ لە ساڵی ٢٠٢٠دا، تەنیا نەبووە هۆی سەرسوڕمانی مرۆڤ لە هەمبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە، بەڵکوو هەستی دەستەوەستانی و بێتوانایی و ڕاچڵەکانێکیشی لەناو کۆمەڵگە و دەوڵەتاندا دروست کرد سەبارەت بە ڕاهاتن لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژییە نەریتییه‌كان لە ئیدارەکردنی دەوڵەتان؛ سەڕەڕای ئەوەی کە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و پیشەسازییەوە خاوەن چ سیستەمێکن، واتا دیموکراتیک و پێشکەوتوو و پەرەسەندوو و سەر بە بەرەی وڵاتانی باکوور بن، یاخود دیکتاتۆر و پەرەنەسەندوو و سەر بە بەرەی وڵاتانی باشوور و دواکەوتوو.

هەر ئەمەیش وای کردووە کە هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە مشتومڕێکی فرەئاست و فرەڕەهەند لە نێوان دەستەبژیرە ئەکادیمی و سیاسییەکان لە لایەک و دەسەڵات و کۆمەڵگە لە لایەکی ترەوە، بێتە ئاراوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین گرنگترین ئەو پرس و بابەتانەی کە لە سەردەمی کۆڤید-١٩ هاتوونەتە ئاراوە بخەینە بەر باس و، تەنانەت لە نووسینەکانی داهاتوو بتوانین تیشک بخەینە سەر ڕەهەند و بوارەکانی ئەم مشتومڕە بە مەبەستی وێناکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە هاتووونەتە دی و پێشبینیی ئەوانەی کە دێنە دی؛ بۆ ئەوەی خوێندنەوەیەکی زانستی و ورد و دروستمان بۆ ئەو لێکەوتە و گۆڕانکارییەکان هەبێت و لە کەموکوڕی و شکست و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی بەگشتی و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی بەهێز وەربگرین.

کۆڤید-١٩ لە نێوان "بەجیهانیبوون" و "ناسیۆنالیزم"دا

یەکێک لە گرنگترین مشتومڕەکان لە سەردەمی کۆرۆنا کە لە هەموو ئاستەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، پرسی کرانەوە یاخود داخرانی کۆمەڵگە و دەوڵەتانە لە چوارچێوەی چەمک و بنەماکانی بەجیهانیبوون لە بەرامبەر تۆخبوونەوەی ناسیۆنالیزمی فەرمی. لە ڕوانگەیەکی تر، لە سەردەمێکدا کە پێش بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ زاڵبوونی پارادایم و گوتاری بەجیهانیبوون وای کردبوو کە جاڕی نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی فۆرمی زاڵی سیاسیی کۆمەڵگەکان و هەنگاونان بەرەو دۆزینەوەی فۆرمێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکان، بەتایبەت بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان، ئەوەندە بەهێز ببێت کە گرفتێکی مەعریفی و تەنانەت وەزیفیی بۆ ناسیۆنالیزم دروست کردبوو، بەڵام بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاشان ڕەوتی ڕووداو و پێشهاتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەو چوارچێوە و بنەمایانەی پێشووتری بردە ژێر پرسیارەوە کە بۆ چەندین دەیە بانگەشەی بۆ دەکرا.

لە ڕوانگەی "ستێفان ڤاڵت" (Stephen M Walt) وەكوو یەكێك لە تیۆریسییەنەكانی ڕیالیزم، هەلومەرجی لەناكاوی جیهان وا دەكات كە ئێمە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببینەوە كە دەوڵەتان تاوەكوو ئێستا ئەكتەری سەرەكیی سیاسەتی جیهانین. لە لایەکی تریشەوە هەرچەند ساڵ جارێك بیرمەندان و توێژەرانی "بەجیهانیبوون" ئەوە دەخەنە ڕوو كە ڕۆڵی دەوڵەتان لە پەیوەندییە جیهانییەكان دادەبەزێت و ئەكتەرەكانی دیكە یاخود هێزە كۆمەڵایەتییەكان (ڕێكخراوە نادەوڵەتییەكان و كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و بازاڕە جیهانییەكان و...) سەروەریی دەوڵەتان كەم دەكەنەوە و دەیانخەنە زبڵخانەی مێژوو. بەڵام هەر كاتێك قەیرانێكی نوی سەر هەڵدەدات، مرۆڤ سەرەتا و زیاتر لە بکەر و ناوەندەکانی تر ڕوو دەكاتەوە دەوڵەتە نەتەوەیییەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی. پاش ڕووداوەكانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001، ئەمریكییەكان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە بەرامبەر ڕێكخراوی ئەلقاعیدە داوای یارمەتییان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان یاخود كۆمپانیای مایكرۆسۆفت یاخود ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی نەكرد، بەڵكوو خەڵكی ئەمریكا چاویان بڕییە بڕیارەكانی واشنتۆن و دەوڵەتی فیدراڵ و، ئیمڕۆكەیش بارودۆخەكە هەر بەم شێوەیە.[1]

باشترین نموونەیش بۆ سەلماندنی ئەو گوتار و گریمانە باو و زاڵانە، پێکهاتن و دروستبوونی یەکێتیی ئەوروپایە، چونکە ئەم یەکێتییە لە لایەک و کاڵبوونەوەی سەروەری و سنوورە جۆراوجۆرەکانی جیهان بوو لە بەردەم شەپۆل یاخود هاتوچۆی ئازادانە و تەوژمی کاڵا و مرۆڤ و سەرمایە لە لایەکی ترەوە. بەڵام هەر لە یەکەم کاردانەوەی دەوڵەتان داخستنی سنوورەکانیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ و جیهانی دەرەوەیان کردە بەرنامە تاوەکوو قەدەغەکردنی گواستنەوە و هاتوچۆ و سنووردارکردنی گەشت بۆ مرۆڤ و بەرهەم و کاڵا پیشەسازییەکان وای کرد، کە لەرزۆکبوونی ئەم گریمانە و گوتارە بەخێرایی بەرجەستە بێت. هەر ئەمەیش بووە هۆی بەهێزبوونەوەی ئەو چوارچێوە و گریمانە سیاسییەی کە دوا هەناسەکانی لانی کەم لە ناوەندە ئەکادیمییەکان دەکێشا و وەکوو شووریییەک لەلایەن بەشێکی زۆر لە ئەکادیمییەکان و سیاسەتمەدارە دیموکراتیکەکان وێنا دەکرا، کە ئەویش ناسیۆنالیزم و بەم پێیە قەتیسمانەوەی پەیوەندییەکان بوو لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوه‌دا.

لێرەوە لایەنگرانی دوو گوتار دووبارە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و بەپێی ڕاستییە ماددی و مرۆیییەکان، بەڵگە و  پاساویان بۆ ئایدیاکانیان دەهێنایەوە. کرۆکی پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە بوو کە ئایا ئەم سنووردارێتی و داخرانە، دروستبوونی دژبەرانی بەجیهانیبوون و لایەنگرانی ناسیۆنالیزم دەسەلمێنێت یاخود بەڵگەیە بۆ لەرزۆکبوونی بنەما و گوتاری بەجیهانیبوون یاخود وەکوو لایەنگرانی بەجیهانیبوون بانگەشەی دەکەن؛ ئەو ڕووداوانە وەکوو کاردانەوە و دیاردەیەکی کاتییە و پرۆسەکانی بەجیهانیبوون ڕاستییەکی کۆنکریتی و پرسێکی ژیانییە و پاشەکشە و گەڕانەوەی بۆ نییە.

لە ڕاستیدا هەردوو لایەن پاساوە هزری و ماددییەکانیان هەر به‌بەهێزی ماوەتەوە و بۆیە زۆر ئەستەم و زووە کە بڕیار لەسەر زاڵبوونی لایەنێکیان بدەین لە قازانجی بەرەکەی تر. بەڵام نایشتوانین ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگرین و پشتگوێی بخەین کە پرسیاری زۆر لەسەر سوود و زیانەکانی بەجیهانیبوون و لێکەوتەکانی بە واتا زاڵەکەی ڕابردوو دروست بووە و، لە لایەکی تریشەوە ناسیۆنالیزم و فۆرمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی وەکوو دەوڵەت-نەتەوە هێشتا نەیتوانیوە ئەم ڤایرۆسە وەکوو پاساوێک بۆ گەڕانەوەی بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی بەکار بێنێت.

بۆیە دەتوانین بڵێین کە کەمترین ئاسەواری کۆڤید-١٩ ئەوە بووە کە پێویستیی پێداچوونەوە بە چەمک و ڕوانگە زاڵەکانی ڕابردووی کە وەکوو ڕاستییەکی ڕەها وەرمان گرتبوو، هێناوەتە ئاراوە و لە هەمان کاتیشدا تاوەکوو ئێستا هیچ بەدیل یاخود جێگیرەوەیەکیشمان نەتوانیوە بونیات بنێین. بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم پەتایە و ڕاچڵەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە و سیستەمە سیاسییەکان لە بەردەمی، وا بکات ناوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ دۆزینەوەی سەنتێزێک لە تێزی ناسیۆنالیزم و ئه‌نتی-تێزی بەجیهانیببون سەرقاڵ بکات و تەنانەت لە کورتمەودادا، کەموکورتییەکانی هەردوو ڕوانگە زیاتر دەربخات بۆ دۆزینەوەی میکانیزم و سیستەمێکی مرۆڤانەتر و بەڵکوو سەقامگیر و جێگیرتر کە بتوانێت وه‌ڵامی پرسیار و سەرسوڕمان و ڕاچڵەکینەکانمان بداتەوە. لەوانەیشە سەردەمێکی "نیۆ-کلاسیک" سەر هەڵبدات؛ بەو مانایەی کە پرسیارە نەریتییەکان بۆ بەرجەستەکردنی خاڵە لاواز و بەهێز یاخود ئەرێنی و نەرێنییه‌كان لە هەردوو ڕوانگەی ناسیۆنالیزم/دەوڵەت-نەتەوە و سەروونەتەوەگەری/بەجیهانیبوون جارێکی تر زیندوو ببنەوە، بەڵام بە دۆزینەوەی وه‌ڵامێکی مۆدێرن و سەردەمییانە یاخود تێکهەڵکێشێک لە هەردوو چوارچێوە و پارادایم، بۆیە منیش زیاتر حەز دەکەم بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت بە قۆناغ و سەردەمی "نیۆ-کلاسیک" ناوی بەرم. هەرچەندە پەرەسەندنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی پێمان دەڵێت کە هیچ کاتێک ڕەوتی مێژوو بەگشتی و گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان بەتایبەتی بە شێوەیەکی هێڵی و ڕاستەرێ و هاوتەریب نەبووە.

 باشترین هێما و بەڵگەیش بۆ دەرکەوتنی ئاسۆی سەردەمی "نیۆ-کلاسیک" لە پاش کۆڤید-١٩، لە لایەک بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی دەوڵەتان بوو لە هەمبەر نەتەوە/نەتەوەکانیان بۆ وه‌ڵامدانەوەی پێداویستییە تەندروستی و ژینگەیی و ئاسایشی و بەگشتی ماددییەکانیان و، لە لایەکی تریشەوە پێویستیی هاتنەئارای بەرپرسیارێتی و هاوکاری و هەمانگیی نێودەوڵەتی و سەروونەتەوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پەتا هاوشێوەکانی لە داهاتوو و، هەروەها دۆزینەوەی ڤاکسین و پاشان دابەشکردنی بەبێ جیاوازی لە ڕوانگەی پێشکەوتووبوون یاخود دواکەوتوویی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەکان. بەم واتایە کە هەروەکوو چۆن ئەم پەتایە سنووربەزێنە، هەر بەم شێوەیەیش ڕێکار و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەیشی پێویستە سنووربەزێن بن.

لێرەوەیە کە هەردوو خاڵە بەهێزەکانی ڕوانگە و دیسکۆرسی ناسیۆنالیزم/دوڵەت-نەتەوە لە لایەک و ئینتەرناسیۆنالیزم/بەجیهانیبوون لە لایەکی ترەوە، کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و کۆن و نەریتی یاخود کلاسیکیان هەیە، بۆ پڕکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی هەردووکیان بەکار دێت و هێمای هاتنی سەردەمێکی مۆدێرن دەردەکەوێت. بۆیە ڕەگەزە دووانەیییە ماددی و واتایییەکان، ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بیانی و هاووڵاتییەکان و...، ئاوێتەی یەکتری دەبن یاخود دەکرێن. پێدەچێت تا کاتێک سیستەم و فۆرمی کاپیتالیزم فۆرمی زاڵی سیستەمی ئابووری-سیاسیی جیهان بێت، ناتواندرێت هیچ کام لەم پارادایمانە (ناسیۆنالیزم و بەجیهانیبوون) وەلاوە بنرێت و شوێنگرەوەی هەبێت، جگە لە دۆزینەوەی سیستەم و مۆدیل و فۆرمێکی نوێ یاخود هەوڵدان بۆ هاتنەئارا و دروستکردنی سەردەمێکی "نیۆ-کلاسیک" کە پێویستیی بە مشتومڕی زیاتر هەیە لەسەر بنەمای کاردانەوەی مرۆڤ، دەوڵەت و کۆمەڵگەکان لە بەرامبەر ئەم پەتایە.

لە سەردەمی  نیۆ-کلاسیکی کۆرۆنادا دیموکراسی گونجاوترە یان دیکتاتۆرییەت کارامەتر؟!

هەر لە سەرەتای دەرەکەوتی پەتای کۆڤید-١٩، یەکەمین مشتومڕی گەرمی نێوان سیاسی و ئەکادیمییەکان پرسی کارامەیی و کاردانەوەی وڵاتان بووە بەپێی جۆری سیستەمه‌ سیاسییەکان لە بەرامبەر کۆرۆنا. بەم واتایەکە کاردانەوەی دەوڵەتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بەپێی سیستەمە دیموکراسییە ڕۆژاوایییەکان و سیستەمە نادیموکراسییە ڕۆژهەڵاتییەکان، بەتایبەتی لە چین، بووە جێگەی ناکۆکیی نێوان سیاسییەکان و ئەکادیمییەکان لەسەر بنەمای ئەو پرسیارەی کە ئایا کامە سیستەم باشتر دەتوانێت کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکات؟ هەروەها ئایا کارامەییی حکوومەتەکان پەیوەندیی بە سیستەمە سیاسییەکەیانەوە هەیە؟ بەتایبەتی ئەو بۆچوونە هاتە ئاراوە کە وڵاتە داخراوەکان (بەتایبەتی چین) بەهۆی جۆری سیستەمەکەیانەوە باشتر دەتوانن توانا و وزە و هێزیان بخەنە گەڕ و لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی هەموو ئامراز و میکانیزمە ماددی و مرۆیییه‌كان و بەتایبەتی سنووردارکردنی ئازادییە تاکه‌كه‌سی و مەدەنییەکان بەسەر ئەو نەخۆشییەدا زاڵ بن.

لە بەرمبەردا لایەنگرانی کارامەبوونی سیستەمە داخراو و نادیموکراسییەکان ڕەخنەیان لە سیستەمە دیموکراسییە ڕۆژاوایییەکان دەگرت کە بەهۆی بوونی چەندین کۆتوبەندی یاسایی و کەلتووری و سیاسی، نەیانتوانیوە وەکوو پێویست ڕووبەڕووی کۆرۆنا ببنەوە و توانا و دەسەڵاتی خۆیان بەکار بێنن بۆ کەره‌نتینکردن و سنووردارکردنی جووڵە و دانانی سنوور لەسەر ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا ئەم مشتومڕە هەر بەردەوامە و پرسیار لەسەر ئاستی کارامەییی سیستەمە دیموکراسییەکان بەهۆی هەڵوێست و کاردانەوەی نەگونجاو و لەسەرەخۆ و تەنانەت شۆکبوونیان لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکە دروست کراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی زانیاریی دروست و باوەرپێکراوەوە سیستەمە داخراوەکان وەکوو چین نەتواندراوە ڕاستیی بۆچوونی لایەنگرانی کارامەییی سیستەمە نادیموکراسییەکانیش بسەلمێندرێت.

لە لایەکی تریشەوە بەهۆی درێژەکێشانی پەتای کۆڤید-١٩ لە خودی سیستەمە دیموکراسییەکانیش چەندین بەربەست و سنوور، کە پێشووتر وەکوو هێڵی سوور لەسەر ئازادی و مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان دەبینرا، دانرا. ئەوەیش ببووە هۆی ئەوەی کە بگوترێت کە ڕێسا و ڕێوشوێنەکانی وڵاتانی نادیموکراسی لە بەرامبەر قەیرانەکان کارامەترن، بۆیە وڵاتانی تریش ناچارن ئەو ڕێسا و ڕێوشوێنانە پیادە و پەیڕەو بکەن. بەڵام شاردنەوەی ڕاستییەکان و زانیارییەکان لە چین و وڵاتانی داخراو وای کردووە کە، ئەم ئەرگیۆمێنتە جێگەی دڵنیایی و پشتڕاستکراو نەبێت و بۆیە ئەم مشتومڕەیش جارێ هەر بەردەوام بێت.

ئاسایش و نا-ئاسایشی لە سەردەمی نیۆ-کلاسیکی کۆرۆنا

ئەو پرسەی کە جێگەی لێوردبوونەوە، شیاوی هەڵوەستەلەسەرکردن و بابەتی سەرنجپێدانە ئەوەیە کە؛ ڕاستە سیستەمە داخراو و نادیموکراسییەکان بەهۆی کۆنترۆڵی هەموو کایەکانی ژیان و گوێپێنەدان بە ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە کاتی قەیراندا بەخێرایی کاردانەوەیان هەبێت، بەڵام مەرج نییە ئەمە لە کۆتاییدا ئاستی کارامەیییان بەرز بکاتەوە؛ ئەمەیش بە هۆکارێکی زۆر سادە، کە ئەویش بریتییە لە "وه‌ڵامدەرنەبوون" یاخود نەبوونی شەفافییەت و وه‌ڵامدەرایەتی لە هەمبەر هاووڵاتیان و پێشێلکردنی بنەماکانی ئازادی و مافی مرۆڤ. چونکە لە سیستەمە داخراوەکاندا هەموو پرسەکان بەئاسایشی دەکرێت، لە کاتێکدا لە سیستەمە کراوە و دیموکراسییەکاندا هەوڵی نا-ئاسایشیکردنی پرسەکان دەدرێت و قەیرانەکە وەکوو خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و تەنانەت ئاسەوار و لێکەوتەکانیشی بەهۆی بوونی میدیای ئازاد و ناچاربوونی حکوومەت بۆ وه‌ڵامدانەوە و بەرپرسیارێتی لە بەردەم هاووڵاتیان وەکوو خۆی دەخریتە ڕوو.

هەروەها کارامەییی حکوومەتەکان لە سیستەمە دیموکراسییەکان بەپێی هەمان پێوەری وڵاتە داخراوەکان ناپێورێت و هەڵناسەنگێندرێت. ئەزموونی کەمتر لە یەک ساڵی ڕابردوو لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەوەی دەرخستووە کە لە کاتێکدا لە وڵاتە نادیموکراسییەکان تاکەکان بەهۆی زەبروزەنگ ناچار بە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێوشوێنەکان دەکرێن، لە وڵاتە دیموکراسییەکان وشیاریی هاووڵاتیان و بەرپرسیاربوون و وه‌ڵامدەرایەتیی حکوومەت لە هەمبەر تاک و کۆمەڵگە وا دەکات کە، تاکەکان باشتر و بە ڕەزامەندیی زیاترەوە پابەندی یاسا، ڕێوشوێن و بڕیارەکانی حکوومەتەکان ببن؛ ئەمەیش بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر بەرزی سەرمایەی سیاسی و  سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی داخراو و دیکتاتۆری. بۆیە ڕێوشوێن و میکانیزمە توندەکان ناتوانن جێگەی فاکتەری "متمانە" لە نێوان هاووڵاتی و حکوومەت پڕ بکەنەوە.

ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی نیۆ-کلاسیکی کۆرۆنا

سەرەڕای ئەو مشتومڕە، ڕەهەندێکی تری سیاسیی کۆڤید-١٩کە لێکەوتەکانی هاوتەریب لەگەڵ گفتوگۆی لایەنگرانی بەجیهانیببون و ناسیۆنالیزم دەبینرێت و تەنانەت بۆتە جێگەی نیگەرانی لە وڵاتانی دیموکراسی، پرسی ئازادی و مافەکانی مرۆڤە بەهۆی بەهێزبوون و گەورەتربوونی حکوومەت و دەوڵەتان، بە بەروارد بە ڕابردوو بە پاساوی کۆنترۆڵی کۆرۆنا و بەرەنگاربوونەوەی ئاسەوارە ئابووری و تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی. ئەمەیش لە نێوه‌ندی زیاتربوونی کۆنترۆڵی حکوومەت بەسەر ئەو بوار و کایانەی کە پێشووتر لەو وڵاتانە بەتوندی لەلایەن تاک و گرووپەکانەوە و بەتایبەتی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەرگری و پارێزگاریی لێ دەکرا. باشترین نموونەیش بەکارهێنانی ئامێر و ئامرازەکانی تەکنەلۆژیایە بۆ کۆنترۆڵکردنی جووڵە و چاودێریی تەندروستیی تاکەکان و وەرگرتنی زانیارییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە. بۆیە لە ئێستادا لە لایەک دەستێوەردانی دەوڵەت لە ڕووی ئابوورییه‌وه‌، هەرچەندە وەکوو پاڵپشتیکەر و، لە لایەکی ترەوە بەرفراوانبوونی دەستێوەردانەکانی لە بواری ئازادییەکان بۆتە جێگەی ناڕەزایەتی و نیگەرانی لە کۆمەڵگە پێشکەوتوو و دیموکراسییەکاندا.

بەپێی توێژینەوەیەك کە لە ڕێكەوتی 29-4-2020 لەلایەن "دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی برتلسمان[2]" (Bertelsmann) بڵاو بووەتەوە، دیموکراسی لە به‌ڕازیل، هیندستان و هەنگاریا لاواز بووە و دەسەڵاتی خەڵک کەمی کردووە. بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ١٣٧ وڵاتی جیهان کراوە، ئەوڕۆ ڕێژەی دیموکراسی ٥٤ لەسەدە؛ واتە سێ لەسەد کەمتر لە ساڵی ٢٠١٠. بەپێی پێوەرەکانی دامەزراوەی برتلسمان، ٧٤ وڵات بە شێوەی دیموکراتیک و ٦٣ وڵات بە شێوەی نادیموکراتیک بەڕێوە دەبردرێن. هەروەها لە ٦٠ وڵات کە دیموکراسییەکەیان بەهێز نییە، ئازادییە مەدەنییەکان بە جیاوازی لەگەڵ دەیەی پێشوو کەمیان کردووە؛ بەتایبەت لە ئاسیا و ئەفریقا سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لەسەر دوو کۆڵەکەی هەژاری و بێبەشی، دەبنە هۆی زیاتربوونی نایەکسانی و نادادپەروەری. لە دەیەی ڕابردوودا لە ٦٠ وڵات توندوتیژی زیادی کردووە و، لە ٥٨ وڵات ئازادیی کۆبوونەوە لاواز بووە. لە نیوەی ئەو وڵاتانەی توێژینەوەیان لەسەر کراوە، ئازادیی چاپەمەنی یاخود بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین کەم بووەتەوە. خاڵی مەترسیدار ئەوەیە کە ئەمە نەك تەنیا تایبەت نییە بە وڵاتانی دواکەوتوو و پەرەنەسەندوو، بەڵکوو لەو وڵاتانەی لە دڵی ئەوروپادان، وەکوو هەنگاریا و پۆلۆنیا، ئازادییە دیموکراتیکەکان لە مەترسیدان. حکوومەتە دەسەڵاتخوازە ڕەهاکان بە بنەماگرتنی ناسیۆنالیزم و ئاسایشی نەتەوەیی، هاوکات دامەزراوەکانی دیموکراسی لاواز دەکەن و لە لایەکی دیکەوه‌ نایەکسانی و لێکترازانە ئابوورییەکان قووڵتر دەکەنەوە.

 بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئاراستە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە زۆربەی وڵاتان، بوونە هۆی بەهێزبوونی قەوارەی دیکتاتۆری؛ بۆ وێنە ناسیۆنالیزمی هیندۆسی لە هیندستان، پۆپۆلیزمی ڕاستگەڕا لە بەڕازیل و گەورەبوونەوەی زۆردارانەی دەوڵەتی لە هەنگاریا، کە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایشە. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە لە حکوومەتی تورکیا گیراوە کە بەردەوامە لە گوشار بۆ سەر میدیاکان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیان. هێندێک لە دەوڵەتان هەوڵ دەدەن بونیاد و پێکهاتەی دیموکراتیک و مافە مەدەنییەکانی خەڵک بەرتەسک بکەنەوە و بە بڕوای پسپۆڕانی دامەزراوەی برتلسمان، ئەو ڕەوشە لە هەنگاریا زاڵترە و دەوڵەت بە بیانووی کۆڕۆنا ڕەوتێکی مەترسیداری بە بەرتەسککردنەوەی ئازادییە مەدەنییەکان دەست پێ کردووە. لە لایەکی دیکە ڕاپۆرتەکە باس لە ڕەوتی ڕووبەگەشەی دیموکراسی و مافە مەدەنییەکان لە هەندێک وڵات دەکات؛ هەرچەندە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئەتیۆپیا، جەزاییر و سوودان هیوای خەڵکی بە سیستەمی دیموکراتیک بەهێز کردووە.

بەم پێیە پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە، ئایا ئەو ڕێوشوێن و کۆنترۆڵ و سنووردارکردنانە تەنیا وەکوو ڕێوشوێن و میکانیزمێکی کاتی بۆ سەردەمی قەیران دەمینێتەوە یاخود حکوومەت و دەوڵەتان جارێکی تر لەو پێگەیەی ئێستایان، کە بەناچاری لەلایەن تاکەکانەوە قبووڵ کراوە، پاشەکشە ناکەن؟ ئەمەیش مەترسیی ئەوەی دروست کردووە کە بە پاساوی دۆخی قەیراناوی و هەڕەشەکانی لەم جۆرە لە داهاتوودا و بەردەستبوونی سەرچاوەکانی هێزی پابەندکەر لەلایەن دەوڵەتان، جارێکی تر بیانەوێت پاساوی یاسایی-سیاسی و تەندروستی و ئابووری بۆ ئەم ڕەفتار و سیاسەتانەیان بهێننەوە، کە ئەمەیش بە پاشەکشەی سیستەمە دیموکراسییەکان لە بەها و پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانیان کۆتاییی پێ بێت.

تەنانەت گفتوگۆکردن بۆ فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی دەوڵەتان بە بیانووی بەرنگاربوونەوەی قەیرانەکان وای کردووە کە، ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری بدەن سەبارەت بە بەرتەسکبوونەوەی ئازادییە بنەڕەتییەکانی تاکەکان و پێشێلکردنی ئازادی و مافە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانی تاک و گرووپەکان و سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە نادادپەروەری لەنێو دەوڵەتانی دیموکراسی و خراپتربوونی دۆخی مرۆیی و ئازادییەکان لە وڵاتانی نادیموکراسی. لێرەوەیە کە دۆخی ژنان و پەنابەران و گرووپە ناسنامەیییە پەراوێزخراوەکان و کەمینە ئایینی و نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان، دووبارە لە بەردەم هەڕەشەیەکی جددیدایە، بەڵام هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگەکان لە وڵاته‌ کراوە و دیموکراسییەکان بۆ پارێزگاریکردن لە بەها دیموکراسییه‌كان و ماف و ئازادییه‌ مرۆیییەکان وا دەکات کە، ئەم پرسە بەگەرمی مشتومڕی لەسەر بکرێت؛ هەرچەندە ئەزموونی ئەم ماوەیە سەلماندوویەتی کە ئەم ماف و ئازادییانە لە بەردەم هەڕەشەیه‌کی ڕاستەقینەدان و تەکنەلۆژیایش ڕۆڵی سەرەکی لەم نێوەندەدا دەگێڕێت و دەوڵەتانیش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگە دەدەن بە پاسای تەندروستیی تاک و کۆمەڵگە، بەڵام بە ئامراز و میکانیزمی مۆدێرن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تەنانەت سوودوەرگرتن لە ترس و بێچارەییی مرۆڤ لە بەردەم نەخۆشییە کوشندەکان و پێویستیی تاک بە پاڵپشتیی دارایی و ئابووری و بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی خودی تاکەکان!

هەر لەم سۆنگەیەوە پرسیارێکی تری جەوهەری و جددی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەکان کراوەتەوە و هاوتەریبە لەگەڵ مشتومڕی ناسیۆنالیزم و بەجیهانیببون لە لایەک و ململانێی سیستەمی دیکتاتۆرییەت و دیموکراسی لە سەردەمی نیۆ-کلاسیکی کۆڤید-١٩ لە لایەکی ترەوە، ئەوەیە کە ئایا کۆمپانیا گەورە سەروونەتەوەیی و فرەڕەگەزەکان ئەگەر بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوخۆی وڵاتان، ئایا نابنە لۆبییەکی بەهێز بۆ داڕشتنی سیاسەت لە بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان و بە زیانی بەرژەوەندیی گشتی یاخود بە دیوێکی تردا، ئەو کۆمپانیانە نابنە مەترسییەک بۆ سەر ماف و ئازادی و ئاسایشی مرۆییی تاکەکان لە ڕێگەی کۆنترۆڵی بەردەوامی زانیارییەکان و پاشان ئاڵوگۆڕ و پێدانیان بە دەوڵەت و بەپێچەوانەوە؟ هەوڵ دەدەین وه‌ڵامی ئەم پرسیارە لە نووسینەکانی داهاتوودا لە چوارچێوەی وتارێک بە ناونیشانی "ئاسایش و کۆرۆنا" بدەینەوە.

کۆبەند

کۆرۆنا جگە لەوەی کاریگەریی قووڵی لەسەر بواری تەندروستیی تاک و کۆمەڵگەکان داناوە و جۆرێک لە ڕاچڵەکانی سەبارەت بە سیستەمی تەندروستی و پەیوەندیی مرۆڤ و ژینگە دروست کردووە، لە هەمان کاتیشدا کاریگەریی قووڵی لەسەر پرس و بابەتە سیاسییەکان هێناوەتە ئاراوە. لەم نێوەندەیشدا سیاسەتی ناوخۆیی لە بوار و پرسەکانی تایبەت بە سیاسەتی ئابووری و داهاتووی کۆمپانیاکان و سیاسەت و سیستەمی تەندروستی و سیستەمی پەروەردە لە چوارچێوەی مشتومڕی نێوان کارامەییی سیستەمەکانی دیموکراسی و دیکتاتۆرییەت لە لایەک و، پرس و بوارەکانی سیستەم و سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەجیهانیبوون لە بەرامبەر ناسیۆنالیزم و بەهێزبوونەوەی دەوڵەت-نەتەوەکان لە لایەکی ترەوە هێناوەتە ئاراوە.

 هەرچەندە هێشتا زووه‌ باس لە هەموو ئەو ڕەهەند و بوارانە کە ئاڵوگۆڕیان تێدا دەکرێت و ئاراستە و ئاسۆی گۆڕانکارییەکان بکرێت کە ئایا جێگیر و بەردەوام دەبن یاخود کاتی و سنووردار دەبن، بەڵام پێدەچێت ئاسۆی دەرکەوتنی پارادایم و چەشنێکی تایبەت لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە و نێوان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بێتە کایەوە کە من حەز دەکەم بە سیستەمێکی جیهانیی کلاسیکی نوێ یاخود "نیۆ-کلاسیک" لە ململانێ و پەیوەندیی نێوان بەجیهانیبوون و ناسیۆنالیزمدا، پێناسە و ناولێنانی بۆ بکەم. بەم واتایە کە هەڵگری هەردوو ڕەگەز و بنەماکانی ناوخۆیی و دەرەکی یاخود دەوڵەتگەری و سەروونەتەوەگەری یاخود بەجیهانیبوون و ناسیۆنالیزم بێت. لە لایەکی تریشەوە لەوانەیە لەم سەردەمەدا بینەری دروستبوون یاخود پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تێکهەڵکێش بین لە دەوڵەتاندا لە نێوان بنەما و ڕەهەندەکانی دەسەڵاتخوازی یاخود دیکتاتۆرییەت لە پاڵ و لەگەڵ دیموکراسی و شەفافییەت و وه‌ڵامدەرایەتی و... .

 

[1] - Stephen M. Walt(2020), The Realist’s Guide to the Coronavirus Outbreak, foreign policy: March 9, 2020.

<https://foreignpolicy.com/2020/03/09/coronavirus-economy-globalization-virus-icu-realism/>. Last visited: 1-4-2020.

[2] -Bertelsmann :Available at:  <https://www.bti-project.org/en/atlas.html>. Last visited: 1-5-2020.