لە پەراوێزی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران

 

(ئایا هیچ پێداچوونەوەیەک هەیە بە سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان؟)

 

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

ئێران لە پێشی هەموو ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، پێوەندیی بەردەوامی لەگەڵ کوردی عێراقدا هەبووە. بە هەمان شێوە، پێوەندی و هەماهەنگیی سیاسیی کوردانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ باشوور (هەرێم) باکگراوندێکی مێژووییی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی یەکەم قەوارەی کوردی لە ساڵی ١٩٤٦ کە بە "کۆماری کوردستان لە مهاباد" ناسراوە. لە کاتی جه‌نگی داعش (٢٠١٤) و بەڕێوچوونی "ڕیفراندۆم"یش (٢٠١٧)، ئەو پێوەندی و هەماهەنگییە نەتەوەیییە گەیشتە لووتکە. پێوەندیی ئێران لەگەڵ بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە عێراق، مێژوویه‌کی درێژتری هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٢؛ کاتێک "محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی" پاڵپشتیی بەرهەڵستکارانی کوردی کرد دژی دەوڵەتی عێراقی. بە جۆرێک کە پاڵپشتیی داراییی ساڵانەی ئێران لە ساڵی ١٩٧٥ لە خەرجی چەک و تەقەمەنی گەیشتە ٧٥ ملیۆن دۆلار. لە دەسپێکی جەنگی عێراق – ئێران، واتا ساڵانی هەشتاکانیش ئەو پاڵپشتییە هەر بەردەوام بوو. ئەمە جگە لەوەی کە پێشووتریش لە سەردەمی شای ئێران و سەرەتای دروستبوونی عێراقیش، شای ئێران کوردی عێراقی دژی "مەلیک فەیسەل"، هەروەها دژی "عبدولکەریم قاسم"یش بەکار هێناوە.

ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ لە نێوان "سەددام حوسێن" (جێگری سەرۆککۆماری ئەوسای عێراق) و "محەمەد ڕەزا پەهلەوی"، شای ئێران، لە جەزائیر مۆر کرا. ڕاستییەکەی بەشێکی زۆری، پێوەندیی بە دامرکاندنەوەی شۆڕشی کورد هەبوو دژی ڕژێمی ئەوسای عێراق. لە کاتی جەنگی کوێت و ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١، دواتریش دروستبوونی حکوومەتی هەرێم، ئێران بەبەردەوامی ڕۆڵی هەبوو لە ئاڕاستەکردنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. لە کاتی شەڕی ناوخۆی نێوان "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"یش (١٩٩٤-١٩٩٨)، ئێران دیسان دەستێکی باڵای هەبوو لە بەردەوامیدان بە جه‌نگ و لایەنگیریکردنی لایەنیک لەسەر حسابی لایەنەکەی تر.

بنەمای پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان

 لە دوای ٢٠٠٣وە، واتا پڕۆسەی " ئازادکردنی عێراق/ داگیرکردنی عێراق"، ئێران یەکەم وڵات بوو کە بەفەرمی نوێنەرایەتیی خۆی لە فۆرمی کۆنسوڵگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان کردەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەو پاڵنەرانە چین کە لەلایەن ئێرانەوە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ڕەچاو دەکرێن؟ پێوەندیی تاران و هەولێر فاکتەری ئاسایش، بەتایبەتیش پرسی کورد لە لایەک و  پێوەندیی کورد و وڵاتانی تر ئاراستەیان دەکات. هەڵبەتە ئەمە بە مانای نكۆڵیكردن لە فاكتەری ئابووری و کەلتووری نایەت، بەڵكوو بەو مانایە دێت كە وێنە گەورەكەی ئەم پێوەندییانە كۆمەڵێك فاكتەری ترن كە بەتەواوی ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی پرسی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمی - Regional Security Complex، بۆیە سروشتی كێشەكانی هەرێم و ئێرانیش، هەروەها بەربەستی بەردەم پێوەندییەکانی هەردوولایش لە بوارەکانی ئاسایش، بەتایبەتیش ئاسایشی هەرێمی ڕوو دەدەن نەک لەسەر ئاستی ئابووری؛ بۆ نموونە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، هەروەها ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧.

ئەو فاکتەرانەی کە فۆڕمی پێوەندیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاری دەکەن، زیاتر پرسە سیاسییەکانی وابەستە بە بواری ئاسایشی جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکەن، تا پرسەکانی تری وەک ئابووری و ئایدۆلۆژیا کە ئێران بەگشتی لە ناوچەکەدا وەک هێزی نەرم لە وڵاتانی شیعەمەزهەب و ئیسلامیدا بەکاریان دێنێت. بە دیوێکی تردا دەتوانین بڵێین کە ئێران بە فۆڕمی جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەر یەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکات، نەک تاکفۆڕمێكی سیاسەتی دەرەوە ( one Iraq Policy)، بەڵکوو تاران سیاسەتێکی تایبەتی هەیە بەرامبەر هەرێم کە، پەیوەستە بە ڕەهەندی جیۆپۆلۆتیکی و پاراستنی ئاسایشی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ بە جۆرێک کە هەرێم نەبێتە کێشە و پەناگەیەک بۆ کۆکردنەوەی بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا. پرسی کوردیش سەنتەری ئەو ڕەهەندە جیۆپۆلۆتیکەیە، چونکە هەرێمی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوردانی ئێران (ڕۆژهەڵات) هەیە؛ ئەمەیش وای کردووە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگتر بێت لە بەشەکانی تری کوردستان (بۆ نموونە، باکوور و ڕۆژاڤا)، کە ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەیان نییە لەسەر پرسی کورد لە ئێران.

فاکتەری دووەم کە پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئاڕاستە دەکات، بریتییە لە عێراقی دوای ٢٠٠٣، وەک دووەم وڵاتی شیعەمەزهەب لە ناوچەکەدا کە لە دوای ٢٠٠٣وە بەشێکی زۆر گرنگە لە ستراتیژییەتی ئاسایشی ڕژێمی ئێران؛ بۆیە ئێران تا بۆی دەکرێت ڕێگە نادات هەرێمی کوردستان مەترسی لەسەر دەوڵەتی شیعەی حوکمڕانی عێراق دروست بکات. کاردانەوەی ئێران بەرامبەر ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٥/٩/٢٠١٧ تا ئاستی بەکارهێنانی هێز لە دژی هەرێمی کوردستان، دەربڕی ئەو ڕوانگەیەن.

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران

سەرەتا پێویستە لەوە تێ بگەین کە هەڵبژاردنی "ئیبڕاهیم ڕەئیسی" لە ١٩ تەمووزی ٢٠٢١ تەنیا هەڵبژاردن و هاتنی سەرۆکێکی نوێ نییە بۆ "خامنەیی" و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لە هەمان کاتدا خاڵێکی ڕاگوزەرە لە سیستەمی سیاسی و سەرەتای قۆناغێکی نوێیه‌ لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، کە "ئایەتوڵڵا خومەینی"ی هێنایە سەر تەختی حوکمڕانی؛ دواتریش دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامی (Islamic government)ی لێ کەوتەوە. وەک هاوکار و کەسایەتیی نزیک لە خامنەیی، "مەهدی تەیب" دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە جۆرێکە لە "پاکكردنەوەی شۆڕشی ئیسلامی - purification of the Islamic Revolution؛ ئەو هەنگاوە لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی ده‌ستوور (Guardian Council) ه‌وه‌ دیزاین کراوە؛ واتا ئەو ئەنجومەنەیە کە ئەندامەکانی لەلایەن ڕابەر ئایەتوڵڵا خامنەیی دادەندرێن بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی توانای سیاسی و ئایینی و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار. بەپێی پێوەرەکانی ئەو ئەنجومەنە، تەنیا ڕەئیسی دەتوانێت ببێتە ئەو سەرۆکەی کە حکوومەتێکی ڕاستەقینەی ئیسلامی دابمەزرێنێت کە جێگەی ڕەزامەندیی خامنەیی بێت. هەر بۆیە بەشێک لە نوخبەی ناو ڕژێمی ئێرانیش ناویان لەو هەڵبژاردنە نا، "دانان" و "دیاریکردن" (تعیین) نەک هەڵبژاردن؛ هەروەها بەئاشکرا ئاماژەیان بەوە دا کە، ئەمە قۆناغێکی ڕاگوزەرە لە کۆماری ئیسلامی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی. هەڵبەتە ئەمەیش وەک ئامادەکاری و ڕێخۆشکردنێک بۆ گەڕانەوەی "ئیمامی مەهدی" کە لە ساڵی ١٩٩٠ ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە پێنج قۆناغی گرنگی شۆڕشی دیاری کرد کە بریتین لە: شۆڕشی ئیسلامی، ڕژێمی ئیسلامی (Islamic  regime)، حکوومەتی ئیسلامی و کۆمەڵگەی ئیسلامی، دواتریش جیهان (شارستانییه‌ت)ی ئیسلامی.

لە ڕوانگەی خامنەیی و هاوپەیمانە نزیکەکانییەوە، ئێران تا ئێستا تەنیا دوو قۆناغی شۆڕشی بڕیوە و لە قۆناغی سێیەمدا ماوەتەوە کە، بریتییە لە دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامی. هاتنی ڕەئیسی بۆ سەر تەختی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی، هەنگاوێکە بەو ئاڕاستەیەدا. ئەمە پێمان دەڵیت کە بونیادی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت و سیاسەتی ئێران، بە قۆناغێکی نوێدا تێ دەپەڕێت. لە کۆبوونەوەی "نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئیبڕاهیم ڕەئیسیدا، هەندێک ئاماژە بەو ئاڕاستەیەدا هەبوون، بەتایبەت کە ڕەئیسی گوتی: "ئێمە لەمەودوا گرنگیی زیاتر بە سیاسەتی ناوچەیی دەدەین." ڕاستییەکەی، ئێران لەژێر کۆمەڵێک گوشارە لە ناوخۆ کە دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵک لەوپەڕی سەختیدایە؛ دۆخی خراپی تەندروستی و پەتای کۆرۆنایش ئەوەندەی تر بۆتە کێشە لە بەردەم بژێوی خەڵک و دۆخی ئابووری.

 

هه‌ينى 2021/8/6، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئيبراهيم ڕه‌ئيسى، سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران  

سەرۆکی ئێران بۆ هەر هەنگاوێکی ئەو پلانانەی کە دەیەوێت جێبەجێی بکات، پێویستە سەرەتا دۆخی ناوخۆی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە باشتر بکات؛ ئەمە هەنگاوێکی سەرەتایییە بەرەو بنیاتنانی ڕەوایەتی لە ناوخۆدا. لە ئاستی دەرەوەیشدا دیسان ئێران لە دۆخێکی باشدا نییە؛ دۆخی لوبنان، حزبوڵڵا، حەماس و عێراقیش لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە. میلیشیاکانی عێراق دوای کوژرانی "ئەبو مەهدی موهەندس" و "قاسم سولەیمانی" ڕووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵ بوونەتەوە تا ئاستی ناکۆکی لەگەڵ یەکتر؛ ئەمە جگە لەوەی کە هەموو لایەنە شیعەکان لەسەر دۆخی عێراق و دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا کۆک نین؛ بەتایبەت لەسەر ئاستی جەماوەری ڕۆژ بە ڕۆژ متمانەی دانیشتووانی شیعە بە ئێران لە دابەزیندایە. بینیمان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی تشرین، چۆن خەڵکی پارێزگا شیعەکان دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە"یان بەرز کردەوە؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو لە شارەکانی نەجەف، کەربەلا و بەسرەیش هەڵیان کوتایە سەر باڵیۆزخانەکانی ئێران و سووتاندیان. بە پشتبەستن بە چەند ڕاپرسییەکی باوەڕپێکراو کە "دەزگه‌ی گالوپ" ئەنجامی داوە، "نوخبەی سیاسی- ئایینی" لە عێراقدا ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی سیاسی و ئایینییان لە دابەزیندایە. بەپێی نویترین ڕاپرسیی ساڵی ٢٠٢١، تەنیا ٣٨٪ خەڵک لە عێراق متمانەیان بە دامەزراوە ئایینییەکان ماوە. ئێستا ٩٠٪ی عێراقییەکان دەیانەوێت ئەو فۆڕمە تائیفییەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا عێراقی لەسەر دامەزراوە، نەمێنێت. ئەمە گوزارشت لەوە دەکات کە متمانەکردن بە ئێران لەسەر ئاستی جەماوەری لەوپەڕی دابەزیندایە؛ ئەوەی هەیە سەرکردە سیاسییە ئایینییەکانن کە لە ئێران نزیکن. ئەم پێشهاتانە گشتیان جێگەی سەرنجن و ئێران بەباشی دەرکیان پێ دەکات.

سەرەڕای ئەو لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە هەڵەیەک کراوە لە دانانی ئاڵای هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکی هەرێم، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو پێشوازییەی کە ئێران لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد، تا ئێستا لە هیچ سەرکردەیەکی کورد نەکراوە؛ بۆیە نابێت تەنیا لە دانان یان دانەنانی ئاڵادا کورت بکرێتەوە. ئێرانییەکان باش دەزانن کە هەرێمی کوردستان بۆتە کیانێکی سیاسیی دیفاکتۆ لە عێراقدا؛ لە ئاستی باڵادا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بۆیە باشترە ئێران دۆستایەتیی بکات نەک دژایەتی، چونکە هەرێمی کوردستان تەنیا گوزارشت لە کوردی باشوور ناکات، بەڵکوو گوزارشت لە پرسی کورد دەکات کە نوێنەرایەتیی نزیکەی ٤٠ ملیۆن کورد لە ناوچەکەدا دەکات. خاڵێکی تر ئەوەیە کە هەم ئێران و هەمیش تورکیا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە پەیوەندیی باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بنەمایەکە بۆ پەیوەندیی باش لەگەڵ کوردی ئێران و بەشەکانی تری کوردستانیش. دواتر نابێت لەبیرمان بچێت کە ئێران ئەزموونێکی دوورودرێژی هەیە لە پاڵپشتیکردن و بەکارهێنانی کارتی کورد لە دژی حکوومەتی بەعس، بۆیە نایەوێت پەیوەندیی خراپی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت، چونکە ئەمە هەرێمی کوردستان ناچار دەکات بۆ دابینکردنی ئاسایش بە دوای پاڵپشتیی دەرەکیدا بگەڕێت. ئەم پاڵپشتییەیش لای ئەو هێزانەیە کە نەیاری ئێرانن؛ ئه‌وجا چ ئەمریکا بێت، یان وڵاتانی کەنداو یانیش تورکیا؛ ئەمە ئەم وڵاتانەن کە هەرێم لە کاتی تەنگانەدا ناچارە لێیان نزیک بێتەوە. ئەمە هیچی لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە. بێجگە لەوەی کە ئێران دەیەوێت لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێم نەبێتە ئەلتەرناتیڤێک بۆ جێگیرکردنی بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان لەژێر ناوی ناتۆدا. چونکە پێشنیارێک هەیە کە دوای کشانەوەی ئەمریکا بەشێک لە ‌‌هێزەکانی ناتۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێن؛ ئەمریکییەکان خۆیشیان بیرۆکەیەکی وەهایان هەبووە. مانگی ٣ی  ئه‌مساڵ "یەنس ستولتبریگ"، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی ڕای گەیاند، ژمارەی ڕاهێنەر و ڕاوێژكارە سەربازییەكان لە عێراقدا هەشت بەرامبەر (لە 500 بۆ 4000) زیاد دەكەن و، كاری ئەم ڕاهێنەر و ڕاوێژكارانەیش لە دەرەوەی بەغدا دەبێت، لەو بنكە سەربازییانەی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆریستانی داعش دەبن كە یەكێكیان لە عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبارە و  ئەوی دیكەشیان لە هەولێرە. ئەمەیش جێگه‌ی مەترسییە بۆ ئێران؛ کەنارگیرکردنی هەرێم هەرگیز لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە.

پرسێکی تر کە جێگەی نیگەرانیی ئێرانییەکانە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بریتییە لە مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی تووڕەیی و ناڕەزاییی سوننەکان لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، لەبەر ئەوەی تا ئێستا بەشێكی ئەو ناوچانەی سوننەنشینن لە پارێزگاکانی ئەنبار، مووسڵ، دیالە و چەندان شوێنی تر کە لە دەستی داعش رزگار کراون و هێزەکانی حەشدی شەعبی لێ نیشتەجێ کراون؛ ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان خەڵکی ئەو شوێنانە و ئەو گرووپانە. دووەم، لەبەر بوونی ئەمریکا لە عێراق تا ئێستا وڵاتانی وەک ئیمارات، سعوودیا و ئوردن خۆیان لە دەستوەردان لە دۆخی ناوخۆی عێراق پاراستووە، بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا ئەم وڵاتانەیش بێدەنگ نابن و دەستوەردانی زۆرتر دەکەن لە ڕێگەی بەشێک لە سیاسییە سوننەکان لە لایەک، هەروەها لە ڕێگەی سەرکردەی خێڵە سوننییەکان لە لایەکی ترەوە. ئەمەی لەو دۆخە ناسەقامگیرەیشدا سوود دەبینێت، گرووپە چەکدارەکانی داعشن کە بە ئەگەری زۆرەوه‌ دیسان گەشە ده‌کەنەوە. ئەمە مەترسییەکی گەورە بۆ ستراتیژ و ئاییندەی هەژموونی ئێران لە عێراقدا دروست دەکات. ئێران دەیەوێت بە پێداچوونەوە بە سیاسەتیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو بەستەڵەکە بتوێنێتەوە کە لە کاتی ڕیفراندۆم لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا دروست بووە. ئێران هەردەم پەرۆشی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان نه‌بێته‌ بەشێک لە پرۆژە و گوشاری وڵاتانی کەنداو و سوننەکانی عێراق بۆ لاوازکردنی حکوومەتی زۆرینەی شیعەی عێراق.

هه‌ينى 2021/8/6، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د باقر قاليباف سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شووراى ئيسلاميى ئێران 

ئێران ئەمەی لەبەر چاوە کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای گوشاری ئەمریکا و جاری وایە هەندێک لە هێزە هەرێمییەکانیش، بەڵام تا ئێستا نەبۆتە بەشێک لە هێچ پرۆژەیەک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. کرانەوەی ئەم جارەی ئێران بەڕووی هەرێمی کوردستان، دەکرێت سەرەتای پێداچوونەوەیەک بێت بە سیاسەتی هەرێمیی ئێران لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لەگەڵ ئەو هێزانەی کە دەکرێت دۆستی ئێران بن. ئێستا هەم لە ئێران و هەمیش لە هەرێمی کوردستان ئەو دەرفەتە هاتۆتە پێش. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە تێگەیشتنی زۆر باشی هەیە لە دۆخی هەرێمی کوردستان و پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان هێزە هەرێمییەکاندا. ئەمە جگە لەوەی کە نێچیرڤان بارزانی ئێستا کاراکتەرێکی بە‌هێزی داڕشتنی سیاسەتی کوردییە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت دوای وازهێنانی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها نەمانی مام جەلال و لاوازبوونی یەکێتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا. ئێرانییەکان دەیانەوێت ئەو ساردییەی کە لە کاتی ڕیفراندۆم لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بوو، ڕاستی بکەنەوە و لاپەڕەیەکی تر لە پەیوەندییەکانیان هەڵدەنەوە، بەتایبەت کە ئێستا هەم سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و هەم سەرۆکێکی نوێیش بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. ئێرانییەکان لە ڕاستیدا ڕوانگەیەکی فراوانتریان هەیە بۆ سیاسەتکردن لە ناوچەکەدا کە تەنیا لە چوارچێوەی "هیلالی شیعی" و کارتی میلیشیاکاندا ناوەستێت. ئەو پێشوازییەی کە لە نێچیروان بارزانی کرا، پەیامێک دەبێت بۆ ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی کەنداویش کە ئەگەر ئێران بیەوێت لە هەرێمی کوردستان نزیک بێتەوە، باشتر لە نەیارەکانی دەتوانێت ئەم یارییە بکات.  

دەرەنجام

هاتنی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ سەر دەسەڵات، سەرەتای قۆناغێکی ترە لە سیاسەت و بەردەوامیی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران. ئێران دەیەوێت پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتی هەرێمیدا بكات، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بواری ئەوەیان تێدا هەیە ببنە دۆستی ئێران و نزیکایەتیی ئایینی و کەلتووری و جیۆپۆلۆتیکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە؛ هەر لەم سۆنگەیەیشەوە دەڕواننە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، دەرگه‌ی باشتر بەسەر گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە و دەتوانێت ئەو ساردییانەی کە لە دوای ڕیفراندۆم دروست بووە، نەهێڵێت. ئێرانییەکان تێ گەیشتوون لەوەی کە هەرێمی کوردستان بۆتە کاراکتەرێکی سیاسی و، هیچی کەمتر نییە لە دەوڵەتانی تری ناوچەکە؛ لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە هەرێمی کوردستان درێژەپێدەری پرسێکی گرنگی ناوچەکەیە کە پرسی کوردە و کاریگەریی لەسەر کوردانی ئێرانیش هەیە. هەرێمی کوردستان دەکرێت دۆستی ئێران بێت و لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی. ئەم پێشوازییەی ئێرانییەکان لە سەرۆکی هەرێم، پەیامێکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە ئەگەر ئێران بخوازێت، دەتوانێت لە هەرێمی کوردستان نزیک بێته‌وه‌ و پرسی کوردیش بە مەترسی نابینێت لەسەر ئێران.

 

 

سەرچاوەکان:

  1. Rashid, Salah. 2017. Mam Jalal: Didari Temen le lawetiyawa bo koshki komari (Jalal Talabani: Life Interview from Youth to the Presidential Palace). Sulaimani: Karo Publishing.
  2. Al-Rihani, A., 1951. al-Muluk al-‘Arab, 2 vols.Beirut: al—Mu’assasah al-‘Arabiyyah li.
  3. Salloukh, B.F. and Brynen, R., 2004. Persistent Permeability: regionalism, localism, and globalization in the Middle East. Gower Publishing, Ltd.
  4. AEID GOLKAR and KASRA AARABI (August 2021) The IRGC in the Age of Ebrahim Raisi: Decision-Making and Factionalism in Iran’s Revolutionary Guard, Tony Blair Institute for Global Change.