قەیرانی بەڕێوەبردنی قەیران (نموونە: قەیرانی پاندمیای کۆڤید 19)

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پوختە

قەیران ساتەدەمێکی ناسک و چارەنووسسازە؛ ڕووداوێکی پڕلێکەوتە کە پێویستە هەمیشە پێشبینی بکرێت، چونکە خاڵی وەرچەرخانە بۆ باشتربوون یان خراپتربوونی دۆخێک. زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان و گۆڕینی باری هەڕەشە بۆ هەل، پێویستی بە زانستی بەڕێوەبردنی هەمەڕەهەندییە. لە زۆر وڵاتی دواکەوتوودا زۆربەی زیانەکان بەهۆی نەزانینی بەڕێوەبردنە نەک گەندەڵی و پێپەستکردنی یاسا و قەیران. لە کاتی لاوازبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران، ڕووداوە قەیراناوییەکان بەپێی ئاستی ڕیسک و تەوژمیان، دەتوانن گڵۆلەی سیستەمی سیاسیی وڵات بخەنە لێژی. ئەم نووسینە سێرەی لە لاوازیی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران لە وڵاتانی جیهانی سێیەم گرتووە و بە نیگایەک دۆخی قەیرانی ڕەهەندییانەی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

پێشەکی

قەیران (Crisis) ڕووداوێکە بەهۆی کارەسات و هۆکاری سروشتی یان ناسروشتی بە شێوەیەکی لەناکاو یان چاوەڕوانکراو وەدەر دەکەوەن و بە گۆڕانکاری لەناو کەشی فیزیکی و کۆمەڵگەدا لێکەوتەی مرۆیی و ماددیی پێوەیە و ئۆرگانیزمی سیستەمێک تێک دەدەن؛ لەو کاتەدا نۆڕم و یاسا و ڕێساکان وەک دۆخی ئاسایی کارساز نین. لەو دەمەدا دامەزراوەکان ناچارن ئاستی توانای زانستیی خۆیان، کە لە ڕێگەی زانستی سیاسەت، بەڕێوەبردن و بەرنامەڕێژی دێتە دی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان بەرنە سەرتر. لە ڕووی سیاسییەوە سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکان و گۆڕینی باری هەڕەشە بۆ هەل، هونەر و زانستێکە کە متمانە و ڕەوایەتیی سیاسی بە بەڕێوەبەرانی باڵا دەدات. بە گوتەی هیگڵ "ڕۆحی دەوڵەت و نەتەوەکان لەناو مەترسیگەی قەیرانەکاندا شکڵ دەگرێت. هزری زۆر لە بیرمەندانیش لە کاتی ناڕێکی و قەیرانەکاندا پشکوتووە؛ بۆ وێنە ئەفلاتوون (قەیرانی دادپەروەری)، مه‌کیاڤێللی (قەیرانی سەقامگیری)، تۆماس هۆبز (قەیرانی دەسەڵات)، جۆن لۆك (قەیرانی ڕەوایەتی)، ئەدمۆند برێد (قەیرانی شارستانییەت)، مارکس (قەیرانی سەرمایەداری)، ڕۆسۆ (قەیرانی ئەخلاقیات) و تیۆریسیەنەکانی هاوچەرخ هەر یەکەی بە جۆرێک لەناو مەیدانی قەیرانێکدا هزری خۆیان تاو داوە." (سوری، 1394: 89-139) لە بەرانبەردا نەزانینکاری و سەرشێوان، کە دەبێتە هۆی داماوبوونی ڕۆحی دەوڵەت و شکست و هەڵەکاری و فەوتانی وزە و تێچووی فرە، پرەستیژی بەرپرسانی باڵا دادەبەزێنێت و متمانە و ڕەوایەتی لە حکوومەت دەستێنێتەوە. لەبەر کزبوونی زانستی سیاسەت (Policy Making) و بەڕێوەبردن و، هەروەها زاڵبوونی سیاسەتی بێهوودەی هەیەجانی (Thrill Policy) و ناژیرمەندانە، سیاسەت تووشی بەستەڵەکی هیچستان دەبێت و زیان بەر کوالێتیی حوكمڕانیی باش (Good Governance) دەکەوێت، چونکە بەشێک لە "پاڕامەترەکانی حوكمڕانیی پەسند، بەرپرسیارێتی، وەڵامگۆیی، کارایی و کاریگەرییه." (شریفزادگان، 1394: 34)

لەم ڕێگوزەرەدا، ڤایرۆسی کۆڕۆنا یەکێکە لەو قەیرانە ئیپیدۆمیکانەی کە جیهانی داگرت و کاریگەریی بۆ سەر زۆر وار هەبوو و هێشتایش هەموو کاریگەرییەکانی نەناسراون. ئەو وڵاتانەی، وەک سەنگاپوور، کە پێشتر قەیرانی هاوشێوەی وەک نەخۆشیی ساڕس و مێڕسیان تووش ببوو، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا بەئەزموونتر و ئامادەتر بوون و کەمتر شڵەژان. شایانی ئاماژەیە لە نێوان وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆریا و چین وێڕای جیاوازی لە شێوازی بەڕێوەبردن، گرینگی بە بەرنامەڕێژی دەدرا. ئەگەرچی وڵاتانی پەرەسەندوو بەهۆی ڕێژەی زۆری ساڵمەندانیان لەسەرەتادا ژمارەی قوربانیان، بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگەی گەنجی جیهانی سێیەم، زۆرتر بوو، بەڵام بەهۆی زانستی تاقیگەیی و زانستی مرۆیی، ئەوان زووتر لە قەیران دەرباز دەبن و تەنانەت ئەوان دەبنە هەناردەکەری ڤاکسین بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم. بۆیە پێدەچێت لەبەر لاوازبوونی زانستی بەڕێوەبردن، پەتا ڤایرۆسییەکان لە پاندمییەکی جیهانییەوە ببنە ئیپیدۆمییەکی وڵاتانی پێشنەکەوتووی جیهانی سێیەم. لەم سۆنگەیەوە، ئامانجی ئەم نووسینە تاوتوێی پرسی لاوازبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیرانە لە وڵاتانی پێشنەکەوتوو. لەم داڵانەوە، پرسیاری کاکڵ ئەوه‌یە کە، بۆچی زیان و گەفی قەیرانەکان لە وڵاتانی پێشنەکەوتوو پترە لەچاو وڵاتانی پەرەسەندوو؟ پێدەچێت وەڵامی سەرەکی، لاوازبوونی زانستی سیاسەت و بەڕێوەبردنی قەیران بێت. ئەم گریمانە سەرەتایییە، بە نیگای گەوهەرینی تیۆرگەلی بەڕێوەبردنی قەیران و نیونیگایەک بۆ پاڕادایمی حوکمڕانیی باش و میتۆدی ئانالیزی وەسفی و خوێندنەوەیەکی بابەتییانە و داهاتووبینانە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، نووسینەکە کاناڵیزە دەکات.

ناسێنەی قەیران

سەرەتا بۆ وێناکردنی زمانێکی هاوبەش، پێویستە باس لە چەمکی قەیران بکرێت و بۆ پڕۆسەی سیاسەتدانان، پێویستە سەرەتا تۆپۆلۆژی (topology)ی پرسەکە بناسرێت. قەیران دۆخێکە کە بە هۆگەلی سروشتی یان دەستی دێتە ئارا و هاوسەنگی و سەقامی ئاسایی لاسەنگ دەکات. "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی قەیران ئەوەیە کە لەناو هەناوی خۆیدا بەستەری هەڕەشە و هەل (هەلی مەترسیدار)ی تێدایە و بەگوێرەی جۆر، تەوژم و بەریناییی بازنەکەی، دەتوانێت سیستەمی وڵاتێک تووشی هەڵدێر بکات." (سوری، 1394: 89-139) ئاشکرایە کە "كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن تا دێت ئاڵۆزتر و تێكه‌ڵاوتر ده‌بێت؛ ئاڵۆزبوونیش وا ده‌كات تێگه‌یشتن له‌و‌ پڕۆسه و چالاكییه‌ جۆراوجۆرانه‌ی ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌سته‌متر بێت. له‌ ئاکامدا، سه‌رهه‌ڵدانی لاوازییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن دركیان پێ نا‌كرێت." (بۆین، 2021) بە واتایەک، مۆدێرنیزم و پیشەسازیبوونی کۆمەڵگه‌کان و فراوانبوونی پەیوەندییە مانگۆڵەیییەکان و گواستنەوەی زانیاری و گەورەتربوونی دامەزراوەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، نەک هەر نەبوونەتە هۆی داکشانی قەیرانەکان، بەڵکوو ئەگەری بەرزبوونەوەی ڕوودانی قەیرانەکانی لە ڕووی چۆنێتی و چەندێتییەوە هەڵکشاندووە. بۆ وێنە پێشکەوتنی زانستی ڤایرۆسناسی، نەک هەر لە وارگەی پزیشکی و پاتۆجێنی (Pathogen)، بەڵکوو بۆ زۆر واری دیکەی وەک دۆزینەوەی کەرخی ئێکۆلۆژی و ژیارە کەونارەکان لەناو قووڵاییی سەهۆڵستانی باکوور و باشووری گۆی زەوی و تەنانەت گەڕان بە دوای نهێنییەکانی زیندووی گەردوون و تەکنەلۆژیای نانۆ (Nanotechnology) و بیومیکانیکیدا (Biomechanics) کاری جێنێتیکیی وردی لەسەر دەکرێت و لەوانەیە لە ئاکامی ئەو کارگەلە ئاڵۆز و چەندئامانجییە، هەڵەی مرۆیی و تەکنیکی ڕوو بدات و مرۆڤایەتیش تووشی شۆک و شێوان بێت. زانین و ڕوودانی ئەم قەیرانە جیهانپێوانە بەهۆی گڵۆبالیزم پێشبینی دەکرێت؛ بۆ وێنە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی وەک کۆڕۆنا پێشتر لەلایەن کەسایەتیی وەک "بیل گێیتس" ئاماژەی پێ درابوو.

بەڕێوەبردنی قەیران

بەستێنێکی گرینگی پەرەسەندنی پایەدار (Sustainable development)، هەبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران (سوری، 1394: 89-139) و بەڕێوەبردنی ڕیسکە (Risk management). بەڕێوەبردنی قەیران (Crisis management)  زانست و سازوکارێکی گرینگ و کارای واری بەڕێوەبردنە و لە چالاکی، چارەدۆزی و کۆمەڵە کار و کردارێک پێک دێت کە لەلایەن دامەزراوەیەک بە مەبەستی داکشان، کۆنتڕۆڵ و نەمانی قەیران ڕێک دەخرێت. هەروەها ڕێکخستنی میتۆد و چوارچێوەیەکی گشتییە کە بە گەڵاڵەی بەرنامەیەکی دروست و گونجاو ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی قەیراندا تا ڕاددەیەکی زۆر زیانی گەورە دابکشێنێت. ئەم زانستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخی تەنگاوی، پێویستی بە ئەزموون، ئامادەیی، لێزانی، خێرایی، هۆشمەندی، کاتناسی، دۆخناسی، هەڵسەنگاندن و داهێنان هەیە. ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە پڕۆسەیەکی بەرنامەڕێژی و کردارییە کە بە سەرنجدانی سیستەماتیکی قەیرانەکان و ئانالیزکردن، بە دوای دۆزینەوەی ئامرازێکە بۆ داکشانی ئاستی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕووداوێک. بە واتایەک ستراتیژییەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەبەستی ئاراستەکردنی ئامانجداری پێشخستنی کاروبار و گەڕاندنەوەی دۆخی قەیرانە بۆ دۆخی ئاسایی و بەرنامەدانانە بۆ دوای قەیران. یەکێک لە پێداویستییەکانی ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە، هەبوونی چاوی تیژ و دووربین و زانستی سیاسەت و بەڕێوەبردنی چەندڕەهەندییە. لە دیدی پارسۆنز "بەڕێوەبردنی قەیران هونەری بڕیاردانە بۆ دابەزاندنی لێکەوتەی ڕووداو و، گەیشتن بەم ئامانجگەیە پێویستی بە بەرنامەڕێژیی پێشوەختەیە." (پارسۆنز، 1392) کەواته‌ "پڕۆسەیەکە بۆ پێشگیری و داکشانی لێکەوتەی نەرێنی؛ بۆ ئەم پڕۆسەیە پێویستە بۆ خراپترین دۆخ بەرنامەڕێژی بکرێت و شێوازگەلێکی بۆ ڕەچاو بکرێت." (AMA, 2003)

بەڕێوەبردنی قەیران تێکەڵەیەک لە زانست و هونەرە کە فرەڕەهەندە و لە مەیدانی پراکتیکدا دەبنە کۆمەڵە کار و کردارێکی دینامیکی و ستاتیکی زانستییانە بە مەبەستی پێشگرتن و کۆنتڕۆڵ لە کاتی ڕووداو و کۆتاییهێنان و چاککردنەوە لە دوای ڕووداو، بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانی. کۆنتڕۆڵ و زاڵبوون بەسەر قەیران لەسەر بنەمای هزرێکی نیزاممەند (سیسته‌ماتیك) و یەکپارچە لەناو چوارچێوەی بەڕێوەبردنی قەیران، پێویستییەکی ستراتیژییە. جەوهەری بەڕێوەبردنی قەیران بڕیاردانە، کە لە دوای تاوتوێی زانستی و توانای هزریی بیرمەندان لەناو کەشێکی پڕ لە گوشاری کات دەردەکرێت. قۆناغەکانی بەڕێوەبردنی قەیران لە پێشبینی و پێشگیری، بەرنامەڕێژی و فێرکاری، ڕێنوێنی و کۆنتڕۆڵ پێک دێت و پایە سەرەکییەکانی بریتین لە داکشاندنی زیان، ئامادەکاری، بەرەنگاربوونەوە و چاککردنەوە. (موذنی، 2016: 1)

بەڕێوەبەرانی قەیران

بەڕێوەبردنی قەیران هونەرێکە کە تێیدا ده‌وڵه‌تمه‌داران و ئەکتەرانی ناو مەیدان ڕۆڵی دیاریکەریان هەیە. بەڵام زۆربوونی پێناسە و سنوورداربوونی ئاستی ئاگایی و نەناسینی قەیران، بۆتە هۆی ئەوەی سیاسەتسازی و چارەسازیی قەیرانەکان ببێتە پەرچەکردارێکی نەگەییو و ناڕێک و ئاڵۆز. (فتاحی، 1400: 114) لە کاتێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران چوار هۆکاری مرۆیی، فەرهەنگی کۆمەڵگە، ستراکچەر و ستراتیژی، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە؛ هەرچەندی ڕێبەران ناسینێکی قووڵتریان بۆ ئەم چوار هۆکارە هەبێت سەرکردایەتییان لە کاتی قەیراندا کارا و کاریگەرتر دەبێت و دەتوانن سیستەمی فەرماندەییی ڕووداو (Incident Command System) بە شێوەی پارێز و بەرگری (Passive Defense and Agent Defense) ئەکتیڤتر بکەن. لە پەنا ئەکتەرانی حکوومی، ئەکتەرانی کەرتی تایبەت دەتوانن ببنە دەسبارێک بۆ چارەدۆزی؛ بۆ وێنە کەرتی تایبەت دەتوانێت بە دانانی بیمە لە زۆر واردا بوار بە دەربازبوون لە سێڵاوی قەیران بدات.

پاتۆلۆژیی کزبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران

نەناسینی وردی قەیران و نەزانینی میکانیزمی دەستەبەندی و سەرەکییاتبەندی و "ڕەنگ لەسەر ژەنگدان" و هەلەهەل و پەلەپەل و هەڵەی بەڕێوەبردنی قەیران، قەوارەی قەیران بەرینتر و تێچوو و زیانی زیاتر دەکات و ڕەنگە ببێتە کارەسات؛ بۆیە زانستی بەڕێوەبردنی قەیران و چارەسەرکردن بەپێی ڕێکار، کەش، پشتیوانی و ڕێکخستن لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەوەندە گرینگە. تەنانەت جگە لە فێرکاری، لە هونەر و شێوازی بەڕێوەبردنی قەیران فیلمی زانستی-خەیاڵی وەک بوومه‌له‌رزه‌ی نیویۆرک بە گوژمەی 4 ملیار دۆلار دروست کراوە. (موذنی، 2016: 8) بەڵام لە وڵاتانی جیهانی سێیەم کە کوالێتیی حوکمڕانی نزمترە، زانستی بەڕێوەبردنی قەیرانیش نەزۆکە. بۆ نموونە تا دۆخەکە نەهەژێت بیر لە سەرەکیبوونی قەیرانێکی وەک ئاو و وزە ناکرێتەوە. لە قەیرانێکی وەک کۆڕۆنا، وێڕای ئەوەی وڵاتانی پێشنەکەوتوو ڕێژەی تەمەنی گەنجیان پترە و بەڕواڵەت کەمتر تووشی مردن دەبن، بەڵام بەهۆی سوودوەرنەگرتن لە ڕێژەی گەنجان زیانەکانیان بەگوێرەی دیمۆگرافیی وڵاتەکەیان زۆرە. (بهلولی، 1400: 5) ئەگەر بە چاوێکی ئۆلگۆریتم و ئاماری سەیری لێکەوتە گەفاوییەکانی قەیران بکەین، دەبینین لە کاتی ڕووداوەکاندا زۆترین زیان بەر وڵاتانی جیهانی سێیەم کەوتووە. (قادری، 1378: 5) لەم بارەوە دەتوانین نموونە بە دوو وڵاتی قەیرانگری وەک ژاپۆن و تورکیا بێنینەوە و لە ڕووی بەڕێوەبردن بەراوردیان بکەین: ژاپۆن بەهۆی بەهێزبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران دەتوانێ دیاگرامی ستاندەرسازی قەیران پێشکەشی کۆمەڵگەی زانستیی جیهان بکات و بەسەر قەیرانەکانی خۆیدا زاڵ بێت و ببێتە وڵاتێکی جیهان یەکەمی پەرەسەندوو؛ لە بەرانبەردا تورکیا بەهۆی ئەوەی لە ڕووی زانستی بەڕێوەبردن نەگەیشتۆتە ئاستی ژاپۆن، هەروا ماندووی ناو مەنداوی قەیرانەکانییەتی.

بەڕێوەبردنی قەیرانی کۆڕۆنا

کۆڕۆنا جگە لەوەی کە ڤایرۆسێکی سەیر و ڕەوەکە، ڕامکردنەکەی پەیوەندیی بە زۆر زانست و واری دیکەوە هەیە. توندی و تەوژمەکەی بەپێی فەرهەنگی کۆمەڵگه‌کان، لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە؛ ئەگەرچی دەبێ سیلەچاوێک بۆ میتۆدی بەراوردکاری هەبێت، بەڵام شێوازی دەستەمۆکردنەکەی جیاوازە و تەنیا بە کۆپیکاری لە وڵاتان دۆخەکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. بۆ وێنە کۆڕۆنا لەناو فەرهەنگی ژاپۆن، کەمتر هەڕەشەیە لەچاو کۆمەڵگەی کوردی. کەواته‌ قەیرانێکی وەها پێویستی بە تیژبینییەکی تایبەت هەیە و ناکرێ تەنیا بدرێتە دەستی پسپۆرێکی ڤایرۆلۆژی (Virology) و یەک دوو وەزارەت؛ چونکە هەندێک قەیرانی وەک کۆڕۆنا "تەنگژەی سیاسییان پێوەیە و بەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی سیاسییەکان." (هەراری، 2021) کاری سیاسەتدانان ڕێکخستنی کاروبارە لەلایەن دەوڵەت؛ بۆ وێنە ئەرکی دەوڵەتە ڕووماڵی بیمەی گشتی دابنێت و ئاستی ستاندەری تەندروستی بەرێتە بان (ملک محمدی، 2019: 10)؛ هەروەها نابێ پێشبینیی قەیران و ئامادەکاری ڕەچاو نەکرێت. بەو سەرنجەوە، بەو سەرمایەگوزارییانەی کە تورکیا بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی تەندروستیی خۆی لە 2003 کردی، توانیی ئاستی توانای بەڕێوەبردنی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە هەمەگیرەکان بەرێتە سەرتر. (مالمیر، 1399: 15) بەڵام لە وڵاتانی ڕانتییەر (Rentier Countries) کە ئاستی گەندەڵیی سیستەماتیکیان زۆرە و لە جیاتی بەهێزکردنی ژێرخانی سیستەمی تەندروستی و دانانی ئامێری هەناسەدەر (ventilator)، لەلایەن مافیاکانی دەرمان، ئه‌نتیڤیراڵ (Antiviral)ی ناکارا پتر هاوردە دەکرا و، دواجار لە قەیرانێکی وەک کۆڕۆنا لێکەوتەکانی وەدەر کەوتن. (بهلولی، 1400: 2)

بەڕێوەبردنی قەیران لە هەرێمی کوردستان

باشووری کوردستان لەبەر هۆکارگەلێکی مێژوویی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، چەقی قەیرانە خەوتوو و خشۆک و خوڕێنەکانە. بەهۆی کزبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیرانیش هەرکات تووشی قەیرانێک دەبێت، پشووی سوار دەبێت و بەپەلە لێژنەیەک کە پێک هاتووە لە نوێنەری وەزارەتەکان، بە شێوەیەکی ناشارەزایانە دەست بە ڕێسا و نۆڕمدەرکردنێکی بێستراتیژ دەکرێت و بە میتۆدی هەوڵ و هەڵە مەیدانی سیاسەت وەک یاریی تاوڵه‌ سەیر دەکرێت و مۆرە بۆ دڵخواز هەڵداویشترێت؛ جا "یان دەبێتە خانی خانان، یان دەبێتە تۆزی بانان". واته‌ ناکرێت لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی سیستەماتیکی قەیران پێناسەی جۆری هەڵوێستەکەی بکرێت کە ئایا لە قاڵبی زانستیدا جۆری بەڕێوەبردنەکەی کارە یان کاردانەوەیه‌ (Action or reaction)؛ هەروەها ناکرێت ناوی لێ بندرێ میتۆدی تێکەڵ، فره‌ستراتیژ و فره‌سیناریۆ؛ بەڵکوو دەتوانین زیاتر وەک جۆرە پەلەکاری و کۆپیکاری سەیری شێوازی بەڕێوەبردنی قەیران لە کوردستان بکەین؛ واته‌ جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکە لە بەرانبەر قەیرانەکان بە قەوڵی کوردەواری "یان گاڵ دێ یان پەمۆ."

یەکێک لەو نموونانە بەرەنگاربوونەوە بوو لەگەڵ کۆڕۆنا؛ لە سەرەتادا تەواوی توانای خۆی بە ئومێدی بەهار و هاتنی گەرما بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و توانای لۆجستیکی تەندروستی بەکار هێنا. بەڵام ئەگەر بزانین قۆناغەکانی گۆڕانی (Evolution) گیا و زیندەوەر و باکتریا چ جیاوازییەکی لەگەڵ گۆڕانی ڤایرۆس هەیە؛ ئەگەر ئاگامان لە شەپۆلەکانی ئیپیدیمۆلۆژیا و گۆڕانە بەردەوامەکانی ڤایرۆسی ئه‌نفلوه‌نزا و پڕۆسەی سەد ساڵەی ڤاکسینسازیی ئه‌نفلوه‌نزا بووبێت و کڕۆنۆلۆژی (Chronology)ی پەتای پەسیومان لێک داباوە و توانای سیستەمی تەندروستیی خۆمان زانیبا، بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەمان بۆ سێ-چوار مانگ دانەدەنا، بەڵکوو بەرنامەڕێژییەکەمان بەپێی ژێرخانی تەندروستی، هێزی مرۆیی و هێزی جێبەجێکار بۆ دوورمەوداتر دادەنا. هەروەها جگە لە بەرنامەی ئیزۆلە (دابڕاندن، جیاكردنه‌وه‌) و لاکداون (Lockdown)، هاوێرگە و قەرەنتینەمان بەپێی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی دەوروبەر لە ڕێگەی دیپلۆماسیی دیجیتاڵی دادەنا، چونکە ئێمە لەناو دوورگەیەکدا نین کە سنوورمان بەسەر کەسەوە نەبێت و هیچیان لێ هاوردە نەکەین. "ئەگەر تەنیا لە گۆشەی یاسایی سەیری سۆنامیی کۆڕۆنا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ئیتر سنووری دەوڵەتان لە بەرامبەر ڤایرۆسە گوازراوەکان ناتوانێ پارێزراو بێت و دەبێ دەوڵەتان پێکەوە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن." (ڕەئووف حەمەیوسف، 2020)

کاتێک باسی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران دەکرێت، نابێ تەنیا بیر لە یەک ڕەهەندی دیار بکرێتەوە، بەڵکوو لە کاتی پەتایەکی وەک کۆڕۆنا فەرهەنگی کۆمەڵگه‌، بەڕێوەبردنی باری دەروونیی گشتی، کۆنتڕۆڵی گرانفرۆشیی ماددەکانی پاکپارێزی، توانای ئابووریی خەڵک و جیاوازیی نێوان جۆری پیشە و یاسای پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دۆخی تەنگاویدا بەهەند وەردەگیرێت. ئەگەر سەرنج بدەینە یەک گۆشەی بەڕێوەبردن، دەبینین ژاپۆنییەکان بە فۆرمۆڵ و بەرنامەیەکی ژیرانەی دووربین زیانە ئابوورییەکانی کاتی قەیرانیان لە نێوان ئێستا و ئاییندەدا دابەش کردووە بۆ ئەوەی ڕێی هەناسەی ئابووری بەتەواوی نەگیرێت. لە ڕاستیدا کزبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران، هەرێمی کوردستانی تووشی تەنگبینی کردووە؛ بۆ وێنە لە سەرەتاکانی شەپۆلی کۆڕۆنا بڕیارێکی لێکنەدراو تەمەنی نەدەگەیشتە 12 كاتژمێر؛ ئەگەرچی یەکێک لە تەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی قەیران ئەوەیە کە بڕیارەکان بە پیرۆز دانەندرێن و بڕیارێک کە پێش پێی خۆی بەباشی نەدیوە و کەوتۆتە لاڕێ، پێویستە ڕاگیرێت، بەڵام ناکرێت بڕیارەکان ئەوەندە دۆگم و گن بن کە جێبەجێ نەکرێن. هەروەها نەبوونی هاودەنگی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، فەرماندەییی قەیرانی پەک دەخست و نەبوونی ناوەندگەراییی ئیداری لە کاتی قەیران وای کرد، خەڵک نەیاندەزانی گوێ لە کێ بگرن؛ لەو دۆخەدا کە پارێزگایەک بەبێ ناوچەناسی بڕیار دەردەکات، تووشی هەڵە دەبێت و بە دوو هەفتە کەڕەنای نەمانی کۆڕۆنا دەردەکات؛ ترسناکبوونی هەڕەشەی ڤایرۆسی ئایدیۆلۆژیای تەسکبین و نازانستییانەی چەوتگەراکانیش سەربار. نەبوونی فەرهەنگی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و ڕەوگرتنی شانتاژ (Chantage) و ئەرکنەناسیی ڕاگەیاندنەکان و نەبوونی بەرپرسیارێتیی میدیای نیشتمانی لە کاتی قەیران، بۆتە ژانێکی بەردەوام. ئەم نەزانینەی میدیاکان تەنانەت لە کاتی شەڕی تیرۆریستانیش دەبیندرا و هەندێک ڕاگەیاندن نەزانۆکانە ببوونە سێرەدانی هاوەنەکانی داعش.

قۆناغی بەڕێوەبردنی ڤاکسیناسیۆن

بە گوتەی ئه‌نتۆنی پارسۆنز، هەندێک قەیران بەردەوام و درێژخایەنن (سوری، 1394: 89-139)، بۆیە دەبێ بۆ کۆڕۆنا وەک قەیرانێکی کۆمەڵایەتی-ئابووریی درێژەدەر بەرنامەڕێژی بکرێت. وێرای ئەوەی پێویستە ئەزموون و وانە لە شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانی کۆڕۆنا بۆ داهاتوو وەرگیرێت و بە چاوی زیانناسی لێکدانەوەی بۆ بکرێت، پێویستە دووبارە بەوردی جۆری شەپۆلەکانی داهاتوو و جۆری ڤایرۆسە نوێیەکانی وەک هیندی و ئینگلیزی و... بناسرێت و بەپێی لێڤڵبەندی و سیناریۆسازی بۆ پارێزگاکان ستاندەرسازییەکی سادەنووس بکرێت. لەم قۆناغەدا پێویستە بۆ ڤاکسیناسیۆن سوود لە زانستی بەڕێوەبردن وەربگیرێت. ئەوەی ئێستا گرینگە ئەوەیە کە ئاسانترین و کاریگەرترین ڕێگەی بەرەنگاربوونەوە، ڤاکسیناسیۆنی گشتیی کۆمەڵەی ئامانجە کە پێویستە بە گەڵاڵەیەکی نیشتمانی ڕێک بخرێت. ئەم ڤاکسینە پێویستە لە ماوەی 6 مانگدا بە دوو ژەم لێ بدرێت؛ درێژبوونەوەی ئەم ماوەیە بەپێی گوتەی ئه‌نتۆنی فاوچی (Anthony S. Fauci)، کە یەکێکە لە دیارترین زانستمەندانی جیهان و ڕاوێژکاری کۆڕۆنا لە ئەمریکا، دەبێتە هۆی دابەزینی ئەنتیبادی (antibody)ی لەش و گرێدانەوەی زنجیری کۆڕۆنا. ئەمڕۆ ڕێگەی کۆنتڕۆڵی کۆڤید 19 بە میکانیزمی V4T (Vaccination, Timing, Testing, Tracing, Treatment all services) سەرکەوتووترە. لە بارودۆخی ئێستادا ڤاکسیناسیۆن و تایمینگ، دوو توخمی سەرەکین بۆ کۆنتڕۆڵی ئەم ئیپیدۆمییە، ئەگەرنا دۆخی نالەباری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاسایشیی پێوە دەبێت. ئەم کارە لە دەرەوەی وەزارەتی تەندروستی، پێویستی بە سه‌ركردایه‌تیی ڕاستەوخۆ بە سێ تەوەری لۆجستیک، ئاسایش و تەندروستی هەیە. ڤاکسیناسیۆن دەبێ بەپێی پرۆتۆکۆڵەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بکرێت، دەنا لەوانەیە بەشێک لە وەرگرانی ڤاکسین تووشی چاڵگەی ئیکسکڵۆژێن (Exclusion) بن. پێویستە ژووری بیركردنه‌وه‌ کە پێک هاتبێ لە زانایانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانستمەندانی سیاسی و تەندروستی کە دەسەڵات و بەرپرسیارێتی و وەڵامگۆیییان لە بەرانبەر خەڵک و حکوومەت هەبێت، دابندرێت. (بهلولی، 1400) جێی ئاماژەیە کە لەوانەیە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ ماوەی چەند ساڵێکی دیکە لەگەڵمان بێت، بۆیە پێویستە چەندین ژەمی ڤاکسین بە مۆدێلێکی داینامیکی دابین بکرێت بۆ ئەوەی ئەگەر دۆخەکە گۆڕا ئەویش خۆی بگۆڕێت. جگە لە قۆناغی ڤاکسیناسیۆن یەکێک لە سەرنجگە گرینگەکانی بەڕێوەبردنی قەیران، دۆخی دوای ئاساییکردنەوەیە. واته‌ هەر لەناو گۆماوی قەیراندا، پێویستە کار بۆ دوای قەیران بکرێت؛ بەتایبەتی پێویستە بە شێوەی بەشداریی گشتی، بیر لە چاککردنەوەی ئەو بەشانە بکرێتەوە کە تووشی زیانی ماددی و مەعنەوی بوونە.

دەرەنجام

ئەم نووسینە ناتوانێت جێی ڕووپێو و سکانکردنی دۆخی قەیران لە کوردستان بە شێوەیەکی کوالێتی و کوانتیتی بگرێتەوە و ڕێکار بخاتە ڕوو و ڕێژەی کاریگەری دیاری بکات؛ تەنانەت ناکرێ وەک ڕاپۆرتێکی كارگێڕی، کە کورتکراوەی دەیان لاپەڕەی زانستییە سەیر بکرێت؛ تەنیا ئاژنێک بوو بۆ نیشاندانی گرینگیی زانستی قەیران و سەلماندنی وەڵامی پرسیاری سەرەکی. ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو گرینگایەتیی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران بخرێتە ڕوو و ئەوە بگوترێت کە بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کە تەنیا یەک پسپۆڕی، وەک پزیشکی یان ئەندازیاریی هەیە، ناتوانێت دووربین و تیژبین بێت و لێکدانەوی هەمەڕەهەندانە بۆ قەیرانێک بکات. بۆیە گرینگترین ئەو کارەی حکوومەت ئەرکییەتی بیکات، پەرەدانە بە زانستی بەڕێوەبردنی قەیران؛ بەتایبەتی ئەگەر تەمای پەرەسەندنی پایەداری هەبێت، دەبێ بە چاوێکی پڕبایەخ سەیری ئەم دەرزە ئەستوورە بکات. چۆڕاوەی جەوهەری خامە ئەمەیە؛ ئەگەر بمانەوێ نەبینە مۆزەخانەی عیبرەت لە واری بەڕێوەبردن و ئەگەر گەرەکمانە چیتر "سەددامەکان" پێمان نەڵێن "کورد نازانێت خۆی بەڕێوە ببات"، پێویستە بە ئامرازی زانست و شیاوسالاری دەوڵەتداری بکەین.

پێشنیار

لە ئاستی ئەم نووسینەدا، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ئەم ڕێکارە بناغەیییانە جێی تێبینین:

- بەهێزکردنی بەشی سیاسەتی گشتی و بەڕێوەبردن لە زانکۆکان؛

- دانانی هێڵی ڕاوێژ لەگەڵ زانکۆ و توێژەرانی "ڕاستەقینە" و تۆکمەکردنی پەیوەندیی نێوان نوخبەی دەسەڵاتدار و نوخبەی ئاکادیمی، بەتایبەتی ده‌سته‌بژێرەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە لەناو سیستەمی خوێندنی بەرزتر پێ گەییون؛

- زیاترکردنی دەق و ئەدەبیاتی پەیوەندار و وەرگێڕانی وتاری زانستی و کتێب؛

- دامەزراندنی ناوەندێکی زانستی و دەسەڵاتداری سەرکردایەتیی قەیران؛

- پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی قەیران؛

- دانانی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوەگەلی بەڕێوەبردنی قەیران لە وڵاتانی هاوشێوە، بەتایبەتی وڵاتانی ئەزموونداری قەیران؛

- پەرەپێدانی فێرکاری و فەرهەنگسازیی گشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران، بۆ وێنە شێوەسازیی قەیرانگە لە قوتابخانەکان؛

- دروستکردنی نەخشەی قەیران و ئاستی ڕیسک بۆ هەر ناوچەیەک، بۆ ئەوەی ستاندەرسازی بکرێت و خەڵک خۆی بزانێ لە داهاتوودا چی بکات؛

- دانانی ژووری بیریاری و فەرماندەییی قەیران (هەمیشەیی – لە کاتی ڕووداو)؛

- دانانی ژووری ئۆپەراسیۆنی چاککردنەوە لە دوای ساردبوونەوەی ئاگری قەیران؛

- پێداچوونەوە بە یاساگەلی کاتی تەنگانە، بۆ وێنە یاسای ڕاگرتنی هاتوچۆی ئاسایی و مافی خەڵک؛

- شەفافسازی و بەڕێوەبردن، نابێ تێکەڵ بکرێن و دەبێ بەپێی پێویست شووشە مات و ڕوون بێت؛

- پێشخستن و برەودانی پەیوەندیی خێرا و بەڕێکردنی ئەلیکترۆنیکی کاروباری هاووڵاتیان؛  

- دانانی کەسانی زانستمەند و هەمەڕەهەندبین و ژیرمەند لە پۆستەکان؛

- هاوبەشکردنی کەرتی تایبەت بۆ هاوکاریکردنی حکوومەت لە کاتی تەنگانەدا.