عێراق و کۆبوونەوەی دژەکان؛ کۆنگرەی هەرێمیی وڵاتانی دراوسێی عێراق

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانكۆی سەڵاحەددین

ئامانج و هۆکار و تەنانەت لێکەوتەکانی کۆنگرەی هەرێمیی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە ڕوانگە و ڕەهەندی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵام ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە، ئەم کۆنگرەیە لە دۆخێکی گۆڕاوی نادڵنیایی، هەروەها بە بەشداریی ئەکتەرە پێکناکۆكه‌کان بە ئەجێندای دژبەیەک بەڕێوە دەچێت.

خودی عێراق بەگشتی و "مستەفا کازمی"یش بەتایبەتی، بۆ نیشاندانی سەرکەوتنی، هەروەها زاڵبوون بەسەر ناڕەزایەتییەکانی شەقام و گەرەنتیکردنی داهاتووی سیاسیی خۆی، پێویستی بەوەیە لە ڕووی ئابوورییەوە بەسەر قەیرانەکانی عێراقدا زاڵ بێت، بەڵام ململانێی سیاسیی وڵاتان لە عێراق وای کردووە کە، عێراق نەتوانێت ئەو ئامانجە بێنێتە دی؛ چونکە ئەو ململانێیانە، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، هەروەها تورکیا و وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەکوو سعوودیا و ئیمارات وای کردووە کە عێراق سەقامگیر نەبێت و وڵاتان لە عێراق وەبەرهێنان نه‌كه‌ن. ئەمەیش کاریگەریی هەم لەسەر ئاسایشی عێراق کردووە و هەمیش وای کردووە ئەو نائاسایشییە ببێتە هۆکاری وەدەینەهاتنی بەڵێنە ئابوورییەکانی کازمی و بووژانەوەی عێراق و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقام.

لێرەدا مستەفا کازمی هەوڵ دەدات لە نێوان وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئەکتەرە سەرووهەرێمییەکان هاوسەنگییەک دروست بکات بە پشتیوانیی متمانەی ڕێژەییی حزبە سیاسییەکان و خەڵکی شەقام و، لە لایەکی تریشەوە ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان ساڵانی٢٠١٦ تاوەکوو ٢٠٢٠ لە پۆستی سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی عێراق لەگەڵ وڵاتان و کەسایەتییەکانی پشتی پەردە و دەسڕۆییشتووی وڵاتان دروستی کردووە. لێرەدا مستەفا کازمی دەیەوێت ڕۆڵی ناوەندیی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە، چونکە بەپێی سەچاوەکان کازمی ئەرکدار کراوە کە لەگەڵ میسر و ئوردن بلۆکێکی بەهێزی سیاسی و ئابووری پێک بێنن. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، مستەفا کازمی لە ڕێگەی ئوردنەوە دەیەوێت ڕۆڵی عێراق و میسر لە جیهانی عەرەبی-ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیندوو بکاتەوە، چونکە کازمی بڕوای وایە کە لە پاش لاوازبوونی عێراق و میسر، هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک چووە و ئەمەیش ئاسایشی وڵاتانی عەرەبیی خستۆتە مەترسییەوە. ناوبراو پێی وایە کە وڵاتانی کەنداو نەیانتوانیوە ڕۆڵی هاوسەنگکەر ببینن یاخود ڕێبەرایەتیی جیهانی عەرەبی بگرنە ئەستۆ، بەڵکوو خۆیان بوونەتە بەشێک لە بلۆکبەندی و جەمسەرەکانی ناوچەکە؛ ئەمەیش لە زیانی ئاسایش و پێگەی وڵاتانی عەرەبی بەگشتی و عێراقیش بەتایبەتی شکاوەتەوە. تەنانەت لە ڕوانگەی مستەفا کازمییەوە ئەو لاوازییە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەکتەرەکانی تر کێشەکانیان لەسەر خاکی عێراق یەکلایی بکەنەوە.

باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە عێراق، فاتح یڵدز لە ڕێکەوتی (٨-٢-٢٠٢١) ڕای گەیاند قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەنقەره‌ و بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٢٠ ملیار و ٦٦٠ ملیۆن دۆلار بووە. فاتح یڵدز لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر نووسیویه‌تی: "عێراق دوای ھەر یەک لە ئەڵمانیا، بریتانیا و ئەمریکا لە ڕێزبەندیی چوارەمدایە لە ھاوردەکردنی کەلوپەلی تورکیا." یڵدز لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا، ڕای گەیاندبوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لە ساڵی ٢٠١٩دا، ١٥ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها ڕوحوڵڵا لەتیفی، وتەبێژی گومركی ئێران، لە مانگی ٥ی ٢٠٢١ دەڵێت، سەرەڕای کۆرۆنا، قەبارەی بازرگانیی ئێران و عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٧ میلیار و ۴۴۸ ملیۆن و ۴۳۱ هەزار و ۶۷۳ دۆلار بووە. بۆیە پاش چین، عێراق گەورەترین هاوردەکار و هاوبەشی بازرگانیی ئێران بووە. بۆیە هەموو وڵاتانی هەرێمی هەوڵ دەدەن پشکێک لەو بازاڕە بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.

هەر بۆیە ستراتیژیی مستەفا کازمی ئەوەیە کە عێراق لە نێوان ئەکتەرە دژ و پێکناکۆكه‌کاندا نێوەندگیری بکات و ببێتە ناوەندێک بۆ پێکگەیشتنیان لە بری پێکدادانیان لەسەر خاکی عێراق. هەر بۆیە مستەفا کازمی گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی، ئەوە نایەتە دی تاوەکوو ئێران لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، کە خودی ئێرانیش پێویستیی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و سڕینەوەی بارگرژییەکان هەیە، نفووزی لە عێراق کەم نه‌کرێتەوە. بە واتایەکی دیكه‌، کازمی لە ڕێگەی  پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر، ئوردن، تورکیا، سووریا و ئیمارات دەیەوێت ڕۆڵ و نفووزی ئێران لە عێراق سنووردار بکاتەوە بەبێ ئەوەی لەگەڵ ئێران تووشی پێکدادان ببێتەوە و، هەستیاریی گرووپە توندڕەوەکانی ناوخۆییی عێراق بجووڵێنێت. ئێستا ستراتیژیی مستەفا کازمی بۆ عێراق ئەوەیە کە لە پەراوێزی کۆنگرەی هەرێمیی وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەو ڕۆڵە بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.

یەکێک لەو بابەتانەی کە عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بەشداری و هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی ئەنجامی بدات بۆ ئەوەی نفووزی ئێران کەم بکاتەوە، بریتییە لە ڕزگاربوون لە گرێدراوبوونی کەرتی کارەبای عێراق بە ئێرانه‌وه‌. بۆ ئەم مەبەستەیش جگە لەوەی کە دەیەوێت تۆڕی کارەبا بە وڵاتانی عەرەبی ببەستێتەوە، ئامانجی ئەوەیە کە کەرتی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە ڕێگەی وەبەرهێنان ببووژێنێتەوە. تا کۆتاییی ساڵى ٢٠٢٠، عێراق ١٣٢ ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگی سەلمێنراوی غازی هەیە و لە ڕیزبەندی دوازدەیەمی وڵاتانی جیهاندایە. لە ساڵی ٢٠١٩دا عێراق بڕی ٦٣٦ ملیار مەتری سێجای غازی سروشتیی بەکار هێناوە کە زۆربەی بۆ کەرتی کارەبا ڕۆیشتووە، بەڵام زۆربەی غازی سروشتیی عێراق سووتێندراوە و بەهەدەر ڕۆیشتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران لە پاش ساڵی ٢٠٠٤ هەناردەکردنی کارەبای بۆ عێراق دەست پێ کردووە. ئەو گرێدراوییەی عێراق بە ئێران ساڵ بە ساڵیش بەرز بۆتەوە تا ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٨٠% لە کارەبای هەناردەکراوی ئێران بۆ عێراق نێردراوە.

لە لایەکی ترەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ هەردوو وڵات لێکتێگەیشتنێکیان سەبارەت بە هەناردەکردنی غازی سروشتی ئەنجام دا و ئەمەیش لە ساڵی ٢٠١١ بووە ڕێککەوتن و گرێبەست. لە پاش ساڵی ٢٠١٧وە ئێران هەناردەکردنی غازی سروشتیی خۆی بە بڕی ٧ ملیۆن مەتری سێجا بۆ عێراق بە مەبەستی دابینکردنی وزەی بەرهەمهێنانی کارەبای وێستگەکانی بەرهەمهێنان لە نزیکی بەغدا هەناردە کردووە. بەڵام لە پاش ساڵی ٢٠١٨وە بەهۆی سەپاندنی ئابڵووقە و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، عێراق کەوتە دۆخێکی نالەبارەوە؛ لە لایەک ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە هۆی نەبوونی کارەبا و لە لایەکی تریشەوە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ دوورکەوتنەوە لە ئێران، هەروەها گوشاری خودی ئێران بۆ سەر عێراق، چ لە ڕووی سیاسییەوە و چ لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ پێدانی قەرزەکانی، لە کاتێکدا نرخی نەوت بەهۆی کۆرۆنا دابەزی.

 هەر بۆیە عێراق لە ساڵی ٢٠١٩وە هەوڵی دا کە سەرچاوە و هێڵی بەدیل و جێگرەوە بدۆزێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەیش ڕێککەوتنێکی بۆ هاوردەکردنی کارەبا لەگەڵ ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو ئەنجام دا کە بەپێی ڕێککەوتنەکە هێڵێکی ٣٠٠ کیلۆمەتری، بڕی ٥٠٠ میگاوات کارەبا لە کوێت بۆ بەندەری فاو دەگوازێتەوە کە ٨٠ کیلۆمەتر لە هێڵەکە لە عێراق و ٢٢٠ کیلۆمەتریش بە کوێتدا تێ دەپەڕێت. بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراقی، ئەم پرۆژەیەیش کارەکانی بە ڕێژەی ٨٧% کۆتایی پێ هاتووە؛ جگە لەوەی کە عێراق لەگەڵ ئوردنیش ڕێککەوتنی ئەنجام داوە بۆ هاوردەکردنی ١٥٠ مێگاوات کارەبا لەو وڵاتە، هەروەها عێراق لەم بوارەدا ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و سعوودیا هەیە و کارەکانیان خه‌ریكه‌ ته‌واو ده‌بێت.

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلەکتریک دوو گرێبەستیان بە بەهای ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار واژوو کردووە، لە بواری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی وێستگە سەرەکییەکانی کارەبا لە عێراق و پەرەپێدانی تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها بەهێزکردن و نۆژەنکردنەوەی هێڵی گواستنەوەی کارەبا. بەڵام تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە ئەو گرێدراوی و پاشکۆیەتییه‌ی عێراق بە ئێرانه‌وه‌، کە لێکەوتەی سیاسی و ئاسایشیی هەیە، کۆتاییی پێ بهێندرێت. بۆ نموونە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٢٣% لە کارەبای عێراق لە ڕێگەی غازی سروشتیی هاوردەکراو لە ئێرانەوە بەرهەم هێنراوە و، نزیکەی ٥٠% لە کارەبای عێراقیش هەر لە ئێرانەوە هاوردە کراوە.[1]

مستەفا کازمی بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق و دەرچوون لە هەژموونی ئێران، جگە لەوەی دەیەوێت پشت بە تواناکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ببەستێت و عێراق لەم بوارەدا سەربەخۆ بکات، کە ئەمەیش ڕەهەندی سەرووهەرێمایەتیی هەیە و هەوڵ دەدات لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا ئەمە بکات، لە هەمان کاتیشدا به‌نیازه‌ سەرچاوەکانی دابینکردنی کارەبا و وزەی پێویستی عێراق فرەڕەهەند و فرەسەرچاوە بکات.

هەموو ئەمانە لە ڕوانگە کازمییەوە بۆ ئەوەیە کە عێراق بە شێوەیەکی هاوسەنگ ئابووری و ئاسایشی خۆی بە وڵاتانی ناوچەکە ببەستێتەوە و هەژموون و نفووزی ئێران لە هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا کاڵتر بکاتەوە و، ئێرانیش وەکوو ئەکتەرەکانی تری درواسێی عێراق هەوڵ بدات بە دوای پشکی خۆیەوە بێت و ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرێت. لێرەدا عێراق دەیەوێت لە نێوان وڵاتانی پێکناکۆک پێگەی خۆی بدۆزێتەوە و کەڵک لە ئەجێندا جیاوازەکان وەربگرێت و نەکەوێتە هیج بەرەیەکەوە. هەرچەندە پرسیار ئەوەیە کە، ئایا عێراق و خودی مستەفا کازمی بەهۆی نفووزی ئێران و باڵادەستیی میلیشیا شیعەکان، هەروەها ململانێی ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، ئەو توانایەیان هەیە و دەتوانن سەرکەوتوو بن؟

بێجگە لەم هەوڵانەیش عێراق لە نێوان دوو "مێگاپرۆژە" (Megaproject)دايه‌ لە ئاستی جیهانیدا کە لێکەوتەی گەورەی ئابووری و جیوسیاسیی بۆ عێراق و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت؛ یەکەمینیان پرۆژەی "یەک ڕێگە- یەک پشتوێن" (Belt and Road Initiative or One Belt One Road ) کە دەستپێشخەریی "چین"ە کە پڕۆژەکە زیاتر لە (٦٨) دەوڵەت لەخۆ دەگرێت و ڕێژەی ٦٥%ی دانیشتووانی جیھان پێک دێنێت. عێراقیش دەکەوێتە ناو ئەو نەخشە و بازنەیە  لە هەردوو ڕەهەندی پرۆژەکە؛ واتا هەم هێڵی وشکایی و هەمیش هێڵی  ئاویی-دەریایی.[2] هەر بۆیە تورکیا دەیەوێت لەگەڵ عێراق بگاتە ڕێککەوتن و هێڵی شەمەندەفەر بۆ بەندەری فاو و پاشان ناوچەی کەنداو ڕابکێشێت.

 هەر ئەمەیش ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی نیگەران دەکات، بۆیە پرۆژەی دووەم لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپییەکانەوە پێشکەش کراوە کە هەندێ جار بە پلانی مارشاڵی نوێ (هاوشێوەی پلانی مارشاڵ لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم، كه‌ بۆ دژایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت، پشتیوانیی لە بووژانەوەی ئابوووریی وڵاتانی ئەوروپی کرد) دەناسرێت. تەنانەت بەشێک لە ستراتیژیستەکان، ڕێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبانیش بۆ دروستکردنی بەربەست و لێدان لەو پرۆژەیە، هەروەها کۆکردنەوەی توانا و تەرکیزی ئەمریکا لەسەر چین، وێنا دەکەن. پرۆژەکەی ئەوروپییەکان دەتواندرێت لەژێر ناونیشانی ئەوروپای "ته‌نراو لەگەڵ جیهان" پێناسە بکرێت.

ئەم پرۆژەیە لەسەر بنەمای تێکاڵاوی و ته‌نراویی جیۆستراتیژیی ئەوروپا لە ژێرخانی جیهانی داڕێژراوە و پارێزگاری لە بەرژەوەندی و بەها بنچینەیییەکانی ئەوروپا، کۆڵەکە و کرۆکی ئەو پرۆژەیەیه‌. ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە ڕوانگەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ بازرگانیی جیهانی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییە ژینگەیییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا؛ هەروەها ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە بەرنامەی پەرەپێدانی جێگیری ئەوروپا بۆ ساڵی ٢٠٣٠. ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیژییە، گونجاندن و بەرزکردنەوەی پێگەی ڕکابەرێتیی یەکێتیی ئەوروپا، یارمەتی بە هەمەجۆرکردنی زنجیره‌ی بەهاکان، کەمکردنەوەی پشتبەستنی ستراتیژی، بەتایبەتی لە بواری کەرەستەی خاوی زیندوودا و، دابینکردنی پێویستیی کۆمەڵگەی جیهانییه‌ بۆ ئیکۆسیستەمی دیجیتاڵی. ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیژییە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێتیی ئەوروپا، ئاگادارە لە ئاڵینگارییه‌كان (ته‌حه‌دداكان)ی دابینکردنی پڕۆژە گەورەکان لە بواری پەیوەندییە ژێرخانەکاندا، بۆیە جەخت لەسەر بناغەی نۆرم و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و چوارچێوەی ڕێکخەر و یاساییی گونجاوی سەردەمییانە وەک پێشمەرجی ڕاکێشانی سەرمایەی کەرتی تایبەت دەکاتەوە. بۆیە بۆ پارەدارکردنی ئەو پرۆژانە، پێوەرەکانی گرووپی "جی 7" لە بواری وەبەرهێناندا لەسەر بناغەی ستانداردی نێودەوڵەتی ڕەچاو دەکرێت.[3]

لێرەوە گرنگیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بۆ هەردوو پرۆژەکە دەردەکەوێت. بەم پێیەیش، کۆنگرەی هەرێمیی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە پێکدادان و ململانێی نێوان دوو پرۆژەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

 

کۆبەند

کۆنگرەی هەرێمیی وڵاتانی دراوسێی عێراق بەهۆی پێکناکۆکیی بەرژەوەندی و ستراتیژی و ئەجێندای جیاوازی وڵاتانی بەشدار، دەتواندرێت بە کۆبوونەوەی دژەکان پێناسە بکرێت. لەم نێوەندەیشدا هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لە عێراق دەکەوێتە چەقی ئەو ناکۆکییانەوه‌. هەرچەندە ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمییەکان لەو کۆنگرەیەدا بەشدارن، بەڵام لە ڕاستیدا بەریەککەوتنی دوو مێگاپرۆژەی ئەمریکا و چین لە پشتەوەی ئەو کۆنگرەیە دەبینرێت. لێرەدا هەر کام لەم ئەکتەرانە کە بتوانن بەسەر عێراقدا زاڵ ببن، ئەوە ده‌كرێ بەشێک لەو پرۆژانە سەرکەوتن به‌ده‌ست بێنێ؛ هەرچەندە پێناچێت خودی عێراق دەسکەوتێکی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام هەوڵ دەدات کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی پێگەی خۆی لە هەردوو پرۆژەکەدا بدۆزێتەوە.

بەپێی سەرکەوتنی هەر کامە لە ئەجێنداکان، داهاتووی هەرێمی کوردستان و کشانەوە یاخود مانەوەی ئەمریکایش دەستنیشان دەکرێت؛ تەنیا بەم جیاوازییەوە کە ستراتیژیی ئیدارەی بایدن بە شێوەیەکە، نایەوێت چیتر تاکە ئەکتەری جێبەجێکاری پرۆژەکە بێت و هەوڵ دەدات هاوبەش و هاوپەیمانە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و تەنانەت ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی هاوپەیمانی، ئەو ئەرکە بگرنە ئەرستۆ. لەم نێوەندەیشدا هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەڕەشەکان، ئەگەر لێزان و خاوەن پرۆژە و ستراتیژی ڕوون بێت، دەرفەتی پێکهاتەیی و بونیادیی بۆ ده‌ڕه‌خسێ.

لەم یارییە فرەئەکتەر و فرەڕەهەندە و لەو هاوکێشانەیشدا، ڕۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت گرنگ، بایەخدار و چارەنووسساز بێت؛ چونکە بەڕێزیان تاوەکوو ئێستا پەیڕەوی لە ستراتیژیی هاوسەنگیی ئەرێنیی کردووە لە هەمبەر ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمییەکاندا و ئەمەیش دەتواندرێت وەکوو خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان دابنرێت. جگە لەمانەیش، بەڕێزیان پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ هەردوو بەرەی پرۆژە مەزنەکانی جیهان هەیە و هەر ئەمەیش دەتوانێت لە ئێستا و داهاتوودا ئاسایشی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و مانەوەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات. تەنانەت دەکرێت وەکوو نێوەندێک لایەنەکانی پرۆژە و هاوکێشەکان پێکەوە ببەسترێتەوە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەکوو سەرکەوتنی پرۆژەکەیان ببینرێت. هەموو ئەمانەیش لەگەڵ ستراتیژیی فەڕەنسا هاوتەریب و گونجاوە کە پێگە و ڕۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمی بە بەشێک لە ستراتیژیی نوێی فەڕەنسا و ئەمریکا لە ناوچەکەدا دادەنرێت.

 

[1] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: معمای امنیت انرژی در عراق، موسسه آینده پژوهی جهان اسلام: ۳۱ خرداد ۱۴۰۰.

Available at: < https://iiwfs.com/معمای-امنیت-انرژی-در-عراق/>.Last visited: 25-8-2021.

 

[2] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: كيف تسعى الولايات المتحدة إلى مواجهة خطة «طريق الحرير الجديد» الصينية؟

Available at:  <https://www.sasapost.com/how-will-usa-face-road-and-belt/ >. Last visited: 25-8-2021.

[3] - بۆ زانیاریی زیاتر بروانە: استراتژی اروپا در رقابت با مگاپروژه ابریشم چین:  ۱۴۰۰/۰۶/۳.

Available at:  <https://donya-e-eqtesad.com/بخش-صنعت-معدن-3/3792382-استراتژی-اروپا-در-رقابت-با-مگاپروژه-ابریشم-چین>. Last visited: 25-8-2021.