شه‌فافییه‌تى سیاسى چییە؟

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

له‌ جیهانى سه‌رده‌مدا، وه‌رچه‌رخانێكى ڕیشه‌یى له‌ گشت بواره‌كاندا ڕووی داوه‌، ئه‌مه‌یش بووه‌ به‌ هۆى گۆڕینى ستراكتۆرى ده‌وڵه‌ت و خستنه‌ژێر پرسیارى ئه‌ركه‌ كلاسیكییه‌كانى. بۆیه‌ له‌ ده‌وڵه‌تى هاوچه‌رخدا، هه‌ڵسوكه‌وتى شیاو، له‌ ڕوانگه‌ى هاووڵاتیانه‌وه‌، فاكته‌رى سه‌ره‌كیى مانه‌وه‌ى سیسته‌مى سیاسیى ده‌وڵه‌ته‌، چونكه‌ له‌ به‌رانبه‌ریدا ڕۆڵى هاووڵاتى و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ گشت كایه‌كانى ژیانى هاوبه‌شدا له‌ فراوانبووندایه‌. بۆیه‌ شه‌فافییه‌ت یه‌كێك له‌ پایه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى پێك دینێت. ڕادده‌ى ئه‌م شه‌فافییه‌ته‌یش، به‌نده‌ به‌ ئاستى هۆشیاریى هاووڵاتیان و بوونى ده‌سه‌ڵاتى دیموکراتیکه‌وه‌.

هاووڵاتیان هه‌وڵى به‌شدارى له‌ ژیانى سیاسیدا ده‌ده‌ن، واته‌ هه‌وڵى كۆنتڕۆڵى ده‌سه‌ڵات؛ ئه‌مه‌یش پێویستى به‌ شه‌فافییه‌ته‌. له ‌لایه‌كی تره‌وه‌، قۆڕخكردنى ئامرازه‌كانى سه‌ركۆتكردن له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پایه‌ ئه‌منییه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى به‌هێز كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر شه‌فافییه‌ت له‌ كرداره‌كانیدا به‌دی نه‌كرێت، به‌ بیانوو، یان پاساوى جۆراوجۆر، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و ئازادییه‌كانى مرۆڤ مه‌ترسیدار ده‌بێت.

شەفافییەتی سیاسی؟

ئاشكرایه‌ سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌ت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ پێداویستییه‌ تاكى و كۆمه‌ڵییه‌ گرنگه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌؛ ئه‌م پێداویستییانه‌یش په‌یوه‌ستن به‌ بوونى ده‌وڵه‌ته‌وه‌؛ به‌و پێیه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌ت قه‌واره‌یه‌كى ڕێكخراوه‌یى و كارگێڕى و سیاسییه‌ كه‌ له‌ توانایدایه‌ كاروباره‌كانى هه‌رێمەکەى خۆى به‌ڕێوه ‌ببات. جا ئه‌و كاروبارانه‌ ئابوورى، سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى، ئاسایشى، ڕۆشنبیرى یان هه‌ر شتێكی ترى پەیوەست بە كاروبارى ژیان بن. حكوومه‌تى مه‌ده‌نى پێویستى به‌ سیسته‌مێك هه‌یه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌كردنى؛ ئه‌م بۆچوونه‌یش به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى كۆده‌نگیى له‌سه‌ره‌. به‌بێ ئه‌م سیسته‌مه‌ هیچ حكوومه‌تێك ناتوانێت به‌ جۆرێك كار بكات كه‌ له‌ جیاتى دابینكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانى ده‌سه‌ڵاتداران، په‌ره‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییەکانی گشتى بدات. ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسى بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ باشترین شێوه‌ ژیانیان ڕێك بخه‌ن، پێویسته‌ له‌و شتانه‌ ئاگادار ببنه‌وه‌ كه‌ به‌ زه‌رووره‌ت ده‌ژمێردرێن. بۆیه‌ شه‌فافییه‌ت له‌ كاروباره‌كانى ده‌سه‌ڵاتدا یارمه‌تیده‌رى ئه‌م ئاگاداربوونه‌وه‌یه‌یه‌.

له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌، شه‌فافییه‌ت واته‌ بوونى سیسته‌مێكى كراوه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ ئازادیى ڕاده‌ربڕین ده‌دات و، هه‌ڵسوكه‌وتى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ملكه‌چى به‌دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن دەبێتەوە. له‌ ڕووى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌، واته‌ تواناى ڕاگه‌یاندن له‌ ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادییه‌كان بۆ ئاشكراكردنى ڕاستییه‌كان. له‌ ڕووى یاسادانانه‌وه‌، واته‌ بوونى یاساگه‌لى ڕوون و چه‌قنه‌به‌ستوو و بێتارمایى بۆ هه‌ردوو بوارى گشتى و تایبه‌تى. له‌ ڕووى ئابوورییه‌وه‌ شه‌فافییه‌ت واته‌ ئازادیى ئابوورى و فه‌راهه‌مكردنى زانیارییه‌ ئابوورییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى له‌مپه‌ر و به‌ربه‌سته‌كان و هاندان بۆ سه‌رمایه‌گوزارى.

له‌م پێناسه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، شه‌فافییه‌ت ئه‌گه‌رچى به‌ پله‌ى یه‌كه‌م پرسێكى سیاسییه‌ به‌ڵام پێویسته‌ كه‌ له‌ گشت دامه‌زراوه‌كانى وڵاتدا په‌یڕه‌و بكرێت؛ چونكه‌ بوونى شه‌فافییه‌ت له‌ بوارێكدا به‌بێ بواره‌كانی تر ناتوانێت یارمه‌تیده‌رى هاووڵاتیان بێت بۆ پێكانى ئامانجه‌كانى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌فافییه‌ت له‌ گشت دامه‌زراوه‌كاندا جێگیر بكرێت، هه‌ر جۆره‌ له‌یاساده‌رچوونێك له‌لایه‌ن ئه‌م دامه‌زراوانه‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆى كاردانه‌وه‌ى هاووڵاتیان.

كه‌واته‌ شه‌فافییه‌ت به‌و واتایه‌ دێت كه‌ ڕێسا په‌یڕه‌وكراوه‌كانى گه‌مه‌ى سیاسى له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى ده‌وڵه‌تدا، پێویسته‌ بۆ هه‌مووان ڕوون و دیار بن، تاكوو هاووڵاتیان به‌دواداچوون و زانیارییان هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌و ڕێوشوێنانه‌ى كه‌ به‌رپرسانى كاروبارى ده‌وڵه‌ت به‌ مه‌به‌ستى ڕاپه‌ڕاندنى پرسه‌ نیشتمانییه‌كان په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن تا ئه‌مه‌ نه‌بێت به‌ ئیمتیازێك و ته‌نیا تایبه‌ت بێت به‌ نوخبە و خه‌ڵكانى نزیك له‌ ده‌سه‌ڵات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌ت بۆ هه‌مووانه‌، پێویسته‌ دۆزه‌كانیشى بۆ هه‌مووان ڕوون بێت؛ بۆیه‌ شتێكى ناشیاوه‌ به‌ هۆكارى نابابه‌تییانه‌ و به‌ هه‌ر پاساوێك بێت، خه‌ڵك له‌ كاروباره‌كانى سیاسى دوور بخرێنه‌وه‌ و، به‌بێ ئاگاداریى خۆیان بڕیار و ڕاسپارده‌كان به‌ ناویانه‌وه‌ ده‌ربچێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌و بڕیار و ڕاسپاردانه‌ى كه‌ ئاسه‌وارێكى گه‌وره‌ و به‌رجه‌سته‌ له‌ ژیانى هاووڵاتى و دواڕۆژیدا جێ دێڵێت.

ئاشكرایه‌ له‌ وڵاته‌ دیموكراسییه‌كاندا ڕێگه‌ و پره‌نسیپه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كان له‌ ده‌ستووردا دیاری كراوه‌؛ ئه‌و ده‌ستووره‌ى كه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ڕه‌واییبه‌خشین به‌ ده‌سه‌ڵات، پشت به‌ ڕاى گشتى ده‌به‌ستێت. به‌م جۆره‌یش هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ چاودێریی‌ ده‌ركردنى بڕیاره‌كان بكات یان به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى هه‌بێت ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م بڕیارانه‌ به‌ زیانى هاووڵاتى ته‌واو بێت.

شه‌فافییه‌ت ڕێڕه‌وێكه‌ نه‌ك سیفه‌ت یان به‌رهه‌مێك، چونكه‌ کەسانی خاوەن بەرژەوەندی جا له‌ ناوه‌وه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى سیسته‌مدا بن- ده‌توانن سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ى كه‌ له‌ناو سیسته‌مدا ڕوو ده‌ده‌ن ئاگاداریى ته‌واویان هه‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌م خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ له‌ ڕێگه‌ى هه‌بوونى زانیارى سه‌باره‌ت به‌ سیسته‌م، ده‌توانن له‌ پرۆسه‌ى دروستكردنى بڕیاردا به‌شداریى كارایان هه‌بێت. پێویسته‌ ڕێڕه‌وى شه‌فافییه‌ت پێداویستییه‌كانى تایبه‌ت به‌ زانیارى بۆ ئه‌م كه‌سانه‌ فه‌راهه‌م بكات؛ پابه‌ند بێت به‌ كات و شیاوى لێتێگه‌یشتن بێت. ئه‌و ئامانجانه‌ى كه‌ له‌ شه‌فافییه‌تدا ده‌خرێته‌ ڕوو، بریتییه‌ له پڕه‌نسیپی "زانین، مافی خه‌ڵكه‌." ئه‌م پره‌نسیپه‌یش بابه‌تێكى هه‌ستیار له‌ ژیانى سیاسیدا ده‌خوڵقێنێ، ئه‌ویش بابه‌تى ئاستى هۆشیاریى سیاسیى هاووڵاتیانه‌. بێ گومان هه‌رچه‌ند ئاستى هۆشیارى زۆر بێت، ده‌سه‌ڵات ناچاره‌ كه‌ زۆرتر پابه‌ندى پرسى شه‌فافییه‌ت بێت تاكوو ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ر بكات.

لێره‌وه‌ شه‌فافییه‌تى سیاسى به‌ هاوتاى ڕه‌وشتێكى ژیانى سیاسى دێت كه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتداران هه‌یانبێت و هاووڵاتیانیش لێى ڕازى بن كه‌ له‌سه‌ر سێ بنه‌ماى سه‌ره‌كى ده‌وه‌ستێت:

١. پێویسته‌ بۆ شه‌فافییه‌ت، زانیاریى ئاسانكراو له‌به‌رده‌ستى جه‌ماوه‌ردا بێت.

٢.  پێویسته‌ ئه‌م زانیارییه‌ په‌یوه‌ندیى پته‌وى به‌ بابه‌ته‌وه‌ هه‌بێت.

٣. پێویسته‌ ورده‌كارى و تازه‌گه‌رى و گشتگیرى له‌م زانیارییه‌دا هه‌بێت.

ڕه‌وشتى موماره‌سه‌كردنى سیاسه‌ت ڕۆڵى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌ به‌دیهێنانى شه‌فافییه‌ت له‌ كارى حكوومه‌ت و زیادتركردنى ڕایه‌ڵه‌كانى نه‌زاهه‌ت و به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى جه‌ماوه‌ر؛ ئه‌م كاره‌ له‌گه‌ڵ نهێنیبوونى دروستكردنى بڕیارى سیاسیدا یه‌كتر ده‌بڕێ. ئه‌م نهێنیبوونه‌یش ده‌بێته‌ هۆى قۆڕخبوونى ده‌سه‌ڵات و، ده‌سه‌ڵاتداران به‌ هێنانه‌وه‌ى پاساوى جۆراوجۆر وه‌ك هه‌بوونى مه‌ترسیى ده‌ره‌كى یان بیانووى پاراستنى سه‌قامگیریى سیاسى و دوورخستنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئاژاوه‌، خۆیان له‌ پرسى شه‌فافییه‌ت دوور ده‌خه‌نه‌وه‌. به‌م جۆره‌یش ده‌سه‌ڵات كار بۆ به‌رهه‌مهێنانى جۆره‌ ڕایه‌كى گشتى ده‌كات تا بتوانن متمانه‌ى هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ر بكات. ئه‌م جۆره‌ ڕایه‌یش، ڕاى ڕاسته‌قینه‌ و هه‌ڵقووڵاوى ئاگاداریی هاووڵاتیان نییه له‌ ڕووداو و بابه‌ته‌كان‌، به‌ڵكوو ڕایه‌كى ده‌ستكاریكراوه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌نجامى تیشكخستنه‌ سه‌ر هه‌ندێ پرسى ناواقعییانه‌ (وه‌ك ئه‌و پرسانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێ دان) به‌رهه‌م دێت. بۆیه‌ بوونى شاراوه‌یى و نهێنى، له‌گه‌ڵ ڕه‌وشتى ژیانى سیاسیدا یه‌كدى ناگرنه‌وه‌ كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى ده‌سه‌ڵات گه‌له‌ و ده‌بێت له‌ دۆزه‌كان ئاگادار بێت.

له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ى كه‌ جیا ده‌كرێنه‌وه‌ به‌ به‌شداریكردنى به‌هێز له‌ ژیانى گشتیدا، هاووڵاتیان سه‌باره‌ت به‌ بواره‌كانى ڕەفتاری سیاسی زیادتر كۆك و هاوده‌نگن و، زیادتریش ڕێز له‌ یاساكانى ڕێكخستن و دیسپلینى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌گرن. له‌ نێوه‌ند‌ى بوونى شه‌فافییه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌ گشتییه‌كاندا و پابه‌ندبوون به‌ پێشكه‌شكردنى زانیارى، كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییش له‌باره‌ى چۆنێتیى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ پرسیارگه‌لێك ده‌ورووژێنێت. له‌ زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ ستراكتۆرى داخراویان هه‌یه‌، حكوومه‌ته‌ تاكڕه‌وه‌كان (ئۆتۆكراسییه‌كان) گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ڕاده‌گرن و، ئه‌م ستراكتۆرانه‌یش وایان كردووه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ شێوه‌یه‌ك كار بكه‌ن كه‌ هیچ حیساباتێك له‌سه‌ر كاره‌كانیان پێشكه‌ش نه‌كه‌ن.

هۆكاره‌كانى نه‌بوونى شه‌فافییه‌تیش له‌ زۆربه‌ى وڵاتاندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاوازیى به‌شداریى سیاسیى هاووڵاتى و خراپیى سیسته‌مى دادوه‌رى؛ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ ستراكتۆره‌ سیاسییه‌كانى ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌تیش یاسادانان له‌ قۆناغى سه‌ره‌تاییدایه‌. ئه‌م بارودۆخه‌یش ماوه‌یه‌كى زۆریان خایاندووه‌ و زیانى له‌ واقعى ژیانى خه‌ڵك داوه،‌ سه‌ره‌ڕاى لاوازكردنى دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ملكه‌چبوونیان له‌ زۆربه‌ى كاته‌كاندا بۆ ده‌وڵه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌ربه‌خۆیییان هه‌بێت. ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌ك ته‌نیا شه‌فافییه‌ت نه‌بێت به‌ڵكوو ده‌سه‌ڵاتى سیاسى به‌توندى به‌رپه‌رچی ئه‌و داواكارییانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ داواى بوونى شه‌فافییه‌ت له‌ كاروباره‌كانى حكوومه‌ت و ده‌زگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیدا ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌یش ڕه‌وتى گه‌شه‌ى وڵات په‌ك ده‌خات و هه‌ر تاكێكى كۆمه‌ڵگه‌ هه‌وڵ ده‌دات پێداویستییه‌كانى ژیانى ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌بێ گرنگیدان به‌و ڕووداوانه‌ى كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ڕوو ده‌ده‌ن.

شه‌فافییه‌ت ئاماژه‌ به‌و خاڵه‌ ده‌كات كه‌ ڕێڕه‌وه‌كانى حكوومه‌تكردن نابێ له‌ خه‌ڵك بشاردرێته‌وه‌، تا ئه‌وان بتوانن چاودێریى شێوازه‌كانى سیاسه‌تداڕشتن و چۆنێتیى جێبه‌جێكردنیان بكه‌ن. ئه‌م كاره‌یش پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكوومه‌ته‌كان له‌ شاراوه‌یی له‌ كاره‌كانیان ده‌ست هه‌ڵگرن. ئاسانكارییش له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ واتاى هه‌لومه‌رجى له‌بار دێت بۆ هاووڵاتیان، به‌ مه‌به‌ستى ڕه‌خنه‌گرتن له‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌ تێڕوانینى ئه‌وان شه‌فاف نییه‌. بۆیه‌ هاووڵاتیان خوازیارى جۆره‌ حكوومه‌تێكن كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌شداریكردن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ دامه‌زرابێت. لێره‌وه‌ شه‌فافییه‌ت مافێكه‌ له‌ مافه‌كانى هاووڵاتیان به‌رانبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت؛ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌ركێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى كارگێڕى به‌رانبه‌ر به‌ هاووڵاتیان. ئه‌ركى ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌رفه‌ت بۆ هاووڵاتیان بڕه‌خسێنێت بۆ ئاگاداربوونى به‌رده‌وامیان له‌ ڕه‌وڕه‌وه‌ى پرۆسه‌ى به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. له‌مه‌یشدا شه‌فافییه‌ت به‌و مانایه‌ دێت كه‌ پێویسته‌ گشت داموده‌زگه‌ و دامه‌زراوه‌كانى به‌رپرس له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى گشتى شه‌فاف بن و ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ى دیوى ناوه‌وه‌ى كاروباره‌كانیان بێت؛ ئه‌مه‌ ته‌نانه‌ت حزب و سه‌ندیكا و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌موو ڕاستییه‌كان بۆ باس و لێپرسینه‌وه له‌به‌رده‌ستدا بێت‌. كه‌واته‌ شه‌فافییه‌ت، خۆى له‌ خۆیدا ئامانج نییه‌، به‌ڵكوو ئامرازێكه‌ له‌و ئامرازانه‌ى كه‌ یارمه‌تیده‌رن له‌ پرۆسه‌ى لێپێچینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌دا؛ هه‌روه‌ك چۆن لێپێچینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گونجاو به‌بێ په‌یڕه‌وكردنى شه‌فافییه‌ت فه‌راهه‌م نابێت.

به‌ جێگیربوونى پره‌نسیپى بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕاشكاوانه‌ى گشت زانیارییه‌كانى حكوومه‌ت، پانتاى لێكتێگه‌یشتن، متمانه‌به‌یه‌ككردن و هاوكارى له‌ نێوان هاووڵاتیان و حكوومه‌تدا دێته‌ ئاراوه‌. به‌ بۆچوونى هه‌ندێ له‌ زانایان، بوونى پانتایه‌كى سارد له‌ نێوان هاووڵاتیان و حكوومه‌ت و ڕۆحى نائومێدى له‌ هاووڵاتیاندا و خۆدووره‌په‌رێزكردنیان له‌ به‌شداریكردن له‌ چالاكییه‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، تا ڕادده‌یه‌كى زۆر، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بێئاگایییان له‌ كرده‌كانى ڕاسته‌قینه‌ى حكوومه‌ت‌. نه‌بوونى شه‌فافییه‌ت له‌ كرده‌كانى حكوومه‌ت و مكوڕبوونى له‌سه‌ر په‌رده‌پۆشكردنى كرده‌كانى، ئه‌م هه‌سته‌ لاى هاووڵاتى دروست ده‌كات كه‌ بایه‌خى پێ نادرێت و هیچ ڕۆڵى نییه‌ له‌ چاره‌نووسیدا و، له‌ به‌شداریكردنى دیموكراتییانه‌ له‌ پرۆسه‌ سیاسییه‌كاندا بێبه‌ش كراوە. ئه‌مه‌یش هه‌ستى نابه‌رپرسیارێتى و متمانه‌نه‌كردن به‌ حكوومه‌ت  لاى هاووڵاتى دروست ده‌كات.

شه‌فافییه‌تى سیاسى كه‌ به‌ واتاى ڕوون و ئاشكرابوونى بڕیاره‌ سیاسی و دادوه‌رییه‌كان و دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات دێت، ده‌كرێت به‌ گرتنه‌به‌رى ستراتیژییه‌كانى خواره‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بكرێت(3):

١. دامه‌زراندنى حزبگه‌لی سه‌ربه‌خۆ و هاندانى ململانێی ساخڵه‌مییانه‌ له‌ نێوانیاندا بۆ به‌هێزكردنى سیسته‌مى دیموكراتیك.

٢. به‌هێزكردنى زانیاریى گه‌یاندن له‌ ڕێگه‌ى میدیا و بڵاوكراوه‌ى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بۆ چاكسازى و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ کاربەدەستان و ئازادیى ڕێڕه‌وى زانیارییه‌كان.

٣. به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى دیموكراسى له‌ ڕێگه‌ى چاكسازیكردن لە پرۆسه‌ دیموكراتییه‌كاندا وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كان.

٤. به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى به‌شداریى خه‌ڵك له‌ چاودێریكردنى حكوومه‌ت و داموده‌زگه‌كانى، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى به‌ره‌نگاربوونه‌وى گه‌نده‌ڵى.

٥. هێنانه‌دیى شه‌فافییه‌ت له‌ یاساكانى په‌یوه‌ست به‌ دادوه‌رى و بڕیاره‌كانى و دادگه‌كان.

٦. به‌هێزكردنى وه‌فادارى و متمانه‌ى گشتى به‌ سیسته‌می سیاسی و حوکمڕانی له‌ ڕێگەى لابردنى تاڕمایى له‌ چالاكییه‌كانى سیسته‌مدا و نه‌هێشتنى كێشه‌كان و به‌دیهێنانى مافى هاووڵاتیان.

 به‌ تێڕوانین له‌م خاڵانه‌ى سه‌ره‌وه‌، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ سه‌رده‌مى ئێستادا ته‌نیا به‌ ئه‌ركى ده‌سه‌ڵات ناژمێردرێت؛ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتیش به‌سه‌ر گشت كۆمه‌ڵگه‌ و دامه‌زراوه‌كانیدا دابه‌ش بكرێت نه‌ك له‌ ناوه‌ندێكى به‌رته‌سكدا چه‌قبه‌ستوو بێت و بڕیارده‌ركردن ته‌نیا مافى چه‌ند لایه‌نێك بێت. هه‌ر بۆیه‌یش به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و به‌رفراوانبوونى ماف و ئازادییه‌كانى مرۆڤ، پێناسه‌ى حكوومه‌تیش گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ باشترین شێواز ده‌ست بكا به‌ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانى و دابینكردنى پێداویستییه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌، چه‌مكى حوكمى باش شوێنی گرتووەتەوە.

به‌ بۆچوونى "نادر فه‌رجانى"، حوكمڕانیى باش واته ‌"جۆرێكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌یى، گوزارشتكه‌رن له‌ خه‌ڵك، گوزارشتێكى ساخڵه‌مییانه‌ و تۆڕێكى به‌هێز له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى دیسپلین و لێپرسینه‌وه‌یه، كه‌ دواجار به‌هۆى خه‌ڵكه‌وه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ ده‌درێن و بۆ به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى هه‌وڵ ده‌دات." بانكى نێوده‌وڵه‌تى پێناسه‌ى حوكمڕانیى باش ده‌كات به‌و داموده‌زگه‌ و نه‌ریتانه‌ كه‌ له‌ نێوه‌ند‌یاندا ده‌وڵه‌ت له‌ پێناو به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى، موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاتەکانی دەکات. ئه‌م پێناسه‌یه‌یش ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ له‌خۆ ده‌گرێت:

١. پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سه‌ڵاتداران و لابردن و گۆڕینیان.

٢. تواناى حكوومه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردن و جێبه‌جێكردنى سیاسه‌ته‌ ساخڵه‌مه‌كان به‌كارایى.

٣. ڕێزگرتنى هه‌ر یه‌ك له‌ هاووڵاتى و ده‌وڵه‌ت له‌و داموده‌زگه‌یانه‌ى كه‌ ته‌حه‌كوم له‌ كارلێكه‌ ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن.

به‌ڕێوه‌بردنى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ڕێگه‌ى حوكمڕانیى باش، سێ ڕه‌هه‌ندى پێكه‌وه‌گرێدراو له‌خۆ‌ ده‌گرێت: ڕه‌هه‌ندى سیاسیى په‌یوه‌ست به‌ سروشتى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و مەشروعییەتی نوێنه‌رایه‌تیكردن، ڕه‌هه‌ندى ته‌كنیكیى په‌یوه‌ست به‌ كارى به‌ڕێوه‌بردنى گشتى و لێهاتوویى و كارایییه‌كه‌ى و، ڕه‌هه‌ندى ئابوورى- كۆمه‌ڵایه‌تیى په‌یوه‌ست به‌ سروشتى بنیاتى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ڕادده‌ى زیندووێتى و سه‌ربه‌خۆبوونى له‌ ده‌وڵه‌ت له‌ لایه‌ك و، سروشت و كاریگه‌ریى سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كان له‌ هه‌ردوو بوارى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا له‌ ڕووى هه‌ژارى و جۆرى ژیان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌.

ئه‌م سێ ڕه‌هه‌نده‌ كه‌ پێكه‌وه‌گرێدراون، كاریگه‌رییان له‌ به‌رهه‌مهێنانى حوكمڕانیى باشدا هه‌یه‌، چونكه‌ ناتوانین سیستەمێکی کارگێڕیی گشتیى كارا وێنا بكه‌ین به‌بێ سه‌ربه‌خۆییى كارگێڕى له‌ دەستێوەردانی سیاسه‌توانان. كارگێڕیى سیاسییش به‌ته‌نیا و به‌بێ بوونى كارگێڕییه‌كى گشتیى كارا، ناتوانێت ده‌سكه‌وته‌كانى له‌ سیاسه‌تى گشتیدا به‌ده‌ست بێنێت. هه‌روه‌ها هه‌ژموونى ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و نه‌هێشتنى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ده‌بێته‌ هۆى دیارنه‌مانى پێكهێنه‌رێكی سه‌ره‌كى له‌ كارتێكردن له‌ سیاسه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا و، چاودێریى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و ئابوورى و لێپێچینه‌وه‌یان.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، سیاسه‌ته‌ ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ نه‌بوونى به‌شدارى و لێپێچینه‌وه‌ و شه‌فافییه‌تدا ڕێك و جێگر نابێت و، نابێته‌ هۆى چاككردنى بارودۆخى هاووڵاتیى بێتوانا له‌ ڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌م سیاسه‌ته‌ گشتییانه‌دا. پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌و خاڵه‌ گرنگه‌ بكه‌ین كه‌ بۆ كاراییى هه‌ر سیسته‌مێكى سیاسى و به‌هێزبوونى توانای هاووڵاتیان له‌ چاودێریكردنى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، به‌ ڕێگه‌ و ئامرازى جۆراوجۆر، سه‌ربه‌خۆییى ڕێژه‌ییى هه‌ر یه‌ك له‌ داموده‌زگه‌كانى حكوومه‌ت له‌ چوارچێوه‌ى یاساى ڕێپێدراودا پێویستییه‌كى هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌. هه‌ر بۆیه‌یش ده‌بینین كه‌ له‌ سیسته‌مه‌ دیموكراسییه‌كاندا به‌هۆى سه‌ربه‌خۆییى ئه‌م داموده‌زگه‌یانه‌ ڕادده‌ى شه‌فافییه‌ت له‌ به‌رزترین پله‌دایه‌. حوكمڕانیى باش به‌بێ هیچ گومانێك، حوكمێكى دیموكراتیکه‌ كه‌ پشت به‌ به‌شداریى به‌رفراوانى هاووڵاتیان ده‌به‌ستێت له‌ به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌دا‌؛ چونكه‌ ئه‌م حوكمه‌ گریمانه‌ى ئه‌گه‌رى لێپرسینه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕێگه‌ به‌ ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات ده‌دات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر، ئه‌گه‌رى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌ى ڕاسته‌قینه‌ نه‌بێت، لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌ شێوه‌یه‌كى ڕواڵه‌تى له‌خۆ‌ ده‌گرێت.

پوختە

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمى كوردستان ناتوانین بڵێین كه‌ شه‌فافییه‌ت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ته‌واوى په‌یڕه‌و ده‌كرێت، چونكه‌ له‌ هیچ سیسته‌مێكى سیاسیدا شه‌فافییه‌ت به‌ته‌واوى بوونى نییه‌. هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى گه‌لێك فاكته‌ره‌وه‌-وه‌ك ململانێى حزبایه‌تى كه‌ زۆر جار ڕوخسارى نایاسایییانه‌ به‌‌خۆوه‌‌ ده‌گرێت و زاڵبوونى دابنه‌ریتى خێڵه‌كى و مەترسییە دەرەکییەکان- نه‌یتوانیوه‌ ئاستێكى پێویست له‌ شه‌فافییه‌ت په‌یڕه‌و بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌یش به‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بنه‌ماكانى شه‌فافییه‌ت به‌دى ناكرێت؛ بۆ نموونه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر جار ڕه‌خنه‌ له‌ كار و كرده‌وه‌كانى په‌سه‌ند ده‌كات، یاخود ئازادیى ڕاده‌ربڕین تا ڕادده‌یه‌كى زۆر ڕێگه‌پێدراوه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین كه‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به‌ره‌و شه‌فافییه‌ت هه‌نگاو ده‌نێت؛ هه‌روه‌ك چۆن له‌ مادده‌ى (٦٤)ى ڕه‌شنووسى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه‌ كه‌ "حكوومه‌تى هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌ پته‌وكردنى ڕۆڵى دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و پشتگیریكردنیان و په‌ره‌پێدانیان و پاراستنى سه‌ربه‌خۆیییان له‌ پێناو به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانیان؛ ئه‌ویش به‌ یاسا ڕێك ده‌خرێت." هه‌ر وه‌ك ده‌زانین دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییش یه‌كێك له‌ پایه‌كانى بوونى شه‌فافییه‌ت پێك دێنن، چونكه‌ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ ئه‌ركی چاودێریكردنى ده‌سه‌ڵات له‌ چۆنێتیى به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانیدا ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.