سیاسەتی كه‌لتووری؛ پایەی پەرەسەندنی به‌رده‌وام

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

کورتە

ئەم نووسینە لە دەوری دوو بابەتی كه‌لتوور و پەرەسەندن دەسووڕێتەوە و دەیەوێ وێڕای سەلماندنی پەیوەندیی نێوانیان، کاریگەری و گرینگیی سیاسەتی كه‌لتووری لە واری پەره‌سەندنی به‌رده‌وام (Sustainable development) بخاتە ڕوو و وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: بۆچی وێڕای تەقەڵڵای گەشەی سیاسی و ئابووری، لە وڵاتگەلێکی جیهانی سێیەم ڕەوتی پەرەسەندن ناپایەدار و نابه‌رده‌وامە؟ بەپێی دەرکەوتەکان لاوازیی سیاسەتی كه‌لتووری، هۆکارێکی سەرەکیی ئەم ناپایەداری و نابه‌رده‌وامییه‌یه‌. بۆیە پێویستە كه‌لتووری پەیڕەو و كه‌لتووری پێشڕەو پتر بناسرێن و حکوومەت بە سیاسەتی بژاردن لەناو تۆڕی گڵۆبالیزەی جیهاندا ڕێڕەوی كه‌لتووری هاوتا لەگەڵ ناسنامه‌ی سیاسیی خۆی، بە ئامانجی پێشکەوتنی حکوومەت و کۆمەڵگە و گەیشتن بە پەرەسەندنی به‌رده‌وام، دابنێت.

دەروازە

پێشکەوتنی مرۆڤ ڕەوتێکی مێژوویییە کە ڕیشە کەونارەکانی لەناو زانستی پزیشکی و گۆڕانی جێنیتیکی و پێگەیینی مرۆڤی کۆنی وەک هێموساپینز و گەشەکردنی مێشک دەدۆزرێنەوە. ئەم ڕەوتە، درێژەی هەبوو تا لەسەردەمی نوێ بەگوێرەی خێراییی گۆڕانەکان و پێشکەوتنی زانست، چەمکی پەرەسەندن لە دوای نیوەی سەدەی بیستەم لەناو کەشی مۆدێرنیتە جێی بۆ خۆش کرا و جیهانی مرۆڤی بەسەر دوو بەشی سەرەکیی پەرەسەندوو و پەرەنەسەندوو دابەش کردووە. هەڵبەت بەشێک لە وڵاتانیش لە پەرەسەندندان، بەڵام هەندێکیان بە لەنگی دەڕۆن و تووشی بنبەست دەبن. ئەم شەلییە بۆتە هۆی ئەوەی پەرەسەندنی به‌رده‌وام و هاوسەنگ لەو جۆرە وڵاتانە دروست نەبێت. پاژنەی ئاشێلی ئەم ناهاوسەنگییە ئەوەیە کە وڵاتێکی ڕانتییەری پڕپارەی تاکەبەرهەم و تاکەسەرچاوە بە یەک دیدی تاکەڕەهەندییانەی سیاسی یان ئابووری، خۆی داوێتە ناو جاددەی هەڵەی بەناو پەرەسەندن و، سەرمەستانە یەک گۆشەی سیاسی و ئابووری، بە نیگایەکی ئەندازیارانە بۆ پێشکەوتن، دەبینێت و بابەتی سیاسەتی كه‌لتووری لەبیر دەکات یان تەنیا لەناو کاڵای كه‌لتووریدا پێناسەی دەکات؛ لە کاتێکدا مرۆڤ تەوەری سەرەکیی پەرەسەندنە و پێویستە كه‌لتوورسازیی بۆ بکرێت نەک میکامیزمی ماکینیزمکردنی وڵات، کە وەک مانکێنێکی سارد و بێڕۆح وایە، ببێتە به‌رنامه‌ی كار.

بە واتایەک، لە وڵاتگەلێکی جیهانی سێیەم پڕۆسەی پەرەسەندن زیاتر وەک پڕۆژەیەکی ئابووری دەدرێتە دەست تەکنۆکرات و ئابووریناسانێک کە کەمتر سەرنج دەدەنە واری سیاسی، کۆمەڵایەتی و كه‌لتووری. لێرەدایە کە پەرەسەندنی لاسەنگ و نابه‌رده‌وام بەکوێری دەڕوات و دەکەوێتە چاڵی چەوتی. ڕاستە پێشتر پەره‌سەندن بە واتای پەرەگرتنی ئابووری دەهات، بەڵام وردە وردە بابەتی دیکەی وەک پەره‌سەندنی مرۆیی، کە پەیوەندیی بە كه‌لتوورەوە هەیە، بووە دانگە و پێداویستەی سەرەکیی پەره‌سەندن کە پێویستیی بە زانستی سیاسەتی كه‌لتوورییە. بۆیە زۆر جار كه‌لتوور ئاوا پێناسە دەکرێت کە "کۆمەڵە بەها، سیمبول، ئایین و دامەزراوەی کۆمەڵایەتین کە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی واری ئابوورییەوە هەیە." (نجف بیگی، 1385: 26)

لەم پەنجەرەوە، سەرەتاییترین و سەرەکیترین سیاسەتی كه‌لتووری، ناساندنی كه‌لتووری خۆماڵی و ئەرێنییە بە خۆت و دەوروبەر، بە مەبەستی دروستکردنی ناسنامەی كه‌لتووری کە یەکسانە بە ناسنامەی سیاسی. بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی دیاردەی گوندی جیهانی، دەبینین کە "کۆ" پارێزراوە بەڵام بەهۆی لاوازبوونی سیاسەتی كه‌لتووری، "تاک" تووشی ئه‌ڵزایمێری كه‌لتووری دەبێت و ئێلێمێنت (Element) و هێماگەلی كه‌لتووری ڕەسەنی خۆی لەبیر دەکات. دواجار ناسنامەی سیاسی تووشی تەلیسمی ئاسمیلاسیۆن دەبێت. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە كه‌لتووری جیهانی وەلا بندرێت و كه‌لتووری ناوچەیی بە باڵاترین كه‌لتوور دابندرێت و شتێکی وەک نازیزمی ئەڵمانی وێنا بکرێت؛ هەروەها مەبەست ئەوە نییە کە كه‌لتوورسازیی مۆدێڕن لەسەره‌وەڕا بسەپێت و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بێتە دی.

ڕاستییەکەی، ناکرێ ڕێگە لە كه‌لتووری دەرەکی و وردەكه‌لتوورەکانی دیکە بگیردرێت، چونکە كه‌لتوور شتێکی ڕەوین و بزواوە و لە ناخدا شتێکی گوێزه‌ره‌وه‌یە و سنوور قەت دەرەقەتی نایه‌ت. بۆیە پێویستە بەپێی ئامانج، بە هەڵبژاردنی لۆژیکانە بە شێوازی بژار و بژاردەیی کاری كه‌لتووری بکرێت. واتا، دەبێ نەریتەکان بەپێی گونجاوییان بە مەبەستی پێشکەوتن تەتڵە و هاوێر بکرێن و كه‌لتوورە جیهانشموولە بەکەڵکەکانیش بگونجێندرێن و كه‌لتووری پەسندی بیانییەکانیش به‌خۆماڵی بکرێت. هەروەها مەبەست لە سیاسەتی كه‌لتووری ئەوە نییە کە تاکی تاکەڕەهەندی و ئایدیۆڵۆگی وەک كه‌لتوورسازیی کۆمۆنیستی دروست بکرێت، بەڵکوو مەبەست نیشاندانی كه‌لتووری باش و ئەرێنییە کە خزمەت بە گەشەی گشت مرۆڤایەتی دەکات و زەمینەسازییە بۆ مرۆڤسازی و سازکردنی کۆمەڵگەی پەرەگرتووی سۆبژەکتیڤانە.

لەسەردەمی پەرەسەندنگەراییدا وڵاتانی پێشنەکەوتوو پتر پێویستیان بە سیاسەتی كه‌لتووری هەیە، چونکە ئەم جۆرە وڵاتانە وەک سویسڕا نین کە هەموو شتێکیان لە جێی خۆیدا بێت و هەموو شتیان بناغەڕێژ کرابێت و ژێرخانی پەستاو و پتەوی مێژووسازیان هەبێت. لەم دیدگەیەوە، کورد یەکێک لەو نەتەوە پەرەنەسەندووانەیە کە پێویستە بیر لە ژیانێکی باشتر بکاتەوە؛ بۆ گەیشتن بەم ئاواتە پێویستە سیاسەتی كه‌لتووری بکاتە سەرەکیاتی خۆی و ئەوە دیاری بکات کە لەناو ئەتمۆسفێری كه‌لتووری لە کوێی دونیادایە و دەیەوێ بگاتە کام کەنار. وەک دیارە لە ڕووی سیاسییەوە ناسنامەی کوردی، درەنگ بە دونیا ناسێندراوە و ناسنامه‌ی پێشمۆدێرن هێشتا زاڵە و نەبۆتە ناسنامەیەکی مۆدێڕن و ژێرخانی ناسێنەی سیاسی. ئەم گڕوگاڵە ئەو پرسیارە گەڵاڵە دەکات کە بۆچی وێڕای کاری سیاسی و ئابووری، هێشتا پەرەسەندنی به‌رده‌وام دروست نابێت؟ بۆ دیتنەوەی وەڵام، دەبێ بەناو تیۆریی سیاسەتی دامەزراوەییی عەجەم ئۆغڵۆ و ڕابینسۆن و تیۆریی شایستەییی كه‌لتووری، بە میتۆدی شیکاری وەسفی بچینە ناو وارگەی پەرەسەندنی به‌رده‌وام و هاوکێش، کە ئەویش سیاسەتدانانی كه‌لتووریی گەرەکە.

ڕوانگەی تیۆری

كه‌لتوور و تیۆریی كه‌لتووری دوو شتی لێکهاڵاون، بۆیە ویتگنشتاین گوتەنی، دەبێ لە کارایییان بپرسین نەک لە مانا. "كه‌لتوور شتێکی زەینی، نێوان-زەینی، واتایی، ئایدیایی، هزری، ئێپیستمەیی (مه‌عریفی)، هۆکاری، کۆیی، مێژوویی، نۆڕمی، فەلسەفی و تەنانەت ئایینییە کە لە بەرانبەر ماددەدا پێناسە دەکرێت." (افروغ، 1394: 9) کاناڵیزە و ئامانجدارکردنی ئەم نەرمەئامرازە ئاڵۆزە، پێویستی بە تیۆریی زانستی و سیاسەت هەیە. بەم ڕێگوزەرەدا، عەجەم ئۆغڵۆ و ڕابینسۆن بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئیمپراتۆڕییه‌تی ڕۆم، دەوڵەت-شاری مایا، سەدەکانی ناوەڕاست، یەکێتیی سۆڤیەت و ئەفریقا، کارایی و کاریگەریی سیاسەت لەسەر کۆمەڵگە، لەناو پڕۆسەیەکی مێژووییدا، دەخەنە ڕوو. سەرەتا ئەوان تیۆریی جوگرافیای مۆنتسکیۆیان ڕەت کردەوە، کە پێی وایە وڵاتگەلی هەژاری ئەفریقا لە نێوان بازنەی "رأس السرطان" (Tropic of cancer) و "رأس الجدی" (Tropic of Capricorn) لە بەرانبەر وڵاتانی دەوڵەمەندی ناو جوگرافیای خۆشتر، مەیلی تەمبەڵییان هەیە؛ ئەوان بۆ بەڵگاندنی دیدگەی خۆیان نموونەیان بە پێشکەوتنی وڵاتانی وەک مالیزیا و سەنگاپوور هێنایەوە. لە بەرانبەردا ستراکچەری دەوڵەتیان کردە پێوەری پێشکەوتن و، نموونەیان بە باکوور و باشووری شاری نۆگالێس، کۆریای باشوور لە بەرانبەر کۆریای باکوور، ئەڵمانیای خۆراوا لە بەرانبەر ئەڵمانیای خۆرهەڵات و ئەفریقای باشوور لە بەرانبەر بیابانی ئەفریقایان هێنایەوە کە هەر یەک لەوانە لەگەڵ لەتکەکەی تری یەک جۆرە مێژوو و كه‌لتوور و ئابوورییان هەیە، بەڵام سیاسەت و جۆری بەڕێوەبردن کاریگەریی لەسەر پێشکەوتنی بەشێک لەوان هەبوو.

بە تێڕوانینی ئەوان، چین و ژاپۆنیش لە سەردەمێکدا داماو و بەلەنگاز بوون، بەڵام بە هەڵبەزێک کەوتنە سەر ئاسنەڕێی پەرەسەندن. هەروەها هەندێک کەسی وەک ماکس ڤێبه‌ر پێگەی ئابووری بە كه‌لتوور دەبەستنەوە و کۆمەڵگەی پیشەسازیی مۆدێرن لە ڕۆژاوای ئەوروپا لە بەرەنجامی چاکسازیی ئایینی و ئەخلاقی پڕۆتێستانی دەزانێت. لە بەرانبەردا ئۆغڵۆ و ڕابینسۆن لایەنی ئایینی، نەریتی و نۆڕمەکان بە هۆکاری پێشکەوتن نازانن، بەڵکوو لایەنی دیکەی كه‌لتووری، وەک هاوکاری و متمانەی نێوان تاکەکان بە هۆکاری پەرەسەندن دەزانن. لە دیدی ئەوان جیاوازیی نێوان ئەوروپی و نائەوروپیبوونیش بۆ بابەتی پێشکەوتن بۆچوونێکی چەوتە، چونکە بەشێکی کۆمەڵگەی ئەرژەنتین و ئۆرۆگوایش وەک کانادا و ئەمریکا لە ئەوروپییەکان پێک هاتووە، بەڵام ئاست و شێوەی پەرەسەندنیان لە وڵاتانی باشووری وشکارۆی ئەمریکا جیاوازە. هەروەها گەشەی چین زیاتر بەهۆی دێنگ شائۆ پینگە کە وردە وردە سیاسەتی ئابووریی سۆسیالیستیی وە لانا. لێرەدا گریمانەی نەزانین لە نێوان ئابووریزانان و سیاسەتسازان گرینگە و ڕۆشنگەری و ئاگاییدان لەلایەن دەسەڵاتداران و سیاسەتدانەران گۆڕانی کاریگەری بەدواوە دەبێت. کاتێک وڵاتێک لە هەژارییەوە بەرەو پەرەسەندن دەڕوات، ئەوە بەهۆی سووڕان و گۆڕانی سیاسەتە. هەروەک ئەو گۆڕانانەی کە کەمال دەروێش لە تورکیا، مانهومان سینگ لە هیند کردیان؛ هەرچەندە ئەم کەسانە تەنیا ترۆپکی کێوێکی سەهۆڵی بوون، بەڵام لەلایەن سەدان و هەزاران تەکنۆکرات و بیرۆکراتی پسپۆڕ پشتیوانی دەکران.

بەپێی ئەم تیۆرییانە، دەردەکەوێت کە كه‌لتوور لە بنەمادا وەک ماددەی خاو ناتوانێت بەتەنیا ببێتە هۆکارڕەخسێنەر پەرەسەندن، بەڵکە ئەوە سیاسەتە کە كه‌لتوور کۆک و ئاراستە دەکات و بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی و بە مەبەستی پەرەسەندن هەرەس و ئاودێری دەکات. ئەم کارە لە چوارچێوەی تیۆرییه‌ک بە ناوی شایستەییی كه‌لتووری جێی دەبێتەوە. شایستەییی كه‌لتووری لە لێزانی، لێهاتوویی و ناسینی كه‌لتووری دەروونی و دەرەکی ورد دەبێتەوە و لە کەنار پسپۆڕی و شارەزاییدا بە یەکێک لە هۆکارەکانی گەشە و پەرەسەندن دادەندرێت. شایستەییی كه‌لتووری کۆمەڵە بیروباوەڕ، پەیوەندی، نەریت، نۆڕم و ڕەفتارێکی گونجاون لەگەڵ دید و سیاسەتی ناو سیستەمێک؛ (Cross, 1989) بۆیە پێویستە دامەزراوەکان پێناسەیەکی ڕوون لە بنەما، سیاسەت، ستراکچەر و شێوازەکان بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی توانای کاریگەریدانانیان هەبێت. شایستەییی كه‌لتووری وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام و بزاوت بەرەو خاڵی ئایدیه‌ڵ دەبیندرێت و بەردەوام دەگۆڕێت. (تقیزادە موغاری، 1399: 269) بە گوتەی دەیڤیس، شایستەییی كه‌لتووری بریتییە لە یەکپارچەسازی و گۆڕانی زانست، زانیاری و داتا لەبارەی تاک و گرووپە جه‌ماوه‌رییه‌كان لەناو مەیدانی ستاندەر، لێزانی، ڕوانگە خزمەتگوزارییەکان، تەکنیک و بەرنامەگەلی ڕیاڵیستانەی تایبەت، کە لەگەڵ كه‌لتووری تاکەکان هاوگرە و کوالێت و دەسکەوتەکان زیاتر دەکات Saldana, Delia, 2001)) و بەستێنی پەرەسەندن هەموار دەکات.

پەیوەندیی نێوان كه‌لتوور و پەرەسەندن

لە دیدگەلێکەوە كه‌لتوور پردی پەرەسەندنی به‌رده‌وامە؛ بۆ وێنە دۆرکیم گرینگییەکی زۆر بە كه‌لتوور دەدات و بە هۆکاری سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگی دادەنێت و وەک هێزێکی بزواو و پاڵنه‌رساز هەژماری دەکات. ئەگەرچی کەرخەپێی پەرەسەندن زیاتر لەسەر ڕێچکەی ئابووری دەبیندرێت، بەڵام بونیادی كه‌لتووری ڕۆژاوایی هەر لە سەردەمی ڕێنێسانس و زیندووبوونەوەی میراتی یۆنانی کەونارا لەبارەی تاکگەرایی، تا دەگاتە قۆناغی چاکسازیی ئایینی و دونیاگەرایی و سەردەمی ڕۆشنگەری و باڵابوونی عەقڵانییەت و دواجار بڵاوبوونەوەی ئەخلاقی پڕۆتستانتی، بووە بەستێنگەی پەرەسەندنی سەرمایەداری و ئەنباری پڕۆسەی مۆدێرنیتە بە شێوازە ڕۆژاوایییەکەی. بە شێوازە ڕۆژهەڵاتییەکەیشی دەتوانین نموونە بە چنراوەی كه‌لتووری ژاپۆن و کاریگەریی کۆنفۆسیۆسیزم لەسەر پڕۆسەی پێشکەوتنی ئەو وڵاتە بێنینەوە. (قاضیان، 1371: 18) لەم ڕێگوزەرەدا، هانتینگتۆن پێی وایە پەرەسەندنی به‌رده‌وام بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی ڕووداوێکی نەخوازراو دروست دەبێت. ئەو لەسەر پەرەسەندنی هاوسەنگ پێداگرە و دەڵێ: ئەو کاتە پەرەسەندنی به‌رده‌وام ساز دەبێت کە هەموو بەش و کەرتەکانی پێکهێنەری وڵاتێک (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی-كه‌لتووری) پێکەوە بە هەماهەنگی بچنە پێش. هانتینگتۆن ڕوودانی شۆڕش و ئاژاوەکانیش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە لە وڵاتێکدا پەرەسەندنی ناهاوسەنگ بێتە ئارا؛ واتا بەشێک پێش بکەوێت و بەشەکەی دیکە بچەقێت.

لە دیدێکی دیکەوە، هابه‌رماس کاریگەریی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی ناو مەیدانی سیستەمی کۆمەڵایەتی-كه‌لتووری لەگەڵ کاریگەریی سیستەمی ئابووری و دەوڵەتی لێک داوە و، لە نێوان ئەم دووانەدا پەیوەندییەکی دیالێکتیکیی ساز کردووە. هابه‌رماس بە دوای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا کارەکتەران بتوانن لەسەر بنەمای لۆژیک، بەبێ لاڕێیی و زۆرداری، پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت. بە واتایەک، ئەو دەیەوێ سەرلەنوێ واری گشتی بونیاد بنێتەوە و باوەڕی بە هاوگریی دوولایەنەی نێوان وردەسیستەمی سیاسی، ئابووری و ئیداری و کۆمەڵایەتی-كه‌لتووری هەیە، بە جۆرێک کە هیچ کامیان ئەوی تر کۆڵۆنیالیزە نەکات. (اصلانزادە، 1394: 107-105) دوای سەلماندنی پەیوەندیی نێوان پەرەسەندن و كه‌لتوورسازی، بۆ دووربوونەوە لە هەژموونگەراییی كه‌لتووری و پارێز لە سازبوونی کۆمەڵگەی تاکەڕەهەندی، زانستی سیاسەت قسەی سەرەکی دەکات.

سیاسەتی كه‌لتووری

لەبارەی پەره‌سەندنی به‌رده‌وام، دەرکەوت کە كه‌لتوور سەرچاوەیەکی گرینگی پێشکەوتن و داهێنانە. ئەمڕۆ سیاسەتدانانی كه‌لتووری و سیاسەتی كه‌لتووری بۆتە پایەیەکی سەرەکیی پەرەسەندنی به‌رده‌وام، بۆیە چارەگی کۆتاییی سەدەی بیستەم وێڕای دیاردەی وەک پۆست-مۆدێرنیسم و پۆست-ستراکچەرالیزم، هاوکات بوو لەگەڵ دیاردەی كه‌لتووری. هیچ كه‌لتوورێگ ناتوانێت بەبێ کۆمەڵگە هەبێت و هەر کۆمەڵگەیەکیش بە مەبەستی چاکسازی و پاراستنی خۆی پێویستی بە دەسەڵاتێک هەیە. لێرەدایە کە دەوڵەت بەرپرسیارێتیی پاراستنی نۆڕمەکان وەئەستۆ دەگرێت. كه‌لتووری زاڵیش لەگەڵ تەکنەلۆژیای باڵاتر و دەسەڵاتی سیاسی و توانای ئابووریدایە. هەرچەندە هیچ نموونەیەکی كه‌لتووری گشتی و تەواویش نییە کە هەموو کۆمەڵگە داپۆشێت؛ بە واتایەک، هەندێک كه‌لتوور لەگەڵ نەریتی دەوڵەت دژبەرن. بۆ وێنە، كه‌لتووری جەماوەری، نرخی دەروونیی نییە، بەڵام ئەویش هێزێکی ژینەری (Mass Culture) تایبەت بە خۆی هەیە و دەتوانێت هەندێک گرووپی سیاسی-كه‌لتووریی تایبەتی یەکگر و ئاپۆلۆنی (Apollonian Culture) ساز بکات. هەندێک دەوڵەتی ئایدیۆلۆژیستیش کەشی باوەڕدارانە وەک تەوەری بڵاوکردنەوەی کەلتوور دێننە گۆڕێ، (عبیری، 1389: 58) کە جێی سەرنجن. كه‌لتوور لە بازنەی بەرهەمهێناندا نوخبەگەرا و کەمینەگەرایە و لەناو بازنەی بەکارهێنانیشدا پلۆراڵ و کۆمەڵەیییە. ڕێڕەودان بەم دۆخە پلۆراڵە، سیاسەتی دەوڵەتی دەوێ. هەرچەندە دەوڵەت ناتوانێت كه‌لتوور بۆ خەڵک دیاری بکات، بەڵام دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنی دابنێت و بەم شێوەیە ڕێگەکانی چۆنێتیی گەیشتن بە پەرەسەندن بگۆڕێت.

یەکێک لە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی كه‌لتووری لە ئاستی جیهانی، نەتەوەیی یان ناوچەیی، پێشخستنی پەرەسەندنی كه‌لتوورییە. سیاسەتی ستراتیژیی پەرەسەندن، دەیەوێ پەیوەندیی نێوان كه‌لتوور و پەرەسەندن گەرم ڕابگرێت و تەوەری وەک گشتاندنی كه‌لتووری و داڕشتنی پایەی كه‌لتووری، لەسەر بناغەی ئابووری و پەرەسەندنی هاوسەنگی كه‌لتوور لەگەڵ بەشەکانی دیکە و گرینگایەتی بەرهەمهێنانی كه‌لتووری، بکاتە ئامانجی سەرەکیی خۆی. (همایون، 1387: 13-6) بەم ڕوانینەی کە "كه‌لتوورسازی، خۆی هونەرە و دەبێ هونەرمەندانە کاری لەسەر بکرێت"، (یزدانی زیارت، 1395) یەکێک لەو هونەرانە سیاسەتە. شایانی ئاماژەیە، یەکەمین جار یۆنسکۆ چەمکی پەرەسەندنی كه‌لتووریی خستە ڕوو، (حسین لی، 1379: 2) ئەم پەرەسەندنە پێویستی بە سیاسەتدانانی كه‌لتوورییە کە بریتییە لە دانانی كه‌لتوورێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە چوارینەکانی كه‌لتووری، واتا: هاوکاریی كه‌لتووری، بەشداریی كه‌لتووری، میراتی كه‌لتووری و ناسنامه‌ی كه‌لتووری. سیاسەتدانانی كه‌لتووری هەندێک جار بۆ پەره‌سەندنی كه‌لتوورە و هەندێک جاریش بۆ پەرەسەندنی به‌رده‌وام بەکار دێت.

سیاسەتی كه‌لتووری بابەتێکی گرینگی ستراتیژییە کە لەسەر گشت ڕەهەندەکانی پەرەسەندن کاریگەری دادەنێت و بەشێکی سەرەکیی هەموو جۆرە سیاسەتێکە بۆ گەیشتن بە پەرەسەندنی به‌رده‌وام. (اشتریان، 1381: 10) شایانی ئاماژەیە، مەبەست لە سیاسەتی كه‌لتووری، بەرهەمهێنانەوەی كه‌لتووری ئاڵتۆسێر، کە بە دیدی ستراکچەریزم (Structuralism) و پییەر بۆردیۆ کە بە دیدی دیالێکتیکی سێرەیان لە ئایدیۆلۆژیا گرتووە، نییە؛ مەبەست دیدگەی قوتابخانەی فرانکفۆڕتیش نییە کە پرسی كه‌لتوور بە چاوێکی ئایدیۆلۆژییانە لەناو چینی دەسەڵاتداردا دەبینێتەوە. (بشیریە، 1379: 17) بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە هەر کۆمەڵگەیەی، دەبێ بەپێی مێژوو و كه‌لتووری خۆی ڕێگەی پێشکەوتن بگرێتە بەر. (بەدیع، 1376) لەم کەلێنەوە، ماتیو ئارنۆڵد كه‌لتوور بە کۆمەڵە زانست و هزر و کرداری مرۆڤ دەزانێت. ئەو بە دروشمی كه‌لتوور و ڕەخنە دەچێتە شەڕی بێكه‌لتووریی بەرژەوەندیخواز و کورتبینانەی دۆگم و، ڕەخنەی کۆمەڵایەتیی بەلاوە گرینگ بوو. بۆچوونی وا بوو کە پێویستە هێزێک لەناو کۆمەڵگەدا هەبێت تاکوو خەڵک بەرەو ئامانجێکی باڵاتر لە ئامانجی تاک ڕێنوێنی بکات. بە دیدی ئەو، کوالێتیی ژیان لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی مۆدێرندا تەنیا بە یەکگرتن لە نێوان تاک و کۆمەڵگە باش دەبێت. ئەو پێی وایە تەنیا ڤاکسینی کۆمەڵگەی پیشەسازی، كه‌لتوورە کە دەتوانێ بەهاگەلی مرۆیی بپارێزێت، چونکە كه‌لتوور گەشەی ڕۆحی مرۆڤە و دەوڵەت دەبێ بۆ گەشەسەندنی هەوڵ بدات. لە دیدی ئەو، كه‌لتووری کۆمەڵەیی هەمان ئه‌نارشی و فه‌وزا و ناڕێکییە کە لە چاخی مۆدێرندا بۆتە دیاردە.

سیاسەتی كه‌لتووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بە ڕوانین بە پەیوەندیی نێوان سیاسەتی كه‌لتووری و پەرەسەندن و بەراوردکردنی لەگەڵ دۆخی کۆمەڵگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە بە زەین دەگات کە واتای كه‌لتوور لەناو حکوومەتی هەرێمدا لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی کاڵای كه‌لتووری سنووردار کراوە، بۆیە ئەرک و کاری حکوومەتیش هەر لەو چوارچێوە سادەیەدا مات ماوەتەوە. بە واتایەک، جیاوازی لە نێوان چەمکی کلاسیکی كه‌لتوور و چەمکی مۆدێڕنی كه‌لتوور بە دیدێکی کۆمەڵناسانە و مرۆڤناسانە نەکراوە. هەروەها كه‌لتووری دەرەکی بەبێ هەڵسەنگاندن و گونجاندن و زەمینەسازی هاوردە دەکرێت. لەم ڕۆژنەوە "ئەگەر سەیری دەستووری وڵاتانی دواکەوتووی وەک لوبنان، عێراق و ئەفغانستانی پێش هاتنەوەی تاڵیبان بکەین، وا دەزانین ئەمە دەستووری وڵاتێکی وەک بەلژیک یان فەڕەنسایە، بەڵام لە مەیدانی پراکتیکدا وا نییە؛ چونکە سیستەمی دیموکراسی هاوردە کراوە بێ ئەوەی مرۆڤگەلی دیموکراتیک دروست کرابن"، (نصری، 1400)؛ واتا كه‌لتوورسازیی بۆ نەکراوە، بۆیە بناغەی لەرزۆکی ئەم دەوڵەتانە لەسەر بەفرە. لە کاتێکدا ئەگەر كه‌لتوورێک هاوردە دەکرێت، دەبێ لەگەڵ دۆخی کەلتووری ناوچەیی و نەتەوەییدا به‌خۆماڵی بکرێت.

لەم ڕوانگەوە، یەکێک لەو هەنگاوانەی کە کاریگەریی لەسەر دیدگەی پەرەسەندن هەبووە، کۆنفڕانسی جوجیاکارتا بوو لە ساڵی 1973 و، ئەوەی خستە ڕوو کە هیچ نموونەیەکی پەرەسەندنی هاوردەیی بەکار نایە و، ناکرێ هیچ نموونەیەکی دیکە بسەپێت، مەگەر ئەوەی لەگەڵ تایبەتمەندییه‌ ناوچەیی و نیشتمانییه‌كاندا هەماهەنگ بکرێ. لەو بارەوە ئەزموونی وڵاتانی وەک هیند، مالیزیا، بەڕازیل و کۆریای باشوور جێی هەڵوەستەن. (نجف بیگی، 1385: 26-30) ئەم جۆرە سیاسەتڕێژییە ئامانجدارە، پێویستی بە مێشک و بازووی حکوومەت هەیە و دەبێ دامەزراوەیەک بە شێوەیەکی سیستەماتیک بە نیگایەکی دوورمەودا، هەرمانخواز، گوێزەرەوە، درێژبڕ و کاریگەر بەم کارە ڕابێت. بەڵام نەبوونی دامەزراوەیەکی سیاسی-كه‌لتووری وای کردووە، تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچی لاوان بۆ هەندەران نەمانی هەستی شانازی و بەکەم زانینی كه‌لتووری خۆماڵی و سەرسامی بە كه‌لتووری دەرەکی بێت. لە بەرانبەردا ئەگەر سەیری ژاپۆن بکەین، دەبینین کە وێڕای ئەوەی پێشکەوتوون، هێشتا كه‌لتووری خۆڕسكی خۆیان دەپارێزن؛ بۆ وێنە ئەوان هەروا بە دارووکەی هاشی (Chopsticks) خواردن دەخۆن، چونکە دەیانەوێ بڕاندی كه‌لتووری خۆیان بپارێزن لە کاتێکدا کەچکی ئاسن بەرهەم دێنن و هەناردەی دەکەن.

دوای ئەم تاوتوێیە، بۆ دانانی سیاسەتی كه‌لتووری بە مەبەستی پەرەسەندنی به‌رده‌وام، یەکەمین هەنگاو پیادەکردنی تیۆریی شایستەییی كه‌لتوورییە کە ئاماژە بە توانای کەس یان توانای بەرنامەیەک دەکات بە مەبەستی ڕێزگرتنی جیاوازییە كه‌لتوورییەکانی تاک و خانەوادە و ئەوانەی کە بەرنامەکان بەڕێوە دەبەن و ئەو کەسانەی کە خزمەتگوزاری لە ئاستی ناوچەیی و دەوڵەتی دابین دەکەن. ئەو کەسانە و ئەو بەرنامانەی کە چالاکی دەکەن، بەهاکان لە سێ ئاستدا دادەگرن: سیاسەت، بەڕێوەبردن و کردار. (Sandoz, Joli, 2001) شایستەییی كه‌لتووری بابەتێکی سیاسییە و لایەنگری ئەوەیە کە تواناکان بەرز بکرێنەوە و کەسانی پیشەیی و پسپۆڕ لە ڕووی كه‌لتووری بێنە ناو پێگەی بڕیاردان. (Korbin, Jill E, 2002) بەڵام لە هەرێمی کوردستان وەزارەتێکی ڕۆشنبیری هەیە، وێڕای ئەوەی ناوەکەی جێگەی تێبینییە، سیاسەتی كه‌لتووری، پتر لە کونیژگەی خزمەتکردن بە كه‌لتوور دەبینێت. زۆر لە کاربەدەستانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی وڵاتە دواکەوتووەکانیش تەنیا ڕۆشنبیرن نەک زێڕناس و سیاسەتزانی وارگەی كه‌لتوورسازی.

لە کاتێکدا وەزیر و کاربەدەستانی دیکە دەبێ بانی داهێنان و شایستەیییان زۆر بڵیند بێت. سیاسەتدانانی كه‌لتووری، پێویستیی بە کەسی بەتوانا و زانای واری سیاسەتی كه‌لتوورییە نەک ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیر. دەبێ ڕیشەکانی بیر و هزری بەرپرس و وەزیری كه‌لتوور تێراو بێت و گشت تیۆرییەکانی واری كه‌لتوورسازی لەناو گیانیدا گەڕابێت، ڕۆڵی زانستی سیاسەت لە واری كه‌لتوور بزانێت؛ جگە لەوەی دەبێ بەڕێوەبەرێکی لێوەشاوە و بە ڕاوێژ بێت، پێویستە بە دیدێکی بەرین و دووربین و ڕەهەنداوی بۆ دوورەدیمەنێکی چەندساڵەی پەرەسەندن ستراتیژیی كه‌لتووری دابنێت و کەسی زانستمەندیش بۆ بەردەوامیی پڕۆسەی كه‌لتوورسازی لە دوای خۆی پەروەردە بکات. بەڵام لە وڵاتە پاشکەوتووەکان ئەگەر چەند پرسیارێک لەبارەی تیۆریی کاردانەوەی كه‌لتووریی هابه‌رماس لە هەر دەستەڕۆیەکی واری كه‌لتووری بکەی، بە لاڵەپەتێ وەڵام دەداتەوە. هەڵەیەکی سەرەکیی تر لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو ئەوەیە کە، پێیان وایە "وەزیری خراپ"یش لە ڕێی بەڕێوەبەر و جێگری باشه‌وه‌ فێر دەبێت.

کۆبەند

پەرەسەندنی به‌رده‌وام جگە لە چەندێتی و چییەتی لە ڕووی چۆنێتییەوە  جێی هەڵوەستەیە. ئەگەر گرینگی بە چۆنێتی و پایە سەرەکییەکانی نەدرێت، تەنیا گەشەی ئابوورییەک دروست دەبێت کە زۆر جار ڕووخەک و لەرزۆکە. بەڵام کاتێک بیر لە پەرەدان دەکرێتەوە، لایەنی کوالێتی بەهەند دادەندرێت و پەرەسەندنی هاوسەنگ دەبێتە بەرهەمێکی پایەدار و به‌رده‌وام. سێپایەی ئەم پایەدارییە بریتییە لە پەره‌سەندنی سیاسی، پەره‌سەندنی ئابووری و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی-كه‌لتووری کە هەرسێکیان پەیوەندیی توندوتۆڵیان بەیەکەوە هەیە و هەر یەکە بەبێ ئەوی تر لالەنگ دەبێت. پایەی كه‌لتوور وەک سەرەکیاتی پەرەسەندنی به‌رده‌وام، دەبێتە پردێک بۆ پەرەی سیاسی و ئابووری؛ ئەم كه‌لتوورسازییە وەک یەکێک لە شاڕەهەندەکانی پەرەسەندنی به‌رده‌وام، بە زانستی سیاسەت دەپشکوێت. بۆ وێنە لە ڕێگەی زانستی سیاسەته‌وه‌ دەکرێ ڕەوشتی ڕەسەنی کوردەواری وەک کانەزێڕ بکرێتە بناغەی كه‌لتووری متمانە و هاوکاری و ڕێسای زارەکیی ژیان، بۆ ئەوەی هەستی بەشداریی تێدا بەهێز بێت و دواجار سەرمایەی کۆمەڵایەتی-كه‌لتووریی ڕاستەقینەی دوور لە کۆپیکاری و لاساییکاری، وەک ئالیاژی ڕیشەداری خۆماڵی، بە مەبەستی پەره‌سەندنی سیاسی و ئابووری، ساز و تەیار بێت. ئەم کارەیش پێویستیی بە زانستی سیاسەت و کردنەوەی ڕەمز و ڕازی شایستەییی كه‌لتوورییە.

پێشنیار

- پێویستە لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆکان گرینگی بە زانستی سیاسەتی كه‌لتووری بدرێت؛

- وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە وەزارەتی ڕۆتین و فیستڤاڵ و کلیپسازی و مۆڵەتدان بۆ چاپکردن، ببێتە شوێنی ستراتیژدانانی كه‌لتووری؛

- وەزارەتی پەروەردە دێپارتمانی ئاکادیمی و فێرکاریی كه‌لتووریی هەبێت؛

- دانانی دامەزراوەی سیاسەتدانانی كه‌لتووری و ناوەندێکی ئاکادیمی و ستراتیژیی كه‌لتووری، تاکوو زانایانی واری زانستی سیاسی کاری تێدا بکەن؛

- دانانی ناوەندی کوردناسی بۆ ئەوەی بیر بەرهەم بێنێت، چونکە مەترسیی ئەوە هەیە بکەوینە ناو بیری بێبیری و چوونە ژێر كه‌لتووری وڵاتان؛

- دانانی ناوەندی پەیوەندیی نێوان كه‌لتوور و وردەكه‌لتوورەکان لە کوردستان و گفتوگۆی كه‌لتووری بە عەقڵانییەتی پەیوەندی و بەهێزکردنی پەیوەندیی كه‌لتووری لە نێوان پارچەکانی دیکەی کوردستان؛

- دانانی ناوەندی پەیوەندیی كه‌لتووریی نەتەوە بێدەوڵەتەکان. کارێک بکرێت یۆنسکۆ بابەتی كه‌لتووری نەتەوە بێدەوڵەتەکان لە چوارچێوەی پلۆرالیزمی كه‌لتووریدا بەهەند دابنێت؛

- پێویستە کاناڵی تەلەفزیۆنی و سایتی كه‌لتووریی کارا دابندرێن و کاری هونەری و كه‌لتوورسازی تێکەڵ نەکەن؛

- پڕۆژەی دروستکردنی پارکی كه‌لتووری لە شارەکان ببێتە بەرنامەی داهاتوو؛

- مەزنڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی پەرەسەندنی كه‌لتووری لە 21ی ئایار؛

- پەیوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵ یۆنسکۆ ببەسترێت و گرینگی بە كه‌لتوورە جیهانگیره‌كان (یۆنیڤه‌رساڵه‌كان) بدرێت و ئامۆژگارییەکانی یۆنسکۆ لەبارەی سیاسەتی كه‌لتووری بەهەند وه‌ربگیرێن؛

- گرینگیدان بە "تینگ-تانک"ی ئاکادیمی و بەهێزکردنی گفتوگۆی كه‌لتووری لەگەڵ کۆنسوڵییەی وڵاتان و دیپلۆماسیی كه‌لتووری لە نێوان ده‌سته‌بژێره‌کانی کوردستان و وڵاتان.