سیناریۆکانى دواى پرۆسەى هەڵبژاردن

(هەوڵێک بۆ بینینى دیمەنە سیاسییەکان و پەیبردن بە چوارچێوەى کار لە زۆنێکی تەماویدا)

 

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ئەگەرەکان هەڵوەستەیان گەرەکە

حزبە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان تا ڕۆژى هەڵبژاردن ئەرکی حزبییان ئەنجام دەدەن؛ دواى بیست و چوار کاتژمێریش هەر یەکە و بەرەنجامى حزبەکەى چنگ دەکەوێ؛ ئەودەم قۆناغی نیشتمانى دەست پێ دەکات. لەو ساتەوە باس لە یەکڕیزی پێویستە، نەک ئێستا کە پێش هەڵبژاردنە. هەنووکە هەمووان بانگەشە بۆ پڕه‌نسیپە باڵاکان دەکەن و ڕکابەرییش لە ترۆپکەدایە، بەڵام ساتی تاقیکردنەوەى پراکتیکی دەکەوێتە دواى ڕاگەیاندنى بەرەنجامەکان؛ ئایا حزب و لایەنە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان تاچەند ئەو بابەتە بەهەند دەگرن؟ ئایا باس لە ڕێکكەوتنێک دەکەن لەسەر بنەماى ڕێژەی بەرەنجامەکان، یان سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ زیهنییەتى "من ئاغا و تۆ ئاغا، ئەى کێ جێمان بۆ ڕاخا؟"؟ ئایا لایەنە سیاسییەکان، دان بە پێگەى خۆیاندا دەنێن یان سەرلەنوێ دەکەونەوە ململانێی بێهوودە و هەڵوێستى خۆیان لە بەردەم نەیارانى گەلی کوردستان لاواز دەکەن؟ یان هەندێک لەوانە سەرلەنوێ بە ماراسۆن پێش وەفدى هەرێمی کوردستان دەگەنە بەغدا و پەرتەوازەییی خۆمانیان بۆ یەکلایی دەکەینەوە؟ ئەمە ئەو پەندەیە کە پێش هەر سیناریۆ و بەرەنجامێک، دەبێ سەرکردایەتیى کورد لە پێش چاوى بگرێت.

قۆناغى دواى هەڵبژارن گەلێک هەستیارە، تا ئەو بارودۆخەی کە هەرێمی کوردستان دەبێ خۆى بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات، بەڵام چۆن؟ بۆ ئەو مەبەستە دەبێ چەند هەنگاو و میکانیزمێک بگرێتە بەر، لەوانەیش:

  • دەبێ هەماهەنگى لە ترۆپکەدا بێ. ئەو ڕایەڵەى هەماهەنگییەیش دەکەوێـتە ئەستۆى سەرۆکی هەرێم، چونکە تاکە ڕایەڵ کە لایەنە ڕکابەرەکانى هەرێم کۆ بکاتەوە و ئاڕاستەیان بکات سەرۆکی هەرێمە.
  • دروستکردنى هۆبەیەکی بەڕێوەبردنى کاتیى قەیران بە سەرپەرشتیى سەرۆکی هەرێم بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکردن و پێشنیار و گریمانە و... بۆ تەواوى دۆسیەى هەرێم لەگەڵ بەغدا و بەشداریى هەرێمى کوردستان لە حکوومەتى داهاتووی عێراق و بەرزکردنەوەى ڕاپۆرت لەو بارەیەوە.
  • هەوڵدان بۆ ئامادەکردنى ئەجێندایەکی ڕۆشن و دیاریکراو بەرامبەر بەغدا و داکۆکیکردن لەسەر مافە دەستوورییەکان.
  • دۆزینەوەى میکانیزمێک بۆ بەرجەستەکردنى یەکڕیزیی کورد دواى هەڵبژاردن لە بەغدا لە هاوپەیمانێتییەکى کوردستانى و ڕێککەوتن لەسەر بنەماکانى کارکردن لە بەغدا، ئەویش لە پێناو دووبارەنەبوونەوەى هەمان ئەزموونى خولی پێشوو.
  • پێویستە سەرکردایەتیى کورد کار لەسەر ئەوە بکات کە لەم خولەى داهاتووى کارکردن، بەبەردەوامى ئامادەییی باشی لە بەغدا هەبێت، چونکە لە ساتی دروستبوونى هەر بۆشایییەک لەو بارەیەوە، گوتارەکانى دژە-هەرێم کێرڤیان لە بەرزبوونەوەدا دەبێ و پەرتەوازەییی کوردیش زێتر.

سیناریۆکانى پێش پێکهێنانى حکوومەت

قەیرانى شەرعییەت

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن هەزار و 700 چاودێری نێودەوڵەتی و 75 هەزار چاودێری نێوخۆیییەوە چاودێری دەکرێت؛ لە بەرامبەردا عێراق دابەش کراوە بۆ 83 بازنە و 8273 ناوەند و 55041 وێستگەى دەنگدان. هەر بۆیە بەپێی ئەو داتایانە هەر 5 ناوەندی دەنگدان یەک چاودێری نێودەوڵەتی و هەر وێستگەیەکیش 1.3 چاودێری ناوخۆییی بەر دەکەوێ،  لەو ژمارەیە نەتەوە یەکگرتووەکان بێجگە لەوەى کە دەسەڵاتى زیاترى بە نوێنەرایەتییەکەى داوە لە عێراق، خۆی بە 130 چاودێری بەئەزموونى نێودەوڵەتی سەرپەرشتیى پرۆسەکە دەکات. یەکێتیى ئەوروپایش بە 274 چاودێر، ئەمریکایش سەرەڕاى ئەوەى بە 5.2 ملیۆن دۆلار بە مەبەستى باشتر بەڕێوەبردنى پرۆسەکە کۆمەکى حکوومەتى عێراقی کردووە، ئەویش بە چەندان چاودێرى بەئەزموون بەشدارى دەکات. لە لایەکی ترەوە 12 دەوڵەتى کاریگەر لەسەر سیاسەتى نێودەوڵەتى (ئەمریکا، ئوسترالیا، دانیمارک، فینلاند، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نیۆزیلاند، نەرویج، سوید، شانشینی یەکگرتوو)، پەیامێکی پشتیوانی و ئاگادارکردنەوە و هاندانى سەبارەت بە پرۆسەى هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراقییان بڵاو کردەوە. کەواتە پرۆسەکە لەلایەن سێ لایەنى سەرەکییەوە بۆ داننان بە شەرعییەتى بەرەنجامەکان دەورە دراوە: نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕاستەوخۆیی لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایش بەپێی بڕیارى 2522 کە لە ڕێکەوتى 29/5/2020 دەرچووە، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، یەکێتیى ئەوروپا.

ئەگەر ئەو سێ لایەنە تانەیان لە بەرنجامەکانى هڵبژاردن دا، ئەوا تەواوى پرۆسەى سیاسی لە عێراق دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و بەرەو هەڵدێر و مەترسی دەچێت، چونکە ئەوەى ڕۆشنە، هەماهەنگیى دروست لە نێوان ئەو سێ لایەنە هەیە و، ڕێژەى جیاوازى و ناکۆکییان زۆر کەمە و، هیچ کاریگەرییه‌كی نابێت لەسەر هەڵوێستیان لەو بارەیەوە. ئەوەى کە گرنگە ئاماژەى پێ بدرێ، تەنیا ئەوەندە نییە کە ئەو سێ لایەنە نیگەران بن یان تانە لە بەرنجامەکان بدەن، بەڵکوو تا ئەو ئاستە سەر دەکێشێ کە ئەنجومەنى ئاسایش دەتوانێ دەسەڵاتى تەقدیریى خۆى بەکار بێنێ و بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆزى عێراق ڕێوشوێن و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى پێک بێنێ؛ بەڵام گومان لەوەدا نییه‌ کە بە هەمان شێوازى جەنگى یەکەم و دووەمی کەنداو نابێت، بەڵکوو ڕۆڵی پشتیوانی و کۆمەک و سەرپەرشتیار دەبینێ، بەڵام ڕۆڵی مەیدانى و پراکتیکی بۆ حکوومەتى عێراقى دەبێت.

تەنیا ئەو سیناریۆیە لەبەرچاو نییە کە لەلایەن ئەو سێ لایەنە نێودەوڵەتییەوە ڕابگەیه‌نرێ، بەڵکوو سیناریۆکە کراوەیە؛ بەوەى دەشێ لەلایەن گرووپە هاوپەیمانەکانى ئێرانەوە تانە لە بەره‌نجامەکان بدرێ و پێی ڕازی نەبن. ئەودەمیش دوور نییە هەڵوێست وه‌رگرن و ڕووداوى نەخوازراو بکەوێتەوە، چونکە ئێران پاڵپشتیانە و خۆیشیان گرووپی چەکداریی بەهێزن. بەڵام ئەم سیناریۆیەیش تەنیا وەک گوشار و نازکردن وایە بەسەر پرۆسەیەکی دیموکراسییەوە و، دەڵێن: هەرچەندە بە ئەنجامەکان ڕازی نین (گرووپە چەکدارەکان) و، لەژێر سەرپەرشتیى نێودەوڵەتیدا ساختەکارى بۆ هەندێ لایەن کراوە، به‌ڵام ئێمە (گرووپە چەکدارەکان) لەبەر بەرژەوەندیی گشتیى گەلی عێراق، ئه‌و ئه‌نجامه‌ قبووڵ دەکەین. بە هەر حاڵ ئەمە یەکەمین سیناریۆیە کە دەبێ سەرکردایەتیى کورد خۆى بۆ ئامادە بکات و لە بیست و چوار کاتژمێری یەکەمى دواى پرۆسەکە بەدەر دەکەوێ، کاتێک کە بەرەنجامە سەرەتایییەکان ڕادەگەیه‌نرێ.

ڕازیبوون بە ئه‌نجامەکان

دەشێ ئه‌نجامەکان گرفت دروست نەکەن و لایەنەکان ڕازی بن، ئەویش لە پێناو بارودۆخە مەترسیدارەکە بەوەی کە ڕازی نەبن بارودۆخێکی مەترسیدار دێتە کایەوە، بەڵکوو گرفت و ناکۆکییەکان لە هاوکێشەى پێکهێنانى حکوومەت خاڵی دەکرێنەوە، ئەویش لە نێوه‌ندی چەند ڕەهەندێکەوە:

  • کۆمارى ئیسلامی بۆ خۆشکردنى زەمینەسازی و ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە، ئەو ئه‌نجامانە نەکاتە گرفت، چونکە گرووپەکانى سەر بەو هەر بەئەکتیفى لە واقعی سیاسیی عێراقیدا لەسەر هەردوو ئاستى سیاسی و سەربازى دەمێننەوە و هیچ هاوکێشەیەک بەبێ ئەوان بەئاکام ناگات؛ لە لایەکی تریشەوە نەفەسێکی دیموکراتی و گەش بۆ ئەوان تۆمار دەکات.
  • هەوڵدان بۆ دروستکردنى فراکسیۆنێکی گەورە و کاریگەر لە پەرلەمان؛ بەوەى ئەگەر حکوومەت لە خۆیشیان نەبێت، بەڵام لەژێر ڕەحمەتى ئەوان دەرنەچێ؛ چونکە ئێستا چوار هاوپەیمانیى سەرەکیی شیعەى سەر بە ئێران لە پرۆسەکە بەشدارن: عەقدی وەتەنی بە سەرۆکایەتیى فالح فەیاز ( 6 حزب و 80 کاندید)، هێزەکانى دەوڵەتی نیشتمان بە سەرۆکایەتیى عەمار حەکیم ( 6 حزب و 78 کاندید)، فەتح بە سەرۆکایەتیى هادی عامری ( 6 حزب و 73 کاندید)، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیى نووری مالیکی ( 6 حزب و 72 کاندید). واتە بە هەر چواریان 24 حزب و 303 کاندید دەبن، کە 8%ی کۆى کاندیدانی بەشداربووى ناو پرۆسەکەن. هەر ئەوانیش بوون کە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى ساڵی 2018دا 133 کورسیی پەرلەمانیان وەدەست هێنا، کە دەکاتە 40.4%ی کۆى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق. ئاماژەکانیش سەبارەت بە پشکی لایەنەکان لە پەرلەمانى عێراقى 2021 بۆ لایەنەکان، هەر لەو ژمارەیەوە نزیکە و لاسەنگبوونى هاوکێشەى پەرلەمانى کارێكی ئاسان نییە.
  • پێدەچێ گرووپە شیعییەکانى سەر بە ئێران گەیشتبنە ئەو قەناعەتەى کە ئەگەر به‌ ئه‌نجامه‌كان ڕازی نەبن، زیاتر لێی زەرەرمەند دەبن نەک سوودمەند و، قەیرانی پەیوەندییان لەگەڵ کۆمەڵگەى عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دروست دەبێ؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە بە هەر چوار هاوپەیمانێتییەکەى کە لە سەرەوە باسمان کردن، ئەگەر لە حکوومەتیشدا نەبن، بەڵام کاریگەرن و هیچ بڕیارێکی سیاسیی وڵات لەسەر ئاستى حکوومەت و پەرلەمان بەبێ ئەوان نادرێ. هەر بۆیە گرنگ لایان ئەوەیە کە بەکاریگەری بمێننەوە، نەک لەبەر چەند کورسییەک تەواوى پرۆسەکە بەرەو هەڵدێر بەرن. چونکە ئەوەى کە لەگەڵیدا دەچنە شەڕەوە بە پلەى یەکەم گرووپە شیعییەکانى ترە؛ لە سەرووى هەموویشیانەوە ڕەوتى سەدر، نەک هێزەکانى ترى سیاسیی عێراقی.

کەواتە ئەم سیناریۆیە سەبارەت بە قبووڵکردنى ئه‌نجامەکان لەلایەن ڕەوتى هاوپەیمان لەگەڵ ئێران، زیاتر لە واقعەوە نزیکە، چونکە لە تەواوى هاوکێشەکە تێ گەیشتوون کە ڕازینەبوونیان عێراق بەرەو واقعێکی بنبەست دەبات. بەڵام هەر قۆناغێکی ئەرێنی یان نەرێنی لە پرۆسەى سیاسیی عێراقی داهاتوو لە سیناریۆى پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەى ئه‌نجامەکانەوە سەر وەدەردێنێ.

ڕەهەندەکانى دواکەوتنى پێکهێنانى حکوومەت

 تەڵزمى کوتلەى گەورەترین

ئەمە ئەو گرفتەیە کە ڕاستەوخۆ لە دواى ڕاگەیاندنى ئه‌نجامەکانەوە سەر هەڵدەدا. ڕەوتى سەدر خۆى بۆ ئەوە داناوە کە کوتلەى گەورەترینە لە پەرلەمانى داهاتووى عێراق؛ سەرۆکوەزیرانی داهاتوویش هەر لە پشکی ئەو دەبێ. بەڵام چی دەبێ ئەگەر لەوانى تر کەمترى هێنا؟ ئەوە کارەساتبارە! ئەم هەڕەشانەى سەدر بۆ بەرگرتنە لە دروستنەکردنى کوتلەى گەورەترین لەلایەن فالح فەیاز و هادی عامری و نووری مالکی و ڕەوتى حیکمە، چونکە ئەگەر نەک هەرچواریان بەڵکوو سیانیش لەوان دەتوانن کوتلەى گەورەترین لە پەرلەمان پێک بهێنن. ئەگەر بەو شێوەیە بوو، لە لایەک ئاشوب دەکەوێتە پرۆسەکەوە و جەدەڵێکی دەستوورییش سەرلەنوێ دروست دەبێ، بەوەى "ئایا کوتلەى گەورە کێیە؟" بەپێی دەستوور ئەو کوتلەیەیە کە زۆرترین دەنگەکانى هەڵبژاردنى بردۆتەوە. بەڵام ڕاى دادگه‌ى دەستووری بە شێوەیەکی دییە، کە دەڵێ، ئەو کوتلەیە بە گەورەترین ئەژمار دەکرێ، کە لە پەرلەمان پێک دێ. بێ  گومان ئەم سیناریۆیە وەک لەمپەر لە بەردەم سەدر دروست دەکرێ، تا بە داواکانیان ڕازی بێت و ڕێکكەوتنیان لەگەڵ بکات؛ چونکە ئەو چوار ڕەوتە هاوپەیمانەى ئێران هیچ مەبەستێکی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سەدر نییە، بەڵکوو بەدواى ئەجێندایەکی هاوبەشەوەن. لەو حاڵەتەدا ئەگەر سەدر هاوسەنگییەکە بە بەشداریى ڕاستەقینەى کورد تێ هەڵنەهێنێتەوە، دۆڕاوە.

هەماهەنگیى نیشتمانى

ئەمە سیناریۆیەکى ترە لە بەردەم پێکهێنانى حکوومەتى نوێ، كه‌ لایەنەکان داواى هەماهەنگیى نیشتمانى و کاراکردنى بەڵگەنامەى چاکسازی دەکەن؛ ئەوەى کە پێش مانگێک لە پرۆسەى دەنگدان لایەنە شیعییەکانى سەر بە ئێران واژوویان لەسەر کردووە. ئەم بانگەشەیە دوو ئامانجى سەرەکی دەپێکێ: لە لایەک سەدر دەخاتە چوارچێوەیەکى کارکردنەوە کە ئەجێنداکەى لەلایەن ڕەوتەکانى سەر بە ئێران داڕێژراوە؛ لە لایەکی تریشەوە وابەستەکردنى حکوومەتى نوێ بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانەى کە پێشتر لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ گۆڕانکارى لە پرۆسەى سیاسیی عێراق دەرکراون، دیارترینیان: گۆڕینی سیسته‌مى حوکمڕانی، هەموارى دەستوور، یاساى نەوت و غاز و هتد. خۆ ئەگەر سەیرێکی بەڵگەنامەى چاکسازیی واژووکراو لەلایەن ڕەوتەکانى سەر بە ئێران بكه‌ین، ئەوەت بۆ دەردەکەوێ کە کارکردنە بۆ زیاتر چەسپاندنى قەڵەمڕەوى ئەوان و لەقاڵبدانی حکوومەتى هەرێم و هەرچی زیاتر کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکانییەتى.

ئەم بانگەشەیە لە ڕووکەشدا، هەڵخەڵەتێنەرە بۆ ڕای گشتى و مەترسیدارە بۆ ڕەوتى سەدر و سوننە و کورد. هەر بۆیە دەبێ لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە هەماهەنگیى باشیان هەبێت، چونکە بە سەرنەگرتنى، پەنا دەبەنە بەر سیناریۆى دیكه‌، وەک سەرۆکوەزیران.

سەرۆکوەزیران

سەرەڕاى ئەوەى کە پێکهێنانى حکوومەتى عێراقی دوا دەکەوێ، بەڵام کێن ئەوانەى باس دەکرێن وەک پاڵێوراو بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی داهاتووى عێراق؟ ئایا بە کازمى چۆڵ دەکەن؟ شه‌نسی مالیکی چەندە؟ ئایا کازمى تواناى مانەوەى چەندە؟ بۆ ئەو پۆستە چەند بەربژێرێکی جیاواز هەن، کە چواریان سەر بە ڕەوتى ئێرانین و دووانیان سەر بە ڕەوتى سەدر، هیچ بێلایەنێکیش تا ئێستا نییە، چونکە هەر سەرۆکوەزیرانێک دەبێ لەلایەن ڕەوتەکانەوە پەسەند بکرێ. پاڵێوراوەکانیش بریتین له‌: فالح فەیاز، هادی عامری، نووری مالیکی، حەیدەر عەبادی، جەعفەر سەدر، کازمی. بەڵام لە بەرەنجامدا دوو پاڵێوراو دەمێننەوە: نووری مالیکی و مسته‌فا کازمی.

مسته‌فا کازمى: وەک پاڵێوراوێکی بێ بونیادی سیاسی و حزبی دەمێنێتەوە، بەڵام چاوی لەسەر پشتیوانیی ڕەوتى سەدر و کورد و سوننەیە. ڕەوتى سەر بە ئێرانیش بەنیگەرانییەوە لێی دەڕوانن، چونکە ڕەفتارە سیاسی و حکوومییەکانى لە ئاکامدا دژ بە کەمکردنەوەى نفووزى ئێرانن لە عێراق. کازمى لە سێ حاڵەتدا دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران: ئەگەر ئاشوب و بنبەست بکەوێتە ناوماڵی شیعە، نەبوونى پاڵێوراوى تر، پەسەندکردنى ئەو مەرجانەى کە ڕەوتى سەر بە ئێران بۆى دادەنێن؛ هەروەک چۆن لە کاتى بوون بە سەرۆکوەزیران له‌ ساڵی 2019 قبووڵی کرد.

نووری مالیکی: شه‌نسی زیاترە، بەڵام بە کێشەیەکی زۆرەوە. لەلایەن ئێرانەوە قبووڵکراوە، بەڵام لەلایەن کورد و سوننەوە کەمتر. ڕەوتە شیعییەکان لایان سروشتییە ببێتەوە سەرۆکوەزیران، بەو مەرجەى هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ببەستێ و لە خولگەى ئێران دوور نەکەوێتەوە. پاڵیوراوبوونى فالح فەیاز و هادی عامری و حه‌یدر عه‌بادی، تەنیا سیناریۆیەکى زەمینەخۆشکردنە بۆ نووری مالیکی بۆ ئەوەى ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران. چونکە هەرچی حەیدەر عەبادییە تا هەنووکە لەلایەن سوننە و کوردەوە قبووڵنەکراوە. هادی عامری و فالح فەیازیش لە لیستى تیرۆردان؛ ئیدی کارێکی زەحمەتە بۆ عێراق یەکێک بکاتە سەرۆکوەزیران کە له‌ لیستى تیرۆردا بێ، به‌تایبەت لەلایەن وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکاوە، بەوەى نەتوانێ لە دەرەوەى عێراق هەنگاوێکى دیپلۆماسی بنێ و مەترسیی ئەوەى بەسەرەوە بێ، هەر دوو بست چووە ئەودیو سنوورى عێراق، لەلایەن وڵاتانى هاوپەیمانى ئەوروپا و ئەمریکاوە دەستبەسەر بکرێ.

هەر بۆیە لەسەر ئاستى لایەنەکانى عێراق و زیاتر ڕەوتەکانى سەر بە ئێران، نووری مالیکی شه‌نسی باشترە، بەڵام پێویستە هەماهەنگى لەگەڵ سەدر بکا و کەمێک لە ئێران بەرەو عێراق دوور بکەوێتەوە و کوردیش لە ڕێگەى جێبەجێکردنى مافە دەستوورییەکانەوە ئاشت بکاتەوە؛ بەڵام لەسەر ئاستى کورد و سوننە و ڕەوتى سەدر و هەرێمی و جیهانەوە، مسته‌فا کازمى لەپێشترە. ئەو کێشمەکێشەیش دەبێ پەرلەمان یەکلاییی بکاتەوە؛ پەرلەمانى داهاتوویش لە بەرژەوەندیى مالیکییە نەک کازمى.

 بەشی لایەنەکان

لەو نێوەندە پڕ لەمپەر و ئەستەمەدا بەڕێوەبردنى بەرژەوەندییەکان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەوەى بەنیازە ببێتە سەرۆکوەزیران، دەبێ لایەنەکان لە ڕێگەى پشکەکانیانەوە ڕازی بکات. ئەمە خاڵی لاوازى سەدرە، کە ئه‌وه‌نده‌ جەخت لەسەر پۆستى سەرۆکوەزیران ناکاتەوە، هێندەى بەشەکەى خۆى لا مەبەستە؛ ئەزموونەکانى پێشوویشی باشترین بەڵگەن. هەر کاتێکیش بەرژەوەندییەکانى کەوتنە مەترسییەوە، دێتەوە سەر شەقام و گوشار دروست دەکات؛ لە توانایشیدا هەیە ئەو کارە بکا.

 بەرنامەى حکوومەت

ئەمە کارێکی سەرەکیی لایەنەکان نییە، تەنانەت خودى پێکهێنانى حکوومەتیش، چونکە لایەنە عێراقییەکان لەوە تێ گەیشتوون کە گۆڕانکاریى گەورە لە پارسەنگى هەڵبژاردن ناکەوێتەوە؛ حکوومەت بەلاوازى دەمێنێتەوە؛ بەرەوپێشچوونى ئاسان نییە و کۆسپ لە بەردەمیدا گەلێک زۆرن. ئەو توانایەى کە پێویستە بۆ چاکسازی دابین بکرێ، نه‌ وەک ئیرادە هەیە نە وەک تواناى دارایی؛ ئەوەى کە دەمێنیتەوە لەبەرژەوەندیدانى لایەنەکانە، به‌تایبەت ڕەوتى سەر بە ئێران؛ کە ئەمەیش کارێکی پڕمەترسی و زەحمەتە، چونکە لە هەموو شوێنێک هەن: لە حکوومەت، پەرلەمان، سوپا، شەقام و هتد.

لەو نێوەدا ئەوەى کە زیاتر باسی لێوە بکرێ وەک ئەجێنداى حکوومەتى داهاتوو، بەڵگەنامەى چاکسازیی نیشتمانییە، کە لەلایەن ڕەوتى سەر بە ئێران داڕێژراوە و داواى جێبەجێکردنى دەکەن. کەواتە لە حکوومەتى داهاتوو ئەگەرچی سەرۆکوەزیران سەر بە خۆیان نەبێت، بەڵام ئەو سەرۆکوەزیرانە ناتوانێ لەسەر ئاستى حکوومەت و پەرلەمان و سوپا و شەقام لە قەڵەمڕەوى ئەوان قوتار بێ و هەمیشە لاواز و لەژێر کاریگەریى ئەواندا دەبێت.

سیناریۆکانى دواى پێکهێنانى حکوومەت

کێ دەبێتە دەسەڵات و کێ دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن؟

ئەم مشتومڕە زیاتر هێزە شیعییەکان دەگرێتەوە. هەنگاوى یەکەمی ئێران ئەوەیە هەماهەنگی لە نێوانیان دروست بکات، كه‌چی ڕاى مەرجەعییەت تەسلیمنەبوونە بە ئیرادەى ئێران؛ بەڵام کاریگەریى مەرجەعییەت لەسەر پرۆسەى سیاسیی عێراق لە بەرامبەر ئێران تەواو لاواز بووە. زیاتر مەبەستیش لە هاوپەیمانێتیى فەتح و سەدرە، چونکە هەر ئەو دووانەیش لە ساتی نەگەیشتنە ئەنجام، یەکێکیان ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی کارا و ڕاستەقینە دەبینێ، بەڵام تەواو مەترسیدار؛ خاوەنى لایەنگرن، خاوەنى هێزی چەکدارن، تواناى دارایییان هەیە. هەر بۆیە هەر یەکێک لەو دووانە ببنە ئۆپۆزیسیۆن، وڵات بەرەو ئاشوب و ناسەقامگیری دەچێت و لە لێوارى هەڵدێر نزیک دەبێتەوە. بەڵام تا هەنووکە هەوڵەکان بۆ حکوومەتێکی ئیئتیلافییە نەک زۆرینە.

پەرلەمانى بەهێز و حکوومەتى لاواز

هەمان ئەزموونى خولی چوارەم دووبارە دەبێتەوە: حکوومەتێکی لاواز و پەرلەمانێکی بەهێز. وێستگەى یەکلاییکردنەوەى کێشەکان پەرلەمانە. چەقی دەسەڵات لە دەسەڵاتى ڕاپەڕاندندا نییە، بەڵکوو لە پەرلەمانە. تەواوى ئەجێندا سیاسییەکان ڕەوانەى پەرلەمان دەکرێن، تا لەو نێوه‌ندەوە شەرعییەت وەربگرن و ئەو لایەنانەى کە سەرکەشن و مل بۆ داواکانیان نادەن، دووچارى گوشار و گەمارۆی سیاسی و زیانپێگەیاندن دەبنەوە، لەوانەیش کورد و سوننە. هەر بۆیە پێش ئەوەى پرۆژەیاساکان بێنە پەرلەمانەوە، ئەجێنداى سیاسین و ڕێکكەوتنیان لەسەر کراوە. پرۆژەیاساکان بۆ گەشەپێدانی وڵات داناندرێن؛ ئەوەى مەبەسته‌ لێیان، پتەوکردنى شوێنپێی هێزە سیاسییەکانە. سیناریۆ مەترسیدارەکەیش لە چەند ڕەهەندێکدا جەم دەبێ:

  • چەند هەماهەنگی لە نێوان ڕەوتى سەدر و هاوپەیمانێتیی فەتح زۆرتر بێ، ئەوەندە مەترسیی زیاتر لەسەر سوننە و کورد پتر دەبێ و وڵات بەرەو ئاشوب دەڕوات، چونکە وڵامدانەوە لەلایەن ئەو دووانەوە وەک پەرچەکردار دروست دەبێ و سێ دەسەڵاتەکە تەواو کۆنترۆڵ دەبێ بۆ نفووزى ئێران و بوار بۆ ئەوانى تر نامێنێتەوە.
  • ئەگەر سەرۆکوەزیران بونیادی سیاسی بەهێزى لە پەرلەمان هەبوو، ئەوا هەر سێ دەسەڵاتەکە بە تەواوکارى دەمێننەوەو بەربەستبوونى دەسەڵاتەکان (الردع السلطوی) نامێنێ.

هەر بۆیە پەرلەمانى داهاتوو کار لەسەر یەکلاییکردنەوەى ڕیشەییی گرفتەکان دەکات و ئەو بەربەستانەى کە لە بەردەم ئەجێنداى شیعەدان، هەوڵی لابردنیان دەدرێت، بەڵام سەرۆکی وڵات هەر کورد دەبێت و حکوومەتیش ئیئتیلافی-هەماهەنگى دەبێت. دووریش نییە ئەگەر هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بن: دواهەمین کوردبوونى سەرۆکی عێراق بێ، دواهەمین حکوومەتى تەوافوقی، کۆتا قۆناغی دەستوورى هەمیشەییی عێراق بێت و هتد.

بارودۆخی ئەمنى

ئەگەر هات و ئەوانەى کە باس کران، بگەنە بنبەست؛ ئاشوب ناوەڕاستى عێراق و باشوور دەگرێتەوە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەى داعش لە ئارادایە، مەترسیی جه‌نگی ناوخۆ لەبەر دەرگه‌یە، هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم، بوونى دەبێ، دەستێوەردانی دەرەکی زێتر دەبێ؛ لەو بارودۆخەدا دۆزی حکوومەت بەرەو خراپترین دەچێ، قەیرانی ئابوورى پەرە دەسێنێ، هاتنە سەرشەقام بۆ ناڕەزاییدەربڕین برەوى دەبێت، پەرتبوون لە بونیادی سیاسیی عێراقدا ڕوو دەدات، لایەنەکان بەرەو خۆپڕچەککردن دەڕۆن، پشتیوانیی دەرەکی بۆ خۆیان پەیدا دەکەن، هەرێم مەترسیی دەکەوێتە سەر، چونکە شوێنی حکوومەتى عێراقی لە ڕووى دیپلۆماسیی نێودەوڵەتى و سیادییەوە دەگرێتەوە، دەوڵەتان لە هەرێمەوە سەرپەرشتى و بەڕێوەبردن بۆ بەرژەوەندى و سیاسەتەکانیان لە عێراق دەکەن؛ لە ئاکامیشدا وڵات بەرەو هەڵدێر دەچێ.

ئایا ناکرێ باری نائاسایی ڕابگەیه‌ندرێ؟ ئەگەر سەرۆکوەزیران لە ڕەوتى سەر بە ئێران نەبێ، ئەو کارە سەر ناگرێ لە دوو ڕووەوە: زەحمەتە هێزەکانى سەر بە ئێرانى پەرلەمان ئەو بڕیارە دژى خۆیان دەربکەن؛ دووەمیش ئەگەر پەرلەمانیش بڕیارەکە دەربکا، لە واقعی کرداریدا ڕەنگ ناداتەوە، چونکە لە دەرەوەى پەرلەمان بەهێزن و گۆڕەپانەکە دەکەوێتە بەردەستى ئەوان نەک حکوومەت.

بەڵام ئەگەر سەرۆکوەزیران سەر بە ئێران بێت، بەڵێ دەکرێ و دەبێتە فورسەتێک بۆ زیاتر چەسپاندنى قەڵەمڕەوى ئەو ڕەوتانەى سەر بە ئێرانن، چونکە به‌ نەمانى هەندێ هێزی شیعە و سوننە و کورد لە دەسەڵاتى یاسادانان، تەواوى گۆڕەپانەکە لە بێیاساییدا بۆ ئەوان دەمێنێتەوە و ئەوانیش بێجگە لە پەرلەمان لە هیچ شوێنێکی تر لە ڕووى سیاسی و کارگێڕییەوە بوونیان نامێنێ. ئیدی پەنا بۆ هێز دەبەن؛ وڵاتیش بەرەو ئاشوب دەچێ.

هەرێم و حکوومەت

لەو نێوه‌دا پەیوەندییەکانى هەرێم بەلەرزۆکی دەمێنێننەوە. هەرچەندە هیچیان دەستبەردارى ئەوى دی نابن، بەڵام پەرلەمان ڕۆڵی نەرێنی دەبینێ؛ بە هەمان ئەزموونى پێشووى خولی چوارەم، دۆسیەکان بەهەڵپەسێردراوى دەمێننەوە؛ گەیشتنە چارەسەر ئاسان نابێ؛ دەیانەوێ هەرێم دەستبەردارى هەوڵە دیپلۆماسییەکانى لەگەڵ بەغدا بێت و خۆى بەدەستەوە بدات، چونکە هەوڵە دیپلۆماسییەکانى هەرێم ڕای گشتى لە عێراق و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بەئاگا دێنێتەوە و ڕەفتارى سیاسیی حکوومەتى فیدراڵ لەقاڵب دەدات. ناسەقامگیرییەکە بەرامبەر بە هەرێم لەلایەن حکوومەتەوە نابێت، بەڵکوو لە پەرلەمانەوە سەر دەکێشێ، به‌تایبەت لە سەروبەندی گفتوگۆ لەسەر بوودجەى عێراق. پێویستە سەرکردایەتیى کورد و وەفدى دانوستانى هەرێم خۆى گورج بکاتەوە و لێکۆڵینەوە بۆ هەموو ئەگەرەکان بکات؛ تەنانەت نابێ هیچ ئەگەر و گریمانەیەکیش پشتگوێ بخات، بەڵکوو دەبێ بچێتە قۆناغی "وادانان" لە گفتوگۆى ئەگەرەکاندا.

 پاشەکشەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق

بەپێی ئەو ڕێکكەوتنەى کە لە نێوان حکوومەتى عێراق و وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا هەیە، دەبێ هێزە بیانییەکان تا کۆتاییی ساڵ لە عێراق وەک هێزی شەڕکەر نەمێنن؛ بەو مانایەى هێزەکان، به‌تایبەتیش هی ئەمریکا دەکشێنەوە. ئەمەیش کەلێنی ئاسایشی لە عێراق پتر دەکات و لە هەیبەتى حکوومەتى عێراقیش لە بەردەم تیرۆریستان کەم دەبێـتەوە؛ چونکە حکوومەتى عێراقی ئەوەى سەلماندووە کە ناتوانێ مەترسیی تیرۆریستان بنبڕ بکات، بەڵکوو ڕۆژ دواى ڕۆژ بەهێزتر دەبن و مەترسیشیان زیاتر دەبێ.

دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، ئایا کاروبارى حکوومەت بەتەواوى دەکەوێتە چنگی کێ؟ وەڵامەکەیش بەڵگەنەویستە: دەوکەوێتە دەست ڕەوتەکانى سەر بە ئێران. ئەودەمیش لەنێو گرووپە شیعییەکاندا ئاشوب دروست دەبێ و، سوننە و کوردیش بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەرەو لۆژیکی هێز دەچن، چونکە تا هێزێکی تر شوێنی ئەمریکا دەگرێتەوە، زۆری پێ ده‌چێت و تا بە دۆزی عێراق ئاشنا دەبێ کار لە کار دەترازێ؛ ئەمە سەرەڕاى ململانێی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ ئێران کە دەبێ وەک پێوەر هەمیشە ئاماژەى پێ بدرێ.

سیناریۆى چاکسازی

ئەم سیناریۆیە لەم چەند حاڵەتانەدا ڕوو دەدات:

  • ئەگەر لایەنەکان بە هیچ شێوەیەک نەگەیشتنە ئاکام و پرۆسەى سیاسی گەیشتە بنبەست، بۆ نەترازانى بارودۆخەکە بەرەو جه‌نگی ناوخۆ، پەنا بۆ جێبەجێکردنى بەڵگەنامەى چاکسازیی نیشتمانى دەبەن. بەمەیش لەو نێوه‌دا جێی هەموویان لە حکوومەتدا دەبێتەوە و سەرۆکوەزیرانێکی لاواز دروست دەبێ؛ شەقامیش لە خۆیان ڕازی دەکەن و بۆ قۆناغێکیش بێت سەقامگیری دێتە کایەوە.
  • گوشارى نێودەوڵەتی، به‌تایبەت لەمەڕ بڕیارى 2522ی ئەنجومەنى ئاسایش. یۆنامی دەتوانێ دەسەڵاتەکانى بەکار بێنێ؛ ئەمە سەرەڕاى دەسەڵاتى تەقدیریی ئەنجومەنى ئاسایش بۆ کەیسی عێراق، بەڵام جیاواز لە ئەزموونەکانى پێشووى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.

کورد پێویستە چی بکا؟

  • بەو پەرتەوازەیییەوه‌ کار ناکرێ! ئەگەر بانگەشەکانى هەڵمەتى هەڵبژاردن بکەینە پێوەر، لایەنە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان ئەوەندە لێکدوورن، زەحمەتە پێک بێن؛ چونکە پێدەچێ بڕیاریان دابێ کە "ڕێک کەوتوون لەسەر ئەوەى ڕێک نەکەون!" ئەگەر لە دووریشەوە سەرنجی هەڵمەتەکانت دابێ، واى بۆ دەچی کە هەڵمەتەکان لاى زۆرێک لە لایەنەکان- بێجگە لە پارتى دیموکراتی کوردستان- بۆ پەرلەمانى کوردستانه‌ نەک پەرلەمانى عێراق.
  • پێویستە سەرۆکی هەرێم بۆ چارەسەرکردنى خاڵی یەکەم، بوار بۆ کەلێنەکان نەهێڵێتەوە و ڕاستەوخۆ دواى پەسەندکردنى ئه‌نجامەکان لایەنە کوردستانییەکان کۆ بکاتەوە و سەرلەنوێ بیر لە یەکڕیزی بکرێتەوە بۆ بەغدا؛ چونکە لە ساتی پەرتەوازەبووندا، دەبێ سەرۆکی هەرێم مەرجەعییەتبوونى خۆى نەک هەر لەدەست نەدا بەڵکوو دەبێ بیسەلمێنێ؛ هەروەک چۆن پێشر سه‌لماندوویه‌تی.
  • ڕۆڵی میحوەرى دەکەوێتە ئەستۆى پارتی دیموکراتی کوردستان؛ کە دوور نییە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە چەندان هاوکێشەى عێراق ببینێ. هەر ئەویشە چاوی بڕیوەتە پێشەنگى لیستەکانى کوردستان؛ بە 51 کاندید بەشداریی کردووە، کە 16 ئافرەتن ( 31.3%)؛ 19 کاندیدیان هەڵگرانی بڕوانامەى دکتۆرا (10) و ماستەر (9)ن، کە ده‌كاته‌ (37.2%). لەبەر ئەوە، پێویستە خۆى ئامادە بکا و دیراسەى تەواوى ئەگەرەکان و وادانانەکان بکات لەلایەن دەستە و گرووپە تایبەتەکانییەوە.
  • کام لە پاڵێوراوانى سەرۆکوەزیرانى داهاتوو، مافە دەستوورییەکانى هەرێم دابین دەکات، ئەو بوارى ڕێکكەوتنى زیاترى پێ بدرێ. بەڵام دەبێ سەرکردایەتیى کورد ئەوە بزانێ، کە هەموو ڕێکكەوتنەکان لەگەڵ حکوومەتەکانى عێراق لە بەردەم پەرلەمان هیچ به‌هایه‌كی ئەوتۆى نییە؛ هەر بۆیە دەبێ پەنا بۆ ڕێکكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ببات.
  • چەقی ململانێکان دەکەوێتە پەرلەمان؛ پێویستە ئەندام پەرلەمانەکانى داهاتوو پشتیوانییان لێ بکرێ، ستاقی ئەکادیمییان بۆ دابنرێ، ناوەندى لێکۆڵینەوەیان بۆ دروست بکرێ؛ دەبێ ئەندام پەرلەمانەکان دیدی پێشوەختەیان بۆ دۆزی یاسا و پەرلەمان هەبێت، نەک لە پڕتاوێکدا بەبێ ئاگایی بەسەر پڕۆژەیەکدا بکەون کە لایەنى بەرامبەر دای ناوە و بەشێکە لە ئەجێنداکەى!
  • گرنگیدان بە دیپلۆماسییەت لەسەر هەموو ئاستەکان: حکوومەتى عێراق، لایەنە سیاسییەکان، هەرێمی، نێودەوڵەتی؛ چونکە ئەزموونەکان ئەوەیان سەلماند کە هەڵمەتی دیپلۆماسی، چەندان جار دواى دەرچوونى ئەمریکا لە عێراق له‌ ساڵی 2011 کوردی لە مەترسییەکان قوتار کردووە؛ هەر بۆیە دەبێ حکوومەتى هەرێم پلانێکی دیپلۆماسیی هەمیشەییی هەبێ، نەک تەنیا بۆ بۆنەکان، بەڵکوو بۆ پرۆسەى پرسی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان.
  • هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەى ئەو پۆستانەى کە لە پشکی گەلی کوردستانن لە حکوومەتى فیدراڵ و دروستکردنى هەماهەنگیی نێوانیان و کارکردن بە ڕۆحی تیم، تا پرۆسەى بەپەراوێزخستنى کورد کەمتر بکرێتەوە و بەشدارییه‌كی چالاک لە هەموو لیژنەکانى پەرلەمان هه‌بێت.
  • دانانى پلانێکی ورد بۆ کەمکردنەوە و یەکلاییکردنەوەى کێشەکان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ لە ڕوانگەى پێوەرە دەستوورییەکانەوە، چونکە حکوومەتى فیدراڵی هیچ نیازێکی جددیى نییە واقعه‌كه‌ بگۆڕێ؛ پێویستە سەرکردایەتیى کوردستانى، خۆى جەخت لەو بابەتە بکاتەوە و خەمى لێ بخوا.