ئەنجامی ھەڵبژاردنی عێراق و سیناریۆ لێكجیاوازەكان

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لیستەر-بریتانیا؛ مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

پێشەكی

 لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوە چوو. بێ گومان ئەم ھەڵبژاردنە لە چەند ڕوویەكەوە تایبەتمەندی و گرنگیی خۆی ھەیە كە لێرەدا دەكرێت ئاماژە بە ھەندێك لەو خاڵانە بكەین. یه‌كه‌م، ئەم ھەڵبژاردنە تا ڕاددەیەكی زۆر شەفاف و بێتەزوێر بووە. یەكەم جارە دوای 2003 ھەڵبژاردنێكی لەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت؛ بەتایبەت ئەم جارە كه‌ پرۆسەكە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان و كومەڵگەی نێوده‌وڵەتیدا بەڕێوە چوو. ئەمەیش وای كرد كە لایەنە دەسەڵاتدارەكان دەرفەتی كەمیان ھەبێت بۆ ئەوەی تەزویر لە پرۆسەكەدا بكەن. دووەم، لەم ھەڵبژاردنەدا ڕێژەی بایكۆت یاخود بەشدارینەكردنی خەڵك تا ڕاددەیەكی زۆر بەرز بۆتەوە كە دەگاتە نزیكەی 60%ی خەڵك. ھەرچەندە ھۆكارەكانی بەشدارینەكردن لە ھەر ناوچە و دەڤەرێك جیاوازن بوون، بەڵام نیشانەی ئەوەیە كە خەڵك لەو دەستەبژێرە دەسەڵاتدارە ماندوو بووە و باوەڕیشیان بەوە نییە بتوانن  لە ڕێگەی ھەڵبژارنەوە گۆڕانكاری بكەن.

سێیەم، لەم ھەڵبژاردنەدا لە ناوماڵی شيعەدا تا ڕاددەیەك ھاوسەنگیی ھێز گۆڕاوە. لیستی "سەدر" بە بەدەستھێنانی زیاتر له‌ 71 كورسی و "مالیكی"یش بە دەستەبەركردنی 37 كورسی، زۆرترین دەنگی پێكھاتەی شيعەیان دەستەبەر كردووە. لیستی "فەتح"ی سەر بە ھادی عامری، ھەروه‌ها ھاوپەیمانیی نێوان حەكیم و عەبادی تووشی شكستێكی گەورە ھاتن و بە ڕێژەیەكی بەرچاو كورسییەكانیان كەم بۆتەوە. لە ناوچە سوننەكانیش لیستی "تەقەدوم" سەر به‌ حەلبووسی توانیویه‌تی زۆرترین كورسیی سوننەكان بەدەست بھێنێت كە دەگاتە زیاتر له‌ 40 كورسی. بەھەمان ئاراستەیش، لەناو لایەنە كوردییەكاندا، "پارتی" توانیویه‌تی زۆرینەی كورسییەكان بەدەست بھێنیت كە دەگاتە 32-33 كورسی. ھەروەھا لەم ھەڵبژاردنەدا ھێزە سەربەخۆكان و بەتایبەت ئەوانەی پێیان دەگوترێت "تشرینییەكان"، توانییان نزیكەی 20-15 كورسی مسۆگەر بكەن. ئەمەیش گۆڕانێكی نوێیە لە ناوچە شيعەكان و، دەكرێت ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی لە دەرەوەی دەستەبژێری سیاسیی ھێزە شيعە تەقلیدییەكان، لیست و قەوارەی نوێ پەیدا ببن و بتوانن كاریگەرییان ھەبێت لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.

 ناڕەزایییەكانی گرووپە میلیشیاكان لە ھەڵبژاردندا

لەم ھەڵبژاردنەدا گرووپەكانی سەر بە ئێران تووشی شكستێكی گەورە ھاتن. لیستی فەتح كە لە زۆربەی گرووپە میلیشیاكان پێك دێت و پەیوەندیی نزیك و بەھێزی لەگەڵ ئێران ھەیە، بە بەراورد لەگەڵ ھەڵبژاردنەكانی پێشوو، كە نزیكەی 48 كورسیی ھەبوو، ئەم جارە تەنیا توانیویه‌تی 14-18 كورسی دەستەبەر بكات. ئەم دەرەنجامە خراپانەی ھەڵبژاردن، وای كردووە كە ھێز و گرووپە میلیشاكانی سەر بە ئێران بەتوندی پرۆسەی ھەڵبژادنەكان ڕەت بكەنەوە و ھەڕەشەی وەرگرتنی ھەڵوێستی توند بەرامبە كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان دەكەن. لەم ڕووەوە، وته‌بێژی سەربازی بە ناوی كەتائیبی حزبوڵڵا، عه‌لی عه‌سكه‌ری، لە تویتێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن قبووڵ ناكەن و ھەڵوێستی توندیان دەبێت. ھەروەھا، داوای لە لایەنە ھاوپەیمانەكانی و بەرەی موقاوه‌مە كرد كە خۆیان بۆ قۆناغی نوێ ئاماده‌ بكەن. ھەروەھا وتەبێژەكەی حزبوڵڵا ئاماژەی به‌وه‌ كرد، لە عێراقدا پلان و بەرنامە ھەیە بۆ لەناوبردن و لاوازكردنی حەشدی شەعبی. ھادی عامری، سەرۆكی لیستی فەتح، جەختی له‌وە كرده‌وه‌ كە بە ھەر نرخەك بێت، ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن قبووڵ ناكەن و توندترین ھەڵوێستیان دەبێت. ھەر لەم چوارچێوەیەدا، لە ڕێكه‌وتی 14ی ئۆكتۆبەری 2021 كوتلە شيعەكانی نزیك لە ئێران كە خۆیان لە چوارچێوەی "الإطار التنسيقي"دا دەبیننەوە، دژایەتیی خۆیان بۆ ئەنجامی ھەڵبژاردن دەربڕی.

 مەرامەكانی پشت ڕەتكردنه‌وه‌ی ئەنجامەكانی هه‌ڵبژاردن لەلایەن گرووپەكانی سەر بە ئێران

ستراتیژییەتی ئێران و ھاوپەیمانەكانی، بەتایبەت لیستی فەتح و گرووپە میلیشیاكان، دوای ئەوەی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا ڕووبەڕووی شكستیكی گەورە ھاتن، لە گرتنەبەری سیاسەتی ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێته‌وە:

یەكەم، ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران نایانەوێت دان بە شكستەكەیاندا بێنن و شەرعییەت بەو شكستە بدەن كە لە ئەنجامی ھەڵبژاردن تووشی بوونە. بۆیە یەكێك لە ھۆكارەكانی ڕەتكردنەوەیان ئەوەیە كە بە خەڵكی خۆیان و ڕای گشتی بڵێن ئەمە دەنگی ئێمە نییە و خەڵكمان پاڵپشتیمان دەكات. دووەم، دەیانەوێت بە ستراتیژییەتی ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان گوشار لەسەر سەدر دروست بكەن بۆ ئەوەی واز لە داواكارییەكانی بھێنێت و سازش بۆ پرۆكسییەكانی ئێران بكات؛ بەتایبەت سەدر تاكوو ئێستا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێت سەرۆكوەزیران لە خۆیان بێت، وەك مەزنترین لیستی براوەی ھەڵبژاردن. ئێران و ھاپەیمانەكانی بەم پێداگرییەی سەدر ناڕه‌حەتن و دەیانەوێت بە ڕەتكردنه‌وه‌ی دەرەنجامی ھەڵبژادن جۆرە گوشارێك لەسەر سەدر دروست بكەن بۆ ئەوەی زیاتر بەرامبەر داواكارییەكانیان نه‌رمی بنوێنێت.

سێیەم، ھاوپەیمانەكانی ئێران لە لایەك وا پیشان دەدەن كە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن ڕەت دەكەنەوە؛ له‌ لایەكی تریشەوە لە ھەوڵدان بۆ دروستكردنی مەزنترین كوتلە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا، بۆ ئەوەی دەستپێشخەری لە سەدر و لایەنەكانی تر وەربگرن و سەرۆكوەزیرانێكی نزیك لە خۆیان دابنێن. بەڵام ئەگەر ئەم ھەوڵەیان سەری نەگرت و شكستیان ھێنا، ئەوكات گرووپەكانی سەر بە ئێران بەردەوام دەبن له‌سەر سیاسەتی ڕەتكردنەوەی دەرەنجامەكان و لەوانەیە ھەنگاوی تریش بھاوێژن، بەتایبەت لە ڕووی سەربازییەوە. چوارەم، دەستەبژێری تەقلیدیی شيعەكان-بەدەر لە سەدر- تووشی شكستی گەورە بوونە و خەرێكە بەدیلیان بۆ پەیدا دەبێت. بەتایبەت ئەم جارە سەربەخۆكان، بەتایبەت لیستی "ئیمیتداد" كە نوێنەرایەتیی شەقامی ناڕازی دەكات و بە لایەنگرانی تشرین ناسراون، دەنگی زۆریان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەدەست ھێناوە. ئەم ھەڵكشانەوەی ھێزە سەربەخۆكان وای كردووە كە، ئەوان ھەست بە مەترسی بكەن و ھەوڵ دەدەن گومان بخه‌نە سەر ئەنجامی ھەڵبژاردن.

 سیناریۆكانی پێكھینانی ھاوپەیمانییەكان

یەكەم، پێكھێنانی زۆرینەی سیاسی لەلایەن سەدر، پارتی و حەلبووسی بۆ دروستكردنی حكوومەتی داھاتوو: ئەم بەرەیە زیاتر لە 145 كورسیی پەرلەمانی ھەیە و دەتوانێت بە ڕاكێشانی كورسیی ھەندێك لایەنی بچووك، بەتایبەت سەربەخۆكان ڕێژەی كورسییەكان بگەیه‌نێتە 165 و حكوومەت پێك بهێنێت. سەدر تاكوو ئێستا پیداگری لەسەر دیاریكردنی سەرۆكوەزیران لەلایەن ڕەوتەكەی دەكات یاخود سەرۆكوەزیران لە خودی لایەنی سەدری دەبێت. بێ گومان ئەمەیش لەلایەن ئێران و ھاوپەیمانەكانییه‌وه‌ ڕەت دەكرێتەوە. نەك ھەر ئەمە، سەدر بە درێژاییی ئەمساڵ و تەنانەت لە دوا لێدوانەكانی دوای دەركەوتنی ئەنجامی ھەڵبژاردن، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كار دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سنوورداكردنی چەك لە دەستی ھێزی فەرمی، ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانەكانی دەوڵەتانی ھەرێمی و نێوده‌وڵەتی لە كاروباری عێراق. ھەروەھا دژی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ ئیسڕائیل و لەگەڵ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكایە لە عێراقدا.

سەدر بۆ  ئەوەی بتوانێت حكوومەتێكی زۆرینە پێك بھێنێت، نزیكترین لایەن كە دەكرێت لەگەڵیان ڕێككەوتن بكات پارتی و لیستەكەی تەقەدەمی حەلبووسییە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت دروستبوونی ئەم جۆرە ھاوپەیمانێتییە بێكێشە نییە. لەلایەك، سەدر لەوانەیە جورئەتی ئەوە نەكات بەبێ ھاوپەیمانەكانی ئێران ئەم ھەنگاوە بھاوێژێت. لەلایەكی تریشەوە، سەدر سیاسەتێكی جێگیری نییە و بەردەوام بڕیارەكانی گۆڕانكاریی بەسەردا دێت. بۆیە دوور نییە بەرامبەر ھەندێك سازش لەلایەن ئێران و گرووپەكانی دیكەی شيعەوە، دووبارە لە چوارچێوەی سیاسەت و ئەجێنداكانی ئێراندا گەمە بكات.

بە ھەمان ئاراستەیش، بۆ پارتی و لیستەكەی حەلبووسی سەختە، بەبێ بوونی ھیچ بەرچاوڕوونییەكی باش یان پاڵپشتییەكی مەزنی ھەرێمی و نێوده‌وڵەتی بچنە ناو گەمەیەكی بەو شێوەیە. بەتایبەت بۆ ھەردوو لایەن سەختە، خۆیان لە بەرامبەر گوشار و ھەڕەشەكانی ئێران و گرووپە میلیشیاكان ڕابگرن. بەتایبەت لە حاڵەتێكی وەھادا گوشاری ئێران و گرووپە میلیشیاكان بۆ سەر ھەرێم و ناوچە سوننەكان كە لیستەكەی حەلبووسی تیایدا براوەی ھەڵبژاردنەكانە، زیاتر دەبێ. ھەروەھا، ئەم جارە لەوانەیە خاڵی ناكۆكیی كورد و سوننەیش لەسەر پرسی سەرۆکكۆمار سەر ھەڵبدات. ئەم جارە قەوارەكەی حەلبووسی زیاتر چاوی لە پۆستی سەرۆككۆمارە. بێ گومان ئەگەر ئەو سیناریۆیە سەر بگرێت، لە بەرژەوەندیی كورد و سوننە دەبێت. ئەوەی پەیوەندیی بە ئەمریكا و ده‌وڵەتانی عەرەبی سوننەوە ھەیە، لەوانەیە پێیان باش بێت ئەم سێ لایەنە حكوومەتێكی زۆرینە پێك بھێنن و ڕۆڵی گرووپە میلیشیاكان و تەنانەت ئێرانیش لە حكوومەتی داھاتوودا كەم بكەنه‌وه‌. بەتایبەت، ئەم سێ لایەنە ئەگەر لەسەر بەرنامەی حكوومەت ڕێككەوتن بكەن، دەكرێت سەرۆكوەزیران، تەنانەت ئەگەر لە لیستی سەدریش نەبێت، كەسێكی وەك كازمی دووبارە بكەنەوه‌ به‌ سەرۆكوەزیران.

دووەم، دروستكردنی زۆرینەی سیاسی لەلایەن ھاوپەیمانەكانی ئێران (فه‌تح، ده‌وڵه‌تی یاسا، یەكێتی و قەوارەی عەزمی سەر بە خەمیس خەنجەر) بۆ پێكھێنانی حكوومەتی داھاتوو. ئەم لایەنانە بۆ  ئەوەی بتوانن حكوومەتی داھاتوو دروست بكەن، دەبێت دوو ھەنگاوی مەزن بھاوێژن: یەكەم، دروستكردنی كوتلەیەكی گەورە لەناو پەرلەمان، بە شێوەیەك پێش سەدر بكەوێت. دووەم، دەبێت 156 كورسی كۆ بكەنەوە بۆ پێكھینانی حكوومەت. ئێستا كورسیی ھەموو ئەم ھێزانە دەگاتە نزیكەی 90 كورسی؛ بۆیە پێویستیان بە زیاتر له‌ 75 كورسیی دیكە ھەیە بۆ ئەوەی مەرجە یاسایییەكان تەواو بكەن. لێردا بێ گومان سەختە ئەم ژمارەیە كۆ بكەنەوە. دوای دەرچوونی ئەنجامی ھەڵبژاردن، وەك ئاماژەمان پێ كرد ھاوپەیمانەكانی ئێران لە لایەك جەخت لەسەر ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان دەكه‌نه‌وه‌ و لە لایەكی تریشەوە، ھەوڵ دەدەن كوتلەیەكی گەورەتر لە سەدر دروست بكەن بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیران لە خۆیان بێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ئێران پاڵپشتیی ئەو ھەوڵانە دەكات، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ئێران دەزانێت ھاوپەیمانەكانی لەوە كەمتر دەنگیان ھێناوە كە بتوانن لە ڕێگەی زۆرینەی سیاسییەوە حكوومەت پێك بھێنن. لەوانەیە ئێران، بە پێدانی ئیمتیازات، لەگەڵ لیستی حەلبووسی و پارتی ھەوڵێك بدات، بۆ ئەوەی لە سەدر دوور بكەونەوە یاخود پاڵپشتیی پڕۆژەكەیان بكەن. بەڵام پێناچێت پارتی و تەقەدوم بە داواكارییەكانی ئێران ڕازی بن. ئەم سیناریۆیە ئەگەر سەر بگرێت، خاڵی گرنگ بۆ ئێران ئەوەیە دەتوانێت دڵنیا بێت كە  حكوومەتەكەی تازەی بەغدا، جیاواز دەبێت لە حكوومەتی كازمی و ناچێتە ژیر كاریگەریی سیاسەتەكانی ئەمریكا. ھەروەھا لە ئەگەری سەرگرتنی ئەم سیناریۆیە، دەرھاوێشتەكانی بۆ سەر كورد و سوننە خراپ دەبن.  

سێیەم، ڕێككەوتنی شيعەكان لەسەر پۆستی سەرۆكوەزیران و دواتریش بەشداریپێكردنی كورد و سوننە لە پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتدا.  ئەم سیناریۆیە لە ساڵی 2003 تاكوو ئێستا لە عێراق پراكتیزە كراوە، كە بەڕووكەش ناوی لێ نراوە حكوومەتی ھاوبەشی، تەوافق و ھاوسەنگی. بەڵام لە ڕاستیدا، نە حكوومەتێكی تەوافقی بووە و نە شەراكەت و ھاوسەنگیی ھەبووە. سەبارەت كورد و سوننە، ئەمە سیناریۆیەكی باش نییە و زیاتر له‌ 18 ساڵە ئەم سیناریۆیە تاقی كراوتەوە و ھیچ بەرھەمێكی نەبووە بۆ كورد و سوننە و، بگرە زیانێكی زۆری لێ داون. كورد و سوننە بە درێژاییی 18 ساڵ لە دوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراق، ڕۆژ بە ڕوژ پێگەیان لاواز بووە و شيعەكان بوونەتە خودان دەسەڵاتی ڕەھا لە عێراقدا. بۆیە دەبێت كورد و سوننە بە دوای مۆدێلێكی تری فەرمانڕەواییدا بگەڕێن كە جێگە و پێگەیان پارێزراو بێت و ھەوڵ بدرێت بە ھاوكاریی لایەنە شيعە میانڕەوەكان حكوومەتێك پێك بهێنن كه‌ لە حكوومەتەكانی پێشوو جیاواز بێت.

ئەوەی ڕاستی بێت، ئێران لە ساڵی 2003 بۆ پاراستنی پێگەی شیعەكان، بەردەوام جەختی لەسەر ئەو سیناریۆیه‌ كردۆته‌وه‌؛ ھەوڵی داوە ناوماڵی شيعە بەرامبەر كورد و سوننە بەھێز بكات و ڕیگە نەدات كورد و سوننە سوود لە ناكۆكییەكانی ناوماڵی شيعە وه‌ربگرن. بەڵام ئەم جارە دیار نییە ئایا ئێران سەركەوتوو دەبێت لەوەی قەناعەت بە لایەنە شيعەكان بێنێت بۆ ئەوەی ڕێككەوتن لە نێوان خۆیاندا بكەن؟ بەتایبەت ئێستا ناكۆكیی زۆر ھەیە لە نێوان ڕەوتی سەدر و  گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران و؛ سەدر ئەو گرووپانە بە ھەڕەشە دەزانێت بۆ سەر پێگەی خۆی لە عێراقدا. لە لایەكی تریشەوە، دەبێت ڕەوتی سەدر حیسابی ئەوە بكات كە لە بەردەم بەرپرسیارێتییه‌كی گەورەدایە دوای ئەوەی زۆرینەی دەنگی پێكھاتەی شيعەی بەدەست ھێنا. لەوانەیە ئەمە دوا دەرفەت بێت پێكھاتەی شيعە بە سەدر درابێت كە حكوومەتێك پێك بھێنێت ئەركی ھەرە سەرەكیی، دژایەتیكردنی گەندەڵی، پاراستنی سەروەری و سیادەی عێراق، سنووردانان بۆ گرووپە میلیشیاكان و دەستێوه‌ردانەكانی ئێران بێت. ئەگەر سەدر بە مەرجەكانی ئێران و گرووپە میلیشیاكان ڕازی بێت یان لەگەڵ ئەوان وەك جارانی پێشوو حكوومەت دروست بكات، پێدەچێت لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا خەڵك سزای قورسی بدەن و چارەنووسی ھاوشێوەی لیستی فەتح بێت.