"نه‌زم" پێش ئاشتی (Order Before Peace)

(دیپلۆماسییەتی کیسنجەر وەک وانەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆ)

 

ئامادەکردن: د. زوبێر ڕەسووڵ

مارتن ئندیک (MARTIN INDYK) کە توێژەرەی باڵایە لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هەروەها پێشتریش باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە ئیسڕائیل، دواتریش یاریدەدەری تایبەتیی بیل کلینتۆن و چەندین پۆستی تری فەرمیی هەبووە، نووسەری کتێبی  Master of the Game: Henry Kissinger and the Art of Middle East Diplomacy  (شارەزای یاری: هێنری کیسنجەر و هونەری دیپلۆماسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) کە بەنیازە لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بڵاو بێتەوە، ماڵپەڕی foreign affairs لە شێوەی ئارتیکلێکی درێژدا بەشێک لە بیرۆکەی کتێبەکەی، کە تایبەتە بەو شێوازە ستراتیژییەی کیسنجەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕاکتیزەی کردووە، نووسیوە. نووسەری کتێبەکە وای دەبینێت کە ئەو شێوازە دیپلۆماسییە کە کاتی خۆی کیسنجەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەوەی دەکرد، دەکرێت وەک وانەیەک بێت بۆ ئێستای ئیدارەی جۆ بایدن کە بتوانێت سوودی لێ ببینێت، بەتایبەت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان. لەبەر گرنگیی بابەتەکە، بەپێویستم زانی تەوەرە سەرەکییەکانی تێزەکەی، بە کەمێک دەستکارییەوە، بخەمە بەر دیدی خوێنەران.

نووسەر دەڵێت، کۆتایییە دڕاماتیکییەکەی جەنگی ئەفغانستان ئەوەنده‌ی تر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆزتر کرد؛ لەوانەیە ئەمریکییەکان وا  بیر بکەنەوە کە دەتوانن پشت بکەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت کە ئێستا ئەمریکا دەتوانێت وزەی پێویست لە ناوخۆی ئەمریکادا دابین بکات و کەمتر پشت بە وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست ببەستێت. سەرکردە ئەمریکییەکان وانه‌ی باشیان وەرگرتووە لە دەستوەردان و وێناکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام ئەگەر لە ڕێگه‌ی جه‌نگیش بێت، ئەوا بەدڵنیایییەوە ناتوانن هیچ پاڵپشتییه‌کی ناوخۆیی بۆ ئەم جۆرە سیاسەتەیان پەیدا بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، دەبێت بزانین کە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست گرنگە بۆ ئەمریکا، بەتایبەت لەبەر ناوەندە جیۆستراتیژییەکەی، کە بە شێوەیەک هەڵکەوتووە کە ڕێگه‌ی بەیەکگەییشتنی ئاسیا و ئەوروپا بێت. ئیسڕائیل و هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە، بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆیان پشت بە ئەمریکا دەبەستن.

وڵاتانی شکستخواردووی وەک یەمەن و سووریا هەردەم دەروازەیەکن بۆ گەشەکردنی تیرۆر و دروستکردنی مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ڕاستە کە ئەمریکا ئێستا زۆر پێویستیی بە وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و کەنداو نییە بەڵام درێژەکێشانی وەستان و هەناردەی نەوت لەو ناوچەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەبێتە هۆی تێکچوونی ئابووریی جیهان. بۆیە وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستیی بە ستراتیژیی دوای جەنگی ئەفغانستانە بۆ بەهێزکردنی نه‌زم (order)ێكی هەرێمی لەو ناوچەیە؛ ته‌نانه‌ت ئەگەر ئەمریکا پرسی گرنگتریشی لە جیهاندا هەبێت، نابێت ڕۆژ‌هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست فەرامۆش بکات. ئەوەی یارمەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان دەدات بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ستراتیژە بگرێتە بەر، تێز و ئەزموونەکانی هێنری کیسنجەری دیپلۆمات و ستراتیژیستی دیارە کە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و دەوڵەمەندی هەبووە لە کارکردن لەگەڵ ئیدارەی سەرۆک نیکسۆن لە  بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستێکی سەقامگیر کە توانی بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بمێنێتەوە. کیسنجەر لە دۆخێکدا ئەمەی کرد کە ئەمریکا خەریکی کشانەوەی گشت سەربازەکانی بوو لە بەرەی جەنگی ڤێتنام؛ واتا کاتێک بوو کە کیسنجەر پێی وابوو کە لەو دۆخەدا دیپلۆماسی، دەبێت جێگه‌ی هێز و جەنگ بگرێتەوە، بەتایبەت کە ئەمریکا ئەوکات تووشی سکانداڵی "واتەرگەیت" هاتبوو کە دواجار وای کرد سەرۆک نیکسۆن دەست لەکار بکێشێتەوە. لێکەوتەی ئەمەیش دروستبوونی بۆشایییەک بوو لە سەرکردایەتیکردنی وڵاتە یەکگرتووەکان لە جیهاندا.

گرنگترین وانە کە دەتوانین لە دیپلۆماسییەتی ئەوکاتی کیسنجەر وەربگرین ئەوەیە کە، تەنیا هاوسەنگیی هێزی هەرێمی (regional balance of power) بەشی ئەوە ناکات کە سیستـه‌مێکی هەرێمیی سەقامگیر دروست بکات. بۆ ئەوەی سیسته‌مێکی لەو جۆرە ڕەوایەتی بەدەست بێنێت، واشنتن پێویستی بەوەیە کە ڕێگه‌یەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دۆست و هاوپەیمانەکانی هان بدات کە چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە بدۆزنەوە. بە قسەی نووسەر "مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست لە ڕێگه‌ی جێبەجێکردنی ستراتیژییەتەکه‌ی کیسنجەر، باشترین ڕێگه‌یە بۆ خۆبەدورگرتن لە ئاگرێکی تر لەو ناوچەیەی کە هەمیشە توانای گڕگرتنی هەیە."

  • نه‌زم، پێش ئاشتی

کیسنجەر باوەڕی وابوو کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نە ئاشتی دەتوانرێت دابین بکرێت نە ئاشتییش ئامانجێکە. لە ڕوانگەی کیسنجەر پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستی بە دانانی هاوسەنگییه‌کی هێزی سەقامگیرە (sustainable balance of power). کیسنجەر لە تێزی دکتۆراکەیدا کە لە ساڵی ١٩٥٧ بڵاو کرایەوە، وەک بنەمایەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ستراتیژە، ئاماژە ده‌دا بە هەوڵەکانی دیپلۆماتکاری نەمسایی "کلیمنس ڤۆن مترینش"، هەروەها دەوڵەتمەداری ئەنگلۆ-ئێرلەندی وەک "لۆرد کسلریە" کە چۆن لەسەر ئەو بنەمایە توانییان سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ لە ئەوروپا دروست بکەن لە ڕێگه‌ی مامەڵەکردنێکی زیرەکانە لەگەڵ پڕەنسیپی هاوسەنگیی هێز و، هەروەها بەوریایی بەکارهێنانی ئەو لایەنانەی کە دەیانویست ڕێگری لەو هاوسەنگییە بکەن. نووسەر دەڵێت، بۆ ئەوەی ئەم نه‌زمە (order) بمێنێتەوە، دەبێت ڕەوایەتیی هەبێت؛ ئەمەیش بە مانای ئەوە دێت کە هەموو هێزە سەرەکییەکانی ناو سیسته‌مەکە، دەبێت پابەند بن بە هەندێک بنەما و پڕەنسیپی گشتی. کیسنجەر دەڵێت،  ڕاستە "نه‌زمێکی ڕەوا ململانێکان بنەبڕ ناکات، بەڵام سنوورداریان دەکات."

  • دابینکردنی ئەم نه‌زمە پێویستیی بە هەندێک لە یارمەتیی دۆستەکانمان هەیە

هەڵبەتە بۆ بەرقەرارکردنی ئەو ئاشتییە بەردەوامە، ئەمریکا پێویستیی بە یارمەتیی دۆستەکانی هەیە لەو ناوچەیەدا. نووسەری کتێبەکە دەڵیت، ئێستا ئەو ستراتیژەی کیسنجەر دەتوانێت پەیڕەو بکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران کە بەئاشکرا مەترسی دروست دەکات بۆ ئەو بەشەی کە لە نه‌زمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە، کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات. لە هەمان کاتدا واشنتن دەبێت هاوکێشەیەکی نوێ لە ناوچەکە دروست بکات؛ بە جۆرێک کە ئێران دەور بدات (contain) و هاوسەنگی دروست بکات لە ڕێگه‌ی وڵاتانی عەرەبی سوننەی هاوکار لەگەڵ ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان. کیسنجەر دەڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت ڕۆڵی هاوسەنگکار (balancer) بگێڕێت و خۆی لە هەموو ئەو لایەنانە نزیک بکاتەوە کە تەبان لەگەڵ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکه‌دا. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەڵک بەگشتی پەرۆشی حکوومەتێکی لێپرسراوە، بەڵام واشنتن ناتوانێت لە ئاست ئومێدی خەڵکەکەی بێت؛ بەڵام لە هه‌مان کاتیشدا ناتوانێت فەرمۆشیشیان بکات. لە سەروبەندی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئەمریکا ناتوانێت دەستی یارمەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست درێژ بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا کیسنجەر پێمان دەڵێت که‌ جۆ بایدن هەڵە دەکات ئەگەر بەتەواوی پشت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. بۆیە بەر لە هەوڵدان بۆ بەرقەراکردنی ئاشتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە بنیاتنانی سیسته‌مێکی هێزی هەرێمیی هاوسەنگ هەیە کە جۆرێک لە ڕەوایەتیی هەبێت بۆ ئەوەی وڵاتەکانی ناو سیسته‌مەکە پابەند بن پێیەوە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ئەو دۆخەی ئێستا ئەمریکای تێ کەوتووە، بەتایبەت دوای کشانەوەیان لە ئەفغانستان و سەرقاڵبوونیان بە ململانێ لەگەڵ چیندا، بەدووری نابینم ئەو ڕوانگە ستراتیژییەی کیسنجەر لە ئاییندەیەکی نزیکدا ببێتە بنەمایه‌کی سەرەکیی سیاسەتی دەره‌وەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت لە شام و "کەنداوی فارسی/ عەرەبی"دا. واتا ئەمریکا واز لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و چەسپاندنی دیموکراسی دێنێت؛ لە بری ئەوە، هەوڵ دەدات سیسته‌مێکی هەرێمیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات کە بتوانێت جۆرێک لە ڕەوایەتیی لە ناوچەکەدا هەبێت بۆ ئەوەی ڕێگه‌ لە ڕوودانی جه‌نگ بگرێت؛ بۆ ئەوەی ئەو لاسەنگییەی کە لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی سەددامدا لە دوای ٢٠٠٣ ڕووی داوە ڕاست بکاتەوە.

 

لینکی کتێبەکە لە ئامازۆن:

 https://www.amazon.com/Master-Game-Kissinger-Middle-Diplomacy/dp/1101947543

لینکی بابەتەکە لە فۆرین ئەفێرس:  https://www.foreignaffairs.com