چه‌ند سه‌رنجـێـكی یاسایی ده‌رباره‌ی گرفـته‌كانی سێكتەری هاتوچۆ

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

هەموو شەش مانگ جارێك یاخود لە كۆتاییی هەموو ساڵێكدا فەرمانگەی هاتوچۆی پارێزگەكان لە هەرێمی كوردستان ئاماری فەرمی دەربارەی كار و چالاكی و ڕووداو و گرفتەكانی هاتوچۆ لەسەر ئاستی پارێزگە بڵاو دەكەنەوە. وردبوونەوە لە ژمارەكانی نێو ئەو ئامارانە ئەوەمان پێ نیشان دەدات، هەرێمی كوردستان بەفیعلی بەدەست هەندێ گرفتی هاتوچۆوە دەناڵێنێت و ئەم گرفتانەیش ساڵ بە ساڵ دووبارە دەبنەوە و لە فراوانبوونیشدان، چونكە تاوەكوو ئێستا نەتوانراوە چارەسەری ڕیشەیی بۆ بنبڕكردن یاخود سنوورداركردنی ڕووداوەكان و سەرپێچییەكانی هاتوچۆ دابنرێت. بێ گومان بەردەوامیی ئەم گرفتانەیش هاوتەریبە لەگەڵ زیادبوونی ڕێـژەی دانیشتووان و ژمارەی سوارڕۆكان (هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌، پێڕاگوێزه‌كان، پێگوێزه‌ره‌وه‌كان‌‌)؛ (به‌ عه‌ره‌بی: المركبات) و فراوانبوونی شار و شارۆچكەكان كە لەگەڵ خۆیاندا ڕێژەی گرفتەكانی هاتوچۆی، زیاتر و زیاتر كردووە.

ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر گرفتەكانی هاتوچۆ بكەین، دەبێت ئەوە بزانین كە هاتوچۆ لە شەش كۆڵەكەی سەرەكی پێك دێت كه‌ بریتین لە: (سوارڕۆ - شوفێر - شەقام - پیادەڕۆ - پۆلیسی هاتوچۆپێبژاردن). چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ بە چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی، به‌ هەموو ئەو كۆڵەكانەوە گرێ دراوە و ناكرێت تیشك بخرێتە سەر یەكێكیان و ئەوەی تریان پشتگوێ بخرێت.

یەكەم – سوارڕۆ (المركبة)

بەپێی یاسای هاتوچۆ، ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل بە سوارڕۆ هەژمار دەكرێن. یەكێك لە گرفتەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە خراپیی كواڵێتیی هەندێ لە سوارڕۆكان. لە ماوەی ڕابردوو بڕیارێكی یەكجار گرینگ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان دەرچوو، كە ڕێگە گیرا لە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلە لێدراو و چاككراو و ژێراوكەوتووەكان؛ ئەم بڕیارە لە وەزارەتی ناوخۆ بە ژمارە (1250/د) لە (2/5/2019) دەرچوو و دەبووایە لە (1/7/2019)ەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام جێبەجێ نەكرا. دواتر بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەرێم بە نووسراویان ژمارە (25029) لە (22/12/2019) بە پشتبەستن بە نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (23636) لە (19/12/2019)، بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلە لێدراو و چاككراو و ژێراوكەوتووەكان بۆ هەرێمی كوردستان و ئەم بڕیارە دەبووایە لە (1/1/2020)ەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئێستا دەپرسین: جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بە كوێ گەیشت؟ بۆچی نەتوانرا ئەم بڕیارە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت؟ بە بۆچوونی ئێمە، نابێت بڕیار بەبێ دیراسەتی پێشوەختە دەربچێت و نایشبێت بڕیار بە ئارەزووی خەڵك دەستكاری بكرێت یاخود جێبەجی نەكرێت.

ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە لەسەر هەموو سوارڕۆكان پێویستە، ساڵانە پشكنین ئەنجام بدەن بۆ زانینی ئاست و ڕێژەی كواڵێتییان. بێ گومان ئەمە كارێكی زۆر باشە، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا هەموومان ڕۆژانە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەبینین كە بە دووكەڵیان خەڵكیان هەراسان كردووە و ژینگە پیس دەكەن و بە ئارەزووی خۆیان لە شەقام دەسووڕێنەوە، بێ ئەوەی وەك پێویست لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.

دووەم – شەقام

شەقام سیمای سەرەكیی شارستانییەتییە و ڕەنگدانەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفیی تاك و كۆمەڵگەیە. شەقامە پیس و خراپەكان تەنیا لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكان دەبینرێن. لەم بارەیەوە شەقامەكانی هەرێمی كوردستان بوونەتە دوو بەش: لە بەشێكیان شەقامەكان زۆر پاكن و كواڵێتییان بەرزە، بەڵام لە دیوەكەی ترەوە تەسكیی شەقامەكان و زۆریی چاڵ و كەند و هەبوونی بەرزی و نزمی، سیمای هەندێ لە شەقامەكانی ناشیرین كردووە.

تا ڕاددەیەك خراپیی كواڵێتیی شەقامەكان ڕەنگە هۆكار بووبن بۆ ڕووداوەكانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدان، بێ ئەوەی بتوانرێت لە دادگە هەبوونی ئەم پەیوەندییە بسەلمێنرێت؛ چونكە سەلماندنی ئەم پەیوەندییە، ڕەنگە ئاستی خەمخۆریی دەزگە فەرمییەكان لە چارەسەری كەموكوڕتیی شەقامەكان زیاتر بكات.

شتێكی تریش شەقامەكانی هەرێمی كوردستانی پێ دەناسرێتەوە، ئەویش زۆریی تاسەكانییەتی. شه‌قامەكان پڕن له‌ تاسه‌ی بێمانا كە هەندێكیان فەرمانگەی هاتوچۆ دای ناون و، هەندێكی تریشیان لەلایەن خەڵكەوە، بە ڕەزامەندی یان بێرەزامەندی، دانراون. هه‌ندێ توێژینه‌وەی زانستی كە لە گۆڤارە ڕەسەنەكان بڵاو كراونەتەوە‌ ئەوەیان سەلماندووە كە تاسە، پێوەرە بۆ پێوانی ئاستی ڕۆشنبیریی تاك و كۆمەڵگە؛ بۆ نموونە هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تاسه‌ی سه‌رشه‌قامی زۆر بێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ڕۆشنبیریی كه‌مه‌. هه‌روەها له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تاسه‌ی سه‌ر شه‌قامەكانی به‌رز بێت، ئه‌وا ڕۆشنبیریی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ نزمه‌. ئەم ئەنجامە زانستییە ڕاستییەكی زۆری تێدایە، چونكە ئەگەر ئاست و ڕۆشنبیریی تاك لە ڕووی جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆوە هێندە بەرز بێت، ئیدی چ پێویست دەكات تاسەی زۆر و بەرزی بۆ دابنێی، تەنیا بۆ ئەوەی لە خێرایییە شێتانە و لەڕاددەبەدەرەكەی كەم بكاتەوە؟

دیاردەی گرتنی شەقام، یەكێكی ترە لە دیاردە ناشیرینەكانی نێو كۆمەڵگەمان كە هەندێ جار شەقام بەهۆی دروستكردن یان نۆژەنكردنەوەی خانوو یان باڵاخانە، یاخود بەهۆی هەبوونی بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی دەگیرێت، یاخود لەبەر هەبوونی ماڵی بەرپرسێك لە شوێنێك ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست دەكرێت یاخود بۆ ماوەیەك دەگیرێت. لەوە دڵنیا نین گرتنی شەقامەكان بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەی دەزگە فەرمییەكانە یاخود نا، بەڵام لەوە دڵنیاین كە گرتنی شەقام دیاردەیەكی ناشارستانییە و، پێویستە هەرگیز ڕێگەی پێ نەدرێت، چونكە شەقام موڵكی گشتییە و هی كەسێك یان دووان یان چەند كەسێك نییە.

ڕەنگە هەندێ جار دەزگە فەرمییەكان شەقام بگرن و هاتوچۆی لێ بوەستێنن بە هۆكاری هەبوونی بۆنەیەكی سیاسی یاخود نۆژەنكردنەوەی شەقام و...، بێ ئەوەی وەك پێویست و پێشوەختە شوفێرەكان لێی ئاگادار بكرێنەوە بۆ ئەوەی به‌م شەقامەدا هاتوچۆ نه‌كه‌ن؛ بۆ نموونە، لە وێبسایتی ئەلیكترۆنیی فەرمانگەی هاتوچۆی هەولێر لە نێوان ماوەیەی (10/12/2019) تاوەكوو (27/9/2021) نزیكەی (14) ئاگاداركردنەوەی گرتنی شەقامی لێ بڵاو كراوەتەوە. ئەمە مایەی دەستخۆشییە، بەڵام ڕەنگە پڕۆسەی گرتنی شەقام لە نێوان ئەم دوو ڕێكه‌وتەدا لەم ژمارەیە زیاتر بووبێت و، لە هەمان كاتدا ڕەنگە ئەم شێوازەی ئاگاداركردنەوەیە بێسوود بێت، چونكە ناگات بە شوفێرەكان. بۆیە دەپرسین: چەند شوفێر لە هەولێر ئاگاداری هەبوونی ئەم وێبسایتەی فەرمانگەی هاتوچۆیە؟ ئایا چەندیان ڕۆژانە سەردانی ئەم وێبسایتە دەكەن بۆ ئەوەی زانیاریی نوێیان دەست كەوێ؟ ئایا ئەم وێبسایتە لە ڕووی زانیارییەوە بەبەردەوامی نوێ دەكرێتەوە؟! ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە نێگەتیڤ بوو، ئەوا پێویستە بۆ گەیاندنی زانیاری، بیر لە كەناڵی كاریگەر و ڕاستەوخۆ بكرێتەوە.

گرفتێكی تری شەقام بریتییە لە هێڵە ڕاستەكان؛ ئەو هێڵە ڕەنگسپییانەی شەقام زۆر گرینگن، چونكە بۆ ئەوەیە شوفێر ئۆتۆمبێلەكەی بەڕاستی لێ بخوڕێت تاوەكوو لە ڕووداوەكانی هاتوچۆ دوور بێت. لەم بارەیەوە، نەبوونی ئەم هێڵە سپییانە لەسەر هەندێ لە شەقامەكان و كاڵبوونەوەی هەندێكیان و پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕاستلێخوڕین، یەكێكە لە دیاردە خراپەكان كە پێویستیی بە چارەسەری ڕاستەقینە هەیە؛ چونكە له‌ شه‌قامدا، پێویسته‌ هه‌مووان ڕاست لێ بخوڕن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگەی تێبینییە ئەوەیە،‌ لە شەقامەكانماندا ئەگەر ئۆتۆمبێل ڕاست لێ بخوڕی، ئەوا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ ده‌بیت. بۆیه‌، هەندێ جار پێویستە به‌خواری لێ بخوڕی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووداوەكانی هاتوچۆ دوور بیت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو شوفێران یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ جێبه‌جێ ناكه‌ن. بۆیە دەپرسین: بۆچی دەبێت ئۆتۆمبێل بەخواری لێ بخوڕین بۆ ئەوەی لە ڕووداوەكانی هاتوچۆ دوور بین، كەچی لە هەموو دونیا پێچەوانەكەی ڕاستە؟!

دیاردەی ده‌ستفرۆشی و سـواڵكردن یەكێكە لە دیاردە ناشریینەكانی نێو شەقامەكانی هەرێمی كوردستان؛ چونكە شەقام شوێنێكی پارێزراو نییە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان، بۆیە هەتا دەكرێت پێویستە دیاردەی ده‌ستفرۆشی لە ترافیكەكان سنووردار بكرێت؛ ئەمە جگە لەوەی بەپێی ماددەكانی (390-392) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی (1969) - كە لە هەرێمی كوردستانیش بەركارە – سواڵكردن تاوانە و پێویستە بنبڕ بكرێت. لەم بارەیەوە كەمتەرخەمیی جددی بەدی دەكرێت، چونكە دیاردەی سواڵكردن یان "فرۆشتن بە تامی سواڵكردن"، لە فراوانبووندایە و بگرە منداڵانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵیشی گرتۆتەوە كە ئەمەیش سیمایەكی ناشارستانیی بە شەقامەكانی هەرێم بەخشیوە.

دوا دیاردەی نایاسایی كە بەرۆكی شەقامە گشتییەكانی هەرێمی گرتووە بریتییە لە دانانی هێمای No Parking. له‌ زۆر شوێن هێمای No Parking لێ دراوه،‌ كه‌چی جێبه‌جێكردنی پشتگوێ خراوه‌‌ و كه‌س پێوه‌ی پابه‌ند نابێت. بۆیه‌، دەپرسین: ئه‌گه‌ر ئه‌م هێمایه‌‌ له‌و شوێنانه‌ زیاده،‌ ئه‌وا پێویستە لا ببردرێت، چونكه‌ ڕاهاتنی شوفێر له‌سه‌ر سه‌رپێـچیكردن كارێكی باش نییه‌‌. ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە له‌ناو بازاڕی شارەكان هێمای No Parking لێ دراوه،‌ كه‌چی له‌ به‌یانیان جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌‌ شه‌واندا شوفێرەكان پێوه‌ی پابه‌ند نابن. له‌م باره‌یه‌وه‌ پۆلیسەكانی هاتوچۆیش نه‌رمی ده‌نوێنن‌. ده‌كرێت ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی ڕێك بخرێت؛ بە شێـوازێك له‌ هێمای هاتوچۆ‌ی قەدەغەكردنەكە بنووسرێت "له‌ كاتژمێر (...)‌ بۆ (....)‌ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل قه‌ده‌غه‌یه‌ و بۆ كاته‌كانی تریش ئاسایییه‌". پێویسته‌ شوفێرەكان له‌سه‌ر‌ پابه‌ندبوون به‌ یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ ڕابهێنرێن‌.

دەبێت ئەوەیش بڵێین كە دانانی هێمای No Parking له‌ ده‌سه‌ڵاتی "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتۆچۆ"یه‌ نەوەك چێشتخانه‌ و هۆتێل و كۆمپانیاكان و...! به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ بڕیار له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌رچووه،‌ به‌ڵام هێشتا‌ جێبه‌جێكردنی وه‌ك پێویست نییه‌، چونكە هێمای ڕانەگرتنی ئۆتۆمبێل لە بەردەم هەندێ دوكان و چێشتخانە و مۆتێـل و هۆتێـل و كۆمپانیاكان و بگرە لە بەردەمی هەندێ عەرەبانەی دەستییش دەبینرێت. هەروەها دانانی نیشانە و هێڵی وەستان لەسەر شەقامەكان لە بەرپرسیارێتیی فەرمانگەكانی هاتوچۆدایە؛ بۆیە ناكرێت ڕێگە بە خاوەن چێشتخانە و هۆتێل و پێشەنگە و... بدرێت كە بە ئارەزووی خۆیان هێڵكاریی چۆنێتیی وەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە گشتییەكان بنەخشێنن. لەم بارەیەوە، پێویستە هەڵمەتێك بۆ سڕینەوەی ئەم هێڵكارییانە ئەنجام بدرێت، چونكە هاووڵاتی ئۆتۆمبێلەكەی بەپێی ئەم هێڵكارییە پارك دەكات كەچی لە بنەڕەتەوە ئەم شێوازەی پارككردنە پێچەوانەی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆیە و ڕەنگە هاووڵاتی ڕووبەڕووی پێبژاردنی دارایی ببێتەوە.

سێیەم – فەرمانگە و پۆلیسی هاتوچۆ

ئەو كارەی كە پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقامە گشتییەكان ئەنجامی دەدەن، بە یەكێك لە زەحمەترین كارەكانی نێو كەرتی گشتی دادەنرێت، چونكە بەرپرسیارێتییه‌كی زۆریان لەسەر شانە و، لە هەمان كاتدا پێویستە بەرگەی گەرمای هاوین و سەرمای زستان و گلەییی خەڵك و دووكەڵی ئۆتۆمبێلەكان بگرن. هەر بۆیە چەندی ڕێزیان لێ بگیرێت هەر كەمە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێ تێبینیی نێگەتیڤ بەدی دەكرێت، كە پێمان وایە پێویستە كار لەسەر ڕاستكردنەوەیان بكرێت.

بۆ نموونە یەكێك لەو تێبینییانە ئەوەیە؛ پێویستە بە بڕیارێكی ڕوون ڕێـگه‌ له‌ پۆلیسی هاتوچۆ بگیرێت كه‌ له‌ كاتی وه‌ستانی له‌ناوه‌ڕاستی چوارڕییاندا مۆبایل به‌كار بێنێت یاخود جگه‌ره‌ بكێشێت، چونكه‌ دیاردەیەكی زۆر ناشیرینە پۆلیسی هاتوچۆ به‌ ده‌ستێكی مۆبایل به‌كار بێنێت یاخود جگەرە بكێشێت و به‌ ده‌سته‌كه‌ی تریشی ئاماژه‌ به‌ ڕۆیشتن و یاخود وه‌ستانی ئۆتۆمبێل بكات. ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە دەپرسین: بۆچی بۆ ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ ئاسایییه‌ له ‌ناوه‌ڕاستی شه‌قام یان له‌سه‌ر شۆسته‌ ڕابوەستێت و بۆ شوفێری تر ئاسایی نییه‌؟ هه‌ندێ جار تێبینی ده‌كرێت ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ له‌ شوێنێكی قه‌ده‌غه‌ ڕاوەستاوە‌ كە شیاوی ڕاوەستانی ئۆتۆمبێل نییە. بۆیە باشتره شوێـنێـكی یاساییی گـونجاویان بۆ دیاری بكرێت، چونكه‌ پۆلیسی هاتوچۆ پێش شوفێری تر له‌سه‌ریه‌تی یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ جێبه‌جێ بكات.

ڕەفتارێكی تر كە پێویستە پۆلیسی هاتوچۆ خۆی لێ بەدوور بگرێت ئەوەیە، لە كاتی ڕوودانی سەرپێچیدا، نابێت پۆلیسی هاتوچۆ خۆی لە شوفێر تووڕە بكات، چونكە لە نێوان شوفێر و پۆلیسی هاتوچۆ یاسایەك هەیە كە سزاكانی سەرپێچیی دیاری كردووە. لەم بارەیەوە هەموو خۆتووڕەكردنێك دەچێتە خانەی سەرپێچیی ڕێساكانی ئەتەكێتی مامەڵەكردن كە پێویستە لەم بارەیەوە پۆلیسەكانی هاتوچۆ خولی تایبەتمەند ببینن.

جگە لەمانەی سەرەوە، هەندێ جار هاووڵاتییان گلەیی لە پۆلیسەكانی هاتوچۆ دەكەن كە بەیەكسانی مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیكاران ناكەن، چونكە ناكرێت ئەوەی شەقام ڕێك دەخات، لە هه‌ندێ شوێن به‌ده‌سه‌ڵات بێت‌ و له‌ هه‌ندێ شوێنی تریش به‌سته‌زمان بێت‌! جۆری و كواڵێتی و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیی شه‌قام، قه‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕێكخه‌ری شه‌قام دیاری ده‌كات.

لێرەدا تێبینیی ئەوە كراوە چەندین ڕێنوێنی هەبووە نەتوانراوە وەك خۆی جێبەجی بكرێت، بۆیە دەزگە فەرمییەكان پەنایان بردۆتە بەر ڕێگەچارەی تر؛ بۆ نموونە: چەندین ڕێنوێنی و بڕیار بۆ قەدەغەكردنی دیاردەی ڕەشكردنی جامەكانی ئۆتۆمبێل دەرچوون، بەڵام نەتوانرا ئەم دیاردەیە قەدەغە بكرێت؛ بۆیە ڕێنوێنیی ژمارە (5)ی ساڵی (2019) دەرچوو بۆ ڕێگەدان بە ڕەشكردنی جامەكانی ئۆتۆمبێل لە بەرانبەر پێدانی بڕە پارەیەكی دیاریكراو كە دەبێتە داهات بۆ خەزێنەی گشتیی هەرێم. بێ گومان گرتنەبەری ڕێگەچارەی تر نیشانەی پرسیار ده‌خاته‌ سەر هێزی جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان.

چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوەكانی هاتوچۆ، یەكێكی ترە لە گرفتە سەرەكییەكانی هاتوچۆ و پێویستە ئەو میكانیزمە كۆنانەی كە پەیڕەو دەكرێن پشتگوێ بخرێن و بیر لە میكانیزمی خێرا و پراكتیكی بكرێتەوە، چونكە كاتێك پۆلیسی هاتوچۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی هاتوچۆ دەكات بۆ ئەوەی خەتابار دیاری بكات، لەبەر چەندین هۆكار پەنا دەباتە بەر دابەشكردنی بەرپرسیارێتی بەسەر هەردوو لا بۆ ئەوەی ناچار بن لە نێوان خۆیاندا پێك بێن و پەنا نەبەنە بەر دادگە. هەتا ئەگەر پەنایان بردە بەر دادگەیش، ئەوا كاتێكی زۆر دەخایەنێت و بگرە هاووڵاتییش زۆر متمانەی بە ڕاپۆرتی پۆلیسی هاتوچۆ و حوكمی دادگەیش نەماوە؛ ئەگەرچی دادوەرەكان لە زۆرترین باردا لەسەر ڕاپۆرتی پۆلیسی هاتوچۆ بڕیار دەردەكه‌ن. كەواتە، هەر هەڵە و خەمساردییەك لە تۆمار و هێڵكاریی ڕووداوی هاتوچۆ لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ ڕوو بدات، ئەوا دەبێتە هۆی پێشێلكردنی ماف. بۆیە دەپرسین: ئەو پۆلیسەی هاتوچۆ كە دێتە سەر ڕووداوی هاتوچۆ، چەند خولی لێكۆڵینەوەی لەم بارەیەوە بینیوە؟ بۆچی بۆ دیاریكردنی خەتابار یاسا ناكەینه‌ سەروەر، تاوەكوو هەموو خەتابارێك بەرپرسیارێتیی ڕەفتارە نایاسایییەكەی خۆی هەڵبگرێت؟

دەبێت ئاماژە بەوەیش بدەین كە ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە كاتێكدا ڕوو دەدەن كە لە هەرێمی كوردستان تاوەكوو ئێستا یاسایەك نییە بۆ "التأمين الإجباري على المسؤولية المدنية عن حوادث المركبات". بەداخەوە ئاماری ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ زۆر مه‌ترسیدارن و كوردستان پێویستیی به‌م یاسایە‌ هه‌یه‌ و ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی له‌ ساڵی (2009) لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێم بۆ هەمان مەبەست دەرچووە، به‌كه‌ڵـكی جێبه‌جێكردن نایه‌ت و پڕە لە كەموكورتی.

دوا تێبینیمان لەم بارەیەوە پەیوەستە بە وێبسایتی فەرمیی فەرمانگەی هاتوچۆی پارێزگاكان. پێویستە وێبسایتی ئەلیكترۆنیی فەرمانگەكانی هاتوچۆ، دەوڵەمەند بكرێن بە زانیاری و ئامار و لێكۆڵینەوەی نوێ بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت. لەم بارەیەوە لە وێبسایتی فەرمانگەی هاتوچۆی هەولێر تەنیا (5) لێكۆڵینەوە بڵاو كراوەتەوە، ئەمیش لە نێوان ماوەی (2/2/2020) تاوەكوو (1/3/2020)؛ واتا هەموو لێكۆڵینەوەكان تەنیا لە كەمتر لە مانگێكدا نووسراون و پاشان یان نەنووسراون، یانیش نووسراون بەڵام بڵاو نەكراونەتەوە. لەم بارەیەوە وێبسایتی فەرمانگەی هاتوچۆی هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك باشترن؛ ئەگەرچی لە ڕووی زانیاریی نوێ و ئاماری بەردەستەوە كەموكورتیی تێدایە.

چوارەم - شوفێر

لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەنێو شارەكاندا بۆ ماوەی نیو كاتژمێر، بەسە بۆ ئەوەی قەبارەی ئەو كارەساتەت بۆ بەدیار بكەوێت سەبارەت بە دابەزینی ئاستی ڕۆشنبیری و كواڵێتیی شوفێرەكان، چونكە هەر یەك لە ئێمە ڕۆژانە بە دەیان سەرپێچیی ڕێنوێنی و یاساكانی هاتوچۆ بە چاوی خۆی دەبینێت. هەر بۆیە، دابەزینی ئاست و كواڵێتیی شوفێرەكان یەكێكە لە زەقترین گرفتەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان كە ئەمەیش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە: یەكەمیان ئاسان پێدانی مۆڵەتی شوفێری و، دووەمیان نەبوونی چاودێریی توند و بەدواداچوونی تۆكمە بۆ سەرپێچیكارانی ڕێنوێنی و یاساكانی هاتوچۆ. بە بۆچوونی ئێمە بۆشایییەكی گەورە لە نێوان شوفێر و یاساكانی هاتوچۆدا هەیە. لە ئێستادا كار بە یاسای هاتوچۆی عێراقی ژمارە (86)ی ساڵی (2004) دەكرێت كە بەپێی یاسای ژمارە (36)ی ساڵی (2007) پەرلەمانی كوردستان ده‌ستی كرد بە بەركاركردنی لە هەرێمی كوردستان. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: چەند شوفێر لە هەرێمی كوردستان ده‌زانن ژماره‌ و ساڵی یاسای هاتوچۆ چه‌نده‌ و ئاگاداری ناوه‌ڕۆكی ئه‌و یاسایەن؟

ئەم یاسایە بە زمانی عەرەبی نووسراوەتەوە و تاوەكوو ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی وەرنەگێڕدراوەتەوە سەر زمانی كوردی و، لە وێبسایتی ئەلیكترۆنیی فەرمانگەی هاتوچۆی هەولێر هیچ ئاماژەیەك بۆ یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ نەكراوە. بۆیە دەپرسین: شوفێر چۆن و لە كوێ یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆی بە زمانی كوردی دەست بكەوێت؟

بۆ ئەوەی مەودای نێوان شوفێر و یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ كەم بكەینەوە، بەپێویستی دەزانین یاسای هاتوچۆ وەڕبگێردرێتە سەر زمانی كوردی و لەگەڵ گشت ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ بكرێتە یەك پاكێج و لە گشت وێبسایتەكانی فەرمانگەكانی هاتوچۆ بڵاو بكرێتەوە و، هەروەها شوفێر پابه‌ند بكرێت به‌ هه‌ڵگرتنی ئەم یاسا و ڕێنوێنییانە له‌ناو ئۆتۆمبێلەكەی وه‌ك هه‌ر دیكیۆمێنتێكی تری فەرمی و، هەروەها له‌ كاتی ده‌ركردن یاخود نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی شوفێری،  له‌سه‌ر كاغه‌ز‌ تاقیكردنه‌وه به‌ شوفێر بكرێت له‌سه‌ر یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتۆچۆ، هەروەك له‌ بڕگه‌ (1/د) له‌ به‌شی (3) له‌ یاسای هاتوچۆ زۆر به‌ڕوونی ئاماژه‌ به‌م خاڵه‌ ده‌كات.

كێشەیەكی تری پەیوەست بە شوفێرەكان، بریتییە لە شوفێرانی ماتۆڕسكیل. به‌پێی یاسای هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان، وشەی سوارڕۆ (مركبة) ماتۆڕسكیلیش ده‌گرێته‌وه‌. واتا یاسای هاتوچۆ ده‌بێت وه‌ك خۆی له‌سه‌ر شوفێرانی ماتۆڕسكیلیش جێبه‌جێ بكرێت. له‌ ئێستا‌دا، شوفێرانی ماتۆڕسكیل خه‌ڵـكیان هه‌راسان كردووه‌، بۆیە كۆمەڵێك پرسیار لە مێشكماندا دەخولێتەوە كە وەڵامیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار جێ دەهێڵین، لەوانە: بۆچی بڕگەكانی یاسای هاتۆچۆ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێل جێبه‌جێ ده‌كرێت و كه‌چی وەك پێویست له‌سه‌ر ماتۆڕسكیل جێبه‌جێ ناكرێت؟ كامیان زیاتر سه‌رپێچیی یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ دەكەن: شوفێری ماتۆڕسكیل یاخود شوفێری ئۆتۆمبێل؟ بۆچی شوفێری ماتۆڕسكیل مۆڵه‌تی لێخورینی نه‌بێت؟! بۆچی نەتوانراوە سنوورێك بۆ ڕەفتاری نەشیاوی هەندێ لە شوفێرانی ماتۆڕسكیل دابنرێت؟ بۆچی نەتوانراوە پابەند بكرێن بە ڕێنوێنییەكانی سەلامەتی، یاخود پابەند بكرێن بە سوارنەكردنی منداڵان و ئافرەتان بە شێوەیەكی نەشیاو و ناتەندروست و ناسەلامەت؟ بۆچی تاوەكوو ئێستا نەتوانراوە شوفێری ماتۆڕسكیلەكان پابەند بكرێن بە وەستان لە ترافیك؟ چونكە ڕۆژانە دەبینین لە بەردەمی پۆلیسەكانی هاتوچۆ لە گڵۆپی سوور دەدەن و ناوەستن! باسی سووڕانەوە بەبێ ژمارەیش هەر ناكەم، چونكە ئەوەیان بووه‌تە ئاسایی!

ئەوەی زیاتر لای ئێمە جێگەی هەڵوەستەیە ئەوەیە كە، تاوەكوو ئێستا نەتوانراوە هەندێ ڕەفتاری ناشیرین و ناشارستانی بنبڕ بكرێت كە هەندێ لە شوفێران بە شێوەیەكی بەردەوام و ڕۆژانە ڕایی دەكەن، وەك: فڕێدانی زبڵ، جگەرە، قووتیی ساردەمەنییەكان لە جامی ئۆتۆمبێل بۆ سەر شەقامەكان، جنێودان، ئەنجامدانی كێبڕكێ، شەقامگرتن، هۆڕنلێدان، هەڵگرتنی سەرنشینی زیادە، توانجلێدان (تحرش) لە ئافرەتان، بەكارهێنانی ڕووناكیی بەرز (فووڵ لایێت)، دانانی تابڵۆی ساختە، خێراییی لەڕادەبەدەر، قسەكردن بە مۆبایل یان ناردنی كورتەنامە و هتد. لە هەموو ئەوانەیش خراپتر ڕێگەدانە بە منداڵان كە سەریان یان نیوەی لاشەیان لە جامی ئۆتۆمبێل بهێننە دەرەوە، یاخود بەكارنەهێنانی كورسیی تایبەت بە منداڵان لە كاتی لێخوڕیندا. بۆیە هەموو ئەم دیاردە نێگەتیڤانە و هی تریش، دەبێت بنبڕ یان سنووردار بكرێن، چونكە دووبارەبوونەوە و بەردەوامبوون و فراوانبوونی ئەم دیاردانە مانای شكستی پلانی داڕێژڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، ئەوا ئەگەر پلان هەبێت!

دوا كێشە و گەورەترین كێشەی شوفێرانمان ئەوەیە، نازانن لە كوێ و كەی و چۆن ئۆتۆمبێل پارك بكەن. نەبوونی پلانی تۆكمە بۆ چارەسەركردنی گرفتی دابینكردنی شوێنی شیاو بۆ پارككردنی ئۆتۆمبێل لە هەندێ شوێنی دیاریكراودا، بۆتە ئەوەی شوفێران سەرپێچیی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ بكەن. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە نەزانن یاسا و ڕێنوێنی لەم بارەیەوە چی دەڵێت! هەندێ شت ئەلفوبێیە و پێویستە شوفێر بیزانیت، كەچی بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوت دەكات؛ بۆ نموونە: هەموو شوفێرێك ئەوە دەزانێت كە نابێت ئۆتۆمبێل لەو شوێنە پارك بكات كە هێمایەکی هاتوچۆ ئاماژە بە وەستانی قەدەغە دەکات هەروەها هەموو شوفێرێك ئەوە دەزانێت نابێت ئۆتۆمبێل لە شوێنێك پارك بكات کاتێک وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكەی دەبێتە هۆی قورسکردنی ڕاددەی بینین یان ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست دەكات؛ هەروەها ئەوە دەزانن كە نابێت لە شوێنی ڕاوەستانی پاس یان دەروازەی قوتابخانەکان و فەرمانگەکان، یان پرد و تۆنێلەكان، یان لە ڕیزی دووەمی شەقام، یان لای چەپی شەقام، یان لە ناوچەی پەڕینەوەی پیادەڕۆ، یان لە شەقامە تەسكەكان ئۆتۆمبێلەكانیان پارك بكەن. كەچی ڕۆژانە بە دەیان حاڵەتی هاوشێوە دەبینین و ڕەنگە ئەم دیاردەیەیش ڕوو لە فراوانبوون بێت.

پێنجەم - پیادەڕۆ

بەشێك لە پیادەڕۆكان (هاووڵاتیان) تاوەكوو ئێستا لە فەلسەفەی شەقام تێ نەگه‌یشتوون و ناتوانن وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ شەقامدا بكەن، چونكە تاوەكوو ئێستا هاووڵاتی دەبینرێت لە شوێنی پەڕینەوە ناپەڕێتەوە، یان لە كاتی پێبوونی گڵۆپی سەوزدا دەپەڕێتەوە، یان خۆی پەڕێتەوە و منداڵەكەی لەمبەری شەقام بەجێ ماوە، یان لە شۆستە و نێوەندی دوو شەقامەكاندا دانیشتووە و خەرێكی نێرگەلەكێشان و یاریكردنە، بێ ئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە گیانی لە مەترسیدایە.

ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە گرینگیدان بە بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی تاك لە ڕووی ئەتەكێتی هاتوچۆ و زانینی ڕێنوێنی و یاساكانی هاتوچۆ وەك پێویست نییە؛ ڕاستە لەم بارەیەوە بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییی زۆر هەن، بەڵام هەموویان ئاراستەی چینی سەرووی هەژدە ساڵانە كە لە ڕەوشتێكی دیاریكراودا دەقیان گرتووە، كەچی بە بۆچوونی ئێمە ئەم كارە لە منداڵییەوە دەست پێ دەكات. بۆیە دەپرسین: لە بەرنامەی خوێندنی بنەڕەتیی منداڵان، چەند وانە یان كۆرس تەرخان كراوە بۆ ئاشناكردنی منداڵان بە ڕێنوێنی و یاسا و هێماكانی هاتوچۆ؟

هاوتەریب لەگەڵ ئەم پەروەردەیەدا و لە بەرانبەر نەبوون یان سنوورداربوونی هۆیەكانی گواستنەوەی گشتی (وەك: پاس، میترۆ، ترام و...)، دەبووایە كار لەسەر بەكەلتووركردنی بەكارهێنانی پایسكل بكرابایە، بە لایەنی كەم لەلایەن گەنجانەوە، كە هەم جەنجاڵی كەم دەكردەوە و هەمیش هۆكارێك دەبوو بۆ كەمكردنەوەی ئاستی پیسبوونی ژینگەی شارەكان. بەڵام ئەم هاندانە وەك پێویست نییە و، ئەمە جگە لەوەی لە زۆربەی شەقامەكانیش ڕێڕەوی ڕێكردنی پایسكل دیاری نەكراوە كە دەتوانین بڵێین لێخوڕینی پایسكل بەم سیستەمەی ئێستا لە شەقامەكانماندا هەیە، گیانی پایسكلسواران ڕووبەڕووی مەترسییەكی ڕاستەقینە دەكاتەوە.

شەشەم - سزادان و پێبژاردنه‌كان 

بەپێى ماددە (١٠) لە یاسای هاتوچۆ كە لە هەرێمی كوردستان بەركارە، وەزیرى ناوخۆ دەسەڵاتى زیادکردن یان کەمکردنى ڕسوومات و پێـبژاردنە دارایییەکانى هاتـۆچۆى هەیە، بەڵام بە چوار مەرج: "یەكەم/ ده‌بێت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى دارايى ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بدرێت" و، "دووەم/ ده‌بێت زيادكردنه‌كه‌ ياخود كه‌مكردنه‌كه‌ مه‌عقـووڵ بێت" و، "سێیەم/ ده‌بێت زيادكردنه‌كه‌ ياخود كه‌مكردنه‌كه‌ پێويست بێت" و، (چوارەم/ دەبێت لە کاتى بڕیاردان ڕەچاوى بارى ئابوورى کرابێت".

لە كاتی زیادكردنی هەر بێبژاردن یاخود ڕسووماتێكی هاتوچۆ، پێویستە وەزیری ناوخۆ ڕەچاوی ئەم چوار مەرجە یاسایییە بكات. بەڵام ئاوەڕدانەوەیەك لە بڕیارەكانی زیادكردنی پێبژاردن و ڕسووماتی هاتوچۆ كە لە ماوه‌ی ڕابردوو دەركراون ئەوەمان پێ دەڵێن، هەندى ڕسوومات و پێبژاردن بە ڕێژەى (١٠٠% یاخود زیاتر) زیاد کراوە و هەندێ لەو زیادكردنانە پێویست نەبووینە یاخود نەتوانراوە بە لێكۆڵینەوەی زانستی ئەوە بسەلمێنرێت كە پێویستن، چونكە پێویستە دەزگە فەرمییەكان بە داتاى فەرمى ئەوە بسەلمێنن کەوا ڕێژەى کۆنى پێبژاردن نەبۆتە هۆى کەمکردنەوەى تاوانى سەرپێچیکردن لەلایەن شوفێرانەوە، بۆیە پێبژاردنەکە زیاد کراوە؛ چونکە نابێت حكوومەت وەک سەرچاوەیەکى داهات سەیرى پێبژاردنە دارایییەکان بکات، لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا ئامانج لە سەپاندنى پێبژاردنى دارایى، دوورخستنەوەى شوفێرە لە تاوانى سەرپێچیكردنی ڕێنوێنییه‌كانی هاتوچۆ، ئەگەرچى لە کۆتاییدا ئەم پێبژاردنە دەبێتە داهات بۆ خەزێنەی گشتی.

مەبەستمانە لە بابەتی پێبژاردنەكانی هاتوچۆوە چەند خاڵێك بخەینە ڕوو و گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێك بكەین. لەوانە، بۆچی پێبژاردن ده‌خرێته‌ سه‌ر ئۆتۆمبێل و ناخرێته‌ نێو فایلی شوفێر؟ پێویسته‌ له‌ كاتی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵیانه‌دا ئه‌وا ئۆتۆمبێل به‌ ناوی هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بێت، ئه‌وا پێبژاردنه‌كانی سه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بخرێته‌ نێو فایلی ئه‌و شوفێره‌ و له‌ كاتی نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی لێخوڕین، مۆڵه‌تەكە نوێ نه‌كرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕادده‌یه‌كی دیاریكراوی له‌ پێبژاردن تێ په‌ڕاند. ئه‌م بڕیاره‌ ده‌بێته‌ هۆی بنبڕكردنی دیارده‌ی به‌ناونه‌كردنی ئۆتۆمبێل و، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی پابه‌ندبوون به‌ ڕێنوێنییه‌كان و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان، چونكه‌ سه‌پاندنی پێبژاردن لێكه‌وتێكی تری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ ئه‌ویش نوێنه‌كردنه‌وه‌ی "مۆڵه‌تی شوفێری"یه‌.

بابەتێكی تر بریتییە لە نووسینی وه‌سڵی پێبژاردن بێ ئەوەی بەڵگەی پێویست لەبەردەست بێت. بە بۆچوونی ئێمە، ئەمە كارێكی نایاسایییە‌ و سه‌لماندنی ئاسان نییە، چونكە ئەگەر وێنەی ئۆتۆمبێل لە حاڵەتی سەرپێچیدا نەگیرابێت یاخود وێنەی شوفێر لە كاتی بەكارهێنانی مۆبایل یان دانەپۆشینی باری بارهەڵگر یان نەبەستنی پشتێنەی سەلامەتی نەگیرابێت، ئەوا سەلماندنی ئەستەمە. ئەگەر شوفێر پەنا بباتە بەر دادگە ئەوا ئیحراجییه‌كی گه‌وره‌ بۆ فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆ دروست دەكات، چونكه‌ ئەوكات لەسەریەتی‌ بیسه‌لمێنێت ئه‌م شوفێره‌ له‌ شوێنێكی قه‌ده‌غه ئۆتۆمبێلەكەی‌ پارك كردووە‌ یان مۆبایلی بەكار هێناوە یان پشتێنەی سەلامەتیی نەبەستووە؛ بێ گومان ئه‌مه‌یشی بۆ ناكرێت ئەگەر وێنەی نەگرتبێت. لە ئێستادا ئەم وێنانە ناگیرێت و كارەكان بەهەڕەمەكی دەڕوات.

بابەتێكی تر ئەوەیە له‌ پێش چاوی پۆلیسی هاتوچۆ له‌ هه‌ندێ شوێنی ناو شار و ده‌ره‌وه‌ی شار‌، ئۆتۆمبێل پارك كراوە‌ و چه‌ند كه‌سێك خواردنه‌وه‌ كحوڵییه‌كان ده‌خۆنه‌وه‌ و له‌ پاشاندا ئۆتۆمبێلەكە لێ دەخوڕن بێ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت؛ بۆچی ئه‌وانه‌ سزا نادرێن؟ بۆچی ئه‌م دیارده‌یه‌ بنبڕ ناكرێت؟ خۆ به‌شی (22) له‌ یاسای هاتوچۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆر ڕوونه‌ و بۆچی جێبه‌جێ ناكرێت؟ هەروەها به‌پێی بڕگه‌ (2) له‌ به‌شی (20) له‌ یاسای هاتوچۆ ته‌نیا ئه‌فسه‌ری هاتوچۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌پاندنی پێبژاردنی هه‌یه‌. بۆیه‌،‌ پێویسته‌ نووسینی وه‌سڵ و ژماره‌ی ئۆتۆمبێل له‌لایه‌ن پۆلیسێكی هاتوچۆی ئاسایییه‌وه‌‌ ڕابگیرێت، چونكه‌ كارێكی نایاسایییە‌.

هەر به‌پێی بڕگه‌ (2) له‌ به‌شی (35) له‌ یاسای هاتوچۆ، هه‌ر كه‌سێك بۆ ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوو له‌ لێخوڕینی سوارڕۆدا هیچ سه‌رپێچییه‌كی نه‌كردبوو، ئه‌وا پێویسته‌ پاداشت بكرێت و میداڵیای پێ بدرێت. بێ گومان ئه‌وه‌ وه‌ك خه‌ون وایه،‌ چونكه‌ كه‌س نییه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێت! بۆیه‌ ده‌كرێت ماوه‌كه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌ و ئه‌وكات جۆرێك له‌ كێبڕكێ دروست ده‌كات. هه‌روه‌ها ده‌كرێت جگه‌ له‌ میداڵیا، پاداشتی داراییش بكرێت، چونكه‌ فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆ، ناكرێت به‌س ته‌نیا پاره‌ وه‌ربگرێت؛ خۆ ده‌كرێت پاره‌یش ببه‌خشێت وه‌ك پاداشت بۆ شوفێرە پابەند و ئاكاربەرزەكان.

كۆبەند

لە ماوەی بیست و نۆ ساڵی ڕابردوو بۆ یەك جاریش پڕۆژەیاسا پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان نەكراوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی یاسای هاتوچۆی تایبەت بە خۆی. ئه‌و یاسایەی كه‌ ئێستا‌ له‌ هه‌رێم به‌ركاره‌ بریتییە لە یاسایەكی عێراقیی سەرلێشێواو و ناڕوون كە ئەمریكییەكان لە ساڵی (2004) بۆ عێراقییەكان دەریان كردووە و لە ئێستادا ئەم یاسایە لە عێراقیش كاری پێ ناكرێت، چونكە بەپێی یاسای نوێی هاتوچۆ ژمارە (8)ی ساڵی (2019) یاسا كۆنەكە هەڵوەشایەوە.

لە ڕاستیدا كێشە و گرفت لە هەموو سێكتەرێكدا هەیە و، ئەم حاڵەتە ئاسایییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە بەردەوامبوونی كێشەی دە ساڵی ڕابردووە لە هەمان سێكتەر و هەوڵنەدانە بۆ چارەسەركردن و بنبڕ یان سنوورداركردنی. هەموو ئەو كێشانەی سێكتەری هاتوچۆ، كە لە ناوەڕۆكی ئەم نووسینەماندا باسمان لێوە كردووە، كێشەی كۆنن و پێویستیان بە پلانێكی ستراتیژیی تۆكمە و زانستییانەی پێنج تا دە ساڵە هەیە بۆ چارەسەركردنیان بۆ ئەوەی چیتر باسیان لێوە نەكرێت و ببن بە بەشێك لە مێژوو. ئەگەر ئەم كارە نەكرێت، ئەوا هەتا ماوین دەبێت بە خەفەتی شوفێری سەرەڕۆ و شەقامی خراپ و پۆلیسی جگەرەكێش و پێبژاردنی خەیاڵی و پیادەڕۆی نابەرپرس و سوارڕۆی بێكواڵێتی بژین. هەنگاوی یەكەمی چاكسازی لە سێكتەری هاتوچۆ، بە دەركردنی یاسایەكی ڕوون و مۆدێرن بۆ ڕێكخستنی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات كە هەموو ڕێكارەكانی پێشخستنی ئەم سێكتەرەی بەڕوونی ڕێك خستبێت.