خۆقایمکردن بەر لە هەڵدێر

(خوێندنەوەیەک بۆ وێناى زه‌ینییەت (مێنتاڵێتی)ى سیاسیی لایەنەکان بۆ ئاییندەى سیاسیی عێراق لە پارسەنگی ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئۆکتۆبەرى 2021 و پێکهێنانى حکوومەت)

 

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ڕووداوەکانى دیالە ئاماژەى مەترسیدارن

کاتژمێر هەشتى شەوی 26/10/2021 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر "گوندى ڕەشاد" لە "قەزاى شارەبان" و 13 کەسیان لە خێڵی "بەنی تەمیم"ى شیعی کوشت و حەوتیش بریندار؛ ئەوانیش لە بەرامبەردا بەو بیانووەى کە چەکدارەکانى داعش لە گوندى "نەهرولئیمام"ى سوننییەوە دزەیان کردووە بەرەو گوندى ڕەشاد، دەبێ تۆڵەیان لێ بکرێتەوە، چەکدارەکانى گوندى ڕەشادى شیعی چەندان ماڵ و نزیکەى 10 کەسیان لە خەڵکی نەهرولئیمامى سوننی کوشت. بەمەیش ژماره‌ی کوژراوەکانی هەردوو لا گەیشتە 23 کەس. ئەوەى لەو ڕووداوە دەخوێندرێتەوە ئەوەیە:

  • هێڵی بەرگریى هەرێمی شیعی لە عێراقى ئێستا لە پارێزگاى دیالەیە نەک پارێزگاى واست؛ بەمەیش تەماسی تەواوى لەگەڵ کورد پەیدا کردووە، نەک تەنیا سوننە. لە هەر دانوستانێکی ئاییندەى سیاسیی عێراق، شارى بەغدا بۆ شیعەکان یەکلایی کراوەتەوە، چونکە هەردوو پارێزگاى باکوورى بەغدا، کە سەماوە و دیالەن، لەژێر قەڵەمڕەو و بڕیارى شیعەدان تا سنوورەکانى سووریا؛ لە هەمان کاتدا دەکەونە سەر هێڵی ئاوریشمی قەڵەمڕەوى ئێران کە تاران بە سووریا دەبەستنەوە و دەیگەیه‌ننە سەر دەریاى ناوەڕاست. لەدەستدانى ئەو زۆنە، واتە پچڕانى پەیوەندیی زەمینیى ئێران بە سووریاوە و بەزەحمەت گەیشتنە سەر دەریاى ناوەڕاست.
  • ڕووداوەکە هەڕەمەکی نییە؛ داعش بە پاڵنەرى چەند لایەنێک ئەنجامى داوە و مەبەستدارە.
  • ڕووداوەکە ئامادەکاریى تائیفەگەریى تێدایە. شیعەکان خۆیان قایم دەکەن و سوننەکانیش ئاوارە دەبن. ئەوەى کە دەچێتە شوێنی سوننەکان خێڵە شیعەکانى ترن. هەر کاتێکیش شوێنێک چۆڵ کرابێ، خەڵکەکەى نەگەڕاوەتەوە شوێنی خۆیان؛ به‌تایبەت سوننەکان شوێنەکان بەبێ گەڕانەوە چۆڵ دەکەن؛ لە مووسڵ، دیاله‌، سامەڕا، بەسڕە، بەغدا، واست و...؛ بە شێوەیەک کە زۆر دەگمەنە سوننییەک لە زۆنی شیعیی عێراق، به‌تایبەت لە بەغدا بەرەو خوار مابێتەوە، کە ڕۆژانێک بۆ نموونە نزیکەى 35%ی بەسڕە سوننەمەزهەب بوون. لە پارێزگاى دیالەیش ساڵی 2007 ڕێژەى سوننە زیاتر لە 70% بوو، بەڵام ساڵی 2017 بەهۆى گوشارى حەشدی شەعبییەوە ڕێژەکە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 50%. زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش لەو پارێزگایە ئاوارە بوون، به‌تایبەت بەرەو هەرێمی کوردستان؛ کە ئەمەیش قورسایییه‌كى ئەمنى و سیاسی و دیمۆگرافیی بۆ هەرێم دروست کردووە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە ئاییندەدا.
  • پێدەچێ هەمان سیناریۆى دووزخورماتوو لە دیالە بەرامبەر سوننە و کورد دووبارە ببێتەوە؛ لە قۆناغی دووەمى ئاشوبدا سنوورى سوننە و شیعە لەو پارێزگایە بە بیانووى پێکهەڵنەپڕژان جیا دەکەنەوە و حەشدى شەعبییش پارێزگارى لە سنوورى شیعە دەکات. ئەم سیناریۆیەیش لە دووزخورماتوو و بەرى کەرخ و ڕەسافەى بەغدا دووبارە دەبێتەوە و بۆ هەڵبژاردنى 2025 هەر یەک لەو سنوورە مەزهەبییانە دەبنە بازنەى هەڵبژاردن. بۆ ئەو مەبەستە شیعەکانى پارێزگاى دیالە هەوڵیان دا لە ڕێگەى بازنەى هەڵبژاردنەوە ئەو سنوورى شیعییە لە پارێزگاکە جیا بکەنەوە، تا زۆرترین کورسیی پەرلەمان بەدەست بێنن. هەر بۆیە خێڵی بەنی سەعدی شیعی زۆر هەوڵی ئەوەی دا کە شارەدێی بەنی سەعد، کە دەکەوێتە باشوورى قەزاى بەعقووبە، بکرێتە بازنەیەکی سەربەخۆ بۆ شیعەکان، کە ژمارەى دانیشتووانەکه‌ى نزیکەى 187 هەزار کەس دەبن؛ بەمەیش نزیکەى لە 11%ی پارێزگاکەن. بەڵام دواتر لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە، پارێزگاکە بکرێتە چوار بازنە، کە 14 کورسیی پەرلەمانیى بۆ دانرابوو: 10 پیاو و 4 ئافرەت.
  • نەخشەى سیاسی لە ڕوانگەى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەوە، وەک 2018 لەو پارێزگایە لە بەرژەوەندیى شیعەمەزهەبەکان نییە. ئەودەم دوو لەسەر سێی کورسییەکانى پەرلەمان ڕەوتە شیعییەکانى سەر بە ئێران بەدەستیان هێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا لە کۆى 14 کورسی، 9 کورسی (8 سوننە + 1 هاوپەیمانیى کوردستانى) کورد و سوننە بردیانەوە؛ لەگەڵ 2 کورسی بۆ سەربەخۆکان و 3 کورسییش بۆ هاوپەیمانیى فەتح. کەواتە "سەدر" لەو پارێزگایە هیچ کورسییەکى بەدەست نەهێناوە. بەو مانایەى کە ئێستا نەخشەى سیاسیی دەنگدان، ڕێک پێچەوانەى ساڵی 2018یه‌، چونکە سوننە و کورد 64.3%ی دەنگەکانیان بەدەست هێنا، لەگەڵ 21.4% بۆ هاوپەیمانیی فەتح و سەربەخۆکانیش 14.3%؛ ئەگەر سەربەخۆکان سوننەمەزهەب بن، ئەوا 11 کورسی، کە دەکاتە 78.6%ی دەنگەکان، بۆ سوننە و کوردن. ئەو ئەنجامەیش بۆ پرۆژەى مەزهەبگەراییی شیعە لە عێراق، به‌تایبەت ڕەوتى سەر بە ئێران، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ نییە. ئەمەیش تەنیا پاشەکشەى هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو لەوە زیاتر واتا هه‌ڵده‌گرێ. قەیرانەکەیش لە قۆناغی سەرەتادایە و ئەگەر بەری پێ نەگیرێ، دەستوەردانی ناوچەییش بە دواى خۆیدا دێنێ، چونکە ئەلتەرناتیڤى جەنگى شیعە-شیعە، دروستکردنى قەیرانە لە نێوان سوننە-شیعە لەو پارێزگایە.
  • دروستکردنى کەلێن لەلایەن ڕەوتى سەر بە ئێران لە نێوان ڕەوتى سەدر و شیعە و کورد، کە هەردووکیان لەو پارێزگایە بوونیان هەیە. هەرچەندە سەدر هیچ کورسییەکی پەرلەمانیى لە دیالە بەدەست نەهێنا، بەڵام لە هەر هاوپەیمانییەکى ئاییندەدا لەگەڵ سوننە، بڕیار دەکەوێتە دەستى ئەو. هەر بۆیە سەدر دواى ڕووداوەکە تەواوى کارەکانى سەرایا سەلامی سەر بە خۆى لە پارێزگاى بابل و دیالە و چەند پارێزگایەکی دی، سڕ كرد و وەستاندی. لە تویتەریش بۆ ڕەوتى سەر بە ئێران ئەوەى ڕاگەیاند کە، نابێ ململانێی سەر کورسییەکانى پەرلەمان تیرۆرمان بیر بباتەوە؛ بەڵام گوتەى "نابێت موجاهید سەنگەرەکەى چۆڵ بکات" ڕوون نییە.

شەڕ بۆ پێکهێنانى حکوومەتى تەوافوقییە نەک گشتگیر

ڕەوتەکانى سەر بە ئێران لە ڕێگەى دروستکردنى بزاڤێکی هەماهەنگییەوە وا خۆیان لە بەردەم ڕای گشتیى شیعەى عێراق و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەرخستووە، کە هەموویان یەکڕیزن تەنیا ڕەوتى سەدر نەبێ، کە هەماهەنگیى لەگەڵ دوژمنانى شیعە هەیە. بەڵام تا ئێستا سەدر نەچۆتە ژێر باریان و بەشدارى لە دانیشتنەکانیان ناکات، چونکە هەر چوونەناوەوەیەک بۆ ئەو بزاڤە هەماهەنگییە، ونبوون و لەدەستدانى بەهاى سەرکەوتنەکانییەتى لە هەڵبژاردن؛ دواتریش لەناو ئەو هەموو یەکە سیاسییانەى ناو بزاڤەکە، ئەم دەبێتە کەمینە و لە بەردەم ڕای گشتیى شیعەیش تاوانبار.

ڕەوتەکانى سەر بە ئێران، جیاواز لەگەڵ ئەوەى لەسەر شەقام سەبارەت بە ئەنجامەکان دەری دەبڕن، بەوەى پێی ڕازی نابن، بەڵام دواتر مەبەستیانە ئەو هەڵوێستە بە ڕای گشتیى عێراقی بفرۆشنەوە؛ بەوەى هەرچەندە ئەنجامەکان ساختەى تێدا کرا و ستەمیان لێ کرا و ئەوەى هەیە قەبارەى سیاسیی ئەوان دەرناخا، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیى گشتیى وڵات هەڵوێستى توندمان نابێت. ئەو ڕەوتانە زۆر مەبەستیانە حکوومەتێکی تەوافوقی دروست ببێ. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی حکوومەتى تەوافوقی، لاى ڕەوتى ئێرانی برەوى پێ دەدرێ؟ چونکە:

  • پێگە و پشکی خۆیان دەست دەکەوێتەوە، ئەگەرچی لە جارانیش کەمتر بێ؛ بەڵام ئەم جارە بە تاکى دێن بۆ وەرگرتنى پشکەکانیان لە حکوومەتى تەوافوقی، بۆ ئەوەى دواتر لە کۆکردنەوەى پشکەکانیان هەمان پشکی جاران بکات، ئەویش دەبێتەوە هەمان پێگە.
  • حکوومەتەکە لە بەردەم واقعی سیاسیدا کە ئەوان لە ڕووى هێزەوە تێیدا باڵاده‌ستن، لاواز دەبێ.
  • ئەوان سەرەداوى هاوکێشەکانیان بەدەستەوە دەمێنێ و پرۆسەى بڕیاریش بە ئارەزووى ئەوان دەبێت.
  • ئەو حکوومەتە دەبێتە مایەى مانەوەیان، وەک یەکەى سیاسی و یەکەى هێز کە حەشدی شەعبییە.
  • ئەو حکوومەتە پەیوەندیی دیپلۆماسیی نەرمی تێدا بەرقەرار دەبێ؛ بەمەیش دەتوانن کاریگەرى لەسەر هاوپەیمانییەکان دروست بکەن.
  • لەو حکوومەتەدا دەتوانن ئەجێنداى خۆیان بسەپێنن، به‌تایبەت ئەو بەڵگەنامە چاکسازییە سیاسییەى کە پێش هەڵبژاردن ڕەوتەکانى سەر بە ئێران ئیمزایان کرد و لەلایەن سەدریشەوە دەستخۆشییان لێ کرا و، سەدریش کردییە بیانووێک بۆ گەڕانەوەى بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن.
  • لەو حکوومەتە تەوافوقییەوە تەواوى پشتگیرى و پلانەکانى وڵاتانى ڕۆژاوا و ناوچەکە بۆ قوتارکردنى عێراق لە چنگی ئێران، هەڵدەوەشێتەوە و ئێران و ڕەوتەکانى سەر بە ئەو، بەباڵادەستى دەمێننەوە لە ناوچەکەدا.

 

ئایا حکوومەتى تەوافوقی لەگەڵ ویستى نێودەوڵەتی یەک دەگرێتەوە؟

بێ گومان نەخێر، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئەوا:

  • هەمان واقعی سیاسیی عێراقی و ئێرانی، وەک جاران دووبارە دەبێتەوە.
  • ئەوەى کە لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و ناوچەکە ئەنجام درا، تەنیا بابەت و ڕێوشوێنێکی هونەرى و تەکنیکی بوو و هیچى تر. پلانیش بۆ دواى هەڵبژاردنەکان نەبووە.
  • جارێکی تر پرۆسەى سیاسی- ئەگەرچی زۆرینەیشی بەدەست هێناوە- دەخرێتەوە ژێر ڕکێفی کەمینەى سەرنەکەوتوو لە هەڵبژاردن.
  • سەرلەنوێ بواردان بەوانەى کە عێراقیان گەیاندە ئەم دۆخەى ئێستا، كه‌ هەستنەوە و خۆیان قایمتر بکەن.
  • سەرلەنوێ داننانە بە سەرکەوتنى ئێران لە عێراق و، بێهودەبوونى هەوڵەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوروپا و ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە دەرهەق بە ئێران.

هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر حکوومەتى تەوافوقی، حکوومەتى گشتگیرى تەبەنی کرد بۆ عێراقی نوێ؛ ئەمەیش تەواوکەرى ئەو پلانەیە کە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بۆ عێراقی هەبوو لە نێوه‌ندى هەڵبژاردنەوە.

ئایا ئەجێنداى حکوومەتى گشتگیر چییە، تا نەتەوە یەکگرتووەکان تەبەنی بکات لە بەرامبەر تەوافوقی؟

حکوومەتەکە مەزهەبگەرایی و تائیفی نابێت و، زیاتر ئەجێندا و بیرکردنەوەیەکى نیشتمانیى بەسەردا زاڵ دەبێت. مەرج نییە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، بەڵام ئەوانەى کە نوێنەرایەتیى زۆرینەى خەڵک دەکەن بەشدار دەبن. زۆرینە لەناو حکوومەت بڕیار دەدات نەک ڕەوتە بەشدارەکان هەر یەکە و بەجیا. هێز لە دەستى دەوڵەتدا دەبێت. کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی پشتیوانی دەبێت. دەتوانن داواى سەرپەرشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن بۆ پرۆسەى سیاسیی وڵات، وەک شێوازێکی ناڕاستەوخۆى سه‌رپه‌رشتی (وصایة)ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە په‌یمان (میثاق)دا هاتووە، كه‌ دەبێتە دانانى بەربەستێک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی؛ لە ڕووى بڕیاردانەوە زیاتر لە شەقامی عێراقییەوە نزیک دەبێته‌وه؛ سەرۆکوەزیرانەکەى ناتوانێ بەزەقی تائیفەگەرى بکات؛ حکوومەتەکە لە پەیوەندییەکى ئاساییدا دەبێت لەگەڵ پەرلەمان، چونکە زۆرینەى پەرلەمان پشتگیریی حکوومەت دەکات؛ حکوومەت هەروەک جارى پێشوو، تەنیا شوێنکەوتەى نابێت؛ حکوومەتى گشتگیر جەخت لەسەر ئەنجومەنى وەزیرانە نەک سەرۆکوەزیران. بەمەیش ئەگەر هات و سەرۆکوەزیران بونیادی سیاسیی نەبوو لە پەرلەمان، گرفت نەبێ، بەڵکوو لە حکوومەتى گشتگیر بە خاڵی ئەرێنی دەشکێتەوە بەپێچەوانەى تەوافوقی. ئەگەر سەرۆکوەزیران بونیادی سیاسیی نەبوایە لە پەرلەمان، ئەوا زۆر لاواز دەبوو، وەک عادل عه‌بدولمه‌هدی؛ چونکە پەرلەمان هیچ بەهایەکی بۆ حکوومەت دانەدەنا.

سەدر حکوومەتى گشتگیری دەوێ

ئەوەندەى تا ئێستا دیارە، سەدر حکوومەتى گشتگیرى دەوێ و، لاى خۆیەوە بەتەواوى حکوومەتى تەوافوقی ڕەت دەکاتەوە. بەڵام ئەو ڕوانگەیە بۆ دەسەڵات كه‌ تەواوى جومگەکانى دەوڵەت بسەپێنێ، مەترسیدارە، به‌تایبەت بۆ کورد و سوننە، چونکە لە ئاکامدا ماڵی شیعە لە پەرتەوازەیی قوتار دەکات؛ چونکە پەل دەکێشێ بۆ دەستوور و فیدراڵییەت و سەرچاوەکانى وزە و هێز و هتد. هەر بۆیە مەبەستیەتى چونکە:

  • لەو نێوه‌ندەوە هێز و دەسەڵات و بڕیار دەکەوێتە دەستى خۆی؛ ئەمەیش ڕێخۆشکەرە بۆ یەکلاکردنەوەى بابەتى مەرجەعییەت لە دواى سیستانی.
  • دەتوانێ پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەدەست بێنێ؛ ئەویش بە ئەنجامدانی چاکسازی و دوورکەوتنەوەیەکی بە پلان لەژێر ڕکێفی قەڵەمڕەوی ئێران. بەڵام ئایا بەو ڕەفتارەى، زەرەر بە پرۆژەى شیعە دەگەیەنێ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؟ بەڵێ. ئایا هەر بەڕاست، سەدر ئەو زەرەرە لە شیعە و ئێران دەدات؟ گومانم هەیە.
  • ئەو ئەجێندایەى کە دەیەوێ، دەتوانێ بیسەپێنێ. بەڵام ئەگەر ڕەفتارى سیاسیی ئه‌و، بەو ڕادده‌یه‌ بەردەوام بێت، تەمەنى لە دەسەڵات کەم دەبێ و نەیارانى خۆى زیاتر دەکات، به‌تایبەت لە کورد و سوننە.
  • دەتوانێ پشتیوانێکی سەرسەختى سەرۆکوەزیرانەکەى بێ لەسەر ئاستى پەرلەمان و حکوومەت، به‌تایبەت ئەو کاتەى کە هەماهەنگیی باشی لەگەڵ سوننە و کورد هەبێ.

سەدر یان له‌خشته‌ دەبردرێ یان دەکوژرێ

ئایا سەدر وا بەئاسانی کارەکانى بۆ بەڕێوە دەچێ، بێ ئەوەى لا بکاتەوە بە لەخۆگرتنى ڕەوتەکانى سەر بە ئێران؟ چونکە تا هەنووکە سەدر ئامادە نییە تەنانەت لەگەڵیشیان کۆ ببێتەوە و دانوستان بکات. ئەمەیش تا سەر بە لاى ڕەوتى سەر بە ئێران کارێکی ئاسان نابێت؛ دوور نییە هەمان سیناریۆى "موحسین حه‌کیم" بۆ ئەو لەلایەن ئێرانەوە دووبارە بێتەوە. هەر بۆیە کاتێک هەوڵەکانى ڕەوتى سەر بە ئێران لەگەڵ سەدر گەیشتنە بنبەست، پێدەچێ لە سێ سیناریۆ زیاتر تێپەڕ نەبێ:

  • له‌خشته‌بردنی، بەوەى کە زۆربەى پۆستەکانى حکوومەت لاى ئەو بن، بەڵام سەرۆکوەزیران لە دەرەوەى لایەنەکان بێت، وەک ئێستاى کازمی؛ بە مەرجێک پەراوێزێک هەبێت بۆ هێزەکانى سەر بە ئێران، ئەگەرچی حکوومەتەکەیش گشتگیر بێت.
  • ڕازیکردنى بە حکوومەتێکی تەوافوقی؛ ئەودەم پشکی سەرەکی بەر خۆى دەکەوێ، بە سەرۆکوەزیرانیشەوە.
  • دواى گەیشتنە بنبەست، بۆ ئەوەى جه‌نگی شیعە – شیعە لە عێراق نەکەوێتەوە، چونکە زەرەرمەندى یەکەم دواى عێراقییەکان ئێران دەبێ، پەنا بۆ تیرۆرکردنى سەدر دەبردرێ لەلایەن ڕەوتەکانى سەر بە ئێران یان خودى ئێرانه‌وه‌ بەناڕاستەوخۆیی، وەک هەمان سیناریۆى ڕفیق حەریری لە لوبنان و موحسین حه‌کیم لە عێراق، چونکە نە دەتوانن شەڕی لەگەڵ بکەن، یان بیخەنە زیندانەوە، یان لە وڵات دووری بخەنەوە.

سیناریۆى "سەدر لە دەسەڵات و ڕەوتەکانى سەر بە ئێرانیش ئۆپۆزیسیۆن"، کارێکی ئەسته‌مە و هیچیان ئەوى دی قبووڵ ناکەن و ئاکامەکەیشی جه‌نگی شیعە – شیعە دەبێت. هەر بۆیە ئاسان نییە خۆیان بگەیه‌ننە ئەو قۆناغە و چاوەڕێ بکەن؛ کارەکە پێشتر یەکلایی دەکەنەوە.

لە ئەگەرى ڕێکكەوتنى شیعەدا، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ لەسەر چی دەبێ؟

حکوومەتى تەوافوقی، بریتییه‌ له‌ ئەجێندایەکی مەزهەبیی هاوبەش، پڕۆژەیەک بۆ چاکسازیی سیاسیی وڵات، کە خۆیان مەبەستیانە، هاوشێوەى بەڵگەنامەى چاکسازیی سیاسی کە پێش هەڵبژاردن پەسەندیان کرد، سەرۆکوەزیران بۆ سەدر. بەڵام ئەو ڕەوشە لە بەرژەوەندیی کورد و سوننە نابێ.

ئەنجامەکانى هەڵبژاردن وەک نەخشەڕێگه‌یەک بۆ ئاییندەى سیاسی

هەڵبژاردنى ئۆکتۆبەرى 2021 لاى پێکهاتەکانى عێراق وەک نەخشەڕێگه‌یەک بۆ ئاییندەى سیاسیی وڵات سەرنج دەدرا؛ تەنانەت حکوومەتیش هەمان باوەڕی بە خۆى دابوو. هەر بۆ ئەو میکانیزمەیش لەلایەن دەوڵەتانى ناوچەکە و ڕۆژاوایی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئاڕاستە کرابوو. پرۆسەیەک بوو بۆ یەکلاییکردنەوەى هاوکێشەکان و میکانیزمێکی ململانێ؛ هۆکارێکیش بۆ وەدەرنانى قەڵەمڕەو و هەژموونى ئێران لەم وڵاتە. پلانەکە نەخشەڕێگەیەک بوو بۆ گۆڕینى ئاڕاستەى سیاسیی عێراق بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەوەى پێشوو کە هەژموونى دەوڵەتى عێراق و ئەجێنداى نیشتمانیى تێدا سفر بوو. هەر بۆیە هەر لایەنە و بە دیدگایەکی تایبەت بەخۆی چووە ناو پرۆسەى هەڵبژاردن و لەو میانەیەوە دەیویست سەرکەوتن بەدەست بێنێ تا داهاتووی سیاسیی وڵات بەو شێوەیەى کە خۆى ئەجینداى بۆ داناوە، ئاڕاستە بکات، وەک:

گوتارى سیاسیی سەدر: زبر و ڕاڕا و بێمنەت و تاکڕەو

زۆر بەپوختى دەتوانین گوتارى موقتەدا سەدر لە پارسەنگی ئەنجامەکانى هەڵبژاردن بە چەند دیمەنێک وێنا بکەین، لەوانەیش:

  • سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئۆکتۆبەرى 2021 و بەدەستهێنانى 73 کورسی، واى لە سەدر کرد ئەو هەستی خۆشیی سەرکەوتنە، زیاتر بێمنەتى بکا لەوانى تر و تەنانەت ئامادەى هیچ دانوستان و گفتوگۆیەکی بەرامبەرى نییە، بێجگە لەوەى کە هەموویان سۆزى دواکەوتەى ئەو دەربڕن و جاڕ بدەن، بەوەى کە جەنابیان چی فەرموو تا جێبەجێی بکەن. دیارە ئەو بێمنەتییەیش، سەرچاوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکارى سەرەکی: کەسێتى و مەرجەعییەتى مێژووییی بنەماڵەى سەدر کە تایبەتمەندییەکى پیرۆزی کاریگەرى لاى شیعەکانى عێراق هەیە، بوونى هێز، بوونى پێگەى سیاسی کە 73 کورسیی پەرلەمانى هەیە.
  • سەدر خۆى بە خاوەنى ئەجێندایەکی خودی دەزانێ و بەنیازە بەسەر ئەوانى تردا بیسەپێنێ، بێ ئەوەى بەشدارییان پێ بکا و گوێیان لێ بگرێ.
  • سەدر خولیاى بۆ حکوومەتى ئاییندەى عێراق لە حکوومەتى زۆرینەدایە، کە خۆى تێیدا باڵادەستە و ئەجێنداى ئەو جێبەجێ دەکات. بەنیازە لە نێوه‌ندى ئەو حکوومەتى زۆرینەوە تەواوى پرۆسەى سیاسیی تەوافوقی لە عێراق هەڵبوەشێنێتەوە و بەرپرسیارێتیى کاولبوونى عێراق بداتە پاڵ تەوافوق.
  • باوەڕی بە حکوومەتێک هەیە کە هەمووان لەخۆ نەگرێت، به‌تایبەت ئەوانەى کە ئەجێنداى عێراقیان نییە و پێشتریش لە دەسەڵاتدا تاقی کراونەتەوە؛ بەڵام لە بەرامبەردا دەکرێ ئۆپۆزیسیۆن هەبێ.
  • باوەڕی وایە کە حکوومەتى ئاییندە کە لەسەر پڕه‌نسیپی زۆرینە بینا دەبێ، دەبێ تەواوى بەرپرسیارێتى هەڵبگرێ، چونکە دابەشبوونى بەرپرسیارێتى لە تەوافوقیدا، بووە مایەى کاولبوونى عێراق؛ لە حکوومەتى زۆرینەوە بۆ ئەم قۆناغە بۆ حوکمى زۆرینەى وڵات کە شیعەکان خۆیان بە زۆرینە دەزانن و ئەوانى تر دەخەنە پەراوێزەوە لە عێراق و، دواتریش گۆڕینی سیسته‌مى حوکمڕانی و بوونى سەدر بە سەرۆکی عێراق.
  • ئەگەرچی حکوومەت لەسەر بنەماى زۆرینە دەبێ، بەڵام تەواوى سەرەداوەکانى سیاسەت لە چنگی ئەودا دەبێ؛ ئەوانەى کە هاوبەشی دەکەن، دەبێ یان پاشکۆ بن یان لە پەراوێزدا ڕۆڵێک بگێڕن.
  • نەهێشتنى دیاردەى "چەکپێبوون" لە دەرەوەى دامەزراوەى شەرعیی دەوڵەت. هەرچی دیاردەى چەکدارى سەربازییە، لاى ئەو بە میلیشیا ناوزەد دەکرێ- بە "پێشمەرگە"یشەوە. مەبەستى سەدر، لەبندەست دەرهێنانى هێزی حەشدی شەعبیە؛ لە کۆتاییشدا نەهێشتنى ئەو گرووپە چەکدارانەیە.

 

لێکەوتەکانى ئەو گوتارە لەسەر پرۆسەى سیاسیی عێراق

  • تا ئێستا تەنیا چەند چریکەیەکى سەر تویتەرن و هیچی تر؛ هیچ ئاڕاستە و پلان و مەنهەجێکى پێوە دیار نییە بۆ واقعی سیاسیی عێراق، بێجگە لەوەى کە ڕکابەرەکانى دووچارى ڕاڕایی دەکات لە مامەڵە لەگەڵیدا، هیچ ئەنجامێکی ترى لێ نەکەوتۆتەوە. پێدەچێ هەمان ئەزموونى ترامپ بێت لەو گۆشەنیگایەوە؛ بەوەى کە تەنیا من لە گۆڕەپانەکە هەم و هەمووان دێنەوە لاى من.
  • ئەگەر حکوومەتى زۆرینە بە خواستى سەدریش پێک بێ، بە هاتنەناوەوەى خودی سەدریش ناتوانێ چارەسەرى گرفتەکانى عێراق بکات. لە لایەک بەو زه‌ینییەته‌ حەتمییە سیاسییەى ئەو چارەسەر نابن؛ لە لایەکی تریشەوە گرفتەکان لە سەدر و ئەوانى تریش زۆر گەورەترن.
  • ئەو زه‌ینییەتە سیاسییەى سەدر کەشوهەوایەکی گونجاو بۆ پێکهێنانى بەرەیەک لە دژى دەخوڵقێنێ و، ئەوانى دیكه‌ زیاتر لە دەورى مالیکی کۆ دەبنەوە.
  • دەبێتە مایەى دواکەوتنى پێکهێنانى حکوومەت، چونکە ئەجێنداکەى سەدر تا ئێستا هیچ ترووسکایییەکى بۆ ئەوانى تر تێدا نییە؛ نە وەک پێگە نە وەک ئەجێندا. بۆیە هاتنەپێشەوەى ئەوانى تر ئاسان نییە.
  • ئەو جۆرە لە ڕەفتار و زه‌ینییەتى سیاسی، لە مەودایەکی نزیکدا دەبێتە مایەى پتەوبوونى بەرامبەر و لاوازیى خودی ڕەوتى سەدر، چونکە ئەوەندەى لەسەر واقعبینیی ئەو بینا کراوە، لەسەر واقعبینیی عێراق نییە. هەر بۆیە ئەوەى کە دەیکا، لە بەرژەوەندیى ڕەوتى سەر بە ئێرانە.
  • ئەو جۆرە لە ڕەفتارى سیاسی، دواتر دەستێوەردانى دەرەکیی ڕاستەوخۆ، به‌تایبەت ئێران دێنێتە ئاراوە. هەرچەندە ئێستا تەواوى گفتوگۆکانى لەگەڵ ئەو لایەنانە هەڵپەساردووە، بەڵام ئەو لایەنانە دواتر دێنە ناوەوە و هەوڵی لادان یان لاوازکردن یان تەنگژەنانەوەى بۆ دەدەن.
  • ئەگەر مامەڵە سیاسییەکان بگەنە بنبەست، دوور نییە ئەلتەرناتیڤى "جه‌نگی شیعە-شیعە"، "تیرۆرکردنى سەدر" بێت.
  • سیاسەتەکانى سەدر بەو شێوەیە، ئەوەندەى لە ئەجێندایەکی مەزهەبییەوە نزیکە، ئەوەندە نیشتمانى نییە. هەرچەندە زۆر جاران باسی نیشتمانسازی و دژەگەندەڵی دەکات، بەڵام بەو شێوەیە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دووچارى دڵەڕاوکێ دەکات، چونکە لە کەمترین دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دژوەستانی سەدرى لێ دەکەوێتەوە. ئەمەیش نەک لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەتەکنەوە، بەڵکوو پێکهاتەکانى ترى وەک سوننە و کورد، کە خۆشحاڵن بە بوونى سەرپەرشتیارى نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەى سیاسیی عێراق، دەتەکنەوە و هەست بە هەڕەشە لەسەر بوونیان دەکەن.
  • سەدر حاڵەتێکی ڕاڕاییی بۆ کورد و سوننە هێناوەتە ئاراوە، بەوەى نازانن کە چۆن بە کام شێوە مامەڵەى لەگەڵ بکەن، کە هەم هاوسەنگیى تێدا بێ و هەم گه‌رەنتى؛ چونکە ئەو هیچ ئەمانێکی سیاسی بۆ بەرامبەر بەدەستەوە نادا. لە لایەکی تریشەوە هەر هەڵوێستێکی ناهاوسەنگانەى کورد و سوننە، بە هەڕەشەى لایەنەکانى ترى سەر بە ئێران بەرپەرچ دەدرێتەوە.
  • لایەنەکانى تر لە هەوڵی گەمەكردنن بە کاتەوە، چونکە دەبێتە مایەى خاوبوونەوەى هێزى سەدر و کاریگەرییەکەى لەسەر شەقامی عێراقی و هەڵوێستەکانى و خزاندنی بۆ ناو سێگۆشەیەکی داخراوەوە.
  • ئەو ڕەفتار و زه‌ینییەتەى سەدر، لە ئاکامدا دەیکاتە دوژمنى ماڵی شیعی؛ چونکە ئەوەى کە ئەو دەیکا، دەرچوونە لە هەموو ئەو ڕێسایانەى گەمەى سیاسیی نێوان ڕەوتە شیعییەکان لە عێراق. هەرچەندە بۆی ناچێتە سەر، بەڵام دەبێتە مایەى ئەوەى دەیکاتە دوژمنى هەمووان و هاوسەنگی ناهێڵێ؛ نەمانى هاوسەنگییش دەبێتە مایەى دروستبوونى قەیران؛ قەیرانەکانیش بەرەو هەڵدێر و دواتریش نەهامەتییەکان، کە هیچ کام لە لایەنەکان و حکوومەت و گەل ناتوانن بەرگەى بگرن.
  • لە ئاکامدا هەروەک ئاماژەمان پێ دا، کورد و سوننە دووچارى ڕاڕایی دەبن و ناتوانن لەگەڵی پێک بێن، چونکە مەترسیی پەراوێزخستنیان هەیە ئەگەر هات و سەدر ڕازی نەبوو بە سەرپەرشتیاریى نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەى سیاسیی عێراق.
  • بژاردەى بوون بە ئۆپۆزیسیۆنى ڕەوتى سەر بە ئێران، دۆزەکە ئاڵۆزتر دەکات؛ ململانێی شیعە لەگەڵ شیعە دەگەیه‌نێتە ترۆپک؛ ململانێی میلیشیا چەکدارەکانى دەرەوەى دەسەڵات لەگەڵ حکوومەت توندتر دەبێ؛ ناڕازییەکان پەرە دەسێنن؛ دژایەتى بۆ سیاسەتەکانى سەدر زۆرتر دەبن، چونکە ملیشیاکان بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابن چەکەکانیان دابنێن. ئەمەیش عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات. بەڵام پێش ئەوەى جه‌نگی شیعە لەگەڵ شیعە ڕوو بدا، بۆ دەرچوون لەو قەیرانە لەنێو ماڵی شیعەدا، پێش ڕوودانى ئەو جه‌نگە هەوڵی هەڵگیرسانی جه‌نگى سوننە-شیعە دەدرێ، دیالە باشترین گۆڕەپانە بۆ ئەو مەبەستە، چونکە لە کاتى ڕوودانى، تەنیا سوننە زەرەرمەند دەبێت و کوردیش نیگەران.

مالیکی: پراگماتیست و فریادڕەسی قەیران و سەرنەکەوتنى شیعەکان

لە بەرامبەردا مالیکی وەک پراگماتیستێک سەرلەنوێ خوازیارى گێڕانەوەى تەلارەکەیەتی وەک سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق. لە خۆشبەختیى ئەویشدا لە بەرامبەر سەدر، خۆى سەرپەرشتیى ڕەوتى هەماهەنگیى شیعە دەکات و کوتلەکەى ئەویش نزیکەى 55 – 60 پەرلەمانتاریان هەیە و ڕکابەرى هەر کاندیدێکی ترە کە پێشنیار بکرێ بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران؛ بێجگە لەوەى کە زۆرترین هێزی چەکداری شیعە لە نێوه‌ندى حەشدى شەعبییەوە لە چنگ ئەواندایە، کە زیاترە لە 80 هەزار کەس و تەواوى تفاقی جەنگییان هەیە و ئێرانیش بەڕاستەوخۆیی پشتیوانیانە. ئەوەى کە لە پارسەنگى بەرەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانییەکە دەردەکەوێ و ئاماژه‌یەکە بۆ ئاییندەى سیاسیی وڵات کە چۆن دەبێ، دەتوانین ڕەفتارى سیاسیی مالیکی لە چەند دیمەنێکدا وێنا بکەین و كه‌، تا چەند کاریگەریى لەسەر ئاییندەى هاوکێشە سیاسییەکانى عێراق دەبێ، لەوانەیش:

  • مالیکی هەر زۆر زوو خۆى کردە کاندیدى ڕەوتە شیعییە سەرنەکەوتووەکان و، جاڕیشی دا کە هەر ئەوە فریادڕەسیان لەم قۆناغەدا لەسەر ئاستى هێز و پێگەى سیاسی، کە بتوانێ قەرەبووى دۆڕانەکەیان بۆ بکاتەوە. هەر بۆیە ئێستا مالیکی مەرجەعی سیاسیی ڕەوتە شیعییە سەرنەکەوتووەکانە، چونکە ئەوانیش بەدەر لە مالیکی کاندیدێکی دیکە شک نابەن.
  • مالیکی وا خۆى دەردەخا کە هەر ئەوە پێگە و نفووزى هەمووان دەپارێزێ.
  • ئەو پرۆسە سیاسییەى کە ئەو بۆ عێراقی بانگەشە دەکات، لەسەر بنەماى هاوسەنگیى نێوان لایەنەکان و تەوافوقە.
  • مالیکی توانیویەتى ئەو پەیامە بە ئەمریکا و وڵاتانى هاوپەیمانان و تەنانەت ئێرانیش بگەیەنێ، کە هەر ئەوە توانیویەتى جڵەوى ڕەوتە چەکدارە شیعییەکان بگرێ، تا نەخزێنە ناو جەنگێکی شیعی-شیعییەوە. لە لایەکی تریشەوە پەیامێکە بۆ وڵاتانى ڕۆژاوا کە ئەوە توانیویەتى سنوورێک بۆ ڕادیکاڵییەتى ئەو گرووپانە دابنێ، دەنا توندوتیژییەکەیان زیاتر و بەردەوامتر دەبوو.
  • هێشتنەوەى هەژموون و نفووز و باڵادەستیى ئێران لە عێراقدا بەدوور لە هەر گوشار و گرفتێک.
  • ئەوان ئەنجامەکان ڕەت ناکەنەوە، ئەوەندەى مەبەستیانە سەدر چێژ لە سەرکەوتنەکەى وەرنەگرێ و، دووچارى هەلوێستێکی سیاسیی وای بکەن کە نەتوانێ بەبێ ئەوان هیچ بەرەیەک و هیچ بڕیارێک بدات.

لێکەوتەکانى گوتارى پراگماتیستیى مالیکی لەسەر ئاییندەى سیاسیی عێراقی دواى هەڵبژاردن

  • مانەوەى هەژموون و ڕەوتە چەکدارە شیعییەکانى سەر بە ئێران لە عێراقدا.
  • گەمارۆدانی ناکۆکییەکانى ناوماڵی شیعە و پەرەنەسەندنی بەرەو خزان و هەڵدێر.
  • وەستاندنى هەژموون و باڵادەستیى سەدر لە سنوورێکی دیاریکراودا.
  • ئەگەرچی سەرۆکوەزیرانیش بدەنە سەدر، بەڵام لە واقعی سیاسیدا له‌ هەوڵی تەفروتووناکردنیدا دەبن لە هەڵبژاردنى داهاتوودا؛ بەڵام بۆ نه‌هێشتنى بەهاى، دەیکەنە پێشەنگى ڕووکارى سیاسی لە عێراق و دواتریش پشتنەگرتنى و ناشیرینکردنى لە بەردەم ڕای گشتیى شیعە و گەلی عێراق.
  • هەرچەندە عێراق بە تەوافوقییەت هاتووە، بەڵام لەگەڵ گوتارى سیاسیی سەدردا زۆر جیاوازه‌، چونکە بە لاى سەدرەوە تەوافوق هیچ مانایەک بۆ هەڵبژاردن و خۆپیشاندانەکانى تشرین ناهێڵێتەوە و بگرە بێبەهایشی دەکا.
  • هەڵگیرسانی جه‌نگى شیعە-شیعە لە عێراق، پێدەچێ ئاسان نەبێت، هەرچەندە مەحاڵیش نییە؛ بەڵام خودى لایەنەکان ئەوەیان ناوێت. بەڵام ئەگەر ڕووی دا، ئەوا سیاسەتە چەوتەکانى سەدر دەستپێشخەرى ئەو جه‌نگە دەبن.
  • لە هەردوو حاڵەتى بێمنەتیی سەدر و پراگماتیستیی مالیکی، کورد و سوننە وەک پاشکۆ سەیر دەکرێن و فاکتەرى یەکلاکەرەوەى هاوکێشەکان نین؛ هەرچەندە بە هەردووکیان زیاتر لە 114 کورسیی پەرلەمانیان هێناوە و، ئه‌گه‌رچی خۆیشیان ئەو ڕۆڵگێڕانەیان نەویستووە.

ئایا مالیکی ڕەوتى هەماهەنگیى شیعی جێ دەهێڵێ و دێتە پاڵ سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تێکی زۆرینەى تەوافوقی؟

ئەمە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نابێ. به‌تایبەت مالیکی ئەو ساتەوەختە لەو ڕەوتە هەماهەنگییە جیا دەبێتەوە، كە لە هەمان کاتدا لە بەرژەوەندیی ڕەوتى سەر بە ئێران دەشکێتەوە و هاوسەنگیی هێز تێک دەدات، بەمەش ئەگەرى ڕوودانی جەنگى ناو ماڵی شیعە کەم دەبێتەوە. ئەودەم لەلایەن سەدرەوە پێشوازیى لێ دەکرێ، چونکە سەدر لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکى ترسناک قوتار دەکات و بەرەکەى بەهێزتر دەبێ و ئەوەى کە مەبەستیەتى لە حکوومەتى زۆرینە، پێی دەگا و لە ڕێگەى مالیکییەوە تەحەکوم بە چەندان هاوکێشەوە دەکات و هاتنەناوەوەى کورد و سوننەیش بۆ پێکهێنانى حکوومەت ئاسانتر دەبێ و ئەو مەترسییەیان نامێنێ و ڕاڕا نابن.

بەڵام ئایا مالیکی لە بەرامبەر ئەوەدا بە چی ڕازی دەبێ؟ یان داواى چی دەکا؟

گومان لەوەدا نییە کە مالیکی لەو نێوه‌ندەوە ئەو مەبەستەى کە هەیەتى بۆ گێڕانەوەى تەلارەکەى، داواى پۆستى سەرۆکوەزیران دەکا. لەو حاڵەتەیشدا سەدر بە داوایەکی ڕەوتى هەماهەنگیى شیعە ڕازی دەبێ کە نەپاڵاوتنەوەى کازمییە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران. بەو جۆرەیش مالیکی جارێکی تر ڕۆڵی "ڕیسایکڵبین" دەبینێ، چونکە سەدر پێشتر ئەوەى بە گوێیدا دابوو، کە ئەو جارێک تاقی کراوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە؛ بەڵام لە دونیاى سیاسەتدا مەحاڵ، بوونی نییە و سەدریش بێئەمان.

بەڵام گرفتە گەورەکە لەوەدایە، ئایا ئەو دوو سەرکردەیە، کە دیدگه‌ى سیاسییان جیاوازە و پابەندى یەک مەرجەعییەت نین و پەیوەندییەکان هاوسەنگ نابن- چونکە سەدر هێز و مەرجەعییەت و پێگەى سیاسیی لە مالیکی پتەوترە- ئایا دەتوانن بەیەکەوە کار بکەن؟ بە مانایەکی تر، مالیکی دەتوانێ لەگەڵ سەدر ئارام بگرێ و هەڵبکا؟ ئەمە کارێکی گران و لە مەودایەکی زەمەنیى یەک ساڵیدا ئەستەم دەبێ و، دەبێ جارێکی دیكه‌ حکوومەت پێک بهێندرێتەوە، چونکە هەردوو لا دانوویان بەیەکەوە ناکوڵێ و ڕێکكەوتنەکەیان گه‌رەنتیى کەمترى هەیە.

ئەدی کورد و سوننە هەڵوێستیان لەمەڕ مالیکی چۆن دەبێ؟ ئایا مالیکی چیی پێیە بۆ کورد و سوننە؟

لەو بارەیەوە مالیکی دەبێ لەسەر چەند هێڵێک گەمە بکا: بۆ کوردەکان، دەبێ پەیوەندییەکانى لەگەڵیاندا ئاسایی بکاتەوە و جەخت لە مافە دەستوورییەکانیان بکاتەوە؛ لەگەڵ سوننەکانیش، دەبێ هێوریان بکاتەوە و جارێکی تر پردێکی پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکات، چونکە بەهۆى ئەزموونى پێشوو هیچ متمانەیەکی ئەوتۆ نەماوە؛ دواتریش پێگەیان لە حکوومەتى داهاتوو مسۆگەر بکا و هەڵمەتى ئاوەدانکردنەوەیش بەرپا بکا و لە هێزەکانى حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننینشینەکان ڕزگاریان بکا و...؛ ئەمانەیش بۆ مالیکی ئاسان نین.

کورد لە بەردەم پرشکی ئاگردانەکە

 لەو نێوەدا پوختەى ئەوەى کە کورد پێویستە لەسەرى بیکا چی دەبێ، یان بە مانایەکی تر، دەبێ لە ساتەوەختەکانى ڕاڕابووندا چی بکرێ؟

  • پێویستە لە نزیکەوە تەماسی لەگەڵ هاوکێشە و جموجۆڵ و گۆڕانکارییەکان هەبێ، تا فریاى خۆى بکەوێ و لە کاتى پێویست هەڵوێستى ببێ و ئامادەباشیی هەبێ. ئەمەیش پێویستى بە پەیوەندی و کۆکردنەوەی زانیارى و لێکۆڵینەوەى بەردەوام و شرۆڤەى پێشهاتەکان و جموجۆڵی دیپلۆماسی هەیە بۆ لاى لایەنە کوردی و عێراقییەکان.
  • بوونى پڕۆژەیەکی گونجاو و ئامادەکراوى نیشتمانیى پێشوەختە، کە تیایدا جەخت لەسەر بەرژەوەندییەکانى و مافە دەستوورییەکانى لە عێراق کرابێتەوە.
  • جارێکی تر دەبێ لە پێناو بەهێزى و چنگخستنى مافە دەستوورییەکان یەکڕیز بێ، به‌تایبەت پارتی دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیی كوردستان، لەسەر ئاستى گوتارى سیاسی، دیپلۆماسییەت، ڕکابەرى، پەیوەندییەکان و هتد.
  • ئامادەکردنى دۆسیەیەکی تایبەت بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵی، چونکە تا زووتر ئەو دۆسیانە یەکلایی ببنەوە، زووتر دەچێتە سەر ئاڕاستەى چوون بەرەو نەتەوەسازی و نیشتمانسازی و دەوڵەت و، چیتر لە بازنەیەکی دیاریکراودا ناخولێتەوە. بۆ ئەو دۆسیەیەیش پێویستى بەمانه‌ هه‌یه‌: ئەزموون، پسپۆرى، دیپلۆماسییەت.
  • زۆر جاران دروشمێک هەیە کە بەردەوام دەیڵێنەوە، بەوەى "هێلکەکان ناخەینە ناو یەک سەبەتەوە"؛ ئەمە دیپلۆماسییەت و جووڵەیەکی سیاسیی دروستە، بەڵام ئایا بەو شێوەیە بووە؟ ئەمە ڕێژەیییە. بۆ نموونە ئێمە لەگەڵ سوننە، پێویستیمان بۆ هەماهەنگى هەیە، چونکە با چیتر تەواوى گوشارى سیاسی لە عێراق نەکەوێتە سەر کورد و، گرفتەکانیشمان با لەگەڵ سوننە بەرتەسک بکەینەوە. لە لایەکی تریشەوە ئێستا لە عێراق ئەوان خاوەنى زیاتر لە 51 کورسیی پەرلەمانی عێراقن، بەڵام ئەو هەماهەنگییە دەبێ هاوسەنگانە بێت تا نیگەرانیى لاى شیعەکان لێ نەکەوێتەوە و بە مەترسی بۆ سەر خۆیانى نەزانن.
  • پێویستە کورد هەندێ جاران ڕۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوە ببینێ، هەروەک چۆن لە حکوومەتى عادل عه‌بدولمه‌هدی و مالیکی کردی؛ مەبەستمان دەرچوونە لە هەڵوێستى پاشکۆیه‌تی بۆ ڕەوتى زۆرینە، بەوەى تا ئەوان خۆیان لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیران ڕێک نەکەون ئەمان جووڵە ناکەن. بەڵام ئەى چی دەبێ ئەگەر کورد خۆى فاکتەرى یەکلاکردنەوەى ئەو هاوکێشەیە بێ؟ بەڵام ئەو ڕۆڵبینینە پێویستى بە حیکمەت و ئەزموون و پرۆژە هەیە. بۆ نموونە کام لەو کاندیدانە بۆ کورد باشن: کازمى یان مالیکی؟ دواى تێڕامان و وردبوونەوە، دەشێ باشترین سیناریۆى پێکهێنانى حکوومەت بۆ کورد بەم شێوەیە بێت:

حکوومەتى ئاییندەى گونجاو بۆ کورد ( 197 کورسی، 59.8%ی پەرلەمان ) = ڕەوتى سەدر ( 73 ) + کورد 49 ( پارتى و یەکێتى ) + مالیکی ( 37 ) وەک کاندیدی سەدر بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران و پردی پەیوەندیی ڕەوتى شیعە بەگشتى بۆ ئەوەى کارەکان نەگەنە بنبەست و چاکسازییش بەردەوام بێت + بەرەى تەقەدوم ( 38 حەلبووسی).

بونیادی سیاسیی حکوومەت: 197 کورسی، 59.8%ی پەرلەمان = 110 شیعە + 87 سوننە. پشکی وەزارەت و پۆستەکان = 37% سەدر + 24.8% پارتی و یەکێتى + 19.2% تەقەدوم + 18.7% دەوڵەتی یاسا.

بەڵام ئەو حکوومەتە ئەجێندایەکی چاکسازیی هاوسەنگی نیشتمانیی هاوبەش و متمانەى لایەنەکان بەیەکترى تێدا گرنگە، کە ئەمەیش کارێکی ئاسان نییە، به‌تایبەت لە نێوان سەدر و مالیکی.

  • حکوومەتى هەرێم و سەرکردایەتیى کوردستانى لە بەغدا، لە قەیران و هاوکێشەکان و بۆنەکاندا ئاماده‌ییی هەبێ، چونکە کاتێک دەگاتە ئەوێ، کار لە کار ترازاوە؛ یان دەبێ پاشکۆیی بکا، یان بە ئەجێنداى ئەوانى تر ڕازی ببێ، یان دەکەوێتە ژێر گوشارى زۆرەوە.
  • پڕکردنەوەى تەواوى ئەو پۆستانەى کە پشکی کوردە؛ ئەویش دەبێ بە پلانێکی هەماهەنگی بێت بۆ حکوومەتى هەرێم، تا تەواوى ئەو پشک و پۆستانە بۆ بەرژەوەندییەکانى هەرێم لە بەغدا بەگەڕ بخرێن.
  • ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەزارەتێکمان هەیە بۆ کاروبارى پەیوەندی و دۆسییەکان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ و وەزارەتێکی هەرێمی هەیە؛ ئەو وەزارەتە دەبێ پشتی بگیرێ و لێکۆڵینەوەى بۆ بکرێ و پڕزانیارى بکرێ و چەندان لێکۆڵینەوەى گریمانەییی پێشوەختەى بۆ بکرێ. ئەمەیش پێویستى بە خاوەن ئەزموون و پسپۆرى هەیە.
  • خولی داهاتووى حکوومەت و پەرلەمان بۆ هەمووان یەلاکەرەوەیە؛ دۆڕاوەکان دەیانەوێ هەستنەوە، کورد دەیەوێ مافە دەستوورییەکانى چنگ بخات، سوننە بەنیازە پێگە و ئاوەدانیی خۆى لە عێراق بگەڕێنێتەوە، سەدر دەیەوێ عێراق بخاتەوە سەر ڕێگە دروستەکە، مالیکی خوازیارى گێڕانەوەى عەرشەکەیەتی و خۆى بە فریادڕەسی ڕەوتى شیعە دەزانێ، بەرەى دەرەکییش هەر یەکەیان ئەجێندایەکی تایبەتى بۆ عێراق هەیە؛ بەڵام ئەوەیش ئەو عێراقەیە کە هەیە و هەمووان تێیدا گوزەر دەکەن و پێویستى بە کارى زۆرە.

قسەى کۆتا

  • ڕەوتى سەر بە ئێران مەبەستیانە تەواوى فشارەکانیان بۆ سەر سەدر لە هەموو بەرەکانەوە تا لێوارى تەقینەوە بەرەو هەڵکشان بەرن، بەڵام ئەگەر کارەکە نەترازێ و لەدەست دەرنەچێ بەرەو هەڵدێر، مەبەستى جەنگیان نییە، بەڵکوو مەبەستى سەرەکییان حکوومەتێکی تەوافوقییە، کە حکوومەتى تەوافوقییش واتە هەر وەک ئەوەى نە هەڵبژاردن کراوە نە خۆپیشاندان و، نە ئەوانیش لە هەڵبژاردن دۆڕاون و پێگەشیان وەک خۆى دەمێنێتەوە.
  • مالکی خۆى بە فریادڕەسی شیعە دەزانێ، هەر ئاواش شکۆ بەسەر ئەوانى تردا دەکات کە توانیویەتى کۆنترۆڵی گروپە توندڕەوەکانى شیعە بکات تا وڵات بەرەو هەڵدێر نەچێ، بەڵام ئەو کۆنترۆڵکردنە گرەنتى نییە، ڕوداوەکانى ئەمدواییەى بەغدا سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەن.
  • تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم و پەسەندکردنى ئەنجامەکان لە لایەن دادگاى فیدڕاڵییەوە، ڕووداوەکان خوێناوى و گرژییەکان بەرەو هەڵکشان دەچن، ئەویش تەنها بە مەبەستى فشار بۆ سەر سەدر تا بە حکوومەتى تەوافوقی ڕەزامەند بێت. ئایا سەدر بە حکوومەتى تەوافوقی ڕەزامەند دەبێ؟ ئەمە مەحاڵ نییە، بەڵام سەرۆکوەزیران ئەو کەسە دەبێ کە خۆى دەیەوێ، تا لە ماهییەتى حکوومەتى تەوافوقی کەم بکاتەوە و بەپێی زۆرینە حوکم بکات.
  • کورد دەبێ پلانێکی دروست و ڕۆشن و گریمانەى پێشوەختەى هەبێت و بەردەوام لەگەڵ ڕووداوەکان بژیت و سیاسەتمەدارى بۆنەکان نەبن، دەبێ بەردەوام جووڵەى سیاسی و دیپلۆماسی بە پلانی هەبێت، هەموو ئەو کارانەش دەبێ بە ئەجیندایەکی نیشتمانى و یەکڕیزی بە ئەنجام بگەیەنێ.