پاشەکشەی ئەمریکا و داهاتووی هێزە شیعەکان لە عێراق

د. پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان-زانکۆی سەڵاحەددین

 

ڕۆژی (٥)ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بە دەرچوونی هەموو هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق، لەنێویاندا هێزەکانی ئەمریکا، کە ئەمەیش وەکوو کاردانەوەیه‌ک بوو بۆ کوشتنی "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و "ئەبو مەهدی موهەندیس"، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبیی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ڕۆژی 3ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠.[1] پاش ئەوەیش لە 26ی ته‌مووزی 2021 جۆ بایدنی سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕای گەیاند[2] کە، تاوەکوو کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١ ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتاییی پێ دێت و ئەمریکا هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە و تەنیا نزیکەی ٢٥٠٠ هێزی بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاری دێڵێتەوە. ئەو پرسە هاتە ئاراوە کە ئایا پاش ئەو ڕێکەوتە، ئەمریکا چیتر عێراقی بۆ گرنگ نییە و واز لە ململانێکانی لەگەڵ ئێران و لایەنگری دێنێت؟ ئەمریکا لە ئێستادا لە بەغدا هێزی سەربازیی هەیە و؛ هەروەها لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەلئەسەد لە پارێزگای ئەنباری عەرەبی سوننە و لە بنکەیەک لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر.

لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئایا ئەمریکا پاش ئەو هەموو تێچووە مرۆیی (زیاتر لە ٤٠٠٠ کوژراو) و دارایی (زیاتر لە ٧،٢ تریلیۆن دۆلار)ییە، عێراق بۆ ئێران جێ دێڵێت؟ جگە لەمانەیش ئەی نفووز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا چیی لێ دێت؟ ئەم پرسیارەیش لێکەوتەی تری لێ دەکەوێتەوە کە ئایا پاش جێهێشتنی عێراق، ئەوە ئێران و لایەنگرانی دەست بەسەر زۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناگرن و، لەم نێوه‌یشدا ئاسایشی لایەنگر و هاوپەیمانانی ئەمریکا و بەتایبەتی ئیسڕائیل و سعوودیا چۆن دەپارێزرێت و ئایا ئەمریکا بەمە ڕازی دەبێت؟ هەموو ئەم پرسیارانە لە چوارچێوەی وه‌ڵامدانەوەی پرسیارێکی وردتر ڕوون دەبێتەوە کە ئەویش بریتییە لەوەی کە، پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق له‌ کۆتاییی ٢٠٢١، داهاتووی سیاسی و هێزە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق چیی بەسەر دێت؟ ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ وه‌ڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و ڕوونکردنەوەی داهاتووی هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و، خستنەڕووی سیناریۆ ڕێتێچوو و بەهێزەکان لەم بارەیەوە.

 ئەمریکا و پرسی مانەوە لە عێراق: پاشەکشە یان وەدەرنان؟!

بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پاش ئەوە دێت کە، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەلئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی 2020 دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریکاوە، کرایە ئامانج. لەم هێرشانەیشدا جگە لە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ بنکەی عەین ئەلئەسەد، کەتیبەکانی حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی هەق تۆمەتبار کراون کە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی و موهەندیس بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا و، هەروەها کورد کە دەنگیان بە درچوونی هێزەکانی بیانی لە عێراق نەدا، بەڵکوو ڕایان گەیاند کە هێشتا عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریکا هەیە، لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ و لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ و پاش ئەوەش لە چەندین هێرشی تر وەکوو هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنکەی ئەمریکییەکان و تەنانەت ناوچە مەدەنییەکانی شاری هەولێر بەشداریان کردووە.

هەروەها چەکدارەکانی نزیک لە ئێران پاش هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بانگەشەی ئه‌وه‌ دەکەن كه‌ ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژارندا كراوه‌ و، هه‌ر بۆیه‌ خۆپیشاندانیان لە بەغدا ڕێک خستووە و داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکان و هەڵبژاردنی دووبارە دەکەنەوە وەکوو کاردانەوەیەک بەرامبەر شکستەکانیان. تەنانەت ئەم هێزانە تۆمەتبار کراون کە  لە ڕێگەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وه‌ لە ڕێکەوتی 7ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی "مستەفا کازمی"، هەوڵی تیرۆر و کوشتنی سەرۆکوەزیرانیان داوه‌.

دوایین ئاڵوگۆڕەکانیش پێش دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق ئەوە بوو کە، ئه‌بو ئه‌لا ئه‌لوه‌لائی، ئه‌مینداری گشتچی كه‌تیبه‌كانی سه‌ییدولشوهه‌دا لە ڕێکەوتی ١٩-١١-٢٠٢١ ڕای گەیاند[3] کە، دەرگەی وه‌رگرتنی خۆبه‌خشان له‌ ڕیزی گرووپه‌ چەکداره‌كان (میلیشیاکان) دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر پاش ڕێکەوتی شەوی ٣١-١٢-٢٠٢١ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پاشەکشە نەکەن، ئەوە ئەم هێزە لە چوارچێوەی موقاومەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بە وتەی بەرپرسانی كه‌تیبه‌كانی سه‌ییدولشوهه‌دا، کە گرووپێکی چەکداری شیعەیە و لە ساڵی 2013 لە کەتائیبی حزبوڵڵا جیا بووەتەوە و بەهۆی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە و بنکەی سەربازانی ئەمریکا خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە ٤٩ هەزار خۆبەخشیان تۆمار کردووە.[4] ئەمە لە کاتێکدایە کە موقتەدا سەدر ڕای گەیاندووە کە پێویستە سه‌رجه‌م گرووپە چەكدارەكان هەڵبوەشێنرێنەوە ئەمە لە کاتێکدایە کە موقتەدا سەدر ڕای گەیاندووە کە پێویستە تەواوی گرووپە میلیشیایییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و لە قۆناغی یەکەمدا لە ڕێگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە چەكەكانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی بکەن.

هەر بۆیە ڕۆژی ١٩-١١-٢٠٢١ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ھەڵوەشاندنەوەی لیوای "یەومولمەوعوود"ی سەربە ڕەوتی سەدر و داخستنی بارەگاکانی ڕاگەیاند و، ئەوەیش وەک نیشاندانی نیازپاکی لە ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و گوتی: "وەک نیازپاکییەک لیوای یه‌ومولمەوعوود هەڵدەوەشێنمەوە و بارەگاکانی دادەخەم کە پێشووتر چەکەکانی ڕادەستی هێزەکانی سەرایا سەلام کردووە و، هیوادارم ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارییەکانی دیکە و ڕادەستکردنی چەکەکانیان و داخستنی بارەگاکانیان. هیواخوازم ئەوە پەیامێکی  ئارامی و ئاشتی بێت بۆ هەموو گەل." لە وه‌ڵامدا عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵڵا، لە تویتێکدا لە ڕێکەوتی ٢٠-١١-٢٠٢١ بڵاوی کردۆتەوە، ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنی کە لە ساڵی 2014دا بە ئامانجی جه‌نگی دژ بە داعش، لەلایەن کەتائیبی حزبوڵڵاوه‌ پێک ھێنرا، هەڵوەشاندەوە و ڕای گەیاند: "فەرماندەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا بڕیاریان داوە بە ھەڵوەشاندنەوەی ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنی و، ھەروەھا ڕاگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی ھێزەکە و داخستنی بارەگاکانی."

جێگەی ئاماژەیە کە بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوام ڕایان گەیاندووە کە باشترین تۆڵەی قاسم سولەیمانی ئەوەیە کە ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناچار بە پاشه‌کشە بکرێت و؛ ئەمە وەکوو باجی کوشتنی سولەیمانی وێنا دەکرێت. لێرەوە ئامانج و ستراتیژیی ئێرانییەکانمان باشتر بۆ ڕوون دەبێتەوە کە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا جگە لەوەی وەکوو بوارێکی ئاسایشی دەبینین، لە هەمان کاتیشدا ستراتییژییەکە کە گرتوویانەتە بەر و هەموو گوشار و بارگرژییەکانیش، چ پێش کوشتنی قاسم سولەیمانی و چ پاش کوشتنی ناوبراو، بۆ ئەو مەبەستەیە. ئێرانییەکان ئەم ڕاستییەیش باش دەزانن کە چیتر پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لانی کەم تێوەگلانی ڕاستەوخۆی سەبازی بۆ ئەمریکا ئەو گرنگییەی جارانی نییە و، بەڵگەنامەکانی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا و، هەروەها ئاراستەی سیاسەت و پلان و گوتاری ئەمریکییەکان ئەو ڕاستییە دەردەخات.

بۆیە ئێرانییەکان هەوڵ دەدن گوشارەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی به‌ر له‌ بەئەنجامگەیشتنی دانوستانی ئەتۆمی، ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە و ئەوەیش بۆ ئەوەی کە لە دانوستانەکاندا دەستی باڵایان هەبێت و ئەمریکا و ئەوروپییەکان ناچار بن بە مەرجەکانی ئێران ڕازی بن و، سزا و ئابڵووقەکانی سەری هەڵبگرن و تەنانەت، چ وەکوو سیستەمێکی سیاسیی ڕەوا بەم ناسنامە تایبەتەی و چ وەکوو هێزێکی هەرێمایەتی کە داڕێژەری سیستەمی ئاسایشیی ناوچەکەیە و تەنانەت ڕۆڵی ڕێبەرایەتی و ناوەندیی تێدا دەگێڕێت، دان بە ئێراندا بنێن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن. تەنانەت ئەگەر لە بابەتەکەمان دوور نەکەوینەوە؛ ئامانجی ئێران لە پەرەپێدانی توانای ئەتۆمی و لەوانەیە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، هەر ئەم دوو ئامانجە ستراتیژییەیه‌. هەروەها نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی له‌ ڕۆژی 3ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا، لەبارەی سەردانەكەی سولەیمانی بۆ بەغدا و پاشان هۆکاری کوشتنی ڕای گەیاند کە، قاسم سولەیمانی لە دیمەشق دەگەڕایەوە و پلانی بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی مارێنز و سەربازە ئەمریكییەكان و فڕۆكەوانەكان و دەریاوانەكان و دیپلۆماتكارە ئەمریكییەكانی دادەنا.

 هاوسەنگیی هێز و سیناریۆکان: ئەگەرەکانی پاش پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتاییی ٢٠٢١

پێش هەموو شتێك، گرنگە ئەوە بڵێین کە ئێران بۆ پاراستنی نفووزی هەرێمایەتیی خۆی، پێویستی بە کۆنترۆڵی عێراق لە بوارە جۆراوجۆرەکان هەیە؛ بەم واتایەی کە نفووزی ئێران تەنیا مەزهەبی و کەلتووری یاخود تەنیا سەبازی و ئاسایشی نییە لە عێراق؛ چونکە ئەگەر پاڵپشتیی سیاسی و یاساییی نەبێت، ئەوە هێزە لایەنگرەکانی دەکەونە مەترسییەوە (وەکوو بارودۆخی ئێستایان لە پاش ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١)؛ هەروەها تەنیا سیاسییش بەس نییە بۆ تەواوکردنی ئەم هەژموونە، چونکە زۆربەی ستراتیژیی ئێران لە ئاستی دەرەکی و ئاسایشی لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هێزە نیمچە-سەبازی یاخود میلیشیایی دامەزراوە بۆ جێبەجێکردنی جەنگی نا-هاوسەنگ یان نا-یەکسان (حرب غير متكافئة) یاخود نا-هاوتەریب (Asymmetric warfare) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی نەیارەکانی کە خاوەن چەکی پێشکەوتووترن و؛ هەروەها بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسییارێتییەک نەکەوێتە سەرشانی ئێران، ئەوە لە ڕێگەی ئەم ستراتیژییەوە ئاشایشی نەتەوەییی خۆی دەپارێزێت و هەوڵی کۆنترۆڵی یەمەن (بۆ گەمارۆدانی سعوودیا و وڵاتانی کەنداو) و، عێراق (بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا و کۆنترڵی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و، هەروەها بەستنەوەی هێڵی هیلالی شیعی و گەیشتن بە سووریا) و، سووریا (بۆ ئەوەی کە تورکیا و ئیسڕائیل کۆنترۆڵ بکات و هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە بەرێت و، هەروەها دەستی بگاتە لوبنان بۆ یارمەتیدانی حزبوڵڵای لوبنان) و، پاشان لوبنان بۆ ئەوەی بگاتە دەریای سپیی ناوەڕاست و تەنانەت لەم ڕێگەیەوە ململانێی سعوودیا و ئیسڕائیل بکات).

بۆیە لە ستراتیژیی ئاسایشی و بەرگریی ئێراندا، عێراق ڕۆڵێکی ناوەندیی هەیە و هەر بۆیە دەبینین کە ئەو پێگە و نفووزەی کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هەیەتی، لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەددام حسێن لە عێراق بەرز دەبێتەوە. بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئێران ڕازی نابێت هێزەکانی لە عێراق لاواز ببن، چونکە ئەو کاتە بە بڕوای ئێرانییەکان هەڕەشە و گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی دەکەوێتە ناو سنوورەکانی خودی ئێران. تەنانەت بە بڕوای ئێرانییەکان گەمەی ئێران لە چوارچێوەی سەرکردایەتیکردنی "بەرەی خۆراگری"، جگە لەوەی ڕەهەندی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیی هەیە، لە هەمان کاتیشدا ڕەهەندێکی جیۆسیاسی و ڕیاڵیستیی هەیە کە وا دەکات نەیارەکانی ئێران سەرقاڵ بکرێن و مەترسییەکانیش لە سنوورەکانی ئێران دوور بخرێتەوە و، لە هەمان کاتیشدا ئامرازێکه‌ بۆ سەپاندن و جێگیرکردنی هەژموونی ئێران و، کارتێکە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و، تەنانەت میکانیزمێکیشە بۆ وەرگرتنی پاڵپشتیی چین و ڕووسیایش، چونکە ئەو وڵاتانەیش بە کارتی ئێران یاری دەکەن و دەیانەوێت ئەمریکا لە ناوچەکە پاشەکشە بکات یاخود لانی کەم ئەمریکا بەشدارییه‌كی کەمتێچوویان پێ بکات.

هەموو ئەو ئاماژانەی سەرەوە پێمان دەڵێت کە، ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران یاخود نزیک لە ئێران، ڕژدن لەسەر دەرکردن یاخود وردتر بڵێین پاشەکشەپێکردنی ئەمریکا لە عێراق. بۆیە لێرەدا دەتوانین سیناریۆکانی پاش کشانەوەی ئەمریکا بەپێی ستراتیژیی ئێران لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێکانی لەگەڵ ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی و هاوسەنگیی هێز، بەتایبەتی پاش هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠-١٠-٢٠٢١ بەم شێوەیە بخەینە ڕوو:

یەکەم؛ لە ئاستی درێژخایەندا بۆشاییی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە پاڵ سەروەریی لاوازی ناوخۆیی و دەرەکیی عێراق وا دەکات کە، لە عێراق پشێوی و لاوازیی حکوومەت لە چەسپاندنی یاسا و دەستەبەرکردنی ئاسایش بەرجەستە ببێت و، ئەم دۆخەیش بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرفەتێکە کە لەم ڕێگەیەوە زیاتر لە عێراق ڕۆڵی هەبێت یاخود پێگەی بەرز ببێتەوە.

 دووەم؛ لە ئاستی کورتمەودا و هەر لەم چوارچێوەیەدایە کە هێزەکانی سەر بە ئێران کە به‌ بەرەی خۆڕاگری دەناسرێن و هێزە سیاسییەکانی لە هەڵبژاردنەکان تووشی شکست و پاشەکشەی قورس بوون، داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکان یان مامەڵەکردن لەگەڵیان لە دەرەوەی ژمارەی کورسییەکانیان بكه‌ن. هەر ئەمەیش وا دەکات کە دەرفەت بۆ ئەو هێزانە بڕەخسێت کە گوشاریان لەسەر براوەی هەڵبژاردنەکان (سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننەکان)  زیاتر بێت.

سێیەم؛ لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم پاشەکشەیەی ئەمریکا داهاتووی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق بەپێی کارکردن بە ئەنجامەکان دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی نادیار و، ئەستەمە کار بە زۆرینە و کەمینە بکرێت. بۆیە لێرەدا یان ئەو هێزانەی لایەنگری ئێران بەشدارییان پێ دەکرێت و وەکوو ڕابردوو کار بە بنەمای تەوافوق و دابەشکردنی پۆستەکان بەبێ گوێدان بە قەبارەی کورسییەکان دەکرێت، یان ئەوەی کە هەموو گوشارەکان بۆ ئەوە دەڕوات کە دووبارە هەڵبژاردن بکرێتەوە. هەروەها لە ئەگەری پێداگریی سەدر لەسەر کارکردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەوە ئەگەری سەرهەڵدانی پێکدادانی سەربازی بەرز دەبێتەوە.

چوارەم؛ لە ئاستی مامناوەندی، بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەهۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی توانای داعش لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و چالاکییەکانی و لە بەرامبەریشدا لاوازیی هێزە فەرمی و سەربازییەکانی سوپای عێراق، ئەوە به‌ ئەگەرێکی بەهێزه‌وه‌ ئەم سیناریۆیە دێتە ئاراوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی جارێکی تر کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن و ڕێگە لە هەڵوەشاندنەوە، یان تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق بگرن. لێرەیشدا ئێران کە بە دامەزرێنەر و  پشتیوان و ڕاهێنەری ئەم هێزانە دادەنرێت، ڕۆڵی سەرەکیی دەبێت لە ئاراستەکردنی ئەم هێزانە. ئەم بەرزبوونەوەی ڕۆڵەیش لە ئەگەری بەهێزبوونی داعش وا دەکات کە، وەکوو پاش ساڵی ٢٠١٤ و بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨، ڕەوایەتیی سیاسیی ئەم هێزانە بەرز دەبێتەوە.

پێنجەم؛ ئێرانییەکانی ترسیان لە هەڵگیرسانی ناکۆکی و جەنگی شیعی-شیعی هەیە، بۆیە هەوڵ دەدەن بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ناکۆکییەکان زیاتر لە چوارچێوەی ململانێی سوننە-شیعە و، هەروەها عەرەب- کورد بێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمە کرۆکی ستراتیژیی سیاسیی ئێرانە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان و گەرەنتیکردنی نفووزی خۆیان لە ڕێگەی شیعەکانه‌وه‌. لە ئێستادا و بەهۆی ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی هەڵبژاردنەکان، دەیانەوێت ڕێگە لە سیناریۆی ئەمریکییەکان و وڵاتانی عەرەبی بگرن کە بریتی بوو لە کۆنترۆڵی ئێران لە ڕێگەی خودی شیعەکان و بە میکانیزمی قووڵکردنەوەی ناکۆکیی شیعەکانی لایەنگری ئێران و شیعەکانی دژی ئێران. هەر بۆیە ئەگەر ئەمریکا بەم بارودۆخەی ئێستا پاشەکشە بکا، ئەوە دۆڕاوی سەرەکی، عێراق دەبێت و لە هەمان کاتیشدا بۆیە گرووپەکانی سەر بە ئێران، وەکوو كه‌تیبه‌كانی سه‌ییدولشوهه‌دا و عەسائبی ئه‌هلی هەق و...، پلانی ئێران جێبەجێ دەکەن لە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا؛ ئەگەر تا کۆتاییی ٣١-١٢-٢٠٢١ هێزەکانی نەکشێنێتەوە، ئەوە بە ڕێگەی سەربازی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

حەفتەم؛ ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین دەبینین کە پێکدادانەکانی ڕاستەوخۆی نێوان هێزەکانی لایەنگری ئێران و  هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کاتێک پەرەی سەند کە، ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چوویە دەرەوە و، بە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس گەیشتە لووتکە[5]. بۆیە پێشبینی دەکرێت کە پاش ڕێکكەوتنی دووبارە یاخود جۆرە ڕێککەوتنێکی سنووردار کە بە ڕێککەوتنی کاتی (interim deal) پێناسە کراوە[6]، بەم واتایە کە ئێران بەشێک لە چالاکییە ئەتۆمییەکان وەکوو پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی٦٠% هەڵپەسێرێت کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٢٠١٥دا قەدەغەکراو بوون و ئەمریکایش لە بەرامبەردا بەشێک لە سزاکانی وەکوو ڕێگە بۆ ئازادکردنی پارەکانی ئێران و چاوپۆشی لە سزای کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چین و هیندستان و کۆریای باشوور و ژاپۆن بکات، ئەوە بارگرژییەکانی نێوان ئەمریکا و لایەنگرانی ئێران لە عێراق بە ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیه‌ندراو، بگەڕێتەوە دۆخی پاش ٢٠٠٣ و بەتایبەتی پاش ٢٠١١ کە بریتی بوو لە ململانێ و ڕکابەرایەتی و، بەم پێیەیش لایەنەکان لە پێکدادانی سەربازی دوور بکەونەوە. هەر ئەمەیش پێمان دەڵێت کە داهاتووی هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران پەیوەستە بەم بارگرژی و ململانێیانەی نێوان ئێران و ئەمریکا.[7]

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە عێراقدا هەم ئێران و هەمیش ئیدارەی ڕابردوو و نوێی ئەمریکا، ستراتیژیی زۆنی خۆڵەمێشی بەکار دێنن (GRAY ZONE STRATEGY). واته‌ عێراق بۆ ئەمریکا بە مەبەستی گەمارۆدان یاخود لغاوکردنی ئێران و شکاندنی هێڵی بەرەی خۆراگری و پچڕاندنی هیلالی شیعی و ڕەواندنەوەی هەڕەشەکانی سەر ئیسڕائیل و، بۆ کۆماری ئیسلامییش بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاست و توانای مانۆڕ لە ناوچەکەدا. بەم پێیە، ئەگەر ئەم دوو وڵاتە بگەنە جۆرێک لە ڕێککەوتن، ئەوە ئەمریکا بۆ هاتنەئارای هاوسەنگیی هێزی هەرێمایەتی لە ڕێگەی دروستکردنی هاوسەنگییەکی ناوخۆیی لە نێوان کورد و سوننە و شیعە، هەروەها لەناو خودی شیعەکانیش لە ڕێگەی دروستکردنی لانی کەم دوو بەرەوە، عێراق بۆ ئێران جێ دێڵێت؛ بەڵام ئیسڕائیل وەکوو ستراتیژیی ڕابردووی لە سووریا، پەیڕەوی لە دۆکترینی سەربازیی "جەنگێک لە نێوان جەنگەکان "(‘war between the wars’)[8] دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێران و ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی. بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بگاتە بنبەست، ئەوە بەدڵنیایییەوە ستراتیژیی زۆنی خۆڵەمێشی هەر بەردەوام دەبێت، کە بریتییە لە  هاتوچۆ لە لێواری دووانەی جەنگی سارد و جەنگی گەرم. هەرچەندە بەپێی ڕاوێژی ئیدارەی ئەمریکی و زانیارییەکان، کشانەوەی ئەمریکایش لە عێراق کشانەوەیەکی سنووردار و تایبەت دەبێت، نەک پاشەکشەی تەواو و یەکجارەکی.[9]

کۆبەند:

بۆ ئێران زۆر گرنگە کە هەژموونی خۆی لە عێراق بپارێزێت، بەڵام لە ڕێگەی لایەنگر و پرۆکسییەکانییەوە؛ چونکە جگە لەوەی کە خودی عێراق گرنگییەکی ستراتیژیی بۆ ئێران هەیە، ستراتیژیی سەرەکیی کۆماری ئیسلامییش تووشی گرفت دەبێت لە ناوچەکەدا و، ئەمەیش بە سەرەتای ئاوابوونی خۆری باڵادەستیی ئێران لە ناوچەکە دادەنرێت و لە سووریا و لوبنانیش بەرەو پووکانەوە دەڕوات. هەر بۆیە ئێران هەوڵ دەدات کە هاوسەنگییەک دروست بکات کە ئەم نفووزەی بپارێزێت، چونکە ئەگەر ئێران عێراق لەدەست بدا، ئەو کاتە پێگەی لەناو هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی هەرێمایەتی و بەم پێیە لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە لەرزۆک دەبێت و خودی سیستەمەکە دەکەوێتە مەترسییەوە و ئاسایشی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.

گونجاوترین ستراتیژیی سیاسی و ئاسایشی بۆ ئێرانییەکان پاش دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بریتییە لەو هاوسەنگییەی کە پاش ساڵی ٢٠١١ و دەرچوونی یەکەمی ئەمریکا لە عێراق هێنرایە ئاراوە و هەموو هێزەکان پەیڕەوییان لێ دەکرد، بەڵام ئەم جارە کە هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆی عێراق لانی کەم لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە بەرەو گۆڕان دەچێت و ئەم سیناریۆیە وەکوو ڕابردوو جێبەجێ نابێت، ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن کە لە لایەک کێشەی ناوخۆییی کورد و سوننە قووڵ بکەنەوە بۆ ئەوەی توانای ئەوەیان نەبێت بپرژێنە سەر کاروباری بەغدا و، لە هەمان کاتیشدا شکست بێنن یاخود نەتوانن هاوبەندی و هاوپەیمانییەک لەگەڵ شیعە ناسیۆنالیستەکانی دژی ئێران گرێ بدەن و هاوسەنگیی هێزی عێراق و نێوان خودی شیعەکان تێک بدەن. بۆ ئەم مەبەستەیش بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە کە ئێران جگە لە قووڵکردنەوەی کێشەی ناوخۆیی و، هەروەها نێوان پێکهاتەی سوننە و کورد، لە هەمان کاتیشدا کێشە و قەیرانێکی سیاسی و ئاسایشی لە نێوان شیعە و کورد لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە سوننە و شیعە دروست بکاتەوە. باشترین میکانیزمیش گوشار لەسەر لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەت و پاشان هەڕەشەی سەربازی-ئاسایشییە لە ڕێگەی میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانەوە.

 

 

[1] -  Stacie L. Pettyjohn, Can Iraq Evict U.S. Forces? rand: January 6, 2020. https://www.rand.org/blog/2020/01/can-iraq-evict-us-forces.html

[2] - Biden Announces End to US Combat Mission in Iraq. https://www.voanews.com/a/usa_biden-announces-end-us-combat-mission-iraq/6208745.html

[3] - مع اقتراب ساعة الحسم والمنازلة الكبرى، تعلن المقاومة الاسلامية كتائب سيد الشهداء عن فتح باب الانتماء والتطوع لصفوفها وتدعو ابناء شعبنا العراقي المقاوم وفصائل المقاومة لرفع مستوى الجهوزية تحضيرا للمواجهة الحاسمة والتأريخية مع الاحتلال الامريكي في 31/ 12/ 2021 بعد الساعة 12 ليلاً.

https://twitter.com/aboalaa_alwalae/status/1461756481469136899?s=20

[4] - Iran-linked militia calls up thousands of volunteers to fight US forces
Read more: https://www.al-monitor.com/originals/2021/11/iran-linked-militia-calls-thousands-volunteers-fight-us-forces#ixzz7DGzS2QBg

[5]-  Barbara Slavin، How the US military should leave Iraq, atlanticcouncil:  April 23, 2020. https://www.atlanticcouncil.org/blogs/menasource/how-the-us-military-should-leave-iraq/

[6] - Barak Ravid, (Scoop: U.S. floats interim Iran nuclear deal), axios: Nov 17, 2021. https://www.axios.com/us-floats-interim-iran-nuclear-deal-6f808872-010d-4ec8-8a79-f36ab120829b.html

[7]:Michael E. O’Hanlon and Sara Allawi, The relationship between Iraq and the US is in danger of collapse. That can’t happen. brookings: March 20, 2020.

https://www.brookings.edu/blog/order-from-chaos/2020/03/20/the-relationship-between-iraq-and-the-us-is-in-danger-of-collapse-that-cant-happen/

[8] -Seth Frantzman, Has Israel’s ‘war between the wars’ strategy worked against Iran in Syria? FDD,s long war journal. October 30, 2020. https://www.longwarjournal.org/archives/2020/10/has-israels-war-between-the-wars-strategy-worked-against-iran-in-syria.php

Amr Yossef , ISRAEL’S CAMPAIGN BETWEEN THE WARS: LESSONS FOR THE UNITED STATES? , Modern War Institute , 05.27.21. https://mwi.usma.edu/israels-campaign-between-the-wars-lessons-for-the-united-states/

[9]Ben ConnableJames DobbinsHoward J. ShatzRaphael S. CohenBecca Wasser, Weighing U.S. Troop Withdrawal from Iraq, Strategic Risks and Recommendations, RAND Corporation, https://www.rand.org/content/dam/rand/pubs/perspectives/PE300/PE362/RAND_PE362.pdf. MAY 2020.MAYay 2020