ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

داکشانی ئێران و پاشەکشەی هێزە پرۆکسییەکانی لە ناوچەکەدا: هۆکار و لێکەوتەکان

(فیشەک بەرامبەر دەنگ)

 

د. پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان-زانکۆی سەڵاحەددین

هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان ڕۆژی یەکشەممە (١٥ی ئایار) هەرچەندە  بە دابەزینی بەشداریی خەڵک لە ٥٠% بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە ٤١% و بایکۆت و بەشدارینەکردنی حزبی "المستقبل"ی سەعد حەریری، لە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێوە چوو. ئەو گرووپەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتیی دەکات، واتە حیزبوڵڵای لوبنان، زیاتر لە هەر ڕەوتێکی دیکە، جێگەی سەرنجی ئەم هەڵبژاردنە بوو. حزبوڵڵا ١٣ کورسی و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەم هەڵبژاردنەدا ٦٢ کورسییان بەدەست هێنا، ئەمە لە کاتێکدا ئەو گرووپە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ساڵی ٢٠١٨ لە کۆی ١٢٨ کورسیی پەرلەمان، ٧١ کورسییان بەدەست هێنا.[1] بەڵام لەو کاتەوە لوبنان کەوتۆتە ناو قەیرانێکی ئابووریی بێوێنەوە؛ بەو ڕاددەیەی لە وڵاتێکدا کە لە دانیشتووانی لوبنان کە نزیکەی ٧ ملیۆن کەسە، لە سەدا ٥٠ موسڵمانن و لە سەدا ٤٥ مەسیحی و لە سەدا ٥ دروز پێک هاتوون، زیاتر لە 80%ی دانیشتووانی لوبنان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و، دراوی نیشتمانییش نزیكەی 90%ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەست داوە و، ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتۆتە ١٥٠%. هەروەها ڕێژەی بێکارییش گەیشتووەتە سەرووی ٣٨%. بەم پێیەیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی داڕمانی تەواوەتیی ئابووری بووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، قەیرانی ئابووریی لوبنان لە ساڵی ١٨٥٠وە خراپترین قەیرانی ئابووریی جیهان بووە. تەنانەت ئەم هەڵبژاردنە لە پاش ئەوەوە دێت کە

تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لە ٤ی ئابی ٢٠٢٠، بووە هۆی کوژرانی ٢١٤ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ کەس، بەڵام دوای ئەو کارەساتەیش، تۆمەتبارە سەرەکییەکان هێشتا لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە پشتیوانی دەکرێن. تەقینەوەکە بە یەکێک لە گەورەترین تەقینەوە نائەتۆمییەکان لە مێژوودا وەسف کرا و، بەندەری بەیرووتی وێران کرد و زیانی زۆری بە بەشێکی زۆری شارەکە گەیاند.

بۆیە لە ڕاستیدا هەڵبژاردنی ئەم جارەی لوبنان ململانێ و ڕکابەرایەتی و هەڵمەتێک بوو لە نێوان چەند هێزێكی جیاوازدا؛ هەڵمەتێک لە نێوان "میحوەری بەرخۆدان" بە سەرۆکایەتیی ئێران و حزبوڵلای لوبنان و هێزەکانی دژبەریان کە لایەنگری لە گۆڕان لە لوبنان دەکەن؛ بەم واتایە کە شەڕ بۆ نەمانی هەژموونی دەرەکی (کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی پرۆژەی ویلایەتی فەقیھ) دەکەن، هەرچەندە تا ئێستا نەیانتوانیوە لە دەوری یەک میحوەر کۆ ببنەوە. بە واتایەکی تر، هەڵبژاردنی ئەم جارە هەڵمەتێکە لە نێوان ئەو هێزانەی کە بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامەی عەرەبی و ڕۆڵی مێژووییی لوبنان دەکەن، بەدوای گواستنەوەی دەسەڵاتدا دەگەڕێن لەسەر بنەمای دیموکراسی و بەشداریی سیاسی، هەروەها  لە بەرامبەریشیاندا هێزێکی چەکدار کە بە دوای سەپاندنی هەژموونی ئایینی و ئایدیۆلۆژیدا دەگەڕێت بەسەر لوبناندا.

هەموو ئەمانەیش کاڵبوونەوەی بەرەی خۆراگری و ئاماژەی سەرەتای دەستپێکردنی گۆڕانکاریی سیاسی گەورەن لە لوبنان، کە دەكرێ دۆخەکە بەرەو گۆڕانکاریی سیاسیی ئاشتییانە، یان بە یارمەتیی ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەکەدا بەرەو بەرزبوونەوەی توندوتیژی بچێت لەلایەن ئەو هێزانەوە کە داهاتوو و نفووز و پێگەیان کەوتۆتە مەترسییەوە و، جارێکی تر تۆقاندن لە ڕێگەی "فیشەک بەرامبەر دەنگ" بێتە ئاراوە.

یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکانیش ئەوە بوو کە هەرچەندە حزبوڵڵای لوبنان توانی بلۆکی ٢٧ کورسییە شیعییەکەی خۆی بپارێزێت، بەڵام  ئه‌م حزبه‌ لەم هەڵبژاردنەدا ڕواڵەتی پشتیوانیی مەسیحییەکانی لەدەست دا؛ واتە پرسێک کە پێشووتر وای لێ کردبوو دەستکاریی جومگە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات بکات بە قازانجی خۆی و تەنانەت دەستوور پێشێل بکات – لە نێویاندا پرسەکانی سەبارەت بە چەک و هێزی چەکدار، ئەمەیش وای کردووە حزبوڵڵای لوبنان ببێتە بەهێزترین هێزی سەربازی لە وڵاتەکەدا. بەم پێیە بزووتنەوەی نیشتمانپەروەریی ئازاد (التیار الوطنی الحر) کە گرووپێکی مەسیحییە و جبران باسیل سەرۆکایەتیی دەکات و میشێل عەون سەرۆکی ئێستای لوبنان، ئەندامە لەو حزبە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و ١١ کورسیی پەرلەمانیی خۆی لەدەست داوە و ئێستا ١٨ ئەندامی لە پەرلەمانی نوێدا هەیە. تەنانەت بزووتنەوەی ئەمەلی شیعیی هاوپەیمانی حزبوڵڵا، ٢ کورسیی لەدەست دا و ئێستا ١٥ کورسیی هەیە. جگە لە پاشەکشەی هاوپەیمان و لایەنگرە مەسیحییەکانی حزبوڵڵا، لە ناوچەکانی تریش هاوپەیمانە سوننە و دروزەکانی شکستیان خوارد و کاندیدە سەربەخۆکان جێگەیان گرتنەوە.[2]

ئێران لەم ماوەیەدا ڕووبەڕووی كۆمه‌ڵێك شکستی گەورەی جیۆساسی بۆتەوە، بۆ نموونە دوای بیست ساڵ لە ڕووخانی تاڵیبان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان و، هەموو وەبەرهێنانەکانی ئێران لەسەر هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان، وەک هەزارە و ئۆزبەک و تاجیک و بەشێک لە هۆزەکانی پشتوونی لەدەست داوە. هەروەها پرسی دووەم، پەیوەندیی بە زیادبوونی نفووز و کاریگەریی تورکیاوە هەیە لە قەفقاز و خواستی ئازەربایجان بۆ زاڵبوون بەسەر سنووری ئەرمینیا - ئێران و داخستنی ڕێگەی ئێران بۆ دەریای ڕەش و ئەوروپا و کردنەوەی ڕێگەیەکی وشکانی کە تورکیا دەباتە دڵی قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی نەخجەڤانەوە.

لە لایەکی تریشەوە، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنەی لوبنان لە پاڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠-١٠-٢٠٢١ بە هاوتەریب و هاوئاراستە بزانین، ئەو کاتە پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە کە، بۆچی ئێران لەو وڵاتانەی ناوچەکە، کە بە ناوچەی نفووزی خۆی دیناساند و بەشێک بوون لە هیلالی شیعی و زۆینەی لایەنە سیاسییەکانی لایەنگری بوونە و تەنانەت هاوپەیمانەکانی و هێزەکانی لایەنگری سەرەڕای بوونی باڵی سەربازی و میلیشیا، لە ڕێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانیشەوە جومگەکانی دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ کردووە، بەرەو پاشەکشە چووە و بێزاریی خەڵکی ئەو وڵاتانە چ بە خۆپیشاندان لە دژی ئێران و چ بە دەنگنەدان بە لایەنگرانی ئێران بەرجەستە کراوەتەوە؟ بۆیە دەتوانین وەکوو دۆمینیۆیەکی شکستی ئێران لە ناوچەکە پێناسەی بکەین.

 تەنانەت هەندێک پسپۆری کاروباری وڵاتانی عەرەبی پێیان وایە کە ئەگەر لە سوریا و یەمەنیش هەڵبژاردنێکی هاوشێوەی لوبنان و عێراق ئەنجام بدرێت، ئەوە ئێران هەمان دەرەنجام وەردەگرێت کە بە کورتییەکەی داکشان و پاشەکشەیە. هەر بۆیە دەتوانین هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتانەی کە لەلایەن ئێرانەوە بە بەرەی خۆڕاگری ناسێنراون، وەکوو ڕاپرسییەک ببینین کە "دەنگی نا" دەدەنە ئێران و لایەنگرانی. تەنانەت ڕێژەی بەشداریی لاواز و نزم لە عێراق و لوبنانیش دێتە پاڵ ئەو دەنگە "نا"یانە، چونکە بەشدارینەکردنیش لەو هەڵبژاردنانە وەکوو هەڵوێستێکی سیاسی بووە لە هەمبەر ئەو دەسەڵاتەی کە لە لوبنان و عێراق زۆرینەیان لایەنگری ئێران و لەژێر هەژموونی ئەو وڵاتەدا بوونە.

هۆکارەکانی داکشانی "بەرەی خۆڕاگری" و پاشەکشەی ئێران و لایەنگرەکانی لە ناوچەکەدا:

یەکەم؛ چەک لە بەرامبەر هەڵبژاردن

لەو وڵاتانەی کە وەکوو عێراق و لوبنان هەڵبژاردنی تا ڕاددەیەک کراوە و ئازادی تێدا بەڕێوە دەچێت، ئەوە خۆپیشداندان و بەتایبەتی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا یاخود دەنگنەدان بە لایەنگرانی ئێران، باشترین میکانیزمە بۆ دژبەرانی ئێران کە ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان بدەن؛ ئەمەیش سەرەڕای هەموو پێشێلکاری و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنەکان لەلایەن گرووپە چەکدار و میلیشیایییەکان. بەم پێیەیش هەڵبژاردن بۆتە چەکێک کە لە ڕێگەیەوە بتوانرێت بێزاریی خەڵک لە دژی ڕۆڵی ئێران و دەسەڵاتدارێتیی لایەنگرانی بەرجەستە بکرێتەوە. بۆیە لەو وڵاتانەی ناسراو بە بەرەی خۆڕاگری، وەکوو یەمەن و سووریا، دەبینین کە ئێران لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆیی و هێزی چەکدارەوە بەردەوامی بە نفووز و پاراستنی لایەنگرانی و هێشتنەوەیان لەسەر دەسەڵات دەدات.

دووەم؛ میلیشیا و فاکتەری ئایدیۆلۆژیك-مەزهەبی

زۆربەی هەرەزۆری پرۆکسییەکانی ئێران و هێزە سیاسییەکانی لایەنگری ئێران چەکدارن یان خاوەن هێزی میلیشیایین؛ ئەمەیش وا دەکات کە لە گۆڕینی هاوسەنگیی هێز یاخود لاوازیی ئێران لە پاڵپشتیی سەربازی و دارایی بۆ ئەم گرووپانە، ئەوە نفووز و کاریگەرییان کەم و لاواز ببێتەوە. بەم پێیەیش، چ دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران بەهۆی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە و، چ بەهۆی هەڵبژاردنەوە، لایەنگرانی ئێران پاشەکشە دەکەن کە بە سەرەتای پاشەکشەی ئێران لە ناوچەکەدا دادەنرێت.

ئەمەیش نیشان دەدات کە ئێران زیاتر لەوەی کە لە ڕووی سەرنجڕاکێشیی سیستەمی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و کەلتووری و تەنانەت ئایدیۆلۆژییەوە خاوەن نفووز و کاریگەری بێت، ئەوە لە ڕووی سەربازی و هەواڵگری و بەگشتی هێزی ڕەقەوە باڵادەستە. هەرچەندە ئەمە بە واتای ڕەچاونەکردنی فاکتەری مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیكی هێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە لە ناوچەکەدا، بەڵام گۆڕانکارییەکان دەریان خست کە چ لە لوبنان و چ لە عێراق و تەنانەت لە سووریا و یەمەن، فاکتەری دیکە وەکوو هاوکێشە جیۆسیاسییەکان بەگشتی و نەتەوە و ناسیۆنالیزم بەتایبەتی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و گرنگیان هەیە.

ئەم هاوکێشەیەی سەرەوە لە پاڵ جۆری سیستەم و ناسنامە ئایینی-سیاسییە تاقانەکەی ئێران، ئەو گریمانە یاخود تێزە دەسەلمێنێت کە ئێران لە ناوچەکەدا هاوپەیمانی سروشتی و ستراتیژیی نییە و لە تەنیایی و گۆشەگیرییەکی ستراتیژیدا دەژیت (strategic loneliness) و تەنانەت ڕۆڵی مەزهەب و ئایدیۆلۆژیا وەکوو میکانیزم و ئامرازێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە، بە هۆکاری جیاواز، بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ساسەتی دەرەکیی ئێران زیاتر دووکۆڵەکەیی یاخود ئامراز و دووڕەهەندی بووە؛ بەم واتایە لە ڕێگەی کۆکردنەوەی هەموو ڕەهەندەکانی هێزی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای شیعی یان ئیسلامی سوننەی توندڕەو لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی و چەسپاندنی هەژموونی خۆی داوە و لەو شوێنەی کە ئەم کۆڵەکە و ڕەهەندە لاواز بووە، ئەوە لە ڕێگەی هێزی ڕەق و سەربازییەوە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵات و نفووزی داوە. ئەمەیش وای کردووە نەتوانێت ناسنامە و پێکهاتە جیاوازەکانی لە چوارچێوەی ناسنامەیەکی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکی هاوبەشدا کۆ بکاتەوە.

تەنانەت ئەزموونی گەلانی ناوچەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی داوە کە، بەردەوامیی ئەم لێکترازان و ناکۆکییە پێکهاتەیی و ناسنامەیییانە لەو وڵاتانە، دەستەبەری پاراستنی نفووزی کۆماری ئیسلامی دەکات؛ چونکە بەپێچەوانەوه‌ هەڕەشە لە داهاتووی هێزەکانی لایەنگری ئێران و، هەروەها نفووز و پێگەی ئەو وڵاتە دەکات؛ هەرچەندە ئەمەیش دەڕبری ڕوانگە و سیاسەتی ئاسایشیی کۆماری ئیسلامییە لە ناوچەکەدا. باشترین نموونەیش کورد، کە هەرێمی کوردستانە، کە بەهۆی سیاسەتە تائیفییەکانی ئێران و پاڵپشتیی ئێران لەو هێزانەی کە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەردەوام و هەنگاو بە هەنگاو لە ئێران دوور کەوتۆتەوە و لە ئاستی دەرەکی لە تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و بەگشتی وڵاتانی ڕۆژاوایی و لە ئاستی ناوخۆیی لە هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە عێراق نزیک بۆتەوە.

سێیەم؛ شکستی مۆدێلی دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانی

هێزە لایەنگرەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە، كه‌ زۆربەیان جومگەکانی دەسەڵاتیان لە وڵاتەکانیان بەدەستەوەیە، نەیانتوانی حوکمڕانییەکی باش لەو وڵاتانە بێننە ئاراوە، بەڵکوو خۆیان بوونە سەرچاوەی ناسەقامگیری، گەندەڵی، سەرکوتکردن  و جیاکاری و سڕینەوە و هتد. هەر بۆیەیش هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە لە لایەک ئەم هێزانە بە دڕێژکراوەی سیاسەتی ئێران لە وڵاتەکانیان دەزانن و، لە لایەکی تریشەوە ڕۆڵی نەرێنیی ئەم حزبانە بەڕاستەوخۆ بە ئێرانەوە گرێ دەدەن، چونکە لە ڕاستیدا ئەو هێزانە بە پشتیوانی و پاڵپشتیی ئێران درێژە بە مانەوە و حوکمڕانییان دەدەن.

 ئەم هاوکێشەیەیش دەرخەری پرس و بابەتێکی گرنگ و جەوهەرییە، کە ئەوەیە خودی ئێران لە ئاستی ناوخۆیی لە حوکمڕانی سەرکەوتوو نەبووە و، بۆیە لە ئاستی ئەو وڵاتانەیش گرنگی بە ڕەهەند و بنەماکانی حوکمڕانیی باش (Good governance) نادات و، لە لایەکی تریشەوە ئەوە دەردەخات کە کۆماری ئیسلامی بە دوای ئامانج و ستراتیژییەکی تەواو جیاوازە لە ویست و داواکاریی هاووڵاتیانی ئەم ناوچەیە، کە گرنگترینیان دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی نەیاری ئێرانە لە ناوچەکەدا؛ کە هەموو ئەمانەیش تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناسنامەیی و گەرەنتیکردنی مانەوە و بەردەوامیی سیستەمە سیاسییەکەیەتی. هەموو ئەمانەیش وای کردووە کە وێنای ئێران وەکوو وڵاتێک دەربکەوێت کە لە هەر دەوڵەتێکی ناوچەکە کە ڕۆڵ و نفووزی هەیە، ئەو وڵاتە گیرۆدەی چەندان قەیرانی ئابووری و سیاسی و ئاسایشییە.

چوارەم: لاوازبوون و شەکەتی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە

ئێران بۆ شکاندنی ئابڵووقە و گوشارەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان، ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئەمریکا و لایەنگرانی بۆ زۆنی خۆڵەمێشی دەگوازێتەوە و لەوێ گوشار بۆ سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی دروست دەکات. لەم ڕێگەیشەوە هەم ئابڵووقە و گوشارەکان دەشکێنێت و هەمیش ئەمریکا ناچار دەکات واز لە سیاسەتی گوشار بهێنێت و دان بە نفووز و دەستڕۆیی لە ناوچەکەدا بهێنێت و لە کۆتاییدا ناوچەکە ڕادەستی ئێران بکات و پاشەکشە بکات؛ هەروەکوو ئەو داوایەی کە ڕێبەری ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و، هەروەها هێزەکانی لایەنگرانی ئێران لە عێراق بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەمریکایش بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم ستراتیژییەی ئێران، هەوڵ دەدات کە لە زۆنە خۆڵەمێشییەکاندا بە کەمترین تێچوو ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە و زیاترین زیان و گوشار بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی.

بەم پێیە، بەردەوامیی بارگرژییەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە وای کردووە کە، ئێران توانای بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی ڕابردووی خۆی نەمێنێت؛ بەم واتایە کە کردنەوەی چەندان بەرەی ناکۆکی و ململانێ لە دژی وڵاتانی ڕۆژاوایی و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و، هەروەها دژایەتیی ئیسرائیل لە پاڵ بەردەوامبوونی ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران وای کردووە کە، کۆماری ئیسلامی ئەو هێزەی ڕابردووی نەبێت/نەمێنێت. جگە لەمانەیش، بەرزبوونەوەی ئاستی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان لە ناوخۆی ئێران، فاکتەرێکی تری کاریگەرە لەسەر سیاسەت و هێزی ئێران لە ئاستی ناوچەکەدا.

هەموو ئەمانە وای کردووە کە ئەو وڵاتانەیش کە ئێران بە بەرەی بەرگری دەیانناسێنێت، وەکوو بارگرانییەک بەسەر ئێرانەوە لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە هەژمار بکرێن و تەنانەت لە هەر دەرفەتێکیشدا زۆرینەی هاووڵاتیان بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داوای دەرچوونی ئێران و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەو وڵاتە بکەن. جگە لەمانەیش دروستبوونی هاوپەیمانیی نوێ لە ناوچەکەدا کە بەتایبەتی پاش ڕێکكەوتنی ناسراو بە ئاشتیی ئیبراهیم (Abraham Accords) هاتە ئاراوە وای کردووە کە، ئێران زیاتر ڕووبەڕووی گوشار ببێتەوە. تەنانەت ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە هاوسەنگیی هێزی لە زیانی ئێران لە ناوچەکەدا گۆڕیوە و ئێرانی گەمارۆ داوە یاخود باڵادەستیی ئێرانی پاش بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی داعش و تەنانەت ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ پێچەوانە کردۆتەوە.

پێنجەم؛ "تەنیاییی ستراتیژی": ڕوانگە و هەڵەی ستراتیژی

لە لایەکی تریشەوە، ئەوەی کە پێشبینی و چاوەڕوان دەکرا کە بەهۆی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و سەرقاڵیی ڕۆژاوا بەم قەیرانەوە، ئەمریکا لە ناوچەکە بەتەواوی پاشەکشە بکات و سەرنج بخاتە سەر ڕووسیا لە ناوچە و کیشوەری ئەوروپا و چین لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، وەکوو خۆی دەرنەچوو و  لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە لانی کەم لە دووو ڕەهەندەوە بە زیانی ئێران شکایەوە:

 ١- ڕووسیا هەوڵی دا ئێران وەکوو بارمتەیەک لە دانووستانەکانی ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەکار بنێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئەو وڵاتە و، بەم پێیەیش ڕێکكەوتنی ئەتۆمی کە گەیشتبووە قۆناغی کۆتایی و ئێرانیش چاوەڕوانی یارمەتی و پاڵپشتیی ڕووسیای لەم دانوستانانەدا دەکرد، گەیشتە بنبەست و لە لایەکی تریشەوە، ڕووسیا بەهۆی ئەم سزا و ئابڵووقانەوە هەوڵی داوە کە سزاکانی سەر ئێران هەڵنەگیرێت بۆ ئەوەی کە ڕووسیا خۆی بتوانێت لە فرۆشتنی نەوت وگاز بەردەوام بێت و ئێران پاش لادانی سزاکان شوێنی ئەو (ڕووسیا)، بەتایبەتی لەگەڵ چین و لە بازارە هاوبەشەکان و تەنانەت بۆ ئەوروپا نەگرێتەوە.

٢- ئەم قەیرانە وای کرد کە وڵاتانی ناوچەکە زیاتر لە ڕابردوو هەوڵی نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل بدەن[3] و، بەم پێیەیش ئەمریکا زیاتر هاتۆتە ناو هاوکێشەکەوە و بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە ناوچەکەدا و سەرقاڵبوونی بە پرسە گرنگەکان، هەوڵ دەدات ژمارەیەکی زیاتر لە وڵاتان بچنە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە.

جگە لەمانەیش، ئەمریکا بۆ ئەوەی کە ڕووسیا زیاتر گەمارۆ بدات و گوشاری بخاتە سەر، هەوڵی داوە لەم ڕێگەیەوە ڕووسیا پەراوێز بخات. هەروەها پێشبینیی ستراتیژیستە ئێرانییەکان دروست دەرنەچوو کە پێیان وابوو بەم قەیرانە ئەمریکا و ئەوروپا پێویستیان بە ئێران زیاتر دەبێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئەم قەیرانە وای کرد کە ئیدارەی بایدن زیاتر هەوڵی نزیکبوونەوە لە سعودیا و ئیمارات و وڵاتانی کەنداو بدات بۆ ئەوەی بەرەنگاری بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە ئاستی ناوخۆی ئەمریکا و ئاستی جیهانی ببێتەوە و ئەمەیش پێگەی وڵاتانی نەیاری ئێرانی بەرزتر کردەوە.[4]

تەنانەت چین کە ئێران بە هاوبەشێکی ستراتیژی دادەنێت لەم هاوکێشە نوێیانەدا، ئاست و ڕێژەی کڕینی وزە لە ئێرانی کەم کردۆتەوە و ڕووی کردۆتە کرینی وزەی هەرزان لە ڕووسیا و، بەم پێیەیش گوشاری زیاتر خرایه‌ سەر ئێران. هەروەها جێگەی ئاماژەیە کە گوشاری هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکە بۆ وڵاتانی عەرەبی، بۆ نموونە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی ئیمارات[5]، بەپێچەوانە شکایەوە و ئەو وڵاتانە و ئیدارەی جۆ بایدنی زیاتر نزیک کردۆتەوە و بۆتە هۆی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانیان.[6] ئەمە جگە لەوەی کە تورکیایش هەوڵی کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو و بەتایبەتی سعوودیا و ئیمارات دەدات.[7]

کۆبەند

ڕووداو و گۆڕانه‌ ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان لە ناوچەکە لە پاڵ هاتنەئارای هاوکێشە نوێیە نێودەوڵەتییەکان، هاوتەریب لەگەڵ تەنیاییی ستراتیژی (strategic loneliness)، هەروەها سیاسەت و بەم پێیەیش خوێندنەوەی تاکڕەهەند و هەڵە ستراتیژییەکانی ناوەندەکانی بڕیاری کۆماری ئیسلامی وای کردووە کە، خاڵە لاوازەکانی ئێران و لایەنگرەکانی زیاتر بەرجەستە بێت و دەربکەوێت.

ئەگەر سەردەمانێک ئێران لە ڕێگەی "حرب غير متكافئة-Asymmetric warfare" یاخود جەنگی ناهاوسەنگ لە زۆنە خۆڵەمێشییەکانی (Grey-zone) لە ناوچەکەدا دەیتوانی لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانیەوە جەنگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war) لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکا بەڕێوە بەرێت، بەڵام بە تێپەڕینی کات دەرکەوت، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی هەمان ستراتیژی بەرامبەر ئێران بەکار دێنن؛ بەڵام بەم جیاوازییەوە کە هێز و تواناکانیان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و...، بەرزتر و کاریگەرترە. بۆ نموونە لە عێراقدا هەم ئێران و هەمیش ئیدارەی ترامپ و بایدن، ستراتیژیی زۆنی خۆڵەمێشی بەکار دێنن (GRAY ZONE STRATEGY)[8]. واته‌ عێراق بۆ ئەمریکا بە مەبەستی گەمارۆدان یاخود لغاوکردنی ئێران و شکاندنی هێڵی بەرەی خۆڕاگری و پچڕاندنی هیلالی شیعی و ڕەواندنەوەی هەڕەشەکانی سەر ئیسڕائیل و، بۆ کۆماری ئیسلامییش بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاست و توانای مانۆڕ لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی بەستنەوەی هیلالی شیعی، گرنگیی پلە یەکی هەیە.

ئەمریکا هەوڵ دەدات لەو ناوچانەی کە ئێران هەوڵی باڵادەستی و دروستکردنی پشێوی و لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەدات، هاوسەنگییەکە بگۆڕێت؛ ئەمەیش لە ڕێگەی پشتیوانی و بەهێزکردنی نەیارەکانی ئێران لە "ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە" و لە هەمان کاتیشدا "لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە". لەم ڕوانگەیەوە، سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە کە له ‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانی گرنگی سوننه‌، وه‌كوو سعوودیا، ئیمارات و میسر و ئوردن، په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵتری له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و، له ‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئەو وڵاتانە لە ئیسرائیل نزیک بکاتەوە و هاوبەندی و هاوپەیمانێتییەک لە نێوانیاندا دروست بکات. لەم چوارچێوەیەدا، سزا و گوشارەکانی ئەمریکا لە پاڵ ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە دژی ئێران وای کرد کە خاڵە بەهێزەکانی ئێران، وەکوو ئایدیۆلۆژیا و میلیشیا و هێزە پرۆکسییەکانی، وەک فاکتەری لاوازی و داکشانی نفووز و پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا پاشەکشە بە بەرەی خۆڕاگری بکات.

 

 

 

[1] - پێکهاتەی سیاسی و مەزهەبیی نێوان تائیفی ئێستا لە لوبنان بەرهەمی پەیمانی تائیفە (١٩٨٩). هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە بوو کە جه‌نگی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی پێ کردبوو، کۆتایی هات. ئەم پەیمانە لە ڕاستیدا هەنگاوێکە بەرەو گونجاندنی ڕێژەییی مۆدێلی دیموکراسیی تەوافوقی، کە ئامانجی سەرەکیی، دروستکردنی جۆرێک لە سەقامگیریی سیاسی و پێشخستنی میانڕەوی بوو بە دروستکردنی دۆخێکی هاوسەنگی لە نێوان مەسیحی و موسڵمانان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا.

پەرلەمانی لوبنان بەگشتی ١٢٨ ئەندامی هەیە و تا ئێستا بەیەکسانی لە نێوان ٦٤ نوێنەری مەسیحی و ٦٤ نوێنەری موسڵمان و دروز دابەش کراوە. بیست و حەوت کورسی لەلایەن سوننەکانەوە و، ژمارەیەکی یەکسانیش لەلایەن شیعەکانەوە کۆنترۆڵ کرابوو. دوو کورسیی موسوڵمانان تایبەت بوو بە عەلەوییەکان و، هەشت کورسییش هی دروزەکان بووە. لە کۆی ٦٤ کورسی بۆ مەسیحییەکان، ٣٤ کورسی بۆ مارۆنییەکان، ١٤ کورسی بۆ ئۆرتۆدۆکسەکان، هەشت کورسی بۆ ئەندامانی کەنیسەی یۆنان، پێنج کورسی بۆ ئەرمەنییە ئۆرتۆدۆکسەکان، یەک کورسی بۆ کاسۆلیکەکانی ئەرمەن، کورسییەک بۆ پرۆتستانتەکان و یەک کورسی بۆ کەمینەکانی دیکەی مەسیحی دانراوە. ئێستا لەگەڵ هاتنی هێزە سەربەخۆ و ڕیفۆرمخوازەکان بۆ ناو پەرلەمان، ئەم پێکهاتەیە تا ڕاددەیەک پەک دەخرێت.

[2] - بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی لوبنان، بڕوانە:

النتائج الكاملة للانتخابات النيابية اللبنانية 2022.. الفائزون وأبرز الخاسرين.

A: https://www.alaraby.co.uk/politics/النتائج-الكاملة-للانتخابات-النيابية-اللبنانية-2022-وأبرز-الخاسرين

B: https://www.khabaronline.ir/news/1632181/نتایج-نهایی-انتخابات-پارلمانی-لبنان-احزاب-چند-کرسی-را-تصاحب

[3] - لە  ڕێکەوتی 30ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسڕائیل، لەسەر بانگهێشتی شازادەی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال نەهیان، بە سەردانێكی دوو ڕۆژی گەیشتە ئیمارات؛  ئەمەیش یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئیسڕائیلییە بۆ ئەو وڵاتە. جێگەی ئاماژەیە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021 نەفتالی بێنیت، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، سەردانی ئەبوزەبیی کرد و لەلایەن شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، پێشوازیی لێ کرا و لەگەڵ محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشین کۆ بووەوە. پێشتریش، لە کۆتاییی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 دا یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل لە یەکەمین سەردانی فەرمیدا بۆ کەنداو، سەردانی بەحرێنی کرد.

[4] - لە ڕێکەوتی ٣-٤-٢٠٢٢ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ (Wall Street Journal) ئاشکرای کردووە کە لە مانگی ڕابردوو ویلیام برێنز، سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بە سەردانێکی نهێنی چۆتە شاری جەددە لە سعوودیا.

[5] - ڕۆژی 17ی (كانوونی دووه‌م/1)ی 2022 له‌ ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك تانكه‌ری گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی له‌ شاری ئه‌بوزه‌بی؛ له ‌ئه‌نجامیشدا سێ كوژراو و ژماره‌یه‌ك برینداری لێ كه‌وته‌وه‌.

[6] - لە ڕۆژی ٢-٢-٢٠٢٢ پاش په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ نێوان لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شێخ محەمەد بن زاید ئال نه‌هیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، نێرده‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ وڵاتانی كه‌نداو ڕای گه‌یاند، واشنتۆن بڕیاری داوە فڕۆکەی شەڕکەر و دژە مووشەک بۆ ئەبوزەبی بنێرێت، تاوه‌كوو له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن به‌كاری بهێنێت، كه‌ به‌م دوایییانه‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ زیاتر كردووه‌.

[7] - ڕۆژی ٢٨و٢٩-٤-٢٠٢٢ ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەردانی سعوودیای کرد؛ ئەم سەردانەیش لە کاتێکدایە کە پێشووتر و بەهۆی کوژرانی جەمال خاشقچی، ڕۆژنامەوانی سعوودی، لە کۆنسوڵگەریی ئەو وڵاتە لە ئیستانبۆڵ لە ساڵی ٢٠١٨ پەیوەندییەکانیان گرژیی زۆری تێ کەوت. بۆیە ئەمە بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چونکە پێشووتر دەزگه‌ی دادی تورکیا  لە سەرەتای مانگی ٤ دۆسییەی کوشتنی خاشقچیی ڕەوانەی سعوودیا کردەوە کە، بووە هۆی سەرسوڕمانی ڕۆژنامەوان و ناوەندە ناوخۆیی و دەرەکییە سیاسییەکان؛ بەڵام پاش ئەم گەشتە، دەرکەوت کە ئەمە بۆ ئامادەکاری بووە بۆ ئاساییکردنەوەی ئەم پەیوەندییانە و هێنانەدیی ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانی تورکیا و سڕینەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ سعوودیا.

[8] - لۆژیکی ئەم ستراتیژییەیش هاتوچۆ لە نێوان جەنگ و ئاشتیدایە یاخود شکاندنی سیاسەتی دووانەی جەنگ و ئاشتییە کە لە ڕووی نەریتییەوە دەوڵەتان پەیڕەویی لێ دەکەن. ململانێ لە زۆنی خۆڵەمێشی ئاشتییانە نییە، بەڵام ناگاتە  ئاستی پێکدادان و جەنگی تەواو و، لەلایەن ئەکتەرەکانەوە بۆ ڕێگەگرتن لە جەنگ کۆنترۆڵ دەکرێت. هەروەها ئەکتەرە دەوڵەتییەکان لە ڕێگەی ئەکتەرەکانی ترەوە و بەتایبەتی ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان، ئەم ململانێ و جەنگە بۆ گوشارخستە سەر لایەنی ڕکابەر و لێدان لە بەرژەوەندییەکانی بەکار دێنن.

 

Latest from پەرویز ڕەحیم