کاریگەریی کشانەوەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق

(ئایا دیاردەى خومەینیزم لە عێراق دووبارە دەبێتەوە؟)

د. سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ستراتیژییەتێکی فریادڕەس

لە کۆتا ساتەکانى گەڕى سێیەمى ململانێی دەسەڵات لە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەرى 2021، جۆرێک لە بێهیوایی لاى سەدر دروست بوو، هەر بۆیە لەو دوایییەدا تەواو لە بڕیار و هەڵوێستەکانى ڕاڕا بوو. پشووى درێژ نەما؛ ئەمڕۆ مەرجی بۆ چوارچێوەى هەماهەنگى دادەنا، دواى دوو ڕۆژ کشانەوەى تەواوى پەرلەمانتارانى ڕەوتەکە و گۆشەگیری لە پرۆسەى سیاسیی عێراق ڕاگەیاند. هەر بۆیە پێش ئەوەى زەنگى سەرکەوتن بۆ لایەک لە لایەنەکان لە کۆتاییی گەڕی سێیەمى ململانێ، کە وادە دەستوورییەکەى لە 9/7/2022 تەواو دەبوو، پێش ئەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى مەرجەکانى بەسەر ڕەوتى سەدرا بسەپێنێ، ئەو نەیهێشت "هەماهەنگى" چێژ لەو سەرکەوتنە ببینن، چونکە تەواوبوونى وادەى دەستوورى لە بەرژەوەندیى هەماهەنگى بوو. بەڵام کشانەوەى سەدر لە پەرلەمان نەک هەر دەرفەتى بۆ زیاد کردن بۆ پێکهێنانى حكوومه‌ت، بەڵام ئەوەندەى تر پرۆسەى سیاسیی عێراقی دژوارتر کرد. سەرۆکی بزاڤى هۆشیاری "سەڵاح ئەلعەرباوى" لەو بارەیەوە پرۆسەکەى بەوە وەسف کرد: لە قۆناغی بنبەستى سیاسی دەرچووین و چووینە قۆناغی داڕمانى سیاسی.

 چوارچێوەى هەماهەنگییش زۆر بە کشانەوەکەى ڕەوتى سەدر دڵخۆش نەبوون، تەنیا دەوڵەتى یاسا بە سه‌ركردایه‌تیی مالیکی نەبێ، چونکە هەماهەنگى لە بەرامبەریدا ڕکابەرى شیعی وەک ڕەوتى سیاسی نەما. ئەمەیش دوو ڕەهەند لە خۆیدا دروست دەکات: ئەو ململانێیەى کە هەماهەنگى تێیدا بوون لەگەڵ سەدر، ئێستا بەپێچەوانەوە ئاڕاستەى ململانێکە بەرەو ناوخۆى هەماهەنگى وەردەچەرخێ؛ ڕەهەندی دووەمیش ئێستا ڕوخسارى سەدر وەک بزاڤێکی جەماوەرى، خۆى دەنوێنێ؛ ئەوانیش ناتوانن بەڕووى جەماوەردا هەڵشاخێن.

پێ دەچێ لێکدانەوەکان بۆ ئامانج لە کشانەوەى سەدر لە پرۆسەى سیاسی زۆر بن؛ هەرچەندە ئەمەیش کارێکی نامۆ نەبوو، چونکە تا ئێستا لە کۆى شەش حکوومەتى عێراقی دواى 2006 سەدر لە سێیان پاشەکشەى کردووە، بەڵام دواتر بەهێزتر هاتۆتەوە و شەقام هەڵی سەندۆتەوە. بەڵام ئەوەى کە نامۆ بوو ئەم جارە، کشانەوەى بوو لە پەرلەمان؛ کە ئەمەیش کۆمەڵێک ده‌لاله‌ت (مانا)ی نوێ هەڵدەگرێ، کە دواتر دەکرێ ئاماژە بە هەندێکیان بدەین. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا سەدر بۆچی لەو ساتەدا لە تەواوى پرۆسەى سیاسیی عێراق پاشەکشەى کرد؟ بۆ ئەو مەبەستە لەوانەیە چەند قەناعەتێک لاى سەدر دروست بووبن. ئاماژەکانیش ئەوە دەگەیەنن کە تا هەنووکە بۆ سەدر بەئەرێنى کەوتوونەتەوە. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەیش، دەکرێ ئاماژە بە چەند دەلالەتێک بدەین کە بۆچی پاشەکشەى کرد، لەوانە:

  • ئەو گوتەیەى کە دەڵێ "هەڕەشەى لێ کراوە"، شتێکی نامۆ نییە، چونکە سەدر خۆى لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانى پێشوویدا ئەوەى درکاند، بەڵام ڕاسته‌وخۆ ناوى لایەنەکەى ئاشکرا نەکرد؛ بەڵام بەناواخن باسی ئێران بوو، بەوەى کە عێراق دەسووتێنن ئەگەر سەرۆکوەزیران لە حەشد یان سائیرون نەبێت( 1 ).
  • هەستکردن یان بوونى زانیاریى پێویست بەوەى کە ڕۆژانى داهاتووى عێراق ئەوانەى پێشوو نابن، گۆڕانکارى ڕوو دەدات و بارودۆخی سیاسیی وڵات دەشێوێ، لە لایەک خۆى لە زیانەکان قوتار دەکات و لە لایەکی تریشەوە بۆشاییی سیاسی دروست دەبێ کە ئەم دەتوانێ پڕی بکاتەوە و ئازادیی تەواویشی بۆ جووڵەکردن لەبەردەستە، چونکە پاڵی بە جەماوەرەوە داوە و دەسەڵاتى ئاییندە ئەگەر پێک بهێندرێ، ناتوانێ دەستی بۆ بەرێ؛ چونکە دەستبردن بۆ ئەو، بریتی دەبێ لە هێرشکردنە سەر جەماوەر. ئەمە ئەو مەتەڵەیە کە چوارچێوەى هەماهەنگی بە دواى چارەسەرەکەیدا وێڵە. لە ناوچەکەیش گۆڕانکارى زۆرن، بەوەى کە ئاماژەن بۆ سەرەداوى هاوکێشەى نوێ. هەر لەو بارەیەوە "فائق شێخ عەلی" ئەمیندارى گشتیى پارتى گەل بۆ چاکسازی، کە خۆى لە دوو خولی پێشووتر ئەندامى پەرلەمانى عێراق بووە، لە دیمانەیەکى تەلەڤزیۆنی کەناڵی دیجلە كه‌ لە ڕۆژى 6/7/2022 سازی دا، زۆر ڕاشکاوانە باسی لەو بابەتە کرد، کە گوایە تا ساڵی 2024 ئەو گۆڕانکارییە ڕوو دەدات و لایەنگرانى ئێرانیش لە پرۆسەکە دەکرێنە دەرەوە. ئەو لێدوانانەى فائق شێخ عەلی هەرا و دەنگۆیەکی زۆری لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا نایه‌وه‌( 2 ).
  • سەدر بێهیوا بوو لەوەى کە بتوانێ حکوومەتێکی بەدوور لە گەندەڵکاران و پاشكۆی دەرەوە و تائیفەگەرى پێک بهێنێ.
  • نەبوونى هەڵوێست لەلایەن ئەندامانى سەربەخۆى ناو ئەنجومەنى نوێنەران و پشتگیرینەکردنیان بۆ ئەو؛ هەرچەندە سەدر شه‌نسێکی باشی خستە بەردەمیان، بەڵام نەیانوێرا بەدەم پێشنیارەکەیەوە بێن.
  • ئەوەندەى کە جەخت لەسەر تەوافوق دەکرایەوە، حکوومەتى زۆرینە نەببووە که‌لتوورى پێکهێنانی حكوومه‌ت لە عێراقدا؛ تەنانەت لایەنە کوردییەکانیش زیاتر جەختیان لەسەر سێ بنەما ڕەسەنەکەى دروستبوونەوەى دەوڵەتى عێراق دەکردەوە دواى 2003، كه‌ بریتی بوون له‌: تەوافوق، شەراکەت، هاوسەنگى.
  • گەیشتە ئەو قەناعەتەى کە جەماوەر و توێژى هۆشیارى کۆمەڵگە بەپێی پێویست پشتیوانییان نەکرد؛ ئەوانیش وەک شرۆڤەکاران و ئەکادیمیست و ڕاگەیاندن.
  • ئەگەر ڕەوتى سەدر حکوومەتى پێک بهێنایە، ئەوا پراگماتیست و دونیاگەر و هەلپەرستان دەسەڵاتیان دەکەوتە دەست؛ ئەمەیش پارسەنگێکى ئەرێنیى بۆ ڕەوتەکە نەدەهێنا، به‌تایبەت کە سەدر نیازی باشی بۆ گۆڕانکارى هەبوو؛ لە سەروو هەموویشیانەوە حاکم زاملی بوو، کە زۆر لە هەوڵی گێچەڵدا بوو بەرامبەر سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانییەوە.
  • لەسەر ئاستى مەزهەبییش، گەیشتە ئەو قەناعەتەى کە ململانێی ڕەوتە شیعییەکان لەناو خۆیاندا دواى هەڵبژاردن خراپ سەری هەڵداوە؛ ئەى چی ڕوو دەدا ئەگەر حکوومەتى پێک هێنا و ئەوانى تەریک کرد؟ لە لایەکی تریشەوە پەیامی حکوومەتى زۆرینە لە عێراق دژ بە مەزهەبە و بۆ لاوازکردنییەتى، ئەمەیش سەدری نیگەران کرد و بەنیازیش نەبوو دامەزراوەى ئایینیی شیعە لە خۆى تووڕە بکات و، نەیدەویست وا ناوزەد بکرێ کە تێکدەرى یەکڕیزیی شیعەکانى عێراقە؛ هەروەک چۆن هەندێ لە ڕۆژنامەکانى ئێران بەو شێوەیە باسیان کردبوو.
  • ئەو حکوومەتەى کە لەسەر بنەماى زۆرینە پێک دەهێندرا و، دەبوو ئیئتیلافی بێت، گرفتەکانى لە حکوومەتەکانى پێشتر کەمتر نەدەبوو؛ لە لایەک قەیرانەکانى عێراق زۆر لەوە قووڵتر و زۆرترن کە ئەو حکوومەتە مێژووى 17 ساڵی حوکمڕانیی عێراق ڕاست بکاتەوە. بەو حاڵەیش هیچ جۆرە هاوسەنگییەک لە پەرلەمانیش دروست نەدەبوو، چونکە بەرەى زۆرینە و بەرەى تەوافوق زۆر لە یەکتر نزیک بوون، سەربەخۆکانیش بوێریی خۆیەکلاییکردنەوەى خۆیان نەبوو؛ هەر بۆیە دەبوایە جەنگى لە دژى هەمووان ڕابگەیاندایە؛ کە ئەمەیش مەحاڵ بوو. لە لایەکی تریشەوە لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە گرفتى زۆرى بۆ دروست دەکرا، کە بەرەو لێوارى جه‌نگی ناوخۆى شیعی دەیبرد.
  • هەندێکی تریش واى بۆ دەچن کە سەدر هەستى بە کەمبوونەوەى پشتیوانیى دەرەکی کردبوو لە کۆتاییی گەڕى سێیەمى ململانێ؛ هۆکارەکەیشی دەرکردنى یاساى بەتاوان ناساندنى پەیوەندی بوو لەگەڵ دەوڵەتى ئیسرائیل؛ چونکە ئەو یاسایە ئەوەندەى لە بەرژەوەندیی ئێران شکایەوە، ئەوەندە عێراق بەگشتى و ڕەوتى سەدر لێی سوودمەند نەبوو.

ئایا سەدر لە دواى کشانەوەى لە تەواوى پرۆسەى سیاسیی وڵات پێگەى لە کوێدایە؟

ئێستا سەدر هیچ پێگەیەکى فەرمیى لەسەر ئاستى سیاسی لە وڵات نییە. ئەوەیش بە ویستى خۆى بوو، کە گۆشەگیریی ڕاگەیاند، بەڵام ئایا گۆشەگیرییەکەى لە بەشدارییەکەى بەهێزتر نییە؟ بێ گومان وایە. ئێستا ڕەوتى سەدر لە جیاتی ئەوەى بزاڤێکی سیاسی بێت، جەماوەرییە؛ جەماوەریش لەو ئانوساتەى عێراق زۆر پێویستى بە پشتیوانێکی بەهێز هەیە بۆ چاکسازی و وەدەرنانى گەندەڵکاران، ئەویش هەنووکە سەدرە، کە هیچ کات بەر لە ئێستا جەماوەر ئەو پشتیوانەى چنگ نەکەوتووە. کەواتە ئێستا سەدر لە دەسەڵات نییە، بەڵام لە هەموو شوێنێکە و کەسیش ناتوانێ لێپێچینەوەى لێ بکا و، هەر ساتێکیش بیەوێ دەتوانێ ببێتە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئەوانەى کە لە دەسەڵاتن. واتە هەر دەسەڵاتێک لە ئاییندەدا بێتە ئاراوە، لەژێر ڕەحمەتى "تویت" و "جووڵەى شەقام"دا دەبێ، کە لەلایەن سەدرەوە ئاڕاستە دەکرێن. سەدریش پشتى بە جەماوەر قایمە و زۆرێک لە جەماوەریش ئاڕاستەکردنى لەلایەن سەدرەوە قبووڵە، به‌تایبەت شوێنە ستراتیژییەکانى عێراق لەسەر ئاستى سیاسەت و مەزهەب کە شیعەکان زۆر جەختى لەسەر دەکەنەوە، وەک: بەغدا، نەجەف، کەربەلا، سامەڕا، دیالا، کەرکووک، تەنانەت پارێزگاى بەسرە کە لە هەڵبژاردندا لە کۆى 25 کورسی، 9  کورسیی بەدەست هێنا.

کەواتە پێگەى سەدر لە پرۆسەى سیاسیی وڵاتدا لەسەر ئاستى سیاسەت و دەسەڵات نییە، بەڵام نفووزى لە هەموو شوێنێکە و پێگەى هەیە و دەتوانێ زۆر بەئاسانی گوشار بکات و دەسەڵاتداران ناچار بکات. لە بەرامبەریشدا چونکە ئێستا وەک بزاڤێکی جەماوەرى ڕەفتار دەکا، دەسەڵات ناتوانێ لێپێچینەوەى لەگەڵ بکات؛ چوارچێوەى هەماهەنگییش ناتوانێ وەک ڕکابەرى خۆى ئەژمارى بکات. بەو پێیەیش هیچ بەهایەک بۆ سەرکەوتنەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى نەمایەوە؛ تەنانەت تا هەنووکەیش هەر هەماهەنگى پێویستیان بە ڕەوتى سەدرە، نەک بەپێچەوانەوە. بزاڤە جەماوەرییەکەیش بەرەو هەڵکشانە؛ هەڵکشانیشی زیاتر پەیوەستە بەوەى کە مالیکی دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران یان نا؟ ئەگەر ئەو ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، هەڵکشانەکە زێتر دەبێ و مالیکیش دوا بزمار لە تابوتى سیاسیی خۆى دەدات.

ئایا سەدر دەتوانێ بەدوور لە هەڵپە بۆ دەسەڵات، بژى؟

وەڵامەکە نەخێرە، ئەویش دەتوانین سێ ڕەهەند بۆ ئەو وەڵامە ئاماژە پێ بدەین:

  • زیهنییەتى سیاسیی سەدر: لەسەر ئەوە داڕێژراوە کە ئاییندەى سیاسی و مەزهەبیی عێراق دەبێ لاى ئەو بێ؛ جەماوەریش هەر ئەوەى دەوێ. ئەوەندەى سەدر دەم دەکوتێتە کایە و پرسەکانى عێراق، مەرجەعییەت سەبارەتیان ئەوەندە نایەتە پێش و هەڵوێستى یەکلاکەرەوەى نییە، چونکە لە زۆرێک لە کایەکان ئەگەر مەرجەعییەت بێتە ناوەوە، یەکڕیزیی شیعە تێک دەچێ؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا مەرجەعییەتى شیعەى وڵات لە نێوان ئێرانیبوون و عێراقیبووندا گیری خواردووە و هیچ هەڵویستێکی یەکلاکەرەوەى پێ نادرێ. بەڵام دواى سیستانى ئەو بابەتە بۆ سەدر وا نابێ؛ مێژوو و ئەزموونى مەرجەعییەتیش لە عێراق پاڵپشتە بۆ ئەو؛ ئەویش وەک مافێکی زەوتکراو دەیبینێ و کارى بۆ دەکا بۆ گەڕانەوەى. بە لاى سەدریشەوە کاتى گەڕانەوەى ئەو مافە هاتۆتە بەر دەرگا و، مەرجەعییەتى باڵاش گەیشتۆتە سەر لێوارى مەرگ. کەواتە ناکۆکى و ململانێی نێوان چوارچێوەى هەماهەنگى و ڕەوتى سەدر تەنیا دەسەڵات نییە؛ ئەوەى کە لاى سەدر بەهادارترە، بوون بە مەرجەعییەتى شیعەکانى عێراق و میتۆد (مه‌نهه‌ج)ی کارکردنە. ئەگەر ئەوەى بەدەست هێنا، ئەوا پرسی دەسەڵاتیش خۆى بە پەیسەر ئەوەوە دێ. باشترین هۆکاریش لەم قۆناغەدا خۆمەڵاسدانە بە جەماوەرەوە.
  • بوونى میلیشیا: گەرچی هەندێ جار سەدر باس لەوە دەکات کە هێزە میلیشیاکانى سڕ کردووە و لە کارى خستوون، بەڵام ئەو بانگەشەیە بۆ قۆناغێکی دیاریکراو بوو؛ ئەو دەمە بوو کە داوای لە حەشدی شەعبی دەکرد، دەبێ چەک تەنیا بەدەست حکوومەتەوە بێت. بەڵام ئێستا قۆناغەکە گۆڕاوە؛ ئەو خاوەنى گەورەترین گرووپی حەشدی شەعبییە، کە "سەرایاى سەلام"ە و ژمارەیان لە نێوان دە بۆ پازدە هەزار دەبێت لە کۆى زیاتر لە شەست و پێنج گرووپ و نزیکەى سەد و پازدە هەزار چەکدارى حەشدی شەعبی. کەواتە ئەو تەنیا بە خۆى خاوەنى نزیکەى 13% هێزى حەشدی شەعبییە و زیاترکردنى ئەو ژمارەیه‌یش بۆ ئەو کارێکی ئاسانە؛ هەروەک چۆن ئێستا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بە نیازی دروستکردنى دوو بۆ چوار لیواى دیكه‌یە. بەڵام پێ ناچێ ئەو هێزانە لەم قۆناغەدا کارا بکاتەوە، چونکە قۆناغەکە تەنیا پێویستى بە هەڵکشانى جەماوەرى هەیە و نایەوێ بیانوویش بداتە ڕکابەرەکانى بە بەکارهێنانى هێز. بەو شێوەیەى ئێستا هێزە سڕکراوەکەى، لۆژیکی بەهێزترە لە بەگەڕخستنەوەیان، چونکە وەک وه‌ستاندنێك (ڕەدعێک) بەرامبەر چوارچێوەى هەماهەنگى ڕۆڵ دەبینێ و ئەوانیش ناتوانن هێز بەکار بێنن؛ چونکە پەرچەکردارەکە ڕۆشنە و ئەگەرى سەرهەڵدانى جەنگى نێوان شیعەکان دێنێتە ئاراوە. لە لایەکی تریشەوە هەماهەنگى دووچارى حاڵەتى هه‌ڵوه‌سته‌كردن دەکا کە ئایا لوولەى تفەنگەکانیان ڕوو بکەنە کێ؟ چونکە ئەوەى کە لە بەرامبەریانە هێزەکانى سەدر نین، بەڵکوو جەماوەرن. ئەمەیش کارێکی مەترسیدار و مەتەڵێکی گەورە و ئاڵۆزه‌ کە تا ئێستا هەماهەنگى بۆیان چارەسەر نەکراوە و، دۆش داماون کە چۆن ململانێ و ڕکابەرى و هێرش بکەنە سەر سەدر!
  • ئێستا قووڵاییی دەسەڵات لاى سەدرە: هەر بۆیە وا بەئاسانی لە نێوان دەسەڵات و جەماوەر، وا بەئاسانی تەڕاتێن دەکات. هەر کاتێ بیەوێ بەشدارى دەکات؛ گەر بینیى لە بەرژەوەندیى ئه‌ودا نییە پاشەکشە دەکات. بەڵام بەپێى ئەزموونەکانى پێشووى، پاشەکشە و تێڕاچوونەوەى سەدر، هەموو جارێ دەستکەوتەکانى لەوەى پێشووى زیاتر بووە. لە لایەکی تریشەوە کشانەوەکانى سەدر گەرچی ئەم جارەیان لەسەر ئاستى پەرلەمانیش بوو کە سوپرایز بوو و پێشتر ئەو کارەى نەکردبوو، ئاماژەى تایبەتى هەیە، کە دەکرێ دواتر ئاماژەى پێ بدەین؛ بەڵام لەسەر ئاستى کارگێڕیی وڵات، سەدر هیچ کاتێک پاشەکشەى نەکردووە. هەر بۆیە بەپێی هەندێ داتا، سەدر خاوەنى زیاتر لە 500 پۆستى باڵا و مامناوەندە لەسەر ئاستى کارگێڕی لەم وڵاتەدا( 3 ).
  • یاساى حزبە سیاسییەکان: ئەو یاسایە ژمارە 36 و لە ساڵی 2015 لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە دەرکراوە و لە 61 ماددە پێک هاتووە. ئایا ڕەوتى سەدر بەپێی ئەو یاسایە ئەو مافەى هەیە، کە هەر چەندێک بیەوێ چالاکیی سیاسیی خۆى بوەستێنێ؟ وەڵامەکە بەپێی ماددەى 27 لە وه‌رز (فصل)ی شەشەم و ماددەى 31 بڕگەى یەکەم لە وه‌رزی حەوتەمى یاساکە: پێویستە لە ماوەى 30 ڕۆژدا فەرمانگەى کاروبارى حزبە سیاسییەکان لە هەر گۆڕانکارییەک سەبارەت بە حزب لەو بارەیەوە ئاگادار بکاتەوە. بەڵام ئەوەى کە جێی تێڕامانە ئەوەیە: ئایا یاساکە ماوەى وەستاندنى چالاکیی سیاسیی حزبە سیاسییەکانى دیاری کردووە کە دەبێ لە چەند زیاتر نەبێ؟ لەو یاسایەدا لە ماددەى 31/1 هیچ بنمیچ (السقف)ێک دیاری نەکراوە، بەڵکوو وەستاندنی چالاکیی سیاسی بە یەکێک لە مافە خودییەکانى حزبی سیاسی ئەژمار کراوە. هەر بۆیە سەدر لەو بارەیەوە هیچ گرفتێکی یاساییی نییە( 4 ).

ئەدی سەدر دواى کشانەوەى لە پرۆسەى سیاسی بە نیازی چییە؟

یان بە مانایەکی تر، ئایا باکگراوندى نیازی ستراتیژیى سەدر چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هەمووان بە دواى وەڵامەکەیدا وێڵن و دەیانەوێ ئەو مه‌ته‌ڵه‌ ئاشکرا بکەن. لەو بارەیەوە پێ دەچێ لە ڕوانگەى سێ ڕەهەندێ سەرەکییەوە بزانین کە سەدر بە نیازی چییە:

  1. گۆڕینی تەواوى سیسته‌مەکە

سەدر هەڤدە ساڵە سەرقاڵی وەدەرنانى ئەوانى ترە و، هەموو شێوازەکانى تاقی کردۆته‌وه‌: بەرهەڵستکارى، دروستکردنى میلیشیا، بەرەنگاربوونەوە، بەشدارى لە حکوومەت، کشانەوە لە حکوومەت، هەوڵدان بۆ دەرکردنى یاسا لە پەرلەمان، خۆپێشاندانى کاتى وەک گوشار، کشانەوە لە پەرلەمان، جیاکردنەوەى دۆسییەى خۆى لەوانى تر، بڵاوکردنەوەى بێمنەتیى خۆى لە بەرژەوەندییەکانى دەسەڵات و...؛ بەڵام ئەوانە ئەویان نەگەیاندە مەبەست. جیاوازیى ئەو لەگەڵ ئەوانى ترى شیعە تەنیا سەبارەت بە دەسەڵات نییە، بەڵکوو پەیڕەوى ئیش و دیدگه‌ و خۆمەڵاسدانە بۆ بوون بە مەرجەعییەتى عێراق. ئەمەیش لە ڕووی زەمه‌نییەوە پێویستى بە میکانیزمێکی کاریگەر هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئەویش جەماوەرە. بەرەى ئێرانیش باوەڕیان وایە کە دەبێ مەرجەعییەت عەمامەى ڕەش بێ و لەلایەن ئێرانیشەوە دابنرێ. ئەگەر بەو نەفەسەى ئێستا جەماوەر بێتە سەر شەقام (هەروەک چۆن لە نوێژى بەکۆمەڵی لایەنگرانى سەدر لە بەغدا بینیمان)، خرۆشانێک هەیە. لە ساتی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى نوێیش، زۆر نزیکە ئەو کورسییانەى پەرلەمان بۆ ئەو ببنە دوو هێندە. قەناعەتیشی بەوە هەیە کە لە ڕووى زەمەنەوە زۆر ناخایەنێ، چونکە حکوومەت یان لەژێر زەبری ناڕەزایەتیى شەقامدا دەبێت، کە ئەو ئاڕاستەى دەکات، یان پەنا بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە دەبات؛ لە هەردوو حاڵەتەکەیشدا پێی وایە تێیدا سەرکەوتوو دەبێ و پشکی لە پرۆسەى سیاسی بەرزتر دەبێتەوە. بەو شێوەیەى کە ئەم جارە دەتوانێ لەگەڵ سوننە و کورد، بێمنەت و بەئاسانی حکوومەت پێک بهێنێ.

ئەوە لە ڕووى تەکتیکییەوە؛ بەڵام لە ڕوى ستراتیژییەوە نیازی سەدر گۆڕینى تەواوى سیسته‌مە سیاسییەکەیە کە لەسەر بنەماى زۆرینە و نەبوونى دیاردەى چەکدار لە دەرەوەى دەوڵەت و سیسته‌مى کارگێڕیی زیاتر مەرکەزی دەبێت. سەبارەت بە جۆرى سیسته‌مى حوکمڕانییش تەواوى شیعەکان زیاتر قەناعەتیان بە سیسته‌مى نیمچەسەرۆکایەتى هەیە نەک سەرۆکایەتى، کە دەتوانن لەو نێوه‌نده‌وه‌ کۆنترۆڵی پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیى کۆمار بکەن. سەرۆککۆماریش لەو سیسته‌مەدا لە هەموو شوێنێکە لە پرۆسەى حوکمداریى وڵات، بەڵام لە بەردەم هیچ دامەزراوەیەکى دەوڵەت بەرپرسیار نییە و نایشتوانرێ لا ببرێ، چونکە لەلایەن جەماوەرەوە هەڵدەبژێردرێ.

کەواتە سەدر پاڵدان بە جەماوەرەوە لە پێناو هاتنەوەیدایە بە بەدەستهێنانى زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمان لە ڕێگەى هەڵبژاردنێکی پێشوەختەى تر کە لەوانەیە کۆتاییی 2023 بکرێ، یان سەرەتاى ساڵی 2024؛ بەڵام خۆى کار لەسەر کۆکردنەوەى پاڵپشتیى جەماوەر لەم ساڵەدا دەکات و دەسکەوتەکانى لەسەر ئاستى جەماوەر زیاتر دەبن. لە لایەکی تریشەوە تواناى ناشرینکردنى چوارچێوەى هەماهەنگیى هەیە؛ بەوەى کە ئەوان لە ماوەى هەڤدە ساڵی ڕابردوودا هۆکارى شکستى وڵات بوون و تەواوى پرۆسەى گەندەڵی و ناسەقامگیری، ئۆباڵەکەى کەوتۆتە ئەستۆى ئەوان؛ چوارچێوەى هەماهەنگییش جگه‌ له‌ خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەى چەکدارى و هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە سەدر و جەماوەر، هیچی تری بۆ نەماوەتەوە.

  1. تۆڵەسەندنەوە

کشانەوەى ڕەوتى سەدر لە پەرلەمان لە بەرژەوەندیى چوارچێوەى هەماهەنگى نەبوو، بەڵکوو دواتر دەرکەوت وەک تۆڵەسەندنەوەیەک وابوو لە چوارچێوەى هەماهەنگى. ئاماژەکانى ڕۆژى نوێژى هەینییش زۆر ڕاشکاوانە بوون لەو بارەیەوە، بەوەى کە:

  • ئەوەى کە هۆکارى تێکدانى بارودۆخەکە بوو (مەبەستیان "مالیکی"یە)، بە هیچ جۆرێک ڕازی نابن ببێتەوە سەرۆکوەزیران. سەدر لە پەیامەکه‌یدا بەڕاشکاوى هەمان ئەوەى پێشووى دووبارە کردەوە: تاقیکراوە، جارێکی تر تاقی ناکرێتەوە.
  • لە هەموو ئانوساتێک و قۆناغێکی ململانێکان، پەرلەمان و ناوچەى سەوز لەژێر ڕەحمەتى بزاڤی جەماوەریدایە کە سەدر ئاڕاستە و ڕابەرایەتیى دەکات.
  • هیچ جووڵەیەکی حکوومەت و پەرلەمان بەبێ لەبەرچاوگرتنى خواستەکانى سەدر تێ ناپەڕێ؛ بەمەیش گەرچی پەرلەمان و حکوومەت سەدری تێدا نەماوە، بەڵام ئەو لۆژیکی دەسەڵاتى لەلا دەبێ.
  • کارکردن لەسەر ئەوەى کە زۆرێک لە سەرکردەکانى ئێستاى هەماهەنگى نەتوانن بەشداریى هەڵبژاردن بکەن، بەوەى گەندەڵکار بوون و دەستیان لە خوێن و ناسەقامگیریی وڵاتدا هەبووە، دوور نییە بۆ ئەو حاڵەتە گوشار لەسەر پەرلەمان بکرێ بۆ دەرکردنى یاساى تایبەت، یان لە ڕووى جەماوەرییەوە، بە قۆناغبەندی، پێش هاتنى هەڵبژاردن کار لەسەر ئابڕووبردنیان بکرێ.
  • قۆستنەوەى بێدەنگیى مەرجەعییەتى باڵاى شیعیی عێراق و داخستنى دەرگه‌کانى خۆى بەڕووى سیاسییە شیعییەکانى وڵات بەهۆى کارخراپییانەوە.
  • دژواریى پەیوەندییەکانى نێوان ڕەوتى سەدر و حزبی دەعوە و، دژایەتیکردنى سەرسەختى هەر حکوومەتێک کە لەلایەن مالیکییەوە سەرۆکایەتى بکرێ؛ ئەمەیش پێ دەچێ دژوارییەکی مێژوویی بێت. سەدر پێش ئەوانى تر خۆى بە خاوەنى مێژووى سیاسیی حزبی دەعوە دەزانێ کە لە 12/10/1957 دامەزراوە. محه‌مه‌د باقر سەدر بە پێشەنگەکانى دامەزرێنەرى ئەو حزبە ئەژمار دەکرێ؛ هەر ئەویش بوو چوار ساڵی یەکەم سەرۆکایەتیى کرد. تا ئێستا 10 کەسایەتى سەرۆکایەتیی حزبی دەعوەیان کردووە، دواهەمینیان "نوورى مالیکی"یە کە لە ساڵی 2007 تا ئێستا سەرۆکی ئەو حزبەیە؛ واتە نزیکەى 16 ساڵە( 4 ). گەرچی موقتەدا سەدر لەو حکوومەتانەى کە حزبی دەعوە فەرمانڕەوایییان کردووە بەشدار بووە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەو حزبە ناکۆکە؛ تا ئاستى بەرەنگاربونەوەى چەکدارى. کەواتە ئەگەر هات و لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە حکوومەتێک پێک هێنرا و سەرۆکوەزیرانەکەى مالیکی بوو، ئەوا ئاشوب لەڕێیە و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەسەر هەردوو ئاستى شیعە و سوننە لە هەڵکشاندا دەبێ و تەمەنى حکوومەتەکەیش کورت.
  1. خۆپاراستن لە ڕووبەڕووبوونەوەى چەکدارى

ئەمە بەهێزترین میکانیزمى ململانێی نوێیە کە سەدر هەوڵی ئەوە دەدات دەستی پێوە بگرێ، چونکە ڕەوتى سەدر ئێستا وەک بزاڤێکی جەماوەریى شیعی خۆى دەنوێنێ و هیچ ڕکابەرێکی سیاسیی ئەوانى تر نییە؛ هەر بۆیە لە کاتى ڕوودانى هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارى، ماهییەتێک بۆ هەماهەنگى دەگەڕێتەوە، ئەویش ئەوە ناخوازێ. هەر بۆیە یەکێک لە ڕێنمایییەکانى نوێژى جەژن، خۆپاراستن بوو لەو حاڵەتە و هەر زوو دواى نوێژ سەدر لە تویتێکدا ڕای گەیاند: لە دواى تەواوبوونى نوێژ، بەسەلامەتى بگەڕێنەوە شوێنەکانى خۆتان. بۆ مسۆگەرکردنى ئەو حاڵەتەیش لە پەیامی نوێژى هەینى داواى چەکداماڵینى حەشدی کرد، ئەویش لە ڕێگەى سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەى هێزەکانى حەشد لە ڕیزى سوپاى عێراقیدا و چۆڵکردنى ناوچە سونییەکان، بەڵام لەو پەیامە دە خاڵییەدا بە هیچ شێوەیەک ئاماژەى بە ڕۆڵی پێشمەرگە نەکرد کە ڕۆڵی سەرەکیی له‌ ڕزگارکردنى ئەو ناوچانەدا گێڕاوە.

دواى کشانەوەیشم لە پەرلەمان و پرۆسەى سیاسی، لێم قوتار نابن!

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە چوارچێوەى هەماهەنگى وەڵامەکەى لێ بۆتە مۆتەکە: ئایا لەسەر ئاستى دەسەڵات لە سەدر قوتارمان بوو؟ کە ئێستا ئەو نە ئەندام پەرلەمان و نە وەزیرى نەماوە، بەڵام لە هەردوو لاوە ئەو وەڵامە بەڵگەنەویستە، کە هیچ کامیان لەوى تر قوتارى نەبووە. ئێستا هەڵوێستى هەماهەنگى لە جاران هەستیارتر و لاوازترە، چونکە سەدر پەیامەکەى ئەوەیە کە دواى کشانەوەیشم لە پەرلەمان، ناتوانن لێم قوتار ببن، ئەویش لە چەند ڕێگەیەکەوە:

  • هێزى جەماوەر؛ هەر ڕۆژێک و ساتێک بیەوێ جەماوەر دێنێتە سەر شەقام و لە توانایدا هەیە لە کەمترین ماوەدا بەسەر ناوچەى سەوز و پەرلەماندا بدا. ئەزموونى ساڵی 2016 ئەوەندە دوور نییە و قابیلی دووبارەبوونەوەیە.
  • لەم قۆناغەدا بۆ عێراق دوو یاسا گەورەترین کاریگەرییان دەبێت، ئەوانیش "یاساى بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانە لەگەڵ دەوڵەتى ئیسرائیل" لە 26/5/2022 و "یاساى ئاسایشی خۆراک" کە لە 8/6/2022 پەرلەمانى عێراق پەسەندى کردن. ڕەوتى سەدریش تا پەسەندکردنى ئەو دوو یاسایە نەکشانەوە. پەیوەندییەکانى دەرەوەى عێراقیش لە ناوچەکە بە یاساى یەکەم قەتماغە دراوە، به‌تایبەت تەواوى ئەو هەوڵانەى کە ئێستا بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل له‌ ئارادان و، بۆ ئەو مەبەستەیش بایدن هاتە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هیچ بۆ حکوومەتى عێراقی نەمایەوە تەنیا هەڵبژاردنى هەڵوێستى بێلایەنى نەبێ. ڕاستە گەر بگوترێ یاساکە سەرکەوتنێک بوو بۆ ئێران، بەڵام لە لایەکی تریشەوە گوشارەکانى دەوڵەتانى ناوچەکە دەرهەق بە ئێران- بە ئیسرائیل و ئەمریکایشەوە- واى لە عێراق کرد بەناچارى لە جیاتی پشتیوانیی ئاشکرا بۆ ئێران، بێلایەنی هەڵبژێرێ. یاساى دووەمیش تەواوى ڕەفتارى سیاسیی حکوومەتى داهاتوو لەو یاسایەوە سەرچاوە دەگرێ، چونکە ئێستا تەواوى دەوڵەتانى ناوچەکە گرفتى سێ کێشەیان هەیە: کەمیى خۆراک، کەمیى وزە، خراپیی بارى ئابوورى. هەر لەو بارەیەوە، 69 دەوڵەتى تر، دواى سریلانکا، پێ دەچێ ڕووبەڕووى هەمان چارەنووسی وەک ئەو وڵاتە ببنەوە و جەماوەر بخرۆشێ و بەرپرسان لە دەسەڵات لا بدا؛ لەو 69 دەوڵەتە، 25 دەوڵەتیان لە کیشوەرى ئاسیا، 25 لە ئەفریقا و، 19 لە ئەمریکاى لاتین. عێراقی ئەمڕۆیش تەواوى ئەو گرفتانەى هەیە و لە هەر ئانوساتێکدا بێت ئەگەرى مایەپووچیی هەیە و بەبیابانبوون و وشکەساڵییش تەواوى سێکتەرەکانى ژیانی دانیشتووانى لە عێراق خستۆتە مەترسییەوە.
  • زیاتر لە سەد ئەندام پەرلەمان لە ترسی هەڵکشانی شەقام، لەگەڵ زۆرێک لە بڕیار و ئەجێنداکانى هەماهەنگى هاوتەریب نابن؛ ئەمەیش بۆ کورد و سوننە فاکتەرێکی ئەرێنییە، به‌تایبەت پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، کە چاویان بڕیوەتە شەقام بۆ جارێکی تر دەرچوونەوە لە خولی نوێ، یان هەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، کە زۆر بەجددى ئەمەى دوایییان لەبەرچاوە.

ئەدى چوارچێوەى هەماهەنگى لەو نێوەندەدا بەتەماى چییە؟

بۆ ئەمەیش دوو ڕەهەندی جیاواز هەیە:

  • ئەجێندایەکی ئێرانی، کە هەرچی مەبەستیەتى بە زووترین کات و پێش هاتنەکایەى هەندێ گۆڕانکارى و هاوکێشە لە ناوچەکە، حکوومەت پێک بهێنرێ. بۆ ئەم مەبەستەیش دوور نییە سازش لە چەندان شت بکەن کە پێشتر نەیانکردووە، به‌تایبەت بۆ سوننە و کورد؛ چونکە بەبێ ئەو دووانە حکوومەت مەحاڵە، به‌تایبەت حەلبووسی لەنێو سوننە و، پارتى دیموکراتی کوردستان لەنێو کورد؛ بەڵام پێویستە ئەو دوو لایەنە پەلە لە بەشداریکردندا نەکەن.
  • ئەجێنداى چوارچێوەى هەماهەنگى؛ لەوبارەیەوە مەبەستیانە هەرچی زووه‌ حکوومەت پێک بهێنن، ئەویش لەبەر ئەوەى بارى ئابووریى حکوومەت ئێستا باشە و نرخی نەوت لە بازاڕەکانى دونیا لە هەڵکشانە، کە دەتوانن بۆ ئەو مەبەستە جەماوەر لە خۆیان ڕازی بکەن و ئەو دارایییە باشە بۆ خزمەتگوزاریى خەڵک بەکار بێنن؛ کە ئەمەیش تاى تەرازووه‌کە بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو بەرامبەر ڕەوتى سەدر ڕاست دەکاتەوە و بەڕەکەیشی لەبن دەردێنن. بەو شێوەیەیش مه‌ته‌ڵی جەماوەر، کە زۆرێکیان پاڵپشتیى سەدر دەکەن، بەو شێوە ترسناکە نامێنێ و تەنیا لایەنگرانی خۆى بەدەورەوە دەمێنن. بەڵام پێ دەچێ گرفتەکانى عێراق لەو نیازە زۆر گەورەتر بن. بۆ کورد و سوننەیش سازشکردن وەک تەکتیک لە ئارادا دەبێ.

پارسەنگى بڕیارەکانى دادگه‌ى فیدراڵی لە نێوان هەرێم و هەماهەنگیدا

هەرچەندە وادەى دەستوورى بۆ پێکهێنانى حکوومەت لەگەڵ جەژنى قورباندا تەواو بوو، بەڵام چوارچێوەى هەماهەنگى بڕیارەکانى دادگه‌ دەرهەق بە کورد وەک گوشار بەکار دێنن. ئەوەى کە دژوارە لەو نێوەندەدا، هەڵوێستى کوردە: ئایا لەسەر کام بنەما بەشدارى لە حکوومەت دەکەن؟ ئایا تەواوى بڕیارەکانى دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی وەلا دەنێن و خۆیانی تێ فڕێ دەدەن، یان ئیستێک دەکەن لە بەشداریکردن؟ لەو نێوه‌نده‌یشەوە پێویستە ئاماژە بە چەند ڕەهەندێک بدەین:

  • پێویستە کورد لەوە حاڵی ببێ کە بڕیارەکانى دادگه‌ى فیدراڵی سیفه‌تی کۆتایییان هەیە و کەس ناتوانێ ڕەتیان بکاتەوە، تەنیا خۆى نەبێت، ئەویش بە چەند ڕێگەیەک کە دواتر باسی دەکەین. هەر بۆیە پێش دەرچوونى هەر بڕیارێکی تر لەسەر بڕیارەکانى ترى پێشوو لەلایەن دادگه‌ى فیدراڵیی خۆیەوە، ڕیسكێكه‌ و ئاییندەى دیار نییە و تەواوى بەرژەوەندییەکانى کورد دەخاتە مەترسییەوە و هەرچی زیاترە لە  ڕووبەڕووبوونەوەى چەکدارى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ نزیکی دەکاتەوە، چونکە دوور نییە هەماهەنگى لە پێناو گۆڕینی ئاڕاستەى جەماوەر، کە ئێستا تەنیا ڕووى لە ڕەوتى سەدر و هەماهەنگییە تا بزانێ چی دەکەن، بۆ دروستکردنى قەیران و ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ. لەو نێوەندەیشدا سەدر دەخرێتە هەڵوێستەوە، کە مسۆگەر نییە ئاخۆ لە بەرژەوەندیى کورد هەڵوێستى دەبێت یان نا، چونکە ئەویش لە نوێژى هەینیى ملیۆنیدا تەنانەت دوور و نزیک باسی کورد و پێشمەرگەی نەکرد کە چ ڕۆڵێکیان هەبوو لە قوتارکردنى عێراق لەدەست داعش؛ بەڵکوو دواتر ڕای گەیاند کە مەبەستیان لەو نوێژە بەکۆمەڵە، پاراستنى یەکپارچەییی خاکی عێراقە.
  • پێویستە کورد بۆ بەشداریکردن و وەرگرتنى گه‌رەنتى، لایەنى سێیەمى کاریگەر بێنێتە ناوەوە، کە ئەویش ئێرانە کە دەتوانێ کاریگەریى نەک هەر بۆ سەر چوارچێوەى هەماهەنگیى هەبێت، بەڵکوو کاریگەرییشى بۆ سەر دادگه‌ى فیدراڵ و کشانەوەى بڕیارەکانى دەبێت.
  • بۆ ئەو بابەتە کورد پێویستە پەنا بەرێ بۆ ڕێگەچارەى چاودێریی قەزایی بە ڕێگەى "ئەمری قەزایی یان ئیعلانی قەزایی یان حوکمى تەقریری"؛ ئەو ڕێگەیەیش بە شێوازێکی بەرهەڵستیکار یان هێرشبەر دادەنرێ کە ئامانج لێی خۆبەدوورخستنە لە جێبەجێکردنى یاسایەک کە گوایە به‌پێچەوانەى دەستوورەوه‌ دەرکراوە. ئەو "ئەمری قەزایی یان ئیعلانی قەزایی یان حوکمى تەقریری" لەلایەن خودى دادگه‌ى فیدراڵییەوە دەردەکرێن دواى پێشکەشکردنى داوایەک لەلایەن حکوومەتى فیدراڵییەوە بۆ ئەو مەبەستە. لەو بارەیەوە کورد دوو ئامانج دەپێکێ: شوێنەوارى یاساییی بڕیارەکانى دادگه‌ى فیدراڵی لە خۆى دوور دەخاتەوە و خودى ئەو ڕێگەیەیش لە چاودێریی قەزایی کە لە چەندان دادگه‌ى فیدراڵیی دونیا هەیە، دەبێتە شێوازێکی نوێ بۆ کارى دادگه‌ى فیدراڵیی باڵا لە عێراق و دەرچەیەک لە ئاستەنگە یاسایییەکان کە پێش پرۆسەى سیاسی دەکەون.

هەڵوێستى ئەمریکا و ئێران دواى کشانەوەى سەدر

وا باشترە لەو بارەیەوە هەڵوێستى هەردوو وڵاتەکە بەجیا بخەینە ڕوو:

  • ئێران: گۆڕانکارى تەنیا له‌ نەخشەى سیاسیی ناوخۆى عێراق ڕووی نەداوە، بەڵکوو تەنانەت لە هەڵوێستى ئێرانیشدا ڕووی داوە. ئەو وڵاتە پێشتر فەرمانى دەکرد و هاوکێشەکانى ئاڕاستە دەدا، بەڵام ئێستا بەمەجبوورى مامەڵە لەگەڵ دیفاکتۆ دەکات و هێنده‌ی له‌ توانایدایه‌ لە هەوڵی ڕاستکردنەوەى کارەکانیدایە لە عێراق؛ لەو نێوه‌یشدا باڵیۆزەکەى گۆڕی، بەڵام تا ئێستایش ناتوانێ ڕێساکانى گەمەى سیاسیی گشتگیر وێک بێنێتەوە. لە ستراتیژییەتى ئێراندا نییە دەوڵەتێکی شیعی لە عێراق دروست بکات، لەسەر شێوازى ئەوەى کە لە ئێران هەیە، بەڵکوو دەوڵه‌تێکی دەوێ کە له‌ فەرمانى ئەو دەرنەچێ و شیعەمەزهەب بێت. ئەوەیشی بۆ دەرکەوتووە کە پانتایییەکى جەماوەریى فراوان هەیە ئارەزووى بە بوونى ئێران نییە بەو شێوەیەى ئێستا لە عێراق، هەر بۆیە ئەویش دەیەوێ مۆدێلی مانەوەى لە عێراق بگۆڕێ. دواى کشانەوەى ڕەوتى سەدر لە پرۆسەى سیاسی لە مانگى حوزەیران، لە گەمەى نێوان هەردوو تیمی یانەى "زەورا" و "جەوییە" لە عێراق لە گۆڕەپاندا بەئاشکرا و به‌ دەنگى زوڵاڵ لەلایەن جەماوەرەوە دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە، ئێران بۆ دەرەوە" گوترایەوە.

دروستکردنى حکوومەت لەلایەن هەماهەنگییەوە لە بەرژەوەندیى ئێرانە و لەو هاوکێشە نوێیانەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست مایەى کۆنترۆڵکردنى عێراقە بۆ ئەو و، دەبێتە هۆکارى خاوکردنەوەى گوشارەکانى سەر ئێران لەلایەن دەوڵەتانى کەنداو و ئەمریکا و ئیسرائیل؛ دەرچەیەکی ئابوورییشە بۆ ئەو بەڕووى جیهاندا و سووكکردنى ئەو قەیرانەى کە تێی کەوتووە.

  • ویلایه‌تە یەکگرتووەکانى ئەمریکا: ئینکل فۆرا لە سایتی گۆڤارى Foreign Policy دواى هەڵبژاردنى ئۆکتۆبەرى پەرلەمانى عێراق ڕۆژى 27/10/2021، سەبارەت بە موقتەدا سەدر نووسیویەتى: موقتەدا سەدر باشترین هیواى ئەمریکایه‌ لە عێراق. ئاماژە بەوەیش دەکات: ئەو پیاوەى کە جاران دوژمنى سەرسەختى ئەمریکا بوو، ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ دابینکردنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، ئەمەیش لەو ڕوانگەیەوە دێت کە سەدر: توانیى بونیادی ژێرخانی سیاسیی عێراق، کە ئێران نەخشاندبووى، تێک بدات و دژى بەشبەشێنە بوەستێتەوە و گرووپەکانى سەر بە ئێران قەتماغە بدات و هەوڵی داماڵینى چەکیان لێ دەکات و زۆرێکیش لە جەماوەر بە قسەى ئەو ده‌جووڵێنه‌وه‌( 5 ).

پێکهێنانى حکوومەت لەلایەن هەماهەنگییەوە جارێکی تر دەبێتە سەرئێشە بۆ ئەمریکا و، بێجگە لە کورد هیچ پێکهاتەیەکی ترى ئەمینی بەدەستەوە نامێنێ وەک هاوبەش لە عێراق. ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەمریکییەکان متمانەى تەواویان بە سەدر هەبووە، بەڵکوو ئەوەندەى کە دیارە ئەجێنداکەى سەدر لە بەرژەوەندیى ئەوان بوو و، دەبووە مایەى کۆنترۆڵکردن و سنووردانان بۆ دەستێوەردانەکانى ئێران، نەک بەستنى هاوپەیمانى لەگەڵ ئەمریکا. قەناعەتیشیان وایە کە سەدر ئەوەى بانگەشەى بۆ دەکات لە چاکسازی، بەو ڕێژەیە بۆى ناکرێ، چونکە ئەوە 17 ساڵە ئەو گوتارە دووبارە دەکاتەوە و خۆیشی لە هەموو حکوومەتەکان بەشدار بووە. بە لاى ئەمریکاوە عێراق لە لایەنگریى ئێرانەوە بیکاتە بێلایەن، گەورەترین دەستکەوتى ئەم قۆناغەى ئێستایە. هەر لەو بارەیەوە ئەوە بوو کازمى لە کۆنگرەى جیددە بۆ گەشەپێدان و ئاسایش، کە نۆ دەوڵەتى ناوچەکە تێیدا بەشدار بوون، ڕای گەیاند کە عێراق ناچێتە هیچ هاوپەیمانێتییەکى سەربازییەوە.

ئەمریکییەکان دژى پێکهێنانى حکوومەتن لەلایەن هەماهەنگییەوە؛ لەو حاڵەتەیشدا "دەبێ ئەمریکا باشتر لا بکاتەوە بۆ هەرێم و جددیتر بیپارێزێ لە هێرشەکانى ئێران، کە تایبەت ئێستا هێرشەکان ئامانجیان سەرچاوەکانى وزەیە لە هەرێم. هەر بۆیە دەبێ ئەمریکا باشتر بیپارێزێ، چونکە خۆى هۆکارى سەرەکیی دروستبوونى ئەو هەرێمەیە و هەر ئەو هەرێمەیشە کە هاوبەشێکی گەورە و ئەمینە بۆ ئەمریکا لە ڕووى سەرچاوەکانى وزەوە. هەر بۆیە پێویستە لەسەر حکوومەتەکەى بایدن کە ئەو هەرێمە لە هەموو هێرشەکانى بەغدا و ئێران بپارێزێ. ئەمە پوختەى ئەو ڕاپۆرتەیە کە لەلایەن

 Matthew M.  Zais  بۆ سایتی real clear energy نووسراوە و خۆى ئەزموونێکی باشی لەو بارەیەوە هەیە، کە پێشتر پۆسته‌كه‌ى، بەڕێوەبەر بوو بۆ کاروبارى عێراق و کورد لە ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا و جێگرى سەرەکیی یاریدەدەرى وەزیرى وزەى ئەمریکا ( 6 ).

هەڵوێستى مەرجەعییەت

  • ئەوەندەى کە دیارە، مەرجەعییەت زۆر ڕاى لەسەر مالیکی نییە؛ هەر بۆیە ئەوە هۆکارێکی ناکۆکیی هەماهەنگییە لەسەر ئەوەى مالیکی جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، چونکە چاوەڕوانی پشێوی و نەهامەتییەکى تر دەکەن بۆ عێراق؛ ئەمە جگە لەوەى کە سەدر لە سەنگەردا خۆی بۆ مەڵاس داوە.
  • مەرجەعییەت هەر هەڵوێستێکی هەبێت لەم قۆناغەدا، ناکۆکى و پەرتەوازەییی شیعەکان زیاتر دەکات، چونکە یەکلابوونەوەى ڕاى مەرجەعییەت بە لاى بەرەیەکدا، دەبێتە مایەى شەرعییەتدان بەو لایە و دروستبوونى جەنگ لەناو ماڵی شیعە.
  • هەڵویستى ئێستاى مەرجەعییەت گەرچی دوورەپەرێزییە لە هاوکێشە شیعییەکان و دەرگه‌ى بەڕووى سیاسییەکانیدا داخستووە، بەڵام لە بەرژەوەندیى سەدر کەوتۆتەوە و ئێستا لە واقعى کرداریدا، ئەو، بۆشایییەکەى پڕ کردۆتەوە و لەسەر هەردوو ئاستى مەزهەبی و سیاسی، ئاڕاستەى جەماوەر دەکات.

سیناریۆکانى پاش کشانەوەى سەدر

دەتوانین جەخت لەسەر سێ سیناریۆ بکەینەوە:

  • پێکهێنانى حکوومەت لەلایەن هەماهەنگییەوە: ئەمە کارێکی ئاسان نییە، چونکە تاکە پاڵێوراو کە هەیە "مالیکی"یە؛ ئەگەر خۆى نەبێت، تا هەنووکە قبووڵی نییە، هەرچەندە چەندان پاڵێوراوى تریش هەن. بەڵام لە بەرامبەردا زۆرێک لە ڕەوتەکانى ناو هەماهەنگی، کار لەسەر پاڵێوڕاونەکردنەوەى مالیکی دەکەن، بەڵام دەبێ بە پۆستێکی تر ڕازیی بکەن، وەک جێگرى سەرۆککۆمار. کورد و سوننە و سەدر و چەندان حزب و سەربەخۆکانیش پێیان باش نییە، به‌تایبەت هەر کەسایەتییەکى شیعی بێت، دەبێ ڕاى سەدرى لەگەڵ بێت، دەنا هیچ ئاکامێکی نابێت؛ چونکە بوونەوەى مالیکی بە سەرۆکوەزیرانى عێراق بەلایانەوە ماناى هێنانەوەى چەندان گرفت و ئاشوبە؛ تا ئەو ڕاددەیەى کە لەوانەیە وڵات دووچارى پارچەبوون بکاتەوە، لە سەرەکیترینیان ڕەوتى سەدر، کورد، سوننە، دەوڵەتانى ناوچەکە و... ڕەتی دەکەنەوە. بەڵام لە دەوڵەتى یاسا پشتیان بەوە قایمە کە بارودۆخى ئابووریى باشی وڵات بۆ خزمەتى خەڵک بەکار بهێنن و بەڕەى جەماوەر- کە سەدر پشتى پێ قایمە- لە بنى دەربێنن. تەواوى بۆچوونەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو حکوومەتەى مالیکی حوکمى دەکات، تەمەنى کورت دەبێ؛ هەر ئەوەندەى پێ دەکرێ کە سەرپەرشتیى ڕێوشوێنەکانى هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکات، چونکە ئاڵنگاریى زۆر دەبن و، بوارى کارکردنى ئاسایی نابێت. لە لایەکی تریشەوە ئەو حکوومەتە بەبێ کورد و سوننە مەحاڵە. گومان لەوەدا نییە کە کورد بەبێ یەکلابوونەوەى گرفتەکانى لەگەڵ بەغدا، بەشداریکردنى ڕیسكه‌، به‌تایبەت به‌نیسبه‌ت بڕیارەکانى دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی. سوننەکانیش داواى ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانیان و ڕۆیشتنى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی ده‌كه‌ن؛ ئەمەیش لەلایەن میلیشیاکان و ئێرانەوە کارێکی جێی قبووڵ نییە.

لەم سیناریۆیەدا چەندان ڕەوتى ناو هەماهەنگى بەشداریى حکوومەت ناکەن، ئەویش لە پێناو پاراستنى هێزى میلیشیاکان و مانەوەیان و دوورکەوتنەوە لە هەر پێکدادانێک کە لە نێوان ڕەوتى سەدر و حکوومەت دروست ببێ؛ چونکە ئەگەر بەشدار بن، ئەو ئەگەرە زیاتر دەبێ، بەڵام وەک هادی عامری گوتى، ئەوان پشتیوانیى ئەو حکوومەتە دەکەن و تێیدا بەشدار نابن.

  • پێکهێنانى حکوومەتێکی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتیى کازمى و، دواتر ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە؛ ئەو ڕایە نەک هەر چەندان حزبی سیاسی- بەدەر لە هەماهەنگى- لایەنگریی دەکات، بەڵام خودى ڕەوتەکانى ناو هەماهەنگییش، وەک هادی عامری، عەممار حەکیم، حه‌یده‌ر عەبادی، قەیس خەزعەلی لایەنگریى دەکەن. بەڵام ئایا کازمى دەتوانێ قۆناغی ڕاگوزەر کۆنتڕۆڵ بکات؟ ئەمە گومانى لەسەرە، چونکە تەواوى ڕەوت و گرووپە شیعییەکان لە هەوڵی بەدەستهێنانى دەنگى زیاتر و گێڕانەوەى هاوسەنگین و هەموویشیان چەکدارن. لەو پێناوەیشدا بەریەککەوتن دروست دەبێ و ئەگەرى جەنگی ناوخۆى شیعە و شیعە زۆرترە. لەو حاڵەتەیشدا کازمی تواناى دامرکاندنەوەى نییە و پێی کۆنترۆڵ ناکرێ؛ تەنیا ئەوەندە نەبێ کە لە هەوڵی پاراستنى سەرچاوەکانى وزەدا دەبێ. بەڵام ئەوەى کە دەست بەسەر پارێزگاى بەسرەدا دەگرێ، ئەو پێگەى بەهێزترە. بەڵام لاى سەدر سێکوچکەکە بە لاى ئەوەوە گرنگترە: بەغدا، نەجەف، بەسرە، کە تەواوى هێزی سیاسی و مەزهەبی و ئابووریى دەکەوێتە چنگ؛ بەو مانایەى کە بەرى فورات لەژێر دەستى ئەودا دەبێت و بەرى دیجلەیش بۆ ڕەوتەکانى سەر بە ئێران. ئەودەمیش ئێران یەک لەسەر چوارى عێراقی لەژێر کۆنترۆڵدا دەبێت، شەرعییەتى دەوڵەتیش لەسەر ئاستى ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتى دەکەوێتە لاى کورد و سوننە و سەدر؛ بەڵام ئەودەم جەنگە ڕاستەقینەکە لەسەر بەسرە دەبێت. بەڵام ئەگەرى هاتنى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرپەرشتیکردنى پرسى سیاسیی عێراق و خستنە بەر سه‌رپه‌رشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دێتە ئاراوە؛ بەو هۆکارەى کە بارودۆخی عێراق بەپێی میساق، بووەتە مایەى مەترسی و ئاشوب بۆ سەر ئاسایشى ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
  • سیناریۆى سێیەم: هەڵبژاردنى پێشوەختە؛ گەورەترین گرفتیش لەو بارەیەوە یاساى هەڵبژاردن دەبێ و ئەگەرى پێکدادانى گرووپە شیعییەکان هەر لە ئارادا دەمێنێتەوە.

کورد دەبێ چی بکات؟

  • نەچوونە ناو هیچ حکوومەتێکەوە تا بڕیارەکانى دادگه‌ى فیدراڵی یەکلایی نەکرێنەوە؛ لەو بارەیەیشەوە چارەسەرمان خستە ڕوو.
  • قۆستنەوەى کات و گەمەپێکردنى، تا هاوکێشە و سەرەداوەکان زیاتر دەربکەون و ڕۆشن ببنەوە. چونکە کاتى قەیرانەکە لە بەرژەوەندیى کوردە و، پێویستە بەحیکمەتەوە بقۆزرێتەوە. پەلەکردن و هەڵپەى بەشداریکردن کارێکی خراپە.
  • بوونى ئەجێندایەکی هاوبەش، به‌تایبەت ئەجێنداى هاوبەشی یەکێتى و پارتى، جەختکردنەوە لەسەر ئەجێندا و دەستکەوت زۆر لە پۆستى سەرۆککۆمار گەورەترە کە بۆتە خاڵێکی دژوار لە نێوان ئەو دوو حزبەدا.
  • بوونى دیپلۆماسییەتێکی هاوبەشی هاوسەنگ و بەردەوام بۆ ناوخۆ و دەرەوەى عێراق و هەوڵدان بۆ گەیاندنى پەیام.
  • ئامادەکردنى دروستى تەواوى ماف و شایستە دەستوورییەکان وەک پاکێجێک لە بەردەم حکوومەتى نوێ.
  • ڕێکخستنەوە و تۆکمەکردنى ناوماڵی کورد و گەرمکردنەوەى پەیوەندییە سیاسییەکان و بەشداربوونى هەمووان لە بڕیارى سیاسی، به‌تایبەت لە بەرامبەر بەغدا.
  • جەختکردنەوە لەسەر پرسى چاکسازی و جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی کە سیماى ئیرادەى سیاسی و نەتەوەیی و کارگێڕیی هەرێمە و، ئەزموونەکەى لە مەترسی دەپارێزێ.
  • خۆئامادەکردن بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەکی سەربازی، یان ئاشوبێک کە لە ناوچەکە یان عێراق یان دژ بە هەرێم بکرێ، به‌تایبەت لەو ناوچانەى کە سەرچاوەى وزەکانى لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتى هەرێمدان و لە خاڵی تەماسی نێوان هەردوو لاوە نزیکن و ئەگەرى داگیرکردنیان هەیە.
  • هەرچی زیاترە، دەبێ حکوومەت لە بەردەم هاووڵاتیانی خۆى هەڵوێست و پێگەى خۆى بەهێزتر بکات، ئەویش بە دابینکردنى بژێوی و خزمەتگوزارى و دەرفەتى دیموکراسیی باشتر؛ چونکە کاریگەریى ڕاستەوخۆى هەیە لەمەڕ بابەتى ئینتمابوون لە بەرامبەر هەموو بەرەکانى لێژبوونەوە بەرەو بەغدا، کە چەندان هێزی کوردیى خۆماڵی بانگەشەى بۆ دەکەن.

 

( 1 )  مصطفى الغراوي، رسائل تصل للسيد مقتدى الصدر بحرق العراق، مقابلة مع السيد مقتدى الصدر، تلفزيون جريح الإصلاح،

https://www.youtube.com/watch?v=rSS4sz7YtuM

 ( 2 )  لقاء ناري فائق الشيخ علي مع سحر عباس جميل يكشف حقائق خطيرة لأسقاط نظام ذيول ايران عام 2024القرار لكم

https://www.youtube.com/watch?v=zYTHAFaX0rc

( 3 )  وائل عصام، وماذا بعد الانسحاب السادس للصدر من العملية السياسية؟! ، القدس العربی، مقالات، 17/6/2022،

https://www.alquds.co.uk

( 4 )  نص قانون الاحزاب السياسية الذي اقره مجلس النواب العراقي، https://www.almirbad.com/Details/38825

( 4 )  حزب الدعوة الاسلامیة، تاریخ الزیارة 15/7/2022

https://ar.wikishia.net

( 5 ) Anchal Vohra, Muqtada al-Sadr Is the United States’ Best Hope, Foreign Policy, 27/10/2021

https://foreignpolicy.com/2021/10/27/muqtada-al-sadr-is-the-united-states-best-hope-in-iraq/

( 6 ) Matthew M. Zais, American Energy Interests in Iraq Are Under Direct Attack by Iran, July 13, 2022.

https://www.realclearenergy.org/articles/2022/07/13/american_energy_interests_in_iraq_are_under_direct_attack_by_iran_842380.html