سیناریۆ و لێکەوتەکانی تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ لەلایەن تورکیاوە

(دەرفەت و هەڕەشەکان)

 

د. پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەددین

پاش تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ لە ڕێکەوتی ٢٠-٧-٢٠٢٢ لە سنووری زاخۆ لەلایەن تورکیاوە (هەرچەندە تورکیا ئەنجامدانی ئەم هێرشەی لەلایەن سوپا ڕەت کردەوە)، کە بووە هۆی کوژرانی ٩ هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە ٢٦ کەسی سڤیل، کاردانەوەکانی شەقام و سیاسەتمەداران، هەروەها هەڵوێست و کاردانەوە دەرەکییەکانی وڵاتان بەتایبەتی ئەمریکا، جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەلەسەرکردنن. چونکە ئەمە یەکەم جار نییە کە هێرشی لەم شێوەیە لەلایەن تورکیاوە کرابێتە سەر خەڵکی سڤیل و کوژرانی هاونیشتمانیانی لێ کەوتبێتەوە؛ بەم واتایە کە بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکانی رێکخراوی CPT لە مانگی ئابی ساڵی 2015وە تاوەکوو ڕووداوەکەی ڕۆژی 20ی تەممووزی گوندی پەرەخی شارۆچکەی دەرکاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 138 کەسی سڤیل بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە شەهید بوون کە 129یان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانن، هەروەها 204 کەسیش برینداربوون. هەروەها هەر بەپێی هەمان بەدواداچوون تاوەکوو ئێستا ملیۆنێک و 850 هەزار دۆنم زەویی دارستان و پاوان و زەویی کشتوکاڵی سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە. تەنانەت هەر لە پەیوندی بە بازنەیەکی تەسک لە ڕووداوەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ، لە کۆی 62  گوندی ناحیەی دەرکار لە سنووری ئامێدی، زیاتر لە 33 گوند بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە چۆڵ کراون.

یان لە نموونەیەکی تر، لە‌ سه‌رجه‌م 73 گوندی سنووری ناحیه‌ی شێروانی مه‌زن ته‌نیا 18 گوند ئاوه‌دانن و 55 گوندی تر به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی جەنگی تورکیا و په‌كه‌كەوە‌ چۆڵ كراون و دەرفەتی ژیانی هاووڵاتیانیان تێدا نه‌ماوه‌. هەروەها بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی رێکخراوی CPT، ژمارەی بارەگا و بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان 64 بارەگا و بنکەی سەربازین، کە لەم ژمارەیە 55یان بارەگا و 9یان بنکەی سەربازین.[1] ئەمە لە کاتێکدایە کە د.فواد حسه‌ین وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ڕای گەیاندووە، ته‌نیا یاداشتێك له‌ نێوان عێراق و توركیا هه‌بووه‌ له‌ ساڵى 1984 و، ته‌نیا 5 كیلۆمه‌تر له‌ناو خاكى عێراق و بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ توركیا ده‌توانێت كرده‌ى سه‌ربازى ئه‌نجام بدات و ئۆپەراسیۆنەکانیش دەبێت له‌ ماوه‌ى 72 كاتژمێر کۆتایییان پێ بێت.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە ئەم هێرشە لێکەوتەی جیاوازتری دەبێت لە هێرشەکانی ڕابردوو و، لەم نووسینەدا ئەم سیناریۆ و لێکەوتانە تاوتوێ دەکەین.

پاڵنەر و هۆکارەکانی کاردانەوە توندەکان بەپێچەوانەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان

یەکەم: خوێنی سوورتر یان جیاکاریی نەتەوەیی!

 کوژرانی ئەم ڕێژە بەرزە لە هاووڵاتیی سڤیل کە بە ڕەگەز عەرەب بوون، یەکێک بوو لە سەرەکیترین پاڵنەرەکانی ئەم کاردانەوە توندانە، چونکە لە ڕابردوودا کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کورد دەکوژران، هیچ کاتێک بەم ئاست و شێوەیە دەسەڵاتدارانی عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەیان نەبووە؛ بۆ نموونە: کوژرانی چەند مناڵ و هاووڵاتیی سڤیل لە ساڵی ٢٠١١ لە چیای کورتەک و، لە ساڵی 2015 شەهیدکردنی 8 هاووڵاتیی مەدەنیی گوندی زارگەلی و هتد.

دووەم: ڕۆڵی میدیا و سۆشیال میدیا

ڕۆڵ و کاریگەریی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە وای کرد، ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بەخێرايی وەکوو کوشتارێکی بەکۆمەڵ ناخی عێراقییەکان بریندار بکات و هەست بە بەپرسیارێتی بکەن، چونکە هاووڵاتیان عەرەب بوون و لەلایەکی تریشەوە لە کاتی تۆپارانکردنەکەیشدا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنەکان دەگوازراوەیە و ئەمەیش کاریگەری و شوێندانەرییەکی دووهێندەی به‌جێ هێشت. نابێت ئەو ڕاستییە لەبیر بکەین کە بە هۆکاری جۆراوجۆر، کە لێرەدا جێگەی ئاماژەپێدانی نییە، کەمترین پەیوەندیی میدیایی له‌ نێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق هەیە و تەنانەت بەشێکی زۆر لە جیلی نوێ عەرەبی نازانن و بەهۆی کەلتووری زاڵی حوکمڕانیی شۆڤێنییەوە، زۆربەی هەره‌ زۆری عەرەبیش کوردی نازانن و ئەمەیش دابڕانێکی ناسنامەیی-نەتەوەیی و تەنانەت سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵگەیی دروست دەکات.

سێیەم: کاریگەریی شەقام و ڕای گشتی

یەکێکی تر لە فاکتەرەکان ڕۆڵی ڕای گشتی و شەقامی عێراقی بوو، وای کرد کە ئەم ڕووداوە بەرجەستە بکرێتەوە و وا بکات کە کاردانەوەی توندی سیاسەتمەدارانی لێ بکەوێتەوە. ئەزموونی ڕابردوو نیشانی داوە کە زۆربەی کارەساتەکان لە عێراق و لەوانە لە وڵاتانی تریش، ئەگەر میدیا و ڕای گشتی بەرجەستەی نەکەنەوە، ئەوە سیاسەتمەداران کەمترین کاردانەوەیان لە بەرامبەریدا دەبێت. لەم ڕووداوەیشدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتدار و لایەنە سیاسییەکان نیشانی بدەن کە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، لەگەڵ ئاراستەی ڕای گشتی هەڵوێستی توندیان نواند کە ئەم ڕەفتارە سیاسییەی حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان لە مێژووی پاش ساڵی ٢٠٠٣ ئەگەر بێوێنە نەبێت، ئەوا کەموێنەیە.

چوارەم: وەرگرتنی پاڵپشتی و ڕەوایەتیی جەماوەری

لە پاش خۆپێشاندان و  ناڕەزایەتییەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ و پاشان هەڵبژاردنەکانی ١٠-١٠-٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق کە کەمترین ڕێژەی بەشداریی تۆمار کرد و بە جۆرێک خەڵک دەسەڵاتدارانی سزا دا، هەروەها تاوەکوو ئێستا چەندان ڕووداو پێشهاتی سیاسی ڕوویان داوە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ئامادە نەبوون لەسەر پێکهێنانی حکوومەت ڕێک بکەون و، ئەمەیش عێراقی تووشی بنبەستی سیاسی و ناسەقامگیریی زیاتر کردووە. هەر بۆیە ئەم ڕووداوە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان وەکوو هەلێک بیقۆزنەوە بۆ ئەوەی ڕەوایەتیی جەماوەریی زیاتری پێ وەربگرن و لە ڕق و تووڕەییی جەماوەر دوور بکەونەوە و، تەنانەت خۆیان بۆ هەر ئەگەر و گۆڕانکارییەکی سیاسی، بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئامادە بکەن. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئێمە بینەری کاردانەوەی توندی سیاسەتمەدارەکان بین.

پێنجەم: دۆزینەوەی دەرفەتی کەمتێچوو بۆ دەڕبرینی هەڵوێستی سیاسی

عێراق لە ڕابردوودا لە هەمبەر هێرشەکانی تورکیا هەڵوێستی زۆر لاواز و شەرمنانە بووە، هۆکاری ئەمەیش زۆرە کە گرنگترینیان ناکۆکیی ناوخۆیی و نەبوونی سوپایەکی نیشتمانیی بەهێز و پرۆفشناڵ بووە کە سەڕەرای ئەوەی کە پاش ساڵی ٢٠٠٣ سەدان ملیار دۆلاری بەڕاستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە بۆ تەرخان کراوە، بەڵام توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هیچ هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکیی نییە و بەپێی زانیارییە دزەپێکراوکان کە دواتر ڕەت کرایەوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌ نائاسایییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بەئاشکرا ڕاگەیەنراوە کە توانای ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی سوپای توركیایان نییه. ئەمەیش وای کردووە کە حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان لە دەرفەتێک بگەڕێن کە هەم تێچووی کاردانەوەکەی کەم بێت لە بەرامبەر تورکیا و هەمیش پاڵپشتیی جەماوەری و نێودەوڵەتیی هەبێت؛ ئەم جارەیش ئەو دەرفەتە بوو کە سیاسەتمەدارانی پاش 2003 به‌ دوایدا دەگەڕان، بەو تایبەتمەندییانەوە کە دەیانەویست[2]. لێرەوە هەم بە پاڵپشتیی جەماوەر هۆشدارییان دا بە تورکیا و، هەمیش بەهۆی کوژرانی هاووڵاتیانەوە پشتیوانیی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پشتیوانیی نێودەوڵەتییان دەستەبەر کرد.

شەشەم: پێویستیی سیاسییەکان بە دوژمن یاخود دۆزینەوەی نەیاری دەرەکی

ئەم ڕووداوە بەهۆی پشتیوانیی جەماوەرییەوە باشترین دەرفەت بوو کە لایەنە سیاسییەکان لە دوای نەیارێکی دەرەکیدا هاوهەڵوێستی نیشان بده‌ن؛ بەم مانایە کە گۆڕەپانی سیاسی و خودی لایەنە سیاسییەکان، لە پاش ڕووداوە تاڵەکانی ڕابردوو و شکستەکانیان لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش و پاشان لە بەرامبەر چەسپاندنی سەقامگیری و دابینکردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی عێراق، پێویستیان بە دوژمن یاخود لانی کەم نەیارێکی دەرەکی هەبوو. بۆیە ئەمە دەرفەتێک بوو کە یەکگرتوو و هاوهەڵوێست بن و پێویستیان بە "ئەوەی تر"ێکی ناسنامەیی هەبوو کە هەم ڕەوایەتی بە مانەوە و بەردەوامییان بدەن و هەمیش تووڕه‌ییی خەڵک دابمرکێننەوە بەهۆی ئەزموونی لاواز و شکستخواردوویان لە ڕووی حوکمڕانییەوە. بۆیە پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، ئەوە یەکەمین جارە کە دووبارە پێکەوە دەکەونە بەرەیەکەوە؛ بەتایبەت کە ئەم ڕووداوە پاش دابەشبوون و ناکۆکی و ململانێیه‌کی توند دێت لە پاش خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق.

حەفتەم: چەسپاندنی سەروەریی عێراق

خاڵێکی ورد و شاراوە، کە پێویستە وەکوو فاکتەرێکی سەرەکی سەبارەت بەم کاردانەوانە ببینرێت و خوێندەوەی بۆ بکرێت ئەوەیە کە، ئەم ڕووداوە دەرفەتێک بوو بۆ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و، هەروەها حکوومەتی عێراق کە هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لە عێراق بناسێنێت؛ هەرچەندە خۆی لە ڕووی دەستووری و فەرمییەوە هەر وایه‌، بەڵام لە ڕووە پراکتیکییەکەیەوە، بەغدا بە هۆکاری جۆراوجۆر کەمترین دەسەڵات و نفووزی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە هەیە. بۆیە ئەم ڕووداوە دەرفەتێکی زێڕین بوو کە جارێکی تر بە پاساوی بەرگریکردن لە خاک و سەروەریی عێراق، پێداگری لەسەر یەکپارچەییی ئه‌و وڵاته‌ بکرێتەوە و ئەو شوێنەی کە هێرشی کرایە سەر وەکوو ناوچەیەکی عێراقی جەختی لەسەر بکرێتەوە. بۆیە کوژرانی هاووڵاتیانی عەرەب لە هەرێمی کوردستان، پرسی سەروەریی عێراقی هێنایەوە ڕۆژەڤەوە. بۆ نموونە، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فەرمیی عێراقییە (25ی تەممووزی 2022) ڕای گەیاندووە کە: "شاندێکی ئەمنی سەردانی بارەگای فەوجی دووی لیوای یەکی پاسەوانی سنووریان کردووە؛ هەروەها لیوای یەکیش لە ناوچەی باتوفە لە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و، ڕاپۆرتێکیان لەبارەی دۆخی سنووریی عێراق و تورکیا ئامادە کردووە." ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، "پێداچوونه‌وه‌ به‌ ژمارەی بوونی سوپای توركیا لە ناوچەکە كراوه‌" و جه‌ختیشی لە "پێویستیی هه‌بوونی هەماهەنگیی خێرا و هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌". ئه‌لشەمەڕی جەختیشی لەوە کردەوە کە "پلانی تەواو هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی سنوورەکە؛ هەروەها دەخرێتە بەردەم مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و، هەڵسەنگاندنێکی تەواو لەسەر سنوورەکە ئەنجام درا." 

هەشتەم: ڕۆڵی شاراوە و سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ئەزموونی ڕابردوو ئەوەی دەرخستووە کە لە عێراق هیچ ڕووداو و کاردانەوە و تەنانەت سیاسەتێک ناوخۆیی نییە و ڕەهەند و پاڵنەری دەرەکییشی هەیە. لەم ڕووداوەدا کاردانەوەی لایەنە شیعییەکان ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵی شاراوە بەڵام سەرەکی و کاریگەری لەسەر کاردانەوە توندەکانی گرووپە شیعەکان هەیە؛ چونکە ئێران و تورکیا لە سووریا، عێراق، هەرێمی کوردستان، قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست ڕکابەرییان هەیە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم ڕووداوە دەرفەتێک بوو بۆ ئێران کە نفووز و ڕۆڵی تورکیا لە عێراق و بەتایبەتی لەو ناوچەیە (هەرێمی کوردستان) کە ئێران کەمترین نفووزی تێدا هه‌یه‌ لاواز بکات. لە لایەکی تریشەوە ئەمە وەکوو هۆشدارییەک بوو بۆ تورکیا کە ئەگەر تورکیا لە هاوکێشەکانی ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی لە عێراق و سووریا بەرژەوەندییەکانی ئێران نەپارێزێت، ئەوە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لە ڕێگەی ڕای گشتیی ئەو وڵاتانە و لایەنگرانییەوە ڕووبەڕووی تورکیا ببێتەوە یاخود لانی کەم کێشە بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی دروست بکات.[3] جگە لەمانەیش، ئێران و تورکیا لە عێراق و سووریا کێبڕکێیەکی توندی بازرگانی و ئابوورییان هەیە و ئێران چاوی لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕی عێراقه‌ و بە مافی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا کە ئێران هەم نفووزی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی هەیە و هەمیش لە ڕووی کەلتووری و مەزهەبییەوە خاوەن نفووزە، بەڵام تورکیا بازاڕی ئابووریی هەردوو وڵاتی کۆنترۆڵ کردووە. بۆ نموونە، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، پشكی ئێران لە ئابووریی سووریا تەنیا له‌سه‌دا سێیه‌ (٣%)‌، بەڵام توركیا لەسەدا سی (٣٠%)ی بازرگانیی ئەو وڵاتەی گرتووەتە دەست.

لە ساڵی 2017دا گرووپی کردەوەی تایبەتی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند کە لە ساڵی 2012وە کۆماری ئیسلامی 16 ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانیکردنی بەشار ئەسەد و ئەو گرووپانەی کە لە یەمەن و عێراق پشتیوانییان لێ دەکات، خەرج کردووە. لە لایەکی دیکەوە حیشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا لە لێدوانێکی دەگمەندا ڕای گەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا نزیکەی "٣٠ ملیار دۆلار"ی لە سووریا خەرج کردووە. بەڵام لە بەرامبەردا دوایین ڕاپۆرتی ناوەندیی ئاماری تورکیا دەری دەخات کە، ئەو وڵاتە لە ماوەی ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری هەناردەی سووریا کردووە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٠، بە ڕێژەی ٣١% گەشەی کردووە. هەروەها ئامارەکانی ڕێکخراوی گەشەپێدان و بازرگانیی ئێران نیشانی دەدەن کە، لە ماوەی حەوت مانگی ساڵی ٢٠٢١دا کۆی هەناردەی ئێران بۆ سووریا تەنانەت نەگەیشتووەتە ١٠٤ ملیۆن دۆلار. لە لایەکی دیکەوە کۆی گشتیی هاوردەی تورکیا لە سووریاوە لە ماوەی ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ١٣٤ ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا هاوردەی ئێران لەم وڵاتە لە ماوەی ٧ مانگی ٢٠٢١ تەنیا ١٧ ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق ڕای گەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق 9 ملیار دۆلار بووە. ئەمە لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دەزگای ئاماری توركیا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە كە دەری خستووە هاوردەكردنی عێراق لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2022 بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2021، بە ڕێژەی 27% زیادی كردووە و بەهای ئەو كاڵایانە گەیشتووەتە 2.7 ملیار دۆلار.

هەروەها بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە عێراق، فاتح یڵدز، ڕای گەیاندبوو کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەنقەره‌ و بەغدا لە ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢٠دا، ٢٠ ملیار و ٦٦٠ ملیۆن دۆلار بووە. فاتح یڵدز ئاماژەی بەوە دابوو کە "عێراق دوای ھەر یەک لە ئەڵمانیا، بریتانیا و ئەمریکا لە ڕێزبەندی چوارەمدایە لە ھاوردەکردنی کەلوپەلی تورکیا". هەروەها فاتح یڵدز لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠دا، ڕای گەیاندبوو کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لە ساڵی ٢٠١٩دا، ١٥ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. جێگەی ئاماژەیە کە دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل لە قەزای زاخۆ سەر بە پارێزگای دھۆک، دەروازەی سەرەکیی وشکانییە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا. هەر ئەمەیش گرنگیی ڕووداوەکە و سەرەداوی هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی لایەنگری ئێرانمان بۆ زیاتر ئاشکرا دەکات؛ چونکە جگە لەوەی کە ئێران بازاڕی عێراقی دەوێت، لە هەمان کاتیشدا لە لایەک دەیەوێت کۆنترۆڵی عێراق و هەرێمی کوردستانی بکات وەکوو دەروازەی بازرگانیی تورکیا و عێراق و، لەلایەکی تریشەوە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقی وەک دەروازەیەک بۆ گەیشتن بۆ سووریا پێویستە و، هەر ئەمەیش وای کردووە کە سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و سووریا بڵێت: تێچووی گواستنەوە بۆ سووریا زۆرە و بۆ بازرگانی لەگەڵ سووریا دەبێ ڕێگه‌یەکی دوور ببڕدرێت. بەپێی ئامارەکان لە نێوان ٨ بۆ ١٠ لەسەدی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ سووریا. ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و سووریا بە ئاشکرا و زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت: ناوچەکە هی ئێمەیە و دەتوانین زۆرترین سوود لە بازاڕەکەی وەربگرین؛ کە هیوادارم بەم زووانە بەدی بهێنرێت!

سیناریۆ و لێکەوتەکان

یەکەم: هەڵە لە لێکدانەوە و لەکۆنترۆڵدەرچوونی دۆخه‌كه‌

 سیناریۆی یەکەم ئەوەیە کە تورکیا تووشی هەڵەی لێکدانەوە (miscalculation) بووە و بەهۆی خوێندنەوەی هەڵە وەکوو ڕابردوو پێشبینیی ئەو کاردانەوە توندانەی عێراقییەکان و دەوڵەتانی نەکردووە؛ بۆیە بەرپرسیارێتییه‌کەی وەئەستۆ نەگرتووە.

دووەم: هەناردنی پەیام بۆ ئەکتەرەکان

سیناریۆیەکی تر ئەوەیە کە تورکیا دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامە بداته‌ ئێران، کە ئەگەر ڕێگە نەدرێت لە سووریا ئۆپەراسیۆن بکات، ئەوا لە عێراقیش ڕێگە نادات کە ئێران هەژموونی خۆی بسەپێنێت؛ چونکە دوو ڕۆژ دوای لووتکەی تاران و ناڕەزایەتیی ڕووسیا و ئێران لە هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان (سووریا)، لە ڕێکەوتی(21-07-2022) مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاشکرا ڕای گەیاند ؛ "ئێمە بیروڕا ئاڵۆگۆڕ دەکەین، بەڵام بۆ ئۆپەراسیۆن، تورکیا هەرگیز داوای نەکردووە و هەرگیز داوای مۆڵەت ناکات." تەنانەت ئەگەر ئەم سیناریۆیە ڕاست بێت، ئەوە دەکرێت ئەم هێرشەی توركیا پەیامێکیش بووبێت بۆ ئەمریکا کە ئەگەر ڕێگە نەدرێت لە سووریا ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات، ئەوا عێراقیش ناسەقامگیر دەبێت؛ چونکە بەرپرسانی ئەمریکا دژایەتیی وڵاتەکەیان بۆ پلانەکانی تورکیا لە باکووری سووریا ڕاگەیاندووە. بۆ نموونە؛ دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی ١٤-٧-٢٠٢٢ لە کۆڕێکدا لە واشنتۆن گوتی، "ئێمە بەتوندی دژایەتیی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی تورکیا دەکەین بۆ سەر باکووری سووریا و، ناڕەزایەتییەکانمان بەرامبەر بە تورکیا ڕوون کردووەتەوە." ئاماژەی بەوەیش کردووە، "داعش سوود لەو هێرشە وەردەگرێت." هەر بۆیە ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە تارانەوە بۆ ئەنقەرە ڕای گەیاندووە؛ "پێویستە ئەمریکا ئێستا ڕۆژهەڵاتی فوڕات جێ بهێڵێت. ئەمە ئەنجامی پرۆسەی ئاشتیی ئاستانەیە. تورکیا چاوەڕوانی ئەوەیە، چونکە ئەوە ئەمریکایە کە گرووپە تیرۆریستییەکانی دەوێ و بەخێو دەکات. ئەگەر ئەمریکا لەم ناوچەیە پاشەکشە بکات یان دەستبەرداری بەخێوکردن و پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بێت، ئەوکات ئەرکی ئێمە ئاسانتر دەبێت."

سێیەم: دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری لە ڕێگەی لێدان لە ژێرخانی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان

 تورکیا لە قەیرانێکی قووڵی ئابووریدایە[4] و ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن کە ئەم قەیرانە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نەیاری ئەردۆغانی بەهێزکردووە و بەم پێیەیش کاریگەری لەسەر دەنگەکانی ئاک پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ دەبێت کە ئەردۆغان هیوای لەسەر هەڵچنیوە[5]. بەم پێیەیش سیناریۆی سێیەم و بەهێز ئەوەیە کە تورکیا بە بەرنامە لە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بدات و لە ڕێگەی نائەمنکردنی ناوچە گەشتیارییەکان سه‌رنجڕاکێشیی هەرێمی کوردستان لاواز بکات و گەشتیارانی عێراقی ڕاكێشێت بۆ تورکیا، چونکە تورکیا هەرێمی کوردستان وەکوو ڕکابەرێک لەم بوارەدا دەبینێت. بۆ نموونە؛ سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا ڕای گەیاندووە کە، "به‌و پلانه‌ی ئێمه‌ دامان ناوه‌ له ‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵی داهاتوودا، له‌ ساڵی 2020 که‌مترین ڕێژه‌ی گه‌شتیار ڕووی کردۆته‌ هه‌رێمی کوردستان به‌هۆی ئه‌و داخستنه‌ نێوده‌وڵه‌تییەی سەردەمی کۆرۆنا،‌ به‌ڵام له‌ ساڵی 2021 چوار ملیۆن گه‌شتیار زیادی کردووه‌ و، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین به‌ 2019 پێش کۆرۆنا، ڕێژه‌که‌ زیادی کردووه‌؛ ئێمه‌ ئێستا مه‌زه‌نده‌ ده‌که‌ین له ‌کۆتاییی ساڵدا زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن گه‌شتیار ڕوو بکاته‌ هه‌رێمی کوردستان. که‌واته‌ ساڵانه‌ دوو ملیۆن گه‌شتیار زیاد ده‌بێت. به‌و پێیه‌ بێت بۆ ساڵی 2023، ده‌بێت هه‌شت ملیۆن گه‌شتیار، له ‌کۆتاییی 2030 به‌پێی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ی که‌ دامان ناوه‌ نزیک ده‌بینه‌وه‌ له‌ 20 ملیۆن گه‌شتیار، به‌ڵام به‌و به‌رنامه‌یه‌ی که‌ ئێمه‌ دامان ناوه.‌ بۆیه‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌کان و هه‌مه‌جۆرکردنی که‌رتی گه‌شتوگوزار و به‌هێزکردنی ژێرخانی گه‌شتوگوزاری و توانا مرۆیییه‌کان و زیاتر ده‌ستی کاری کوردستانی و که‌مکردنه‌وه‌ یاخود کێبڕکێی نرخ له‌ نێوان ئێمه‌ و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر هه‌تا گه‌شتیار بتوانێت سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات."

لە لایەکی تریشەوە، رۆژی 2021/05/28 ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕاگەیه‌نراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، "تورکیا سەرەڕای هێرشی داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان، دەستی کردووە بە سووتاندنی دارستانەکان و خەریکی داربڕینە؛ بەتایبەتی لەم دوایییانەدا لە مەتین، زاپ، ئاڤاشین و ناوچەکانی دیکە." هەروەها  لە ڕێکەوتی (٢٩-٥-٢٠٢١) سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ڕای دەگەیێنێت کە تورکیا چەند ساڵێکە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا ڕێک کەوتووە بۆ ئەوەی دارستانەکانی ناوچەی جه‌نگ ببڕنەوە، بەو بیانووەی بوونەتە پەناگەی گەریلاکانی پەکەکە. تەنانەت بەپێی ئاماری پارتی سەوزی کوردستان، دەوڵەتی تورکیا ٣ ملیۆن داری بڕیوەتەوە کە زۆربەیان بەتەمەنن و لە دەڤەری بادینان سروشت قڕ دەکات. هەروەها ڕێڤینگ هرووری، سەرۆکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: "ڕۆژی 24-10-2021 چەند وێنەیەکمان لە سەرچاوەیەکی سه‌داسەد پشتڕاستکراوە بەدەست گەیشتووە، کە دەری دەخات تورکیا جارێکی دیکە دەستی کردووەتەوە بە بڕینی داری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان."

لە لایەکی تریشەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕووداوەکەی گوندی پەرەخێ، لە ڕێکەوتی ٢١-٧-٢٠٢٢دا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕای گەیاندووە کە "لە مانگی 6ی ساڵی ڕابردوو، تورکیا دوو بارەگای سەربازیی لە خامکیر و گرێکوخێ لە پشت گوندی پەرەخێ دروست کرد؛ 11 گوندیان لەو سنوورە بە دانیشتووانەکانیان چۆڵ کرد، هێزی تورکیا چوونە نێو گوندی پەرەخێ و داوای چۆڵکردنی گوندەکەیان کردبوو، بەڵام خەڵکەکەی کە 30 خێزانن ڕەتیان کردەوە. لە 15ی حوزەیران تورکیا دەوروبەری گوندی پەرەخێی بۆردومان کرد و، دوو گوندنشین بە ناوەکانی "نەزیر عومەر" و "محەمەد نەزیر" بریندار بوون؛ خەڵکی گوندەکە هەر گوندەکەیان جێ نەهێشت. بۆیە دوێنێ تورکیا چوار تۆپی لە چیای خامکیرەوە ئاراستەی شوێنە گەشتیارییەکەی ناو پەرەخێ کرد، تا ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو ببێتەوە. لە دوێنێوە خەڵکی گوندەکە کۆچ دەکەن."

ئەگەر ئەم هێرشانە و بۆردوومانی بەردەوامی ناوچە گەشتیاری و شاخاوییەکان و هەوڵی چۆڵکردنی گوندەکان لە پاڵ بڕینەوەی دارەکان دابنێنی، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم سیناریۆیە لە پاڵ ئامانجەکانی تری تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی بەهێزە.

چوارەم: داڕمانی سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمی کوردستان و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی

 پرسی بایکۆتی کاڵای تورکیا[6] لە قازانجی ئێرانە و پرسی ڕاگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکان یاخود وەکوو ئەوەی موقتەدا سەدر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای کردووە کە سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ وشكانییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا دابخرێن، زیانی ڕاستەوخۆ بە هەرێمی کوردستان دەگەیه‌نێت و ئەمەیش هەم لە قازانجی عێراق و هەمیش کۆماری ئیسلامییە؛ تەنانەت ئەگەر ڕایش نەگیرێت، بەڵام ئاڵوگۆڕەکان کەم و لاواز بکرێت. ئەوە هەم پێگەی جیۆئێکۆنۆمی و جیۆسیاسیی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات و هەمیش سەرچاوەیەکی داهاتی هەرێمی کوردستان وشک دەکات لەم قەیرانە ئابووری و دارایی و خۆراک و سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵاوسانەدا کە بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا هەموو جیهانی گرتۆتەوە و؛ هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ئابڵووقەکانی بەغدا و بڕینی بوودجە و بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی لە دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان  لە ڕێکەوتی ١٥-٢-٢٠٢٢ و بڕیارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە دژی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستان کار و چالاکییان هەیە، لە گوشار و پاڵەپەستۆیەکی بێوێنەدایە.

پێنجەم: کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاسایشی و سەربازییەوە و گەڕانەوەی ناچاریی کورد بۆ بەغدا

سیناریۆی شاراوەی پێنجەم ئەوەیە کە ئەم هێرشە و هێرشەکانی ڕابردوو بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان وا بکات کە، هەرێمی کوردستان پەنا بباتە بەر عێراق بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە هێرشی سەربازیی تورکیا. بۆیە ئەمە یەکێک لە لێکەوتە خراپ و مەترسیدارەکانە کە وا بکات سوپای عێراق لەم ڕێگەیەوە سنوورەکان کۆنترۆڵ بکات و لە داهاتوویشدا لە هەر ئەگەرێک دەروازە سنوورییەکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و تەنانەت مەترسی بۆ کەرتی وزە و گواستنەوەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیش دروست بکات. ئەم سیاسەتە هەم بە قازانجی تورکیایە و هەمیش عێراق و ئێران. لە ڕاستیدا تورکیا ئەم سیناریۆیە لە سووریایش لە هەمبەر ڕۆژاوای کوردستان لە ڕێگەی هێرشەکانییەوە پیادە دەکات؛ بەم واتایەی کە ئەگەر دژایەتیی توند نەکرێت، ئەوا هێرش دەکات و لە کاتی دژایەتیی توند یان ئەوەی کە کوردەکان پەنا ببەنە بەر ڕووسیا و سووریا و ئێران بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی بەشار ئەسەد، ئەوا لە هەردوو سیناریۆدا تورکیا قازانج دەکات و دەسەڵاتی خۆسەر لەناو دەبات یاخود لە ناوەڕۆک دای دەماڵێت و مەترسییەکانی دوور دەخاتەوە و دەگاتە ئامانجەکانی. بۆیە لێكچوونێك لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەبینرێت و ئەمەیش هەڕەشەیه‌ بۆ سەر مانەوە و بەردەوامی و بکەرایەتی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەگشتی بە واتا فرەڕەهەند و فراوانەکەی. تەنانەت ئێرانیش لە هەردوو دۆخی ڕۆژاوا و هەرێمی کوردستان، کە لە سووریا و عێراق دەسەڵاتی ناوەندی بگەڕێتەوە، قازانج ده‌كات.

کۆبەند

تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ دەتوانێت هەم هەڕەشە بێت و هەمیش دەرفەت، بە مەرجێک هەموو سیناریۆ و پاڵنەر و لێکەوتەکانی بخوێنینەوە، خۆی بۆ ئامادە بکەین و تەنانەت کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرین. باشترین میکانیزمیش بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە سنووری ناکۆکی و ململانێ لە لایەک و هاوکاری و هەماهەنگیی تورکیا و ئێران لە لایەکی دیکەوە، دەستنیشان بکات و لێیان تێ بگات بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرامبەریاندا هێزیان هاوسەنگ بکاتەوە.

 

[1] - هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە سوپای تورکیا بە قووڵاییی (١٠٥) کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بێت و زیاتر لە (١٠٥) بارەگا و بنکەی سەربازیی هەبێت؛ هەروەها زیاتر لە چوار هەزار سەربازی لەناو خاکی عێراقدا هەیه‌ و، زرێپۆش، تانک، تۆپ، کۆپتەر و چەندان جۆری تەقەمەنی و چەکی سووکیان لەگەڵ خۆیاندا جێگیر کردووە.

[2] - بۆ نموونە، گرووپەکانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا ده‌ڵێن: "حكوومه‌تی عێراق پابه‌ند ده‌كه‌ین به‌وه‌ی كه‌ بچێته‌ نێو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆماری عه‌ره‌بی، كۆنگره‌ی ئیسلامی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی سكاڵا تۆمار بكات، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و هێرشه‌ به‌ڵكوو له‌سه‌ر بوونی ناشه‌رعی و نایاساییی هێزه‌كانی توركیا، كه‌ وه‌زیره‌كان و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان كه‌ له‌ په‌رله‌مان میواندارییان كرا، ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ نزیكه‌ی چوار هه‌زار سه‌ربازی توركیا له‌ عێراقدان و زیاتر له‌ 100 خاڵی سه‌ربازی هه‌یه‌ و پێنج بنكه‌ی سه‌ربازییش هه‌یه‌، به‌كاری ده‌هێنێت بۆ نیشتنه‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ری جه‌نگی. پێویسته‌ توركیا كۆتایی به‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی بهێنێت و داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین هه‌موو كارته‌كانی خۆی له ‌ڕووی سیاسی، ئه‌منی و ئابووری بۆ كۆتاییهێنان به‌ داگیركاریی توركیا به‌كار بهێنێت."

[3] - بۆ نموونە، ئه‌حمه‌د سه‌حاف وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕایگه‌یاند، دوو بژارده‌ له‌ به‌رده‌م حكوومه‌تی عێراقه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی توركیا؛ یه‌كێك له‌ بژارده‌كانیش به‌كارهێنانی كارتی ئابوورییه‌. سه‌باره‌ت به‌ كارتی گوشاری عێراق بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توركیا، ئه‌حمه‌د سه‌حاف باسی له‌وه‌ كرد: "دوو هه‌نگاو هه‌یه‌ له ‌به‌رده‌م سه‌رۆكوه‌زیران: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ به‌كارهێنانی كارتی ئابووری، هه‌نگاوی دووه‌میش له ‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانیكردنیه‌تی بۆ باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ ئه‌منییه‌كان و گفتوگۆیه‌كی ئه‌منی به ‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی ژێرخانی سه‌ربازی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان".

[4] - رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی تورکیا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەرزترین ئاستی لە ماوەی 24 ساڵدا تۆمار کرد و گەیشتە 73.5%، ئەمەیش بەهۆی جه‌نگی ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی نرخی وزە و داڕمانی لیرە بووە. ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 24 ساڵی ڕابردوودا، بە بەرزبوونەوەی ساڵانەی 94.19% و بەرزبوونەوەی مانگانە بە ڕێژەی 4.03% لە مانگی ڕابردوودا (حوزەیران). هەروەها تێچووی گواستنەوە بە ڕێژەی 5.16% زیادی کردووە، تێچووی خانووبەرە بە ڕێژەی 5.06%، تێچووی کەرتی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و کاتبەسەربردن بە ڕێژەی 4.55%، خۆراک بە ڕێژەی 3.79%، چاودێریی تەندروستی بە ڕێژەی 3.72%، کەلوپەلی ناوماڵ بە ڕێژەی 3.57% و، جلوبەرگ بە ڕێژەی 2.12% زیادی کردووە. جگە لەمانەیش، زیادبوونی تێچوو لە گرووپی سووتەمەنی و وزە 15.11، خۆراک 10.34، ماددە کیمیایییەکان 8.06، قوماش 6.57، کەرەستەی پرۆسێسنەکراو 33.5 و گرووپی بیناسازی 3.52% بووە بە بەراورد بە مانگی ئایار، هەروەها گرووپی کانگه‌کان 100% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لیرەی تورکی ئەمساڵ ٤٥٪ی بەهاکەی لەدەست داوە.

[5] - بۆ نموونە؛ ڕاپرسییەکەی میترۆپۆل ڕیسێرچ دەری دەخات ڕێژەی ڕەزامەندی لە ئەردۆغان کە 19 ساڵە لە پۆستەکەیدایە و دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردن ببێتەوە، گەیشتووەتە 38.6%؛ واتە کەمترین ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٥وە.

[6] - بۆ نموونە؛ فیراس ئەلحەمدانی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی بەغدا به‌ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، داوا ده‌كات كاڵا و کەلوپەلی تورکی له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ نه‌كڕدرێت، له‌ كاتێكدا ئێستا قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕكردنی كه‌لوپه‌ل له‌ نێوان عێراق و توركیا 20 ملیار دۆلاره‌ و، پێویسته‌ بایكۆتی ئه‌و وڵاته‌ بكرێت. ده‌یشڵێت، داوا لە سەرۆکی فیدراسیۆنی گشتیی ژووری بازرگانی كراوه‌، ڕێنمایی دەربکات بۆ هەموو ژوورەکانی بازرگانی لە سەرانسەری پارێزگا‌کاندا بۆ بایکۆتکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا. سەرۆکی ژووری بازرگانیی بەغدا گوتیشی: "قەبارەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا ساڵانە دەگاتە 20 ملیار دۆلار و بایکۆتكردنیشی زیان بە ئابووریی تورکیا دەگەیەنێت و پەیامێکی بەهێز دەنێرێت کە عێراق توانای هەیە بۆ بایکۆتکردنی ئەو بەرهەمانە لە وەڵامی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی تورکیا".

 

 

 

Latest from پەرویز ڕەحیم