مەترسییەكانی  نەبوونی ھێزێكی یەكگرتوو لە  كوردستان  

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

ماوەیەكە ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی ده‌وڵه‌تە گەورەكان، بەتایبەتیش ئەمریكا و ده‌وڵه‌تە ئەوروپییەكان، سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی كورد کۆ دەبنەوە. یەكێك لە خاڵە گرنگەكان كە لە زۆربەی گفتۆگوكاندا باسی لێوە دەكرێت، پرسی  "یەكگرتن و یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە"یە. لە زۆربەی سەردانی شاندە بیانییەكان بۆ ھەرێمی کوردستان، ھانی سەركردەكانی كورد دەدەن كە پەلە بكەن لە دروستكردنی ھێزێكی یەكگرتوو لە كوردستاندا؛ بە شێوەیەك كۆتایی بە ھێزی حزبی و فرەھێزی بھێنرێت. شایانی باسە لە ساڵی 2017  ئەمریكا، ئەڵمانیا و بریتانیا پلانێكی 35 خاڵییان پێشكەش بە ھەرێم كردووە بۆ چۆنێتیی یەكگرتنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگه‌؛ لەم ڕووەوە، ھاوپەیمانان بەڵێنیان داوە یارمەتیی ھەرێم دەدەن بۆ ئەوەی ھێزێكی سەربازیی بەتوانا و دامەرزاوەیی لە كوردستان دروست بكرێت؛ بە شێوەیه‌ك بتوانێت بەرگری لە ئاسایش و قەوارەی ھەرێمی کوردستان بكات.

لە بەردەوامیی پێداگریی ھاوپەیمانان بۆ یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە، لە 2ی ئاداری 2023 سەرۆكی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ماثيو ماكفارلان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی کوردستان كۆ بووەوە. لەو سەردانەدا بەرپرسی ھێزی ھاوپەیمانان دوای كرد كە ھەوڵەكان چڕتر و خێراتر بكرێن بۆ ئەوەی لە كوردستان ھێزێكی یەكگرتوو دروست ببێت و كۆتایی بە فرەھێزی بھێنرێت. بە ھەمان ئاراستەیش، لە كاتی سەردانی برێت ماكگورك، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە 16ی كانوونی دووەمی 2023 بۆ كوردستان و دانیشتنی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی هەرێم، داوای كردووە كە كە كێشە ناوخۆیییەكانیان چارەسەر بكەن و كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بھێنن، كە زیانی زۆری ھەبووە بۆ پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەكی.  ھەروەھا، ئەمریكا ھانی بەرپرسانی كوردی داوە كە ھەنگاوەكانیان خێراتر بكەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرم لەناو وەزارەتی پێشمەرگە و، ھەوڵ بدرێت ھێزێكی یەكگرتوو لە كوردستان دروست بكرێت. بە ھەمان ئاراستەیش، داوایان لە بەرپرسەكانی كورد كردووە كە  ڕێز لە پڕۆسەی دیموكراسی بگرن و، كار بكەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستان.

هەروەها، لە نوێترین سەرداندا، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، لە 7ی ئاداری 2023  گەیشتە ھەوڵێر و لەگەڵ بەڕێز مەسعوود بارزانی و سەرۆكی ھەرێم كۆ بووەوە. لە دیدارەكاندا زۆر پرس و كێشەی پەیوەست بە ھەرێم و ناوچەكە باس كران. لەم ڕووەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بەیاننامەیەكی سەبارەت بەو سەردانە  بڵاو كردووە و، تێیدا جەختی لەسەر كۆمەڵێك خاڵ كردۆته‌وه‌. لە بەیاننامەكەدا ھاتووە كە، ئەمریكا پابەندە بە بەردەوامیی ھاوبەشی و دۆستایەتیی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا. لەم ڕووەوە، ئەمریكا پاڵپشتیی كوردستانێكی سەقامگیر، گەشەسەندوو دەكات وەك بەشێك لە عێراقی فیدڕاڵ. ھەروەھا،  وەزیری بەرگریی ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌، كە ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەمێننه‌وه‌ لەسەر داخوازیی حكوومەتی عێراق بۆ پێشكەشكردنی ڕاوێژ و پاڵپشتیكردنی ھێزەكانی عێراقی؛ لەوانەیش ھێزەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. لە ھەموویان گرنگتر ئەوە بووە كە ئەمریكا  داوای لە بەرپرسانی كورد كردووە كە پەلە بكەن بۆ یەكخستن و یەكگرتنی ھێزەكانی پێشمەرگە. لەم ڕووەوە، بەیاننامەكە باسی ئەوە دەكات كە ئەمریكا یارمەتیدەر و پاڵپشتیكەر دەبێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكتیگەیشتندا كە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن واژۆ كراوە، ھێزەكانی پێشمەرگە یەك بخرێن.

بۆچی گرنگە ھێزەكانی پێشمەرگە یەك بگرن؟

ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، بۆچی بەرپرسانی بیانی، بەتایبەت ھاوپەیمانان بەردەوام جەخت لەسەر پرسی یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە دەكەنه‌وه‌؟ بۆچی بەردەوام پرسی یەكگرتنی ھێزی پێشمەرگە، بووه‌تە یەكێك لە خاڵە ھەرە گرنگەكانی گفتۆگوی نێوان بەرپرسانی كورد و ئەمریكا؟ بایەخ و گرنگیی یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە لە چیدایە؟ ڕاستییه‌كه‌ی، پرسی ھەبوونی ھێزێكی یەكگرتوو بۆ ھەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و، فاكتەریكی  یەكلاكەرەوەیە بۆ پاراستنی كیان و قەوارەی ھەرێمی كوردستان. ھەبوونی ھێزێكی یەكگرتوو و كۆتاییهێنان بە دیاردەی فرەھێزی، لە زوو ڕووەوە دەبێتە هۆی بەھێزكردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان:

یەكەم، ھەبوونی ھێزێكی یەكگرتوو و سەرتاسەری دەبێتە ھۆكارێكی سەرەكی بۆ كۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی ھێزە سیاسییەكان و كەسە دەستڕۆیشتووەكان لە دەرەوەی یاسا لە كاروباری حكوومەتدا؛ ھەروەھا ڕێگری دەكات لە بەكارھێنانی دامەزراوەكانی حكوومەت لەلایەن كەسە حزبییەكانه‌وه‌ بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان؛ ئەمە بەدەر لەوەی دەبێتە فاكتەرێك بۆ بەھێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی لە ھەرێمی كوردستان و بەھێزكردنی دامەزراوەكان. دووەم، یەكێك لە فاكتەرە ھەرە گرنگەكان كە وای كردووە ده‌وڵه‌تانی دەوروبەر دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ھەرێم بكەن یان ناسەقامگیری لە كوردستان دروست بكەن، دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی فرەھێزی لە كوردستان. تەنانەت لە زۆر كات و قۆناغی ھەستیاردا، وەك ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، ھەبوونی دوو ھێز زیانی گەورەی لە قەوارە و پێگەی ھەرێم داوە و، بگرە ھەبوونی ھەرێمی خستووەتە بەردەم مەترسیی ڕاستەقینە. گومانی تێدا نییە ئەگەر ھەرێمی کوردستان ھێزێكی یەكگرتووی ھەبوایە، بەغدا و ئێران بە ھاوكاریی چەند كەسێكی حزبی، نەیاندەتوانی نیوەی ھێزەكانی پێشمەرگە لە دەرەوەی فەرمانی حكوومەتی ھەرێم لە سەنگەرەكان بكشێننەوە و بەو شێوەیەیش نیوەی خاكی كوردستان داگیر بكرێت!

سێیەم، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، یارمەتی و پاڵپشتیی ھاوپەیمانان بۆ ھەرێم، لە چوارچێوەی ئەو ھەوڵانەدایە كە دەبێت ھەرێم ھێزێكی دامەزراوەیی لە كوردستان دروست بكات. كەواتە ھەنگاونەنان بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە یەك بخرێت، دەبێتە ھۆی لەدەستدانی پاڵپشتیی دەرەكی و ده‌وڵه‌تە ھاوپەیمانەكان. بەپێچەوانەیشەوە، دروستكردنی ھێزێكی یەكگرتوو، متمانەی ھاوپەیمانەكان بە ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە زیاتر ده‌كات و لە ڕووی سەربازییەوە زیاتر یارمەتیی كورد دەدەن.

چوارەم، بەشێكی زۆری ئەو گەندەڵییەی كە لە كوردستان دەكرێت، بەتایبەت لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكان یان لە ناوخۆی ھەرێم، پەیوەندیی ھەیە بە نەبوونی ھێزێكی یەكگرتوو كە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو گەندەڵییانە ببێتەوە. كەواتە یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵی بكرێت و ئاسایشی ھەرێم پارێزراو بێت. پێنجەم، یەكێك لە فاكتەرە ھەرە گرنگەكان بۆ ئەوەی دیاردەی دووئیدارەیی نەمێنێت و كۆتایی بە فرەزۆنی بھێنرێت، دیسان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە یەكگرتنی ھێزەكانی پێشمەرگەوە ھەیە و بەبێ ئەو یەكگرتنە، قسەكردن لە كوردستانێكی بەھێز و یەكگرتوو ھیچ مانایەكی نییە و ھەرگیز ناتوانێت كوردستانێكی بەھێز دروست بكرێت؛ ئەمە بەدەر لەوەی كە ھەبوونی ھێزێكی دامەزراوەیی، دەبێتە فاكتەرێك بۆ به‌تواناتربوونی ھێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی بتوانن باشتر ڕووبەڕووی ھەڕەشەكان ببنەوە.

مەترسییەكانی نەبوونی ھێزێكی یەكگرتوو

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، دیاردەی فرەھێزی و نەبوونی ھێزی دامەزراوەیی، كاریگەرییه‌كی زۆر خراپی لەسەر ئاسایشی وڵاتان ھەیە. ئەو وڵاتانەی بەدەست دیاردەی فرەھێزی و ھێزه‌حزبییەوە دەناڵێنن، بەردەوام تووشی جه‌نگی ناوخۆ و قەیرانی گەورە دەبن و ھیچ كات نه‌یانتوانیوه‌ وڵاتێكی بەھێز، سەقامگیر و یەكگرتوو دروست بكەن و، ھەموو كات مەترسیی گەورە لەسەر ئەو وڵاتانە دروست بووە. سەبارەت ھەرێمی كوردستان، ھەبوونی ئەو دیاردەیە لە زۆر ڕووەوە زیانی گەورەی ھەبووە و زۆر حاڵەتیشدا مەترسیی گەورەی بۆ سەر كیان و قەوارەکەی دروست كردووە و لە داھاتوویشدا، دەكرێت مەترسییەكان زۆر گەورەتر بن لەوەی كە ئێستا ھەیە، ئەگەر كار نەكرێت بۆ یەكگرتنی ھێزەكانی پێشمەرگە. بەكورتی مەترسییەكانی دیاردەی فرەھێزی لە كوردستان،  دەكرێت لەم خاڵانەدا كورت بكەینەوە:

یەكەم، تۆخبوونەوەی پرسی دوو زۆن و دوو ئیدارە لە كوردستاندا، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی ھەیە بە ھەبوونی ھێزی حزبی لە كوردستاندا. ھەر ئەمەیش وای كردووە كە بڕیارەكانی حكوومەت وەك پێویست لە ھەموو كوردستان جێبه‌جێ نەكرێن. تەنانەت مەترسیی ئەوەیە ھەیە كە فرەھێزی، كوردستان بەرەو دابەشبوونێكی ڕاستەقینە ببات، ئەگەر پەلە نەكرێت لە یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە. بەتایبەت لەگەڵ توندبوونەوەی ناكۆكییە حزبییەكان، مەترسیی پێكدادانی سەربازییش زیاتر دەبێت، چونكە زۆربەی ھێزە چەكدارەكان فەرمانەكان لە حزب وەردەگرن نەك دامەزراوە فەرمییەكان. بۆ نموونه‌ یەكێك لە ھۆكارەكانی جه‌نگی ناوخۆ لە كوردستان، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو فاكتەرەوە ھەبووە؛ ئەگەر لە دوای ساڵی 1991 ھێزێكی یەكگرتوو دروست بكرابایە، ھەرگیز جه‌نگی ناوخۆ دروست نەدەبوو؛ ئێستایش شتێك نەدەبوو بە ناوی دوو-ئیدارەیی یان دوو-زۆنی. ھەروەھا وەك ئاماژه‌یشمان پێ كرد، ئەگەر ھەرێمی کوردستان ھێزێكی دامەزراوەییی ھەبوایە، ھەرگیز ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ڕووی نەدەدا. كەواتە ناتوانین باسی زۆنێكی كوردستانی یان قەوارەیەكی یەكگرتوو  و بەھێز بكەین، ئەگەر ھێزێكی یەكگرتوو نەبێت.

دووەم، تەشەنەكردنی دیاردەی گەندەڵی و دیارەی قاچاخچێتی لە كوردستان، بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەكان، پەیوەندیی ڕاستەۆخۆی ھەیە بە ھێزی چەكداری حزبییەوە. دیارە بەڵگەكان زۆرن كە كەسە دەستڕۆیشتووەكان لە كوردستان ھێزی چەكدار بەكار دەھێنن بۆ خۆدەوڵه‌مەندكردن، گەندەڵی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی تایبەت لەسەر حسابی خەڵك و بەرژەوەندیی نەتەوەیی. لە پانێلێكدا لە "زانكۆی كوردستان" لە دھۆك، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێم، باسی ئەوەی كرد كە حكوومەت پلانی ھەبووە، بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵیی دەروازە سنوورییەكان ھێزی ھاوبەش بڵاوە پێ بكەن. بەڵام  "سەركردەكانی یەكێتی" ھەڕەشەی ئەوەیان كرد ئەگەر ئەو ھێزە بڵاوە پێ بكرێت، جه‌نگی ناوخۆ ڕوو دەدات. ئەمەیش مانای وایە تاكوو ھێزی حزبی ھەبێت، ناتوانین باس لە شەفافییه‌ت و دژایەتیكردنی گەندەڵی بكەین.

سێیەم، یەكێ لەو فاكتەرە گرنگانه‌ی كە بەردەوام پاڵپشت بووە بۆ ھەرێمی كوردستان و پاراستنی قەوارەی ھەرێم، فاكتەری ئەمریكی و دۆستەكانی كورد بووه‌. لە زۆر كاتی تەنگانەدا هاوپه‌یمانانی كورد یان هه‌رێم یارمەتیی كوردیان داوە. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، خەریكە هاوپه‌یمانانی كورد متمانەیان بە ھەرێم لاواز دەبێت؛ بەتایبەت كه‌ سەرەڕای گوشار و ھەوڵەكانیان، نەتوانراوە وەك پێویست ھەنگاو بۆ یەكگرتنی ھێزەكانی پێشمەرگە بهاوێژرێت؛ بەتایبەت یەكێك لە خاڵە ھەرە گرنگەكان كە بەردەوام ده‌وڵه‌تە ھاوپەیمانەكان و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەسەر دەكەنه‌وه‌ ئەوەیە، دەبێت ھەرێم ببێتە خودان ھێزێكی یەكگرتوو و، دەبێت دیاردەی فرەھێزی كۆتاییی پێ بێت.

تەنانەت یەكێك لە خاڵە ھەرە گرنگەكانی یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ ھێزی پێشمەرگە ئەوەیە، دەبێت بەرپرسانی كورد كار بكەن بۆ ئەوەی ھێزێكی یەكگرتوو لە ھەرێم دروست بكرێت. بۆیە مەترسیی گەورە ئەوەیە، ئەگەر بەرپرسانی ھەرێم پەلە نەكەن لە دروستكردنی ھێزێكی یەكگرتوو، لەوانەیە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەمریكا پاڵپشتییەكانی بۆ ھەرێم ڕابگرێت. تەنانەت لەوانەیە پاڵپشتیی دەرەكی بۆ ھەرێم زۆر كەم ببێت یان ھەر نەمێنێت. بێ گومان لە ئەگەری نەمانی پاڵپشتیی دەرەكی و ھاوپەیمانان، كوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەكی یەكجار گەورە دەبێته‌وە.

شەشەم، لاوازبوونی پێگەی ھەرێم بەرامبەر بەغدا و تەنانەت ده‌وڵه‌تە دراوسێیەكان، دیسان پەیوەندیی ھەیە بە دیاردەی فرەھێزییەوە. بەداخەوە، ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و تەنانەت بەغداش، زۆر جاران سوودیان لە ھەبوونی ھێزی چەكداری حزبی لە ھەرێم وەرگرتووە و بۆ بەرژوەندیی خۆیان بەكار ھێناوە! ئەوەی ئەو مەترسییە زیاتر دەكات ئەوەیە كە، لە كاتی زیاتربوونی ناكۆكییە حزبییەكان لایەنێك بۆ بەھێزكردنی پێگەكەی، پەنا دەباتە بەر لایەنی دەرەكی و تەنانەت ئامادەیە سازشی گەورەیش لەسەر خاك و وڵاتی خۆی بكات بۆ ھەندێ بەرژەوەندیی تایبەت. بەداخەوە بە درێژاییی مێژوو، ده‌وڵه‌تە داگیركەرەكان توانیویانه‌ سوود لەو فاكتەرە ببینن و دژی كورد بەكاری بھێنن! ھەفتەم، ھەبوونی دیاردەی فرەھێزی لە كوردستان و ئاراستەكردنیان لەلایەن كەسەكان لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان، بووه‌تە ھۆی لاوازكردنی دامەزراوەكانی ھەرێم و پڕۆسەی دیموكراسی. ناكرێت لە وڵاتێكدا باسی دیموكراسی و بەھێزیی دامەزراوەكانی دەوڵه‌ت بكەین، ئەگەر تیایدا دیاردەی فرەھێزی یان ھێزی چەكدار ھەبێت و حكوومەت دەسەڵاتی بەسەرەوە نەبێت. چونكە، زۆربەی جار ھێزی چەكداری بۆ دژایەتیی پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی بەكار دێت.

بەگشتی دروستكردنی ھێزێكی یەكگرتوو و دامەزراوەیی، ھەرێمی كوردستان بەھێز دەكات و دەتوانێت ببێتە فاكتەرێك بۆ پاراستنی قەوارە و كیانی ھەرێمی كوردستان. بەپێچەوانەیشەوە، دیاردەی فرەھێزی و ھێزی حزبی، مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش، قەوارەی ھەرێمی کوردستان و پڕۆسەی دیموكراسی. بۆیە دەبێت ھەموو ھەوڵێك بدرێت كە ھێزێكی یەكگرتوو لە كوردستان دروست بكرێت. بێ گومان دروستكردنی ئەو ھێزەیش ئیرادەیەكی سیاسیی بەھێز و نیشتمانپەروەری دەوێت، چونكە زۆر كەس و لایەنی ناوخۆیی و دەرەكییش ھەن، بە یەكگرتنی ھێزەكانی پێشمەرگە لە بەرژەوەندییان دەدرێت و ھەموو ھەوڵێك دەدەن ڕێگری لەو پڕۆسەیە بكەن.