ماف، دەوری تاک و پرسی ڕیفراندۆم

لە سیستەمی دیموکراسی و حوکمڕانییەکەیدا، کاتێک حکوومەت نەتوانێت پرسێکی گشتی یەکلا بکاتەوە، ئەوەتا بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی چارەنووسساز، ڕاستەوخۆ بۆ ڕا و بڕیاری هاووڵاتیانی دەگەڕێتەوە و، ئەوانیش بە "بەڵێ" یان "نا" دەوری یەکلاکەرەوە دەگێڕن. لە ئاکامی هەنگاوێکی وادا، گۆمی سیاسەت دەشڵەقێنن و بڕیارێکی سیاسی دەدەن.

کاتێک باسی ڕیفراندۆمە، باس لە دەوری تاک بە گشت ڕەنگەکانییەوە دەکرێت، کە چۆن بەشداریی سیاسی بکات. ئەمە بەرزترین ئاستی بەشداریی ڕاستەوخۆی سیاسی و کارتێکەرییەکەیتی لە شەتڕەنجی سیاسیی وڵاتێک و ده‌ڤه‌ره‌کەیدا.

لە کۆی تاکەکانەوه‌ گشت چێ دەبێت و بڕیاری زۆرینە دەدرێت. ئەمە بە دیموکراسیی ژمارەییش ناوی دەرکردەوە و زۆرینە بەبێ ئەوەی کەمینە ڕازی بکات، بڕیار دەدات. بۆ هەرێمی کوردستانیش هەر ئاوا دەبێت. ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، دەور و گرینگیی تاک لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا دەردەخات و لە مێژووی نەتەوەی کورددا، ئەمە یەکەمین هەنگاو دەبێت، کە کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئەو بەشەی کوردستان، ڕاستەوخۆ و بەڕەسمی بڕیاری ژیانیی خۆیان دەدەن. لە دۆخێکی وادا، ئاکامی ڕیفراندۆم کۆدەنگییەک دەبێت و، دەکرێت داهاتووی لەسەر ڕۆ بنرێت. ڕیفراندۆم، کۆدەنگی و پێشمەرجە بۆ سەرکەوتن.

ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان، بە تەنیا پرسی چەند حزب یان چەند کەسێک نییە، بەڵکوو تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگەیە دەگرێتەوە، چونکە ئەوە مافی ئەوانە. کاتێک باس لە ڕیفراندۆم دەکرێت، بێشک تاکی یاساییی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت و، بڕیاربەدەست دەبێت. ڕیفراندۆم، سنووری حزب، ڕەنگ، نەتەوە، ئایین و مەزهەب دەبەزێنێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە چارەنووسی (تاک)ەکانەوە هەیە. لەو دیموکراسییە ڕاستەوخۆیەدا، هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە پرسەکە یەکلا دەکەنەوە. هەر بۆیە، بەجەماوەریکردنی هزری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، یەکەمین هەنگاوی ئەو پرسە گرینگەیە.

باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لەو بەشەی کوردستان بەگەرمی لە گۆڕیدا بووە و، لە یادگه‌ی هاووڵاتیانیدا جێگەی خۆی کردۆتەوە و پێشینەیەکی سەرکەوتووی هەیە. لە (٣١/١/٢٠٠٥)دا و لە ڕیفراندۆمێکی ناڕەسمیدا، (٩٨.٧٦%)ی هاووڵاتیان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. لەو سەردەمدا، سەرەڕای گشت کێشەكان و جیاوازیی ناوخۆیی، گرفتەکان وەلاوە نران و ڕیفراندۆمە ناڕەسمییەکە وەکو سەیوانەیەک توانی گشت ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە.

ئەو هەنگاوە هزری و سیاسییە بەرهەمێکی بەهێزی لێ کەوتەوە؛ ناهەموارییەکانی تەخت کردن و فێری ئەوەیشی کردین، کە پرسەکان لە کۆمەڵگەدا پۆلێن بکەین و، گرینگی بە پرسە چارەنووسسازەکان بدەین. ڕیفراندۆمەکە ئەو پەیامەیشی بە گوێی ناوچەکەدا چرپاند کە چیمان دەوێت، بۆیه‌ دەرفەتی هەڵخلیسکانی سیاسی و نامۆ بە ڕیفراندۆمێکی دیکەی نەهێشتۆتەوە، کە لە کاتی ئێستادا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە ناوخۆ، بچێتە ژێر پرسیارەوە.

بەڵام سەرەڕای ئەم ئەزموونە گشتگیرە، هەر ئێستا لە ناوخۆ هەندێک دەنگی ناشاز هەن کە دەخوازن ڕووبەڕووی هزری ڕیفراندۆم ببنەوە، هاوکاتیش لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە بەغدایش ئەو بەرهەڵستکاری و تەنانەت ئەو هەڕەشەیەیش هەست پێ دەکرێت، کە ڕووی لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەلام ئەوان دەبێ ئەوە بزانن، کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان "هێلکە نین" کە بە زەبرێک بشکێن و "ئەوانیش بەرد نین." لەم پرسە ژیانییەدا، تاک وەکو جۆگە وایە، کە بوو بە کۆ، دەوری لافاو دەگێڕێت و بەری پێ ناگیرێت. سڕ و هێزی ڕیفراندۆمیش ڕێک لەوەدایە.

ئەو لافاوە (ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی)، ڕێک دەچێتە خانەی چێکردنی کیانێکی سیاسییەوە، نەک دەسەڵاتی چەند حزبێکەوە، چونکە بنەماکەی بۆ بڕیاری پێکهاتەی ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆرییەکەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، باس لە کیانێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکات، نەک پرسی دەسەڵاتخوازیی چەند حزبێکی سیاسی. بێشک ئەمەیشیان کاکڵی سەرەکییە لەو پرسە گرینگەدا.