یاسایه‌ك، سعوودیا سەروەشێن دەکا

لە ٢٨ى سپتەمبەرى ٢٠١٦، پرۆژە یاسای دادپەروەرى دژ بە سپۆنسەرانى تیرۆر «act Justice against sponsors of terrorism» لە ئەمریکا، کە کورتکراوەکەى «JASTA»يە،  بووە یاسا و دەبێ بەڕێوە ببردرێ.

بەگوێرەى ئەم یاسایه‌، کێ سوودی لێ دەبینێ؟ ئەو کەسانەى لە کارەساتە تیرۆریستییەکەى ١١ى سێپته‌مبەرى ٢٠٠١ قورتاریان بووە و زیانیان پێ کەوتووە، یان کەسوکارى قوربانییەکانى ئەو ڕووداوە، یان کۆمپانیاکانى بیمە، دەکارن لە بەردەم دادگە فیدراڵییەکانى ئەمریکادا، داواى مەدەنى لەسەر ئەو کەس و قەوارە و دەوڵەتانە تۆمار بکەن کە پێیان وایە دەستیان لەو تاوانە تیرۆریستییەدا هەبووە، چ بە ڕاستەوخۆ و چ بە ناڕاستەوخۆ، چ بە پێزانینەوە بێ، یان لە ڕێگەى ڕەفتارێکى هەڵەشە و ملهوڕانەوە بێ؛ واتە ڕێنوینى و باروبوو کۆمەکیان بە تیرۆریستەکان کردبێ،  یان پلانیان بۆ کێشابێ، یان هانى ئەنجامدەرانى ڕووداوەکەیان دابێ، دەتوانن داواى قەرەبووکردنەوەیان لێ بکەن.

تاکە شتێک کە ڕێگە لە تۆمارکردنى داواى دادوەرى و بەردەوامیى کارڕایییەکان بکا، ئەوەیە کە داواکارى گشتیى  ئەمریکا، بە بیانووى دانوستان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەى کە داواکەى لەسەر تۆمار کراوە، داواکە بۆ ماوەى ٦ مانگ دوا بخات و، تەنیا جارێکى دیکەیش دەتوانێ بۆ شەش مانگى دیکە که‌یسه‌کە دوا بخاتەوە.

وەک دەزاندرێ ئەلقاعیدە، بەرپرسیارێتیی ئەو کارە تیرۆریستییەى کە تاوەرى بازرگانیى جیهانى و پنتاگۆنى کردە ئامانج و نزیکەى ٣٠٠٠ کەسێکى تێدا بووە قوربانى، خستە ئەستۆى خۆیەوە کە گوایا ١٩ تیرۆریستى تێدا بەشدار بووە و لەو ١٩ کەسەیش، ١٥ کەسیان لە بنەڕەتدا خەڵکى عەرەبستانى سعوودى بوون.

بەگوێرەى ئەم یاسایە، شتێک بە ناوى «پارێزبەندیى سەروەرانەى دەوڵەت- Sovereign immunity» لە ئارادا نامینێ، بەتایبەت کە لێرە و لەوێ، قامک بۆ عەرەبستانى سعوودى ڕادەکێشرێ کە گوایە هەندێ کاربەدەستى ئەو وڵاتە ڕایەڵکەیەکیان لەگەڵ چەند کەسێکى ناو ئەو گرووپە تیرۆریستییەدا هەبووە و، بێ لەوە، ماوەیەک دەگوترا کە لیژنەی ١١ى سێپته‌مبەر لە ڕاپۆرتێکى نهێنیى خۆیدا بۆ کۆنگرێس، ئاماژەى بۆ جۆرێ لە لینک لە نێوان عەرەبستانى سعوودى و تیرۆردا کردووە. هەرچەندە کۆشکى سپى لە ١٧ى ئایارى ئەمساڵدا، کە هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە ساغى بکاتەوە سعوودیا دەستى لەو کارەدا هەبووبێ و لە ١٤ى حوزەیرانیشدا، "سیا" چوار دۆکیومێنتى تایبەت بەو ڕووداوەى ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند کە عەرەبستانى سعوودى پشتگیریى ئەلقاعیدەى نەکردووە.

پێشینەى ئەم یاسایە:

پێشتر لە ٢٠٠٩دا، چەند خێزانێکى قوربانییەکان و چەند کۆمپانیایەکى بیمە، داوایەکیان لەسەر عەرەبستانى سعوودى بە مەبەستى قەرەبووکردنەوە، لە بەردەم دادگەى جینایى (تاوان)ی "مانهاتن"دا تۆمار کردبوو، لێ دادوەرى دادگەکە داواکەى ڕەت کردبۆوە، لە سەرینى بوونى پارێزبەندیى سەروەرانەى عەرەبستانى سعوودییەوە.

لە سۆنگەى ئەو ڕەتکردنەوەیە، دوو سیناتۆر، یەکیان دیموکرات بە ناوى چاک شومەر Chuck Schumer لە ویلایەتى نیویۆرک و سیناتۆرى کۆمارى، جۆن کور ناین John Cornyn، لە ویلایەتى تیکساس تێ هەڵچوونەوە و لە مانگى کانوونى یەکەمى ٢٠٠٩دا پرۆژەکەیان پێشکەش بە سینات کرد، بەڵام پەسند نەکراو لە ١٦ى ئەیلوولى ٢٠١٥دا جارێکى دیکە پێشکەش کرایەوە و لە ١٧ى ئایارى ٢٠١٦دا لە سینات پەسند کرا. لە خانەى نوێنەرانیشدا  House of representatives هەردوو پەرلەمەنتارى کۆمارى، پیتەر تى کینک Peter T. Kingى نوێنەرى نیویۆرک و پەرلەمەنتارى دیموکرات، جیرۆلد نادلەر Jerrold Nadlerى نوێنەرى نیویۆرک، کەوتنە خۆ و لە ١٢ى ئەیلوولى ئەمساڵدا بە کۆى دەنگ پەسند کرا.

چۆن بووە یاسا:

پاش پەسندکردنى پرۆژەکە، دەبێ بۆ ئیمزاکردن بنێردرێت بۆ سەرۆکى ئەمریکا و لە ماوەى ١٠ ڕۆژدا دواى گەییشتنى، سەرۆک ٣ بژاردەى لەپێشە: یەکەمیان ئیمزاى لەسەر بکا و ئیدى بەپێى کارڕایییە یاسایییەکان، دەبێتە یاسا و کارى پێ دەکرێ، دووەمیان لە ماوەى ١٠ ڕۆژەکەدا سەرۆک ئیمزاى لەسەر نەکا و خۆى لێ بەپشت بگێڕێ، ئەوا دیسان پرۆژەکە دەبێتە یاسا، سێیەمیان: سەرۆک پرۆژەکە ڤێتۆ بکا و بیگەڕێنێتەوە بۆ کۆنگرێس، لەو دەمەدا دەبێ هەر یەک لە سینات و خانەى نوێنەران بە جیا کۆ ببنەوە و، ئەگەر بیانەوێ ڤیتۆکەى سەرۆک سەر نەگرێ، ئەوا  دەبێ دوو لەسەر سێى زێتر مسۆگەر بکەن.

ئەو یاسایە لە ٢٣ى سێپته‌مبەردا، سەرۆک ئۆباما ڤیتۆى کرد و گەڕاندییەوە، بەڵام سینات، بە کۆى ٩٧ دەنگ بەرامبەر ١ دەنگ و ٢ سیناتۆریش دەنگى خۆیان نەدا، فێتۆکەى ئۆباما قڵپ کرایەوە.  پاش چەند كاتژمێرێکێش خانەى نوێنەرانیش بە ٣٤٨ دەنگ لە بەرامبەر ٧٧ دەنگدا فێتۆکەى خستە لاوە.

پەسندکردنى ئەم یاسایە، نیگەرانیى سەرۆک ئۆباما و وەزارەتى بەرگرى و هەندێ دەستە و دایرەى ئەمریکایى و عەرەبستانى سعوودى و زۆر وڵاتى دیکەى لێ کەوتەوە و تەنانەت یەکێتیى ئەوروپا گوتى ئەم یاسایە لەگەڵ پرەنسیپە بنەڕەتییەکانى یاساى نێودەوڵەتیدا ناکۆکە. لەوانە، ڕەنگە وڵاتانى دیکەیش چاو لە  ئەمریکا بکەن و بەگوێرەى پرەنسیپى "مامەڵەى وەکیەک"، یاساى وا پەسند بکەن و ئیدى ئەمریکییەکانیش لە دەره‌وه‌ پارێزبەندییان نەمێنێ و، دووەم وڵاتان لەوە بسلەمنەوە، لە ترسى سڕکردن و بلۆککردنیان بە بیانووى لەم جۆرە، چارە و پۆڵى خۆیان لە  ئەمریکا بەگەڕ بخەن.

عەرەبستانى سعوودى، لەوە دەترسێ پشتیوانەکانى لە  ئەمریکا (بە ٧٥٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێ) لەبەر کارڕاییى دادوەرى بلۆک بکرێ، ئەوە لە کاتێکدا کە ڕێکارى مەدەنى لە  ئەمریکا، ماوەى دەوێ و ئەگەرى بلۆککردن بۆ تێهەڵێنانەوەى قەرەبوو بێتە گۆڕێ و، بەمەیش زیان بە پێوەندیى دوولایەنەى هەردوو وڵات بگات.