پێش سەردانەکەى بینالى یەلدرم بۆ بەغدا

ئەگەر بەوردى له‌ سیاسەتى دەرەکیى تورکیا دەربارەى دەوروبەرى هەرێمایەتیى خۆى بڕوانین، لەم ساڵەى دواییدا، دەبیندرێ دوو فاکتەر ڕۆڵى گرنگ و سەرەکییان تێدا گێڕاوە و دەگێڕن. یەکەمیان، فاکتەرى تەناهییە، واتە ئاسایشى نەتەوەییى تورکیا. حکوومەتى تورکیا، ڕوبەرووى سێ هەڕەشە بۆ سەر خۆى بووەتەوە: پەکەکە و پەیەدە، ڕێکخراوى فەتۆ، ڕێکخراوى داعش.

ئەم فاکتەرە بەشێکى سەرەکیى چڕ کراوەتەوە لەسەر بوونى پەکەکە په‌كه‌كه و پەیەدە په‌یه‌ده و نفووز و سەروکارى ئەم دوو ڕێکخراوە لێرە و لەوێ و، تەنانەت بە شێوەیەک لە شێوەکان (هەدەپ- HDP)یشى گرتووەتەوە. ناوى "په‌یه‌ده"‌م بۆیە هێناوە، چونکە ئەردۆغان پەیەدە بە بەشێکى دانەبڕاوى پەکەکە دەزانێ و لەسەر ئەو بنەمایەیش، مامەڵەى لەگەڵ وڵاتاندا کردووە و دەکا. ئاخر دەوڵەتى تورکیا، په‌كه‌كه‌ بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشى خۆى دەزانێ و بە کێشەى تیرۆرى لە ناوچەکەدا دەبەستێتەوە و، هەوڵ دەدا پەکەکە و فەتۆ و داعش لەناو یەک جغزدا کۆ بکاتەوە و قەناعەتیش بە دەوروبەر و وڵاتانى دیکەیش بکا. لە کاتێکدا ئەمڕۆ جیهان لە شەڕێکى گەورەدایە لەگەڵ تیرۆردا، نەمازە داعش لە عێراق و سووریادا.

تا ڕاددەیەک تورکیا، لە پێش ٢٠١١دا، بە هۆى ئەندامێتیى لە ناتۆ و پێوەندیى توندوتۆڵى بە ئەمریکاوە، لەو سیاسەتەیدا براوە بووە کە په‌كه‌كه‌ بخاتە ناو لیستى تیرۆر، چ لە یەکێتیى ئەوروپا و، چ لە ئەمریکادا. بەڵام بە سەرهەڵدانى داعش (ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام) و کۆنترۆڵکردنى پانتایەکى زۆر لە عێراق و شام و، پەلهاوێشتن بۆ لیبیا و بەیعەتى چەندین گرووپى تیرۆریستى و ڕادیکاڵ بە داعش لە نموونەى بۆکۆحەرام و، ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکا و... مه‌ترسیی تیرۆرى داعش، وەک دەڵێن، بووە مه‌ترسییه‌كی هەنووکەیى و گەورە. هەروا بەشداریى بەرچاوى په‌یه‌ده‌ و په‌كه‌ لە بەرەنگاربوونەوەى داعش لە ٢٠١٤ به‌م لاوه‌، بەکردەوە وێنەى پێشووترى په‌كه‌كه‌ لە ئەوروپا و ئەمریکا تا ڕاددەیەک  کاڵ بووەتەوە و ئەوەیش بۆ خۆى فاکتەرێکى سارد و سڕى و دڕدۆنگیى نێوان تورکیا و ئەوروپا و ئەمریکا بووە تا ئێستە، هەرچەند هێشتا په‌كه‌كه‌ بەفەرمى لە لیستى تیرۆر دەرنەهێنراوە. بەڵام وەک شارەزایەکى بوارى سەربازى دەڵێ: "پێوەندیى نێوان تورکیا و ئەمریکا وەک جاران گەرموگوڕ نییە»[1]، چونکە کاربگێریى ئۆباما هەوڵی داوە، بە لێکجیاکردنەوەى په‌كه‌كه‌  و په‌یه‌ده‌  هەم تورکیاى وەک هاوپەیمانێکى نزیک لەدەست نەڕوا و و هەم په‌یه‌ده/یه‌په‌گه‌/یه‌په‌ژه‌ وەک ئەکتەرێکى سەرەکى و کاراى بەرەنگاربوونەوەى داعش و "ڕۆژاڤا"، وەک پێگەى نفووزى خۆى لە کێشە و ململانەى سووری لەدەست خۆى بهێلێتەوە.

ئەم سیاسەتەى ئەمریکا، دڕدۆنگى و نیگەرانییە تەناهییەکانى تورکیاى نەڕەواندۆتەوە. ئاخر حکوومەتى تورکیا، باکوورى سووریا کە ئێستە بەشێکى زۆرى بەدەست په‌یه‌دەوەیە و هاوسنوورى وڵاتەکەیەتى، تا دەگاتە شەنگاڵ و نەلەعفەر و مووسڵ و بگرە سلێمانیش، داود ئۆغلوو گوتەنى، بە ناوچەى تەناهیى خۆى دەزانێ. لەوما تورکیا لە هەمبەر مه‌ترسی و نفووزى په‌یه‌ده لەسەر سنوورى خۆى، وەک لە جاڕنامەکەى ڕۆژى ٢٠ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٦ى مۆسکۆى نێوان هەر سێ وڵاتى ڕووسیا و تورکیا و ئێراندا هاتووە، بە جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەییى خاکى سووریا، بوون و پێگەى ئۆپۆزیسیۆنى سووریى لە حەلەب بە مه‌ترسیی کورد گۆڕییەوە. بەو مانایەى کە تورکیا داننان بە سەروەریى دیمەشقى بەسەر تەواوى خاکى سووریادا، لە بەرانبەر ڕێگەگرتن لەسەر هەر جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەکى کورد لەو وڵاتەدا داناوە.

هەر ئەم تێڕوانینە تەناهییە، هۆکارێکى بارگرژیى نێوان دەوڵەتى عێراق و تورکیا بووە، بەو مانایەى کە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک لەنێوان حکوومەتى بەغدا و په‌كه‌كه، یان بەغدا و په‌یه‌ده بە  دژایەتیى خۆى لێکی دەداتەوە و لە سەرینى ئەمەیشەوە تورکیا گوشار و کارتى جودا جودا، لە بنکەى سەربازیى باشیکەوە بگرە تا بەکارهێنانى "سۆفت پاوەر" بەکار  دەهێنێ و، لەم سۆنگەیەیشەوە تورکیا چەندین جار، لەسەر زارى بەرپرسە باڵاکانى خۆى، ڕای گەیاندووە کە ڕێگە نادا، شەنگاڵ ببێتە قەندیلێکى دیکە.[2] ئەم ئاخاوتن و جەختکردنەوانەى تورکیا، ئەمریکایشى ناچار کرد لەسەر زارى جۆن کیربى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە، لە ١٥ى دیسامبەرى ڕابردوودا، ڕاستەوخۆ بڵێ دەبێ پەکەکە لە شەنگاڵ، چەکدارەکانى خۆى بکێشێتەوە.

دیارە شەنگاڵ، پێگەیەکى ستراتیژیى لە ناوچەکەدا هەیە و هاوسنوورى ڕۆژاڤایە کە بەدەست په‌یه‌دەوەیە. بۆیە بوونى په‌كه‌كه لەو ناوچەیە بابەتێکى گفتوگۆى بینالى یلدرم دەبێ لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا.

بەڵام تورکیا، لە ٢٤ى ئابى ٢٠١٦ەوە کە جەرابلووس و دواتر چەند ناوچەیەکى شەهباى سووریاى داگیر کرد و، ئێستەیش دەوروبەرى (٤٠) ڕۆژێکە خەریکى گرتنى "الباب"ە بە پشتیوانیى هێزەکانى بەناو سووریاى ئازاد، کەوتووەتە جه‌نگێک دژى داعش کە پێش ئەوە، تورکیا بە پشتەوانیکردن لە داعش دادەندرا بەتایبەتى لە ڕووى لۆجستى و هاتوچۆى رادیکاڵە ئیسلامگەراکان بەناو خاکى تورکیادا...ئەمە خاڵى یەکانگیریى نێوان رووسیە- تورکیە، تورکیە- ئەمریکەیە. ئەمە خاڵى یەکانگیریى نێوان ڕووسیا- تورکیا، تورکیا- ئەمریکایە. ئایا لە سەردەمى دۆنالد ترامپدا، کە لە دواى ٢٠ى ئەم مانگەوە دێتە سەرکار، ئەو خاڵى یەکانگیرییە بە چ ئاقارێکدا دەڕوا، دیار نییە؟ بەڵام دیسان خاڵى ناکۆکى نێوان هەر دوو لا، هەر  بەڵام دیسان خاڵى ناکۆکى نێوان هەردوو لا، هەر په‌یه‌ده‌یە.

پێم وایە لە حاڵەتى سەرگرتنى ئاگربڕەکەى ٣٠ى دیسامبەرى ٢٠١٦ى نێوان نیزامى سووریا و لایەنەکانى ئۆپۆزیسیۆن بە چاودیریى ڕووسیا و تورکیا، حکوومەتى تورکیا خۆى بۆ بزاوتێکى دیپلۆماتى و سیاسى ئامادە دەکا، وردە وردە لەگەڵ عێراقیش، دەکەوێتە ساتوسەودا سەبارەت بە نیگەرانییە تەناهییەکانى خۆى لە هەر جۆرە سەروکارێک کە دەسەڵاتدارانى شیعە لە بەغدا لەگەڵ پەکەکەیاندا هەبێ و، دیسان ڕەنگە جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەییى خاک و سەروەریى عێراق لەو کەینوبەینانەدا دووبارە و چەندبارە بکرێنەوە.

نیگەرانییەکى دیکەى تورکیا، پێوەندیى بە جەماعەتى گولەن، جەماعەتى خزمەتەوە هەیە کە لە تورکیا پاش سەرنەگرتنى کۆدەتاکەى ١٥ى تەمووزى ڕابردوو، بە ڕێکخراوى تیرۆریستیى "فەتۆ" ناسراوە و دیسان تورکیا لە هەوڵ و تەقەڵڵاى دیپلۆماسى و سیاسییانەى خۆیدا، بەتایبەتى لەگەڵ ئەمریکادا سەرکەوتوو نەبووە کە فەتحوڵڵا گولەنى ڕابەرى ئەو بزووتنەوەیەى ڕادەست بکاتەوە.

فاکتەرى دووەم، فاکتەرى ئابوورییە. تورکیا هەوڵی داوە، بەتایبەتى لەگەڵ ئێران، ڕووسیا، ئیسرائیل و...دا، ئابوورى و سیاسەت تێکەڵ بەیەک نەکا. ئەم سیاسەت و بزاوتەى تورکیا بەردەوام دەبێ و پەڵ ده‌هاوێژێ بۆ عێراق-یش، بەتایبەتى پاش تێکشکانى داعش و وەدەرنانى لە مووسڵ. ئاشکرایە کە ناوچە سوننەنشینەکان پێویستییان بە بنیاتنانه‌وه‌ دەبێ و، مەزەندە دەکرێ ملیاران دۆلاریان پێ بوێ، لە کاتێکدا تورکیا پێوەندیى لەگەڵ بەشێکى سەرکردە سوننەکانى عێراقدا خۆشە و، دەیەوێ ئەم پێوەندییە بۆ قازانجى خۆى بقۆزێتەوە و، دەیەوێ لە ئێستەڕا زەوینە بۆ کۆمپانیاکانى خۆى لەگەڵ دەسەڵاتدارانى شیعە لە بەغدا خۆش بکا. ئەوە جگه‌ لە بەگەڕخستنەوەى بۆڕییەکانى نەوتى عێراق بۆ بەندەرى جەیهان. چونکە وەک لەبەرچاوە، بەهارى ئابووریى تورکیا بە قسەى ئابووریناسێکى تورک بەکۆتا هاتووە و بەرەو پاییز و زستان ملى ناوە[3]. ئاخر لە ماوەى یەک ساڵدا نرخى دۆلار لە بەرانبەر لیرەى تورکى لە ٢.٩١ بووە بە ٣.٦، واتە زێتر لە ٢٠% بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا ڕێژەى نەشونماى ساڵانە، دابەزیوە بۆ خوار ٣% و ڕێژەى هەڵاوسان و بێکارى بەرز بووەتەوە و، مەزەندە دەکرێ ئەمساڵ ڕەوشى ئابوورى لە هەموو بوارەکاندا خراتر ببێ، بەتایبەتى لە بوارى گەشتوگوزار و وەبەرهێناندا؛ لە کاتێکدا کە کێرڤى کار و کردەى تیرۆریستى، چ دژى نیشانە و ئامانجى مەدەنى بێ، یان ئەمنى، کاریگەریى نێگەتیڤى بۆ سەر ئەو دوو بوارە دەبێ.

 

[1] سەیرى ئەم وتارەى "مەتین گورجان" بکە کە لە ئەبمۆنیتەردا بڵاوى کردووەتەوە لەژێر ناوى:

Russia pleased with deepening US-Turkey rift over Syria


http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2017/01/turkey-united-states-rift-deepening-over-syria.html#ixzz4V0GV5ff8

مەتین گورجان، وەک ڕاوێژکارى سەربازیى تورکیا لە ماوەى نێوان ٢٠٠٢- ٢٠٠٨دا، لە ئەفغانستان، عێراق و کازاخستان و قرقیزستان کارى کردووە.

[2] http://www.skypressiq.net/21526

[3] سەیرى ئەم وتارەى  "مستەفا سۆنمەز" بکە كە لە ئەلمۆنیتەر بڵاو بووەتەوە بە ناوى:

Why 2017 does not bode well for Turkish economy?

http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2017/01/turkey-economy-black-winter-alarm.html

مستەفا سۆنمەز، نووسەرێکى تورکە و زێتر لە ٣٠ى کتێبى لەبارەى (ئابوورى و میدیا و پرسى کورد لە تورکیا) هەیە.