ئایا دواى ٢٠ى ئەم مانگە، لە ئاسۆدا چ دەردەکەوێ؟

بەر لەوەى بێمە سەر کرۆکى بابەتى ئەم وتارەم، وەک بەبیرهێنانەوەیەک قامک بۆ چەند فاکتێک ڕادەکێشم:

١) نازانرێ داخوا، پاش ٢٠ى کانوونى دووەم کە دۆنالد ترامپ بەفەرمى کاربگێڕیى ئەمریکا هەڵدەسوڕێنێ، سياسەتى دەرەکیى ئەو وڵاتە بەرانبەر کورد لە سووریا، ئۆپۆزیسیۆنى سوورى، نیزامى ئەسەد، تورکیا، ئێران، ڕووسیا... ئەوجا، کوردى بەناو عێراق، عێراق چۆن دەکەوێتەوە؛ داخۆ گۆڕانى بەسەردا دێ، یان درێژەپێدەرى سیاسەتى باراک ئۆباما دەبێ؟

٢) ڕووسیا، بە هەموو قوڕساییى خۆى وەک دەوڵەتێکى زلهێز هاتووەتەوە ناوچەکە و پرۆژە و پلانى خۆى بۆ سەروبەرکردنى کێشە و گرفتەکانى ناوچەکە بە قازانجى خۆى هەیە و، بەکردەوەیش لە جووڵە و بزاوتێکى یەکبێنەدایە. لایەنەکانى ئۆپۆزیسیۆنى سووریى لە ڕۆژهەڵاتى حەلەب دەرپەڕاند. لە ٣٠ى دیسامبەریشەوە ڕووسیا و تورکیا بوونەتە دەستەبەرى ئاگربڕ لە سووریا و تا ڕاددەیەک خۆى گرتووە، خەریکە ئۆپۆزیسیۆنى سوورى و نوێنەرانى نیزامى ئەسەد لە ئاستاناى پایتەختى قه‌زاقستان، لەسەر یەک مێز کۆ دەکاتەوە. لەگەڵ عەرەبستانى سعوودى لەسەر کەمکردنەوەى دەرهێنانى نەوت ڕێک کەوتووە و...

٣) تورکیا، وەک ئەکتەرێکى هەرێمایەتى لەسەر مێزى گفتوگۆکاندا حزوورى هەیە، چ لەگەڵ ڕووسیا و، چ لەگەڵ ئەمریکا و، چ لەگەڵ وڵاتانى دیکەى ناوچەکەدا و بە هەر پاساوێک، ڕەوا بێ یان نا، نایەوێ کورد لە سووریا، لەسەر سنوورى ئەو، ئیدارەیەکى بەسەریەکەوەى خۆبەڕێوەبردن کە سەرانسەرى باکوورى سووریا بگرێتەوە، دابمەزرێنێ. بەڵگەى ئەم قسەیەم، بەئاشکرا تورکیا دەڵێ نابێ پەیەدە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار ببێ کە بڕیار وایه‌ لە ٢٣ى ئەم مانگەدا، لە ئاستاناى پایتەختى قه‌زاقستاندا بەڕێوە بچێ و، ٩ى مانگ، ئەردۆغان داواى لە ئیدارەى نوێى ئەمریکایش کرد، کە هاوکارییەکانى خۆى بۆ ئەو حزبە ڕابگرێ و بە سیاسەتى ئۆبامادا بچێتەوە.

سەربارى ئه‌وەى کە تورکیا، خەریکە لەگەڵ دەوروبەرى هەرێمایەتیى خۆى ئاشت بێتەوە. نموونەیش سەردانەکەى ئەم دوایییەى "بیناڵى یلدرم"ە، بۆ بەغدا.

٤) پەیەدە و هاوپەیمانەکانى، زێتر لە ١٧%ى خاکى سووریایان بەدەستەوەیە کە ناوچەیەکى پڕ لە نەوت، گاز، سەرچاوەكانى ئاو، زەويوزارى بەپیتى کشتوکاڵە، سەربارى بەرەنگاربوونەوەى توند و کاراى داعش و هێزیکى ٢٠-٣٠ هەزار کەسى... خاڵى لاوازى ئەو حزبەیش، تۆخکردنەوە و زەقکردنەوەى ئایدیۆلۆژییەکى دیاریکراو، بێنە و بەردە لەگەڵ ئەنەکەسە و باشوورى کوردستان، گرفت و ئاریشە و شەڕ و پێکدادانى ناو بە ناوە لەگەڵ هەندێ لایەنى ناو ئۆپۆزیسیۆنى سوورى کە سەروکارێکیان لەگەڵ ئەمریکا و قەتەر و سعوودیا و تورکیادا هەیە. ئەوە بێجگه‌ لە ئاسەوار  و ڕەوشى نالەبارى شەڕ و بارى خراپى ئابووریى ئەو ناوچە پانوپۆرەى کە پەیەدە بەڕێوەى دەبا. بەو مانایەى کە پەیەدە، ڕەقەمێکە و هیچ لایەک ناتوانێ فەرامۆشی بکا؛ ئەوجار چ بە لایەنگیرکردن و کۆمەکپێکردن بێ و ڕاکێشان بێ بە لاى خۆدا، یان بە دژایەتیکردن.

5) وێڕاى هەماهەنگیى ئەم دوایییەى هەولێر و بەغدا لە شەڕى گرتنەوەى مووسڵ، لێ کێشە و ناتەبایییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و، زێتر چاوەڕێى پەرەسەندن و ئەگەرەکانى دواى داعش دەکرێ کە هەر لایەک لەو دوو پایتەختە چۆن سەیرى دەرفەت و ئاریشەکان دەکا و لە چ پێگەیەکى ناوخۆیى و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەوە قسان دەکا...

با بێمەوە سەر ناوەڕۆک و مەبەستى وتارەکە:

ڕووسیا، لەبەر هەر هۆیەک بێ، دەیەوێ کێشە و گرفتەکانى سووریا، هەڵبەت بە بەشداریى لایەنە ناوخۆیییەکانى سووریا و وڵاتانى ناوچەکە، سەروبەر بکا. وەک من دەیبینم، هەوڵ دەدا، سووریاى ئاییندە، وڵاتێکى   ناسانتراڵیست بێ؛ ناوەڕۆک و فۆرمەکەى چۆن دەبێ، ئەوە جێگەى قسەیە. ناوە ناوە، ئەم یان ئەو کاربەدەستى ڕووس، سەرى قسەیەک فڕێ دەدەن و ئاماژەیەک بۆ فیدراڵیزەکردن لە چوارچێوەى یەکێتى و سەروەریى سووریادا دەکەن. ئەسەد ڕازی بووە، گفتوگۆ لەبارەى هەموو پرسێکەوە بکا. وەک دەبینین، کورد لە سووریا، وێڕاى جیاوازیى تێڕوانین، بەتایبەتى لەنێوان "تەڤدەم" و "ئەنەکەسە"دا، لەگەڵ بەفیدراڵیکردنى سووریادان.

رووسەکان، بەئاشکرا لە ١٥ى دیسامبەردا، لەگەڵ تەڤدەم و چەند لایەنێکى دیکەى کورد لە بنکەى حمیمیم کۆ بوونەوە و رەنگە کۆبوونەوەى دیکەش بکرێ. لەپاش ئەو کۆبوونەوەیە، تەڤدەم، پرۆژەى خۆى بۆ بەفیدراڵیکردنى سووریا بەگشتى ڕاگەیاند و ناوى "ڕۆژاڤا"یشى لە یەکە فیدراڵییەکەى خۆى کردەوە. دوا بە دواى ئەویش ئەنەکەسە، ڕوئیاى خۆى بۆ بەڕێوەبردنى ڕۆژاڤا و تەواوى سووریا خستە ڕوو. بە مانایەکى دیکە، فیدراڵیزم وەک لانى زۆرى داخوازیى کورد لەم قۆناخەدا، لە چوارچێوەى چەمکى (ناسانتراڵیزمى سیاسی)دا، تەنیا وەکوو داخوازیی کورد خۆى دەنوێنێ و تاک و تەرا لەملا و ئەولا نەبێ، دەنا لایەنەکانى دیکەى ئۆپۆزییسۆن بە چاوێکى پڕ گومانەوە دەڕواننە پرۆژەى بەفیدراڵیکردنى تەواوى سووریا. "فەوزە یوسف" کە یەکێکە لە کارهەڵسوڕێنە لەپێشەکانى تەڤدەم، لە دیمانەیەکدا بۆ ئەلمۆنیتەر دەڵێ: ئەگەر نیزامى ئەسەد ئەم پرۆژەیەى ئێمەى قبووڵ بێ، ئەوا ئێمە هیچ لاریمان لە وتووێژکردن لەگەڵ نیزامدا نییە و، وا باشتریشە لە سایەى چەترێکى نێودەوڵەتیدا بێ!

هەڵبەت، ئەم قسەیە، لەگەڵ نەخشە و پلانى ڕووسەکاندا تێک دەکاتەوە. لە هەمان دیمانەدا، فەوزە یوسف لە قسەکانیدا، وەک من بۆى دەچم، جۆرێ لە نیگەرانیى پێوە دیارە کە دەڵێ: پێمان وا نییە سیاسەتى ئەمریكا گۆڕانکاریى ڕیشەییى بەسەردا بێ! کەواتە پەیەدە جارێ دەیەوێ، یان تا پێى دەکرێ، سوود لە هەر دوو بەر وەربگرێ!

 لێ هێشتا ساغ نەبووەتەوە کە پەیەدە، ڕێگەى پێ دەدرێ بەشدارى کۆبوونەوەکەى ئاستانا بکا یان نا، چونکە تورکیا دژى بەشداریکردنى پەیەدەیە لەو کۆبوونەوەیەدا؟ لە کاتێکدا، ڕووسەکان لەگەڵ بەشداریى کوردن لە کۆبوونەوەکەدا، بەڵام ئەگەر تورکیا پێ دابگرێ، باوەڕ ناکەم ڕووسیا، کۆبوونەوەکە هەڵوەشێنێتەوە. بە مانایەکى دیکە جارێ، ڕووسیا قوربانیى بە تورکیا نادات، بەڵام دەستیشى لە پەیەدە و لایەنەکانى دیکەى کورد بەرنابێ.

ئەوە لە کاتێکدا، بەکردەوە، ئەمریکا بە چەکوچۆڵ، بە ڕاهێنان، بە ڕاوێژپێدان، بە بوردمانى هەواییى پێگەکانى داعش، هاوکاریى هێزەکانى سووریاى دیموکراتیک دەکا کە یەپەگە/یەپەژە، دەوروبەرى ٧٥%ى ئەو هێزانە پێک دەهێنن. بەڵام وەک واشنتۆن پۆست دەڵێ: ئەو هاوکارى و کۆمەکەى ئەمریکا بە پەیەدە، ململانە و ناسەقامگیرى لە ناوچەکەدا تیژتر دەکا. ئەگەر بە دیوێکى دیکەدا بیخوێنینەوە، واتە دەبێ ئەمریکا بەو سیاسەتى خۆیدا بچێتەوە.

نابێ ئەوەیش لەبیر بکرێ کە دەیان سەربازى ئەمریکى و بگرە زێتریش لە چەند بنکە و بارەگایەکدا لەوێ، بە بنکەى هەواییشەوە لە ڕمێلان و نزیک کۆبانێ و جێگەى دیکەدا، هەن. کەواتە، ئەمریکا وەک دەڵێن، لە ڕووى سەربازییەوە «وەبەرهێنان»ێکى لەسەر پەیەدە و دۆستەکانى لە باکوورى سووریادا کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش و، لە ڕاستیشدا تا ئێستە تێیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئایا ئەمریکا نیگەران نابێ کە بەرى ئەو «وەبەرهێنان»ەى لەسەر کوردان، ڕووسیا  لەبارى سیاسییەوە، بیچنێتەوە؟ و لە ئاکامى ئەو سیاسەتەیدا، دۆستە لەمێژینەکانى بەتەواوى لێ هەروتى ببێ؟ وەک ئەوەى لە عێراق دواى ٢٠٠٣ ڕووی دا، ئەمریکا سەدامى ڕووخاند، بەڵام بەشێکى زۆرى عێراق، بووەتە جێ نفووزى ئێران.

بۆیە لێرەوە چەند پرسیارێک دێتە گۆڕێ: ئایا ترامپ هیچ پلان و نەخشەیەکى بۆ کێشەکانى ناو سووریا و ناوچەکە پێیە، قەرە بە قەرەى نەخشە و پلانەکانى ڕووسیا و، کورد لە کوێى ئەو پرۆژانەیە؟

پێ دەچێ ئەمریکییەکان، لەو جووڵە و بزاوتەى ڕووسیا نیگەران بن، کە داخوا تا چەند کورد لە پرۆژەکانى ڕووسیا و نیزامى ئەسەد نزیک بووەتەوە، یان دەبێتەوە و، بۆ ئەوەى لە نزیکەوە پێ بکەون، بە گوێرەى هەندێ سەرچاوەى هەواڵ، لە حەفتەى ڕابردوودا، چەند شاندێکى جیاجیاى فەرماندەیى سوپاى ئەمریکە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وەزارەتى دەرەوە و سیا، سەردانى ڕۆژاڤایان کردووە و  لەگەڵ بەرپرسانى ئەوێ کۆ بوونەتەوە. وەک دەبینین، ڕادە و کێرڤى جه‌نگیش لە دەوروبەرى "رەققە" کەمێک خاو بووەتەوە؛ بەو مانایەى کە هەموو لایەنەکان، بە کوردیشەوە، لە حاڵەتى چاوەڕوانیدان کە داخوا دواى ٢٠ى مانگ چ دەگوزەرێ.

بە بڕواى خۆم، هێشتا ئەمریکا پێویستیى بە کوردە لە سووریا بۆ بەزاندنى یەکجارەکیى داعش، کە بێ شک ئەوەیش چەند مانگێک زێترى پێ دەوێ. چونکە وەک نووسەرێکى بە بنەچەکە کورد نووسیبووى، ئەمریکا نایەوێ تورکیا لەناو سووریا و عێراقدا ڕۆڵى هەبێ

بێ لەوە هزر ناکرێ، چ ئاگربڕ و چ سەروبەرکردنى کێشە و گرفتەکانى ناو سووریا، بێ بەشداریى کاراى ئەمریکا سەر بگرێ؛ بۆیە بەدوور نازانرێ، لە ئاییندەیەکى نزیکدا، کاربگێڕیى ترامپ، پرۆژەکانى خۆى بخاتە ڕوو و، دواتر تێکەڵەیەک لەوەى ڕووسیا و لەوەى ئەمریکا بێتە ئاراوە.