جیهان لە چاوەڕوانیی ئیدارەی "ترامپ"دا: خوێندنەوەیەك بۆ سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا

دۆناڵد ترامپ، بووە چل ‌و پێنجەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و، لەگەڵ "مایك پێنس"ی جێگری ‌و تەواوی ستافی ئیدارە نوێیەكەی، لە ڕێكەوتی هەینی 20ی كانوونی دووەمی 2017، لە كۆشكی سپی دەست بەكار بوون. بێ گومان ئەم ئیدارە نوێیە، گرنگیی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لەسەر ئاستی ناوخۆ‌ و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا هەیە. ئەم گرنگییەیش، لە لایەكەوە بۆ قورسایی ‌و پێگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەنێو وڵاتانی جیهان‌ و، گرنگیی دەسەڵاتە كردەیییەكانی سەرۆك لە ناوخۆی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە؛ بە جۆرێك ئیدارە نوێیەكەی ترامپ، لە چوار ساڵی ئاییندەدا، ڕەنگدانەوەی بەرچاوی لەسەر داڕشتنی سیاسەت‌ و ستراتیژییەت‌ و، ئامرازەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا هەیە.

ئەم وتارەمان تەرخان دەكەین بۆ قسەكردن لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە سەردەمی ئیدارەی نوێ بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترامپ، چونكە بێ گومان هەر قسەكردنێك لەسەر تەواوی وڵات ‌و پرس ‌و كێشە ‌و قەیران ‌و ڕووداوو ‌و پێشهاتە سیاسییەكانی سەر شانۆی نێودەوڵەتی، لە دیدگه‌ی ئەمریكاوە، دەچێتە خانەی بڕیار ‌و هەڵوێستی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەبارەت بە تێكڕای پرس ‌و پێشهات ‌و ڕووداوەكانی جیهان.

بۆیە زۆر گرنگە، لە كاتی قسەكردن لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، بە لەبەرچاوگرتنی دەستوور ‌و یاسا كارپێكراوەكان ‌و ئاستی بەدامەزراوەییبوونی دەزگه‌كانی ئەو وڵاتە، ئاماژە بەو كارەكتەر ‌و دامەزراوە فەرمی ‌و نافەرمییانە بدەین كە ڕۆڵی گرنگ ‌و بەرچاویان لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار ‌و وەرگرتنی هەڵوێست لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا هەیە. ئێمە لێرەدا بە چەند خاڵێك ئاماژە بە دیارترین ئەو كارەكتەر ‌و دامەزراوان دەدەین:

یەكەم: دامەزاوەی سەرۆكایەتیی ئەمریكا/US Presidential Foundation

ئەم دامەزراوەیە لە لووتكەی دەسەڵاتی سیاسیی ئەمریكادا دێت، كە سەرۆك، جێگر ‌و یاریدەدەرەكانی سەرۆك ‌و نووسینگەی كۆشكی سپی دەگرێتەوە، كە ڕۆڵێكی گرنگ ‌و بەرچاویان لە داڕشتنی سیاسەت ‌و بڕیار ‌و هەڵوێستی دەرەوەی ئەمریكادا هەیە. ئەمەیش لە لایەكەوە بۆ دەسەڵاتە فراوان ‌و كردەیییەكانی سەرۆك دەگەڕێتەوە، كە سیستەمی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی پێی بەخشیوە، لە لایەكی دیكەیشەوە بۆ پێگەی مەزنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی دەگەڕێتەوە بە هەموو بەشەكانییەوە لە ئەمریكا. لێرەدا كەسایەتیی سەرۆك ‌و، دید ‌و تێڕوانینی خودی ‌و كەسی لە پرۆسێسی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا ڕۆڵ دەبینێت. لە ئێستادا سەرۆكی ئەم دامەزراوەیە، كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی وڵاتیشە، دۆناڵد ترامپە، كە بە كەسایەتییە جیاوازەكەیەوە ناسراوە، كە بێ گومان ڕەنگدانەوەی دەبێت لەم پرسەدا؛ پرسی داڕشتنی سیاسەت ‌و بڕیار ‌و هەڵوێستی دەرەوەی ئەمریكا.

دووەم: كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا/United States Congress

دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەمریكا لە دوو بەش پێك دێت، كە بریتین لە "ئەنجومەنی نوێنەران" كە ژمارەیان 435 ئەندامە، لەگەڵ "ئەنجومەنی پیران" كە ژمارەی ئەندامەكانی 100 كەسە. كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دەسەڵاتەكانی یاسادانانی لە نێوان هەر دوو ئەنجومەنەكەدا دابەش كردووە، بە جۆرێك ئەنجومەنی پیران نەخشەی سیاسەتی گشتیی وڵات ده‌كێشێت ‌و، ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئەركی چاودێری ‌و نوێنەرایەتیی گەل ‌و، دانان ‌و دەركردنی یاساكان جێبه‌جێ ده‌كات. لە بواری داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەیشدا، كۆنگرێسی ئەمریكا ڕۆڵێكی زۆر گرنگی هەیە، بەتایبەت لە بواری ڕەزامەندیدەربڕین لەسەر واژووكردنی پەیماننامە ‌و ڕێكکەوتننامە نێودەوڵەتییەكان ‌و، ڕاگەیاندنی شەڕ ‌و جەنگ ‌و، ڕەزامەندیدەربڕین لەسەر پەسەندكردنی كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە دامەزراندنی باڵوێز ‌و سەفیرەكاندا، هەروەها جووڵاندن ‌و ڕەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی وڵات، پێویستیی بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی كۆنگرێسە.

سێیەم: وەزارەتی دەرەوە ئەمریكا/U.S. Foreign Policy

لە ساڵی 1789وە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دامەزراوەیەكی بە ناوی وەزارەتی دەرەوە بنیات ناوه‌، كە بە جێبەجێكاری سەرەكیی بڕیار ‌و ڕاسپاردە ‌و هەڵوێستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دادەنرێت ‌و، ڕۆڵێكی زۆر چالاك ‌و بەرچاوی لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدا هەیە، هەروەها هاوكارییەكی زۆر باشی سەرۆكە لە ڕووی پێدانی زانیاری ‌و ئامۆژگاری ‌و دیاریكردنی ئەو پرس ‌و پێشهاتانەی كە پێویستە وڵاتەكەی هەڵوێستی لە بەرامبەردا وەربگرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی ڕێكخستنی سیاسەتی دەرەوە ‌و پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان هەر لە ڕێگەی ئەم وه‌زارەتەوە دەبێت. لە ئێستادا "ڕێكس تیلەرسۆن"، كە بە پیاوی نەوتەكە ناسراوە، پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی بەدەستە، كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی كۆمپانیای زەبەلاحی نەوت و گازی "ئێكسۆن مۆبیل"ە. تیلەرسۆن لە بزنسمانێكی گەورەوە، كراوە بە دیپلۆماتی ژمارە یەك لە كابینەكەی ترامپدا؛ بۆیە پێشبینی ئەوە دەكرێت كە پرسە سیاسییە جیهانییەكان لە دیدی وزەوە ببینێت، نەك بەها باڵا جیهانییەكان.

چوارەم: وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ناسراو بە پێنتاگۆن/Pentagon

"پێنتاگۆن"یش یەكێكی دیكەیە لەو كارەكتەرە فەرمییانەی كە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ڕۆڵی هەیە، كە لە ڕێگەی پێدانی ڕاوێژ ‌و زانیارییەكانی بە دامەزراوەی تایبەتمەندتر بە سیاسەتی دەرەوە، وەك دامەزراوەی سەرۆكایەتی ‌و وەزارەتی دەرەوە، ڕۆڵی خۆی لە بواری خۆیدا دەبینێت كە بریتییە لە زانیاریی سەربازی لەسەر سوپا ‌و هێزی وشكانی ‌و ئاسمانیی وڵاتەكەی. لە ئێستادا "جێمس ماتس" لە ئیدارەكەی ترامپدا ئەم وەزارەتە بەڕێوە دەبات و، یەكێكە لەو ژەنەراڵە دەگمەنانەی كە لە شەڕ و جه‌نگدا ئازا و، لە دەرەوەی بەرەكانی جەنگ كەسێكی خوێندەوارە و، كاریگەریی بەرچاویشی لەسەر ئەدای ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ لە چوار ساڵی ئاییندەدا دەبێت.

پێنجەم: ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا/"NSC" National Security Council

ئەم ئەنجومەنە لە سەردەمی سەرۆك "هاری ترومان"ەوە لە ساڵی 1947ه‌وە دامەزراوە، كە بە ژوورە ڕەشەكەی نێو داڕێژەرانی سیاسەتی ئیدارەكانی ئەمریكا ناسراوە و، ئەم ئەنجومەنە وەك دامەزراوەیەكی فەرمی، بە دەستەی ڕاوێژی سەرۆك لە بواری ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە دادەنرێت؛ چونكە خودی سەرۆكی وڵات سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكانی دەكات، بە ئەندامێتیی هەر یەك لە وەزیری دەرەوە و دارایی ‌و بەرگری ‌و یاریدەدەری سەرۆك بۆ كار‌وباری ئاسایشی نیشتمانی. لە ئێستادا "مایكڵ فلین"، كە بە ژەنەراڵە تووڕەكە ناسراوە، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشە، كە بەهێزترین پۆستی ئیدارەی ئەمریكایە و سەرپەرشتیی سیاسەتی ئیدارەكە دەكات و، ناڕاستەوخۆ وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و "سی ئای ئەی" بەڕێوە دەبات و ئاراستەیان دەكات. بۆیە پێشبینی ئەوە دەكرێت جێپەنجەی فلین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەم قۆناغەدا بەڕوونی هەست پێ بكرێت، بەتایبەت بەرامبەر پرسە گەرمەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شەشەم:ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی، ناسراو بە سی ئای ئەی/"CIA" Central Intelligence Agency

ئەم دەزگه‌یە لە خستنەڕووی دید ‌و تێڕوانینی خۆی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە ‌و بەرگری لەسەر پرسە دەرەكییەكان ڕۆڵێكی چالاك دەگێڕێت و لە بواری هەواڵگری كار دەكات ‌و، لەو بوارەیشدا زانیاریی ورد بە بەرپرسە باڵاكانی وڵات دەدات بۆ وەرگرتنی هەڵوێست ‌و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە. لە ئێستایشدا ئەم دامەزراوە گرنگە لە لایەن "مایك پۆمپیۆ"، بەڕێوە دەچێت، كە بە كەسێكی توند بەرامبەر بە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان ناسراوە.

حەوتەم: گرووپەكانی گوشار ‌و بەرژەوەندی/Pressure and Interest Groups

گرووپەكانی بەرژەوەندی ‌و گوشار، لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە كارەكتەری نافەرمی هەژمار دەكرێن. لە دیارترینی ئەو گرووپانەیش خۆی لە لۆبیی یەهوودی _ڕێكخراوی ئایپاك_‌ و كارگە زەبەلاح ‌و گەورەكانی دروستكردنی چەك دەبینێتەوە. ئەم گرووپانەی گوشار ‌و بەرژەوەندی، لە هەر كاتێك بیانەوێت، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ‌و نافەرمی كاریگەری لەسەر بڕیاربەدەستانی دروستكردن ‌و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە دروست دەكەن.

هەشتەم: ڕاگەیاندن ‌و ناوەندەكانی توێژینەوە/Think tank & Midea

ڕaگەیاندنەكان بە تێكڕای جۆرەكانیانه‌وە _بینراو ‌و بیستراو ‌و خوێندراو_ لەگەڵ ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە ‌و توێژینەوە، كارەكتەری نافەرمین لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئامادەیییەكی بەرچاویان لە مەیدانەكەدا هەیە.

لێرەوەیە، دەكرێت بڵێین دروستكردنی بڕیار ‌و هەڵوێست لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە تەنیا لە لایەن یەك كارەكتەر ‌و دامەزراوەوە داناڕێژرێت ‌و بەڕێوە ناچێت، بەڵكوو كۆمەڵێك كارەكتەر ‌و دامەزراوەی فەرمی ‌و نافەرمی لەم پرۆسەیەدا بەشدار دەبن ‌و هەریەكەیشیان بەپێی سەنگ ‌و قورسایییان ڕۆڵ ‌و كاریگەرییان دەبێت. بۆیە دەبێت لە كاتی شرۆڤەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، تەواوی ئەو كارەكتەر ‌و دامەزراوانەمان لە پێشچاو بێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دروست بۆ هەڵوێست ‌و بڕیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بكەین.

 لەگەڵ باسكردنی كارەكتەرەكانی نێو ئەو پرسە، گرنگە قسە لەسەر ئامانج ‌و مەبەستی دروستكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بكەین، چونكە بێ گومان سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە مەبەستی بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانج دادەڕێژرێت، كە خۆی لە كۆمەڵێك خاڵ دەبینێتەوە، لەوانە:

-  بەزیندووهێشتنەوەی باڵادەستیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی.

-  پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا ‌و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوخۆ ‌و دەرەوە.

-  ئامانجی سەربازی ‌و بەگەورەمانەوەی باڵادەستیی سەربازیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەسەر هێزی وڵاتانی دیكە.

-  ئامانجی ئابووری ‌و پاراستنی تێكڕای بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ‌و، لەگەڵیشیدا پاراستنی بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی لەسەر ئاستی دونیا.

-  كاركردن بۆ بەدیهێنانی جیهانێكی ئارام و سەقامگیرتر لەوەی ئێستا، كە بە سوودی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی تەواو ببێت.

ئەمانە ئەو چوارچێوانە بوون، كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سیاسەتی خۆی لەسەر بنیاد دەنێت. بۆیە پێمان وایە دید ‌و سیاسەت‌ و ستراتیژییەتی ئیدارەی ترامپ ‌و كۆمارییەكان، جیاواز دەبێت لە هەشت ساڵی ئیدارەی ئۆباما‌ و دیموكراتەكان و، خودی ترامپی سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنیش جیاواز دەبێت لە ترامپی سەرۆكایەتی. ئەمەیش لە لایەكەوە بۆ جیاوازیی داڕشتنی سیاسەت‌ و ستراتیژییەت‌ و ئامرازەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە لە نێوان هەر دوو پارتی سەرەكی _دیموكرات ‌و كۆمارییەكان_، لە لایەكی دیكەیشەوە بۆ جیاوازیی كارەكتەرەكانی نێو ئیدارەی ترامپ دەگەڕێتەوە كە جیاوازتر لە كارەكتەری ئیدارەكانی پێشتر دەردەكەون؛ كە دەكرێت بڵێین ئەم ئیدارە نوێیە لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەمریكا لە دونیای ناوەوە ‌و دەرەوە دەڕوانێت.