دابه‌زینی پێنوێنی دیموكراسی؛ له‌ ئه‌وروپا زیاتر له‌ هه‌ر شوێنێكی تری جیهان

وەرگێڕان: پێنووس

ئەم بنکەی ڕاوێژیاری و ئاییندەبینییە لە دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەژێر ناوونیشانی پێنوێنی دیموکراسی لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا" ڕای گەیاند، کە دیموکراسی، بەتایبەت لە ڕۆژاوای ئەوروپادا تووشی شێوان بووە و پێنوێنی دیموکراسی لە حکوومەتە دیموکراتەکانی ئەم دەڤەرەدا بۆ سێیەمین ساڵ پەیتاپەیتا کەم بووەتەوە.

پێنوێنی دیموکراسی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیشدا، تەنانەت وێڕای هەستانەوەیەکی کەم کە لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا کەوتە بەرچاو، لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی بەم لاوە هێشتا لە نالەبارترین دۆخی خۆیدایە؛ واتا لەو ساڵەوە کە یەکەی زانیارییەکانی ئێکۆنۆمیست لەم بارەوە دەستی بە ئامارگرتن کردووە.

سەرەڕای کزبوونی دۆخی دیموکراسی لە گشت کیشوەری ئەوروپادا، بەشێک لە وڵاتانی ئەم کیشوەرە هێشتا لە سەرووی ئەو وڵاتانەن کە بەرزترین بەهای دیموکراسییان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. نەرویژ لە سەرووی خشتەی ١٠ وڵاتی دیموکراتیکەکانی جیهانە و دوای ئەویش ئیسلەند و سوێد دەبینرێن.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکەی ئێکۆنۆمیست، ڕووسیا خوارووترین ئاستی دیموکراسی لە ئەوروپا و پلەی ١٤٤ی لە سەرانسەری جیهاندا پێ دەبڕێ، تەنانەت دۆخی دیموکراسی لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان و زیمبابۆیش لە ڕووسیا باشترە.

پێناسەی دیموکراسی لە ٢٠١٨-٢٠١٧دا پتر لە کام وڵاتی ئەوروپادا دابەزیوە؟

لە پلەبەندیی یەکەی زانیارییەکانی ئێکۆنۆمیستدا ناوی گەلێک وڵات لەم بارەوە دەبینرێن، بۆ نموونە: سویسرا، گورجستان، هه‌نگاریا، ڕووسیا و تورکیا؛ بەڵام زۆرترین دابەزین لە ئیتاڵیا بەرچاو دەکەوێ.

ئیتاڵیا

دابەزینی پێنوێنی دیموکراسی لە وڵاتانی ئەوروپیدا، بووەتە هۆی بەدەسەڵاتگەیشتینی حزبە دژەبنەما و توندڕەوەکانی چەپ و ڕاست.

زۆربوونی لایەنگیری لە حزبە توندڕەوەکان لە ئیتاڵیادا، بووەتە هۆی هاتنەسەرکاری حکوومەتێکی پۆپۆلیستی؛ حکوومەتێک کە لە هاوبەندیی بزووتنه‌وه‌ی دژەبنەمای "پێنج ئەستێرە" و حزبی ڕاستی توندڕەو، واتا "لیگا" پێک هاتووە. لە ئاکامی هەوڵەکانی حکوومەتێکی لەم چەشنە، پلەبەندیی ئیتاڵیا لە پێڕستی وڵاتانی هەڵسەنگێنراوی یەکەی زانیارییەکانی ئێکۆنۆمیست لە ٢٠١٨دا لە ٢١ بۆ ٣٣ دابەزیوە.

بەدەسەڵاتگەیشتینی بزووتنەوە دژەبنەماکان لە وڵاتانی وەک سویسرا و ئیتاڵیا، ڕەنگدانەوەیەکە لە شکستی حزبە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتانە لەمەڕ ڕازیکردنی خەڵک و بەرپرسیاربوون لە ئاست نیگەرانی و ناتەبایییەکانی کۆمەڵگە. لە ئیتاڵیادا بە شێوەیەکی بەرچاو، بەر لە بەدەسەڵاتگەیشتینی حزبە پۆپۆلیستەکان، کرداری حکوومەت و پەرلەمان و حزبە سیاسییەکان هۆکاری هاتنەدیی دڵساردییەکی قووڵە لە کۆمەڵگەدا.

هەروەها ڕاپۆرتی یەکەی زانیارییەکانی ئێکۆنۆمیست ئاماژەیەکی تایبەت بە کرداری ماتیۆ سالڤینی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا دەکا کە سەرۆکی حزبی "لیگا"یە و خاوەنی سیاسەتێکی دژەکۆچبەرە؛ سیاسەتێک کە بووەتە هۆی ئەوە کە ئیتاڵیا لە لایەن کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تییەوە بەتوندی بخرێتە بەر باری ڕەخنە لەمەڕ مافی مرۆڤەوە.

گورجستان

هەڵبژاردنەکەی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٨ی گورجستان، بووە هۆی ئەوە کە پلەی ئەم وڵاتەیش لە نێوان وڵاتە دیموکراتەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێ. ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا (OSCE) بە وێنەی چاودێری ئەم هەڵبژاردنە ڕای گەیاند: "خولی دووەمی ئەم هەڵبژاردنە تەواو ڕکابەرانە بوو و پاڵێوراوەکان دەیانتوانی ئازادانە چالاکی بنوێنن. بەڵام کارلێکەریی سیاسەتمەدارە بەهێزەکان ڕەوتی هەڵبژاردنی گۆڕی و کاری کردە سەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە."

ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بە بیدزینا ئیڤانیشڤیلی، ملیاردێری گورجی و سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەم وڵاتە دەکا کە کاریگەرییەکی زۆری  لە هەڵبژاردنەکان هەبوو و ئێستایش دەسەڵاتی بەسەر حزبی "خەونی گورجستان" و سالومێ زۆرابیشڤیلی، سەرۆککۆمارە نوێیەکەی ئەم وڵاتەدا دەشکێ.

چۆنێتیی دیموکراسی لە کام وڵاتەکاندا چاکتر بووە؟

وێڕای سێ ساڵ دابەزینی پێنوێنی دیموکراسی لە کیشوەری ئەوروپادا، دۆخی دیموکراسی لە ٢٠١٨دا لە سێ وڵاتی فینلاند، ئه‌ڵمانیا و ماڵتا چاکتر بووە. لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایش "پێشکەوتنێکی بەرچاو" لە دۆخی دیموکراسیی وڵاتانی ئەرمەنستان، ئستۆنیا و مەقدۆنییەدا دەبینرێ. لەم نێوانەدا ئستۆنیا بە هۆی زێدەبوونی متمانە بە حکوومەت و حزبە سیاسییەکان، دۆخێکی چاکتریان هەیە.

پلەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە چ ئاستێکدایە؟

لەنێو وڵاتانی ئەندامی ئەم یەکێتییە، سوید خاوەنی بەرزترین پلەیە. ئەم وڵاتە پلەی سێیەمی دیموکراتترین وڵاتی دنیای هەیە.

ڕۆمانیا نزمترین پلەی هەیە و کرواسی بە کەمێک جیاوازییەوە لە سەرووی ئەو وەستاوە.

ڕوانگەی دیموکراتیک بۆ ساڵی ٢٠١٩ چییە؟

یۆرۆنیوز لەم بارەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵ فیونا مەکی، نووسەری ئەم ڕاپۆرتە، لە یەکەی زانیارییەکانی ئێکۆنۆمیست کردووە.

بە گوتەی خاتوو مەکی، هەرچەند زێدەبوونی مەیلی گشتی بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ سیاسییەکاندا جمەیەکی ئەرێنییە لە ڕەوتی دیموکراسیدا، بەڵام ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە دەبینرێ، ئامێتەیەکە لە بەشداریکردنی سیاسی و پۆپۆلیزم (سیاسەتی ڕەمەکپەسەندانە) کە دەکرێ مایەی نیگەرانی بێت. ئەو دەڵێ: "بەشداریکردنی سیاسی لە ئەوروپادا زۆرتر بووە، بەڵام لە ڕاستییدا دەنگدەران بە دنەی حزبە پۆپۆلیستەکان هاتوونەتە مەیدان و ئەمەیش مەترسییەکە، کە لە ٢٠١٩دا هەڕەشە لە دیموکراسی دەکا."

کام وڵاتی ئەوروپی زۆرتر لە مەترسیدان؟

بە گوتەی فیونا مەکی، زۆر وڵات دەبێ لەبەرچاو بگرین. بە بۆچوونی ئەو "دەبێ چالاکییەکانی حزبە پۆپۆلیستەکانی سوید و ئیسپانیا و حکوومەتە نوێیەکەی ئیتاڵیا بخرێنە بەر سەرنج. دەبێ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپایش لە نزیکەوە بخرێنە بەر سەرنج تا بتوانین دۆخی چالاکییەکانی حزبە پۆپۆلیستەکان لە سەرانسەری ناوچەدا بخەینە بەرچاو. خاتوو مەکی ئاماژەی بە بریتانیایش کردووە و دەڵێ: بابەتگەلی وەک برێكزیت و هاوکات هێنانەکایەی دووەمین ڕیفراندۆم لەم وڵاتەدا یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان. بە گوتەی ئەو، بابەتی ئەنجامدانی دووەمین ڕیفراندۆم، دەتوانێ گەلێک نێوانتێکدەر بێت و ببێتە هۆی زیاتربوونی چەندجەمسەرییە سیاسییەکان و سەرلەئاخیر فەوتانی متمانەکردن بە دیموکراسی لە بریتانیادا.

سەرچاوە:

https://fa.euronews.com/2019/01/09/economist-intelligence-unit-democracy-index-europe-declined-democratic-malaise?utm_medium=Social&utm_source=Facebook&fbclid=IwAR0o1EZhh1q4zxixN8QNA7s5C-mvS29zzxPO0HE8h3JBqxBN0ELZzGyt8z4#Echobox=1547048873