عه‌ره‌بستانى سعوودى: دواڕۆژێكى كه‌رتكراو

برانده‌ن فريدمان

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

18ى دێسه‌مبه‌ری 2018

كوژرانى جه‌مال خاشقچى له‌نێو كونسڵگه‌ريى سعووديا له‌ ئيستانبۆڵ له‌ 2ى ئۆكتۆبه‌ردا، ڕووداوێكى گۆڕانكارى بوو بۆ عه‌ره‌بستانى سعوودى. ده‌سوه‌جێ ئه‌م ڕووداوه‌ زيانى له‌ نێوبانگ و كه‌سايه‌تيى جێنيشينى مه‌ليكى سعووديا، شازاده‌ موحه‌مه‌دى بن سه‌لمان (MBS) دا، چ له‌ناو ئالى سعوود و چ له‌ جيهاندا. ئه‌م ڕووداوه‌، هه‌ر ته‌نیا‌ شه‌رم و شووره‌يى نه‌بووه بۆ شازاده‌‌؛ كوشتن و هه‌وڵه‌ ناقۆڵا و نه‌پڕژاوه‌كانى سعووديا بۆ سازكردنى شرۆڤه‌يه‌كى باوه‌ڕپێكراو بۆ ئه‌و پێشهاته‌، وێنه‌ى ساز و له‌بارى MBSيان له‌ ڕۆژاوادا شێواند و زيانيان له‌ هه‌وڵه‌كانى دا بۆ هێنانه‌دیى گۆڕانێكى كۆمه‌ڵايه‌تى- ئابوورى، كه‌ خۆى له‌ ڕوئياى سعووديا بۆ 2030دا ده‌بينێته‌وه‌.

بێده‌نگكردنى خاشقچى

جه‌مال خاشقچى هه‌ر زوو، پاش ئه‌وه‌ى چۆته‌ كونسڵگه‌ريى سعووديا بۆ ته‌واوكردنى هه‌ندێ به‌ڵگه‌نامه‌ى پێويست بۆ هاوسه‌رگيريكردن له‌گه‌ڵ ده‌زگيرانه‌ توركه‌كه‌يدا، له ‌لايه‌ن تيمێكى كاربه‌ده‌ستى سعوودياوه‌ كوژراوه‌. خاشقچى، پێش ئه‌و مردنه‌ى، له‌ تاراوگه‌ له‌ ئه‌مريكادا ده‌ژيا و بير و ڕاى خۆى له‌ ستوونێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ى "واشنتۆن پۆست" ده‌نووسى.  هه‌روا ئه‌و وه‌كوو نووسه‌رێكى سعوودى له‌ هه‌ر دوو ڕۆژنامه‌ى عه‌ره‌بيدا، "الشرق الاوسط" و "الحياة"، زۆر جاران چ له‌ناو ده‌ربارى شاهانه‌ى سعووديا گوزه‌راوه‌ و بير كراوه‌ته‌وه‌، ڕاى خۆى ده‌ربڕيوه‌ كه‌ تا ڕادده‌يه‌كى زۆر بۆ خه‌ڵكى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و بنه‌ماڵه‌يه‌،‌ شاراوه‌ و كه‌سپێنه‌زان بووه‌.

وه‌ك نووسه‌رێكى ناو عه‌ره‌بستانى سعوودى، نووسينه‌كانى خاشقچى پڕبه‌ها بوون بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستيان نه‌ده‌گه‌يشته‌ سعووديا يان بڕيارسازه‌كانى. پاش ڕاپه‌ڕينه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ 2011دا، خاشقچى هاوسۆزیى خۆى له‌گه‌ڵ ئيخوانولموسلميندا نيشان داو‌ه‌؛ ئه‌و هاوسۆزييه‌، سۆنگه‌ى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ خاشقچى بكه‌وێته‌ به‌ره‌ى هه‌ڵه ‌و به‌رانبه‌رى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاى بن سه‌لمان بۆ په‌ره‌پێدان و به‌هێزكردنى ئيسلامێكى "ميانڕۆ" له‌ شانشينه‌كه‌دا. هاوسۆزى و لايه‌نگيرييه‌كانى خاشقچى شتێكى نوێ نه‌بوون [1]، به‌ڵكه‌ له‌ جه‌نگه ‌و گه‌رمه‌ى قايمبوون و ڕه‌گداكوتانى ده‌سه‌ڵاتى بن سه‌لماندا كه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕوئياى 2030 له‌ 2016دا و به‌ گرتنى شازاده‌ دياره‌كانى ئالى سعوود له‌ نۆڤه‌مبه‌رى 2017دا ده‌ستی پێ كرد، [2]  شانشينى سعووديا په‌لامارى چالاكوان و هاوسۆزه‌كانى ئيخوانولموسلمينى خۆى دا. [3]  له‌ سێپته‌مبه‌رى 2017دا، خاشقچى به‌ئاشكرا ڕه‌خنه‌ى له‌و بڕياره‌ى شانشينى سعووديا گرت كه‌ ئيخوانولموسلمينى به‌ ڕێكخراوێكى تيرۆريستى دانا [4].  خاشقچى ده‌يزانى كه‌ ئه‌و بۆچوون و تێڕوانينانه‌ى له‌ سايه‌ و سێبه‌رى حوكمڕانيى شا سه‌لمان و MBSدا، پێشوازييان لێ ناكرێ، له‌وما پاش ماوه‌يه‌كى كه‌م چووه‌ ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا.

خاشقچى له‌ سێپته‌مبه‌رى 2017وه‌ تا سێپته‌مبه‌رى 2018، وتارى بۆ واشنتۆن پۆست نووسيوه‌ و زۆر جاران له‌ ستوونه‌كه‌يدا بێ بڕانه‌وه‌ په‌لامارى سه‌ركردايه‌تيى ئۆتۆكراتييانه‌ى MBSى داوه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا  به‌رگرییه‌كى به‌رده‌وام و جێگيرى له‌ ئيخوانه‌كانى سعووديا كردووه‌. له‌ يه‌كه‌مين وتاريدا بۆ واشنتۆن پۆست له‌ سێپته‌مبه‌رى 2017دا، خاشقچى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "شاراوه‌ نييه‌ كه‌ MBS، بێزى له‌ ئيخوانه‌كان ده‌بێته‌وه‌." هه‌روا داخ و په‌ژاره‌ى خۆى بۆ ئه‌وه‌یش ده‌ربڕيوه‌: "له ‌ڕاستيدا ئه‌وه‌ دژبه‌رييه‌كى سه‌يره‌ كه‌ ناسنامه‌ى كه‌سێك وه‌كوو چالاكوانێكى ئيحوانولموسلمین ديارى بكرێ"، [5] ئاماژه‌یشی بۆ ڕه‌گ و ڕيشه‌ قووڵه‌كانى ئيخوانولموسلمين له‌ زۆر داموده‌زگه‌ى ده‌وڵه‌تى سعووديادا كردووه‌. [6] له‌ پۆستێكى پێشووترى تويته‌ردا و له‌ هه‌مان مانگدا خاشقچى قوتابخانه‌ى فيكريى ئيخوانى به‌ قوتابخانه‌يه‌كى "نه‌جيب" داناوه‌. [7] هه‌روا‌ خاشقچى هه‌وڵی داوه‌ سه‌رنجى ديكسته‌ر فيلكينزى نووسه‌رى نيويۆركه‌ر، بۆ ده‌رد و مه‌ينه‌تيى ڕووناكبيرى زيندانيكراوى سعووديا، سه‌لمان ئه‌لعۆده‌ ڕابكێشێ [8] كه‌ تا ڕادده‌يه‌كى زۆر بيركردنه‌وه‌ى ئه‌لعۆده‌ له‌ژێر كاريگه‌ريى ئيخواندايه‌. پاش ڕاپه‌ڕينه‌كانى 2011ى به‌هارى عه‌ره‌بى، ئه‌لعۆده‌ كتێبێكى گرنگى به ‌ناوى "اسئلة الثورة- پرسياره‌كانى شۆڕش" نووسيوه‌ كه‌ به‌ ئالينگارى بۆ پاشايه‌تيى سعووديا فام ده‌كرێ و لێك ده‌درێته‌وه‌ [9].

خاشقچى پێی وا بووه‌ MBS له‌سه‌ر هه‌قه‌ كه‌ تاقيبى خه‌ڵكى توندڕۆ و په‌ڕگيرى كردووه‌ و ده‌كا، به‌ڵام ئه‌و به‌ دواى خه‌ڵكێكدا ده‌گه‌ڕێ كه‌ توندڕۆ نين [10]. له‌ ڕاستيدا خاشقچى زانياريى زۆر و پێوه‌نديى گه‌رموگوڕى له‌گه‌ڵ ئيسلامييه‌كاندا هه‌بووه‌ و له‌وانه‌يه‌ ئه‌وه‌یش سه‌رنجێكى له‌ بير و زه‌يندا له‌سه‌ر خاشقچى دروست كردبێ كه‌ لايه‌نگيرييان ده‌كا. خاشقچى مامه‌ڵه‌ و ڕه‌فتارى نالێبووردووانه‌ى‌ له ‌ته‌ك خه‌ڵكى بير و ڕا جياوازدا  له‌ سايه‌ى MBSدا، شه‌رمه‌زار كردووه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا پێى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرتووه‌ كه‌ ئيخوان به ‌شێوه‌يه‌كى ناهه‌ق خراپه‌يان ده‌رهه‌ق كراوه‌. له‌ ستوونێكدا له‌ 3ى نيسان، خاشقچى ده‌ڵێ ڕيفۆرمه‌كانى شا فه‌يسه‌ڵ له‌ شه‌سته‌كاندا "به ‌پێدانى مينحه‌ى خوێندن به‌ ئه‌ندامانى ئيخوان ده‌ستی پێ كرد" كه‌ "شێوازێكى نوێيان بۆ فيكر و شه‌ريعه‌تى ئيسلامى" داهێنا. [11] ئه‌و شێواز و ميتۆدانه‌ چى بوون و له‌ كۆتایيدا چيیان لێ كه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆ هزر و وێناى خوێنه‌ر جێ هێڵدراوه‌. گريمانه‌ى په‌نهان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌و ميتۆد و شێوازانه‌ پۆزه‌تيڤ بوون. عه‌بدولعه‌زيز ئه‌لعويشق كه‌ دۆستێكى خاشقچييه‌ و ياريده‌رێكى سكرتێرى گشتيى ئه‌نجومه‌نى هاريكاريى كه‌نداوه‌، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خاشقچى  ڕقى له‌ توندوتيژيى ئيسلامى بووه‌، لێ پێى وا بووه‌ كه‌  "كارێكى شياو و پراگماتيكانه‌يه‌ "ئيسلامييه‌ ئاشتيدۆسته‌كان بخرێنه‌ ناو "پرۆسه‌يه‌كى سياسيى هه‌مه‌گره‌وه‌." [12]

مسۆگه‌ر، سه‌د ده‌ر سه‌ديش نه‌بێ، خاشقچى ئيسلامييه‌كى خه‌ته‌ر نه‌بووه‌. [13] لێ له‌م ساڵانه‌ى دواييدا، ئيخوانه‌كانى له‌به‌ر دڵى خوێنه‌رە ڕۆژاواييیه‌كاندا شرين كردووه‌. و هه‌روا نكوڵيیش ناكرێ كه‌ خاشقچى ئازايانه‌ و به‌وردييه‌وه‌ باسى له‌و كه‌شوهه‌واى ترس و تۆقاندنه كردووه‌ كه‌ له‌ شانشينى سعووديادا هاتووه‌ته‌ كايه‌وه‌ له سايه‌ى ده‌سه‌ڵاتى به‌ره‌وژوورچووى MBSدا و، له‌م سه‌رينه‌یشه‌وه‌ نرخێكى گرانى بۆ ئه‌و به‌ئازادانه‌ پێڕاگه‌ياندنه‌ به‌ جيهان دا.. [14]

دواڕۆژى شانشينى سعووديا

له‌ 2016دا، MBS ڕوئياى خۆى بۆ به‌رنامه‌ى ڕيفۆرمه‌كانى 2030ى سعووديا خسته ‌ڕوو. ئه‌م پلانه‌، پلانێكى فره‌ڕه‌هه‌نده‌ بۆ هه‌مه‌جۆركردنى ئابووريى مه‌مله‌كه‌ت دوور له‌ پشتبه‌ستن به‌ داهاتى نه‌وت [15]. له ‌واقعدا، پلانه‌كه‌ى MBS ته‌نيا پرۆگرامێكى ته‌كنۆكراتى نييه‌ بۆ گۆڕينى ئابووريى سعووديا: ئه‌م پلانه‌، بێ له‌ گرێبه‌ستێكى نوێى كۆمه‌ڵايه‌تى بۆ شانشينى سعووديا، شتێكى ديكه‌ نه‌بووه‌؛ گرێبه‌ستێك كه‌ ئامانجى داڕشتنه‌وه‌ى پێوه‌نديى نێوان ئالى سعوود و خه‌ڵكى سعووديا بووه‌ له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كى نوێ [16]. له‌گه‌ڵ داخورانى ئابووريى ڕه‌يعى [به‌و جۆره‌ ئابوورييه‌ ده‌گوترێ كه‌ وڵات ته‌نيا پشت به‌ يه‌ك سه‌رچاوه‌ى داهات ببه‌ستێ، به‌تايبه‌تى سه‌رچاوه‌ سروشتييه‌كانى وه‌ك نه‌وت و گاز- ئاسۆ] و تواناى ده‌وڵه‌تى سعووديا بۆ پاراستنى ده‌وڵه‌تى خۆشگوزه‌رانى له‌ ده‌سپێكى نه‌وه‌ده‌كاندا، بنه‌ماڵه‌ى پاشايه‌تيى ئالى سعوود چه‌نگى خۆى به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا قايمتر كرد له‌ ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى لێزانانه‌ى "چه‌شه‌ڕووكردن و تۆبزيكردن" بۆ په‌يداكردنی پشته‌وانی و ئيداره‌دانى موعاره‌زه‌. [17] تا ڕادده‌يه‌ك نرخى به‌رزى نه‌وت له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى ڕابردوودا هه‌ندێ فه‌زاى هه‌ناسه‌دانى هێنابووه‌ گۆڕێ بۆ دۆزينه‌وه‌ى ئه‌لته‌رناتيڤێك بۆ گرێبه‌ستى ناچه‌سپاوى كۆمه‌ڵايه‌تيى ڕه‌يعى. ئه‌و گرێبه‌سته‌ تا ڕادده‌يه‌ك له‌ خزمه‌ت‌ شانشينى سعووديادا بووه‌ له‌ ده‌سپێكى شه‌سته‌كانه‌وه‌ تا سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كان [18]. كێشه‌ى خاشقچى، ئالينگاريى زێتر دێنێته‌ به‌رده‌م جيبه‌جێكردنى ته‌واوى مه‌ودا و ئاقارى ڕوئياى 2030، چونكه‌ ئه‌و كێشه‌يه‌ وه‌به‌رهێنه‌ بيانييه‌كانى ترساند. [19]

مه‌به‌ستى به‌رنامه‌ ڕيفۆرمه‌كه‌ى MBS، گۆڕينى شانشينى عه‌ره‌بستانى سعوودييه‌ له‌ ئابوورييه‌كى ڕه‌يعيى پشتبه‌ستوو به‌ داهاتى نه‌وت، بۆ ئابوورييه‌كى هه‌مه‌چه‌شنه‌ى بازاڕ. لۆژيكى ئه‌و به‌رنامه‌ به‌رزه‌فڕه‌ خويا و ڕوونه‌. دانيشتووانى سعووديا به ‌شێوه‌يه‌كى خێرا زيادى كردووه‌ و سه‌روه‌ت و سامانى شانشينه‌كه‌یش له‌ داكشاندايه‌، چيديكه‌ سعووديا ناتوانێ له‌سه‌ر به‌رنامه‌كانى ده‌وڵه‌ت بۆ خۆشگوزه‌رانى به‌رده‌وام بێ؛ واته به‌رده‌وامبوون‌ له‌سه‌ر "فه‌رمانى فه‌يسه‌ڵ" كه‌ كۆمه‌كى به‌ دانيشتووان ده‌كرد له‌ شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه‌ تا كۆتايیى هه‌شتاكاندا. [20] شانشينى سعووديا پێويستى به‌وه‌ هه‌يه‌ ڕێگه ‌و شێوازى نوێى  داهات په‌يداكردن و دۆزينه‌وه‌ى هه‌لى كار بۆ خه‌ڵكى گه‌نجى سعووديا بدۆزێته‌وه‌.

دانيشتووانى سعووديا نزيكه‌ى له‌ سێ مليۆن كه‌سه‌وه‌ له‌ 1950دا، ئێسته‌ بووه‌ته‌ 25 مليۆن. 70%ى دانيشتووان ته‌مه‌نيان له‌ خوار 30 ساڵه‌وه‌يه‌ و، 40%ى دانيشتووان له‌ خوار ته‌مه‌نى 24 ساڵدان. داهاتى ساڵانه‌ى تاكه‌كه‌س له‌ عه‌ره‌بستانى سعووديدا له‌ ماوه‌ى نێوان 1968 و 1978دا، دووهه‌نده‌ى لێ هاتووه‌‌ و له‌ ده‌سپێكى هه‌شتاكاندا بۆ نيوه‌ دابه‌زيوه ‌و، پاشان له‌ ماوه‌ى نێوان 1987- 2002دا له‌ جێگه‌ى خۆيدا ماوه‌ته‌وه‌ و، له‌ ماوه‌ى نێوان 2003- 2014 به‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وته‌وه‌، داهاتى تاكه‌كه‌س به ‌ڕێژه‌ى 40% ديسان زياد بووه‌ [21]. به‌ هه‌ر حاڵ، له‌ ئابى 2014 تا 2017، له‌ كاتێكدا نرخى نه‌وت زۆر دابه‌زى و خه‌رجيى سه‌ربازى به ‌شێوه‌يه‌كى دراماتيكى زيادى كرد‌، شانشينى سعووديا ناچار بوو‌ به‌شێكى به‌رچاوى يه‌ده‌گى كاش (نه‌ختينه‌ى پاره‌)ى خۆى بسووتێنێ و له‌ 737 بليۆن دۆلاره‌وه‌ بۆ خوار 500 بليۆن دۆلار كه‌م ببێته‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ى جارێكى ديكه‌ له‌ نيوه‌ى يه‌كه‌مى 2018دا، نرخى نه‌وت به‌رز بێته‌وه ‌و سه‌ر كه‌وێته‌وه‌ [22].

ئه‌گه‌ر چيتر داهاته‌كانى نه‌وت‌ بايى ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن حكوومه‌ت به‌ پێداويستييه‌كانى دانيشتووانێكى گه‌وره‌ و گه‌نجان ڕابگا، ئه‌وا ڕوئياى 2030ى MBS، بۆ ئه‌وه‌ داڕێژراوه‌ كه‌ ده‌رفه‌تى كار- ئابوورى بۆ خه‌ڵكێكى گه‌نج و خوێنده‌وار بڕه‌خسێنێ. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ تا 2030، چوار مليۆن و نيو سعوودى بێنه‌ ناو بازاڕى كاره‌وه‌ [23]؛ واته‌ ده‌وڵه‌ت ڕووبه‌ڕووى گوشارێكى گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ بۆ بره‌ودان به‌ كه‌رتى تايبه‌ت كه‌ ئاراسته‌كه‌ى نه‌شونما و په‌ره‌پێدان و بازاڕ بێ و ده‌رفه‌تى‌ ئيشوكارى سه‌رنجڕاكێش بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێنێ‌. له‌ كاتێكدا حكوومه‌ت پا له‌ جه‌ختكردنه‌وه‌يه‌كى نوێ له‌سه‌ر گه‌شتيارى ناوخۆيى و كه‌رتى بينا و ده‌رهێنانى سه‌رچاوه‌ سروشتييه‌كان ده‌كاته‌وه‌، ددان به‌وه‌یشدا ده‌نێ كه‌ بۆ پێكهێنانى "ئابوورييه‌كى پشتبه‌ستوو به‌ زانين و مه‌عريفه‌" [24]، پێويست به‌ وه‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنانێكى قه‌به‌ى بيانى ده‌كا له‌ كه‌رتى تايبه‌تدا بۆ هێنانه‌دیى نه‌شونما و په‌ره‌گرتنێكى سه‌قامگير و به‌رده‌وام. [25]. به‌ڵام كێشه‌ى خاشقچى، وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بيانييه‌كانى ترساند و بووه‌ مايه‌ى ئه‌وه‌ كه‌ 650 مليۆن دۆلار له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2018دا له‌ سعووديا  بچێته‌ ده‌رێ. [26]

له‌ كاتێكدا هه‌ندێ كه‌س پێيان وايه‌‌ سه‌ركه‌وتنى MBS له‌ كۆنفرانسى داڤوسى بيابان ‌ له‌ كۆتايیى ئۆكتۆبه‌ردا نيشانه‌يه‌كه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى بن سه‌لمان بۆ بوارى خواسايیيانه‌ى بێزنس له‌گه‌ڵ سعوودييه‌كاندا [27] و ڕه‌چاو ده‌كرێ كۆى سه‌رمايه‌ى فيچقه‌كردوو [سه‌ركردوو]ى ئه‌مساڵ به‌ ڕێژه‌ى 13% به‌ به‌راورد به‌ 2017، بۆ 90 بليۆن دۆلار به‌رز بێته‌وه‌ [28]. حكوومه‌تى سعووديا سندووقى وه‌به‌رهێنانى گشتيى به‌كار هێناوه‌ كه‌ به‌ بليۆنان دۆلار ده‌خاته‌ بوارى بازاڕى پشكه‌كان [ئاڵوگۆڕ]‌ بۆ پشته‌وشاركردنه‌وه‌ى پرۆسه‌كانى فرۆشتن به‌ نرخێكى هه‌رزان دوا به ‌دواى كێشه‌كه‌ى خاشقچى و هه‌ڵه‌كانى پێشووترى MBS له‌ بوارى سياسه‌تى ده‌ره‌كيدا [29]. واته‌ كێشه‌ى خاشقچى، سه‌ركه‌وتنى كۆتايیى ڕوئياى 2030ى خستووه‌ته‌ خه‌ته‌ره‌وه‌. [30]

له‌وانه‌يه‌ ئه‌مه‌ كاريگه‌ريى لاوه‌كى و نه‌خوازراوى بۆ سه‌ر ئاسۆكانى گۆڕانكاريى جڤاكى و كه‌لتوورى له‌ شانشينه‌كه‌‌دا لێ بكه‌وێته‌وه‌. له‌ كاتێكدا MBS وه‌ك به‌شێك له‌ به‌رنامه‌ چاكسازييه‌كه‌يدا، به‌شدارييه‌كى ئه‌وتۆى سياسيى بۆ خه‌ڵك نه‌ڕه‌خساندووه‌، كه‌چى بن سه‌لمان پشتيوانیى له‌ ئازادييه‌كى زۆرترى كۆمه‌ڵايه‌تى و كه‌لتوورى بۆ گه‌نجان كردووه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ى مێژووى مۆدێرنى سعووديدا سه‌يرى ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ بكرێ، په‌ره‌سه‌ندنێكى بێپێشينه‌يه‌. ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌‌ ئاماژه‌ و هێماى ڕه‌مزى و ساده‌ نين. له‌ پێڤاژۆى سعووديدا، ئه‌و په‌ره‌سه‌ندانه،‌ په‌ره‌سه‌ندنى سه‌ره‌كين. حكوومه‌ت "كواليتیى به‌رنامه‌ى ژيان- جوده‌ برنامج الحياه‌"ى له‌ ئايارى 2018دا بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ بانگ بۆ تێكه‌ڵبوونى هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زى نێر و مێ ده‌كا بۆ "توندوتۆڵكردنى كۆمه‌ڵگه‌". ئه‌و به‌رنامه‌، ڕێگه‌ به‌ كۆگه ‌و دوكانه‌كان ده‌دا له‌ ساته‌وه‌ختى هه‌ر پێنج فه‌رزه‌ى نوێژكردندا به‌كراوه‌يى بمێننه‌وه‌ [31]. چيديكه‌ ئافره‌تى سعوودى پێويستى به‌ مۆڵه‌تى‌ سه‌رپه‌رشتيكارى‌ نێرينه‌ (القيم او الوصي) نييه‌ تا ده‌ست به‌ ئيشوكار و بێزنسێك بكا.

حكوومه‌ت، به‌م دواييیه‌ قه‌ده‌غه‌ى له‌سه‌ر هۆڵ و شانۆى سينه‌ماكان هه‌ڵگرتووه‌ و، مافى به‌ ئافره‌تان داوه‌ ئۆتۆمبێڵ لێ بخوڕن و له‌ كۆنسێرته‌ موزیكييه‌كاندا، هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زى نێر و مێ پێكه‌وه‌ به‌شدار ببن. هه‌روا حكوومه‌ت هه‌وه‌ڵ جاره‌، ڕێگه‌ به‌ ئافره‌تان بدا كه‌ به‌شداریى چالاكييه‌ گشتييه‌ وه‌رزشييه‌كان بكه‌ن و له‌ شوێنه‌ گشتييه‌كاندا مه‌رجى "عه‌باله‌به‌ركردن" و "نيقابپۆشين"يان له‌سه‌ر لا بدا. [32] له‌ ڕاپۆرته‌كانى ميدياى گشتيدا باس له‌ يه‌كه‌مين ئافره‌تى چێشتلێنه‌رى چێشتخانه‌، يه‌كه‌مين ده‌ليلى گه‌شتيارى [واته‌ ئافره‌تێك كه‌ ڕێنوێنیى گه‌شتياران بكا و ده‌ليليان بێ] و يه‌كه‌مين ئافره‌تى پزيشكى به‌يته‌رى له‌ عه‌ره‌بستانى سعووديدا، ده‌كرێ. به‌م دوايیيانه‌یش، له‌ فيستيڤاڵێكى سێ ڕۆژه‌ى ستران و گۆرانيدا له‌ درعيه‌، سترانبێژێكى ئافره‌ت چووه‌ سه‌ر ته‌خته‌ى شانۆ و له‌ ته‌ك ئينريك لگلسياسدا، پێكه‌وه‌ گۆرانيیان له ‌به‌رده‌م گوێگران و ئاماده‌بووانى سعوودى چڕى كه‌ له‌ هه‌ر دوو ڕه‌گه‌ز پێك هاتبوون؛ پێش چه‌ند ساڵێك، شتى وا له‌ شانشينى سعووديادا نه‌ده‌بيسترا و ڕێگه‌ى پێ نه‌ده‌درا. [33]

لۆژيكێكى ئابوورى و سياسى له‌و گۆڕانكارييانه‌دا هه‌يه‌ و ته‌نيا له‌به‌ر خاترى ڕۆژاوا ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ ناكرێ. ئه‌و ڕيفۆرمانه‌، ئه‌نگێزه‌يه‌ك به‌ خه‌ڵكى گه‌نج و ئافره‌تانى مۆبۆليزه‌كراو ده‌ده‌ن، وه‌كوو خودان به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى سعووديا له ‌ڕێگه‌ى په‌ره‌پێدانى به‌شداريى ئابوورييان، چ وه‌ك به‌رهه‌مهێن و چ وه‌ك به‌كاربه‌ر. به‌ ده‌سته‌واژه‌ى ديكه،‌ وێده‌چێ ئه‌و گرێبه‌سته‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌ نوێيه‌ى‌ خۆى له‌ناو ڕوئياى 2030دا حه‌شار داوه‌، بۆ ئه‌وه‌ خراوه‌ته ‌ڕوو كه‌ ئازاديى زێترى كۆمه‌ڵايه‌تى و كه‌لتوورى به‌ گه‌نجان (به‌تايبه‌تى به‌ ئافره‌تان) بدات له ‌به‌رانبه‌ر به‌شدارييه‌كى گه‌وره‌تريان له‌ بوارى به‌رهه‌مهێنانى ئابووريى شانشينى سعووديادا. له‌ هه‌مان كاتدا، به ‌هۆى به‌شداريى ئابوورى و جڤاكييانه‌ى نه‌وه‌يه‌كى نوێى سعوودييه‌كان، MBS جه‌ماوه‌ريبوونى خۆى له‌ناو گه‌نجانى سعووديدا به‌هێز ده‌كا و ڕه‌وايیى زێتر به‌ خۆى ده‌دا بۆ وه‌رگرتنى ته‌خت و به‌ختى شاهانه‌ى سعوودى.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى سعووديادا ئه‌م گۆڕانكارييانه‌، كاردانه‌وه ‌و به‌رهه‌ڵستييه‌كى توندى توخمه‌ نه‌ريتئاساكانيان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌. جێنشينى شا MBS له‌ سه‌رينى پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى و نفووز و ده‌سه‌ڵاتى خۆى، چ له‌ناو خۆى وڵات و چ له‌ ده‌ره‌وه‌دا، توانى ئالينگارييه‌كان بخاته‌ لاوه‌. قه‌يرانى خاشقچى، MBSى خسته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و شك و گومانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌يرانه‌ ڕوئياى MBS بۆ 2030 ڕانه‌گرێ، داخوا حكوومه‌ت هێشتا سه‌يرى به‌ليبراليزه‌كردنى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئابوورى وه‌ك خه‌ته‌رێك ده‌كا، كه‌ ده‌بێ به‌هه‌ند وه‌ربگيرێ، به ‌پشتبه‌ستن به‌و فاكته‌ى كه‌ داخوا ئه‌و پلانه‌ى MBS‌ چيديكه‌ ده‌توانێ ببێته‌ به‌شێكى نه‌خشه‌يه‌كى پته‌و و موكم بۆ هێنانه‌ئاراى سه‌قامگيرييه‌كى زۆرتر و گه‌وره‌ترى كۆمه‌ڵايه‌تى- ئابوورى له‌ شانشينى سعووديادا؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ نه‌خێر بێ، داخوا MBS ئه‌زموون و شاره‌زايیيه‌كى وه‌ساى هه‌يه‌ كه‌ بتوانێ ئيداره‌ى ئه‌و به‌لانسه‌ ورده‌ بكا له ‌نێوان "خۆگونجاندن و زۆرلێكردن"دا كه‌ بۆ دابينكردنى سه‌قامگيرى له‌ شانشينى سعووديدا پێويسته‌؟

ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ى سياسه‌ته‌ ناوخۆييیه‌كانى سعوودياوه‌ سه‌يرى كێشه‌ى خاشقچى بكرێ، ئه‌وه‌ خه‌ته‌ر هه‌يه‌. نيشانه‌يه‌كى به‌رايى، كاردانه‌وه‌ى عه‌ره‌بستان بووه‌ له ‌به‌رانبه‌ر ئه‌و قه‌يرانه‌دا، ئه‌وىش سه‌ردانى شا سه‌لمان بووه‌ بۆ هه‌ر دوو پارێزگه‌ى ئه‌لقه‌سيم و حائل له‌ ده‌سپێكى تشرينى دووه‌مدا و هه‌رێیپێدان كه‌ ده‌بێ سه‌دان بليۆن دۆلار له‌ پرۆژه‌كانى په‌ره‌پێدان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ خه‌رج بكرێ وه‌ك نموونه‌گه‌لێكى نه‌ريتئاساى وه‌ده‌ستهێنانى پشتيوانى بۆ بنه‌ماڵه‌ى حوكمڕانى ئالى سعوود.  [34] هاوشێوه‌ى ئه‌و تاكتيكانه‌ى كه‌ شا عه‌بدوڵڵا پێش ڕاپه‌ڕينه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ 2011دا په‌ناى بۆ بردن، شا سه‌لمانيش پاره‌وپووڵى مه‌مله‌كه‌ت به‌سه‌ر پێكهاته‌ ناوخۆيیيه‌كان دابه‌ش ده‌كا بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى دڵسۆزیى به‌رده‌واميان بۆ هێڵ و خه‌تى جێگره‌وه‌كه‌ى...

سەرچاوە:

https://dayan.org/content/saudi-arabia-future-interrupted?fbclid=IwAR2Zhv0RTAFnMSg76BKwCQdx9iiMk0QbMtS9ssLAh7KqpXSf86LMsUFwslo

 

 

په‌راوێزه‌كان:

[1] ʿ Abd al-ʿAziz Aluweisheg, "Freedom of Expression was my friend Jamal's defining principle ," Arab News, October 22, 2018.

 [2] Martin Chulov, "How Saudi elite became five-star prisoners at the Riyadh Ritz Carlton ," The Guardian, November 6, 2017; Kevin Sullivan and Kareem Fahim, "A year after the Ritz-Carlton roundup, Saudi elites remain jailed by the crown prince ," The Washington Post, November 5, 2018.

 [3] "Saudi clerics detained in apparent bid to silence dissent ," Reuters, September 11, 2017.

[4]  Ian Black, "Jamal Khashoggi obituary ," The Guardian, October 19, 2018; Obituary: "Jamal Khashoggi was 'a good man and fine journalist '," Al Jazeera, October 22, 2018.

 [5] Jamal Khashoggi, "Saudi Arabia wasn't always this repressive. Now it's unbearable ," The Washington Post, September 18, 2017.

[6]  Stephane Lacroix, Awakening Islam: The Politics of Religious Dissent in Saudi Arabia (Cambridge, MA: Harvard University Press, 2011).

 [7] Jamal Khashoggi, Twitter Post , September 9, 2017, 2:56pm.

[8]  Dexter Filkins, “In the Aftermath Of Khashoggi’s Murder, Saudi Arabia Enters A Dangerous Period ,”  The New Yorker, November 2, 2018.

[9]  The full text of the book is available here (in Arabic). Several authors have written about Oudah over the last several years, see: Mansoor Jashem al-Shamshi, Islam and Political Reform in Saudi Arabia: The Quest for Political Change and Reform (London and Abingdon: Routledge, 2012); Shiraz Maher, Salafi-Jihadism: The History of an Idea (London: Hurst Ltd, 2016); and, Madawi al-Rasheed, Muted Modernists: The Struggle for Divine Politics in Saudi Arabia (London: Hurst, 2015).

[10]  Jamal Khashoggi, "Saudi Arabia's crown prince wants to 'crush extremists.' But he's punishing the wrong people ," The Washington Post, October 31, 2017.

 [11] Jamal Khashoggi, "By blaming 1979 for Saudi Arabia's problems, the crown prince is peddling revisionist history ," The Washington Post, April 3, 2018.

 [12] Adbel Azuz Aluweisheg, "Freedom of Expression was my friend Jamal's defining principle ," Arab News, October 22, 2018.

 [13] John Hudson, Souad Mekhennet, and Carol D. Leonnig, "Saudi crown prince described journalist as a dangerous Islamist in call with the White House, officials say ," The Washington Post, November 1, 2018.

 [14] Kristian Ulrichsen, "The Tragedy of Jamal Khashoggi ," October 12, 2018.

 [15] Joseph Dubroff, “Saudi Arabia’s Vision 2030 Economic Reforms in Light of Recently Assertive Foreign Policy Choices,” Iqtisadi, The Moshe Dayan Center for Middle Eastern and African Studies, November 25, 2018.

[16]   Brandon Friedman, “Saudi Arabia’s Crown Prince Mohammed bin Salman: Between Transformation and Confrontation?,” Tel Aviv Notes, The Moshe Dayan Center for Middle East and African Studies, November 27, 2017.

 [17] Joshua Teitelbaum, “Saudi Arabia Faces a Changing Middle East ,” Middle East Review of International Affairs (MERIA) 15, October 26, 2011.

[18]  Joseph Kostiner and Joshua Teitelbaum, “State-Formation and the Saudi Monarchy,” in Joseph Kostiner, ed., Middle East Monarchies: The Challenge of Modernity (Boulder, Colorado: Lynne Rienner Publishers, 2000), pp. 131-150.

[19] Matthew Martin, Alaa Shahine, Layan Odeh, Netty Idayu Ismail, “Saudi money lost faith in prince long before Khashoggi’s murder ,” Bloomberg, November 27, 2018; David Butter, “After Khashoggi Disappearance, Business Sours on Mohammed bin Salman ,” Chatham House: The Royal Institute of International Affairs, October 15, 2018.

[20] Joseph Kostiner and Joshua Teitelbaum, “State-Formation and the Saudi Monarchy,” in Joseph Kostiner, ed., Middle East Monarchies: The Challenge of Modernity (Boulder, Colorado: Lynne Rienner Publishers, 2000), pp. 131-150.

 [21] John Kemp, “Saudi Arabia’s dwindling oil revenues and the challenge of reform ,” Reuters, January 21, 2016.

 [22] Dania Saadi, “Saudi foreign reserves to rise thanks to privatization, inclusion in emerging market indexes ,” The National, June 1, 2018; Karen E. Young, “Spending to Grow in Saudi Arabia ,” The Arab Gulf States Institute of Washington, August 10, 2018; For a somewhat different interpretation, see: Ellen R. Wald, “Signs Point To Trouble Ahead For Saudi Economy ,” Forbes, July 25, 2018.

 [23] “Saudi Arabia Beyond Oil: The Investment and Productivity Transformation,” McKinsey Global Institute, December 2015, p. 5.

 [24] Mohammad S. Khorsheed, “Saudi Arabia: From Oil Kingdom to Knowledge Based Economy ,” Middle East Policy 22: 3 (Fall 2015).

 [25] Brandon Friedman, “The Imperative of Saudi Reform: Conspiracy or Necessity?” Inglorious Revolutions: State Cohesion in the Middle East After the “Arab Spring (Tel Aviv: The Moshe Dayan Center for Middle Eastern and African Studies, 2014), Brandon Friedman and Bruce Maddy-Weitzman,  eds., pp. 151-170.

[26]  Filipe Pacheco, “Foreigners Are Dumping Saudi Stocks Like Never Before ,” Bloomberg, October 22, 2018.

[27]  James Dorsey, “Khashoggi Killing: As Saudi Turns To China, For MbS It’s Business As Usual ,” South China Morning Post, October 27, 2018.

 [28] Matthew Martin, Alaa Shahine, Layan Odeh, Netty Idayu Ismail, “Saudi money lost faith in prince long before Khashoggi’s murder ,” Bloomberg, November 27, 2018.

[29]  Justin Scheck, Bradley Hope, and Summer Said, "Saudi Arabia Pumps Up Stock Market After Bad News, Including Khashoggi Murder ," The Wall Street Journal, December 13, 2018; See, also: Brandon Friedman, "The Khashoggi Affair: Whither the Kingdom? ," E-Notes, Foreign Policy Research Institute, December 12, 2018.

[30]  Karen E. Young, “After Khashoggi, Saudi Arabia’s future uncertain ,” The Washington Post, October 23, 2018.

 [31] Vivian Nereim, “Saudi Program Calls for Gender-Mixing, No Prayer Closure ,” Bloomberg, May 4, 2018; See, also: Sarah Dadouch, "Saudi body appears to retract call to end gender segregation ," Reuters, May 5, 2018.

 [32] Jerry Feierstein, “Saudi Arabia: Liberalization Not Democratization,” The Foreign Service Journal, May 2018; Tariq A. Al Maeena, “Saudi Arabia is basking in real change,” Gulf News, November 24, 2018.

 [33] Noor Nugali, "King of Latin pop Enrique Iglesias launches Ad Diriyah festival ," Arab News, December 14, 2018.

[34]  Vivian Nereim, "Saudi rulers rally support on home front as U.S. pressure mounts ," Bloomberg, November 14. 2018; Sam Bridge, "Saudi king unveils $1.8bn in Hail projects during nationwide tour ," Arabian Business, November 8, 2018.