موحەمەد بن سەلمان، سەددام حوسێنی داهاتووە

ڕاین کۆستێلۆ و سینا تووسی*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

موحەمەد بن سەلمان، شازادەی سعوودیا، شۆکبوونی خۆی ڕاگەیاندووە بە کوشتن و پارچەپارچەکردنی "جەمال خاشقچی"، ستووننووسی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت بڵاوی کردۆتەوە، کە موحەمەد بن سەلمان لە دوا پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "جارید کوشنەر"، زاوا و ڕاوێژکاری "دۆناڵد ترامپ"ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تووشی سەرلێشێوان و تووڕەیی بووە لەبارەی کاردانەوەکانی ئەمریکا لەمەڕ دیارنەمانی خاشقچی و، ئەو هەڵوێستەیشی بە خیانەتکردنی ڕۆژاوا لە بەرامبەر سعوودیادا ناو بردووە و هەڕەشەی ئەوەیشی کردووە کە بە دوای هاوبەشی تردا دەگەڕێن لە جیهاندا.

تووڕەبوونی سعوودیا لە بەرامبەر ئەمریکادا یەکەم جار و یەکەم حاڵەت نییە، بەتایبەت کە هاوپەیمانێکی دەسەڵاتخوازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوکات دەسەڵاتخواز بووبێت و ئەمریکایش چاوپۆشی لە ڕەفتار و کردەوەکانی کردبێت تەنیا بە ئامانجی ئەوەی ئەو دەوڵەتە دەسەڵاتخوازە بەگژ ئێراندا بهێنێت. لە ڕاستیدا، شازادەی سعوودیا زۆر بەخێرایی دەسەڵاتی گرتە دەست و، ئەمەیش لێکچوونێکی زۆر لەگەڵ سەددام حوسێن/ سەرۆکی پێشووی عێراق و هاوپەیمانی پێشووی ئەمریکا پیشان دەدات، کە دواتر بوو بە دوژمنی و بە هێزێکی دڕندە و وەحشیگەرانە لە لایەن ئەمریکاوە سەیر دەکرا.

چەند ساڵێک بەر لەوەی سەددام حوسێن ببێت بە نەیاری سەرەکیی واشنتۆن، لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژاوا پاڵپشتییەکی گەورەی لێ دەکرا. لە دوای داگیرکردنی کوێت لە لایەن عێراقەوە لە ساڵی ١٩٩٠دا، ئەو پاڵپشتییە وەستا. هەرچەندە بەرزبوونەوەی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و تێکەولێکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ڕابردوو و سیاسەتی ئێستای ئەمریکا و دۆسیەی خاشقچی، دەکرێت وانەیەکی باش بێت بۆ سعوودیا.

گەیشتنی پلە بە پلەی موحەمەد بن سەلمان بە دەسەڵات و تاوانبارکردن و ئازاردانی نەیارە ناوخۆیییەکانی، وەک تاوانبارکردنی ئەو کەسانە وایە کە حزبی فەرمانڕەوای ساڵی ١٩٧٩ی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی گەنجی ئەوکاتی عێراق، سەددام حوسێن، ئەنجامی دا. "تۆبی دۆگ"، توێژەری پێشکەوتووی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئینستیتیۆتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، پار بە ماڵپەڕی بلومبێرگی ڕای گەیاندووە: "کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەست گەنجێکدا جێگەی نیگەرانیی ئێستا و داهاتووە." ئەوەیشی ڕاگەیاند کە "پاڵپشتیی زۆری واشنتۆن بۆ سەددام حوسێن لە ساڵانی ١٩٨٠دا نەک زیانی بە گەلی عێراق و وڵاتانی دراوسێ گەیاند، بەڵکوو دواجار بوو بە هەڕەشەیەکی گەورەیش بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەمریکا." پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سەددام حوسێن، لە ١٩٦٣وە دەستی پێ کرد و بەگوێرەی لێدوانەکانی "ڕۆجێر مۆریس، بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا، دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا/ سیا لەژێر فەرمانی "جۆن کەنێدی" هاریکاریی سەددام حوسێنی کردووە بۆ لەنابردنی جەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم لە ڕێگەی کودەتاوە، بە هۆی ئەوەی قاسم لە پێنج ساڵی سەرەتای حکومڕانیدا دژایەتیی ئەمریکای دەکرد.

هەرچەند پەیوەندیی ڕاستەقینەی نێوان ئەمریکا و سەددام حوسێن لە مانگی شوباتی ١٩٨٢دا دەستی پێ کرد، کاتێک ئیدارەی ڕێیگان عێراقی لە لیستی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەرهێنا؛ ئەمەیش ڕێگه‌ی بۆ یارمەتیدانی سەربازیی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە خۆش کرد. ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لە بەرامبەر عێراقدا دوای ١٧ مانگ لە داگیرکردنی بەشێکی خاکی ئێران هات لە لایەن عێراقەوە، بەتایبەت کاتێک هێزە عێراقییەکان چوونە ناو پارێزگه‌ی خوزستانی باشووری ڕۆژاوای بە نەوت دەوڵەمەندی ئێران و دەیانویست  بە عێراقی بلکێنن و بیکەن بە پاشکۆی عێراق. لە مانگی دێسه‌مبەری ١٩٨٣دا "ڕۆناڵد ڕێیگان"، "دۆناڵد ڕامسفێڵد"ی بە نوێنەری خۆی بۆ لای سەددام حوسێن دەنێرێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست پاڵپشتییەکانی ئەوکاتی ئەمریکا بۆ عێراق بەشێکی زۆری هەواڵگری و فرۆشتنی بۆمب بووە لە ڕێگەی کۆمپانیای چیلییەن و، ئاسانکاریکردن بووە بۆ عێراق بۆ بەدەستهێنانی چەکی کیمیایی و بایەلۆژی.

بەکارهێنانی چەکە کیمیایییە وێرانکەرەکانی سەددام حوسێن لە ماوەی جەنگی ئێران-عێراق لە بەرامبەر هەر یەک لە هێزە ئێرانییەکان و خەڵکی سڤیل و گەلەکەی خۆیدا، نەبووە هۆی ڕاگرتنی یارمەتییەکان لە لایەن ئەمریکاوە. کۆبوونەوەی ڕامسفێڵد لەگەڵ سەددامدا لە کاتێکدا بوو کە واشنتۆن بەڵگەی لەسەر چەکە کیمیایییەکانی عێراق هەبوو کە لە سەرەتای ١٩٨٣دا بەکاری هێنابوو. بەر لە سەردانەکەی ڕامسفێڵدیش، لە یەکی تشرینی یەکەمی ١٩٨٣دا "جۆنسۆن هۆوی"، بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوە لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگرییەوە بە "جۆرج شوڵتز"ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو کە عێراق زۆربەی ڕۆژ چەکی کیمیایی لە بەرامبەر ئێرانییەکاندا بەکار دێنێت. هەرچەند دواتر سکانداڵ [ڕیسوایی]ی ئیدارەکەی ڕێیگان ئاشکرا  بوو، بەوەی کە بەنهێنی یارمەتیی سەربازیی ئێرانیشی داوە، لەگەڵ ئەوەیشدا واشنتۆن زیاتر یارمەتیی سەددامی دەدا و ئەوی زیاتر لا پەسەندتر بوو. کاتێک ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەریان خست کە ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨دا پێشڕەوی و هێرشێکی گەورەی کردووە بۆ سەر عێراق و، ئەمەیش بۆتە هەڕەشە بۆ تێکشکاندنی بەرەی عێراق و بەپێی وتارێکی فۆرین پۆلیسی کە لە ٢٠١٣دا بڵاو بۆتەوە، ڕێیگان نامەیەک بۆ وەزیری بەرگری دەنووسێت و دەڵێت: "سەرکەوتنی ئێرانییەکان جێگەی قبووڵکردن نییە." لە کۆتاییی جەنگەکەدا، "هەواڵگریی ئەمریکا دەرفەتی زیاتری بە هێزە سەربازییەکەی سەددام دا بۆ بەکارهێنانی چەکە کیمیایییەکانی" سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر بەتەواوی ئاگاداری ئەو هێرشە کیمیایییانەی سەددام بوون.

بەگوێرەی هەندێک بەڵگەنامەی ڕەشکراوە/ لابراوی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا، دوو لەسەر سێی چەکە کیمیایییەکانی عێراق لە  کاتی جەنگدا جووڵەی پێ کراوە و لە ماوی ١٨ مانگی کۆتاییی جەنگەکەدا بەکار هێنراوە؛ ئەو کاتەی کە هاریکاریی نێوان ئەمریکا و عێراق لە لووتکەدا بووە. ئەمەیش هێرشە کیمیایییە کۆمەڵکوژییەکەی عێراق بۆ سەر شارۆچکەی هەڵەبجەی کوردنشین لەخۆ دەگرێت، کە بووە هۆی مردنی ٥  هەزار خەڵکی مەدەنیی بێتاوان، کە دواتر بە شێوەیەکی کۆمیدی جۆرج دەبلیو بۆش ئەم ڕووداوەی کردە پاساو بۆ داگیرکردنی عێراق و لابردنی ڕژێمەکەی سەددام حوسێن؛ سەرەنجامیش دەرکەوت عێراق هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژ و کیمیاییی نەبووە.

چەند مانگێک دوای هێرشەکەی هەڵەبجە لە ئەیلوولی ١٩٨٨دا یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، "ڕیچارد مۆرفی" یاداشتێکی لەسەر پرسی چەکی کیمیایی نووسی بەم شێوەیە: "پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ ئامانجە درێژخایەنە سیاسی و ئابوورییەکانمان گرنگە." ئەمڕۆ ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بە هەمان ئاواز و زمان قسە لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و سعوودیادا دەکات، سەرەڕای کوشتنی خاشقچی لە لایەن سعوودیا و وێرانکارییەکانی سعوودیا لە یەمەن. مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە لەم دوایییەدا ئەوەی ئاشكرا کرد کە: "سعوودیا هاوپەیمانێکی ستراتیژی و گرنگی ئەمریکایە و سعوودییەکان هاوبەشێکی گرنگ بوونە لە کارکردن و، لەگەڵ ئێمەدا هاوشان بوونە."

جێگەی سەرسووڕمان نەبوو کاتێک لە سەرەتای داگیرکردنی کوێت لە لایەن عێراقەوە، سەددام هەستی کردبوو کە پاڵپشتیی بێمەرجی ئەمریکای هەیە! ئەم تێڕوانینەی سەددام، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق "ئەیپرێڵ گڵاسپای" لە ٢٥ی تەمووزی ١٩٩٠دا هەفتەیەک بەر لە داگیرکردنی کوێت، پاڵپشتی کرابوو. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی کە کۆی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەی پوخت کردووە، "گلاسپای" ئەوەی بە سەددام ڕاگەیاندووە کە :"جۆرج دەبلیو بۆش خواستی دۆستایەتیی هەیە لەگەڵ عێراقدا و، سەرۆک بۆشی باوک پێی ڕاگەیاندووە کە دەبێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق فراوان و قووڵتر بێت"، بەڵام کاتێک سەددام کوێتی داگیر کردووە و بۆتە سەرچاوەی هەڕەشەیەکی بێچەندوچۆن بۆ ناوچەکە، گڵاسپای بە سەددامی گوتووە کە ئەمریکا دەست لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی وەرنادات.

لە ئێستادا، شارەزا و ئه‌كادیمیستانی وەکوو ستیڤن ئێم واڵت کە پڕۆفیسۆری زانکۆی هارڤارد و ستووننووسی گۆڤاری "فۆرن پۆلیسی"یە پێی وایە کە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبێ مەبەست گڵۆپی سەوزی بۆ سەددام هەڵکرد بۆ داگیرکردنی کوێت، بەڵام بۆ ئێران بابەتەکە پێچەوانە بوو و ئەمریکا هیچ وەڵامێکی بەهێز و ئەوتۆی نەبوو بۆ جەنگەکە (عێراق-ئێران). واڵت پێچەوانەی ئەو ڕێنمایییانەی کە بە گڵاسپای درابوو، پێی وابوو کە گڵاسپای بڕیارەکانی ئیدارەی بۆشی جێبەجێ دەکرد و ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکاندا باس دەکرد کە بۆش دەیویست. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی سەردەمی گلاسپای ئەوەیشی ڕاگەیاند کە بەگوێرەی ڕۆژنامەی دیر شپیگڵی ئەڵمانی، گڵاسپای و جێگرەوەکەی دوای خۆی ڕێگه‌یان خۆش کردووە کە تاوانەکانی ڕژێمەکەی سەددام بە جیهان بناسێنن و هەوڵی لاوازکردنی ڕژێمەکەی بدەن لە بەرامبەر نەیارە ڕکابەرەکەیدا کە ئێران بوو.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵەی کرد کە پاڵپشتیی سەددامی کرد تەنیا لەبەر ئەوەی دژی ئێران دەوەستایەوە؛ هەڵەیەک کە کاریگەریی بۆ چەند دەیەیەک بەجێ هێشت نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە ٥٠٠٠٠٠ سەربازی ئەمریکی پێویست بوو بۆ دەرکردنی سەددام لە کوێت کە ٣٨٢ سەربازی ئەمریکی تێیدا بوونە قوربانی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە حکوومەتی ئەمریکا ناچار بوو لە ٢٠٠٣ ڕژێمی سەددام بڕووخێنێت و دواتریش باج و تێچووە دارایی و مرۆیییەکەی بدات و خەڵکی ئەمریکایش ناڕه‌زایی دەرببڕن لە بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش کە بووە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بە لای ئێران و دواتریش لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسییەوە لە بەغدا شیعەکانی نزیک لە ئێران دەسەڵات بگرنە دەست.

ئەمڕۆ بەرپەرچدانەوەکەی ئیدارەی ترامپ لە بەرامبەر موحەمەد بن سەلماندا، بە هەمان ئاڕاستەی پاڵپشتییە بەختڕەشەکەی واشنتۆنە بۆ سەددام حوسێن. تەنانەت پشتگیریکردنی ئەمڕۆی واشنتۆن لە ڕیاز، هەمان پاساوە کە خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی ئێراندا دەبینێتەوە. ترامپ پاڵپشتیی لە شازادە موحەمەد کردووە و ئاسانکاریی بۆ کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارە ناوخۆیییەکانی و، دەسەڵاتی بێسنووری پێ بەخشیوە و پەردەپۆشیی بۆ کردووە لە بەرامبەر قڕکردنی خەڵک و لەناوبردنی حووسییەکان لە یەمەن و؛ قەتەڕی فەرامۆش کردووە و سەرۆکوەزیرانی لوبنانی لە دەسەڵات دوور خستۆتەوە و کەنەدای سزا داوە لەسەر گلەیییەکانی لەبارەی مافی مرۆڤ لە سعوودیا. بڕیاری کوشتنی خاشقچی، دوایین بڕیاری سەرەڕۆیییانەی موحەمەد بن سەلمانە کە ئەمریکا شکستی تێدا هێناوە لەوەی کە هێز وەک کاردانەوە لە بەرامبەریدا بەکار بهێنێت.  

لە سەرەتای کوشتنی خاشقچیدا بەرپرسانی ئیدارەی ترامپ بێشەرمانە هۆشیارییان دا کە سزادانی سعوودیا لاوازبوونی گوشارەکانی بلۆکی سوننەیە بۆ سەر ئێران. خواست و بەرنامەی بریندارکردنی ئێران، پێویستی بەوەیە سعوودیا بەهێز بێت و سزا نەدرێت؛ ئەگەرچی شازادەکەی سعوودیا ڕابەرایەتیی وێرانکردنی یەمەن و پارچەپارچەکردنی ڕۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی کردووە و ئەمەیش گوزارشتە لە دەسەڵاتێکی ڕەهای ئەم شازادەیە.

موحەمەد بن سەلمان ئەگەر زیاتر ڕێگەی پێ بدرێت عەرشی دەسەڵاتی بەهێزتر بکات، بەبێ ئەوەی بە هۆی ئەو کردارە قێزەونەیەوە لە لایەن واشنتۆنەوە ڕووبەڕووی بەربەست و سزا ببێتەوە، ئەوا ڕەنگە لە دوو دەیەی داهاتوودا هەرێمەکە بەتەواوی تیرۆر بکات، هەروەک ئەوەی سەددام ئەنجامی دا! ئەگەر سەربڕینی بێشەرمانەی خاشقچی پێشێلکارییەکی تەواوی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی هاوپەیمانی بێت، ئەوا سعوودیا وەک هێزێکی نوێ دێتە مەیدانەکە و لەوانەیە جیهان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی زۆر گەورەتر لە سەددام ببێتەوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی شازادەی سعوودیا بەئاشكرا خواستی بەکارهێنانی هێزی لە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێی دەربڕیوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی سعوودیا خاوەن نەوتێکی زۆرە و ئەمەیش وای کردووە سعوودیا کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان هەبێت و قازانجی زیاتر بە کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکانی بواری چەک بدات؛ بەمەیش سعوودیا بووە بە سێیەمین وڵاتی چەکدار و سەربازی لە دوای ئەمریکا و چینەوە.

ئیدارەی ترامپ دەبێت هەڵوێستی ڕوونی لە بەرامبەر بنەماڵەی پاشای سعوودیا هەبێت و، دەبێت سزای توندی هەبێ بۆ کارێکی نەگریسی لەم شێوەیە (کوشتنی خاشقچی) و کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ کەسێکی نەشیاوی سعوودیا بهێنێت. بە لایەنی کەمەوە، دەبێت کۆتایی بە بەشداریی ئەمریکا بێت لە جەنگی یەمەن و، فرۆشتنی چەک بە سعوودیا ڕابگرێت و سزای یاسای ماگنستیکی لە بەرامبەر هەموو ئەو بەرپرسە سعوودیانەدا جێبەجێ بکات کە دەستیان لە کوشتنی خاشقچیدا هەیە.


* ڕاین کۆستێلۆ، بەڕێوەبەری سیاسیی ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێرانی-ئەمریکییە.

 * سینا تووسی، توێژەری پێشكەوتووە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێرانی-ئەمریکی. 

سەرچاوە:

https://foreignpolicy.com/2018/10/29/mohammed-bin-salman-is-the-next-saddam-hussein-mbs-iraq-iran-rumsfeld-reagan-gulf-war/?fbclid=IwAR0__SC0dAPWuxLhZ9R5yohn5cUhsR-m6b9fEc3_vhqgdkpxHZLr5GuguyM