ئایينده‌ى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ ئه‌فغانستاندا- به‌شى يه‌كه‌م

داوود خه‌تاك [ڕۆژنامه‌نووسێكى پاكستانييه‌ و وه‌كوو نووسه‌رێكى سه‌ره‌كى كار بۆ ڕاديۆى ئه‌وروپاى ئازاد/ڕاديۆى مه‌شعه‌ل- به ‌زمانى په‌شتۆ (Pashto) ده‌كا].

سه‌نته‌رى بيگن- سادات

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (ISIS)، پاش ئه‌وه‌ى په‌يكه‌رى خۆى داڕشتۆته‌وه‌، له‌ 2014دا ناوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ خوراسان (IS-K)ی له ‌خۆ نا، به‌ شێوه‌يه‌كى كاتى توانيویه‌تی‌ هه‌ندێ توخمى تووڕه‌ و ناڕازيى تاليبانى ئه‌فغانى و پاكستانى بۆ خۆى ڕابكيشێ، له ‌ته‌ك هه‌ندێ گه‌نج و خورتى ناوچه‌ چه‌په‌ك و دووره‌ده‌سته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌فغانستاندا. سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ره‌تايیيه‌كانى IS-K له‌ هه‌ر دوو به‌ره‌ و قۆڵى جه‌نگ و پڕۆپاگه‌نده‌ دژ به‌ تاليبان و حكوومه‌تى ئه‌فغانستان، زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌ى له‌ پايته‌خته‌كانى جيهاندا لێ دا، به‌تايبه‌تى له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هاوسێيه‌ كز و لاوازه‌كانى ئاسياى ناوه‌ڕاستدا.

سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و گرووپه ‌و سه‌ركه‌وتنه‌كانى له‌ به‌ره‌ى جه‌نگدا، تاليبانى ئه‌فغانيشى تۆقاندووه‌. ئاخر تاليبانى ئه‌فغان وه‌ك گرووپێكى ياخى، هه‌ر ته‌نيا خۆى كار و كرده‌ى توندوتيژى له‌ ئه‌فغانستاندا كردووه‌‌ و هه‌ر خۆى حيساب بووه و گرووپێكى ديكه‌ له‌وێ نه‌بووه‌‌. به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ ماوه‌يه‌ك، ستاتۆ و ڕه‌وشى تاليبانى ئه‌فغان وه‌ك تاكه‌ ئه‌كته‌رێكى نا-ده‌وڵه‌تى كه‌ حكوومه‌تى ئه‌فغانى و كۆڕ و كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى له‌و وڵاته‌دا، حيسابيان بۆ كردبێ، ڕووبه‌ڕووى ئالينگارى (ته‌حه‌ددا) بووه‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌.

به ‌هه‌ر حاڵ، پاش چه‌ند مانگان، پرۆپاگه‌نده‌ى IS-K له‌نێو خه‌ڵكى خواسايیى ئه‌فغان و پاكستانياندا وه‌ك گرووپێك كه‌ زۆرينه‌ى ده‌سكه‌وته‌ مه‌يدانييه‌كانى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌فغانستاندا پێچه‌وانه‌وه‌ بۆته‌وه‌، ڕه‌ونه‌قى خۆى له‌ده‌ست داوه‌. هۆيه‌كى سه‌ره‌كيى ئه‌م پێچه‌وانه‌بوونه‌وه‌يه‌، هه‌ڵنه‌كردن و ناشاره‌زايیى ئه‌و گرووپه‌ بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

فه‌رمانده‌يى

زۆرينه‌ى سه‌ركردايه‌تيى سه‌ره‌كیى IS-K، له‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا، پاش سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م گرووپه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌فغانستان له‌ نيوه‌ى دووه‌مى 2014دا، له‌ مه‌يداندا نه‌مان. حافيز سه‌عيد خان [پێشتر سه‌ركرده‌يه‌كى تاليبانى پاكستان بووه‌ و له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ كرايه‌ ئه‌ميرى IS-K و والیى خوراسان- ئاسۆ]،  مه‌لا ڕه‌ئووف خاديم [ئه‌و مه‌لايه‌ پێشتر سه‌ركرده‌يه‌كى تاليبان بووه  ‌و له‌ گوانتانامۆ گيراوه و جێگرى حافيز سه‌عيد خان بووه‌‌- ئاسۆ] و شه‌هيدوڵڵا شه‌هيد [ئه‌بی عومه‌ر مه‌قبووڵ پاكستانى، پێشتر وته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى تاليبانى پاكستان بووه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستى ئۆكتۆبه‌رى 2014دا به‌يعه‌تى به‌ ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى داوه‌- ئاسۆ]، ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ر، له‌ ماوه‌ى ساڵێكى خۆجاڕدانى IS-Kدا، چ به‌ زه‌برى درۆن [فڕۆكه‌ى بێفرۆكه‌وان] و چ له‌ ڕێگه‌ى ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى هێزه‌ تايبه‌ته‌كانه‌وه‌ [له‌ شوبات و ئادارى 2015دا- ئاسۆ] كوژران و له‌نێو بردران.

دوا زه‌بر كه‌ له‌ كۆتايیى ئابدا [2017] له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌فغانستاندا له‌و گرووپه‌ وه‌شێندرابێ، كوشتنى فه‌رمانده‌ى باڵا، ئه‌بو سه‌عيد ئۆراكزايى [خێڵێكى په‌شتۆیییه‌‌... ئاسۆ] بووه‌ له‌ ئۆپه‌راسيۆنێكى هاوبه‌شى ئه‌فغان و هێزه‌كانى هاوپه‌يماناندا. ئه‌بو سه‌عيد، چواره‌م سه‌رۆكى IS-K بووه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ى ئه‌و گرووپه‌ دامه‌زراوه‌، بكوژرێ.

دوور له‌ ويلايه‌تى نه‌نگه‌هارى ڕۆژهه‌ڵات، جه‌وزجان له‌ باكوورى ئه‌فغانستاندا وه‌ك پێگه‌ و مه‌ته‌رێزێكى ديكه‌ى ئه‌و گرووپه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا سوورييه‌، چاوى لێ كراوه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، كۆمه‌ڵێ جه‌نگاوه‌ر و فه‌رمانده‌ى IS-K، چ بيانى و چ خۆجێ،  له‌ سه‌ره‌تاى ئابدا خۆيان ڕاده‌ستى حكوومه‌تى ئه‌فغانى كرده‌وه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ى ساڵێ بوو له‌ لايه‌ن تاليبانه‌وه‌ ئابڵووقه‌ درابوون. ئه‌و خۆڕاده‌ستكردنه‌وه‌يه‌، پاش كه‌متر له‌ مانگێ، دواى كوشتنى فه‌رمانده‌ باڵاكه‌ى IS-K، قا‌رى حيكمه‌توڵڵاى سه‌ركرده‌ى پێشوو و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ تاليبان بوو [ئه‌م سه‌ركرده‌يه‌ى داعش، ڕه‌گه‌زنامه‌ى ئۆزبه‌كیى هه‌بووه‌]، له‌ په‌لامارێكى ئاسمانیی ئه‌مريكى له‌ هه‌مان ناوچه‌دا.

خه‌ساره‌ته‌ يه‌ك له‌ دواى يه‌ك و خێراى فه‌رمانده‌ سه‌ره‌كييه‌كان، ڕێگه‌يان له‌وه‌ گرت IS-K په‌ره‌ بستێنێ و ببێته‌ گرووپێكى باش هه‌ڵسوڕاوى وه‌ك تاليبانى ئه‌فغان، سه‌ربارى لێهاتوويیى جه‌نگاوه‌رانه‌ و ئه‌وپه‌ڕى وه‌حشيگه‌رێتييان.

ئالينگاره‌ تاليبانييه‌كان

بێ له‌ حكوومه‌تى ئه‌فغانستان و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان، ئالينگاريى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى IS-K له‌سه‌ر خاكى ئه‌فغانستان، بريتييه‌ له‌ تاليبان؛ واته‌ ئه‌و گرووپه‌ى كه‌ پاش 2001 حوكمڕانيى له‌ده‌ست چووه‌  و به‌ته‌نیا له‌ حكوومه‌ت ياخى بووه‌ و كارى توندوتيژیى كردووه‌. تاليبانى ئه‌فغان ئيلهام و ئه‌نگێزه‌ له‌ ژيان و خه‌باتى  مه‌لا محه‌مه‌د عومه‌ر وه‌رده‌گرێ. ئه‌و مه‌لايه‌ هه‌ر خۆى، خۆى كرده‌ ئه‌ميره‌لموئمينين و له‌ ناوه‌ڕاستى نه‌وه‌ده‌كاندا سه‌ركردايه‌تیى بزووتنه‌وه‌ى تاليبانى كرد و به‌سه‌ر لۆرده‌كانى جه‌نگدا سه‌ر كه‌وت و "كابول"ى گرت و ڕژێمێكى سه‌ختگرى له‌ وڵاتدا دامه‌زراند.

له‌ سه‌ره‌كه‌ى ديكه‌وه‌، IS-K دڵسۆزى و به‌رفه‌رمان و به‌يعه‌تى خۆى بۆ ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى، ڕابه‌رى ئێسته‌ى داعش، نيشان ده‌دا و ئيعتوبارێكى كه‌ميش بۆ سه‌رۆكى ڕۆحيى تاليبان داده‌نێ. بێ له‌ جياوازييه‌ ئايينييه‌كانى نێوانيان [تاليبانى ئه‌فغان و ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ خوراسان] هه‌ر دوو گرووپ له‌ بارى سياسييه‌وه‌ نه‌يار و ناحه‌زى يه‌كترن. سه‌ركه‌وتنى IS-K، به‌ دۆڕان بۆ تاليبان حيساب ده‌كرێ. ئيدى تاليبان ڕێگه‌ نادا گرووپێكى "لايده‌ و بيانى"* دوكانى خۆى، له‌و ناوچه‌يه‌ى كه‌ بۆ 17 ساڵ ده‌چێ جێی نفووزى تايبه‌تى و له‌بنده‌ستى ئه‌وانه‌ [تاليبان]، بكاته‌وه‌.

ئه‌و هێزه‌ى زێتر له‌ حكوومه‌تى ئه‌فغانى يان زێتر له‌ هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان، به‌ره‌نگارى IS-K له‌ ناوچه‌ و ده‌ڤه‌ره‌كانى ڕۆژهه‌ڵات و باكوورى ئه‌فغانستان ببێته‌وه‌، بريتييه‌ له‌ تاليبانى ئه‌فغان.

به‌ڵێنێكى هه‌رگيز جێبه‌جێنه‌كراو

بێ له‌ گله ‌و گازانده ‌و شه‌ڕه‌دوكه‌ى ناوخۆى ئه‌و گرووپه‌ [تاليبان]  له‌سه‌ر دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات و كێشه‌ى ديكه‌ى گچكه‌ و لا به‌ لا، زۆر فه‌رمانده‌ و جه‌نگاوه‌رى ئه‌فغانى و پاكستانى چوونه‌ ناو IS-Kیه‌وه‌ و [به‌يعه‌تيان به‌ ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى، خه‌ليفه‌ى داعش، دا- ئاسۆ]، به‌و ئومێده‌ى كه‌ ده‌ستيان به‌و كۆمه‌كه‌ زۆر و زه‌به‌نده‌ ڕابگا كه‌ پێيان وا بووه‌ (يان وا باوه‌ڕيان پێ هێنراوه‌) له‌ داعشه‌وه‌ دێ.

ته‌نانه‌ت هه‌ندێ تاقمى خۆجێى دز و جه‌رده‌ و جينايه‌تكاريش له‌ هه‌ندێ شار و دێهاتى چه‌په‌ك و دووره‌ده‌سته‌وه‌، به‌ ئومێدى پاره‌ و ده‌سه‌ڵات په‌يداكردن هاتنه‌ ناو ئه‌و گرووپه‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تاى كاردا، هه‌ندێ گه‌نجى بێئيشيش هاتنه‌ ناو گرووپه‌كه‌ و مانگانه‌ پاره‌ى باشتريان له‌ پۆليس يان سه‌ربازى ئه‌فغانى پێ دراوه [گوايا له‌ سه‌ره‌تادا، مانگانه‌ 300$يان پێ دراوه‌ -ئاسۆ]‌ و به‌ڵێن و هه‌رێیشيان پێ داون، كه‌ له‌ ڕۆژانى داهاتوودا مانگانه‌ى باشتريان بۆ خه‌رج ده‌كه‌ن.

به ‌هه‌ر حاڵ،  به‌ تێشكانى داعش له‌ سووريا و عێراق، ئومێد و هيواكان  به‌ره‌ به‌ره‌ ڕه‌وينه‌وه‌. IS-K به‌رده‌وام ده‌بوو له‌ گه‌شه‌كردن، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ى كه‌ ئه‌و گرووپه‌  له‌ ده‌سپێكدا جێپێيه‌كى بۆ خۆى تێدا كردبوونه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پاره‌وپووڵيان له‌ سپۆنسه‌ره‌كانى خۆيان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ پشتيوانيكردن له‌ چالاكيى جيهادييانه‌ى ئه‌وان له‌ ناوچه‌ى ئه‌فغانستان- پاكستاندا، بۆ هاتبووايه‌. به‌ڵام ئه‌و كه‌ناڵه‌ هه‌ر زوو وشك و چكى كردووه‌.

هه‌ستى مه‌زهه‌بى و كه‌لتوورى

كۆمه‌ڵى ئه‌فغانى تا ڕادده‌يه‌ك قوتابخانه (مه‌زهه‌بى)‌ى ميانڕۆى بيركردنه‌وه‌ى "حه‌نه‌فى"ی به‌سه‌ردا زاڵه‌، كه‌چى IS-K، وه‌ك ڕێكخراوى داعش، شوێنكه‌وته‌يه‌كى توندوتوڵى ئايديۆلۆژیى سه‌له‌فييه‌. ئه‌م ئايديۆلۆژییه‌‌، شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ى ئايينيى خۆى، ڕاسته‌وخۆ له‌ قورئان و فه‌رمووده‌ (قسه‌كانى پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د- وا نووسراوه‌) وه‌رده‌گرێ نه‌ك له‌ كه‌سێكى ديكه‌ يان له‌ مه‌زهه‌ب و قوتابخانه‌يه‌كى فيكرى. ئه‌فغانه‌كان، كۆمه‌ڵێكى خێڵه‌كيى نه‌ريتئاسان و ئه‌وان ڕێوڕه‌سمى ئايينيى خۆيان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و داب و نه‌ريت و تراديسيۆنى خۆیشيان له‌گه‌ڵدا تێكه‌ڵ كردوون. هه‌رچى ڕوانگه‌ى پوختى IS-Kيه‌ بۆ ئيسلام، سه‌يرى ڕێوڕه‌سمه‌ ئيسلامييه‌كانى تێكه‌ڵ به‌ تراديسيۆن  وه‌ك بيدعه‌ ده‌كا و سزاى مه‌رگيان به‌دواوه‌يه‌.

له‌ سۆنگه‌ى ئه‌م باكگراونده‌‌ (پێشينه‌يه‌)وه‌، هه‌ميشه‌ ئه‌فغانه‌كان سه‌يرى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ خوراسانيان وه‌ك هێزێكى ده‌ره‌كى و بيانى كه‌ ئيعتوبار و ڕێزێكى كه‌م بۆ كه‌لتوور و داب و نه‌ريت و تراديسيۆنى ئه‌فغانى دابنێ، كردووه‌. نموونه‌يه‌ك بۆ ئه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌فغانه‌كانه‌ بۆ نوێژكردن له‌سه‌ر ڕۆحى كه‌سێكى مردوو يان زياره‌ت و سه‌ردانى گۆڕ و مه‌زاره‌كانه‌. ئه‌و ڕيتواڵ و ڕێوڕه‌سمانه‌ له‌ناو ئايديۆلۆژیى سه‌له‌فيى IS-Kدا جێگه‌يه‌كيان نييه‌ و نابێته‌وه‌.

وه‌ڕسبوون له‌ جه‌نگ

كێشه ‌و تێكهه‌ڵچوونى به‌رده‌وام، كه‌ نزيكه‌ى چوار ده‌يه‌يه‌ درێژه‌ى هه‌يه‌، نه‌ك هه‌ر تانوپۆى كۆمه‌ڵى ئه‌فغانيیان له‌باريه‌ك ده‌رهێناوه‌، به‌ڵكه‌ هه‌روا ڕق و كينه ‌و بوغزێكى قووڵيشيان له‌ جه‌نگ، له‌نێو دانيشتوواندا خوڵقاندووه‌‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ ئابووريى جه‌نگ و سياسه‌ته‌كانی توندوتيژى، قازانجيان بۆ توێژێكى كۆمه‌ڵى ئه‌فغانى هه‌بووه‌، لێ زۆرينه‌ى خه‌ڵكى خواسايیى ئه‌فغانى له‌ جه‌نگ و كوشتار وه‌ڕس و بێئومێد بوون. ئه‌و ڕۆژانه‌ ڕۆيى كه‌ خه‌ڵك كه‌يفيان به‌ تاليبان ده‌هات؛ واته‌ ئه‌و ده‌مه‌ى كه‌ تاليبان وه‌ك گرووپێكى نوێ هاتبوونه‌ مه‌يدان و له‌ ناوه‌ڕاستى نه‌وه‌ده‌كاندا هاتنه‌ ناو شارى كابوله‌وه‌. ئه‌و ئاماژه‌ و هێمايانه‌، له‌ هه‌ر بارێكدا كه‌متر نيشانه‌ى خۆشه‌ويستييه‌ك بوون بۆ تاليبان، به‌ڵكه‌ زێتر ڕق و بوغزێك بوون له‌ لۆرده‌كانى جه‌نگ و كێشه ‌و تێكهه‌ڵچوونى ناوخۆى به‌رده‌وامى ئه‌وان له‌ ئه‌فغانستاندا.

پاش جه‌ڕباندن و تاقيكردنه‌وه‌ى وه‌حشيگه‌رێتييه‌كانى ڕژێمى تاليبان و ياخيگه‌ريى تاليبان له‌ پاش 11ى سێپته‌مبه‌ره‌وه‌، ئه‌فغانه‌كان حه‌ز به‌ چاره‌ى هيچ گرووپێكى نوێ ناكه‌ن و هيچ مه‌يل و خوليايه‌كيشيان بۆ به‌خێرهاتنى جه‌نگاوه‌ره‌كانى IS-K نيشان نه‌داوه‌؛ ئاخر توندوتيژيى داعشئاسايانه‌ى ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌فغانستاندا، هه‌ر زوو خه‌ڵكى خۆجێى لێ ڕاست كردنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكيان چه‌كيشيان له‌ ڕوودا هه‌ڵگرتوون.

ڕكابه‌رى و دژايه‌تیى هه‌رێمايه‌تى

به‌پێچه‌وانه‌ى تاليبان، IS-K هيچ پشتيوان، يان هاوسۆزێكيان له‌ناو ده‌رودراوسێيه‌كانى ئه‌فغانستان و له‌ ڕاستيدا له‌ هيچ جێيه‌كى ناوچه‌كه‌دا نييه‌. هه‌موو جيرانه‌كان، نيگه‌رانیى قووڵى خۆيان له‌ سه‌رهه‌ڵدان و سه‌ركه‌وتنه‌ جه‌نگييه‌ سه‌ره‌تاييیه‌كانى IS-K ده‌ربڕيوه‌ و زێتر سايه‌دى و چاودێریى پشتيوانان و هاوسۆزانى IS-Kيان له‌ ناوخۆى وڵاته‌كانياندا كردووه‌ تا ڕێ له‌ چوونى پاره‌ و چه‌ك بۆ جه‌نگاوه‌ره‌كانى ئه‌و گرووپه‌ بگرن.

ساڵى ڕابردوو، ئاژانسه‌كانى ئاسايشى پاكستانى گوتيان، كه‌ چه‌ندان كه‌سيان به‌ تۆمه‌تى ناردنی خه‌ڵك بۆ ناو ڕێزه‌كانى IS-K له‌ سووريا و عێراق، گرتووه‌. چين سنوورى خۆى توند و ته‌قه‌ت كردووه‌، له‌ ڕێگه‌ى پشتيوانيكردن له‌ دروستكردنى بنكه‌يه‌كى سنوورى له‌ ويلايه‌تى باداخشان بۆ هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى ئه‌فغان. نيگه‌رانيى ڕووسيا له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى IS-K له‌ كۆماره‌كانى ئاسياى ناوه‌ڕاست به‌باشى هه‌ستى پێ ده‌كرێ. ئێران، ڕۆڵێكى سه‌ره‌كیى له‌ ده‌رپه‌ڕاندنى داعش له‌ سووريا و عێراقدا گێڕاوه‌ و سايه‌دى و چاودێريى هه‌ڕه‌شه‌ى داعشيش له‌ ئه‌فغانستاندا ده‌كا.

له‌ سۆنگه‌ى هه‌ستكردن به‌و مه‌ترسییه‌ى كه‌ IS-K له‌ ناوچه‌كه‌دا پێكى ده‌هێنێ، حكوومه‌تى ئه‌فغانى و تاليبان به‌كرده‌وه‌ و به‌ڕاستى بۆ سه‌رپانكردنه‌وه‌ى ئه‌و گرووپه‌ ده‌ستيان له‌ناو ده‌ستى يه‌كتردا ناوه‌. هێرش و په‌لامارى ئه‌م دواييیه‌ى تاليبان بۆ سه‌ر پێگه‌ قايمه‌كانى ئه‌و گرووپه‌ له‌ ويلايه‌تى "جه‌وزجان"ى باكوور، به‌ ده‌ستله‌پشتدانى په‌نهانيى حكوومه‌تى كابول بووه‌ و به‌ سه‌دان جه‌نگاوه‌ر و فه‌رمانده‌ى ئه‌و ڕێكخراوه‌ خۆيان ڕاده‌ستى هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى ئه‌فغان كرده‌‌وه‌ و كۆتايى به‌ كۆنترۆڵى ئه‌و ناوچه‌ له‌ لايه‌ن ئه‌و گرووپه‌وه‌ هێنرا.

ئه‌نجام:

له ‌كاتێكدا IS-K به‌رپرسيارێتیی چه‌ند هێرشێكى بۆمبته‌قاندنه‌وه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆيه‌وه‌ كه‌ زۆرتر له‌ دژى نيشانه ‌و ئارمانجگه‌لێكى بێديفاعى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى بوون و بوونه‌ ناونيشانى كه‌ناڵه‌كانى ميدياى ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی، لێ ته‌نيا ده‌رفه‌تێكى كه‌م بۆ ئه‌و ڕێكخراوه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌، كه‌ بێ له‌و ناوچه‌ دوورده‌ستانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌فغانستان، په‌ل بۆ شوێنى ديكه‌ بهاوێ و جێگه‌ى ديكه‌ بگرێ. به ‌هه‌ر حاڵ، درێژه‌كێشانى جه‌نگ و تێكهه‌ڵچوون، له ‌كاتێكدا ئه‌كته‌ر و ياريزانه‌ هه‌رێمايه‌تييه‌كان به‌ پێڕه‌ويكردن له‌ به‌رژه‌وه‌نده‌ تايبه‌ته‌كانى خۆيان، نه‌ك هه‌ر ته‌نيا ته‌مه‌ن و ژيانى IS-K درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكه‌ هه‌لومه‌رجى وایش ساز ده‌كه‌ن كه‌ ده‌رفه‌ت بۆ سه‌رهه‌ڵدانى گرووپگه‌لى بچووك بچووكى ديكه‌  بكرێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاشتیى ناوچه‌كه‌ له‌ مه‌وداى دوورتردا بكه‌ن. هه‌وڵێكى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگكراوى هه‌موو ياريزانه‌كان، باشترين بژارده‌يه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ده‌رد و به‌ڵاى IS-K، نه‌ك هه‌ر ته‌نيا بۆ ئاشتى و سه‌قامگيريى ئه‌فغانستان، به‌ڵكه‌ بۆ سنوورى ناوچه‌ى ئاسياى ناوه‌ڕاست و باشوور له‌گه‌ڵ ڕووسيا، چين و ئێرانيشدا.

  • وشه‌ى "لايده‌"، واته‌ بێگانه‌، ده‌ره‌كى، لاوه‌كى، غه‌ريبه‌. واته‌ له‌ لاوه‌ هاتوو نه‌ك خۆجێ.

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org/perspectives-papers/islamic-state-afghanistan/