چۆن دەکرێ لە هەڵبژاردندا گزی بکرێ؟  

 

نیک چیزمان- ئامول ڕاجان

و: پێنووس

نیک چیزمان، مامۆستای دیموکراسی لە زانکۆی بیرمێنگام، یەکێک لە نووسەرانی کتێبێکی نوێیە بە ناوی "چۆن دەکرێ لە هەڵبژاردندا گزی بکرێ؟". بە بڕوای نووسەر هەڵبژاردن دیارە یەکێک لە بنەما جەوهەرییەکانی دیموکراسییە؛ بەڵام وێڕای ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە گۆشە و کەنارەکانی جیهاندا ڕوویان لە زۆربوونە، چۆنایه‌تیی دیموکراسی دابەزیوە. ئامول ڕاجان، هەواڵنێری بی بی سی، لەمەڕ ئەم دیاردەوە لە چیزمان دەپرسێ:

ڕاجان: ئەم باسە ئێستا بەگشتی بووەتە باو کە ئێمە لە قۆناغی مەنگبوون و پاشەکشەی دیموکراسیدا دەژین. بەپێی ئەم باسە، ملهوڕ و تۆتالیتەرەکان لە پێشکەوتندان و دەزگه‌گەلێک کە پلۆرالیزمی ڕۆژاوایان دەپاراست هەڵوەشێنراونەتەوە و، بیری نەتەوەپەرستی سەری هەڵداوەتەوە. پرسیار ئەوەیە: بۆچی حکوومەتە تۆتالیتەر و ملهوڕەکان پتر لە ڕابردوو خەریکی هەڵبژاردنن، بەڵام دیموکراسی لە وڵاتەکانیاندا گەشە ناکا؟

چیزمان: بەڵێ، وەڵامە هەرە سادەکەی ئەوەیە کە ڕابەرە تۆتالیتەر و ملهوڕەکانی دنیا گەلێ ڕێگەیان بۆ تیفتیفەدانی ڕواڵەتی هەڵبژاردن و گزیکردن دۆزیوەتەوە. یەکێک لەو شتانەی کتێبەکەم دەیخاتە بەرچاو ئەوەیە کە: وا نییە کە ڕابەرە تۆتالیتەر و ملهوڕەکان دەتوانن لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و لە هەڵبژاردندا بە کەمێک جیاوازییەوە سەر کەون. بەڵکوو دەتوانن لە زۆر لاوە هەڵبژاردن گەندەڵ و سەراوژێر بکەن و لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتیان سوودی لێ وەرگرن. کەواتە، گرنگترین دەسکەوتی ئێمە ئەوەیە کە ئەو حکوومەتە ملهوڕ و تۆتالیتەرانەی هەڵبژاردن دەپارێزن، جێگیرتر لەو حکوومەتە ملهوڕ و دەسەڵاتخوازانەیان لێ دێ کە هەڵبژاردن ناکەن. پاراستنی هەڵبژاردن و گزیکردن لە هەڵبژاردندا بە سوودی ئەوان دەشکێتەوە.

ڕاجان: ئەی دیموکراسییەکان چۆن دەتوانن خۆیان بپارێزن؟ خەڵک پێیان وایە هەڵبژاردن تاقە ڕێیە کە دیموکراسییەکان خۆیان تەیارتر و نووژەنتر بکەنەوە. ئەوان چۆن دەتوانن خۆیان لە ملهوڕ و تۆتالیتەرەکان بپارێزن؟

چیزمان: بەڵێ، ئەمە کارێکی سەختە. وا بزانم ئێستا حکوومەتی جۆراوجۆر لە گۆشە و کەناری دنیادا هەن کە پرۆسەی جیاواز دەگرنە بەر. دیموکراسییە جێگیرترەکان لە خەباتدان و، له‌وانه‌یشه‌ له‌ناوه‌وه‌ له‌بۆشبوونەوەدا بن. لە زۆر شوێنی دنیادا هێشتا دامەزراندنی دیموکراسییە سەرکەوتووەکانمان نەبینیون. وڵاتانێک دەبینین کە لەم ڕێیەدا تێ دەکۆشن. بۆیە ئەوەی ئێستا دەیبینین ڕەنگە ڕیفۆرمخوازە دیموکراتەکان بن کە هەوڵ دەدەن گوشار بخەنە سەر ئەو حکوومەتە ملهوڕ و تۆتالیتەرانەی بە ڕواڵەت هەڵبژاردن دەپارێزن، تا بتوانن هەڵبژاردنی ڕێکوپێک و ئازادییە مەدەنییەکان و لێژنەی هەڵبژاردنی سەربەخۆ و دوور لە سانسۆری میدیاکان دەستەبەر بکەن.

ڕاجان: دەکرێ چەند نموونەیەک بهێنییەوە؟

چیزمان: نموونەکانی گزیکردن لە هەڵبژاردندا یه‌كجار سه‌رسووڕهێنه‌رن. لە هەڵبژاردنی ماداگاسکاردا، سەرۆککۆمارەکەیان بە شێوەیەکی نادادپەروانە ئەو مافەی بە خۆی دا کە نەهێڵێ فڕۆکەی لایەنە دژەکەی ئه‌سڵه‌ن بنیشێتەوە. فڕۆکەخانەکانی هەموو داخستن.

ڕاجان: دەبێ بڵێم کتێبەکەتان "چۆن دەکرێ لە هەڵبژاردندا گزی بکرێ؟" هه‌ندێک جار زۆر خۆشە.

چیزمان: ئادی، هه‌ندێک لە چیرۆکەکان دڵتەزێنن و هه‌ندێکشیان مرۆڤ دەخەنە ئاخهەڵکێشان و سەرلەقاندن. بۆ نموونە، هەڵبژاردن لە ئۆکراینا. چاودێرانی ئەو هەڵبژاردنە نموونەی سەیروسەمەرەیان بۆ دەگێڕاینەوە. ئەوان لە ناوچەیەکدا کە مەزندەی ئەوە دەکرا دەنگ بە لایەنی دژ بدەن، مڕەکەبێکیان بەکار هێنابوو کە پاک دەبووەوە. مڕەکەبێک کە چوار خولەک دوای بەکارهێنان پاک دەبێتەوە و هەر شوێنەواریشی نامێنێتەوە. بە شێوەیەک کە ئەگەر دەنگدەران بچنە بنکەی دەنگدان و فۆرمی دەنگدان پڕ بکەنەوە و بیخەنە ناو سندووقەوە، تا کاتی ژماردنی دەنگەکان، مڕەکەبەکە تەواو پاک دەبێتەوە و دەنگەکە بۆ لایەنە دژەکە ناژمێردرێ.

ڕاجان: نموونەیەکی تریش لە ئازەربایجان: لەوێ ئه‌پلیكه‌یشنێك دروست کرابوو کە ئەو هەڵەی بۆ دەڕەخساندی ئەگەر ڕۆژێک زووتر سەرێک لەوێ بدەی، ئاگاداری دەره‌نجامی دەنگدانەکە بی!

چیزمان: ڕێک وایە. ئەم ئه‌پلیكه‌یشنه‌ (App) بە شێوەیەک داهێنرابوو کە ئامێرێکی ڕەوا بێ. بۆ ئەوە داهێنرابوو کە پێشان بدا حکوومەت لە پێناو ڕوونتربوونەوەی هەڵبژاردن سوود لە تەکنه‌لۆژی وەردەگرێ. بەڵام ئەوەی کە ڕووی دا ئەوە بوو، کەوا کەسێک ڕۆژێک زووتر پەنجەی خستە سەر دوگمەیەک و دەرەنجامی هەڵبژاردنی فەرمی، ڕۆژێک زووتر، بۆ هەمووان نێردرا! ئێستا، حکوومەت لە وەڵامدا دەڵێ ئەمە بەس تاقیکردنەوەیەک بوو و ئەوان کەڵکیان لە ناوی پاڵێوڕاوەکانی هەڵبژاردنی پێشوو وەرگرتبوو. بەڵام کێشەكه‌ ئەوە بوو کە ئەو زانیارییانەی ئەو بەرنامۆکەیە دەری خستبوون، سەر بە پاڵێوڕاوەکانی هەڵبژاردنێک بوون کە قەرار بوو ڕۆژی دواتر ئەنجام بدرێ.

ڕاجان: کەواتە، گزیکردن لە هەڵبژاردندا چەند ئاسانە؟ ئایا پەیوەندیی بە حکوومەتەوە هەیە کە بەڕێوەی دەبا؟

چیزمان: ئادی، لە پشت هەموو ئەم به‌سەرهاتانە، کە لە چەشنی ئەو به‌سەرهاتە هەراساز و هەواڵسازانەن کە خەڵک سەرگەرم دەکەن، خاڵێکی زۆر گرنگ و جددی هەیە: ئه‌وه‌ی کە گزیکردن لە هەڵبژاردندا بە شێوەیەکی نیگەرانکه‌رانە ئاسان بووەتەوە و ئەم کێشەیە هۆکاریشی هەن. بە بۆچوونی من گرنگترین هۆکار، کە پێویستە یەکاویەک بیخەینە بەر باس، ئەوەیە کە ڕابەرە ملهوڕ و تۆتالیتەرەکان ئەو تەگبیر و سیاسەتانەیان گۆڕیون، کە دۆزینەوەی شوێنپێیان کارێکی ئاسان بوو. ئێستا ئەگەر لە گزیکردن لە بواری هەڵبژاردندا بەئەزموون و ئه‌پدێیتكراو بن، بە پڕکردنەوەی سندووقەکانی دەنگدان گزی ناکەن. بە زەبری چەکیش نایکەن. مانگ و تەنانەت ساڵانێک زووتر، بە دامەزراندن و جێگیرکردنی ئامێرەکان وا دەکەن کە ئێمەمانان، کە ماوەیەکی کورت (بۆ چاودێری لە هەڵبژاردن) دەچینە ئەو شوێنانە، نەپرژێینە سەر ئەو شتانە. بە ڕێکوپێککردنی پێڕستی دەنگدەران، بە دەستێوەردان لەو شێوازانەی لە ناوچە و بنکەکانی دەنگداندا دادەڕێژرێن، بە دابەشکردنی نادادپەروانەی بنکەکانی دەنگدان (بۆ ئەوەی حزب یان گرووپ یان ڕەگەزێکی تایبەت زۆرینە بەدەست بێنێ) بە کۆنترۆڵکردن و وردبوونەوە لە زانیارییەکان، بە کارگەلێک کە لە سێبەردا و لە پەناپەردەوە ڕوو دەدەن، ئەم کارە دەکەن. کەواتە، ئەوەیان کە بتوانین بڵێین چ شتێک بەڕاستی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و متمانەبەخشە و چ شتێک نییە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەستەمتر دەبێ. هەڵبەت ئاسانە کە پێمان وا بێ کاتێ لە گزیکردنی هەڵبژاردن دەدوێین، زۆرتر لەمەڕ ئەفریقا یان ئەمریکای لاتین، یان ئەوروپای پاش-کۆمۆنیزم دەدوێین. بەڵام زۆربەی نموونە کلاسیکەکانی گزیکردن لە هەڵبژاردندا، کە ئەمڕۆیش هێشتا بەکار دەبردرێن، سەد ساڵ پێشتر یان تەنانەت زووتر، لە ئەمریکا و بریتانیا پێگەیەنراون.

ڕاجان: ئەو زمانەیش کە بۆ قسەکردن لەمەڕ دیموکراسییەکان یان هەڵبژاردنە نیوەچڵەکان لە ئەفریقا، ئەمریکای لاتین، یان ئۆکراینا، یان هەر شوێنێکی تر، بەکاری دەبەین زۆرتر بارێکی نێگەتیڤی هەیە؛ هەر بۆیەیش وشەگەلی وەک "گەندەڵی" یان "گزیکردن لە دەنگەکان" یان "بەرتیڵوه‌رگرتن" و... بەکار دێنین.

چیزمان: لەوانەیە بپرسی چ جیاوازییەک لە نێوان ئەوانەدا هەیە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە تەمای کڕینی دەنگەکانن و سیاسەتمەدارانی دیموکراسییە جێگیرەکان کە هەوڵ دەدەن بە پێشنیازی کەمکردنەوەی باج، یان دەستەبەرکردنی پاڵپشتی لە ڕێی بەڵێنی وه‌به‌رهێنان لە بنکەیەکی تایبەتیدا ئەنجامی دەدەن؟ ئەمانە هەموویان بازاڕ و سەودان. بەڵام وا بزانم دوو شت هەن کە بە ڕەچاوکردنیان دەتوانین شتێک ئەزموون بکەین و بناسینەوە کە "گزیکردن" دێنێتە دی. زۆربەی حکوومەتەکان بە مانەوەیان لە دەسەڵاتدا زۆرترین سوود دەبەن. ئەوان دەتوانن دەستووری کاری سیاسی دەستنیشان بکەن، دەتوانن دەسەڵات بەسەر میدیادا بسەپێنن و ڕەنگە بتوانن پارەیەکی زیاتریش بەدەست بێنن. ئێمە زۆرتر پێمان وایە ئەمانە ئیمتیازە ڕەواکانی حکوومەتە دیموکراتیکەکانە. دەتوانین بڵێین ئەم شتانە لە هەموو حکوومەتە دیموکراتەکاندا هەن. بە بۆچوونی ئێمە، گزیکردن هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازێکی ناڕەوا و بێویژدانانە. کارێکی وەها زۆرتر نایاسایییە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە دژی ڕێسا دیموکراتیکەکانیشە، نەک ئەوەی بەس شتێک بێ کە ئیمتیاز بۆ سیاسەتمەدارەکان بە دیاری بێنێ.

ڕاجان: دەمەوێ لەمەڕ کێنیا بپرسم، شوێنێک کە گزیکردنتان بە چاوی خۆتان بینی.

چیزمان: کێنیا حاڵەتێکی تایبەت بوو. ئێمە لەوێ جۆرە وەرچەرخانێکی خێرامان بەرەو کارەسات بینی. ئەندامی بنکەیەکی هەڵبژاردنمان بینی کە خۆی هاتە تەلەڤزیۆن و گوتی: "من نازانم کارمەندەکانی بنکە لە کوێن." لە بەرچاوی خەڵک گوتی: "من نیگەرانی دەستکاریکردنی دەنگەکانم." کە مەبەستی گزیکردن بوو لە هەڵبژاردندا. منیش لەو ژوورەدا بووم، لە ناوەندی کۆنفرانسی نێونەتەوەییی کێنیاتا، کە دەنگەکان لەوێ دەژمێردران و پۆلیس هات و هەمووی دەرکردن. پاشان سەرۆکی بنکەی هەڵبژاردنیان بە دزییەوە بردە نهۆمی سەرەوە. ئێمەیان بەڕێ کرد. جا چونکە پێمان وا بوو دوور نییە گازی فرمێسکهێن فڕێ بدرێ، بەغار چووینەوە ماڵەوە. تەله‌ڤزیۆنمان پێ کرد و ئەندامی بنکەی هەڵبژاردنمان بینی کە خەریک بوو ڕای دەگەیاند سەرۆککۆمار لە هەڵبژاردندا سەرکەوتووە. میدیا نێوده‌وڵه‌تییەکان هەموو دەرکران، جگە لە میدیای حکوومی کە بۆی هەبوو هەواڵەکان ڕاگەیەنێ. کەواتە ڕووداوێکی سەرگەرمکەر ئەو کارەساتەی لێ کەوتەوە. هەڵبەت پاش ئەوەیش ئیتر سەرەتای قۆناغی زەبروزەنگی هەڵبژاردن بوو، کە بوو بە هۆی کوژرانی هەزار کەس و ئاوارەبوونی ٦٠٠ مرۆڤ. ئەوەیان لە لایەکەوە کۆتایییەکی بەڕاستی چاکە بۆ قسەکردن لەمەڕ ئەم چەشنە گزیکردنە لە هەڵبژاردندا، چونکە نیشاندەری ڕاستەقینەی تێچووی مرۆڤەکانە. ڕابەرەکان ئەگەر بە شێوەگەلێک گزی بکەن کە ئاشکرا بن و ببنە هۆی ناڕازیبوونی گشتی، هەڵبژاردنەکە ڕەنگە تێچوویەکی زۆر جددیی بۆ گیانی خەڵک و ناسەقامگیربوونی میللی لێ بکەوێتەوە.

ڕاجان: ئێوە لە لایەکی ترەوە بەکردەوە سەلماندووتانە کە هەڵبژاردنی خراپیش قازانجگەلی خۆیان هەیە، چونکە خووگرتن بە هەڵبژاردن دێنێتە دی.

چیزمان: بەڵێ، بە بۆچوونی من، هەڵبژاردنی لاوازیش دەکرێ سوودیان هەبێ؛ کەواتە لە ڕەتکردنەوەیدا نامانەوێ زێدەڕۆیی بکەین. پێشتر گوتمان: هەڵبژاردن بۆ ڕەوابەخشین بە حکوومەتە تۆتالیتەرەکانیش بەکار دێ، هەڵبژاردن وەج و ڕێزی نێوده‌وڵه‌تی بە دوای خۆیدا دێنێ، ئیمکانی ئەوە دەڕەخسێنێ سوود لە بازاڕەکانی داهات و... وەرگیرێ. دەڵێن ئەم هەڵبژاردنە بۆ هێشتنەوەی ڕابەرە ملهوڕ و تۆتالیتەرەکان بەسوودە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم هەڵبژاردنانە هیچ دەرەنجامێکی چاکیان نییە. بۆ نموونە، یەکێک لەو شتانەی دەیزانین ئەوەیە کە دەنگدان خوویەک دێنێتە دی؛ خەڵکیش لە ڕابردوودا ئەگەر دەنگیان دابێ، ڕەنگە دیسان دەنگ بدەنەوە. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن. ئێستا بەدیهێنانی خوویەکی وا لەنێو خەڵکدا، دوور نییە لە سۆنگەی بەشداربوونی سیاسیدا شتێکی پۆزەتیف و چاک بێ، تەنانەت ئەگەر ئەو هەڵبژاردنەی خەڵک تێیدا بەشدار دەبن هێندە چاک و تەواو نەبێ. دواتر لەوانەیە ئەم شتە سوودگەلێکیان هەبێ. گزیکردن لە هەڵبژاردندا زۆرتر لە قۆناغی کۆتایی و ڕاگەیاندنی دەرەنجامدا هەیە. بەڵام جیلی نوێ و شارەزایانی گزیکاریش ناتوانن هەموو شت کۆنترۆڵ بکەن. هەروەتر لە چینەکانی خوارەوەدا، خەڵک دەتوانن سوود لە هەڵبژاردن وەرگرن. گزیکاران ئەو ئاکامە بەدەست دێنن کە دەیانەوێ، بەڵام ناتوانن هەموو ئەو شتانە کۆنترۆڵ بکەن کە لە بنکەکانی دەنگداندا ڕوو دەدەن. هەڵبژاردن هۆکاری پێشبینینەکردنیش دەخاتە نێو هاوکێشە سیاسییەکانەوە- شتێک کە لە حکوومەتە ملهوڕەکاندا قەت نایبینین.

ڕاجان: دەمەوێ لەبارەی گزیکردنی دیجیتاڵی یان کۆمپیوتەری بپرسم. باسی یارییەکەی Pac-Manمان بۆ بکە کە لە ئەمریکادا بینیتەوە.

چیزمان: مەسەلەکە وەها بوو کە توێژەرانێک لە ئەمریکا، کە خەریکی توێژینەوەیەک لەمەڕ کێشەکانی جیهانی دیجیتاڵی و هاکبوونی کۆمپیوتەرەکانی هەڵبژاردن بوون، بۆیان دەرکەوت کە دەتوانن هەر ئامێرێکی هەڵبژاردن لە هەر ناوچەیەک بێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاک بکەن. ئەوان زۆر بەئاسانی توانییان یارییەکەی پاکمەن لە ئامێری دەنگبژێری ئەلەکترۆنی ببەستن و ئامێرەکە وا هەستیار بکەن کە هەر کاتێ کەسێک دەنگ بدا، موزیكی گرووپی جووقی زانکۆ بڵاو بکاتەوە! کەواتە ئەمە بەس بەڵگەیەکی ترە کە پێشانمان دەدا نەک تەنیا میدیا کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو دەکرێ، لە شوێنێکدا کە دەنگدان بە شێوەی ئەله‌کترۆنیکی ئەنجام دەدرێ، ئامێرەکان هاک بکرێن. لە شوێنه‌كانی وەک ئەمریکای باکوور، کێشه‌ی جددی بۆ پاراستنی ئەم ئامێرانە هەن. ئەم پرسیارەیش قووت دەبێتەوە: ئەگەر دەنگدانی دیجیتاڵی، لە شوێنەکانی تری دنیادا، کە سیستەمگەلی لاوازتریان لە کۆکردنەوەی زانیارییەکاندا هەیە، بێتە دی، ئیمکانی هاککردنیان چەند دەبێ. بەڵام لێرەدا دەمەوێ بە گوتەیەکی پۆزەتیف کۆتایی بە قسەکانم بێنم. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕەوتە گشتییە نێگەتیف و نیگەرانکەرە، هەموو ساڵێک ڕووبەڕووی کردەوە و ڕووداوی سەرسووڕهێنەر دەبینەوە. خەڵک لە گامبیا توانییان دوای چەندین ساڵ و لەوپەڕی نەترسیدا و هەر بە دەنگدان ڕابەرە ملهوڕەکەیان لا بدەن. ئێمە بەرەوڕووی ڕووداوی پۆزەتیڤیش دەبینەوە و یەکێک لەو کارانەی لەم کتێبەدا هەوڵ دەدەین ئەنجامی بدەین ئەوەیە کە لەم ڕووداوە پۆزەتیڤانە، فێر بین کە چۆن دەتوانین دیموکراسی باشتر بپارێزین.

سەرچاوە:

http://www.aasoo.org/fa/articles/چگونه-می‌شود-در-انتخابات-تقلب-کرد